من هەمیشە خەریکی گێڕانەوە بووم

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئومبێرتۆ ئیکۆ، مایسی ٢٠١٥/میلان

دیمانەساز: ڕۆژنامەنوسی دانیمارکی تۆنی ڤۆرم

و. لە ئینگلیزییەوە: زوڵەیخا کەریم

 

ئیکۆ: دەزانیت، یەکێ لە هاوڕێی ئازیزەکانم، ڕۆڵان بارت، بەو پەشیمانیەوە مرد کە ڕۆمانێکی نەنوسی. ئەو هەڵە بوو، چونکە هەموو وتارەکانی لە ڕووی گێڕانەوە سەرنجڕاکێش و جوان بوون. بەپێچەوانەوە من، بۆم دەرکەوت هەرچەند من لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا دەستم بە نوسینی ڕۆمان کرد، بەڵام هەمیشە خەریکی گێڕانەوە بووم، تەنانەت لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکانیشم لە فۆرمی گێڕانەوەدا بوون. ئەو ئارەزووەم بۆ گێڕانەوە بە دوو شێواز تێرکردبوو، لەڕێگای پێدانی فۆرمی گێڕانەوە بە لێکۆڵینەوەکانم و گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکانم؛ ڕەنگە من لەوکاتەدا دەستمکردبێ بە نوسینی ڕۆمانێکی ڕاستەقینە، کە منداڵەکانم لەوە گەورەتر بوون گوێ لە چیرۆکەکانم بگرن. من هەمیشە لەزەتم لە گێڕانەوەی چیرۆکدا دەبینی، ڕەنگە گێڕانەوەکان نوکتە بووبن، دواتریش کە قوتابی بووم چەندان دەقم بۆ میویزیکەڵ نوسی، ڕەنگە ئەمە ڕێگایەکی تر بووبێ بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، بەڵام بەبێ ئەوەی گرنگییەکی ئەوتۆ بدەم بە قوڵبوونەوە؛ [زیاتر] سەرگەرمی بوو.

تۆنی ڤۆرم: چ ڕۆژێک بڕیارتدا کە دەستبکەی بە نوسین؟

ئیکۆ: هیچ وەڵامێکم نیە بۆ ئەمە. وەڵامێکی زۆر توڕەکەر کە هەندێجار دەیدەمەوە، چونکە پرسیارەکە ناڕەحەتم دەکا، ئەوەیە ئەوکاتەیە [بڕیاردەدەیت بنوسیت]  کە تەنگاو دەبیت بۆ میزکردن و ڕادەکەیت بۆ توالێت [پێدەکەنێت]. سەرەتا ڕاستەقینەکە، نازانم تا چەند گرنگە یان نا، بەو شێوەیە بوو: خانمێکی گەنجی هاوڕێم، بۆ دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی بچوک کاریدەکرد، جارێکیان هات بۆ لام و وتی دەمانەوێ زنجیرەیەک کورتە چیرۆکی پۆلیسی بڵاوبکەینەوە، کە لەلایەن نوسەرانەوە نەنوسرابێ، بەڵکو لەلایەن سۆسیۆلۆجیست و سیاسەتمەدار و… نوسرابن، دەتەوێ بەشداربیت؟ وتم نەخێر؛ یەکەم لەبەرئەوەی دڵنیام توانای نوسینی دیالۆگم نیە، دیالۆگ لەوەدەچێ باشترین بەشی بێت، دووەم ئەوەیە ئەگەر ناچاربم چیرۆکێکی پۆلیسی بنوسم ئەوا پێنج سەد لاپەڕە دەبێت و لەدێرێکی سەدەکانی ناوەڕاست ڕوودەدات؛ ئیدی ئەو وتی، نەخێر، ئەمە ئەوە نیە کە دەمانەوێ و خواحافیزیمانکرد. کە گەڕامەوە دەستمکرد بە نوسینی لیستێک ناوی ڕەبەن، ئەمە مانای ئەوە بوو کە رەنگە شتێک لە هەناوی مندا دەجوڵایەوە بەبێ ئەوەی ئاگام لێبێت. ئەگەر وانەبوا، ڕەنگە وەڵامێکی ترم هەبووایە، بەڵام شتەکە نەستی بوو، شتێک هەبوو.. سێهەم ڕوونکردنەوە، یەکەم ئەوەبوو کە ئەتەوێ میز بکەی، دووەمم باسکرد، دواجار کورسی پرۆفیسۆریم لە زانکۆ وەرگرت، پەنجا کتێبم نوسیبوون و کتێبەکانم بۆ ئینگلیزیی و فەرەنسی وەرگێڕدرابوون؛ ئیدی گەیشتبوومە ئەو قۆناغەی ژیانم، یان ئەوەتا وەک ڕامبۆ ڕادەکەی بۆ ئەفریقیا بۆ ئەوەی چەک بفرۆشیت، یان لەگەڵ سەماکەرێکی بالێی کوبایی ڕادەکەی و خێزانەکەت بەجێدێڵی، یان ئەوەتا ڕۆمانێک دەنوسی؛ بۆ ئەوەی شتێکی جیاواز بکەیت.

موفاجەئە و لەزەتە ڕاستەقینەکە ئەوەبوو، ئەوەی کە بنوسیت مانای ئەوە نیە دەست بدەیتە قەڵەم و دەستبکەیت بە نوسین، بەڵکو بە توێژینەوە دەستپێدەکات. لێکۆڵینەوە بۆ ناوی گوڵەباخ، کاتێکی کەمی ویست، دوو ساڵ زیاتری نەویست، لەبەرئەوەی لە بارەی سەدەکانی ناوەڕاست بوو، کە من لەبارەیەوە خوێندبوومەوە و لێکۆڵینەوەم کردبوو، ئەوەندە بەس بوو کە کتێبێک بکەمەوە و بەشەکان لەبەردەمم هەڵدەرژان. بەڵام بۆ بەندوڵ [ڕۆمانی بەندۆڵی فۆکۆ] ، پێویستم بە هەشت ساڵ بوو. بۆ ڕۆمانەکانی تر، پێویستم بە شەش ساڵ بوو بۆ هەر ڕۆمانێک. ئەمەش بەشە سەرنجڕاکێشەکەی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئەوەی کە جیهانێک دروستبکەیت، بڕیاربدەیت لەبارەی شوێن و کاراکتەرەکانەوە. تەنها بۆ ناوی گوڵەباخ نەبێت. بۆ ئەوانی دی، دووبارەی دەکەمەوە لە دوو ساڵی سەرەتا، هیچم نەدەنوسی، دونیایەکم دروستدەکرد کە دواتر کاراکتەرەکەم بتوانێ بە ئازادی تیایدا بجوڵێتەوە، ئەمە سەرنجراکێشترین بەشی چیرۆکەکەیە. ئەوەی شەش ساڵ لەبارێکدا بمێنیتەوە کە  کەس نازانێ خەریکی چیت بەڵام هەموو شتێک کە دەیکەیت، تەنانەت خواردنەوەی قاوەیەکیش بیرۆکەیەکت دەداتێ لەبارەی چیرۆکەکەوە، کاتێکیش دەستدەکەیت بە نوسین زۆر گونجاوە، دواتر ساتی وادێتە پێش کە پێویستت بەوەیە بە هەموو شتێک بخەیتە ناو چەکمەجەکەت و پانزە ڕۆژ بە کردنی شتێکی دیکەوە خەریک بیت؛ بەڵام ئەمە ئاساییە. زۆر نوسەر باسی ئەوەیان کردووە کە ساتی قەیرانی وا دێتە پێشتەوە کە نازانی لە حاڵەتێک بچیتە دەرەوە؛ لەم کاتانەدا من مەلەکردن یارمەتیمدەدات، چ لە مەلەوانگە بێت یان لە دەریا. مەلە دەکەیت و بیردەکەیتەوە، کاتێ مەلە دەکەیت، جەستەت زۆر خاودەبێتەوە، چەندان بیرۆکەی تازەت بۆ دێت. هەمیشە ئەوە دەڵێمەوە کە ئەوە نوسەر نیە کە ڕۆمان دەنوسێت، ڕۆماننوس چەند خاڵێکی سەرەتا دادەنێت، دوای ئەوە ڕۆمانەکە خۆی خۆی دەنوسێتەوە. دەبێ دوای لۆژیکی کاراکتەرەکان بکەویت. من بە بیرکردنەوە لە ڕۆژنامەنوسێک بە ناوی براگادۆچۆ دەستمنەکرد بە نوسینەوەی ئەم چیرۆکە [ڕۆمانی ژمارە سفر]، ئەو لە ناوەڕاستی چیرۆکەکە خۆی هات و ناچاریکردم دوایبکەوم. سەرەتا دەبێ دونیایەک دروستبکەم، چەندان هێلکاریم دروستکردن، بۆ نمونە بۆ ناوی گوڵەباخ وێنەی هەموو ڕەبەنەکانم کێشا،  ئەوەندە سودیشی نەبوو چونکە دوایی گۆڕیمن؛ بەڵام پێویستم بە سەرچاوەیەک هەبوو بۆی بگەڕێمەوە. بۆ پێچەڵانی کتێبخانەکە، نازانم پەنجا، یان شەست، پێچەڵانی جیاوازم دیزاینکرد، دیراسەی هەموو ئەو پێچەڵانانەم کرد کە هەن. بۆ [ڕۆمانی] دوورگەی ڕۆژی لەوەوبەر، هەموو بەشی ناوەوەی کەشتییەکەم دیزاینکرد، زۆر ئاڵۆز بوو، پلیکانەیەک لێرە و پەیژەیەک لەوێ؛ بەڵام دەبوو بزانم کاراکتەرەکەم چۆن دەتوانێ بجوڵێتەوە. بەڵام کاتێ بڵاوکەرەوە ئەڵمانییەکە، ویستی دیزاینی کەشتییەکە دروستبکاتەوە، دەزانیت ئەڵمانییەکان هەمیشە وردن، پێموت نەخێر، من دەبوو بزانم کە چی ڕوودەدات، بەڵام خوێنەر دەبێ بەقەدەر کاراکتەرەکەم سەرلێشێواو بێت.

پێش هەموو شت بۆ من، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان پەخشان و شیعر. لەشیعردا وشەکان لەپێشدا دێن، دواتر ئەوەی دەتەوێ بیڵێیت بەدوایدا دێت. شاعیرێکی گەورەی ئیتالی هەبوو، بە ناوی ئوجینیو مۆنتالی، خانمە شاعیرێکیش کە تەنانەت پەیوەندییەکی دڵداریی لەگەڵ مۆنتالی هەبووە، لەم دواییانەدا، بەر لەمردنی، هەندێ چیرۆکی سەرگوزەشتەی لەبارەی مۆنتالییەوە نوسیوە، کە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ  دیارنەمابوو. [خانمەکە] بیریکەوتبۆوە مۆنتالی لە یەکێ لە شیعرە جوانەکانیدا باسی جۆرە گوڵێکی دەکرد، وابزانم گوڵاڵە بوو، بەهەرحاڵ، گرنگ نیە، جۆرە گوڵێک کە ناوێکی جوانیان هەبوو، ڕۆژێک پیاسەیان دەکرد، گوڵاڵەیان بینی، مۆنتالی وتی، ئۆی چەند جوانن، ئەمانە چین. خانمەکە پێیدەڵێ، تۆ شیعرێکی تەواوت لەبارەی ئەم گوڵەوە نوسیوە. مۆنتالی دەڵێت، شیعرەکانی من لەبارەی وشەکانەوەن نەک شتەکان. مانای ئەوەیە شیعرەکانی مۆنتالی، پڕن لە ئاماژە بۆ ئەو گوڵانەی کە خۆی قەت نەیبینیبون. کاردانەوەکانی ئەو بەرامبەر وشە بوو، وشە سەرەتا بوو. لە پەخشاندا ئەمە جیاوازە. لەپێشدا جیهانێک هەیە، لەناو ئەو جیهانەدا شتانێک ڕوودەدەن، زمانی دەبێ بەدوای چیرۆکەکەدا بڕوات. من حەربام. چونکە لە ناوی گوڵەباخدا، شێوازی نوسینم هی تۆماری سەدەکانی ناوەڕاست بوو، زۆر سادە و بنەڕەتی بوو. لە کتێبی دوورگەی ڕۆژێک لەوەوبەر، کە لەسەردەمی بارۆکدا ڕوودەدات،  هەوڵێکی زۆرم دا لاسایی زمانی ئەو سەردەمە بکەمەوە، لەبەرئەوە زۆر کتێبی نوسەرانی ئەو سەردەمەم خوێندەوە. گرنگییەکی زۆرم بەوەدا کە ئەو وشانە بەکارنەهێنم کە ئەو کاتە بەکارنەهێنرابوون. دوای تەواوکردنی ڕۆمانەکە زۆر وشەم لابرد، چونکە بۆم دەرکەوت هی سەردەمی دواتر بوون. ئیدی هەر چیرۆکێک پێویستی بە زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی. کتێبێکم لەبارەی گێڕانەوە نوسی، بەناوی “خوێنەر لە چیرۆکدا”. لەوێدا جیاکارییەکی بنەڕەتییم کردووە لەنێوان خوێنەری ئەزمونگەرا و خوێنەریی نمونەییدا. خوێنەری ئەزمونگەرا ئەو خوێنەرەیە کە بوونی هەیە، باربرا کارتلاند، یان نازانم نوسەری ڕۆمانە پۆرنۆگرافییەکان، یان ڕۆمانە پۆلیسییە زۆر سادەکان، چاوی لە خوێنەرێکی پێشوەختە، دەڵێت من بۆ ژنی ماڵەوە دەنوسم، یان بۆ گەنجان دەنوسم. پێموایە بەپێچەوانەی ئەوەوە، نوسەرانی جددی، خوێنەرەکانیان دروست دەکەن، بینای دەکەن. بڵاوکەرەوە ئیتاڵیەکەم کە لەسەرەتادا یەکەندوور بە جۆش بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ناوی گوڵەباخ، وتی بەڵام وەسفی ڕوودواوە مێژووییەکانی سەرەتا زۆر درێژە، من وتم نەخێر، دەبێ خوێنەر ئامادەبکەم بۆ رووبەرووبوونەوەی حاڵەتێکی گێڕانەوە، دەبێ تۆبە بکات، ئەگەر ئامادە نەبوو ئەوا با بڕوات.

تۆنی ڤۆرم: ئەمە ڕێک پێچەوانەوەی ئەوەیە کە دان بڕاون دەیکات. ئەو واناکات، هەرچەند هەندێ کەس پێیانوایە تۆ و دان بڕاون کە هەمان گرێ  (پلۆت) باسدەکەن.

ئیکۆ: دان بڕاون بۆ خوێنەری خۆشباوەڕ دەنوسێت. جارێک دان بڕاونم بینی، ئەو یەکێک لە کاراکتەرەکانی منە، ئەو یەکێک لە کاراکتەرەکانی کتێبی بەندۆڵی فۆکۆیە. من و دان بڕاون هەمان کتێبمان خوێندۆتەوە،  بەڵام ئەو کتێبەکانی بە جدیی وەرگرتوون،]پێدەکەنێت[ لەکاتێکدا من بە پێچەوانەی ئەوەوە هەوڵمداوە وێنەیەکی ناحەزی ئەو چیرۆکانە پیشانبدەم. ئەو بەجددی وەریگرتوون، یان خۆی بە جددی وەرینەگرتوون بەڵام ویستوویەتی خوێنەر بە جددی وەریانبگرێ. من نازانم، ئەگەر دان بڕاون بڕوادار بێت یان مولحید بێت، بەڵام ئەو دەیەوێت بڕواداریی بەرهەمبهێنێت.

پێموایە هەموو ئەوانەی شتێک دەنوسن، ئومێدیان وایە ببن بە هۆمێرۆس، بەڵام کاتێک تێدەگەیت کە ئەمە تەنها نەخشەکێشانێکی خەیاڵییە، دەتوانم تەنها نیشانەیەکت بدەمێ، کاتێک دەستم بە قسەکردن کرد لەگەڵ هاوڕێکانم لەبارەی ئەوەی ڕۆمانێکم نوسیوە، پێمانوابوو دەبێ بیدەین بە فرانكۆ ماریا ریچی، کە ناشرێکی زۆر ئەرستۆکراتی بوو، کۆڵێکشنی کتێبی بڵاودەکردەوە بە تیراژی چەند هەزار دانەیەک، کە کاری دەرهێنانەکەی خۆرخێ لویس بۆرخێس دەیکرد. باشە، ئەوە یەکەم بیرۆکە بوو [پێدەکەنێ]، من دەمویست بیدەم بە دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی بچوک، نەمدەویست بیدەم بە ناشرەکەی خۆم، چونکە پێموابوو زۆر ئاسان بوو و یەکسەر قبوڵیدەکرد. نا، من دەمویست هەڵبسەنگێندرێم. بەڵام لەماوەی دوو هەفتەدا، دوو تەلەفۆنم بۆ کرا، یەکێکیان لەلایەن ناشری گەورە، جولیۆ ئیناودی، ئەوەی تر لەلایەن بەڕێوەبەری مۆندادۆری، کە وتی بیستوومانە ڕۆمانێکت نوسیوە، بەبێ ئەوەی بیخوێنینەوە دەمانەوێت. ئەوکاتە [پێدەکەنێ] وتم هیچ ناکرێ، ئیدی کتێبەکەم دا بە ناشرەکەی خۆم، کە زۆر بە بەجۆش بوو و وتی سەرەتا سی هەزار کۆپی چاپ دەکەین. وتم شێتیت. ئیدی هەنگاو بە هەنگاو، سی هەزارەکە بوو بە سێ سەد هەزار، وردە وردە ئەمە ڕوویدا، ئەوەش کاتی دامێ کە خۆم بگونجێنم لەگەڵ ئەم حاڵەتە. لەو ڕووەوە ژیانی نەگۆڕیم، چونکە بە ئاسوودەیی دەژیام تەنانەت بەر لەوەش. وتارم بۆ رۆژنامە دەنوسی و مووچەی پرۆفیسۆریم وەردەگرت لە زانکۆ. هەژار نەبووم. پێویستیشم بەوە نەبوو کە یەخت بکڕم. سەرکەوتنەکە تەنها ئازادیی سنوردارکردم. چونکە ئیدی ناتوانیت بچیتە شانۆ لە رۆژی کردنەوەی نمایشدا، چونکە گەمارۆدەدرایت. بۆیە ناچاربووم بەنهێنیتر و لەگەڵ هاوڕێکانم لە لادێدا بژیم.

هاوڕێی دێرینم گابرێل گارسیا مارکیز، زۆر ڕۆمانی جوانی نوسیوە، بەڵام خەڵک هەمیشە لەبارەی سەد ساڵ تەنیایی پرسیاریان لێدەکرد. تەنها ژمارەیەکی کەم لە گەورە نوسەرەکان دەتوانن خۆیان لەو نەفرەتە بدزنەوە، ئەویش ئەگەر باشترین ڕۆمانیان لە کۆتاییدا بنوسن. بەڵام کاتێک رۆمانێکی سەرکەوتوو لەسەرەتادا دێت، ئەوکاتە مەحکومیت بەوەی هەموو ژیانت باسی ئەو ڕۆمانە بکەیت.

تۆنی ڤۆرم: ئەمە ئاساییە لای تۆ؟

ئیکۆ: نەخێر، چونکە بۆ نموونە، من پێموایە باشترین ڕۆمان نوسیبێتم، بەندۆڵ بووە نەک ناوی گوڵەباخ، بەڵام ئەوە ئاساییە. پێش هاتنی تۆ خەریکی خوێندنەوەی سیناریۆیەک بووم کە تەلەفزیۆنی ئیتاڵی دەیەوێت ناوی گوڵەباخ بکات بە زنجیرەیەکی دە ئەڵقەیی. ناتوانیت خۆتی لێبدزیتەوە، هەوڵدەدەیت خۆتی لێبدزیتەوە بەڵام ناشرەکەت دەڵێت نا، تکایە بیکە.

عادەتەن نوسینی هەر کتێبێک، نەک تەنها رۆمان، وەک منداڵ وایە، دوو ساڵ دەبات تا گەورەبێت و بەدوایەوە دەبیت؛ ئەوەی کە من بەدوای کتێبەکەمەوەم و ناتوانم بیر لە کتێبێکی دیکە بکەمەوە. دوو ساڵ، وەک منداڵ. لە دوای ساڵی دووەمەوە، بیردەکەیتەوە کە ئایا رۆمانێکی دی دەنوسیت. یەکەمجار وتم پێموایە هەرچیم هەبوو لە ناوی گوڵەباخدا هەڵمڕشتبوو و هیچی دی نەماوە بیڵێم. لەپڕ، دوو وێنە بەرمکەوتن، یەکێکیان ئەو بەندۆڵە بوو کە لەبیست ساڵیدا لە پاریس بینیبووم، ئەوەی دیکەش وێنەی کوڕێک بوو لە گۆڕستانێکدا ترومپێتی دەژەند، کە ئەمەم لەواقیعدا بینیبوو. وتم، ئەها، ڕۆمانێک کە بە بەندۆڵێک دەستپێدەکات و بە گۆڕستان کۆتایی دێت، باشە. هەشت ساڵی ویست بۆ ئەوەی بزانم چی لەنێوان ئەم دوو وێنەیەدا دابنێم. بەڵام ئەو ساتە بۆم دەرکەوت بۆ ئەوەی ڕۆمانێک بنوسیت دەبێ لە وێنەیەکەوە دەستپێبکەیت. لەناوی گوڵە باخ، وێنەکە هی ڕەبەنێک بوو کە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبێکدا ژەهراوی ببوو. لە دوورگەی ڕۆژێک لەوەوبەردا، ئەوەبوو کە بۆت دەرکەوێت کە سەعاتێکی تایبەت هەیە کات و بەرواری دونیا پیشاندەدات. ئیتر بەوشێوەیە. لە وێنەیەکی هەستبزوێنەوە دەستپێدەکەیت، مەبەستم لە خۆمە، ڕەنگە نوسەرێکی تر ڕێکارێکی تری هەبێ، نازانم، ئەمە کێشەی من نیە. بەڵام بۆ من هەمیشە بەم شێوەیە بە وێنەیەک دەستپێدەکات، ڕۆمانەکەش خۆی دەڕوات، ئەگەر کاتت هەبێت، ئەگەر نەتەوێت یەکسەر بینوسیت. من شوێنکەوتووی پەندێکی مەزنی هندیم، کە دەڵێت لەسەر ڕۆخی ڕووبار دانیشە و چاوەڕوانبکە، مەیتی دوژمنەکەت ئەمڕۆ یان ڕۆژێکی دی بەبەردەمتدا تێدەپەڕێت.

کۆمپیوتەر زۆر شتی گۆڕی. بۆ نمونە، من کۆمپیوتەر زۆر بە ئامێرێکی ڕۆحی دادەنێم، چونکە دەتوانی بە هەمان خێرایی بیرت بنوسیت. هەندێجار پێویستت بە بەرهەڵستی مادەکەیە، دەتەوێ بیرت لەسەر بەردێک هەڵکۆڵیت و هەندێجاریش پێویستت بە قەڵەمە. بەڵام، عادەتەن لەگەڵ کۆمپیوتەر تۆ شوێن خێرایی بیرت دەکەویت، پاشان هەموو ئەوکاتەت لەبەردەستە کە بۆ ڕاستکردنەوە و لابردن و داڕشتنەوە پێویستتە ؛ هیچ نەبێ لەو ڕووەوە زۆر یارمەتیدام. ناوی گوڵەباخ، لەسەر کۆمپیوتەر نەنوسراوە، چونکە ئەوکاتە کۆمپیوتەر نەبوو، هێشتا کۆمپیوتەری کەسیی بە بازاڕنەکرابوو. بەڵام یەکسەر دوای ئەوە زۆر یارمەتیدام، ئەمە دەکرێ بەرهەمت زیادبکات، چونکە داوات لێدەکرێ زۆر شت بنوسیت، بەڵام تۆ ریسایکلی هەمان وتار دەکەیتەوە، سەرەتا و کۆتاییەکەی دەگۆڕیت. بەڵام لەکۆتاییدا کۆمپیوتەر دەتوانێت لە لێکۆڵینەوەدا یارمەتیت بدات، بۆ نموونە بۆچی تەنها یەک ساڵم ویست بۆ ئەم ڕۆمانە[ژمارە سفر]، یەکەم لەبەرئەوەی بەشێک لە رووداوەکان لە یادەوەریی خۆمدا بوون، دووەم ئەگەر توێکاری مۆسۆلینیت بوێت ئەوا یەکسەر لەڕێگای ئینتەرنێتەوە دەستتدەکەوێت و پێویستت بەوە نیە بۆ لێکۆڵینەوە بچیتە شوێنێکی دوور. بەڵام بەپێچەوانەوە هەندێکجار پێویستت بەوەیە بەناو کتێبخانەکاندا بڕۆیت یان بچیتە شوێنەکە، شوێن بۆ من زۆر گرنگە. کاتێک دوورگەی ڕۆژێک لەوەوبەرم نوسی، یەک مانگم لەدوورگەکانی باشوردا بەسەربرد، گەر وانەبووا نەمدەتوانی وەسفی ڕەنگەکان بکەم. بۆیە سەردانکردنی شوێنەکان بەشێکە توێژینەوە. هەمیشە دەڵێم، گەر لە ڕۆمانێکدا بنوسم دەگەیتە وێستگەی لیۆن، لە شەمەندەفەرەکە دادەبەزیت و ڕۆژنامەیەک دەکڕیت، ئەوا دەبێ  بزانم ئایا کوشکێک لە نزیکی شەمەندەفەرەکە هەیە، دەبێ بچم بۆ لیۆن، هەرچەند ئەو ڕووداوە رەنگە گرنگ نەبێت بۆ چیرۆکەکە. دەبێت ژمارەی پێپلیکانەکانی پلیکانەیەک بزانم، بۆ ئەوەی کاراکتەرەکەم بتوانێت بەسەریدا سەرکەوێت.

وەک فەیلەسوفێک و تایبەتمەندێکی سیمیائی، کە ئاماژەکانی پەیوەندیکردنم خوێندووە، دەزانم چەند قورسە بتوانی دەریبخەیت کە شتێک راستەقینەیە. لەکاتێکدا کەمتر قورسە کە دەریبخەیت شتێک ساختەیە. لەبەرئەوە دیراسەکردنی ئەوەی کە چ شتێک درۆینە و ساختەیە ئاسانترە لەوەی کە تێبگەیت لەوەی دەکرێت ڕاستەقینە بێت. بۆیە هەمیشە ئەو شتانە سەرنجیان ڕادەکێشام، من کتێبی دانسقە کۆدەکەمەوە، کۆڵێکشنەکەم، تەنها کتێبە ساختەکانن، ئەو کتێبانەن کە پێچەوانەی حەقیقەت باسدەکەن، من گالیلۆ گالیلیم نیە، بەڵام کتێبی تۆڵێمیم هەیە چونکە هەڵە بوو لەبارەی جوڵانەوەی زەوی. کۆی گشتی لە شوێنی جیاواز ڕەنگە پەنجا هەزار کتێبم هەبن، لێرە]میلان] کە بیست و پێنج ساڵ لەوەوبەر گەیشتمە ئێرە، سی هەزاربوون، هی تریان لەسەر کەڵەکە بوون، ئیدی کاتم نیە بیانژمێرم بەڵام پێموایە سی و پێنج هەزار بن.

تۆنی ڤۆرم: ئامۆژگاریت بۆ نوسەرە گەنجەکان چیە؟

ئیکۆ: باوەڕ بەوە مەکە کە دەبیت بە هونەرمەند، خۆت زۆر بە جددی وەرمەگرە، وا هەست مەکە ئیلهامت بۆ هاتووە. دەزانیت عەبقەرییەت، سەدا دەی ئیلهامە و سەدا نەوەدی عارەقڕشتنە. شتێک هەیە، من قەت لەو ڕۆماننوسانە تێناگەم کە هەموو ساڵێک کتێبێک بڵاودەکەنەوە، ئەوان ئەو لەزەتە لەدەستدەدەن کە لە شەش ، حەوت، هەشت ساڵی خۆئامادەکردن بۆ چیرۆکێک هەستیپێدەکەیت. من هەمیشە بەوە توڕە دەبم کە خەڵکی دەیانەوێ لە سەرەتای گەنجیاندا یەکسەر کتێب بڵاوبکەنەوە. گەنجێک لێیپرسیم چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ ئەوەی چۆن بنوسم، ئامۆژگاریەکە ئەوەیە تۆ ناتوانیت ببیت بە ژەنەڕاڵ، ئەگەر پێش ئەوە بە پلەکانی سەربازی ئاسایی و مولازم تێنەپەڕیت؛ وایدامەنێ کە یەکسەر خەڵاتی نۆبڵ دەبەیەوە، چونکە ئەمە هەموو کاریەرێکی ئەدەبی لەناودەبات.

تۆنی ڤۆرم: ئایا کاتت هەیە زۆر بخوێنیتەوە؟

ئیکۆ: ڕێگایەکی تری توڕەکەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە من ناخوێنمەوە، من دەنوسم [پێدەکەنێت]. دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگریت کەسێک لە تەمەنی مندابێت و وەک پرۆفیسۆری زانکۆ کاریکردبێت، هەندێجار دوای لاپەڕەی دەیەم دەزانێت کتێبێک چی دەڵێت. دەزانیت کە دەبێ بەردەوام بیت یان ئەوەندە بەسە؛ هەروەها ئەزمونیشت لە خوێندنەوە یارمەتیت دەدات، خوێندنەوەیەکی ڕووکەش هەیە، نەک خوێندنەوەی خێرا، کە جارێک لەبارەیەوە وودی ئاڵن وتی، من خوێندنەوەی خێرا پەیڕەودەکەم، ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیم خوێندەوە، باسی ڕوسیا دەکات.

سەرچاوە: مۆزەخانەی هونەری مۆدێرنی لویزیانا-٢٠١٥

ناردن: