ڕێگەی خۆشەویستی: ژیان و ئەندێشەکانی ماهاتما گاندی

(گەر کەسێک بە حەقیقەت و دڵی ئایینی خۆی بگات، بە حەقیقەت و دڵی ئایینەکانی تریش گەیشتووە… ئایینەکان، ڕێگەگەلی جۆراوجۆرن کە هەموویان بەرەو خاڵێکی هاوبەش دەڕۆن، تا ئەو شوێنەی هەموومان بەرەو یەک شوێنی مەبەست دەڕۆین و بە یەک سەرمەنزڵ دەگەین، ئەگەر ڕێگەکانیشمان جیاواز بن، هیچ گرنگ نییە، لە ڕاستیدا ژمارەی ئایینەکان ڕێک هێندەی ژمارەی تاکەکانی مرۆڤە.)

ئەمە وتەی یەکێک لە دیاردە ئینسانییەکانی سەدەی ڕابردووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە کە هێڵی کارکردن و بیرکردنەوە و تێڕامان و ئەندێشە قووڵ و فرە ڕەهەندەکانی خۆی لەوانی دیکە جیاکردەوە، بەوەشەوە نەوەستا و کۆی ڕوانینەکانی مرۆڤایەتی لەمەڕ چەمکەکانی ژیان و مردن و سیاسەت و ئایین و جەنگ و ئاشتی و ناتوندوتیژی، بە ئاڕاستەی تێڕوانین و تێزە فکری و ڕۆحییەکانی خۆی گۆڕی، ئەو بەنێو ئەزموونگەلی ڕۆحی و هزریدا گوزەری کرد، تا بگات بەو یەقینەی مانای نوێ بە ژیان و مرۆڤایەتی بداتەوە، ئەو دەیزانی مرۆڤایەتی لەسەر ڕێچکەیەکی هەڵەن و هەموان خەباتی توندوتیژی بۆ چارەسەری کێشەکان وەک ئەڵتەرناتیڤ دەبینن، بەڵام ئەو ڕەخنەی لە کۆ بونیادە فکری و کولتووری و سیاسییەکانی ئەو چەمکە گرت و هەڵەکەی بۆ ڕاستکردنەوە، بەتایبەت لەسەروەختێکدا کە دنیا پڕی ئاشووب و جەنگ و داگیرکاری و بەرکەوتنی خوێناوی ئایینی و نەتەوەیی بوو، مرۆڤ مرۆڤی خۆش نەدەویست و دەیکوشت، دنیا خوێنی لێدەچۆڕا ئەو کاتەی ئەم بووە سەرمەشقی ئاشتی و ڕێگەکانی گەیشتن بە ئاسوودیی پیشانی مرۆڤایەتی دا و خەباتێکی گەورەی بەرپا کرد، خەباتێک گەیشت بە لووتکەی سەرکەوتن، بێ ئەوەی پەنجەی کەسێک خوێنی لێ بێت، بێ ئەوەی لو خەباتە سەختەدا دەنگی هاوار و نەعرەتەی سەباز و گوللە ببیسترێت… ئەویش کەس نییە جگە لە پەرچەمی ئاشتیخوازی و ڕەمزی خەباتی ناتوندوتیژی (ماهاتما گاندی.)

ئەم کتێبە (ڕێگەی خۆشەویستی) لەلایەن نووسەری هیندۆسی (ئێکنات ئیسواران)ە ووەرگێڕی بە توانا (فەرشید شەریفی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ  وبڵاوی کردۆتەوە و لەم تەوەر و بەشانە پێکهاتووە: (لە جیاتی پێشەکی، نووسەر لە چەند دێڕێکدا، پێشەکی میشێل ئێن ناگلیز، توانەوە، ڕێگەی خۆشەویستی، دایک و فرزەند، گاندی وەک مرۆڤێک، ناتوندوتیژی لە بیرکردنەوە.)

لە ڕاستیدا ئەم کتێبە ڕەنگە یەکەمین هەوڵی جدی بێت لە کتێبخانەی کوردیدا کە بەو شێوە چڕ و پڕ و فرە لایەنە لەسەر گاندی نووسرا بێت، چونکە نووسەری کتیبەکە هیچ لایەنێکی ئەوتۆ نەهێشتۆتەوە قسەی لەسەر نەکردبێت و پانتاییە لێڵ و تاریکەکانی مێژوو و کاریگەری گاندی تێدا ڕووناک نەکردبێتەوە، هەر لە قۆناغی منداڵیەوە تا بارودۆخی خێزانی و کەسێتی گاندییەوە، تا دەگات بە قۆناغەکانی گەشەکردن و گەڕان و باری خێزانی و ئیش و کار و توانەوەی لە ناو خۆیدا، لەوێشەوە بە وردی و قووڵی شۆڕ دەبێتەوە بۆ نێو هزر و ئەندێشە و تێڕوانین و وتە بەناوبانگ و کریگەرەکانی گاندی، گرنگی ئەم کتێبە لە ئێستادا بە یەکێک لەو هەوڵە کەموێنانە دادەنرێت کە ڕەنگە خوێنەر و مرۆڤی کورد لە هەر کات و تاکێکی دیکە پتر وەک فریادڕەسێک تەماشای بکات، چونکە لەم ساتەوەختە پڕ لە قەیران و ماندوێتی دەروونییەدا، ئەم کتێبە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ مرۆڤی کورد، چونکە کتێبەکە بە سروشتی خۆی ئەزموونی ڕۆحیی یەکێک لە فیگۆرە گرنگەکانی جیهانە، کە ڕێچکە و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی، لە هیچی ئەوانی دیکە ناچێت.

وەرگێڕی کتێبەکە لە پێشەکییەکی ورد و تێروتەسەلدا، هێما بۆ ئەوە دەکات کە: لە وڵاتی ئێمەدا ناوی گاندی زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە، دەستەواژەی ناتوندتوتیژی و (نافەرمانیی مەدەنی)مان بە بیر دێنێتەوە، وەک شێوازگەلێک بۆ پێشخستنی خەباتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو باس لەوەش دەکات کە لە یەکەم ڕوانینماندا گاندی وەک ڕێبەرێکی سیاسی دەناسین، کە بە پشتبەسن بە شێوازێکی ئێجگار تایبەت و بێوێنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، توانی تەنانەت بەبێ تەقاندنی فیشەکێک، نەتەوەیەک لە چنگی یەکێک لە دڕندەدەترین و بێبەزەییترین ئیمۆراتۆرییەکانی دنیا ڕزگار بکات… ناوبراو ڕەخنە لەم ڕوانینە دەگرێت بۆ گاندی کە تەنیا وەک ڕێبەرێکی سیاسی و ڕزگارکەری نەتەوەکەی بناسرێت و پێی وایە بەدەستەوەدانی وەها وێنەیەک لەسەر گاندی، وێنەیەکی تەواو و هەمەلایەن نییە: ئەگەر لەدیوەکەی تری کەسایەتی گاندی بڕوانین، پیاوێکی پیرۆزی ڕۆحانی و لەخوا ترس دەبینین کە کەمخۆری، کەمخەوی و کەمگوتنی کردبووە پیشەی خۆی و تەنانەت بۆ چرکەیەکیش کەمتەترخەمی ناکات لە نزا و پاڕانەوەدا… گاندی خۆی لە شوێنێکدا دەڵێت: من کەسێکی خاکەڕام، کە بەردەوام بەدوای حەقیقەتەوەم و بە مەبەستی گەیشتن بەو حەقیقەتەش هیچ بەربەست و ماندووبوونێک ناناسم.

لە پێشەکییەکی دیکەدا کە هەر لەم کتێبەدا دانراوە، باری سەرنج و تێڕوانینی (میشێل. ئێن. نالگێر) لە زانکۆی کالیفۆڕنیا دەخوێنینەوە کە تێگەیشتنی ئێمە بۆ ژیان و ئەندێشەی گاندی فراوانتر و پڕ زانیاری تر دەکات، ئەو بەم گوتە بەناوبانگە دەچێتە نێو نووسینەکەیەوە: (پێم وایە مێژوونووسانی داهاتوو، ئەم سەدەیەی ئێمە نەک بە سەدەی ئەتۆم، بەڵکو بە سەدەی گاندی ناو دەبەن.) وەها وتەیەک سەروزیادە تا خوێنەری کورد لە گرنگی ئەم کتێبە و ڕەهەندەکانی ژیان و ئەندێشەی گاندی تێبگات، نووسەری ئەم پێشەکییە سەبارەت بەو پرسیارەی: ئەوە گاندی چۆنچۆنی ئەو پێگە بەرزەی بەسەت هێنا، باس لەوە دەکات کە هێشتا هیچ وەڵامێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەم پرسیارەش بە پرسیارێک ناو دەبات کە دبێت تاوتۆێ بکرێت: چونکە هەر ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانی مەزنایەتی و گەورەیی ئەو، بە تەنها گۆشەیەکی کەسایەتی ئەو کەڵەپیاوەمان بۆ دەردەخات، ناتوانین لە هیچ لایەنێکی کەسایەتیی گاندی تیبگەین، مەگەر ئەوەی کە سەرەتا وەک مرۆڤێک بیناسین، ئەوەتا گاندی خۆی لە شوێنێکدا دەڵێت: ژیانی من یەکەیەکی تۆکمە و یەکپارچە و لێکدانەبڕاوە و سەرجەم چالاکییەکانیشم پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە.

لەم کتێبەوە تێدەگەین، بەتایبەت کە بەشێکی تەواوی تەرخانە بە چەمکی ناتوندوتیژی، کە پابەندبوونی گاندی بە ناتوندوتیژی، لەو ئەزموونەیەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە جگە لەم شێوازە هیچ شێوازێکی دیکە چارەسەری ململانێ و ناتەباییە هەنیشەییەکان ناکات: ئەو پێی وا بوو توندوتیژی، تەنها بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات و جگە لە چاندنی تۆوی توندوتیژی و دوژمنایەتی، هیچ دەستکەوتێکی تری نییە و دواجاریش هەلومەرجەکان لەوەی هەیە خراپتر دەکات، ئەوەتا خودی گاندی سەبارەت هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دەڵێت: (ئەگەر لە هەڵسوکەوتماندا بەرامبەر خەڵکی دیکە ناتوندوتیژی بنوێنین، هەڵەیەکی گەورەمان کردووە، ناتوندوتیژی وەکو چاکەکاری دەبێ لە بنەماڵەوە دەست پێ بکات.)

لە کۆتایی ئەم کورتە ناساندنەدا بۆ ئەم کتێبە گرنگ و جوانە، بە پێویستی دەزانم ئەو گوتە بەناوبانگەی ئەنیشتاین دابنێم کە بە شێوەیەکی ڕوون و ڕەوان سەرسامیی خۆی بە گاندی دەربڕیوە، ئەنیشتاین سەبارەت بە گاندی زۆر بە کورتی گوتوویەتی: باوەڕکردنی ئەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو زۆر ئەستەمە کە بوونەوەرێکی ئاوها، بەو دوو چڵە ئێسقانەوە، پێی نابێتە سەر ئەم زەوییە.

ئەوەی لەم کتێبەدا زیاتر جێگەی گرنگیدان و بایەخە، جگە لە قووڵبوونەوە بە ڕەهەندە جیاجیاکانی ژیان و ئەندێشەی گاندیدا، بوونی ئەو زمانە نەرم و سادە و جوانەیە کە بە شێوازێکی چیرۆکئامێز پەلی خوێنەر دەگرێت و گەشتێکی خێرای پێ دەکات بەنێو ڕۆح و ئەندێشە و هزری گاندیدا، هاوکات ئەو ڕووداوە جۆراوجۆرانەش دەگێڕێتەوە، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەنددارن بە ژیان و ئەندێشە و خەباتە ناتوندوتیژییەکەی گاندییەوە.

ناساندنی: سەردەم

ناردن: