تۆماس مۆر؛ مەزهەبە یۆتۆپیەکان

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

(لە کتێبی یۆتۆپیای تۆماس مۆرەوە)

کتێبی یۆتۆپیا لەساڵی ١٥١٦ بڵاو بۆووە، واتە ساڵێک پێش ئەوەی لۆسەر تیورەکانی خۆی لەبارەی لێبوردن و ئاسانگیریەوە لە شاری ویتنبرگ ڕابگەیەنێت و یەکێکە لە بەرهەمە بەرجەستەکانی قوتابخانەی مرۆڤگەری لە سەردەمی ڕێنسانسدا. تۆماس مۆر دەڵێت بەهۆی پییر ژیلەوە ئاشنای دەریاوانێکی پۆرتوغالی دەبێت بەناوی ڕافائەل هیت لۆدەوە. ئەم کەسە کە یەکێک بووە لە هاوڕێیکانی ئامریکۆ وسپۆجی[1]، بۆ مۆری گێڕاوەتەوە کە دورگەیەکی بێ وێنەی دۆزیوەتەوە، بەناوی یۆتۆپیا. شێوەی وەسفی ئەم دورگەیە، بەتایبەتی سیستەمە سیاسی و ئابوریەکەی، دەرخەری ڕەخنەگرتنێکی کۆمەڵایەتیە لە ئینگلتەرا: فەزیڵەتی یۆتۆپیەکان کە کافرن، ئاشکراکەری ڕەهەندی پێجەوانەی کەموکوڕیەکانی ئەوروپای مەسیحیە. مەزهەبەکانی یۆتۆپیا لەهەموو شت زیاتر سەرنج ڕادەکێشێت: بە بڕوای تۆماس مۆرجیاوازی و هەمەڕەنگی ئەم مەزهەبانە، بەڵگەیە لەسەر بوونی لێکبوردنی خوازراو. بیری تۆماس مۆر لەبارەی لێکبوردنەوە چەند قۆناعێکی بڕیوە کە ناکرێت هەمویان بە چونیەک بزانین. تۆماس مۆر لەلایەکەوە ئەرەنیسمی[2] مرۆڤگەرانە قەبوڵدەکات کە ئامانجی یەکەمی کۆتایهێنانە بە جەنگە مەزهەبیەکان، لە ڕێگەی سازشکردن لەسەر کەمترین ورەدەکاری. لە لایەکی دیەوە لەبەر هۆی تەواو سیاسی، بەرگری لە لێکبوردنی زەمینیانە دەکات. ئازادی مەزهەبی لە یۆتۆپیادا شتێکی سروشتیە کە خەڵکانی یۆپتۆپیا خویان پێوە گرتووە، و ئەم خوگرتنەش لێکبوردنی دوولایەنەی درووست کردووە. ئەوان لە پەرستگای هاوبەش کۆ دەبنەوە و لەوێ کەسانی دینی، فەرمانی ژیانێکی ئەخلاقمەندانەیان پێ دەکەن. لەبەرئەوەی وەحی بۆ ئەمانە نەهاتۆتە خوارێ و بەتەنیا عەقڵ ڕێنمایکەریانە، لەبەرئەوە کردار بە پێی فەزیلەتە ئەخلاقیەکان بە لەپێشتر دەزانن لە جێبەجێکردنی حوکمە دۆگمەکان. بە کورتی جیاوازی باوەڕ، ئەو ئەگەرە دەڕەخسێنێت ئازادی مەزهەبی بەرپا بێت. هەروەها جیاوازی باوەڕەکان، بەڵگەیە بۆ حیکمەتێکی عەقڵانی کە جەمسەری پێجەوانەی مەسیحیەتی سەرکوتکەرە. بەڵام پاڵنەری یۆتۆپیستی بونیادنەری دورگەکە، سەرەتا سیاسیە. ئەگەرچی جیاوازی مەزهەبەکان، ئەگەری باڵادەستی بەسەر ولاتدا بۆ  (یۆتۆپۆسی بونیادنەر) دەستەبەر کردبو، بەڵام نەیدەتوانی دەرئەنجامە شومەکانیشی بۆ وڵات فەرامۆش بکات. یۆتۆپۆست بە دەستەبەرکردنی ئەگەری پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی مەزهەبەکان، بناغەکانی لێکبوردنی عەلمانی دامەزراند، چونکە ئەمەی بۆ بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی بە سودمەند دەزانی. لە یۆتۆپیادا جیاوازی مەزهەبی نەک هەر شتێکی سروشتی بوو-چونکە هیچ وەحیەکی خودایان بۆ نەهاتبووە خوارێ- بەڵکو بەتایبەتی لێکبوردن مافێک بوو کە پێش هەموو شتێک دەوری زامنی یەکێتی نەتەوەیی لەبەرامبەر هەر مەترسیەکی دەرەکیدا دەبینی. بەمشێوەیە تۆماس مۆر بەشێوەیەک لە شێوەکان پێشەنگی (ئەو سیاسەتمەدارانەیە) کە لە فەڕنسادا پاش ساڵی ١٥٦٠ خوازیاری لێکبوردن بوون وەک بەرژەوەندیەکی نەتەوەیی.

تۆماس مۆر سنورێک بۆ ئازادی مەزهەبی دادەنێت. هەرچەندە لە یۆتۆپیادا پڕوپاگەندەکردن بۆ مەزهەب ئازادە، بەڵام ئەم ئازادیە مەرجدارە بەوەی کە تەنیا چەکەکەی گوتار و بەڵگاندن و نەرمی و پەروەردەیی بێت. باوەڕداری تازە بوو بە مەسیحی دەردەکرێت، نەک لەبەرئەو دۆگمانەی بڵاوی دەکاتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی توندڕەویەکانی دەبێتە هۆی درووستکردنی ئاژاوە. لەبارەی بێ دینانیشەوە دۆخەکە بەهەمان شێوەیە. ئەمانە بە نکوڵیکردن لە ژیانی پاش مردن و نەفیکردنی ئیرادەی ئیلاهی ڕێگرێکیان جگە لە سزادانی زەمینی بۆ هەست و سۆزەکانی خۆیان نیە، و پێش ئەوەی لەبیری دادپەروەریدا بن، هەوڵ بۆ بەرژەوەندی خۆیا ئەدەن. بێ دینەکان وەک مادیەکان، دژی ئەخلاقن و هەر لەبەرئەمەش دەبێت لە پۆستەکانی وڵات دوور خرێنەوە.

تۆماس مۆر بۆ سەلماندی ئازادی مەزهەبی پشت بەهەندێک حوکمی مەزهەبی دەبەستێت. هەمەڕەنگی باوەڕ ومەزهەبەکان ڕەنگە خواستی خودا بێت (نیکۆلا دۆکۆز و مارسیل فیسینیش ئەم ئەرگۆمێنتەیان هێناوەتەوە)، چونکە بەرکەوتنی ئازادانەی ڕاستی و هەڵە، بە قازانجی ڕاستی کۆتای دێت. لە لایەکی دیەوە هەمەڕەنگی مەزهەب، لەگەڵ ئازادی ڕادەربریندا دێتەوە. لەوکاتەوەی ڕافائیل چووە ناو دورگەکەوە ئەم هەمەڕەنگیە خۆ بەخۆ لە تواندنەوەدا بوو لەناو مەزهەبێکی عەقڵانی تاک و تەنیادا. میهرەبانی خودا کافرەکانیش ئامادەی قەبوڵکردنی باوەڕی ڕاستەقینە دەکات. ئەگەریش ژمارەیەک لە دانیشتوانی یۆتۆپیا، مەسیحیەت بە باشی قەبوڵ بکەن، لەو ڕوەوەیە کە بە گونجاوی دەزانن لەگەڵ مەزنترین ئاینەکانی خۆیاندا. بەڵام لەبەرئەوەی قەشەیەک لەگەڵ ئامریکۆ وسپۆچی دا بوونی نیە، مەسیحیەت وەک تاکە مەزهەبی یۆتۆپیا جێگیر نەبووە.

لەگەڵ ئەمەشدا دیدی تۆماس مۆر لەکتێبی (وتوێژ لەگەڵ لادەرانی دین) سەرسوڕهێنەرە. مۆر دەڵێت لەبەرئەوەی لادان لە دین هاوکاتی توندوتیژی و ئاژاوەیە لە کۆمەڵگادا، کەوابوو وەک تاوان و خیانەت دەبێت، و دەبێت سزای لە سێدارەدانی بۆ دابنرێت. کەوابوو مۆر بە چ مانایەک بەرگری لە لێکبوردن دەکات؟ لەڕاستیدا جێگەی خۆیەتی تەماشای ئەو هەلومەرجە تایبەتیە بکەین کە کتێبی (وتوێژێک لەگەڵ لادەرانی دینەوە) تیا نووسراوە. ئەم کتێبە لە ساڵی ١٥٢٨ واتە پێش کتێبی یۆتۆپیا نووسراوە، و لەکاتی ئەو ئاژاوانەدا نوسراوە کە دوا بە دوای یاخیبوونی لۆسەریەکان ڕوویدا. لەلایەکی دیەوە لە یۆتۆپیادا هەر وا ئاسان بەرگری لە لێکبووردن ناکرێت. نابێت توشی هەڵە بین: لە یۆتۆپیادا نەک لەگەڵ لێکبوردن نیە لە کافران و مادەگەرەکان، بەڵکو هەمەڕەنگی مەزهەبەکانش لە کۆمەڵگایەکدا قەبوڵ کراوە کە نادینی بێت. کەوابوو ئەم هەمەڕەنگیە، زیان بە یەکپارچەیی مەسیحیەت ناگەیەنێت (کە تا ساڵی ١٥١٦ هێشتا برینی تێ نەبوو بوو). واتە تۆماس مۆر ستایشی هەمەڕەنگی بڕواکان دەکات بۆ خەڵکێک کە جگە لە عەقڵ هیچ روناکیەکی تریان نیە، بەرگریش لە یەکێتی باوەڕی خەڵکانێک دەکات کە قسەکانی خودایان پێ گەیشتووە. دواجار ئەوەش بڵێم کە تەنانەت لە یۆتۆپیادا هەمەڕەنگی مەزهەبی نەک لەرووی تیولۆجیەوە شتێکی نموونەییە و نە ڕێسایەکی سیاسیە کە خۆ بە خۆ بەهای هەبێت: هەر فرەییەک بەشێوەیەکی سروشتی ڕووی لە یەکێتی و یەکپارچەیی مەزهەبی عەقڵانیانەیە.

لەمڕووە دیدی تۆماس مۆر بۆ ئازادی مەزهەبی، دیدێکی داهێنەرانە و ئاڵۆزە. بۆ بەرگریکردن لێی هۆی سیاسی و تیۆلۆجی هێنراوەتەوەو لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی میر و دەوڵەتە و لەهەمان کاتدا بەرەو پشبردنی هەقیقەت، بەڵام هەرگیز ئەمە حاڵەتی ئایدیال نیە. چونکە دواجار دەبێت بە رێکەوتنێکی گشتی هەموو مەزهەب و باوەرەکان لە پاڵ مەسیحیەتدا کۆببنەوە و لەناو بچن. کەوابوو دیدی تۆماس مۆر زۆرتربەرگریە لە لێکتێگەیشتن تا لێکبوردن. مۆر وەک هیومانیستێک زۆرتر بانگەشە بۆ ریفۆرمی کەنیسە دەکات، تا قەبوڵکردنی فرەیی حوکمەکان. مۆر وەفادار مایەوە بۆ مەزهەبی کاسۆلیک  و حوکمرانی پاشای لە بواری مەزهەبدا قەبوڵ نەدەکرد. هەر لەبەرئەمەش لە ساڵی ١٥٣٥ دا لە سێدارە درا.

دەق:

مەزهەبی ئەوان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دی و تەنانەت لەناو یەک شاریشدا جۆراوجۆرە. گروپێکیان خۆریان دەپەرست و گروپێکی دی مانگ یان هەر هەسارەیکی دی. هەندێکیان کەسانێک وەک خودای مەزن ستایش دەکەن، کە لەسەردەمی خۆیاندا بەهۆی دلێری یان سەرکەوتوویەوە درەوشاونەتەوە. بەڵام ژمارەیەکی زۆرتریان بەتایبەتی زۆرتر لە هەموویان عاقڵەکانیان، ئەم بیروڕایانە قەبوڵ ناکەن، بەڵکو خودایەک قەبوڵ دەکەن کە یەکە، نەناسروە، نەمرە، سەروترە لە ئەندازەکان، دەست پێنەگەیشتوو لەرێی عەقڵی مرۆییەوە، وەک هێزێک لە بووندا بڵاوبۆتەوە نەک وەک جەستەیەک. ناوی دەنێن (باوک) و رەگ، پەرەسەندن، پێشکەوتنەکان، کەموکوڕیەکان و لەناوچوونی هەر شتێک بەتوانای ئەو دەزانن، و شانازی خودایەتی تەنیا بەو ڕەوا دەبینن.

دانیشتوانی ێۆپتۆپیا سەرەڕای هەمەڕەنگی باوەڕ و بڕواکانیان ، هاوڕان لەسەر بوونێکی سەروتر کە درووستکەر و پارێزەری جیهانە. ئەوان ئەو بوونەوەرە بە زمانی وڵاتی خۆیان ناودەنێن (میترا). ئەڵبەتە ئەم ووشەیە بۆ هەمووان یەک مانای نیە. بەڵام هەر چەمکێکی لێ وەرگرن، جەوهەر و ئیرادە و هێزێک کە هەمووان بە درووستکردنی جیهانی  دەزانن، لەودا دەبینن.

جگە لەمەش هێواش هێوش لەمجۆرە بڕوا خورافیانە دەست هەڵدەگرن و روو لە مەزهەبێک دەکەن کە لەهەموو مەزهەبەکانی تر عەقڵانیتر دەردەکەوێت. بێگومان ئەم مەزهەبە هەنوکە لەناوچوو بوو، گەر خەڵکێک کە دەیانویست بیخەنە لاوە، ئەو کارەساتەیان نەدیایە کە ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو لە ئاسمانەوە هاتبووە خوارێ، و ئەگەر لە جیهانی ترس وتۆقیندا بیریان نەدەکردەوە کە خودا لەبەرئەوەی مەزهەبی ئەویان خستۆتە لاوە، لەبەرئەوە لەسەر ئەم بێ باوەڕیەیان سزایان دەدات.

بەڵام ئەوان فێری ناو، تێزەکان و ژیان و مۆجیزەکای مەسیح  لە ئێمەوە بوون، و  هەروەها سەقامگیری بیرورای ئەو شەهیدە زۆرانەی بە ڕژانی خوێنی خۆیان بوونە هۆی ئەوە خەڵکێکی زۆری جیهان ڕوو لەم ئاینە بکەن. ناتوانن بڕوا بکەن کە ئەوان بە چ خۆش و خرۆشێکەوە ڕوویان کردە ئەم ئاینە، جا چ لەبەرئەوەی خودا بە نهێنی قسەی لەگەڵ کردبوون، چ لەبەرئەوەی ئەم دینە بە بروایان نزیکترین دین بوو لەو بڕوایەوەی کە لەهەموو بیرورکانی دی بە بەرزتریان دەزانی. ئەوەی لەهەموو شت زیاتر کاری ڵێدەکردن، ئەو هەواڵە بوو کە مەسیح پێشنیاری بۆ پەیڕەوانی کردبوو هەموو دارایەکانی خۆیان هاوبەش بکەن، و ئەمکارەش تا هەنوکەش لەناو ئەو گروپانەدا کە زیاد لە هەمووان بەراستی مەسیحین، بڵاوە.

هێزی ئەم ئەرگۆمێنتە بە ئەندازەیەک بوو کە زۆرێکیان مەزهەبەکەی ئێمەیان قەبوڵکرد و بە ئاوی پیرۆز پاکژ کرانەوە. بەڵام ئێمە لەناویاندا لە چوار کەس زیاتر نەبووین کە دوانیان بە داخەوە کۆچی دواییان کردبوو، بەداخەوەش کەس لە ئێمە کەسی ئاینی نەبووین، کەسانێک کە تەعمید کراون و فێرخواز بوون، هێشتا لەو نەریتانەی لە ئەستۆی قەشەکانە، بێ بەهرەن.

بەڵام ماناکەی دەزانن و حەز دەکەن تێیبگەن. تەنانەت بە پێداگریەوە دەپرسن ئایا بێ بوونی مەرجەعێکی مەزهەبی مەسیحی ، ناتوانن کەسێک لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن کە ئەرکی قەشە بگرێتە ئەستۆی خۆی. ئەوان دەیانویست کەسانێک بەم مەبەستە دەست نیشان بکەن، بەڵام تا ڕۆیشتنی من هێشتا ئەو کارەیان نەکردبوو.

ئەوانی دی کە پەیوەندیان بە دینی مەسیحیەوە نەکرد، رێ لە هیج کەس ناگرن ببێت بە مەسیحی و ئازاری ئەو کەسانەش نادەن کە بوون بە مەسیحی. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەوانەی تازە بوو بوو بە مەسیحی، بە ئامادەبوونی خۆم سزا درا. ئەو کە تازە تەعمید کرابوو، سەرەڕای پێشنیارەکانی ئێمە، هەموانی بێ هیچ وریاییەک وبە سەرسەختیەوە بۆ مەسیحیەت بانگ دەکرد. بە جۆرێک بە جۆش و خرۆش هاتبووکە نەک هەر دەیگووت مەزهەبی ئێمە باڵاترین مەزهەبە، بەڵکو هەموو مەزهەبەکانی دی مەحکوم دەکرد و بە بیروڕای پوچی دادەنان و پەیڕەوانی ئەو بیروڕایانەی بە کافر وبێ دین و بە شایستەی ئاگری ئەبەدی دەزانی. ئەوانیش بۆ ماوەیەک وازیان لێهێنا چی دەوێت بیڵێت، پاشان دەستگیریان کرد و مەحکومیان کرد، نەک لەبەرئەوەی قسەی بە مەزهەبی ئەوان گوتبوو، بەڵکو لەبەرئەوەی هانی خەڵکی دەدا یاخی ببن. بە دوور خستنەوە مەحکوم کرا، چونکە یەکێک لە یاساکانیان کە لە کۆنترین یاساکان بوو، ئازاردانی کەسی لەسەر مەزهەب قەدەغە دەکرد.

یۆپتۆپۆس لە سەرەتای حکومەتی خۆیدا دەیزانی پێش گەیشتن بە دەسەڵات، دانیشتوانی دورگەکە لەسەر بیروڕاکانی خۆیان ، وتوێژی توندیان بووە. ئەوان دابەش بوون بۆ چەند لقێکی جیاواز، دوژمنایەتی یەکدیان دەکرد، و هەریەکەیان لە پێناوی وڵاتی خۆیاندا دەجەنگان و هەر لەبەرئەمەش بوو کە ئەو توانی بەسەر هەموویاندا زاڵ بێت. کاتێک یۆتۆپوس سەرکەوت بڕیاریدا هەر کەس ئازادە مەزهەبی خۆی هەبێت، بەڵام بۆی نیە پڕوپاگەندەی بۆ بکات، مەگەر بە ئارامی و نەرمی ئەرگۆمێنتەکانی برواکانی خۆی ڕوون بکاتەوە، بێ ئەوەی بە شاراوەیی پەلاماری مەزهەبی ئەوانی دی بدات، و یان لەحاڵەتێکدا کە نەیتوانی ئەوانی دی قەناعەت پێبکات، پەنا بۆ زۆر و قسەوتن ببات، هەرکەسێک لەمجۆرە وتوێژانەدا توندڕەوی بکات، دوور دەخرێتەوە یان دەگیرێت.

یۆتۆپوس ئەم بڕیارەی لەو ڕوەوە دا کە دەیدی لە ئەنجامی ململانێی بەردەوام وڕق و کینە بێ چارەسەر، ئاشتی لەناودەچێت، و هەروەها لەبەرئەوەش کە ئازادی لە مەزهەب بە بەرزتر دەبینی. ئەو هەرگیز جورئەتی نەدەکرد لە بواری باوەڕدا هیچ شتێک بە کەم بگرێت و لە خۆی دەپرسی ئایا خودا خۆی بیروڕای جیاوازی بە مرۆڤەکان نەداوە و هەقیقەت و فرەیی مەزهەبەکان خواستی خودی خۆی نیە؟. بەهەرحال یۆتۆپیوس ناچارکردنی خەڵکی بۆ بیرورایەک لە ڕێگەی هەڕەشە و تونوتیژیەوە، بە شێتی و خیانەت دەزانی. ئەگەر مەزهەبێک بەراستی هەقیقەت بێت و مەزهەبەکانی دی هەڵە بن، هێزی هەقیقەت دواجار خۆی دەسەپێنێت، بە پێجەوانەوە کاتێک جیاوازیەکان توندوتیژ و دەستدرێژیکەرانە بن، ئەوا دەشێت کە خورافاتی پڕوپوچ، باشترین و پیرۆزترین مەزهەب وەک تۆیەکی پاک، لەناو دڕک و داڵدا بخنکێنێت. لەبەرئەوە هەمووانی ئازاد کرد و ڕێگەی دا هەر کەس هەر باوەڕێکی هەبێت کە دەیەوێت.

لەگەڵ ئەمەشدا یۆتۆپوس بە سەختگیریەوە قەدەغەی کردبوو کەسێک بە قەبوڵکردنی بیرۆکەی لەناوچوونی دەروون یان جەستە، یان بڕوا بوون بە سوڕانەوەی چەرخی دنیا بێ ویستی خودا و بەرێکەوت، شایستەیی مرۆڤ بریندار بکات. لەبەرئەوە دانیشتوانی یۆتۆپیا بڕوایان وایە پاش ئەم ژیانە، چەندان سزا بۆ خراپەکاری و پاداشت بۆ چاکەکان دەبێت. هەرکەسێک بەجۆرێکی دی بیری کردەوە، تەنانەت بە مرۆڤیش ئەژمار ناکرێت، چونکە ناسکی دەروونی خۆی، بەهۆی مادەگەری ئاژەڵیانەوە گەندەڵ کردووە. تەنانەت ئەم کەسە لەناو هاوڵاتیانیشدا قەبوڵ ناکرێت، چونکە ئەگەرلە شتێک نەترسێت، هیچ ڕێزێکی بۆ یاسا و رێوشوێنەکانی دەوڵەتی نابێت. ئەگەر کەسێک لە شتێکی گەورەتر لە خۆی نەترسێت، ئەگەر ئومێدێکی بە پاش مردنی جەستەی خۆی نەبێت، ئایا بەڕاستی بە نهێنی یاساکان ناخاتە ژێر پێوە یان بە توندوتیژی لەناوی نابات. لەبەرئەوە هەرکەس وابیر بکاتەوە نابێت چاوەڕێی شانازی، یان پۆست و پلەیەک لەوان بکەیت. ئەوان کەسێتیەکی وا لە هەر کوێ بێت، وەک بوونەوەرێکی پەست و بێ رەگوڕیشە، بە سوک دەبینن، چونکە بڕوایان وایە مرۆڤ ئازاد نیە بۆ ئەوەی حەزی لە چیە بروای پێ بێنێت، دیارە هەموو ئەمانە بێ ئەوەی هیچ سزایەکی جەستەیی بدەن.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

[1]. دەریاوانی ئیتاڵی کە دۆزینەوەی ئەمەریکا دەگەڕێننەوە بۆ ئەو  و ناوی ئمەریکا لەناوی ئەوەوە وەرگیراوە.(و.ف)

[2]. رێکەوتن وهاودڵیەکە کە بە پێی پەیمان نامەیەک لەنێوان مەزهەبە جیاوازەکانی مەسیحیەتدا دەبەسترێت بەمەبەستی تاوتوێکردنی خاڵەکانی ناکۆکی نێوانیان..بەمە دەگوترێتIrenisme. (و.ف)

ناردن: