ئایا بۆ ڕزگاربوون لە مۆتەکەی تاریکبینی، 300 ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەین؟

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: هەورامان وریا قانع

هێشتا هەندێک لە ڕۆشنبیرانی عەرەب، ڕازینابن ددان بەوەدابنێن کە ئیسلامی فێندەمێنیتاڵیزم/ ئوسوڵی، لە مێژووی ئێستایدا، لە گەورەترین قەیراندا دەژی. مەبەستم لەوە، قەیرانی ئیسلامی ئوسوڵییە لەگەڵ مۆدێرنە، یان ئەگەر پێتانخۆشە، لەگەڵ ڕۆحی زەمەنە تازەکاندا. وتم ئیسلامی ئوسوڵی، نەموت ئیسلامی ڕووناکی یان ڕۆشنگەریی، ئەو دوانە- ئیسلامی ئوسوڵی و ئیسلامی ڕۆشنگەریی، جیاوازییەکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە. ئەو ڕۆشنبیرانە ئێستاشی لەگەڵدابێت، بە لووتبەرزییەوە، حەقیقەتی درەوشاوە، وەک ڕۆژی ڕووناک، ڕەتدەکەنەوە. ئەوان لەم کارەیاندا، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پیاوانی ئاینی نییە، ئەو پیاوە ئاینیانەی بە تەواوەتی یان نیمچە تەواوەتی، نوقمی تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بوون.

دوای ئەو ڕووداوانەی بەم دواییە لە فەرەنسا ڕوویاندا، گوێم لە لێدوانی هەردوولایان بوو- ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی- هیچ جیاوازییەکم نەبینی لە نێوان لێدوانی ڕۆشنبیرە مەدەنییەکان و پیاوانی تیۆلۆژیای ئاینی، ئەڵاهومە کەمەکێکی زۆر کەم نەبێت. بگرە کار گەشتە ئەوەی هەندێک لە ڕۆشنبیرە تازەگەرەکانی عەرەب، یان ئەوانەی خۆیان بە تازەگەر دەزانن، هەمو ئەو ڕووداوانەی بەم دواییە لە فەرەنسا ڕوویاندا، بە موئامەرەی دادەنێن! بەو مانایەی ئەوە فەرەنسایە، بە نهێنی دنەی کەسێکی داوە، مامۆستا بەڕێزەکە “ساموئێل باتی” سەرببڕێت. فەرەنسا بەدەستی خۆی، خۆی سەربڕیوە، بۆ ئامانجێک کە لە دڵی یەعقوبدایە. ئەم ئامانجە چیە؟ تەشهیرکردن بە ئیسلام و لەکەدارکردنی سومعەی ئیسلام. وەک ئەوەی ئیسلامی ئوسوڵی، دوای هەمو ئەوانەی لە 11 سێپتێمبەرەوە/ ئەیلولەوە، ڕوویانداوە، بەس نەبێت بۆ لەکەدارکردنی! سەیرکەن ئاستی چەواشەکاریی فیکریی گەیشتووەتە کوێ! شورەییە، سەرتاپای وڵاتێک بە گەورە و بچووکییەوە، لە قووڵایی ناخییەوە، بریندار کراوە و ئازاری هەیە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، تۆمەتباری دەکەن و هێرشی دەکەنەسەر، لەبری ئەوەی هاوسۆزبن لەگەڵیدا و هاوخەمبن لەگەڵ ئەو قوربانییەشدا، کە سەری لە جەستەی کراوەتەوە.

وەلێ ئەو ڕۆشنبیرانە هەر وایان کردووە، سەروەختێک چەکدارە پێشەنگەکانی “ئیخوان” موسلمین، لە خۆرهەڵاتی عەرەبی، کەوتبوونە نانەوەی قەسابخانە و ئەنجامدانی تاوان و تیرۆرکردنی بیرمەندان. کەچی ئەو ڕۆسنبیرانە بە درێژایی کات، بەهەر شێوەیەک بووبێت، بەشوێن پاساودا دەگەڕان بۆ گروپەکانی ئیخوان. ئێمە لە کاتێکدا ئەمە دەڵێین، ئەم گروپانەی ئیخوان، بەوپەڕی ڕاشکاویی و بە ئاشکرا و بە فۆنتی گەورە دەیانووسی: براکەم، ئێمە ئەوەمان ئەنجامدا! ئێمە فڵانی کوڕی فڵانمان کوشت، چونکە زەندیقێکی کافر بوو. نوقتە سەری دێڕ.

لە ڕاستیدا گروپە جیهادییەکان، لەو ڕۆشنبیرانە، بەشەرەفتر و ڕاستگۆترن، چونکە بێ پێچ و پەنا و شاردنەوە، ڕاستییەکان دەڵێن. هەنووکە لە فەرەنسا هەمان شت ڕوودەدات: ئەم تاوانبارە چیچانییە کە مامۆستا فەرەنسییەکەی سەربڕیوە، هیچ قسەیەکی دیکە ناڵێت، تەنها ئەوە نەبێت کە ماکرۆن تۆمەتبار دەکات بەوەی “سەرکردەی کافرەکانە”. کەواتە، ئەو هیچ تاوانێکی ئەنجامنەداوە، بەڵکو حوکمی یەزدانی “تەبارەک و تەعالا”ی لەسەر کەسێکی کافر لە شوێنکەوتووانی ماکرۆن، جێبەجێ کردووە. ئایا ئێوە دژی بکوژی کافرەکانن و پاکردنەوەی زەوین لە گڵاوییەکانیان؟ ئەی ناتانەوێت لە خودای “تەبارک و تەعالا” نزیکببنەوە و ڕەزامەندی ئەو بەدەستبێنن؟ هەمان لۆژیک، هەمان ئایدۆلۆژیا، هەمان فەرهەنگی لاهوتی کۆن، بێگومان هەمان دروشمی تائیفی قێزەون و نەخوازراویش. کەچی لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، ئەو ڕۆشنبیرانە یان ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە، پێداگریی دەکەن لەسەر ئەو قسەیەی کە دەڵێت لەجیهانی عەرەبیدا، شتێک نییە بەناوی تاریکبینی ئاینی یان فیکری ئوسوڵی تەکفیریی! بگرە لەوەش خراپتر، چاو لەو هەمو کارەساتانە دەپۆشن کە ئەم گروپە ترسناکانە- بۆ ئەوەی نەڵێم تیرۆریستانە- ئەنجامیدەدەن. کەچی لە هەمانکاتدا، پێیانوایە لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا تێدەکۆشن! دروست ئا لێرەدا، کوشتنی بەهاری عەرەبی دەردەکەوێت.

من ساڵانێکی زۆرە، داوا دەکەم لە هەمو زانکۆ عەرەبییەکاندا، کۆلێژێکی نوێ بەم ناونیشانە دابمەزرێت: کۆلیژی زانستی ئوسوڵی بەراوردکاریی. ئەمەش بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی کۆلیژەکانی شەریعە و پەیمانگا ئاینییە تەقلیدییەکان، بەتایبەت لەسەر خودی هەمان سەرزەمینی خۆیان. من مەبەستم لەوە، ئەمەی خوارەوەیە: بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو قۆناغەی تێیدا دەژین، ناتوانین  ئوسوڵییەتی ئیسلامی تەکفیریی کە لە ئێستادا هەژموونی هەیە و باڵادەستە، لەبەریەک هەڵوەشێنینەوە. تەنها ئەو کاتە نەبێت، بزانین پرۆسەی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەیەی ئوسوڵیەتی مەسیحی، لە خۆرئاوا، چۆن چۆنی ڕوویداوە. چونکە ئەو ئوسوڵییەتەی ئەوانیش، تەکفیریی بوو. مەبەستم لە لێکهەڵوەشاندنەوە، مانا فەلسەفییە قووڵەکەی وشەکەیە. ئاخر مەسەلەی ئاین، مەسەلەیەکی ترسناکە و هەرگیز نابێت و ناکرێت بە سووک تەماشا بکرێت. هەمو توێژینەوە و بەرهەمەکانم، بە درێژایی سی ساڵی بەردەوام، لەدەوری ئەم خاڵە دەسوڕێنەوە. شەو و ڕۆژ و بە هەستان و دانیشتنەوە، سەرقاڵی کردبووم. لەبەر ئەوە من دواهەمین کەسم بەلامەوە سەیر بێت، ئەوەی ئێستا لە فەرەنسا و غەیری فەرەنسا ڕوودەدات.

ئایا نازانین ئوسوڵییەتی مەسیحی، بەتایبەت لە تایپە کاسۆلیکییەکەیدا، بۆ ماوەی سێ سەد ساڵی بەردەوام، ملی نەدەدا بۆ بزاوتی مێژوو. تاکو لە دواجاردا ڕازیبوو، خۆی ڕادەستی لۆژیکی مۆدێرنە و سەردەم بکات؟ ئاخۆ ئوسوڵییەتی ئیسلامی کە نەک هەژمونی بەسەر عەقڵیەتی پیاوانی ئاینی هەیە، بەڵکو هەژمونی بەسەر بەشێکی زۆر لە عەقڵیەتی ڕۆشنبیرانی عەرەبیش هەیە، تاکەی بەرهەڵستی دەکات؟ ئایا دەکرێت چاوەڕوانی سێ سەد ساڵی دی بکەین، تاکو لەم مۆتەکەیەی تیۆلۆژیای تاریکبینە ڕزگارمان ببێت؟

ئوسوڵیەتی مەسیحی، بۆ ماوەی دوو سەد ساڵ، تیۆرەکەی کۆپەرنیکۆس-ی ڕەتدەکردەوە، تەنانەت دوای بڵاوبوونەوەی تیۆرەکە و جێگیربوونیشی. هەروەها بۆ ماوەی سێ سەد ساڵ، ڕازینەدەبوو میتۆدی مێژوویی- ڕەخنەیی، بەسەر تێکستە پیرۆزەکانی تەورات و ئینجیلەکاندا پراکتیزە بکرێت. باشە ئاخۆ ئێمەش، سێ سەدەی دیکە بەرهەڵستی دەکەین، تاکو ملبدەین بۆ لۆژیکی مۆدێرنە و هەمان میتۆد بەسەر کەلەپورماندا پراکتیز بکەین؟ ئەمە ئەو پرسیارە سەنتراڵەیە کە لەمڕۆدا لێمان دەکرێت. هەرچەند هەوڵبدەین و تێبکۆشین خۆمان لەو پرسیارە بدزینەوە، ئەو لە چەقی ڕێگاکەماندا دەمێنێتەوە و چاوەڕێمان دەکات، یان بەدوامانەوەیە. ڕزگارکردنی کۆی عەقڵی عەرەبی، پشت بە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە هەستیارە یەکلایکەرەوەیە دەبەستێت. چونکە جیهانی عەرەبی و لە پشت ئەویشەوە سەرتاپای جیهانی ئیسلامی، لە ساڵانی ئایندەدا و لە مێژووی خۆیدا، ڕوبەڕووی گەورەترین ئالانگاریی دەبێتەوە. ئەم ئالانگارییە، بۆ یەکەجارە ئالانگارییەکی ناوخۆیی دەبێت، نەک دەرەکی. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، شەڕ لەگەڵ دوژمنی ناوخۆ بکرێت کە لە قوڵایی ناخماندا خۆی حەشارداوە: مەبەستم خودە کەلەپورییە داعشییە قووڵەکەیە. دوای جیهادە بچوکەکە، نۆرەی جیهادە گەورەکەیە! لە ڕاستیدا ئەوە قورسترین شتە، چونکە شەڕکردن لەگەڵ خود، مەترسیدارترین جۆری شەڕکردنە و لە هەموشیان بێئامانترە. هەمو ئەوە چی دەگەیەنێت؟ ئەوە دەگەیەنێت، بەڕێزان ئایدۆلۆژیا عەرەبییە کۆنەکە مرد، یان لە لێواری مردندایە. لەسەر پاشماوەی دار و پەردووەکەی، فیکرێکی نوێ دەردەکەوێت.

ئەوروپا سێ سەد ساڵ چاوەڕێی کرد، تا ئەو کاتەی کڵێسای کاسۆلیکی پاپاویەتی ڕۆمانی، لە ساڵی 1965دا، داوای لێبوردنی لە هەڵەکانی کرد، ئەمە بۆ ئەو شەرەفە. هەر لەبەر ئەوەیە، لەلایەن تەواوی جیهانەوە، رێزی لێگیرا و پاپای ڕۆما، لە سەرجەم وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە، پێشوازی گەرمی لێدەکرێت. دواجار کڵێسای مەسیحی لەگەڵ مۆدێرنە ئاشتبوەوە، ئەی ئاخۆ ئیسلام کەی لەگەڵ مۆدێرنە ئاشتدەبێتەوە؟ ئەمە پرسیارەکەیە. ئەمە پرسیاری پرسیارەکانە کە لە ئێستادا، تەواوی جیهان بەدەستییەوە گرفتارە. کڵێسا دوای لێبوردنی کرد لەسەر ئەوەی بە گالیلۆی کردبوو، کاتێک بەدیاریکراوی لە ساڵی 1633، دادگایی کرد و ترسی خستبووە دڵیەوە. هەروەها داوای لێبوردنی کرد لە هەمو ئەو هەڵوێستە جیاوازانەی کە نەیاری زانستی تازە و داهێنانە نوێیەکان بوو. جگە لەوە داوای لێبوردنی کرد لەسەر دادگاکانی پشکنین و تەکفیرکردن و کوشت و بڕە تائیفییەکانی دژ بە کەمینەی پرۆتستانت، بەتایبەت قەسابخانە بەناوبانگەکەی سانت بارتلمی لە ساڵی 1572 دا. بێگومان کڵێسا هەستی بەو هەڵەیەی خۆی کرد، کاتێک رێگەی نەدەدا باوەڕدارە مەسیحییەکان، هەندێک کتێب بخوێننەوە. بۆ ئەم مەبەستە، لیستێکی شەرعی تیۆلۆژی بەو کتێبانە ئامادەکردبوو کە نەدەبوا بخوێنرێنەوە. لەسەرەوەی لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانەوە، کتێبەکانی دیکارت و سپینۆزا و کانت و دەیان بلیمەتی دیکە هەبوو. بێگومان کڵێسا دواتر شەرمی لە خۆی کردووە، چونکە ئەو هەمو شاکارە نایابەی حەرامکردبوو، خوێندنەوەیانی قەدەغە کردبوو.

ئەو پرسیارەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسا، دوای ئەم ڕووداوە ترسناکە لە خۆیانی دەکەن، ئەمەی خوارەوەیە: ئێمە کۆتایمان بە تاریکبینی ئاینی خۆمان هێناوە، ئەدی بۆچی پەروەردگار گیرۆدەی تاریکبینییەکی دیکەی کردووین کە نە هی ئاینەکەی خۆمانە و نە هی مەزهەبەکەمانە؟ ئایا بۆ ماوەی سێ سەد ساڵی داهاتوو، لەگەڵ ئەمیشدا بجەنگێین؟ باشە ئەی کوا ڤۆڵتێرە تازەکە لەکوێیە؟ ئایا لە گۆڕەکەی دێتە دەرەوە، تاکو سەرلەنوێ دژ بە دەمارگیریی و دەمارگیرەکان بجەنگێت، وەک ئەوەی پێش دوو سەدە و نیو کردی؟ ئاشکرایە ڤۆڵتێر بەرگری لە خێزانی کالاس-ی پرۆتستانت کرد کە لە لایەن زۆرینەی کاسۆلیکی باڵادەستەوە، ستەمیان لێکدەکرا و دەچەوسێنرانەوە. ڤۆڵتێر خۆی سەر بە مەزهەبی زۆرینە بوو. ئایا یەک ڕۆشنبیری عەرەب دەناسن، هەمان ئەم هەڵوێستەی ڤۆڵتێری هەبێت، دژ بە تائیفەکەی یان مەزهەبەکەی خۆی بێت؟ جگە لە عەفیف ئەلئەخزەر یان خالید ئەلمنتصر، من کەسی تر ناناسم! هیوادارم هەڵە بم.

دواتر ئەو ڕۆشنبیرە فەرەنسییانە دەپرسن: ئەم تاریکبینە ئاینی و تۆتالیتارییە، چۆن چۆنی توانی لە وڵاتەکەمان، هێلانەی خۆی چاکبکات، بێ ئەوەی هەستی پێبکەین؟ چۆن توانی لە وڵاتی ڤۆڵتێر و رۆشنگەریی، جێگا پێیەک بۆ خۆی بکاتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە ئێستادا، ڕۆشنبیرانی فەرەنسای نیگەران کردووە. لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، دەیان وتار و کۆمێنتم سەبارەت بەم بابەتە خوێندووەتەوە، ئەوان شتێکی ئاوا دەڵێن: ئایا مامۆستایەکی ڕوخۆش و بەڕێزی مێژوو و جوگرافیا، شایەنی ئەو چارەنووسە بوو؟ ئێمە ئەمە دەڵێن، چونکە ئەو مامۆستایە ئەوەندە ڕوخۆش و بەڕێز بووە، داوای لە خوێندکارەکانی کردووە، ئەوانەیان ڕەنگە بە بیرۆکەکانی یان بە بینینی وێنەکانی شۆک دەبن، ئەگەر حەز بکەن دەتوانن لە پۆلەکە بڕۆنە دەرەوە. ئەو وانەیەکی دەربارەی ئازادی بیرکردنەوە و گوزارشتکردن وتووەتەوە و ئەم ئازادییە، تاکوێ دەڕوات و تاکوێ ناڕوات. ئەمە مانای وایە ئەو پیاوە بە ڕاستی زۆر بەڕێز بووە. لە هەستیاریی/ حەساسییەتی ئەوانی دیکە و هەڵوێستیان تێگەشتووە، ئەگەر وا نەبوایە، داوای لە هەندێک لە خوێندکارەکانی نەدەکرد لە پۆلەکە بڕۆنە دەرەوە و گوێ لە وانەکەی نەگرن. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، گۆشا و گۆش سەربڕا.

ئەم کردەوەیە کە پێشتر وێنەی نەبووە، فەرەنسای تۆقاندووە. لەبەر ئەم هۆکارەیە، فەرەنسا بە گەورە و بچووکییەوە، هەر هەمویان وەک ئەوەی یەک کەس بن، لەدژی ڕاستبوونەتەوە. ئەوان هەستیان کرد گەڕاونەتەوە بۆ سەدە کۆنە تاریکەکان کە بە تەواوی لەبیریان کردبوو.  ئەوان لەو بڕویەدابوون ئەو سەدانەیان بۆ هەتا هەتایە جێهێشتووە. کەچی ئەوەتا وا سەرلەنوێ لەبەردەمیاندا قووتبووەتەوە. بەم شێوەیە، گەڕاونەتەوە بۆ سەردەمە ڕەشەکەی دادگاکانی پشکنین، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر دەستی ئاینێکی دیکە، نەک ئاینەکەی خۆیان. ئاشکرایە دادگاکانی پشکنین لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، گومڕاکان یان زەندیقە مەسیحییەکانی دەسوتاند، ئەمەشی بۆ ئەوە دەکرد، تاکو زەوی لە پیسی و گڵاوییان پاکبکاتەوە.

دواجار ئەو شتەی دەمەوێت بە ڕۆشنبیرانی فەرەنسی بڵێم، ئەمەی خوارەوەیە: سەبارەت بە کاروباری ئاینی، ئەو مەودا مێژوییەی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە، سێ سەد ساڵە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان، لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرنەی بەعەلمانیکراوی تەواوەتیدا دەژین، بۆیە پێیانوایە هەمو خەڵکی و هەمو وڵاتانی دیکە، ئاوان. ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە. هەستیاریی ئاینی لای ئێمە، هێشتا هەستیاریی سەدەکانی ناوەڕاستە و لە هەر چرکەیەکدا بێت، ئەگەری گڕگرتن و هەوکردنی هەیە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە، جیهانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی بەگشتی، تا ئێستاش دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە، شۆڕشە زانستی و ئاینی و فەلسەفییەکان هەزمبکات، وەک ئەوەی گەلانی ئەوروپا بە درێژایی چوار سەدەی بەردەوام، هەزمیکردووە، لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە لە سەدەی شانزەهەم تا ڕۆژی ئەمڕۆ. لێرەوە حەق لای ئەو جیاوازییە مێژوییەیە یان ئەو درزە مێژووییە گەورەیەیە کە ئێمە و ئێوە لەیەکتر جیادەکاتەوە. وەلێ لە مەدای بینراودا، ناکرێت ئەم درزە گەورەیە پڕبکرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لەسەر رێگای پێشکەوتن و ڕۆشنگەریی هەنگاو دەنێین.

دواهەمین وشە: پێویستە هەلومەجی ژیان و گوزەرانی ڕەوەندی پەنابەران، لە گەڕەکە هەژار و پەراوێزخراوەکانی قەراخ شارەکاندا، باشتر بکرێت. دەنا دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە، دەبنە پارویەکی ئاسان بۆ توندڕەوویی و توندڕەوەکان. ئەمە شتێکی زۆر بنچینەییە. خودی سەرۆک ماکرۆن-یش، بەڵێنێکی لەو شێوەیەی دا.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، پێنج شەممە، 22 تشرینی یەکەم، 2020

ناردن: