گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەبارەت بە کتێبی: ئایا ڕوسیا دەبێتەوە بە زلھێزەکەی جاران

گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەردەڵان عەبدوڵڵا سەبارەت بە کتێبی: ئایا دوسیا دەبێتەوە بە زلھێزەکەی جاران لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی گرنگی چاپ کرد بە ناوی«ئایا ڕوسیا دەبێتەوە بە زلھێزەکەی جاران» ئەم کتێبە لە لێکۆڵینەوەیەک درێژی فرە ڕەھەند و کۆمەڵێک وتار و بابەتی وەرگێڕدراو پێکھاتووە، لەم گفتوگۆیەدا، لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ «ئەردەڵان عەبدوڵڵا» نووسەری کتێبەکە، سەبارەت بە خودی کتێبەکە قسە و باس دەکەین.

سەردەم: سەرەتا دەمەوێت باس لە گرنگیی ئەم کتێب بکەیت بۆ خوێنەر و پێمان بڵێ ڕەھەندە گرنگەکانی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی چین؟

ئەردەڵان:  ئەم کتێبە وەکو ناساندنێکی کورتە بە یەکێک لە وڵاتە گەورەو  کاریگەرەکانی جیهان ، روسیا گەورەترین وڵاتی جیهانە لە رووی جوگرافییەوە، دووەمین زلهێزی سەربازییە  لەجیهاندا لەپاش ئەمریکا، جگە لەوەش رۆڵی بەرچاوی هەیە لە کێشە گەورەکانی ناوچەکە و جیهان و بەشێوەیەکی راستەوخۆش بەریەککەوتنی لەگەڵ ئێمەی کورد هەیە بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستاندا، هەربۆیە ناسینی ئەم وڵاتە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بەداخەوە لەناو کتێبخانەی کوردیدا کتێبی وامان نییە کە بەشێوەیەکی گشتگیرانە ئەم وڵاتەمان پێ بناسێنێت، لەکاتێکدا رووسەکان کتێبی زۆریان لەبارەی ئێمەوە هەیە.

 ئەم کتێبەی من باسی لایەنی جوگرافی، دیمۆگرافی، فەرهەنگی، سیاسیی، مێژوویی، ئەدەبی کردووە، هەروەها باسی پەیوەندیی روسیام بە جیهانەوە کردووە بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا، چین، رۆژهەڵاتی ناڤین، دوایینجاریش باسی مێژووی پەیوەندی کورد و روسیام کردووە، لەکۆتاییشدا هەوڵمداوە باسی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەم زلهێزەی جیهان بکەم، بەو هیوایەی کەمێک زانیاری بە خوێنەری کورد بددەم لەبارەی ئەم زلهێزەی جیهانەوە. جێگەی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین کتێبی کوردییە  بەو شێوە گشتگیرییە باسی روسیا بکات.

سەردەم: لە پێشەکیی کتێبەکەتدا دەڵێیت کە ماوەیەکی زۆرە ڕووسیا جێگەی بایەخی تۆیە.. ئەم بایەخە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و لەنێو وڵاتانی دونیادا بۆچی ڕووسیا جێگی بایەخت بووە؟

ئەردەڵان: لەراستیدا من لەرێگەی سیاسەتەوە روسیام ناسی، بەگشتی هەرچی چەپی جیهانە لەژێرکاریگەری فکری سۆسیالیستی روسی بوو، ئەوەش بەهۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧  و دامەزراندانی یەکێتی سۆڤێت کە پێڕەوی سیستەمی سۆسیالیستی دەکرد. منیش وەکو چەپێک لەسەرەتای لاویمدا زۆر حەزم بە کتێبەکانی ” لینین، بلیخانۆف، ترۆتسکی” بوو، لەرێگەی ئەمانیشەوە روسیام ناسی.  دواتریش کاتێک ئەدەبی روسیم خوێندەوە بەتایبەتی کارەکانی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی و چیخۆف، زیاتر هۆگری ئەم وڵاتە بووم، هەتاوەکو ئێستاش زۆر حەزم بە ئەدەبی کلاسیکی روسییە. جگە لەوەش لەئێستادا روسیا یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان و رۆڵی گەورە دەگێڕێت لە کێشەکانی ناوچەکە بەتایبەتی سوریا، هەربۆیە پێویستە ئێمەی کوردیش گرنگی بەم وڵاتە گرنگەی جیهان بددەین.

سەردەم: دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە یەک شوناس و پێناسەی دیاریکراوی نییە و زیاد لە یەک فۆڕ و شێوازی لەخۆ گرتووە، سیاسی، ئەدەبی، وتار و کورتە سەرنج و وەرگێڕان، جگە لەوەی سەرجەمیان سەر بە دونیای ڕووسیان، چ ھۆکارێکی دیکە لە پشت کۆکردنەوەی ئەم بابە جیاوازانە ھەیە لە دووتوێی کتێبێکدا؟

ئەردەڵان : وەکو لەپێشتردا باسمکرد،  من دەمویست لەرێگەی ئەم کتێبەمەوە ناساندنێکی کورت و خێرا بە خوێنەری کورد بددەم، هەوڵمداوە وێنەیەکی گشتگیرانەی روسیا  پیشانی خوێنەری کوردی بددەم و هەموو لایەنەکان بگرێتەوە.  من پێشتر کتێبێکی ترم بەناوی ” چین زلهێزی نوێی جیهان” نووسی، ئەویش بەهەمانشێوەی ئەم کتێبەم بوو، وێنەیەکی گشتگیرانەی چین بوو، ئەو کتێبەشم زۆر بەدڵی خوێنەران بوو، تاوەکو ئێستاش دوو جار چاپکراوەتەوە،  ویستم هەمان ئەزموون تاقیبکەمەوە بەو هیوایەی خوێنەری کورد ئاگاداریی و زانیارییان لەبارەی ئەم وڵاتەوە هەبێت.

 بۆ ئەم کتێبەش پشتم بە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئەڵمانی و عەرەبی بەستووە، بۆئەوەی زۆرترین و باشترین زانیاری بە خوێنەر ببەخشم.  جگە لەوەش ماوەی ١٥ ساڵێک دەبێت کۆمەڵێک وتارم لەبارەی  سیاسەت و ئەدەبی روسیاوە نووسیبوو، هەموو ئەمانەش زانیاری هەمەجۆری تێدایە لەبارەی روسیاوە، بۆیە پێمخۆشبوو ئەوانیش لەم کتێبەدا بڵاوبکەمەوە.

سەردەم: بە گوتەی خۆت ئەدەبیاتی ڕووسی کاریگەریی زۆری لەسەرت ھەیە، ئایا بیرت لەوە نەکردۆتەوە لێکۆڵینەوە یان کارێک وەرگێڕان ئەنجام بدەیت سەبارەت بە ئەدەبی ڕووسی؟

ئەردەڵان: بەڵێ ، من پێشتر رۆمانێکی نووسەری ناسراوی روسی تۆڵستۆیم بەناوی ” سۆناتای خاچ” لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردیی و ئەویش زۆر بەدڵی خوێنەران بوو، تاوەکو ئێستا  دوو جار چاپکرایەوە، پێش دە ساڵێکیش هەر لای خۆتان لە” سەردەم”  کتێبێکم لەبارەی کاروبەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکیی بڵاوکردەوە،ئەم کتێبەش وەکو لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی هەمەلایەنە بوو لەبارەی ئەم نووسەرە مەزنەی روسیاوە. هەروەها لە یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی، کۆڕێکی ئەدەبیم لەبارەی دۆستۆیڤسکییەوە کرد.   جگە لەوەش کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەم لەبارەی کارو بەرهەمەکانی نووسەرانی تری رووسیەوە کردووە، لەوانە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبیم لەبارەی هەردوو شاکارە مەزنەکەی ” جەنگ و ئاشتی، ئانا کارنینا” تۆڵستۆیەوە کردووە.

سەردەم: سەرنجت چییە سەبارەت بە دەزگای سەردەم کە جگە لە بەرھەمی ئەدەبی و فەرھەنگی، گرنگی بەم جۆرە بابەتانەش دەدات؟

ئەردەڵان: هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە دەزگای سەردەم موژدەیەکی  باشی پێبووە بۆ کتێبخانە و خوێنەری کوردی،  هەروەها   گڕوتینی باشی بە بواری  چاپکردنی کتێب  و نووسین و وەرگێڕانی کوردی بەخشییووە. بە بڕوای من ئەمە کارێکی زۆر باشە کە دەزگای سەردەم لە هەموو ژانرەکاندا کتێب چاپ  و بڵاو دەکاتەوە، ئێمە چەندە پێویستیمان بە کتێبی ئەدەبی و فکری هەیە، ئەوەندەش پێویستیمان بە کتێبی سیاسی هەیە. ئێمە لەهەموو لایەکەوە پێویستیمان بە ئەزموونی وڵاتانی تر هەیە، چونکە  لە رێگەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی  ئەدەبیی و سیاسی و فکری جیهانییەوە، دەتوانین پەرەی زیاتر بە تواناکانی  بە خۆمان بددەین و داهێنان بکەین. گەر ئێمە ئاگاداری ئەزموونی فکریی و سیاسی جیهان نەبین، ناتوانین بڕیاڕی راست و دروست بددەین. هەربۆیە من دەستخۆشی لە  دەزگای سەردەم بۆ چاپکردنی ئەمجۆرە  کتێبانە  و  سوپاسیشیان دەکەم بۆ چاپکردنی  ئەم کتێبەم من، بەو هیوای بەردێکم خستبێتە سەر خەرمانی کارەکانی دەزگای سەردەم.

سازدانی: دەزگای سەردەم

ناردن: