گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕۆماننووسی ئەمریکی پول ئۆستەر

سازکردنی: فرانسو بونل

و. لە عەرەبییەوە: هیوا قادر

نووسین نەخۆشییەکە زوو دەیگرین و چاکیش نابینەوە

پول ئۆستەر نووسەری ژمارە یەکی شاری نیویۆرکە. تەنیا لەبەرئەوە نا کە لە منداڵییەوە لە شوێنە جیاجیاکانی ئەم شارەدا ژیاوە، بەڵکە لەبەرئەوەی ئەو شارە شوێنی ڕووداوی ناو ڕۆمانەکانییەتی. ئەو ماڵەی تیایدا دەژی ئێستا لە برۆکلینە، ڕەخنەگری فەرەنسی فرانسو بونل گفتوگۆیەکی لەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی ئەمەریکا، ڕۆڵی ئەدەب و نووسین و کتێبەکانی خۆی لەگەڵدا کردووە، لێرەدا چەند بەشێک ئەو گفتوگۆیە بڵاودەکەینەوە.

قۆناغی کۆیلایەتی

بول ئۆستەر باس لەو بارە دەروونییەی ئێستای دەکات لەبەرامبەر ئەو تەنگەژانەی ئەمەریکا و جیهانی تێکەوتووە، دەڵێت: لەڕاستیدا نیگەرانم، من پێشتر هەرگیز ئەم هەستە نەژیاوم. پێش پەنجا ساڵ لەمەوبەر کە ڕووبەڕووی جەنگی ڤێتنام بووینەوە، نیگەران بووم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمەی گەنجان و قوتابیان هەموومان دژ بەو جەنگە بووین، هەڵگری بەشێک لە گەشبینی بووین و دەمانویست سنوورێکی بۆ دابنێین. من هەڵە بووم، لە هیوایەکدا دەژیام. بەڵام ئەمڕۆ، هەستم جیاوازە. هیچ نابینم جگە لە هۆکارێک: دەبێت ئێمە دەست بەو گفتوگۆیە بکەین کە هێشتا لە وڵاتی ئێمەدا نەکراوە. دەبێت باسی ئەو قۆناغی کۆیلایەتییە بۆ منداڵەکانمان بکەین و فێریان بکەین لەو ماوەیەدا چی ڕوویداوە. پێیان بڵێین کە ئەمەریکا وڵاتێکی نازدارە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، وڵاتێکە لەسەر دوو تاوان بنیات نراوە: کوشتنوبڕینی هیندییە سوورەکان و دوورخستنەوەی ڕەش پێستەکان. کاتێک لاو بووم، لە قوتابخانە پێیان دەوتین “ئێوە لە مەزنترین و جوانترین وڵاتی دنیادا دەژین”، ئەوە بۆخۆی پیشاندانی جۆرێک لە کامڵی بوو. بەڵام چ درۆیەکیش بوو! دەبێت ئێمە دان بە ڕاستییەکەدا بنێین. تاکو ئەمڕۆش، مۆزەخانەیەکی ئەمەریکی نییە لەسەر قۆناغی کۆیلایەتی”.

پۆل ئۆستەر لەسەر ڕۆمانە گەورەکەی” “١٢٣٤” دا باس لەو نائومێدییەی دەکات لە هەمبەر کەمبوونەوەی خوێنەر و پشتگوێ خستنی ئەدەب: “دەبێت ڕۆمان لە هەمبەر گوێنەدانی دنیادا چی بکات؟ کێشە ڕاستەقینەکە لە کەمی ئەو خەڵکانەدایە کە لەم وڵاتەدا دەخوێننەوە، هەروەها لە جیهانیشدا بە گشتی. لە باشترین حاڵەتدا، دووسەد یان سێ سەد هەزار خوێنەر بەر کتێبێک دەکەون. خۆ ئەگەر بەر یەک ملیۆن کەسیش بکەوێت، هێشتا لەبەرامبەر ٣٢٠ ملیۆن دانیشتووانی ئەمەریکادا ژمارەیەکی ئێجگار کەمە. ڕۆمانەکان ناتوانن عەقڵییەتەکان بگۆڕن. بەڵام بەدەر لەوەش هێشتا ئەدەب گرنگی خۆی هەیە، بەڵام تەنیا بۆ دەستەیەک خەڵکی کەم. چەند لەو کەسانەی ئەمڕۆ دەقیژێنن و ڕقی خۆیان بەرامبەر پێست ڕەشەکان هەڵدەڕێژن تونی مۆریسۆن یان فیلیب روس ـ یان خوێندووەتەوە یان دەیخوێننەوە؟ ڕەنگە یەک دوانێکیان ئەوە بکەن. ئێمە لەناو کۆمەڵی ویلایەتی نا یەکگرتوودا دەژین، لە دنیایەکی بەیەکدادراو و درزبردوودا لە نێوان دوو تیپدا دەژین کە بە هەمان زمان قسەناکەن، ناشتوانن بگەن بەیەکتری”.

با بگەڕێینەوە سەر ئەدەب، تەنانەت ئەگەر نووسەرەکان خۆشیان بەوە بزانن ناتوانن جیهان بگۆڕن بەڵام هێشتا لەڕێگای کتێبەکانیانەوە بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی هوشیاری؟ بۆل ئۆستەر لە وەڵامدا دەڵێت: “من لە سەرەتای نووسینمەوە پرسی بەرپرسیاریەتی نووسەر بەسەرمدا زاڵبووە. بەڵام وەڵامم بۆ ئەو پرسیارە نەگۆڕاوە. نووسەر بەرپرسیار نییە لە هیچ شتێک تەنیا لە بەرامبەر ئەوەدانەبێت کە دەینووسێت، لەسەرم نییە من بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکەم، بەڵکە لەسەرمە چیرۆکەکانم بنووسم. کاری ڕۆماننووس قسەکردنە لەسەر ژیانی ناوەوەی مرۆڤ، من وەک نووسەرێک پێموایە کە دەبێت لێرەدا بمێنمەوە، لەپشتی مێزەکەمدا دابنیشم و بنووسم. هونەر بۆیە هەیە چونکە جیهان کامڵ نییە، هونەر هیچ کێشەیەک لە کێشەکانی جیهان چارەسەرناکات، بەڵکە گوزارشت لە ئازار و جوانی و زەحمەتییەکان دەکات… کتێب ڕێگا لە تەقینی فیشەکەکان و تەقینەوەی بۆمبەکان ناگرێت و منداڵێکی برسیش تێرناکات، بەڵام دەرونەکان تێردەکات، ئەمەش خواردنێکی بنەڕەتییە. لەبەرئەوە نووسەر لەسەریەتی خۆی بۆ هونەرەکەی تەرخان بکات. جون ئەشبیری شاعیر وتوێتی: شیعرەکانی من بەهایان لە هەر دەقێکی لایەنگری تر زۆر گرنگترە کە دژ بە جەنگ دەنووسرێت. ئەو لەمەدا ڕاستی کردووە. ئەگەر دەقێکی شیعری دژ بەم جەنگ یان ئەوی تر بنووسیت، جگە لەوانەی خۆیان دژی جەنگن کەسی تر نایان خوێنێتەوە، هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر ئەوانە نابێت کە خۆیان لەگەڵ جەنگدان. ئەدەب هونەری قەناعەتکردن نییە. واتا ناتوانێت هەڵوێستی مرۆڤ بگۆڕێت. ئەگەر توانای گۆڕینی شتێکیشی هەبێت ئەوا بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ و دڵگەرمی دەبێت.

بەرهەمەکانی دەستۆیفسکی

ئەوە بەسەر یەکێک لە کەسایەتییەکانی ڕۆمانی “١٢٣٤”دا دێت، فیرگوسونی چوارەم. لە تەمەنی پانزە ساڵیدا، دەستۆیفسکی دەخوێنێتەوە و ئەو خوێندنەوەیە ژیانی دەگۆڕێت. دەڵێت: “بەڵێ، خوێندنەوەی دەستۆیفسکی دەتوانێت ژیانت بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی کار لەسەر دڵگەرمی تۆ دەکات. من ئەم وردەکارییەم لە ئەزموونی خۆمەوە وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوەی یادەوەری وەک وردەکاری لەم ڕۆمانەدا کەمە. خوێندنەوەی دەستۆیفسکی ژیانمی سەرەوژێرکرد و بێگومان دەستی لە هاندانمدا هەبووە بۆ نووسین. کاتێکیش وەک ئێستا قسە لەسەر سیاسەت دەکەم، وەک هاوڵاتییەک قسەدەکەم نەک وەک نووسەرێک، وەڵامدانەوەشم بۆ پرسیارەکانی قۆناغی ئێستا وەڵامدانەوەی هاوڵاتییەکە.”

ـ بەڵام پۆل ئۆستەر دەستبەرداری نووسینی ڕۆمان نابێت لەسەر ئەو ڕووداوە سیاسیانەی لە ئارادان، وەک دوژمنکاریەکەی ١١ی سێپتەمبەر… لە وەڵامدا دەڵێت: “یەک جار، بەڵێ، لە ڕۆمانی “بێئەقڵییەکانی بروکلین”دا باسم کردووە. بەڵام لە کۆتای ڕۆمانەکەدا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چارەسەری ئەو بابەتەم کردووە. نووسینی ڕۆمان داوا لە نووسەرەکەی دەکات مەودایەک لەبەردەم ڕووداوی هاوشێوەدا وەربگرێت، بۆ نموونە ڕۆمانی “شەڕ و ئاشتی” دوای پەنجا ساڵ تێپەڕبوون بەسەریدا ئەوسا تۆڵستۆی دێت ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.

بیلی ویلدر ـ ی سینەماکار دەڵیت: تەنیا ئەو کاتانەی دڵخۆشین و لە خۆمان ڕادەپەڕمووین پێویستە “تراژیدیا” بنووسین، کاتێکیش تاریکی داگیرمان دەکات و دەکەوینە ناو کونێکی ڕەشەوە، پێویستە “کۆمیدیا” بنووسین. من خۆم لە بارێکدا بووم جێی بەزەیی پیاداهاتنەوە بووم کاتێک ڕۆمانی “بێعەقڵییەکانی بروکلین”م نووسی، کە ڕۆمانێکی نیویۆرکیانەی کۆمیدییە سەبارەت بە چێژ ـ و چەرمەسەریەکانی ژیانێکی بچکۆلە، لەو ساتەی فڕۆکەیەک خۆی دەکێشێت بە کۆشکێکی هەوربڕدا و دەیڕوخێنێت.

بول ئۆستەر لە ساڵی ١٩٨٠ ـەوە لە برۆکلین دەژی. زۆرینەی ڕۆمانەکانی لەو ماڵەی ئێستایدا نووسیوە. باسی شێوازی نووسینی خۆی دەکات و دەڵێت: “عادەتەن سەرەتا چیرۆکەکە ئامادە دەکەیت، دواتر شێوەکەی بەدوایدادێت، بەڵام بۆ یەکەمین جار بوو، لە ڕۆمانە نوێکەمدا پێچەوانە کەوتەوە، شێوەکەی لەلام بەرجەستە بووبوو، واتا بیرۆکەی چوار گێڕانەوەی هاوتەریب لەسەر یەک کەسایەتی. بەڵام بە هیچ جۆرێک نەمدەزانی چ چیرۆکێک دەگێڕمەوە، هەتاکو ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات و دەستم کرد بە نووسین”، لەسەر نەخشەدانانی ڕۆمانەکەش دەڵێت: “نەخێر، تەنانەت هێڵە گەورەکانیشیم لەلا نەبوو، پشتم بە بۆهاتنی کتوپڕی بەست، بەوەدا کە یەکسەر چیت بۆ دێت بنووسیت، بە درێژایی نووسینی ڕۆمانەکە هەستی سەماکردن داگیری کردبووم، وەک ئەوەی لەناو باوەخولێیەکدابم. وشەکان دەکەوتنە سەر مێزەکەم، هەموو شتێک ئامادەبوو، من هیچم لەسەر نەبوو جگە دەستبردن بۆ وشەکان و دانانیان نەبیت لەسەر وەرەقەکە. شتێکی سەیر بوو، بەڵام بەپێی پلان نەم دەتوانی بنووسم. چونکە هەموو بەیانییەک چاوەڕوانی نادیارییەک بووم.

پول ئۆستەر باوەڕی بەوە نییە کە پێی دەوترێت وەحی یان سروشی ئەدەبی. دەڵێت: “باوەڕم بە نائاگاییە، بەڵام دۆزینەوەی شتێک لە ناو نائاگایدا، ئەو کاتە ڕوودەدات کە لە بارێکی زهنی تایبەتدا بیت، واتا تەواو کراوەبیت و هیچ بڕیارێکی پێشوەختەت لەلا نەبێت. لەو کاتەدا، ڕێ دەدەیت شتەکان خۆیان بێن، بەبێ ڕێ لێگرتن و کۆنترۆڵکردنیان. پێشموایە گرنگترین شتێک ئەوەیە: هیچ کۆنترۆڵێک و ڕێگرییەک لەگەڵ خۆت نەکەیت. شتێکی تریش گرنگە بیزانیت، کەی دەست لە نووسین هەڵدەگریت. کاتێک ڕۆژانە کاری خۆم لەسەر ڕۆمانەکە تەواو دەکرد. دوای ئەوە تەواو خۆم بە شتی ترەوە سەرقاڵ دەکرد تەنیا بۆ ئەوەی بیری لێ نەکەمەوە. زیاد لە پێویست کارم دەکرد، خەریکبوو وشک دەبوومەوە. دەبوو بۆ ژیانی ئاسایی بگەڕێمەوە. کەم جار مێزەکەم بەجێدەهێشت، ئەو کاتەشی دەکەوتمە بەردەم کێشەی نووسین و نەم دەتوانی چارەسەری بکەم، دەچووم دەنووستم. کاتێک ڕۆژی دوای بێدار دەبوومەوە، چارەسەرەکە هەر لە خۆیەوە دەهاتە پێشەوە. لەبری ئەوەی بەدویدا بگەڕێم، ڕێم دەدا شتەکان خۆیان بێن بۆ لام. من لە نووسیندا باوەڕم بەمە هەیە. کاتێک دەنووسم، بوونم دەبێت بە برینێکی دەم کراوە. هەرچییەک لە شەقام ڕووبدات وەری دەگرم، لە ئاسمان، لە چواردەورمەوە دەیانهێنم و دەیانخەمە ناو ئەو کتێبەوەی کاری تیا دەکەم. کتێبیش بۆ خۆی جۆرێکە لە خۆوە هاتن و کتوپڕی.

پرسیاری مردن

لەسەر حاڵ و باری لەدایکبوونی ئەم ڕۆمانە دانسقەیە دەڵێت: “لێرەدا دانیشتبووم، لەسەر ئەم کورسییە، کاتێک بیرۆکەی ڕۆمانەکەم بۆ هات تا باس لەو هێزانە بکەم دەکرێت کەسایەتییەک تیایدا بژی ئەگەر ئەو ڕێگایە بگرێت لەبری ئەوی تر، ئەگەر ئەم ژنە بهێنێت لە بری ئەمی تر، ئەگەر مەرگی یەکێک لە باوانی لە تەمەنێکی زوودا ببینێت… پێموایە ئێمە، کە دەکەوینە تەمەنەوە، دەست دەکەین بە بیرکردنەوە لە ڕابردوومان و لەو ساتە گرنگانە ڕادەمێنین دەستیان لەو ڕێڕەوەدا هەبووە کە لە ژیاندا گرتوومانە. لە خۆشمان دەپرسین ئایە ژیان و کەسایەتیمان جۆرێکی تر نەدەبوو ئەگەر بهاتایە ئەو ڕێگا جیاوازانەی ترمان بگرتایەتە بەر.”

پرسیاری مەرگ بە هێزێکەوە لە ناو هەموو ڕۆمانەکانی بول ئۆستەردا ئامادەیی هەیە. لەناو ڕۆمانە گەورەکەیدا “١٢٣٤” ئاڕاستەیەکی نوێ وەردەگرێت. خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت: “من گەیشتوومەتە تەمەنی حەفتا ساڵی. دەزانم بەشی هەرە زۆری ژیانم کەوتۆتە دوامەوە. لەو کاتەوەی زانیوومە زۆرینەی ئەو کەسانەی خۆشمویستوون مردوون، ژیانی ڕۆژانەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەوەتا تارماییەکان باڵ بەسەر ژیانمدا دەگرن، بۆیە ئێستا هەموو شتێک بەهایەکی گەورەتری هەیە. هەموو ئەزموونێک، هەموو ماچێک، هەموو شەونشینییەک، هەموو کتێبێک، هەموو فلمێک… دەزانم کۆتایی نزیکە، بۆیە چێژ لە هەموو ئەو شتانە بە ڕێژەیەکی گەورەتر و چێژێکی گەورەتر و ئازارێکی گەورەترەوە دەبینم. من باوکم لە تەمەنی شەست و شەش ساڵیدا مرد، هەستێکی سەیرە تەمەنی باوک تێبپەڕێنیت. وەک ئەوەی ئێمە بپەڕینەوە بۆ بەرێکی تر، پشتی پەردەیەکی شاراوە بپشکنین و بچینە شوێنێک کە سەیروسەمەرەیی دەستی بەسەرداگرتبێت. من باوەڕم وایە ژیانێک نییە دوای مردن. هەوڵدەدەم بیرێکی زۆر لەمە نەکەمەوە، بەڵکە بیر لە ئێستا بکەمەوە. چێژ لە مانەوەم ببینم کە هێشتا لە ژیاندا ماوم و ئەمەش وەک دیاریی و نیعمەتێک ببینم، دەزانیت بۆچی؟ لەبەردەوەی من دەزانم بەو زووانە هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت. ئەمەش نامترسێنێت”.

پرسیاریکی تەقلیدی: بۆچی دەنووسیت؟ دەڵێت: “نازانم، ڕەنگە لەبەرئەوەبێت کە نووسین جۆرێکە لە نەخۆشی، نووسین نەخۆشییەکە زوو دەیگرین و چاکیش نابینەوە”.

سەرچاوە:

www.independentarabia.com

ناردن: