گفتوگۆی: ئیدریس عەلی

نووسەر و وەرگێڕ و ڕەخنەکاری ئەدەبی (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی) پیاوێکە مێشکی پڕە لە کتێب و بیرۆکە، دەخوێنێتەوە و ئاگاداری دنیایە، بەڵام بە سروشتی خۆی کەسایەتییەکی بێدەنگ و هێمنی هەیە، ئەم بێدەنگییەی تەنها لە ژیانی ڕۆژانەیدا نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی نووسینیش هەر کەمدووە، وێڕای ئەوەی هەموان دەزانین لەسەر زۆر پرس و بابەتی ڕۆژ قسەی پێیە، بەڵام هێشتا هەر بێدەنگە و کەم دنووسێت، بێگومان ئەم گفتوگۆیەش ئاسان نەهاتە بەرهەم، زۆری ویست تا هات بەدەستەوە.

ئیدریس: وابەستەیی ئەدیب و نووسەر بە فیکرەوە چییەوە، پێتوایە ئەدەب و فیکر بتوانن پێکەوە مرۆڤ و کۆمەڵگا بگەیەنن بە توخووبەکانی بەختەوەری؟

عەبدوڵا تاهیر: ئەدەب لە فیکر جیا ناکرێتەوە، چونکە ئەدەب بەشێکە لە فیکر، بەڵام بە جۆرێکی تر و بە شێوازی تایبەتی، جوانکاری و خەیاڵپاراوی دەبەخشێت، زمانی ئەدەب جیایە لە زمانی لایەنەکانی تری فیکر، لە ئەدەبدا زمان لەپێشترە و بایەخی سەرەکی وەردەگرێت. ئەدەب، فیکر، گەڕانن بە دوای  دۆزینەوەی حەقیقەتدا، بەڵام دیارە گەڕانی ئەدیبێک بەو مەبەستە، جیایە لە شێوەی گەڕانی کۆمەڵناسێک، یان مێژوونووسێک، یان فەیلەسوفێک، بێگومان هەموویشیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.

ئیدریس: بە گشتی ڕۆشنبیی کورد، کەمتر خۆیان لە قەرەی کێشەکانی کۆمەڵگا دەدن، ئایا ئەمە نابێتە هۆی دوورەپەرێزی و دیوار دروستکردن لە نێوان ڕۆشنبیر و کۆمەڵگادا؟

عەبدوڵڵا تاهیر: من بە دوو شێوە لە پرسیارەکەتان دەگەم، ڕەنگە لە یەکەمدا مەبەستتان ئەوە بێت کە بابەتی کۆمەڵایەتی نانووسن، بە ڕای من ئەمەیان پەیوەندیی بە ئیختیساسەوە هەیە، ڕۆشنبیرێک یان نووسەرێک لە بواری کۆمەڵایەتیدا دەنووسێ، هەقە، یا باشتر وایە لەو بوارەدا کەرەستە و ئاسۆی ڕۆشنبیریی خۆی فراوان بکات و بە تەنکیی خۆی لە کێشەکان نەدات.

دڵسۆزیی لەوەدایە کە هەر یەکەمان لە بوارە سەرەکییەکەی خۆماندا ، بە قووڵیی و بەئاگاییەوە لەسەر کێشەکان بنووسین. کارەسات لەوەدایە بێین لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی بنووسین و ڕۆشنبیرییەکی وامان لە بواری کۆمەڵایەتیدا نەبێت، وەک ئەو لێشاوەی،  کە لە نووسینی کۆمەڵایەتیدا دەیبینین و هەست دەکەین خاوەنەکانیان ئاگایان لە زانستی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی زانستی کۆمەڵایەتی نییە. بە بۆچوونی من ئەمە بۆ خۆی بەشێکە لە دیوار دروستکردن لە نێوان جەماوەر و ڕۆشنبیردا،  ڕەنگە شێوەکەی تری پرسیارەکەتان ئەوە بێت کە ڕۆشنبیری کورد دوورە لە کۆمەڵ و کێشەکانی.

لێرەدا من دەڵێم سەرهەڵدانی ڕۆشنبیر لە ناو کوردا تازەیە و ڕۆشنبیر خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ نییە،هەروەها کەرەستەی ڕۆشنبیری کورد کەمە و ئاسۆی فراوان نەبووە، ڕێژەیان لە ناو کۆمەڵدا کەمە، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵ بۆ خۆی ڕێژەی خوێندەوار و خوێنەواری و فێربوونی کەمە. لە ڕوویەک لە ڕووەکانەوە، بە پێچەوانەی پرسیارەکەتانەوە، ئەدیبی کورد، لە قۆناغی پێشووماندا ( بەتایبەتی دەیەی چل و پەنجا و شەستدا)لەسەر ئاستێکی تەنک، زۆر  لکاوبووە بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە ، چوارچێوەی نووسینەکانی بەهۆی ئەمەوە تەنک بووە، وەک تاک خۆی لەبیرکردووە، هەر بەئاگانەبوونی لە ماهییەتی ئەدەب و کەرەستەکانی و پێشنەکەوتنی بۆخۆی گرفتی ڕۆشنبیرییە و دەلالەت لە دواکەوتووی و کامڵنەبوونی دەکات. دواکەوتوویی نەک تەنها لە ئەدەبدا بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا دەرکەوتووە، لە سیاسەتدا، لە ئیدارەدا، لە حوکمدا لە بواری ئەکادیمیدا ….

نابێت ڕۆشنبیر ئاگای لە کێشەی کۆمەڵ نەبێت و خۆم ناخەمە هەڵەیەکی واوە، بەڵام تا ڕادەیەک باوەڕم وایە (عەلی حەرب) وتەنی، دنیا تەنها بە ڕۆشنبیر ناگۆڕێ، لێرەدا بانگەشە بۆ مەرگ و کۆتایی ڕۆشنبیر ناکەم، ڕۆشنبیر لەوە دەرچووە کە ئەرکی پێغەمبەر ببینێت.

هیوادارم  ئەمە بە گۆشەگیریی بێبەرهەم تێنەگەن.

ئیدریس: سەبارەت بە ڕۆژنامەی ئازاد، وەک ڕۆشنبیرێک بۆچوونت چییە و ئەو ڕۆژنامانە تا چەند ئازادن و مەرجی ئازادییان لە چیدایە؟

عەبدوڵڵا تاهیر: من نامەوێ مەرج بۆ ئازادی کەس دابنێم، تەنها لەو کاتەدا نەبێ کە بزانم ئەو ئازادییە خەریکە دەبێت بە بەرەڵایی، یان هەڕەشە لە زەوتکردنی ئازادیی کەسیتر دەکات.

دەبێت ڕۆژنامەی ئێمە ڕەچاوی ئەم حاڵەتە بکات.  ڕۆژنامەی ئازاد،  وای لێ نەکرێت ببێ بە قەڵغان بۆ داکۆکیکردنی ناڕەوا و ترساندنی کەسانی تر.. گومان لەوەدا نییە کە کەسمان نامانەوێ یان لەگەڵ ئەوەدا نین سنوور بۆ ڕۆژنامەنووس دابنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵێک نووسینی چاک پێشکەش بە خوێنەری کورد بکەین، بچین سەرتاسەری یا ڕووپەڕی زۆری زۆری ڕۆژنامەکانمان بکەین بە هەواڵی نائاسایی و حیکایەتگێڕانەوە.

ئیدریس: هەندێک نووسەر بەهۆی نووسینەکانیاوە، یاخود ڕەخنەوە دراونەتە دادگا، ئەم حاڵەتە تا چەند لەگەڵ چەمکی ئازادی و ئازادی ڕادەربڕیندا دێتەوە؟

عەبدوڵڵا: هیوادارم ئەمە نەبێت بە دیاردەی چاولێکردن، واتە لە شەکواکردنماندا بۆ دادگا لۆژیکێک هەبێت، کارەکە سووک نەکرێت، نەبێت بە وەسیلەیەک بۆ ڕێگرتن لە ڕادەربڕین و ئەزیەتدانی بەناهەقی نووسەر، لە هەمانکاتدا نووسەر و ڕۆژنامەنووسان ئاگایان لەوە بێت چۆنچۆنی کێشەکان دەخەنە ڕوو، ئەمە ڕەوا نییە بێم بە ناوی ئازادیی ڕۆژنامەوە نامەیەکی شەخسی کچێک و دایکێک، بێ ویستی خۆیان بخەمە ڕوو، ئەویش ڕەوا نییە ئەگەر چیرۆکنووسێک باسی عەیبێکی کرێکارێک، یان ئافرەتێک لە ڕۆمانێکدا بکات، کرێکاران ، یان ئافرەتان وا بزانن کە باسی هەموویان کراوە و بە ناوی ڕێکخراوەوە شەکوا بگەیەننە دادگا. کە لە چیرۆکێکدا باسی ئافرەتێک یان جوتیارێک دەکرێت، مەرج نییە ئەو جوتیار و ئافرەتە نوێنەرایەتی هەموو جوتیاران و ژنان بکەن.

ئیدریس: بە گشتی بەشداری نەکردنی ڕەخنە لە پرۆسەی ئەدەبیدا، چ کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر ڕەوتی گەشەکردنی ئەدەبیمان داناوە، ئایا بەدەر لەو نووسینە کرچ و کاڵە پڕ لە وەسف و پێداهەڵدانەی لێرەولەوێ دەیانبینین، دەتوانین بڵێین ژانرێکمان هەیە بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە؟

عەبدوڵڵا: دیارە ئێمە زۆر باسی ڕەخنەی کوردیمان کردووە، لە چاوپێکەوتندا بێت یاخود لە وتار و لێکۆڵینەوەدا، یان چاوپێکەوتنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا، پێموابێ زۆربەی زۆری پرسیارەکان لەم بوارەدا کراون، هەر باسی سلبیاتی ڕەخنە و نەبوونی ڕەخنە و لاوازیی ڕەخنەی کوردی بوون.

لە شەست و حەفتاکانەوە باسی نەبوونی ڕەخنە و نائامادەبوونی دەکەین ، دەیەها تیۆری ڕەخنەیی هاتنوچوون ئێمە هێشتا هەر باسی ئەوە دەکەین ڕەخنە چییە و هەمانە یا نیمانە، ئەم پرسیارە تێماندەگەیەنێت لەم وەختەدا لەکوێی پەرەسەندنی تیۆری ئەدەب و ڕەخنەداین.

ڕەخنە بە مانا فراوانەکەی لای ئێمە مێژووی نییە، یان لە چەند دەیەیەک زیاتر تێناپەڕێت، لای یۆنان، لای عەرەب، بە سەدەها ساڵ و بە هەزارەها ساڵ مێژووی ڕەخنەی خۆیان دەپێون و باسیدەکەن، ڕاستە ئەگەر وردبینەوە، کاریگەریی ڕوون و ئاشکرای ڕەخنەی یۆنانی بە ڕەخنەی عەرەبەوە دیارە، جاحیز، حازم قرتاجنی، ئەبوو هیلال عەسکەری، جورجانی، ئەمانە لە خۆیانەوە باسی ڕەخنەیان نەکردووە، بەڵکو سەرچاوەیەکی یۆنانییان هەیە، کەواتە ئەوان دەمێکە ڕەخنە تێکەڵاوی ئەدەب و نووسین و ژیانیان بووە، بۆیە زەمینەیەکی ڕەخنەییان لا دروست بووە.

 دروستبوونی زەمینەی ڕەخنەیی، عەقڵ فراوان و گورج دەکات و وا دەکات من و تۆ، من و ئەو یەکتر قبووڵ بکەین، پێموایە تا ئێستا ئەم زەمینەیە لای ئێمە بە باشی دروست نەبووە.

نەبوونی فەزایەکی گشتیی ئازاد ڕێ لە پەرەسەندنی ڕەخنە دەگرێت، فەزایەک گفتوگۆی عەقڵیی تێدا بکرێت، نەک بکرێت بەبیانویەک بۆ نوکتە و جنێو و گالتەکردن. ئەم فەزایە بە دیوەعەقڵانییەکەیدا هێشتا ئامادە نەبووە.

وای لێهاتووە بە زانیارییەکی تەنکەوە، پەلاماری ئەزموونە گەورەکانیش دەدەین، لەکاتێکدا دەزانین، ئەزموونی گەورە و قووڵ، زانیاری و ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی قووڵ و تەکنیکزانینی چاکی دەوێ، بە لای منەوە لەپاڵ دروستنەبوونی زەمینەکەدا، بێئاگاییمان لە مێژووی ڕەخنە و پەرەسەندنی و دوورکەوتنەوەمان لە موتابەعەی بەردەوام و بێئاگاییمان لە کەرەستە و تەکنیکی ژانرە ئەدەبییەکان، دەوری خراپ دەبینن، ڕۆمان ، بۆنموونە، ئەو مێژوو و تەکنیکە فراوانەی هەیە، بەڵام دێین لەسەر ڕۆمان دەنووسین، بێئەوەی ئاگامان لەو تەکنیکە فراوانە بێت، دەوەرە بزانە ئەمە چی لێ دەردەچێت؟

 

 

ناردن: