گفتووگۆیەکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ ئەلیس مۆنرۆ

سازدانی: ستێفان ئۆشباری

و. لە سویدییەوە: هیوا قادر

وەک باوە هەموو خەڵات پێدراوەکانی نۆبڵ وتەی خۆیان لە ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا پیشکەش بکەن، بەڵام ئەلیس مۆنرۆ براوەی خەڵاتی نۆبڵ 2013 ، لەبەر باری تەندروستی نەیتوانی بەشداربێت و وتەکەی خۆی پێشکەش بکات، “جێنی” کچی خەڵاتەکەی لە پاشای سوید وەرگرتوو، تەلەفزیۆنی سویدیش ئەم چاوپێکەوتنەیان لەگەڵ مۆنرۆدا سازدابوو، لە ئاهەنگەکەدا پیشاندرا.

مۆنرۆ: من هەر لەسەرەتاوە حەزم بە خوێندنەوە بوو، چونکە حەکایەتی پەرییە دەریاییە خنجیلانەکەی “هۆ. سێ. ئەندسن”یان بۆ خوێندبوومەوە. نازانم ئێوە ئەو حەکایەتەتان لەبیرماوە یان نا، حەکایەتێکە ترسناک غەمبارە. ئەو بووکە دەریا خنجیلانەیە عاشقی شازادەیەک ئەبێت، بەڵام ناتوانێت شووی پێبکات، چونکە بووکی دەریایە، ئەم حەکایەتە ئەوەندە غەمبارانەیە ناتوانم وردەکارییەکانی تری بگێڕمەوە.

بە هەرحاڵێک کاتێک گوێم لە حەکایەتەکە بوو، چوومە دەرەوەوە و کەوتمە پیاسەکردن بە دەوری ئەو خانووە لە خشت دروستکراوەی تیایدا ئەژیاین، کەوتمە گەڕان بەدوای خەیاڵێکی خۆشدا بۆ کۆتایی چیرۆکەکە، چونکە پێموابوو ئەو بووکە دەریا خنجیلانەیە مافی خۆی بوو شوو بە شازادەکە بکات، من ئەمویست ئەم چیرۆکە لەبەرخاتری خۆم بگۆڕم نەک بۆ ئەوەی بەهەموو دنیادا بەو جۆرە بڵاوببێتەوە، ئەگەرچی پێشموابوو ئەوەی من ئەیکەم کارێکی زۆر باشە. چونکە ئیتر بووکە دەریاییەکە ئەیتوانی شوو بە شازادەکە بکات و تا ڕۆژەکانی کۆتایی ژیانی بە خۆشی بژی، چونکە شایستەی جۆرە ژیانێکی ئاوها بوو. بۆ ئەوەی بووکە دەریاییەکە ئەو کارەش بکات ئەبوو زۆر کاری ناجۆر بکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی شازادە بباتەوە و نیازپاکی خۆی پیشان بدات. بووکی دەریا ئەبوو جەستەی خۆی بگۆڕێت و پەلوپۆ بۆ خۆی پەیدابکات بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤێکی ئاسایی، هەرچ هەنگاوێکیش کە هەڵیهێناوەتەوە بێ ئەندازە ئازاری پێ گەیشتووە. بەڵام ئەمە تەمەنایەکی خۆی بوو تاکو بتوانێت لەپاڵ شازادەکەیدا بەپێوە بوەستێت. بۆیە من پێموابوو ئەو شایستەی ئەم جۆرە ژیانەیە نەک ئەوەی بەتەنها لە دەریادا بمرێت. من بۆ خۆشم هیچ بەلامەوە گرنگ نەبوو کە سەرلەبەری خەڵکی دنیا ئەم چیرۆکە تازەیەی منیان گوێ لێنابێت، چونکە کاتێک ئەو کۆتاییەم بۆ حەکایەتەکە دۆزییەوە وەک ئەوە وابوو چیرۆکەکە چاپکرابێت. بەڵێ، هەروابوو. ئەمە یەکەم هەوڵدانی من بوو بۆ نووسین.

ستێفان ئۆشباری: باسی ئەوە بکە چۆن فێری گێڕانەوەی چیرۆک و دواتریش نووسینەوەی بوویت؟

 

مۆنرۆ: هەمیشە چیرۆکم لە خەیاڵی خۆمدا دروست ئەکرد. ڕێگایەکی دوورودرێژم ئەبڕی بۆ چوونە قوتابخانە، لە کاتی ڕۆیشتنمدا بەخەیاڵ چیرۆکم دروست ئەکرد. بەڵام لەبەرئەوەی ئێستا بەتەمەنتر بووم چیرۆکەکان زیاتر و زیاتر باس لە خۆم ئەکەن، وەک پاڵەوانێک لێرەو لەوێ دەرئەکەوم، پێشم گرنگ نییە دەمودەست چیرۆکەکانم لەلایەن دنیاوە بخوێنرێتەوە. تۆزقاڵێکیش بیرم لەوە نەکردۆتەوە کەسانی تر هەست بە چیرۆکەکانم بکەن و بیانخوێننەوە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە خودی چیرۆکەکان خۆیانەوە هەیە، زۆرینەی جاریش لە دیدی منەوە ئەم چیرۆکانە غەمگینن، بەڵام ئازایەتی بووکە دەریاییە خنجیلانەکە وەک خەیاڵێک لەناویاندا هەیە، کە ئەو کەسێکی ئاقڵبووە و توانیویەتی ژیانێکی خۆشتر بنیات بنێت.

ستێفان ئۆشباری: ئایە گرنگە چیرۆک لە گۆشەنیگایەکی ژنانەوە بگێڕیتەوە؟

 

مۆنرۆ: پێموانەبووە ئەمە گرنگ بێت، بەڵام من هەرگیز خۆم بە شتێکی تر نەبینیوە جگە لە ژن، زۆر چیرۆکی جوان لەسەر کچی بچکۆلە و ژنان هەن. کاتێک گەیشتمە تەمەنی هەرزەکاری چیرۆکەکانم زیاتر پەیوەندیان بەو شتانەوە بوو کە پیاو پێویستی پێیانە. کاتێکیش کچێکی بچکۆلانە بووم هیچ هەستێکی خۆ بەکەم زانینم لەلانەبوو کە من ئافرەتم. ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە من لە ناوچەیەکی ئۆنتاریۆ ژیاوم و لەوێش ژنان زیاتر کاتی خۆیان بە خوێندنەوە بردۆتەسەر و زۆر کاتیش هەر ئەوان حەکایەتیان گێڕاوەتەوە، پیاوەکانیش لە دەرەوەبوون و سەروکاریان لەگەڵ کارە گرنگەکاندا هەبوو و حەکایەت لەناو دنیای ئەواندا نەبووە. بۆیە من هەستم ئەکرد لە ماڵەوەم.

ستێفان ئۆشباری: دەوروبەرت چ ئیلهامێکی پێبەخشیویت؟ 

 

مۆنرۆ: لەڕاستیدا من پێموانییە پێویستم بە هیچ جۆرە ئیلهامێک هەبێت، هەستم کردووە چیرۆک زۆر گرنگە بۆ جیهان، بۆیە ویستوومە بەردەوامبم لە دۆزینەوەی چیرۆکەکان. ئەمەش پەیوەندی بە هیچ ئینسانێکی ترەوە نەبوو، هیچ پێویستییەکیشم بەوە نەبووە بۆ هیچ کەسێکی باسبکەم، ئەمەش ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕێوە تا ئەو کاتەی هەستمکردووە شتێکی خۆشە بەناو خەڵکانی تردا بڵاوی بکەمەوە.

ستێفان ئۆشباری: چ شتێک بۆ تۆ گرنگە کاتێک چیرۆکێک ئەگێڕیتەوە؟

 

مۆنرۆ: ئا، لەسەرەتادا ئەمویست چیرۆکەکان کۆتاییەکی خۆشیان هەبێت. بەڵام دواتر دەستمکرد بە خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی وەک “بەرزاییەکانی وزەرینگ” کە کۆتاییەکی غەمگینیان هەبوو، دواتر بەیەکجاری ئەو جۆرە تێگەیشتنەم گۆڕی و ڕووم کردە تراژیدیا، پێشموابوو باشم کردووە.

ستێفان ئۆشباری: چ سەرنج ڕاکێشییەک لە باسکردنی ژیانی شارۆچکە بچووکەکانی کەنەدادا هەیە؟

 

مۆنرۆ: ئینسان پێویستە خۆی لەوێ بێت ئەوسا لەمە تێ ئەگات. پێموایە هەموو جۆرە ژیانێک بۆ خۆی سەرنج ڕاکێشە، هەر جێیەک لە هەر شوێنێک بێت سەرنج ڕاکێشە. پێموانییە هێندەی ئێستا ئازابوومایە گەر بهاتایە من لە شارێک بژیامایە و لەگەڵ کەسانێکدا بکەوتمایەتە کێبەرکێوە کە وەک ئەڵێن لە ئاستێکی کلتوری بەرزدان. من نەچوومەتە ئەم جۆرە کێبەرکێیانەوە. من تەنها هەر خۆمم ناسیوە کە چیرۆک بنووسێت، لای هیچ کەسیش باسم نەکردووە، هەروەها ماوەیەک وا حاڵیبووبووم کە تەنها کەسێک بتوانێت لە دنیادا ئەمە بکات هەر خۆمم.

ستێفان ئۆشباری: ئایە تۆ هەمیشە لە نووسینەکانت دڵنیابوویت؟

 

مۆنرۆ: بۆ ماوەیەکی زۆر دڵنیابووم بەڵام دواتر کە گەورەبووم توشی نادڵنیاییەکی زۆر بووم کاتێک کەسانێکی ترم بینی کە ئەیان نووسی. بۆیە پێموابوو نووسین کەمێک لەوە قورسترە کە چاوەڕێم ئەکرد. بەڵام هەرگیز و بەهیچ جۆرێک کۆڵم نەدا، چونکە نووسین تەنها شتێک بوو کە خۆمم بۆ تەرخانکردبوو.

ستێفان ئۆشباری: کاتێک دەست بە چیرۆکێک ئەکەیت، ئایا هەمیشە بەسەرهاتەکان لەبەرچاوتدا ڕوونن؟

 

مۆنرۆ: لەبەرچاومن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان کاتێک ئەنووسیت شتگەلێک ڕووئەدەن، ئەگەرچی من هەمیشە کە دەست ئەکەم بە نووسین ئەبێت شتێکی ڕوون و ئاشکرام لەلا گەڵاڵەبووبێت کە چیرۆکەکە باس لە چی ئەکات.

ستێفان ئۆشباری: چۆن ئەچیتە ناو چیرۆکێکەوە کاتێک بەتەواوی دەست بە نووسین ئەکەیت؟

 

مۆنرۆ: ئا، تەواو شپرزەم! بەڵام دیارە هەمیشەش سەیرم کردووە تا بزانم منداڵەکانم نانی نیوەرۆیان خواردووە. من ئەوکات ئافرەتی ماڵ بووم، خۆم وا فێرکردبوو لە کاتەکانی دەستبەتاڵیدا بنووسم، هەروەها هیچ کاتێکیش دەستم لە نووسین هەڵنەگرتووە، سەرباری ئەوەی کاتی واهەبووە کە زۆر غەمگین بووم، چونکە هەستمکردووە ئەوەی کە ئەینووسم زۆر باش نییە و زۆر شتم ماوە فێریان ببم و کارەکەم زۆر زۆر لەوە قورسترە کە چاوەرێم کردووە. بەڵام وازیشم لە نووسین نەهێناوە و هیچ کاتێکیش ئەمە ڕووی نەداوە.

ستێفان ئۆشباری: قورسترین شتێک چییە کاتێک ئەتەوێت چیرۆکێک بگێڕیتەوە؟

 

مۆنرۆ: پێموایە ئەو ترسەیە کاتێک ئەچیتە ناو چیرۆکێکەوە و ئەبینیت نارێکە. لەسەرەتادا گرژی هەیە، پاشان هەست ئەکەیت تاڕادەیەک باش ئەڕوات، بەڵام دواتر سەرلەنوێ بە چیرۆکەکەدا دێیتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەڕاستی ئەبێت دابنیشیت و کاری لەگەڵ بکەیت. من هەمیشە هەستمکردووە شتێکی باشە ئاوها کاربکەم، چونکە هەڵەی منە نەک نووسینەکە گەر چیرۆکەکە باش دەرنەچێت.

ستێفان ئۆشباری: بەڵام ئەی ئەگەر لە چیرۆکەکە ڕازی نەبوویت، چ کارێک ئەکەیت تا ئەوەی نووسسیوتە چاکیبکەیت؟

 

مۆنرۆ: ئەمە کارێکی قورسە. هەوڵ ئەدەم شێوازێکی باشتر بدۆزمەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەم. زۆر جار کەسایەتی واهەن ئەبینیت شانسی تەواوەتیت پێ نەداون، بۆیە پێویستە بیر لەوە بکەیتەوە چۆن ئەم کەسایەتیانە بناسێنێت و شتێکی تەواو جیاوازتریان لێ دروستبکەیت. کاتێک گەنجتر بووم مەیلی زێدەڕۆیم لە زماندا هەبوو، دواتر دەستمکرد بە لابردنی زۆر لەو زێدەڕۆییانە. دوای ئەوە بیری زیاتری لێ ئەکەیتەوە و زیاتر ئەچیتە ناو ئەوەی کە نووسیوتە، ئەو کات ئەبینیت ڕێگایەکی زۆر دوورت لە پێشە، سەرباری ئەوەی لەسەرەتای دەستپێکردندا پێتوابووە هەموو شتێک تەواوە.

ستێفان ئۆشباری: تۆ چەند چیرۆکت فڕێداوە؟

 

مۆنرۆ: ئا، کاتێک گەنجبووم هەموو شتێکم فڕێ ئەدا. لەڕاستیدا نەم ئەزانی بۆ، بەڵام لەم ساڵانەی دواتردا ئەمە زۆر دووبارە نەبۆتەوە. من هەستێکی گشتی ئەوتۆم هەیە کە ئەزانم ئەبێت چی بکەم تا چیرۆکەکان بژین. بەڵام هەمیشە لێرەو لەوێ هەڵە ڕووئەدات، دواتریش ئەبێت لەبیریان کەیت.

ستێفان ئۆشباری: قەت لە فڕێدانی چیرۆکێکت پەشیمان بوویتەتەوە؟

 

مۆنرۆ: پێموانییە، لەحاڵەتی وادا تاڕادەیەکی زۆر ئازارم بەدەست ئەوەوە چەشتووە کە نووسیومە و لەسەرەتاشەوە هەستمکردووە بەدەرناخوات. ئەمە ڕووئەدات وەک وتم زۆر نا.

ستێفان ئۆشباری: ئایا تەمەن چەندە کاریگەری لەسەر نووسینت داناوە؟

 

مۆنرۆ: ئاهـ، بە شێوەیەکی پێشبینیکراو. بە جۆرێک لەسەرەتاوە لەسەر شازادە جوانەکان ئەنووسیت، دواتریش لەسەر ژنی ماڵ و منداڵ ئەنووسیت و دوای ئەوەش لەسەر ژنانی بەتەمەن، ئەمەش بە جۆرێک خۆی دێتە پێشەوە کە پێویست ناکات هەوڵبدەیت شتێک بکەیت و بەلایەکی تردا بیبەیت. دیدگات ئەگۆڕێت.

ستێفان ئۆشباری: پێتوایە تۆ بۆ ژنانی نووسەری تر گرنگبووبیت، لە کاتێکدا تۆ ژنی ماڵ بوویت و توانیوتە کاری ماڵ و کاری نووسین پێکەوە کۆبکەیتەوە؟

 

مۆنرۆ: بەڕاستی نازانم، تەمەنا ئەکەم وابێت. منیش کە گەنج بووم پەنام بۆ ژنە نووسەرەکانی تر ئەبرد، ئەمەش تا بەرزترین ئاست بەهێزی کردم، بەڵام بە ڕاستی نازانم ئەگەر بڵێم من بۆ کەسانی تر گرنگ بووبم. من نامەوێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەم کە نووسین بۆ ژنان ئاسانترە، بەڵام ئەوەشیان ڕاستە ئافرەتان جێ پەنجەیان دیارە لە ڕاپەڕاندنی کارە گرنگەکاندا، تەنها خۆیان بۆ کات کوشتن تەرخان نەکردووە لەکاتێکدا هەموو ئەوانی تر لە دەرەوەی ماڵن، بەڵکە ئافرەت ئەتوانێت بە جدی بنووسێت هەروەک ئەوەی کە پیاوێک ئەنووسێت.

ستێفان ئۆشباری: پێتوایە چ کاریگەرییەک لەسەر ئەوانە دروست ئەکەیت کە چیرۆکەکانت ئەخوێننەوە، بەتایبەتی ژنان؟

 

مۆنرۆ: ئا، من ئەمەوێت چیرۆکەکانم کاریگەریان لەسەر ئینسانەکان هەبێت، هیچیش گرنگ نییە ئەو کەسە ژن بێت یان پیاو یاخود منداڵ. من ئەمەوێت چیرۆکەکانم شتێک سەبارەت بە ژیان بڵێن، نەک لەبەرئەوە ستایش بکرێن چونکە لە حەقیقەت ئەدوێت، بەڵکە ئەبێت لەبەر ئەوەبێت کە جۆرە خەڵاتێک ئەبەخشێت بەوەی ئەیانخوێنێتەوە، ئەمەش مانای ئەوە نییە ئیتر ئەبێت چیرۆکەکان کۆتاییەکی خۆشیان هەبێت، ڕاسترە بڵێم ئەمەوێت خوێنەر بە جۆرێک توشی هەژان ببێت کە هەستبکات دوای تەواوبوونی بۆتە کەسێکی تر.

ستێفان ئۆشباری: پێتوایە تۆ کێیت؟ ئایە سیما چ مانایەک ئەگەیەنێت بۆ تۆ؟ 

 

مۆنرۆ: ئا، من لە لادێ لەگەڵ ئەو ئینسانانەدا گەورەبووم کە بە گشتی خاوەنی بنەچەیەکی سکۆتلەندی یان ئێرلەندین، زۆر گرنگ بوو ئینسان فەخر بە خۆیەوە نەکات و پێیوانەبێت زیرەکە. قسەیەکی باو هەیە ئەڵێت: “ئەها، بەڕاست تۆ خۆت بە زیرەک ئەزانیت؟”. بۆ ئەوەی خۆت سەرقاڵی شتێک بکەیت وەکو نووسین ناچاریت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت خۆت بە زیرەک بزانیت، بەڵام من بۆ خۆم کەسێکی تەنها بووم.

ستێفان ئۆشباری: پێشتر تۆ فێمەنیست بوویت؟

 

مۆنرۆ: من هیچم لە بارەی “فێمینیزم”ـەوە نەئەزانی. بەڵام دیارە کە فێمەنیستیش بووم، چونکە من لەو ناوچەیەی کەنەدا گەورەبووم کە نووسین ئاسانتر بوو بۆ ئافرەتان وەک لە پیاوان. هەرە نووسەرە گەورە و گرنگەکان پیاو بوون، بەڵام گەر بزانرایە ئافرەتێک چیرۆک ئەنووسێت ئەوا بێگومان زۆر زیاتر مایەی نەنگی بوو بەراورد بە پیاوێکی نووسەر. نووسین سەرقاڵییەک نەبوو پیاو خۆی بۆ تەرخانبکات. بەڵێ، دیارە مەبەستم لەو سەروەختەیە کە گەنج بووم، بەڵام ئێستا بە هیچ جۆرێک وانییە.

ستێفان ئۆشباری: پێتوایە گەر وازت لە خوێندنی زانکۆ نەهێنایە نووسینەکانت گۆڕانکاریان بەسەردا ئەهات؟

 

مۆنرۆ: زۆر بەباشی گۆڕانکاری بەسەردا ئەهات، ڕەنگبوو زۆر بەحەزەرتربوومایە و زۆر زیاتریش بترسامایە بۆ ئەوەی ببم بە نووسەر، چونکە ئەوکات باشتر ئەمزانی ئەوانی تر تا کوێ چوون و لە چ ئاستێکدان، ڕەنگبوو ئەوکات تەواو ورەم بەربدایە. ڕەنگبوو پێموابوایە ئەو کارە بۆ من قورسە، بەهەرحاڵ ئەکرا بۆ ماوەیەک وابوومایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من هەر ویستوومە بنووسم و بەردەوام بم.

ستێفان ئۆشباری: ئەو توانایەی تۆ هەتە بۆ نووسین مەوهیبەیە؟

 

مۆنرۆ: ئەو کەسانەی نزیکمن پێموانییە ئەم قسەیەیان پێوابێت، بەڵام من هەرگیز توانای نووسینی خۆم وەک مەوهیبەیەک نەبینیوە، نووسین بۆ من کارێک بووە توانیومە بیکەم گەر تەنها زۆر لە خۆم بکەم و کۆششی تەواوەتی بۆ بکەم. ئەگەر نووسین مەوهیبە بێت، ئەوا بەڕاستی مەوهیبەیەکی ئاسان نییە دوای “بووکە خنجیلانەکەی دەریا”.

ستێفان ئۆشباری: هیچ کاتێک دردۆنگ بوویت، هەستت کردووە باش نیت؟

 

مۆنرۆ: بەردەوام تا ئێستاش! من زۆر زیاتر بەرهەمم فڕێداوە بەراورد بەوانەی تەواوم کردوون و بۆ چاپم ناردوون، ئەمەش تا نزیکەی تەمەنی سی ساڵی بەردەوام بووم لەسەری. بەڵام سەرباری ئەوەش هەوڵمداوە فێری نووسین بم وەک ئەوەی ویستوومە. ئاوهام، نا، بەڕاستی ئەمە شتێک نییە هەستبکەیت هەروا ئاسانە.

ستێفان ئۆشباری: دایکت چی گەیاندووە بۆ تۆ؟

 

مۆنرۆ: ئاهـ، هەستەکانی من بۆ دایکم زۆر ئاڵۆزبوون. چونکە ئەو نەخۆش بوو، ئەو نەخۆشی پارکینسۆنی هەبوو، زۆر پێویستی بە یارمەتی هەبوو، زۆر زەحمەت بوو قسەبکات، خەڵکی تێینەئەگەیشتن چی ئەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی بوو زۆریش حەزی لە تێکەڵبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام بۆ ئەو ئەمە کارێکی مەحاڵ بوو چونکە نەیئەتوانی قسەبکات. من هەستم بە شەرم ئەکرد و خۆشیشم ئەویست بەڵام بەجۆرێک لە جۆرەکان نەم ئەویست قسەکەری ئەو بم، نەم ئەویست بچمە پێشەوە و ئەو جۆرە قسانە لە زمانی ئەوەوە بکەم کە ئەو ئەیوسیت بە خەڵکی بڵێت، ئەمەش قورس بوو. بۆیە بەباشی هەست بە زۆرینەی ئەو گەنجانە ئەکەم کەسێکیان یان دایک و باوکیان ئەم کێشە قورسانەیان هەیە. لەو تەمەنەدا ئینسان نایەوێت باری شانی ژیانی بەم جۆرە کێشانەوە قورسبێت.

ستێفان ئۆشباری: دایکت هیچ ئیلهامێکی پێ بەخشیویت؟

 

مۆنرۆ: بێگومان پێی بەخشیوم، بەڵام بەو جۆرە نا کە هەستم پێکردبێت یان تێیگەیشتبم. کاتێک چیرۆکم بۆ نەئەهات ئەوم بیر ئەکەوتەوە، من چیرۆکم نەئەنووسی بەڵکە ئەمگێڕایەوە، نەک بۆ ئەو بەڵکە بۆ خەڵکی تر. بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەو چیرۆکەکانمی ئەخوێندەوە، هەروەها باوکیشم ئەیخوێندنەوە… پێموایە دایکم میهرەبان تر بوو بەرامبەر هەرچ کەسێک گەر بیویستایە ببێت بە نووسەر.

ئەشێ ئەو شێوازی حەزلێکردنی خۆیی هەبووبێت، بەڵام ئەو خەڵکانەی دەوروبەرم نەیان ئەزانی من ئەمەوێت ببم بە نووسەر، منیش کارێکم نەئەکرد تا بزانن چونکە بۆ زۆرینەیان ئەوە بێ مانایی بوو. ئەو کەسانەی من ئەمناسین بە گشتی نەیان ئەخوێندەوە و دیدێکی پراکتیکیان بۆ ژیان هەبوو، بۆیە ناچاربووم بیرۆکەکانی خۆم لەو خەڵکانەی دەورووبەرم بشارمەوە.

ستێفان ئۆشباری: ئایە بۆ تۆ قورس بووە چیرۆکێکی ڕاستەقینە لە دیدێکی ژنانەوە بگێڕیتەوە؟

 

مۆنرۆ: نەخێر، بەهیچ جۆرێک، چونکە من خۆم وا بیر ئەکەمەوە، لەبەر ئەوەی خۆم ژنم، ئەمەش هەرگیز ناڕەحەتی نەکردووم. ئەو جۆرە گەورەبوونەی وەک خۆم ویستوومە کەمێک تایبەت بوو، ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان کەسانێک هەبووبن لە دەوروبەری مندا خوێندبێتیانەوە یاخود خوێندبێتیان هەموویان ئافرەت بوون، ئەوانەشی ئەو جۆرە سەرقاڵییەیان هەبووە بە زۆری مامۆستا یاخود شتێک بوون لەو بابەتە، بەڵام دنیای خوێندنەوە و نووسین ڕێگایەکی دوور و داخراوبوو لەبەردەم ئافرەتاندا، لەکاتێکیشدا زیاتر ئەم کارە بۆ ژنان دەستەبەرتربوو وەک لە پیاوان، چونکە پیاوان یان جوتیاربوون یان سەرقاڵ بوون بەو جۆرە کارانەوە.

ستێفان ئۆشباری: تۆ لە ماڵێکی کارکەردا گەورەبوویت؟

 

مۆنرۆ: بەڵێ.

ستێفان ئۆشباری: هەر لەوێشەوە چیرۆکەکانی تۆ دەستیان پێکردووە؟

 

مۆنرۆ: بەڵێ، نازانم کە ئایا لەماڵێکی کارکەردا بووبم، من تەنها سەیری ئەو دەوروبەرەی خۆمم کردووە کە تیایدا بووم و لەسەریم نووسیوە.

.

ستێفان ئۆشباری: پێتوابووە هەمیشە ناچاربووبیت تەنها لەو کاتە کەمانەدا بنووسیت کە بۆت هەڵکەوتوون لە نێوان بەخێوکردنی منداڵ و خواردن دروستکردندا؟

 

مۆنرۆ: بەڵێ، هەرچ کاتێک توانیبێتم نووسیوومە، مێردی یەکەمم زۆر یارمەتی دەرم بوو، ئەو پێی وابوو جێی ئافەرینە بنووسم. ئەو هیچ کات هەڵوێستێکی وای نەئەنواند وەک زۆر لەو پیاوانەی تر کە پاشتر ناسیمن پێێان وابوو مادام من ئافرەتم ناتوانم سەرکەوتووبم. ئەو پێیوابوو ئەوەی من شتێکە ئەو خۆی ئەیەوێت بیکەم و هەمیشەش پشتی ئەگرتم.

لە کتێبخانەکەدا بەدەر لە هەموو شتێک ئەو کارە زۆر خۆشبوو، ئێمە گواستمانەوە بۆ ئێرە تاکو کتێبفرۆشییەک بکەینەوە، هەموو خەڵکی پێیان وابوو کارێکی بێ عەقڵانە ئەکەین و لەبرسان ئەمرین، بەڵام ئێمە وامان لێنەهات و زۆر سەرسەختانە کارمان کرد.

.

ستێفان ئۆشباری: لەسەرەتادا کاتێک هەردووکتان کتێبفرۆشیەکەتان کردەوە ئەم کارە تا چەندە گرنگ بوو بۆتان؟

 

مۆنرۆ: گوزەرانمان لەسەر ئەوە بوو هیچ کارێکی ترمان نەبوو. هیچ سەرچاوەی داهاتێکی تریشمان نەبوو. یەکەم ڕۆژ کە کردمانەوە 175 $ دۆلارمان فرۆشت. پێمان وابوو ئەو پارەیە زۆرە. هەرواش بوو، کاتێک زۆری خایاند تا توانیمان فرۆشمان دووبارە بگەیەنینەوە ئەو ئاستە.

من ڕاهاتبووم لەودیو کاشێرەکەوە دابنیشم و کتێبەکان بدەمە دەستی خەڵکی و هەموو ئەو کارانەی تری ناو کتێبفرۆشییەکەش بکەم، زۆرینەی کات کەسێک نەبوو یارمەتیم بدات، خەڵکی ئەهاتنە ژوورەوە و قسەی زۆریان لەسەر کتێبەکان ئەکرد. ئەوێ بووبووە جێیەک بۆ کۆبوونەوەی خەڵکی، سەرەتا کەس هیچی نەئەکڕی، بەتایبەتی لە ئێواراندا، من لەوێ بەتەنها دائەنیشتم و خەڵکی تەنها بۆ ئەوە ئەهاتن قسەبکەن. ئەمەش زۆر خۆشبوو هەستم بەبەختەوەری ئەکرد. تا پێش ئەو کاتە من ژنی ماڵەوەبووم و بەردەوام لە ماڵەوە بووم هەروەها نووسەریش بووم، ئەمەش شێوازێکی باش بوو بۆ چوونەدەرەوەم بۆ ناو دنیا. پێموانەبوو ئێمە پارەیەکی باشمان دەستکەوتبێت، ڕەنگە لەبری ئەوە قسەیەکی زۆرم لەگەڵ خەڵکیدا کردبێت بۆ ئەوەی کتێب بکڕن، بەڵام ئەمەش زەمەنێکی زۆر نایاب بوو لە ژیانی مندا.

ستێفان ئۆشباری: ئەتەوێت ژنانی گەنج ئیلهام لە کتێبەکانت وەربگرن و حەز بە نووسین بکەن؟

 

مۆنرۆ: ئەوان ئازادن تا چەند حەزئەکەن کتێب بخوێننەوە. من ئەمەوێت ئینسانەکان خۆشییەکی زۆر پێش هەر شت لە خوێندنەوە وەربگرن تا لە وەرگرتنی ئیلهام. ئەمە ئەوەیە کە من ئەمەوێت. ئەمەوێت حەز لە خوێندنەوەی کتێبەکانم بکەن و هەست بکەن بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو کتێبانە پەیوەندی بە ژیانی خودی ئەوانەوە هەیە. ئەمە مەبەستی هەرە سەرەکی منە چونکە من کەسێکی سیاسی نیم.

ستێفان ئۆشباری: تۆ کەسێکی کلتوریت؟

 

مۆنرۆ: هەڵبەتە من وام. دڵنیاش نیم ئەمە مانای چییە، بەڵام پێموایە کە ئەوەم.

ستێفان ئۆشباری: پێ ئەچێت تۆ شێوازێکی سادەت هەبێت بۆ تێڕوانین لە دنیا؟

 

مۆنرۆ: بەڕاست وایە؟ ئا، ڕەنگیشە وابێت.

ستێفان ئۆشباری: بەڵێ، من لە جێیەکدا خوێندمەوە کە تۆ ورد و درشتی شتەکان بە شێوەیەکی سادە ڕوون ئەکەیتەوە.

 

مۆنرۆ: بەڵێ، ئەمەوێت ئەوە بکەم. بەڵام پێموانییە مەبەست لە سادەکردنەوەی بێت، چونکە من بۆ خۆم هەر ئاوها ئەنووسم. پێموایە سروشتییە بۆ من کە بە شێوازێکی سادە بنووسم.

ستێفان ئۆشباری: ئایە هیچ کات کەوتوویتەتە قۆناغی ئاوهاوە نەتوانیت بنووسیت؟

 

مۆنرۆ: بەڵێ، تێیکەوتووم. وایە، وازم لە نووسین هێناوە، ئەوەش کەی بوو، وابزانم ساڵێک لەوەوبەر بوو، بەڵام ئەوەش بڕیارێک بوو خۆم دام، نەک لەبەرئەوەی ئەمویست بنووسم و نەم ئەتوانی، بڕیارمدا نەنووسم لەبەرئەوەی ئەموویست منیش وەک هەموو کەسانی تری دنیا بژیم. چونکە کاتێک ئەنووسیت کارێک ئەکەیت ئەوانی تر نایزانن، دیارە ناشتوانیت باسیشی لێوە بکەیت، ئینسان بەردەوام لەو دنیا نهێنییەدا عەوداڵە و لە دنیا ئاساییەکەشدا کاری تر ئەکات. من بە جۆرێک لە جۆرەکان هەستم بە ماندووبوون کرد چونکە بە درێژای ژیانم هەر ئەم کارەم کردبوو، بەڕاستی هەر بە درێژایی ژیانم. ئەگەر کاتێکیش نووسەرانی ترم بینیبێت سەیرمکردووە بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر ئەکادیمیانە ئەنووسن، بەمەش کەمێک شپرزە بووم، چونکە من هەمیشە زانیومە بەو جۆرە ناتوانم بنووسم. من ئەو بەهرەیەم نەبووە.

.

ستێفان ئۆشباری: ئەمە پەیوەندی بە جۆرێکی ترەوە هەیە لە گێڕانەوە؟

 

مۆنرۆ: بەڵێ، من هەمیشە بە ئاگاییەوە ئەو شێوازە لە نووسینم هەڵنەبژاردووە و دوای جۆرێک لە بیرۆکە نەکەوتووم، دیارە بێگومان من بە ئاگابووم لەمە، بەڵام من بە جۆرێک نووسیوومە کە هەستمکردووە ڕاستە و باشە بۆ من.

ستێفان ئۆشباری: ئایە هیچ کاتێک خۆت بۆ ئەوە دانابوو خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ وەربگریت؟

 

مۆنرۆ: ئۆی، نا، نا! من ژنم. بەڵام ژنانێکیش هەن ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە، ئەوەیان ئەزانم. من تەنها خوماری ئەو شانازییەم، زۆر دڵخۆشم، بەڵام من هەرگیز بەو جۆرە بیرم نەکردۆتەوە وەک زۆر لە نووسەرانی تر کە مەیلی بەرز ڕاگرتنی بەرهەمەکانی خۆیانیان هەیە. دیارە ئینسان ناشچێت بگەڕێت و بەهاورێکانی بڵێت من خەڵاتی نۆبڵ وەرئەگرم. ئەمە بەهیچ جۆرێک شتێکی ئاسایی نییە.

ستێفان ئۆشباری: هیچ کات ڕوویداوە بگەڕێیتەوە و یەکێک لە کتێبە کۆنەکانت بخوێنیتەوە؟

 

مۆنرۆ: نا! نەخێر! من لەوە ئەترسم! نا، گەروابکەم ئەوا بەدڵنیاییەوە ویستێکی زۆرم لەلادروست ئەبێت شتێک لەملاو و ئەولا بگۆڕم. تا ئێستا لە هەندێک بەشی کتێبەکانمدا ئەوەم کردووە کاتێک لە ڕەفەی کتێبخانەدا دەرمکردوون، بەڵام لەوەش تێگەیشتووم بێماناییە گۆڕانکاری لەو کتێبانەدا بکەم، چونکە ناکرێت لە هەمان کاتدا ئەو گۆڕانکارییە لە هەموو نوسخەکانی تری ئەو کتێبەدا بکەیت کە لەدەرەوەن.

ستێفان ئۆشباری: ئایە شتێکی تایبەتی ئەوتۆت هەیە بە ئەکادیمیای بڵێیت لە ستۆکهۆڵم؟

 

مۆنرۆ: ئۆی، ئەمەوێت بڵێم زۆر سوپاسگوزارم بۆ بەخشینی ئەم شانازییە گەورەیە، هیچ شتێک، هیچ شتێک لە دنیادا نەی ئەتوانی هێندەی ئەم خەڵاتە دڵخۆشم بکات. سوپاس!

سەرچاوە:

Alice Munro – Nobel Lecture

Nobelsamtal med Alice Munro

Samtalspartner Stefan Åsberg, SVT

Översättning Rose-Marie Nielsen

ئەلیس مونرۆ

کاتێک پێتەر ئینگلوند سکرتێری ئەکادیمیای سویدی ڕایگەیاند کە ئەلیس مونرۆ خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشراوە، ئەو کاتە لە کەنەدا سەعات چواری بەیانی بوو، مونرۆ لەگەرمەی خەودابوو، کچەکەی تەلەفوون بۆ دایکی دەکات و خەبەری دەکاتەوە و هەواڵەکەی پێ ڕادەگەیەنێت: “دایکە، برتەوە!”

شیلای کچی ئەلیس مونرۆ لەیەکەم وتەیدا بۆ کەناڵی (سی بی سی) کەنەدی وتی:

ـ دایکم توشی هەڵامەت بووە و تەمەنیشی لەسەر و هەشتا ساڵەوەیە. شیلا بۆیە ئەم قسەیەی بە کەناڵی ناوبراو وت چونکە ئەوان هەرچەندیان کردبوو نەیانتوانی بوو مونرۆ بدۆزنەوە و وتوێژی لەگەڵدا بکەن. هەروەها وتی:

ـ من هێشتا هەر حەپەساوم زۆریش بەم هەواڵە دڵخۆشم. ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەتە، چونکە ناوی دایکیشم دەچێتە ڕیزی ئەو خانمە نووسەرانەی کە نۆبڵیان وەرگرتووە.

ئەلیس مونرۆ ئەبێتە سیانزەهەمین خانم کە تا ئێستا نۆبڵی وەرگرتبێت.

کاتێکیش ڕۆژنامە کەنەدییەکان مونرۆیان دۆزییەوە بە تەلەفوون لەسەر خەڵاتەکە پرسیاریان لێ کرد:

ـ ئەمزانی من ناوم لەناو پاڵێوراوەکاندایە، بەڵام هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم بیبەمەوە.

هەرە زۆرینەی نووسینەکانی مونرۆ لەسەر ئافرەتانە و بە نووسەرێکی فێمەنیست ناوزەد دەکرێت. وەک چۆن لە گفتوگۆیەکدا لە گۆڤاری ئەتلەنتیکی ئەمەریکیدا وتبووی:

ـ من ژنم و بێگوومان چیرۆکەکانیشم هەر لەسەر ژنانە. من نازانم ئەو چەمکە بۆ پیاوێک چییە کە لەسەر پیاو ئەنووسێت؟ هەمیشەش نازانم فێمەنستی مانای چییە. لەسەرەتاوە ئەمووت بێگوومان من فێمەنستم، بەڵام ئەگەر فێمەنستی تەنها مانای ئەوەبێت من شتەکان بزانم و پەیڕەوی تیۆری فێمەنستی بکەم، ئەوا من ئەوە نیم. من کە پێموایە فێمەنستم بەو مانایەیە کە ئەزموونی ئافرەتانم پێ گرنگە.

مونرۆ بەوە ناسراوە کە باس لە ژینگەی دەوروبەری خۆی دەکات، ئەو لە وینگهام لە سەروی ئۆنتاریۆ لە ساڵی 1931 لەدایک بووە لە گەڵ دایکێکی مامۆستا و باوکیدا ژیاوە، لە تەمەنی بیست ساڵیدا شووی کردووە و لەگەڵ مێردەکەیدا گواستویانەتەوە بۆ ڤیکتۆریا و لەوێ پێکەوە کتێبفرۆشییەکیان داناوە. لە هەفتاکاندا لەو پیاوە جیابۆتەوە و جارێکی تر شووی کردۆتەوە و گەڕاوەتەوە ناوچەی ماڵە باوانی. لەگەڵ مێردە تازەکەیدا لە کلینتۆن و ئۆنتاریۆ نیشتەجێ بوون بۆ ئەوەی ئاگای لە دایکە پیرەکەی بێت. بەڵام ئۆنتاریۆ بە شوێنی خۆی و شوێنی بەرهەمە ئەدەبییەکانی دەزانێت.

ـ من باوەڕم بەوە نییە ئەو ڕووداوانەی لەسەرم نووسیون تەنها گرێدراوبن بە شوێنەوە، ئەگەر لە هەر شوێنێکی تری ئەم زەویەش بژیامایە هەر ئەو شوێنەم وەک شوێنی خۆم لە نووسینەکانمدا بەکار دەهێنا، ڕەنگیشە ئەوکات وردەکاری کەسایەتییەکانم لە ئێستا جیاوازتر بوونایە.

مونرۆ بەراورد بەو نووسەرانەی خەڵاتی نۆبڵیان دراوەتێ جیاوازە، چونکە ئەو یەکەم چیرۆکنووسە ئەم خەڵاتەی وەرگرتبێت.

مونرۆ کێشەی تەندروستی هەبووە، لە کاتێکدا هەم نەشتەرگەری دەماری بۆ کراوە و هەم چەند ساڵێک لەوەوبەریش چارەسەری دژە نەخۆشی شێرپەنجەی بۆ کراوە. کاتێک هاوینی ساڵی پار گفتوگۆیان لە نیویۆرک تایمزدا لەگەڵدا کردووە وتوێتی: ئێستا باشم، یان زۆر خراپ نیم. هەر وەک ئەوەی کەنەدییەکان ڕاهاتوون وا بڵێن.

ـ هیچ چارەیەک نییە، ئەم حاڵەتی تەندروستییەی ئێستا تیایدا دەژیم باشترە لە مردن. من هەست دەکەم ئەوەی ویستوومە کردوومە و هەر ئەمەش وام لێ دەکات تەواو لە ژیانم ڕازیبم.

سەرەتای ساڵی ڕابردوودا مونرو وتووێتی چیتر ڕەنگە نەنووسێت، چونکە ئەو ئامادەیە ماڵنشین بێت و دانیشێت، بەڵام ئایا خەڵاتی نۆبڵ ئەم بڕیارەی پێ دەگۆرێت، ئەگەرچی ئەو بەکەناڵی سی بی سی کەنەدی وتووە:

ـ وا بەرەو پیری دەچم، وەرگرتنی خەڵاتەکەش مانایەکی هێندە گەورەی بۆ خودی خۆم نییە. چونکە من پێموایە ئەم خەڵاتە ڕۆشنایی زیاتر دەخاتە سەر نووسەرانی کەنەدی. پێشموایە ئەمە یارمەتیدەر بێت تا ئەدەبی کەنەدی بەهەموو دنیادا بڵاوبکاتەوە، دیارە تەمەناش ئەکەم هەر وابێت.

مۆنرۆ بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز دەنووسێت. کاتێ کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە نازانێت چی لێوەردەگرێت. بەزەحمەت درک بەوە دەکەیت کام لە کەسایەتی ناو چیرۆکەکانی کەسایەتی یەکەمە، بێگومان ناشزانیت چیرۆکەکەی چۆن کۆتای پێدێت. مونرۆ حەزدەکات چیرۆک لەناو چیرۆکدا درووستبکات لەگەڵ درووستکردنی چەندان کاتی جیاواز کە بەردەوام لە جوڵەدایە.

چیرۆکە درێژەکانی مونرۆ لە نێوان 50 تا 60 لاپەڕەدایە، هەر یەک لەو چیرۆکانە وەک ڕۆمانێکی بچکۆلە وەهایە، خوێندنەوەی تەنها چیرۆکێکیشی بەسە بۆ ئەوەی تا ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ڕووداوەکانیدا بژیت.

شێوازی ڕوون و جوانی نووسینی مونرۆ لە نووسینی هونەری چیرۆکدا وەک شێوازی واقیعی ڕۆژانەیی چیخەف وەهایە. تا ئێستا مونرۆ پانزە کۆمەڵە چیرۆکی هەیە. زیاتر ڕووداوەکان هەنووکە و ڕۆژانەین، گرنگترین شت لە چیرۆکەکانیدا کات و وردەکارییەکانیەتی. شێوازی گێڕانەوەی مونرۆ لە چیرۆکدا بەراورد دەکرێت بە شێوازی گێڕانەوەی چیخەف. کاری مونرۆ لە چیرۆکدا زیاتر کارکردنە لە فۆرمدا، ئەمەش وایکردووە ئەو لە 20 تا 25 لاپەڕەدا بە چڕییەکی ئەوتۆ بنووسێت کە ڕەنگە لای ڕۆمان نووسێک ببێتە سەدان لاپەڕە.

بەهۆی نەخۆشییەوە مونرۆ خۆی نایتوانی سەفەر بکات بۆ ستۆکهۆڵم و خەڵاتەکەی وەربگرێت، بۆیە جێنی کچی تەمەن 56 ساڵی نارد تا خەڵاتەکەی بۆ وەربگرێت.

سەرچاوەکان:

ڕۆژنامە سویدییەکان و سایتی نۆبڵ

  1. Aftonbladet,SvD, Göteborgs posten

          http://www.nobelprize

ناردن: