بۆچی دیکارت بەدزییەوە و دوور لە چاوەکان دەژیا؟

ئەو تەنها خانووەکەی نەدەگۆڕی، بگرە نیشتیمانەکەشی دەگۆڕی

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

دیکارت لە مێژووی فەلسەفەی مرۆڤایەتیدا، بە یەکێک لە پێنج فەیلەسوفە مەزنەکە دادەنرێت کە بریتین لە: ئەفلاتون، ئەرستۆ، دیکارت، کانت، هیگڵ. ئەو لە کەسایەتی خۆیدا، بەرجەستەی بلیمەتی فەرەنسا دەکات، لە درەوشاوەترین دەرکەوتەکانیدا. لەبەر ئەوەیە، بووە بە سیمبولی فەرەنسا، تەنانەت یەکێکیان دەڵێت: “دیکارت فەرەنسایە”. ئەمە مانای وایە کەسە بلیمەتەکانی نەتەوەکان، زیاتر لە کەسایەتی ئەدیب و شاعیرەکان و فەیلەسوفەکاندا بەرجەستە دەبێت، تا لە کەسایەتی سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکان. هەروەها ئەمە مانای وایە، بلیمەتی رۆح یان فیکر، سەرتۆپی جۆرەکانی دیکەی بلیمەتییە.

مەسەلەکە هەرچۆنێک بێت، کاتێک ناوی دیکارت یان دیکارتیزم دێت، دەمودەست ئەو وێنە باو و بەربڵاوەمان دەکەوێتەوە یاد، کە لە هەمو شوێنکدا بڵاوبووەتەوە و دەڵێت: دیکارتیزم فەلسەفەی وردبینی و پێوانەیی راست و حساباتی عەقڵانی سارد و سڕە. بەم مانایە فەرەنسی کەسێکی دیکارتییە. هەروەها بەشێوەیەکی گشتیش ئەوروپا کەسانی دیکارتین. وەک چۆن عەقڵی دیکارتی هەیە، بە هەمان شێوە عەقڵیەتی دیکارتیزم-یش هەیە. تەنانەت گۆشتفرۆشیش، لەسەر شێوازی دیکارتیزم، گۆشتەکەت بۆ لەت لەت دەکات! هیچ گومانی تێدا نییە، ئەوە تا ئاستێکی زۆر راستە. بەڵام لەبیرمان دەچێت کە دامەزرێنەری عەقڵانیەتی دیکارتیزم، تا ئەم ئاستە “عەقڵانی” نەبووە کە ئێمە بە هەڵە پێمانوایە. بگرە ئەو بە چەندین چرکەساتدا تێپەڕیوە، کەمترین شت تێیدا بووترێت، ئەوەیە لە دەرەوەی سنوری عەقڵ و هاوسەنگی لۆژیکی تووندو تۆڵ راوەستاوە، ئەمە پێش ئەوەی حەقیقەتی پرشنگداری بۆ دەرکەوێت و زەبرە فەلسەفییە گەورەکەی خۆی بووەشێنێت.

-ژیانێکی نامۆ

لە راستیدا خودی ژیانە کەسییەکەی دیکارت، وەک ژیانی گشتی خەڵک، بەدەر نەبووە لە حاڵەتی سەیر و دەگمەن. وەک زانراوە دیکارت لە ساڵی 1596 لە فەرەنسا لەدایک بووە، تەنها بۆ ماوەیەکی کەم و بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ، لە فەرەنسا ژیاوە. پێدەچێت وەک گەشتیارێکی گەڕۆک، جار جارە سەردانی فەرەنسای کردبێت. لەم بارەیەوە دەڵێت: “کاتێک مرۆڤ بۆ ماوەیەکی زۆر لە وڵاتەکەی دادەبڕێت، پاشان وەک سەردان بۆی دەگەڕێتەوە، هەست دەکات گەشتیارێکی نامۆیە”. وەلێ هیچ هۆکارێکی کەسی/ شەخسی نەبووە بۆ ئەوەی دیکارت، وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت. چونکە ئەو لە خێزانێکی دەوڵەمەند و لە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی ئاست بەرز/ راقی لەدایکبووە. بەدەست هیچ شتێکەوە نەیناڵاندووە، ناچاری بکات وڵات بەجێبێڵێت. ئەو سەر بە کەمینەی چەوساوەی پرۆتستانت نەبوو، بەڵکو سەر بە زۆرینەی کاسۆلیکی باڵادەست بوو. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، فەرەنسای بەجێدەهێشت و زۆر بە دەگمەن بۆی دەگەڕایەوە. تەنها لە پێناو چارەسەری هەندێک کێشەی خێزانی، یان لە پێناو بینینی ژمارەیەک لە زاناکان و هاوڕێکانی لە پاریس، دەگەڕایەوە بۆ فەرەنسا. بەم شێوەیە دەبینین دامەزرێنەری عەقڵی زانستی مۆدرێن و شانازییە گەورەکەی فەرەنسا و فەرەنسییەکان، زیاد لە سێ بەشی ژیانی، لە دەرەوەی فەرەنسا بەسەر بردووە.

لێرەوە دیکارت بە مانایەک لە ماناکان، دوای ئەوەی هۆڵەندای وەک نیشتیمان بۆ خۆی هەڵبژراد، زیاتر هۆڵەندیی بووە، تا فەرەنسی. لە ڕاستیدا لەو ڕۆژگارەدا، هۆڵەندە لە فەرەنسا ئازادتر بوو. بیریاران لە سەردەمی دیکارت-ەوە، ڕۆشتوون بۆ هۆڵەندە، تاکو بە ئازادی بیربکەنەوە و تێیدا بەرهەمەکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە. چونکە فەرەنسا لەو ساتەوەختەدا، هێشتا هەر ئوسوڵی تاریکبین بووە، دەستی خستبووە بینەقاقای ئازادی رۆح و ئازادی فیکر و خنکاندبوونی. ئەمستردام، وەک بێروتی جاران وابوو بۆ ڕۆشنبیرانی عەرەب.

بەڵام پێدەچێت هۆکارێکی تریش هەبێت، بۆ دوورکەوتنەوەی دیکارت لە وڵاتەکەی، ئەویش بریتییە لە حەزی مانەوەی بە تەنهایی و گۆشەگیریی کە پێشتر هیچ نموونەیەکی نەبووە. ئەم پیاوە کە گرنگی بە ژیان و خەڵک دەدا، ئەوەی زۆر لێیدەترسا و سڵی لێدەکردەوە، ئەوە بوو خەڵکی ئەو تەنهایی و گۆشەگیرییەی ژیانی کەسی، لێتێکبدەن، ئەوەی وەک دەستدرێژییەک بۆ سەر خۆی دەبینی. لەم بارەیەوە نووسەری یاداشتەکانی، ئەم بەسەرهاتەی خوارەوە دەگێڕێتەوە: “کاتێک هەر لە فەرەنسا بووە و جارێ تاراوگەی هەڵنەبژاردووە، لە هەمو کوچە و کۆڵانێکەوە، ئەهلی ئەدەب و هونەر، دەورەیان لێدابوو… داوایان لێدەکرد قەڵەمەکەی بگرێت بەدەستییەوە، ئەمە دوای ئەوەی نیشانەی بلیمەتی و بەهرەمەندی تیادەرکەوت بوو. هەمو رۆژێک سەردانیان دەکرد و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر، لەدەوری کۆدەبوونەوە و رێگەیان نەدەدا هەناسەیەکی ئاسودە هەڵمژێت، یان پشوویەک بدات. ئیدی ئا لەو چرکەساتەدا، بێ ئەوەی بە کەس بڵێت، بڕیار دەدات خانووەکەی بگۆڕێت. بۆ ئەو مەبەستە، لە قووڵایی ناوچەی سان جێرمان، خانوویەک بە کرێ دەگرێت و دەکەوێتە نێو بێدەنگی و کپی و ئارامی، بە خزمەتکارەکەی دەڵێت: بە هیچ جۆرێک نابێت کەس بە شوێنی نیشتەجێ بوونەکەم بزانێت، چونکە من تەنهایی و گۆشەگیریم دەوێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان، خزمەتکارەکەی بەسەر شەقامەکەدا دەڕوات، یەکێک لە هاوڕێ گیانی بە گیانییەکانی دیکارت دەیبینێت، بەو پەڕی حەز و تامەزرۆییەوە هەواڵی دیکارت دەپرسێت، دوای پێداگیرییەکی زۆر و کڕینی چەپکێک گوڵ، خزمەتکارەکە ملدەدات بۆ حەز و پەرۆشییەکەی ئەو هاوڕێیەی دیکارت و شوێنی نیشتەجێ بوونی دیکارتی پێدەڵێت. هاوڕێکەی بە خزمەتکارەکە دەڵێت: هەر ئێستا دەڕۆین بۆ لای، تا بزانین خەریکی چییە.

سەروەختێک دەگەنە خانووەکە، بە ئەسپایی هەنگاو دەنێن، بۆ ئەوەی دیکارت هەستیان پێنەکات و دانەچڵەکێت. زۆر بە هێمی دەڕۆنە ژوورەوە، پاشان هاوڕێکەی بەرەو ژووری نووستنەکەی دیکارت دەڕوات، لە کونی دەرگاکەوە تەماشای ژوورەوە دەکات، دیمەنێکی سەیر دەبینێت. دەبینێت دیکارت لەسەر جێگای نووستنەکەی راکشاوە و وەک کەسێکی نووستوو، بۆ تاوێک چاوەکانی دەنووقێنێت. پاشان لە ناکاو، لە جێگای نووستنەکەیەوە، بازێک دەدات و لە پشتی مێزەکەیەوە دادەنیشێت و هەندێک شت لەسەر کاغەزێک تۆمار دەکات. ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ سەر جێگای نووستنەکەی، وەک جاری پێشوو، رادەکشێتەوە، دیسانەوە چاوی دەنوقێنێت و چاوەڕێیە، تاکو بیرۆکەکان لە سەریدا کۆدەبنەوە و دەیانگوشێت، وەک گوشینی ئاو لە پەڵەیەک هەور. دواتر بۆ جاری دووەم بازێکی دیکە بۆ پشتی مێزەکە دەدات و پوختەی بیرکردنەوەکەی، دەڕژێنێتە سەر کاغەزەکە. بەم جۆرە، مەسەلەکە بۆ چەندینجار، دووبارە دەبێتەوە، تا ئەو کاتەی ئیدی هیچی پێنامێنێت. پاشان جلوبەرگەکەی لەبەردەکات و دێتە دەرەوە. ئا لەو چرکەساتەدا، هاوڕێکەی کۆکەیەکی بۆ دەکات و لە دەرگا دەدات، وا لە دیکارت دەگەیەنێت کە تازە بە تازە گەیشتووە و هیچ شتێکی نەبینیوە”.

دیکارت دوای ئەوەی سەفەر بۆ وڵاتانی باکوری ئەوروپا دەکات، هەست بە خۆشییەکی هێجگار گەورە دەکات، چونکە هیچ کەسێک لە گەڕەکەکەدا نایناسێت و هیچ کەسێکیش گرنگی پێنادات. لێرەوە ئەو پێچەوانەی هەندێک لە ڕۆشنبیرانی عەرەبە، ئەوانەیان ئەگەر خەڵکی ڕۆژانە تەپڵ و دەهۆڵیان بۆ نەکوتن و بەشان و باڵایاندا هەڵنەدەن، ناتوانن بژین. دیکارت هەستی بە خۆشی و کامەرانییەکی بێ سنور و بێ کۆتایی دەکرد، چونکە بە ئارەزووی خۆی بەنێو بازاڕ و شەقامەکاندا دەگەڕا. بێ ئەوەی هیچ کەسێک، بە دروستی بزانێت ئەو کێیە. ئەوە هەمو ئەو شتە بوو کە دیکارت دەیویست. خۆ ئەگەر بەوەیان زانی ئەو کێیە، ئەوا زۆر بێزار دەبوو، دەمودەست خانووەکەی دەگۆڕی، یان تەنانەت شارەکەشی دەگۆڕی.

دیکارت لە چ شتێک دەترسا؟ ئەوە کێ بوو بەدوایەوە بوو؟

لێرەدا پێویستە ئەم پرسیارە بخەینەڕوو: نهێنی ئەم هەمو گەڕان و پەرۆشییە بۆ تەنهایی و گۆشەگیریی، لای دیکارت، بۆچی دەگەڕێتەوە. لە پاریس تەنها بەوەوە نەوەستا ناونیشانی ماڵەکەی بگۆڕێت، بەڵکو نیشتیمانەکەشی بە تەواوەتی گۆڕی و ڕۆشت بۆ هۆڵەندا. ئەوەندە بەس نەبوو لە خێزان و ماڵەکەی دوور کەوێتەوە، بەڵکو لە سەرتاپای نیشتیمانەکەی و هاوڕەگەزەکانیشی دوور کەوتەوە. لە ڕاستیدا دیکارت، دەیزانی خەریکی ئەنجامدانی کارێکی مەزنە. هەستی دەکرد لە ناوەوەی، بۆمبێکی فەلسەفی قوڕمیشکراوی هەڵگرتووە، هاکا بە ڕووی هەمو کەڵەکەبووە کەلتورییەکاندا دەتەقێتەوە و؛ مەسیحییەتی ئەوروپی لە تاریکی و زوڵمەتی سەدەکان ڕزگار دەکات. دەیزانی ئەو ناچارە پێش بونیادنان، دەبێت پرۆسەی رووخاندن ئەنجامبدات. ئەمەش شتێک بوو هێزە باڵادەستە هەژموونگەرەکان، ڕێگەیان پێنەدەدا.

دیکارت دەیزانی “خانووە تازەکە، دروست ناکرێت و هەڵناسێتەوە، تەنها لەسەر داروپەردووی خانووە کۆنەکە نەبێت”، وەک ئەوەی بە مانای تەواوی وشەکە، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا: (وتارێک دەربارەی میتۆد) ئاماژەی پێداوە. ئەو دەیزانی دەبێت لە هەمو پەیوەستبوونەکانی پێشتری رزگاری ببێت، تاکو بتوانێت بۆ سەرجەم خۆرئاوا، عەقڵێکی تازەی ئازاد دامەزرێنێت. بگرە ئەو تەنانەت ناچارە لە خودی خۆشی ڕزگاری ببێت، یان لە بیرۆکە کەلەپورییە کۆنەکانی ڕزگاریی ببێت، وەک ئەوەی لە یەکێک لە تێڕامانە نایابەکانیدا دەڵێت: “هەنووکە، دوای ئەوەی دەروونم لە هەمو کۆت و بەندەکان ڕزگاریی بوو، دوای ئەوەی ئیسراحەت و گۆشەگیرییەکی هێمنم بۆ خۆم دەستەبەر کردووە، ئەوا بە شێوەیەکی جدیی، ڕوو دەکەمە کارە سەرەکییەکەم: تێکشکاندنێکی بێبەزەییانە، بۆ کۆی بیروباوەڕەکانی پێشترم”. ئەم هەمو شەیدابوونە بۆ لێکهەڵوەشاندنەوە و وێران کردن بۆچی؟ چونکە کەڵەکەبوونە کەلەپورییەکان، خنکێنەربوون و چیتر بەرگە گرتنیان کارێکی ئاسان نەبوو، وەک حاڵی عەرەب لەمڕۆدا. پاشان دیکارت، وەک هەمو بلیمەتە گەورەکان، دەیویست کونێک بکاتە دیوارە داخراوەکەی مێژوو، چونکە تەنها لەو کاتەدا مێژوو، دەتوانێت هەناسەیەکی ئاسودە هەڵمژێت.

لێردا شتێکی زۆر گرنگ، سەرباری ئەوانە دەخەین، ئەویش ئەمەیە: دیکارت دەیزانی بەدوایەوەن، بگرە دەیزانی لەلایەن تاریکبینەکانەوە، هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت، ئەگەر بێت و مەسەلەکەی پێش وادەی خۆی ئاشکرا ببێت. لەبەر ئەوە باش ئاگاداری خۆی بوو، سوێندی دەخوارد کە دڵسۆزی ئاینی باو و باپیرانییەتی و بە هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئەو ئاینە رازینابێت. هەمو ئەوانەی لە ترسی ئەوە دەکرد، نەبادا پێش ئەوەی بەرهەمە فەلسەفییەکانی بنووسێت و سەرەتای شۆڕشێکی فیکریی بۆ سەدەکانی ئایندە بێنێتە ئاراوە، زەفەری پێببەن و بیکوژن. ئەمە مانای ئەوە بوو، ئەوان دەیانزانی دیکارت کێیە و لە سەرچاوە باڵاکانەوە، هەڕەشەیان لێدەکرد و چاویان لێ سوردەکردەوە. بە هیچ شێوەیەک رێگەیان نەدەدا، سەوابتەکانی ئومە و پیرۆزییەکانی تێکبدات: واتە خورافاتە ئاینییە بۆماوەییەکان. لە راستیدا ئەو بوێری ئەوەی نەبوو، لە واقیعدا ئەو کارانە ئەنجامبدات، بەڵام کلیلەکانی بەخشی. پاشان دوای خۆی، قوتابییەکەی “سپینۆزا” ئەو کارەی ئەنجامدا. بەم شێوەیە، دیکارت وردە وردە، لە خاڵی یەکلایکەرەوە نزیک دەبوەوە.

دیکارت لە ساڵی 1619، هۆڵەندە بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە ئەڵمانیا، لەوێ دەکەوێتە گەڕان بە دوای خودی خۆی و حەقیقەتدا. لەو کاتەدا کەسێکی شپرزە، شڵەژاو بووە. ئەمە پێش ئەوەی پێیبگات، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر. دیکارت لە شەوی 10 تشرینی دووەم، سێ خەون دەبینێت کە بە تووندی دەیهەژێنن. خەونەکان لە ڕووی دەروونییەوە، زۆر مەترسیدار بوون، چونکە دەیگەیەنن بە لێواری شێتی. ئیدی ئا لەو کاتەدا، دەگات بەو چرکە ساتە بنەڕەتییە کە تەنها گەورەی گەورەکان پێیدەگەن: چرکەساتی ئاشکراکردنە مەزنەکە و دەرخستنی. ئەوە چرکەساتی سەرهەڵدان و هاتنەدەرەوەی حەقیقەت بوو کە چەندین سەدەبوو شاردرابوەوە و داپۆشرابوو.

دیکارت دوای ئەوەی بەسەرکەوتووی لەو بێنەوبەردەیەدا هاتەدەرەوە، هەستی کرد وەک ئەوە وایە، لە ئاسمانەوە وەحی بۆ هاتبێتە خوارەوە. بۆ ئەو نیعمەتە سوپاسی پەروەردگاری کرد، چونکە ئەوە بە پارە ناکڕدرێت. ئەوەی لە نێو سەرجەم مرۆڤەکاندا، خاوەنی حەقیقەت بێت، دەبێتە خاوەنی گەنجینەی گەنجینەکان و دەبێتە دەوڵەمەندێک لە گەورەترین ملیاردێری جیهان، دەوڵەمەندتر دەبێت! ئا بەم شێوەیە، دیکارت جیهانە جوانەکە و میتۆدە هەرە نایابەکەی دۆزییەوە کە ڕابەرایەتی ئەوروپا دەکات لەسەر رێگای راست. بگرە وا دەکات ئەوروپا ببێتە مەشخەڵێکی پرشنگدار بۆ نەتەوە و گەلەکانی دیکە. ئا بەم شێوەیە لەو فەلسەفە دیکارتییە گەورەیە، ژانی ئێش و ئازارێکی دیکە لەدایکبوو: واتە میتۆدی عەقلانی، میتۆدێک وایکرد خۆرئاوا لە ڕێگەی زانست و تەکنەلۆژیاوە، دەست بەسەر سروشتدا بگرێت

سەرچاوە

الشرق الاوسط، چوارشەممە، 14 تشرینی یەکەم، 2020

ناردن: