ڕۆبێر گالیمار: سارتەر هەمان ئەو پێگەیەی هەبوو کە ڤۆڵتێر لە سەدەی هەژدە و فیکتۆر هیگۆ لەسەدەی نۆزدە هەیانبوو

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

ڕۆبێر گالیمار پێیوایە، بۆ سارتەر زۆر زەحمەت بوو، ئەستێرەی فەیلەسوفێکی گەنج کە میشێل فۆکۆ بوو، لە هەڵکشاندابێت و لەسەر عەرشی لوتکەی فیکری فەرەنسی، شوێنی ئەو بگرێتەوە. بە مانایەکی دی، سارتەر، بەهۆی زیرەکی و بلیمەتی فۆکۆوە، لە خۆی و لە ناوبانگەکەی خۆی دەترسا. ئەمەش زۆر بەئاسانی، مانای ئەوە بوو سارتەر، ئیرەیی بە فۆکۆ دەبرد.

جان پۆل سارتەر، لە سەدەی بیستەم، بەناوبانگترین ڕۆشنبیریی فەرەنسی و ڕەنگە جیهانیش بووبێت. ئەو ساڵی 1905 لە دایکبووە و ساڵی 1980 کۆچی دوایی کردووە. واتە بەدیاریکراوی پێش چل ساڵ لەمەوبەر، ماڵئاوایی لە ژیان کردووە. ئێمە لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری زۆر گەورەدا کە بە نێو شەقامەکانی پاریسدا سازکرابوو، ناشتنی تەرمەکەی ئەومان بینی، ئەمە پێش ئەوەی تەرمەکەی، بۆ دواجار لە گۆڕستانی (مۆنبارناس)ی بەناوبانگ، بەخاک بسپێردرێت. ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرە گەورەکانی فەرەنسا کە لە ژیاندا جان پۆل سارتەر-یان ناسیبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکەیدا کرد. لەوانە جان دانێل سەرنووسەری گۆڤاری (نۆڤێل ئوبسر فاتور)ی بەناوبانگ، کلۆد ڕەوا، ڕۆبێر گالیماری خاوەنی دەزگای بڵاوکراوەی گالیمار کە دەزگایەکی بەناوبانگە و بەشی زۆری کتێبەکانی سارتەری بڵاوکردووەتەوە، کلۆد مۆریاک کوڕی ڕۆماننووسی گەورە فرانسوا مۆریاک و سکرتێری جەنەڕاڵ دیگۆل. ئەمە جگە لە کلۆد لانزمان سکرتێری گۆڤاری (زەمەنە تازەکان/ الازمنە الحدیثة) کە خودی سارتەر دامەزرێنەری گۆڤارەکە بوو، لەگەڵ دەیان کەسی دی.

لە گەواهیدەرە زیندووەکان لەسەر سارتەر، گەواهیدەری ڕۆبێر گالیمارە، ڕۆبێر نووسینەکانی سارتەری پێش بڵاوکردنەوەیان، دەخوێندەوە. یان بڵێ هەندێجار نووسینەکانی سارتەری دەدا بە کۆمەڵێ خوێنەری شارەزا. بێگومان هەر دەقێک لەلایەن سارتەرەوە بهاتایە، یەکسەر ڕەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەی دەدرا، چونکە نووسینەکانی سارتەر نە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و نە ڕەتدەکرێتەوە. بەڵام هەندێکجار هەڵەی چاپ ڕوویدەدا، هەر بۆیە پێداچوونەوە بە نووسینەکانیدا، کارێکی ئاسایی بوو.

ڕۆبێر گالیمار لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بەدڵنیاییەوە سارتەر لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە، لە چاپکردنی کتێبەکانی، پارەیەکی زۆری دەستدەکەوت. ئەو هۆکارەش بریتی بوو لە فرۆشتنی کتێبەکانی بە مەلاین دانە و بۆ زۆربەی زمانە جیاوازەکانی جیهانیش وەردەگێڕدرا، بۆ وەرگێڕانی کتێبەکانیشی، پارەیان پێدەدا. وەلێ سارتەر زۆر بەخێرایی ئەم پارانەی تەنها لە خۆیدا خەرج نەدەکرد، بەڵکو بۆ کەسانی دیکەشی خەرج دەکرد. پێداویستییە ماددییەکانی سارتەر، کۆمەڵێ پێداویستی سادە و ساکار بوون. بەڵام دەستبڵاوییەکەی، شتێکی ئەفسانەیی بوو. مەزنی سارتەر ئا لێرەدایە، ئەو بە کردەوە و بە ڕاستی کەسێکی بەخشندە بوو، نەک تەنها بە قسە.

بەڵێ سارتەر  تا ئاستی زیادەڕۆیی، کەسێکی بەخشندە بوو. پارەی دەدا بە هەمو ئەو کەسانەی لەسەر رێگا دەیبینین و پێویستیان بە یارمەتی بوو. زۆرجار دەستگیرۆیی نووسەرە تازە پێگەیشتووەکانی دەکرد، یان یارمەتی هاوڕێ نزیکەکانی دەدا، یاخود کۆمەکی بەو کەسانە دەبەخشی کە دەیبیست هەژار و نەدارن و پێویستیان بە هاوکاری و یارمەتیدان هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکجار خۆی دەبینییەوە، لەلایەن فەرمانگەی باج یان بانکەوە، داواکراوە، چونکە هەژمارەکەی هیچی تێدا نەماوە و بە پلەیەکی گەورە لە ژێر سفرەوەیە! ئیدی ئا لەو کات و ساتەدا، یەکسەر پەنای بۆ دەزگی گالیمار دەبرد، داوای لێدەکرد کێشە ماددییەکانی بۆ چارەسەر بکات و بەڵێنی پێدەدا کە کتێبی تازەیان بۆ بنێرێت. خاوەنی دەزگاکەش هەر ئەوەی دەکرد، چونکە داواکارییەکانی سارتەر ڕەتناکرێنەوە.

ڕۆبێر گالیمار لەسەر گەواهییەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: سارتەر دواتر پەشیمان بووەتەوە لەوەی خەڵاتی نۆبڵی ڕەتکردووەتەوە. پەشیمانبوونەوەکەی لە پێناو بەهای دارایی خەڵاتەکە بووە، نەک لە پێناو مەسەلەی تەشریفاتی و ناوبانگ. بەهای دارایی خەڵاتەکە زۆر بوو، دەرفەتی بۆ سارتەر دەڕەخساند، پارەکەی بە شێوەیەکی چڕ، بەسەر ئەوانی دیکەدا ببەخشێتەوە. بەڵام دوای ئەوەی خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە، چتر نەیتوانی لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە. ئێمە کە ئەمە دەڵێین، ئاگاداری ئەوەین، سارتەر لە ڕێگەی دەزگای گالیمارەوە، بە ئەکادیمیای سویدی ڕاگەیاندبوو، ئەو لەبەر ئەوە نییە خەڵاتەکەی ڕەتکردووەتەوە، چونکە ڕقی لەوانە یان خۆشی بە وڵاتەکەیان سوید نایەت. نا لەبەر ئەوە نییە، بەڵکو زۆر بە سادەیی، لەبەر ئەوەیە حەزی لە خەڵات و خەڵاتکردن نییە. سارتەر تکایان لێدەکات، لەبەر ئەوەی خەڵاتەکەیانی ڕەتکردووەتەوە، ئەوان سزای نووسەرە فەرەنسییەکانی دیکەی نەدەن. چونکە ئەوە هەڵوێستێکی زۆر شەخسییە و تەنها پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە و هیچی تر.

پەیوەندی سارتەر بە میشێل فۆکۆوە

دواتر ئەکادیمیست دانێل دۆفیر، باس لە پەیوەندی سارتەر دەکات لەگەڵ میشێل فۆکۆ و لەم بارەیەوە دەڵێت: سەروەختێک کتێبە بەناوبانگەکەی میشێل فۆکۆ “وشەکان و شتەکان” بڵاوبوەوە. پێدەچوو سارتەر پێیناخۆش بێت، سارتەر بڕیاردەدات لە گۆڤارە ناسراوەکەیدا “زەمەنە تازەکان”، ڕانانێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبەکە بکەن. بە دروستی هەر ئەوە ڕوویدا، کتێبەکە لەلایەن دوو نووسەری نزیک لە سارتەرەوە، ڕانانی بۆ کرا و ڕەخنەیەکی بریندارکەری زۆری لێگیرا. ئەوە کاریگەری لەسەر فۆکۆ بەجێهێشت، فۆکۆ دەستیکرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵێ چاوپێکەوتن، لەو جاوپێکەوتنانەدا، وەڵامی ڕەخنەکانی سارتەر و گۆڤارەکەی دەدایەوە. دواتر جەنگەکە لەنێوان هەردوولادا زیاتر گڕیگرت، کاتێک سارتەر خودی خۆی، چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژی، لەگەڵ یەکێک لە گۆڤارە فەرەنسییە بەناوبانگەکان، ئەنجامدا. لەو چاوپێکەوتنەدا، شتێکی ئاوا دەڵێت: کتێبەکەی فۆکۆ، لە کتێبخانەکاندا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، چونکە ئەوە شتێکی پێشبینیکراو یان چاوەڕوانکراو بوو. بەڵام فیکری داهێنان، فیکری نوێ، ڕاستییەکە لەلایەن کەسێکەوە چاوەڕوانی هاتنی ناکرێت. بەم شێوەیە کتێبەکەی فۆکۆ، کۆکردنەوەی لێرە و لەوێیە، پوختەی هەمو نووسینەکانی قۆناغەکەیە: لە ڕۆمانی نوێی ئالان ڕۆب گرێوە بۆ زانستی ئەنسرۆپۆلۆژیا لەسەر شێوازی کلۆد لیڤی شتراوس، بۆ زانستی دەروونشیکاری لەسەر شێوازی لاکان… هتد. کەواتە ئیدی بۆچی ئەم هەمو هەراو زەنایە، دەربارەی کتێبەکەی فۆکۆ دەکرێت؟ ئەم هەمو ناوبانگە بۆ؟ لەبەر ئەوەی بەرگری لە بۆرجووازییەت دەکات و پەلاماری مارکسیزم دەدات. پاشان سارتەر بە پیتی درشت دەڵێت: فۆکۆ دواهەمین بەربەستی بۆرجوازییەتە دژ بە سەرکەوتنەکانی مارکسیزم لە فەرەنسا و لە ئەوروپا بە گشتی. ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە، ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی فەرەنسا، پێشوازییەکی گەرمیان لە کتێبەکە کرد و بەشان و باڵیدا هەڵیاندەدا و کەوتنە مەدح و سەناکردنی.

دانێل دۆفیر لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەم چاوپێکەوتنە بەناوبانگەی سارتەر، فۆکۆ زۆر بێزار دەکات. هەر بۆیە بەو پەڕی هێزەوە، وەڵامی سارتەر دەداتەوە و سەبارەت بە سارتەر دەڵێت: ئەو نووسەرێکە بەسەرچووە و کۆتایی پێهاتووە، کۆن بووە و زەمەن بەجێیهێشتووە. ئەو بیرمەندێکە سەر بە سەدەی نۆزدە، نەک سەر بە سەدەی بیست. سارتەر کەسێکە هیچ لە زانستە مرۆڤایەتییە تازەکان تێناگات. لێرەوە پێویستە لاپەڕەکەی بپێچینەوە و دایبخەین، چونکە بووەتە لاپەڕەیەکی کۆن و پوارتکاو و زەمەن دەمێکە بەجێیهێشتووە.

بەڵام ڕاستی چیرۆکەکە چییە؟ بۆچی ئەم هەمو ململانێیە، لە نێوان خاوەنی کتێبی (ڕەخنە لە عەقڵی جەدەلی) یان (بوون و عەدەم) لەلایەک، لەگەڵ خاوەنی کتێبی (وشەکان و شتەکان) یان (مێژوی دێوانەیی) لەلایەکی دیکەوە، ڕوویدا؟ نووسەر ئاوا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ودەڵێت: پێویستە بزانین فۆکۆ، لانی کەم، بیست ساڵ لە سارتەر بچوکتر بوو. لەو ساتەوەختەدا، سارتەر بە تەواوەتی دەستی بەسەر کۆی گۆڕەپانی فەلسەفیدا گرتبوو. ئا لەبەر ئەم هۆکارە، بەلای سارتەرەوە زەحمەت بوو، ئەستێرەی فەیلەسوفێکی گەنج، لە هەڵکشاندا بێت و شوێنی ئەو، لەسەر عەرشی لوتکەی فیکری فەرەنسی بگرێتەوە. بە مانایەکی دی، سارتەر لەبەرامبەر زیرەکی و بلیمەتی فۆکۆ، لە خۆی و ناوبانگی خۆی دەترسا. ئەمەش زۆر بە ئاسانی مانای ئەوەیە سارتەر ئیرەیی بە فۆکۆ بردووە. وەلێ لە ڕووی مرۆییەوە، ئەمە شتێکی مەقبوولە و تێگەشتن لێی قورس نییە.

بەڵام پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە دواتر، پەیوەندی نێوان ئەم دوو پیاوە، بەشێوەیەکی بەرچاو باشدەبێت. بگرە یەکتریان دەبینی و پێکەوە لە پێناو کێشە ڕەواکان، تێدەکۆشان. لەوانە دەکرێت ئاماژە بە تێکۆشانی هەردووکیان بدەین، لە کێشەی کرێکارە پەناهەندە بێ مافەکان لە فەرەنسا، یان تێکۆشان لە پێناو گەنجە چەپەکان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕاودەنران. یان تێکۆشان لەپێناو زیندانییەکان… هتد. ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە، تێڕوانینی سارتەر بۆ فۆکۆ، گۆڕا. هەروەها تێڕوانینی فۆکۆش بۆ سارتەر، گۆڕانی بەسەرداهات. بگرە لای فۆکۆ، کار گەشتە ئەو ئاستەی بڵێت: بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە کەس نادەم، دەستوەرداتە پەیوەندی نێوان من و سارتەر، تاکو بۆشایی و کەلێنی جیاوازی نێوانمان زیاتر بکەن، یان بۆ ئەوەی لە ئاوی لێڵدا ڕاو بکەن. من هیچ نیم، جگە لە قوتابییەکی بچوک نەبێت لای جان پۆل سارتەر!

ئەم خۆبەکەم زانین و نەرمی نواندنەی فۆکۆ بۆ سارتەر، بێگومان ئاهێکی کردووەتەوە بە بەر سارتەردا. چونکە دواتر کە سەبارەت بە فۆکۆ، پرسیاری لێدەکەن، دەڵێت: هیچ کێشەیەکم لەگەڵی نییە. ئێمە پێکەوە کاردەکەین، لە پێناو هەمان کێشە تێدەکۆشین. لە ڕاستیدا سارتەر و فۆکۆ و دۆلۆز و هەندێک بیرمەندی دیکە، ڕێگریان کرد لە مەترسی تەقینەوەی تیرۆریستی چەپڕەوەکان، ئەمەش ئەو کاتە بوو کە بۆ بەرژەوەندی هێزە چەپەکان، چوونە ڕیزەکانیانەوە. بەمە توانییان نەهامەتی سەر فەرەنسا، کەمبکەنەوە. ئەوان ئیدانەی بۆرجوازییەت و سەرمایەداریی و قۆرخکارییان کرد، بەمەش توێژێکی گەورەی توندڕەوەکانیان ڕازیکرد کە لە ڕیزی رێخستنی چەپەکاندا بوون.

دواتر جان دانێل سەرنووسەری گۆڤاری “نۆڤیل ئوبسر فاتور”، باس لە یەکەم سەردانی دەکات بۆ لای سارتەر لە ماڵەکەیدا و لە ساڵی 1964 و دەڵێت: سارتەر لە ناوەڕاستی پایتەختی فەرەنسا، لە شوقەیەکی هاکەزاییدا نیشتەجێ ببوو. من ڕۆشتم بۆ لای، تاکو سەبارەت بە بابەتی دامەزراندنی گۆڤارێکی تازە: “نۆڤیل ئوبسر فاتور” ڕاوێژی لەگەڵدا بکەم. ئەم گۆڤارە دواتر و لە ئایندەدا دەبێت بە گۆڤارێکی پان و پۆڕ و تەمەن درێژ. ئاشکرایە سارتەر، لەو کاتەدا، ببووە ئەفسانەیەکی فەرەنسی و جیهانیش. لەبەر ئەوە ئەگەر ڕازیبوو، ببێتە عەڕابی گۆڤارە تازەکەمان، ئەوا بە دڵنیاییەوە گۆڤارەکە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و بەخێرایی ناوبانگ پەیدا دەکات. لە واقیعیشدا هەر ئەوە ڕوویدا.

جان دانێل لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: لەو ڕۆژگارەدا، هەر کەسێک بیویستایە، پێگەی خۆی لە کایەی ڕۆشنبیریی فەرەنسیدا جێگیر بکات، ناچار بوو بە سارتەردا تێپەڕێت یان سەردانی بکات. سارتەر لە ڕۆژگاری خۆیدا، کەس نەبوو شان لە شانی بدات. هەمان ئەو پێگەیەی هەبوو کە ڤۆڵتێر لەسەدەی هەژدەهەم و فیکتۆر هیگۆ لەسەدەی نۆزدەهەم هەیانبووە. ساتەر دەیزانی من یەکێکم لە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی ئەلبێرت کامۆ. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، پێشوازییەکی گەرمی لێکردم و یارمەتیدام و ورەی بەرزکردمەوە. ئاشکرایە سارتە هاوڕێیەکی گیانی بە گیانی کامۆ بوو، ئەمە پێش ئەوەی ناکۆکی بکەوێتە نێوانیان و سارتەر لە کامۆ جیادەبێتەوە. ئەو جیابوونەوەیە لەو سەردەمەدا، لە میدیاکاندا، هەرایەکی گەورەی نایەوە. ئەلبێرت کامۆ، تاقە کەس بوو، دەیتوانی لەسەر نەمریی و عەرشی ئەدەبی، کێبڕکێی سارتەر بکات. بەڵام مردنە لە ناکاوەکەی لە ساڵی 1960 کە لە تەمەنی چل و حەوت ساڵیدا بوو، وایکرد سارتەر ببێتە تاقە ئەستێرەی ڕۆشنبیریی فەرەنسا.

دواجار من ئەمە دەڵێم: کاتێک پایزی ساڵی 1976 گەشتمە فەرەنسا، باوەڕم نەدەکرد من لە شاری ڕوناکییەکانم. بڕوام نەدەکرد لە هەمان ئەو شارەدا نیشتەجێم کە جان پۆل سارتەر-یش تێیدا نیشتەجێیە. دوای گەیشتنی من بە چوار ساڵ بۆ پاریس، سارتەر کۆچی دوایی دەکات. لەو کات و ساتەدا، زۆر سەرسام بووم بە قامەتە ئەدەبییە جیهانییەکان، زۆر شەیدای ئەدیبەکان و شاعیرەکان و بیرمەندەکان بووم و تا ئێستاش هەر وام. بەڵام پێویستە ددان بەوەدا بنێم، من چیتر بایەخ بەو بیرمەندانە نادەم کە بەشێوەیەکی ڕەها، وەک سارتەر و فۆکۆ، بێباوەڕن. هەنووکە زیاتر ئاوڕ لە فەیلەسوفە ئیماندارەکان دەدەمەوە، لە نمونەی بێرگسۆن و پۆل ڕیکۆر و هانز گۆنگ و ئەوانی دیکە. یان بڵێ ڕێز لە هەردوو دیدەکە دەگرم بۆ جیهان: دیدی ئیمانداریی و دیدی بێباوەڕیی، لەگەڵ پەسەندکردنی دیدی یەکەم بەسەر دیدی دووەمدا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و یەکلاییکەرەوە. زۆر بە کورتی، من لەگەڵ ڕۆشنگەریی ڕۆحانی ئیماندارم، لەسەر شێوەی جان جاک ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و کانت و تۆڵستۆی و دیستۆفیسکی. نەک لەگەڵ ڕۆشنگەریی مادیی بێباوەڕ، لەسەر شێوەی دیدرۆ و فیورباخ و مارکس و فرۆید و …هتد.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، یەک شەممە، 20 کانونی یەکەم، 2020

ناردن: