کارل پۆپەر و چەمکی لێکبووردن

ن: زکی میلاد

و: رێبین هەردی

لە ساڵی ١٩٨١دا کارل پۆپەر فەیلەسوفی عەقڵانیەتی ڕەخنەگرانە (١٩٠٢-١٩٩٤) وتارێکی لە زانکۆی تۆبنجنی ئەلمانی پێشکەشکرد بەناوی (لێکبووردن و بەرپرسیارێتی فکری)، جارێکی دی هەمان وتاری لە ڤێنا پێشکەشکرد و دواتر لە کتێبی (گەڕان بەدوای دنیایەکی باشتردا) لەساڵی ١٩٨٩دا بڵاوی کردەوە کە پێشکەشی کردووە بە یادی لیوبولد لۆکاس کە پۆپەر بە مێژوونووسی زانا و پیاوی لێکبوردن و مرۆڤایەتی ناوی هێناوە، کە بووە قوربانی دەمارگیری و نامرۆڤایەتی.

پۆپەر لەم وتارەدا هەموو ئەو بڕوا و بنەماو ئەخلاقیاتانەی باسکردووە کە لەبارەی لێکبوردنەوە پێی گەیشتووە. دواتر ئەم وتارە بوو بە مەرجەعێک بۆ ئەوەی بڕوای پۆپەر سەبارەت بە لێکنوردن بزانین، هەروها دەبێت بە بەشێک لە مێژووی گەڕان بەدوای شێوەکانی پەرەسەندنی چەمکی لێکبوردن لە فکری ئەوروپی مۆدێرن و هاوچەرخدا.

پۆپەر ئەم وتارە بە بەرگری ڤۆڵتێر لە لێکوبردن دەست پێدەکات و بڕوای وایە هیچکەس وەک ڤۆڵتێر بە ڕوونی نەیبینی، و هیچکەسیش هێندەی ئەو بە جوانی تەعبیری لێ نەکرد. پۆپەر لە زمانی ڤۆلتێرەوە بەڵام بەدەستکاریەوە وا پێناسی دەکات ( ئەنجامێکە نوساوە بە بوونی مرۆڤایەتیمانەوە. ئێمە هەموومان بەرهەمی لاوازیین، هەمومان ناسکین و شیاوی هەڵەکردنین، لەبەرئەوە لێگەڕێن با لەیەک ببورین، و لە شێتی یەکدی بەشێوەیەکی دوولایەنە ببوورین، ئەمە خۆی بنەمای یەکەمی یاسای سروشتە، بنەمای یەکەمی هەموو مافەکانی مرۆڤە).

پۆپەر ئەم پێناسەیە بۆ لێکبورن بە ڕاستگۆیانە و داهێنەرانە دادەنێت و هاورای دەبێت و دەیکات بە چوارچێوە و حیکمەتێک و رێگەیەک کە بەهۆیەوە ئەوە شتە دەخاتە ڕوو کە دەیەوێت لەبارەی لێکبوردەوە بیڵێت. لەم ئاستەشدا لەسەر ئەو پەیوەندیە وەستا کە لەنێوان هەڵە و ڵێکبوردندا هەیە و ئەمەشی بەستەوە بە پەیوەندیەکی تر کە لەنێوان هەقیقەت و دەمارگیریدا هەیە.

لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندیە دوالیزمیەدا لۆژیکی تێگەیشتنی پۆپەر بۆ لێبکوردن دەردەکەوێت، چونکە چی بیرۆکە و بنەما و ئەخلاقیاتێک کە لەو وتارەدا دەیخاتە ڕوو، پەیوەندی بەم دوالیزمەوە هەیە و چوارچێوەکەی دەستنیشان دەکات.

بە پێی ڕووی یەکەمی پەیوەندیەکە پۆپەر وای دەبینێت بوونی هەڵە دەبێت بەروە ئەوەمان بەرێت دان بە هەڵەکانماندا بنێین، هەروەها دان بە نەزانین و ئەوەی کە لە هەڵەکردن پارێزراو نین. هەر ئەمە پێداویستی لێکبوردن و لێکبوردنی دوولایەنە لە نێوان مرۆڤەکاندا دێنێتە پێشێ. بە بڕوای پۆپەر ئەم دۆخە لە جیهانی مرۆڤدا هەرگیز ناگۆڕێت چەند زانین پێش بکەوێت و چەندیش زانستی دەوڵەمەند ێت، هێشتا مرۆڤەکان لەبەردەم ئەگەری هەڵەدان، لەبەرئەوە مرۆڤەکان هەمیشە پێویستیان بە لێکوبردن هەیە.

بە پێی ڕووی دووهەمی پەیوەندیەکەش پۆپەر وەک ڤۆلتێر وای دەبینێت ئەوەی دژ بە لێکبوردن ڕادەوەستێت دەمارگیریە، ئەگەر بواری لێکبوردن بریتی بێت لە داننان بە هەڵە و ڕوودانی هەڵە، ئەوا بواری دەمارگیری بریتیە لە خاوەندارێتی ڕاستی و کە هەڵە نازانێت و هەڵە قەبوڵ ناکات.

ئەمەش ئەو شتەیە کە پۆپەر ڕەفزی دەکات و بەبڕوای ئەو ڤۆڵتێر ڕاستی دەکرد کاتێک وای دەبینی ناکرێت بەرامبەر بە دەمارگیری لێبووردو بیت. سنووری لێکبورن لێرەدا تەواو دەبێت. لەبەرئەوە پۆپەر جەخت لەوە دەکات لەگەڵ لێکبوردندایە، بەڵام نەک بەرامبەر دەمارگیری یان توندوتیژی یان دڵرەقی.

بۆ گەران بە دوای ئەو دەستپێکەی پۆپەر لەڕێگەیەوە دەچێتە ناو باسی لێکبوردنەوە، دەتوانرێت بگوترێت ئەم دەستپێکە بە گەڕان بە دوای سنووری باسی چەمکی هەڵە و هەقیقەت دەست پێدەکاکت، هەڵە پەیوەندی بە لێکبوردنەوە هەیە، و هەقیقەتیش پەیوەندی بە دەمارگیریەوە.

ئەگەرچی ئەم باسە  بە بڕوای پۆپەر پەیوەندی بە زانینی زانستیانەوە هەیە، بەڵام پۆپەر گرنگی بە ڕەهەندە ئەخلاقیەکەی دەدات دەستدەکات بە دانانی ئەو بنەما ئەخلاقیانەی بە بڕوای پۆپەر بناغەی زانست پێکدەهێنن. بە بڕوای ئەو گەڕان بە دوای هەقیقەت و نزیکبوونەوە لە هەقیقەت، لە بنەما ئەخلاقیەکانن.

لەم ئاستەدا پۆپەر سێ بنەمای ئەخلاقی دادەنێت کە پێکهێنەری بناغەی هەموو وتوێژێکی عەقلانیە لە گەڕان بۆ هەقیقەتدا، ئەم بنەمایانە بریتین لە:

١) بنەمای نەبوونی هەڵەنەکردن و مەبەست لێشی ئەوەیە دەکرێت من هەڵە بم و تۆ ڕاست بکەیت، ئەشێت هەردوکیشمان هەڵە بین.

٢) بنەمای وتوێژی عەقڵی و مەبستیش لێی ئەوەیە لەڕێی ڵێکتێگەیشتنمانەوە بۆ شتەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی، ڕەنگە بتوانین هەندێک لە هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە.

٣) بنەمای نزیکبوونەوە لە هەقیقەت و مەبەستیش لێی ئەوەیە ئەگەر بەشێوەیەکی عەقڵانی لەسەر شتەکان لەیەک بگەین، ڕەنگە لە هەقیقەت نزیک بینەوە.

بە بڕوای پۆپەر ئەم سێ بنەمایە ئەوە دەسەلمێنێت کە گەڕان بە دوای ڕاستی و نزیکبونەوە لێی. لە رێگەی ئاڵوگڕی ڕەخنەوە مومکینە و ئەمەش مومکین نیە بە بێ بوونی ئاستێکی بەرزی لێکبوردنی دولایەنە.

پۆپەر لە دوا کتێبیدا بەناوی (ئەفسانەی چوارێوە، بەرگریکردن لە زانست و عەقڵانیەت) کە لەساڵی ١٩٩٣دا دەرچووە، دەڵێت ئەولەساڵی ١٩٣٢وە لەسەر ئەم بنەما ئەخلاقیە بووە، کە لە کتێبی (کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەمانیدا) دایڕشتۆتەوە کە لەساڵی ١٩٤٥دا دەرچووە، و لە دوو ڕستەشدا دیاریکردووە کە بە ئەنقەست جارێکی دی هێناویەتیەوە: (ڕەنگە من هەڵەبم و تۆ ڕاست بکەیت، بەهەوڵدانی زیاتر ڕەنگە لە هەقیقەت نزیک بینەوە).  پۆپەر ئەم قسانەی لەبەرئەوە هێنایەوە بەرگری لە خۆی لەبەرامبەر ڕەخنەگرەکانیدا بکات کە لەبارەیانەوە بە بێزاریەوە گووتی بەرامبەر بەم دوو دێڕە نابینا بوون و هیچکەسیان سەرنجی لێ نەداوە. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەخنەگرانی کتێبی (کۆمەڵگای کراوە) وتبوویان کتێبەکە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی تیا نیە و هیچ تیوریزەیەکی تیا نیە پەیوەندی بە فەلسەفەی ئەخلاقە بێت. هەندێکی تر بڕوایان وایە عەقڵانیەتی ڕەخنەگرانەکەی زۆر دۆگماتیکیە.. لەکاتێکدا پۆپەر بروای وایە بەو دوو دێڕە بروای ئەخلاقی خۆی ئاشکرا کردوە.

ناردن: