گفتوگۆیەک لەگەڵ ئاگۆتا کریستۆڤ

سازدانی: ڕیکاردۆ بێنێدیتینی

و. لە ئینگلیزییەوە: زوڵەیخا کەریم

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: سەرکەوتنێکی زۆرت لە ڕێی ڕۆمانەکانتەوە بە دەست هێنا، زۆر جار نووسینەکانت بەوانەی تۆماس بێرنهارد و بێکێت و کافکا بەراورد دەکرێن. ئایا پێت وایە سەبارەت بە هەندێ ڕەهەندی دیاریکراوی کارەکانت بەدحاڵیبوون هەبووە، یان فەرامۆش کراون؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: خۆشحاڵم باسی بێرنهارد دەکەیت، چونکە خۆشم دەوێت [پێدەکەنێت]. نازانم. حەزم لەوە نییە کاتێ خەڵکی باسی من و مارگرێت دۆراس دەکەن. حەزم لە دۆراس نییە. ئایا هەندێ بەشی کارەکانم بە هەڵە لێک دراوەتەوە؟ ئۆه… باشە. نازانم. نازانم مەبەستت چییە.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: کتێبەکانت بۆ بیست زمان وەرگێڕراون…

ئاگۆتا کریستۆڤ: [پێم دەبڕێت] نەخێر… بۆ زیاد لە سی زمان.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ببوورە، بۆ سی زمان. ناوبانگێکی فراوانی لەم چەشنە چۆن دەبینیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: ئاه، لە سەرەتادا سەرنجڕاکێش بوو. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کتێبەکانم هێشتا دەفرۆشرێن، دە ساڵ دوای چاپبوونیان. ئەمە جێی باوەڕ نییە. ”دەفتەری گەورە” زۆر دەفرۆشرێت. زۆر جاریش داواکاریی بەفیلمکردنیم پێ دەگات.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئەمەم بیستووە. ئایا کراوە بە فیلم؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هێشتا نەکراوە، بەڵام مافەکەی کڕراوەتەوە. بەرهەمهێنەرەکە ئەمەریکییە و وێنەگرە سینەماییەکەی کەسێکی دانیمارکی دەبێت. لە ناوەڕاستی شارۆچکەی کۆزیگ وێنەی دەگیررێت. ئەو بینایەی بۆ ماڵی کەسایەتیی نەنکەکە بە کاری دەهێنن، ماڵەکەی لە ”دەفتەری گەورە”دا، پێشتر لە چەندین فیلمی دیدا دەرکەوتووە. بۆ کتێبەکەی ترم، ”دوێنێ”، چەند کەسێکی ئیتاڵی ڕێککەوتنیان کردووە بۆ ئەوەی بیکەن بە فیلم.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: دەقەکانت بابەتی ڕەخنەی ئەدەبیی زۆرن. ئایا حەز دەکەیت ڕەخنەگرەکان گرنگی بە کام دیوەی کارەکانت بدەن؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نازانم. هەمووی بۆ من وەک یەکە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: پێت وایە دەکرێت پەیامێک لە نووسینەکانت وەربگیررێت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بە دڵنیاییەوە نەخێر. نامەوێ پەیامێکم هەبێت. نەخێر. [بە پێکەنینەوە] بە هیچ جۆرێک. من بەم جۆرە نانووسم. من دەمویست کەمێک لەبارەی ژیانمەوە بدوێم. هەمووی ئاوا دەستی پێ کرد. لە ”دەفتەری گەورە”دا نیازم وا بوو منداڵیم و ئەوەی لەگەڵ براکەم جینۆ بینیبووم، وەسف بکەم. تەواو بایۆگرافیانەیە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لەو کاتەوەی دەستت بە نووسین کردووە، لە چ ڕوویەکەوە گەشەت کردووە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: زۆر گەشەم کردووە. من لە سیازدە ساڵییەوە دەستم دایە نووسین، لەو کاتەوە هەموو شتێک لەبارەی شێوازی نووسینمەوە گۆڕاوە، هەموو شتێک. شیعرەکان زۆر حسی بوون. حەزم بەم جۆرە نووسینە نییە، چیدی هیچ حەزم لە شیعر نییە.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: کەی زانییت نووسەریت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هەمیشە زانیومە. لە منداڵیمدا زۆرم دەخوێندەوە، بە تایبەتی ڕووسەکانم دەخوێندەوە. زۆریش ڕۆمانی پۆلیسیم دەخوێندەوە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: پرۆسەی داهێنانت [نووسینت] چییە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بە ڕاستی نازانم. دەستم بە نووسینی سیناریۆ کرد بە فەڕەنسی. کاتێک گەنج بووم و تازە هاتبوومە ئێرە، لە بیستەکانی تەمەنمدا. شیعرم بە هەنگاری دەنووسی. پاشان کاتێ دەستم کرد بە فێربوونی فەڕەنسی، دەستمدایە نووسین بە فەڕەنسی. ئەمە چێژبەخش بوو بۆ من. بەڵێ، من کەمێک ئەمەم بۆ سەرگەرمیی خۆم کرد. دوای ئەوە دەستمدایە بینینی عاشقانی شانۆ و دەرهێنەران. شانۆنامەم دەنووسی و لەگەڵ قوتابییانی شانۆ زۆر کارم دەکرد. زۆرێک لە نووسینەکانی منیان کرد بە نمایشی ڕادیۆیی، هەرچەندە زۆرینەیان ئیدیت نەکرابوون. خۆش بوو.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: دەتوانین پەیوەندیی نێوان دیالۆگی شانۆیی و دیالۆگەکانی ناو ڕۆمانی ”دەفتەری گەورە” ببینین؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: چ لێکدانەوەیەکت بۆ ڕۆمانەکانت هەیە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: باشە… زۆر جیدین، زۆر خەمبارن. بەڵێ، زیاد لە پێویست خەمبارن.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: کام نووسەرانە گرنگترینن بۆ تۆ؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: کنوت هامسۆنم خۆش دەوێ، نووسەرێکی تریش، بەڵام نازانم ناوەکەی بڵێم. ئیدیتەرەکەم کتێبێکی ئەو نووسەرەی پێ دام، وتی زۆر لە نووسینی من دەچێت. بەڵێ، ڕۆمانەکە زۆر جیدی بوو… بەڵام من هیچ لێکچوونێکم لەگەڵ کارەکانی خۆمدا نەبینی. ئێستا زۆر ناخوێنمەوە. فرانسیس پۆنژ و جۆرج باتایشم بە دڵە، بەڵام زۆر نووسەرانی ئێستا ناناسم.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: هەست دەکەیت قسەکەری ئەدەبی نیشتمانیی هەنگارییت، یان فەڕەنسی – سویسری، یاخود بە ڕاستی بێوڵاتیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هەنگاریم، تەنانەت گەر بە فەڕەنسییش بنووسم. هەموو کتێبەکانم لەبارەی هەنگاریاوەن. تەنانەت کتێبی چوارەمیشم، خوێندووتەتەوە؟

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ”دوێنێ”؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ. لە سویسرا ڕوو دەدات، بەڵام لە گەڕەکێکی پەنابەراندا. کەم تا زۆر چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە. زۆر ئۆتۆبایۆگرافیانەیە. من لە کارگەیەک کارم دەکرد. کارگەکە لە گوندی چوارەمدا بوو. دەبوو بە پاس بڕۆین. ئێمە لە گوندی یەکەمدا دەژیاین. من لینەم، کاراکتەری ناو ”دوێنێ”، ئەوە من بووم کە سواری پاسەکە دەبووم لە گوندی یەکەم. مێردی پێشووم، زەمالەیەکی وەرگرت. کاراکتەری ساندۆر، قەرەجێکی هەنگاری بوو، کە ئەویش لە کارگەکەدا کاری دەکرد. ئێمە بە یەکەوە کارمان دەکرد. کچی یەکەمم هەموو ئەمانەی ناسییەوە. بە نموونە ئەو ئەپارتمانەی وەسفم کردبوو. بەڵێ، پێم وایە ئۆتۆبایۆگرافیانەترین ڕۆمانی منە. هەموو شتێک کە لەوێدا باسم کردوون، لە ڕاستیدا ڕوویان داوە، خۆکوژییەکانیش. چوار کەسم دەناسی کە پاش کۆچکردنیان لە هەنگاریا خۆیان کوشت، ئەمەیش هەموو ئەوە بوو کە دەمویست باسی بکەم.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: حەز دەکەم بزانم لە چ ڕۆژێکدا هەنگاریات جێ هێشت…

ئاگۆتا کریستۆڤ: لە ساڵی ١٩٥٦دا بوو، پاش شۆڕش.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵێ، بەڵام من دەمەوێ بزانم لە چ ڕۆژێکدا بوو.

ئاگۆتا کریستۆڤ: پێم وابێ، ٢٧ی ئۆکتۆبەر بوو، دڵنیا نیم. نەخێر، نا، ٢٧ی نۆڤەمبەر بوو.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ٢٧ی نۆڤەمبەر؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، پێم وایە. شەو درەنگانێك ڕۆیشتین. لە ناو گرووپێکدا بووین. گەیشتینە گوندێک، کە پێشوەخت پڕ بوو لە پەنابەر. دەمودەست پێمان ڕاگەیشتن. گرووپەکە زۆرینەی منداڵ بوون. بە خێریان هێناین بۆ ماڵێ جووتیارەکان کە پارەیان پێ درابوو بۆ ئەوەی شوێنی مانەوە و خواردنمان بدەنێ. نازانم چەند ڕۆژ لەوێدا ماینەوە. دوای ئەوە، بەرپرسی ئیداریی لادێکە بلیتی پاسی بۆ کڕیین بۆ ڤیەننا. دواتر پارەکەمان دایەوە. لە ڤیەننادا لە شوێنی مانەوەی سەربازەکاندا ماینەوە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەرنامەتان نەبوو بچن بۆ سویسرا؟ لە شوێنێکدا خوێندمەوە کە پێت باشتر بوو بچیت بۆ کەنەدا. ئەمە ڕاستە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نا، نا. هەرگیز نەمویستووە بچم بۆ کەنەدا. دەمویست بچم بۆ ئەمەریکا، چونکە کەسوکارم لەوێ بوون. کاتێک گەیشتینە ئەوێ، پێمان وترا بۆمان هەیە تەنها شەش مانگ بمێنینەوە. دوای ئەوە گەڕاینەوە سویسرا، کە لەوێ زەمالەیەک بۆ مێردەکەم هەبوو. ئەو مامۆستای مێژوو بوو. بە ڕاستی ئاگایان لێمان بوو. ئەپارتمانیان بۆ دۆزیینەوە، کارێکیش بۆ من، دایەنگەیەکیش بۆ منداڵەکە[مان]. بۆیە لەوێ ماینەوە. من دەمویست بگەڕێمەوە ئەمەریکا، بەڵام دەبوو چاوەڕێ بکەم. منداڵەکانم لێرەن لە سویسرا، منیش نامەوێ زۆر دوور بم لێیانەوە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: کەی بۆ یەکەم جار گەڕایتەوە هەنگاریا؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: دوازدە ساڵ دوای ڕۆیشتنم، لە ساڵی ١٩٦٨دا. ئەو کاتە هێشتا باوانم و براکانم لەوێ دەژیان. ئێستا باوانم مردوون. تەنها براکانم و منداڵە بچووکەکانیان لە هەنگاریان. بەڵام چیدی لە گوندە بچکۆلەکەدا ناژین. ئەتیلای برام، نووسەرەکە، لە بوداپێست دەژی. من زوو زوو دەگەڕێمەوە هەنگاریا.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئەو تێڕوانینەت هەبوو کاتێک هەنگاریات جێ هێشت، کە هێشتا قوربانیی دەستی ئەوانە بووی کە لەوێ لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا مابوونەوە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: من زۆر گرنگی بە سیاسەت نادەم. ئەوە مێردەکەم بوو کە دەیویست بڕۆین، بە پێچەوانەوە، ئەو زۆر گرنگی بە سیاسەت دەدات، ئەگەر لەوێ بمایاتەوە بە دڵنیاییەوە دەخرایە بەندینخانەوە. ئەو هاوڕێیانەی کە لەوێ مابوونەوە، دوو ساڵ لە بەندیخانەدا مانەوە. بە هەرحاڵ، دوو ساڵ ئەوەندە دوورودرێژ نییە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵام ئەگەر تەنها باسی ڕۆمانەکانیشت بکەین، کلارای بێوەژن لە ”دەفتەری گەورە”دا، کە مێردەکەی لە سێدارە دراوە، بەڵگەی نادادپەروەریی ڕژێممان پیشان دەدات.

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، کلارا دایکمە. ئەو باسی ئەمەی بۆ کردم. قژی وەکو قژی کلارا بە هۆی شۆکەوە سپی بووبوو. ئەمە ڕاستە، ئەوان، ڕژێم، خەڵکیان جیا دەکردەوە. بۆ نموونە هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە یوگسلاڤییەکانەوە هەبوو، ناپاک بوون.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئایا زەحمەتییەکی زۆرت بینی کاتێک گەیشتیتە سویسرا؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: زۆر. بۆ ماوەی پێنج ساڵ توانای خوێندنەوەم نەبوو. لە کارگەیەکدا کارم دەکرد کە بۆمان نەبوو قسەیەکی ئەوتۆ لەگەڵ یەکدیدا بکەین. تەنها ڕووسیم دەزانی. باوکم ماتماتیکی پێ وتبوومەوە، بەڵام بەرلەوەی بۆ بەرەی جەنگ بڕوات، هەموو وانەکانی دەوتەوە، ئەو تاکە مامۆستای گوندەکە بوو. مێردەکەم کەمێک فەڕەنسی دەدوا، چونکە لە من گەورەتر بوو. فەڕەنسییەکەی زۆر باش نەبوو، بەڵام بەشی پێویست بوو. کاتێ ئەو چووبووە قوتابخانە، هێشتا فەڕەنسی و ئەڵمانی دەخوێنران، بەڵام دواتر تەنها ڕووسی دەخوێنرا. لێرە چووم بۆ زانکۆ، بەڵام تەنها کۆرسی بیانییەکانم وەرگرت. تەنانەت ئەوکاتیش دەبوو [بڕوانامەی] بەکەلۆریت هەبێت.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: هێشتا بە هەنگاری دەتنووسی…

ئاگۆتا کریستۆڤ: نەخێر، زۆر بە باشی بە هەنگاری قسەم دەکرد، بەڵام کاتێک نامە یان کارتم دەنووسی، هەڵەم دەکرد. زۆربەی جار شتەکانم لە شوێنی هەڵەدا دادەنا، بۆ نموونە، پیتی ”ئی”ی بێدەنگ.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: هاوڕای ئەو پێناسەیەت کە پێی وایە ڕۆمان دەبێت لەسەر بنەمای نەگونجانی تاک و دنیای دەوروبەری بێت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نازانم. بەم شێوەیە بیر لە شتەکان ناکەمەوە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: وشەی ”سیانە”… ڕات چییە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانەکانت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: وشەیەکە کە من قبووڵمە، بەڵێ، چونکە هەمان کەسن لە هەر سێ کتێبەکەدا، ئیدی بە یەکەوە دەبن.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئاشکرایە جەنگ کاری کردووەتە سەر پەیوەندیت بە دنیایەوە. ئایا چۆن کاری کردووەتە سەر پەیوەندیت بە کاراکتەرە دروستکراوەکانتەوە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: جەنگ کاریگەریی لەسەرم هەبووە، لەبارەی ئەوەوە نووسیومە. من دە ساڵان بوو کاتێک جەنگ کۆتایی هات، بۆ من سەرنجڕاکێش بوو. ئەو چیرۆکەی لە ڕۆمانی یەکەممدا دەیگێڕمەوە، لە ساڵی ١٩٤٤دا دەست پێ دەکات. ئێمە دوایین ساڵمان لەوێدا بەسەر برد. دەبێت بوترێت دوایەمین ساڵ زەحمەتترین و خەتەرناکترینیش بوو، چونکە بەرەکانی جەنگ نزیک دەبوونەوە، بەردەوام نزیکتر و نزیکتر دەبوونەوە. بەڵام گوندەکەمان زۆر تۆپباران نەکرا، لە ڕاستیدا تەنها کەمێک تۆپباران کرا. زۆر ماڵ نەڕووخێنرابوون. شووتی ئاگادارکردنەوە [بە ڕێژەیەکی] زۆر لێ دەدرا، لەو کاتانەدا قوتابخانە دادەخرا. هیچ مێزێک لە قوتابخانەکاندا نەمابوو بۆ قوتابییەکان، ئەگەر هەیشبوایە ئەوا کەس نەیدەویست و کەسیش نەیدەتوانی بڕوات بۆ قوتابخانە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لەگەڵ خوێندنەوەی واقیعییانەی کتێبەکانتدا تەبایت؟ مەبەست ئەوەیە، خوێندنەوەیەک کە بە دوای ناسینەوەی ئەو کات و شوێنە مێژووییەدا بێت کە [کتێبەکان] تیایاندا ڕوو دەدەن؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، دواجار ژیانی منە، هەستەکانی منە، گەڕانەوەمە بۆ گوندەکە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵام فەزاکە لە دەرەوەی کاتدایە… ئەم ناڕوونیی شوێن و کاتە بۆ؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هەمیشە بەم شێوەیە نووسیومە، تەنانەت لە سیناریۆکانیشمدا. ئایا ئەوانت خوێندووەتەوە؟

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. بۆ نموونە، ”ڕێگا”.

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ [پێدەکەنێت]… بەڵام پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە و بڵاو نەکراوەتەوە. چۆن بە دەستت گەیشت؟

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە ڕێی ئیدیتەرەکەتەوە. ئەو کۆپییەکی بۆ ناردم.

ئاگۆتا کریستۆڤ: ئای، بەڵێ، دەمێکە کۆپییم بۆ ناردووە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئایا دەتوانین لە شارۆچکەی ”س”دا، کە لە ”سێیەمین درۆ”دا باس کراوە، شارۆچکەی سۆمبۆتێی بناسینەوە، لە پاڵ شارۆچکەی کۆزیگدا؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، ڕێک وایە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئایا خوێندنەوەیەکی پەیوەستدار بە چیرۆکی دروستکراویش قبووڵ دەکەیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، دەتوانین باسی چیرۆکی دروستکراویش بکەین. هەمووی بۆ من وەک یەکە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: هەڵبژاردنی دوانەیەک زەحمەتییەک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کە ناتوانیت خۆتی لێ لا بدەیت، ئەویش کێشەی شوناسە. بۆچی دوانە، بۆچی هەر بەو سادەییە خوشک و برایەک نەبوون؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نازانم. هاتنە ناو سەرمەوە. لە سەرەتادا لەبارەی خۆم و براکەمەوە نووسیم، باش نەکەوتەوە. ئیدی ”ئێمە”م بە کار هێنا.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەهای ئەو شتانە چین کە موڵکی دوانەکەن؟ بیر لە ئینجیلەکە و فەرهەنگی باوکم و دەفتەرە گەورەکە دەکەمەوە…

ئاگۆتا کریستۆڤ: ئەمانە شتە گرنگەکانی ژیانن. خوێندنەوەی یەکەم بریتییە لە خوێندنەوەی ئینجیل. کاتێک ئێمە کتێبێک دەخوێنینەوە، ئینجیلە. فەرهەنگەکە لە سەروو هەموویە منم، چونکە کاتێک من گەیشتمە ئێرە فەڕەنسیم نەدەزانی. بۆیە زۆر فەرهەنگم دەخوێندەوە. بەردەوام بە دوای وشەکاندا دەگەڕام. زۆر حەزم لە فەرهەنگە، لە هەنگارییشدا زۆر بە کاریان دەهێنم. دەفتەرە گەورەکەیش بە هۆی ئەوە بوو من لە کاتی خوێندنی ئامادەییمدا یادداشتی ڕۆژانەم بە هەنگاری نووسیبوو. لە قوتابخانەدا شێوازێکی نووسینم داهێنا کە ئێستا ئەگەر بیشمەوێ، ناتوانم بیخوێنمەوە. بیرم چووەتەوە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئایا وەک دوانەکە، لەگەڵ دوو براکەتدا، شێوازێکی خۆفێرکرنی تایبەتت پەیڕەو کردووە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: لە ڕاستیدا خوێندن نا، بەڵکو ڕاهێنان، بەڵێ. ئەوەی کە دوو ڕۆژ نان نەخۆیت، نەجووڵێیت، بۆ سەعاتێک قسە نەکەیت. ڕاهێنانی دڵڕەقییش، چونکە هیچ کام لە دایک و باوکم ئاژەڵیان نەدەکوشت. ڕەنگە باوکم، بەڵام ئەو ئیدی لەوێ نەبوو. ئیدی ئەوە براکەم بوو کە مریشکەکانی دەکوشت. من… نەخێر، نەمدەتوانی. پشیلەیەکیشمان هەڵواسی، ئەمە ڕاستە. هەمیشە براکەم بوو کە ئەمەی دەکرد. سەیرکردنی قورس بوو. پشیلەکە زۆر درێژ بووەوە، ئێمە وامان زانی مردووە، ئیدی دامان گرت. ماوەیەک لەوێ بە بێجووڵە مایەوە، پاشان ڕای کرد. کاتێک بە براکەمم وت لەبارەی منداڵیمانەوە دەنووسم، پێی وتم: ”پشیلەکە لە بیر مەکە.”

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە یەکێک لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکییشدا، هەڵواسینی پشیلەیەک هەیە. لە ”برایانی کارامازۆڤ”دایە، ئەگەر هەڵە نەبم…

ئاگۆتا کریستۆڤ: بە ڕاست؟

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵێ، بەڵام زۆر گرنگ نییە. ئێستا دەمەوێ ساتێک وەرگرم بۆ باسکردنی هەندێ لە کاراکتەرەکانی تر. لە ڕۆمانەکانتدا، دوالیزمێکی دیار لە نێوان پیشاندان و واقیعدا هەیە. چ مانایەک بە فیگەری نەنکەکە دەدەیت، بۆ نموونە دیمەنی سێوەکان*…

ئاگۆتا کریستۆڤ: نەنکەکە کەسایەتییەکی دروستکراوە، بەڵام کارەکەی دروستکراو نییە. باخەکە و مریشکەکان، ئەمانە [هیی] دایکمن، کە زۆر خۆی ماندوو دەکرد. پاشان جووتیارەکانیشمان بینی، زۆر دڵڕەق بوون. بەڵێ زۆر ژنی وا هەبوون. بۆ [بابەتی] سێوەکان، بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، نەنکەکە بە ئەنقەست ئەمە دەکات.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە پێچەوانەیەکی ئاشکرای ئەم کاراکتەرە [نەنکەکە]، کاراکتەری ماڵپاککەرەوەکە هەیە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان نیشانەی گوێنەدانی دانیشتوانەکەیە بەرامبەر بە تراژیدیای ئەوانی دی. ئەو لەگەڵ دوو منداڵەکەدا میهرەبانە، بەڵام پیشانی دەدات کە ناپێویستانە دڵڕەقە لە کاتی ڕاگواستنی جووەکان لە گوندەکەدا**…

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵام، دەزانیت، ئەمەیش ڕاستە. ئێمە لە شارۆچکەیەکدا دەژیاین و ڕاگواستنەکانمان بە ڕاستی بینی. پۆلێک ژن و پیر و منداڵ. دایەنێک لە ماڵەکەماندا بوو، نەمسایی بوو. ئەو خەریکی نانخواردن بوو، وای کرد. نانەکەی بە دەستەوە گرت کاتێک ئەوان تێپەڕین و پاشان کشاندیەوە. کامپێکی گواستنەوە لە گوندەکەماندا هەبوو. ئێستا تەنانەت مۆنۆمێنتێکیش لە شوێنەکەیدا هەیە. بینیوتە؟

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: نەخێر، بە داخەوە. لینە لە ”دوێنێ”، دەمودەست نیشانەی عەشقی پاک و دڕندانەترین و ناپێویستترین شێوازی ڕەگەزپەرستییە. ئەمە لە دڵەوە، کاراکتەرەکانت بەیەکەوە دەبەستێتەوە؟ دژبەیەکیی نێوان ئەو شێوەیەی پێی دەردەکەون لەگەڵ واقیع، نێوان درۆ و ڕاستی؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، ڕاستە. پێم وایە کەسەکان بە تەواوەتی باش یان خراپ نین.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ”دەفتەری گەورە”، بە گشتی، ڕۆمانێکە لەبارەی گەشتی گەڕان بە دوای خۆت و ئازادیدا. پەیوەندیی بەهێزی نێوان دوانەکە پێویستە بۆ ئەوەی بمێننەوە. بەڵام دەیشبێت ئەو پەیوەندییە بپچڕێنن بۆ ئەوەی ژیانی سەربەخۆیان بژین. ئایا بەم شێوەیەیە یان وا نییە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئایا بەم شێوەیەیە کە لە ”سێیەمین درۆ”دا، بەیەکگەیشتنەوەی تەواوەتیی نێوان دوو براکە ڕێتێچوو نییە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، کلاوس بە تەنیا دەژی. نایەوێت عادەتەکانی بگۆڕێت. دەیەوێت بە هێمنی بژی. پاشانیش بەغیلی بە براکەی دەبات.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: خۆشەویستی ڕۆڵێکی لاوەکی دەبینێت لە کتێبەکانتدا، بەڵام هەوڵ دەدەیت سێکس پیشان بدەیت، زۆرینەی جار بە هەموو توندوتیژییەکەیەوە. لەوەیش زیاتر، ئەو تێڕوانینەمان پێ دەگات کە تەنها ئەو کاراکتەرانە توانای خۆشەویستییان هەیە کە بە جۆرێکی ”جیاواز” خۆشەویستی دەکەن، بۆچی؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، تەواو وایە. چونکە ئێمە لە منداڵیماندا زۆر گفتوگۆی ئەمەمان کردووە. ئێمە هەمیشە ئاگاداری ئەوە بووین کە لە دەوروبەرماندا ڕووی دەدا. لە سیکڤاندا بوو، ئەو شارۆچکەی تیایدا لە دایک بووم: دوو ئاژەڵێ لێ بوو و شتەکانی دییش. هەموو منداڵەکان هەموو شتێکیان دەزانی. پێم وایە سێکس لە منداڵیدا شوێنێکی گەورەی هەیە. کونجکوڵییەک هەیە بۆ زانینی ئەوەی چی ڕوو دەدا و دەبێت چی بکەیت و چۆن. پاشانیش لە کاتی جەنگدا، نهێنییەکان کەمتر بوون، لاقەکردن ئازاد بوو.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بۆچی بیرت لە ئەفسەرێکی بیانی، هاوڕەگەزباز و ماسۆشی کردەوە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: ئەفسەرەکە لە ڕاستیدا بوونی هەبوو. لە ئەپارتمانەکەی ئێمەدا بوو. [ئەپارتمانەکە] سێ ژوور بوو، یەکێکیان دەرگایەکی سەربەخۆی هەبوو، لە کاتی جەنگدا بەردەوام گیرابوو. سەرەتا لە لایەن هەنگارییەکانەوە، دواتر ئەڵمانەکان، دواجاریش ڕووسەکان. بەڵام ئەفسەرەکە، نەخێر، منداڵباز نەبوو. ئەمە هیچ نییە جگە لە دروستکراوی خۆم، بەڵام ئەمە لەوێ نییە بۆ ئەوەی خەڵکی شۆک بکات. بە هیچ شێوەیەک. ئەگەر ئەوەم دانەنابا، هەموو کەس دەیتوانی بیخوێنێتەوە، تەنانەت منداڵەکانیش، کە ئەمەم پێ باشتر بوو. ئەم وردەکارییە ڕێگا لە زۆر کەس دەگرێت کتێبەکە بخوێننەوە، لەبەر ئەو هۆیەیشە پەشیمانم.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵام ئەفسەرەکە خۆشی ویستن؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، ئەمە ڕاستە، ئەفسەرەکە خۆشی ویستن.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بە هەرحاڵ، سێکسی مەحرەمەکان هەیە. لە ”دوێنێ”، ساندۆر دەڵێت، باشترین هاوسەرگیری ئەوەیە کە لە نێوان خوشک و برادایە، وەک لە ناو فیرعەونەکاندا هەیە. کەوایە بۆچی دیمەنی خودئیرۆتیکای دوانەکە نابینین، ئەو دوانەیە، چونکە دوو کەسن، یاریی ئیرۆتیکیی ئاشکرا لە نێوان خۆیاندا دەکەن؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نازانم.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: سەیرە، سەڕەرای بەرتەسکترین حەمیمیەتی جەستەیی، بە هۆی حاڵەتەکەیانەوە، دوانەکە هەرگیز لەمسی یەکدی ناکەن. بۆچی هەمیشە وەکو تەماشاکەری سێکسواڵێتیی ئەوانی دی پیشان دەدرێن؟ ئەگەر پەیوەندیی سێکسییان هەبێ، وەک ئەوەی لەگەڵ خزمەتکار و ئەفسەرەکەدا [ڕوو دەدات]، هەمیشە ڕەفتارێکی دابڕاویان هەیە، وەک ئەوەی نامۆبوونیان بە کردارەکە پشتڕاست بکەنەوە. ئەم بێکردارییە بۆچی؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: ئەوان دابڕاون، بەڵێ.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: پێت وایە نووسەرانێک هەبن کە کاریان تێکردبیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، کتێبێکم خوێندەوە، کە زۆر لەوەی من دەچوو، بەڵام لەبارەی کوڕێک و کچێکەوە بوو. شێوازەکەیشی توندوتیژ بوو، شێوازی ”دەفتەری گەورە” بوو. لە ئیدیتەرەکەمم پرسی دەتوانین چی بکەین، پێی وتم شایەنی هەوڵدان نییە. بە هەرحاڵ، ئەم کتێبە سەرکەوتوو نەبوو. بەڵێ، پێم وایە کارم کردبێتە ژمارەیەکی باش لە خەڵکان [پێدەکەنێت].

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە ڕاستیدا من پرسیاری پێچەوانەکەیم کرد. کێ کاری کردووەتە سەر تۆ. باشە، پێم وایە وا باشە بابەتەکە بگۆڕین. کاراکتەری ‌هێرلیپ [لێوکەروێشکی]، لە ”دەفتەری گەورە”دا*** بە هەمان شێوە زۆر کاری تێکردم. ئایا لەبارەی کەسێکەوەیە کە دەتناسی، یان تەواو دروست کراوە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نەخێر، لە ڕاستیدا هەبوو. ژنێک بوو لە کۆزیگ. نەمزانی چۆن بینووسمەوە، چونکە پێشوەخت خۆی خراپترین بوو. چیدی لووتی نەمابوو. کەوتبوو و لووتی شکابوو. برینەکەی چاک نەبووبوویەوە و لووتی کەوتبوو. لەگەڵ هەموو پیاوانی گوندەکەدا دەخەوت. دوو منداڵی سەرنجڕاکێشی هەبوو، دوو یان سێ. چیدیکە نازانم، بەڵام بە ڕاستی جوان بوون. براکەیشم کتێبێکی نووسیوە باسی ئەو دەکات. لەبارەی هەمان سەردەمەوە نووسیویەتی، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر جیاواز. ئەو لەبارەی ڕووداوی کوشتنەوە نووسیویەتی. لە کام لە ڕۆمانەکانی مندا کوشتن هەیە؟

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ڕۆمانەکانت زۆر ڕووداوی کوشتنیان تێدایە…

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، وایە. بەڵام… کوشتنی ژنێک، بیرت دەکەوێتەوە؟

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئۆی. کوشتنی ژنی پیاوە بێخەوەکە هەیە لە ڕۆمانی ”بەڵگە”دا…

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەڵێ، ئەوەیە. ژنی پیاوە بێخەوەکە هەیە لە ڕۆمانی ”بەڵگە”دا. ئەمە لە ڕاستیدا ڕووی داوە. ژنێک لە ماڵەکەیدا کوژرابوو. لە نزیکی ماڵی ئێمەدا دەژیا. براکەم ئەمەی وەک بیانوویەک بە کار هێنا و لەبارەی ئەوەوە نووسیی کە ڕووی دابوو. ژنەکە کوژرا، چونکە سێ کارگەی هەبوو لە شارۆچکەکەدا. سەرەڕای ئەوە، ئەو بیانی بوو و حکومەت نەیدەتوانی تەئمیمی کارگەی بیانییەکان بکات. بۆیە کوژرا. براکەم ڕۆمانەکەی لەبارەی ئەم ڕووداوە نووسیوە. بە دوای هەموو شتەکاندا گەڕا، لێکوڵینەوەی لەسەر هەموویان کرد. چوو بۆ لای پۆلیسیش کە لەوێ ئەرشیفەکان پارێزراون.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بێخەوەکەیش…

ئاگۆتا کریستۆڤ: بێخەوەکەیش، ئەوە لە کۆزیگ نەبوو، ئەوە لێرە بوو لە نوشاتێل. دراوسێیەکم هەبوو کە لەوبەری ماڵەکەی منەوە دەژیا. ژنێک بوو هەموو شەوی بە دانیشتن لە بەردەم پەنجەرەدا بەسەر دەبرد. پرسیاری کاتی دەکرد لە ڕێبوارەکان. دەیپرسی: ”سەعات چەندە؟ سەعات چەندە؟” من بەلکۆنەیەکم هەبوو و هەوڵی دەدا قسەم لەگەڵدا بکات.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کاراکتەری هێرلیپ، پێم وایە دەتوانین مەرگی ئەو بە مەرگێکی ناتەبایانە شاد دابنێن. ڕات چییە لەبارەی ئەمەوە****؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: مەرگی هێرلیپ، بەڵێ، مەرگێکی شادە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: جاروبار بیر لە مەرگ دەکەیەوە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هەمیشە بیر لە مەرگ دەکەمەوە. دەترسم لێی. مەرگیش نییە تەنانەت، بەڵام پیری و نەخۆشییە. بە دڵنیاییەوە مەرگیش. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، باوەڕم بە خودا نییە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئامادەیی نووسەر لە کاری نووسەرێکدا… بۆچی چیرۆکی ڤیکتۆر بەشی زۆری ڕۆمانی ”بەڵگە” داگیر دەکات؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هاوڕێیەکم هەبوو لە نوشاتێل. ئەلکهولیست بوو و جگەرەی زۆر دەکێشا. خوشکەکەی خۆی نەکوشت، بەڵام دەیویست بنووسێت. هەندێ لاپەڕەیشی دامێ. شیعر بوون. زۆر باش بوون، بەڵام نەیدەتوانی کتێبێکی تەواو بنووسێت. لە پاش مەرگی، خوشکەکەی دەستنووسەکانی داوا کردەوە، چونکە دەیویست بڵاویان بکاتەوە. پەشیمان بوومەوە لەمە، چونکە دەمتوانی ڕۆمانێکی دیکە بە تاقی تەنیا لەبارەی ئەوەوە بنووسم. دەمتوانی زۆر زیاتر بڵێم.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: تێبینیی هەبوونی چەند خەونێکم کرد. خەونی ماتیاس لە ڕۆمانی ”بەڵگە”دا، خەونی تۆماس لە ”دوێنێ”دا. هەمیشە ئاژەڵێک، پوومایەک یان پڵنگێک، بە تووکی ئاوریشمییەوە. هۆکاری ڕاستەقینەی پشتی ئەمە چییە، لە سەرووی ئەمەیشەوە، ئایا مانای چییە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بە گشتی، ئەمانە خەونی ڕاستەقینەی منن.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: مەرگی باوکی دوانەکە؟ لە بەشی ”قوتابخانە”، دوو منداڵەکە پێشوەخت بە جۆرێك ئەویان ناردووە بۆ بەرەی جەنگ. ئایا بە هۆی ئەمەوەیە لە ڕێگای بۆمبێکەوە دەیکوژیت؟ خوێندوومەتەوە کە باوکی خۆت زۆر توند بوو…

ئاگۆتا کریستۆڤ: باوکم مامۆستا بوو لە سیکڤاند. ئەو گوندەی لێی لە دایک بووم، زۆر دوور نییە لە کۆزیگ. لەم گوندە تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەیشیان نەبوو، قوتابییەکان دەبوو بە پاس بچن بۆ قوتابخانەی گوندەکەی دراوسێ. تەنانەت وێستگەی شەمەندەفەریشی لێ نەبوو. بەڵێ، ئەو [باوکم] زۆر توند بوو. زۆر دڵخۆش بووین کە چوو بۆ بەرەی جەنگ، زۆر باشتر بوو [پێدەکەنێت]. بەڵێ، دەتوانین بڵێین دوانەکە ئەویان نارد بۆ بەرەی جەنگ. تەواو بە دەستی ئەنقەستە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئێستا چۆن لە سویسرا دەژییت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەشی پێویست پارە پەیدا دەکەم… چیدی کار ناکەم.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: بەڵێ، دڵنیام، خاتوون، بەڵام من نامەوێ باسی لایەنی داراییت بکەم. دەمویست باسی ژیانت بکەم، پەیوەندیت بە سویسرییەکانەوە…

ئاگۆتا کریستۆڤ: هەندێک هاوڕێم هەیە، زۆر کەم دەچمە دەرەوە، زۆر سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەم، ڕۆژنامە دەخوێنمەوە، چەند کتێبێکی کەمیش. سەردانی منداڵەکانم دەکەم، ئەوانیش هەر وا. منداڵی بچووکیان هەیە.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: ئەگەر بۆ ساتێک یاریی ”دوورگەی بەجێهێڵراو” بکەین، کام لە کتێبەکانت لەگەڵ خۆت دەبەیت بۆ ئەم دوورگەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەتوانیت یەکێکیان ببەیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: ”بەڵگە”.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: حەز دەکەیت گەشتێکی وا بکەیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: نەخێر، بە هیچ جۆرێک. ڕقم لە سەفەرکردنە. بە هۆی کتێبەکانمەوە زۆر سەفەرم کرد، بەڵام ئێستا نامەوێت. بانگهێشتیان کردم بۆ مۆسکۆ و لینینگراد و بێلگرادیش [پێدەکەنێت]. قبووڵم نەکرد.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە کام بەشەی ژیانی ڕاستەقینەت پەشیمانیت و بە نۆستالژیای زۆریشەوە ئاوڕ بۆ کام بەشەی ژیانت دەدەیەوە؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: منداڵەکانم و کتێبەکانم.

 

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە لایەکی ترەوە، دەتەوێ کام بەشەی ژیانت بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە لە بیر بکەیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: بەجێهێشتن و هاوسەرگیرییش.

ڕیكاردۆ بێنێدیتینی: لە ئێستادا کار لەسەر چی دەکەیت؟

ئاگۆتا کریستۆڤ: هیچ. زۆر کەم دەنووسم.

* لە ”دەفتەری گەورە”دا، نەنکەکە دەبوورێنرێتەوە لە ڕێگەی لێدرانی بە نووکی تفەنگێکەوە لە لایەن سەربازێکەوە، پاش ئەوەی ”بە ڕێکەوت” بەروانکەکەی دەکاتەوە کە پڕە لە سێو، لە کاتێکدا ڕاگواستنی گوندێکی جووەکان بە لای ماڵەکەیدا تێدەپەڕن. نەنکەکە دەڵێت: ”بەڵام سەرەڕای ئەوەیش، هەندێکیان توانییان لە سێوەکانم بخۆن!”

** ئەو دیمەنەی نەنکەکە تەواو هەڵگەڕاوەی دیمەنی ماڵپاککەرەوەکە بوو لە بەشی پێشوودا. لە کاتێکدا ڕاگوێزراوەکان بە بەردەم ژووری پاککەرەوەکەدا تێدەپەڕن، جوویەک دەستی ڕادەکێشێ و داوای نان دەکات. پاککەرەوەکە بزەیەک دەکا و وای پیشان دەدات پاشماوەی نانەکەی بداتێ، نزیکی دەکاتەوە لە دەستە درێژکراوەکە و پاشان، بە پێکەنینێکی بەرزەوە، نانەکە دەخاتەوە دەمی، قەپێکی لێ دەگرێ و دەڵێت: ”منیش برسیمە.” سەربازێک کە هەموو ئەمەی بینیوە، زللەیەک لە سمتی پاککەرەوەکە دەدات و نوقورچێک لە گۆنای دەدات و ئەویش دەسماڵەکەی بۆ ڕادەوەشێنێت.

*** ئەو لێوی کەروێشکییە، چاوی خێل بوو، لووتی چڵماوی بوو و لە دەوری چاویدا پیسیی زەرد هەبوو. قاچ و قۆڵی بە زیپکە داپۆشرابوو، دەڵێت: ”ناوم هێرلیپە (لێوکەروێشکی).”

*** هێرلیپ دەمرێت، دوای سێکسکردن لەگەڵ گرووپێک سەربازی داگیرکەران، وا پێدەچی ڕووس بن، کە ماڵەکان ”دەپشکنن” کە بریتییە لە دزیکردن لە ماڵی گوندنشینەکان و لاقەکردنی ژنەکانی ناویان. دوانەکە لێوکەروێشک بە مردوویی لە ماڵەکەیدا دەدۆزنەوە و لە دایکی دەپرسن، چی ڕووی داوە. ئەو وەڵام دەداتەوە: ”ئەو بانگی کردن. چووە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاکە و دەستی بۆ ڕاوەشاندن بۆ ئەوەی بێنە ژوورەوە. دوازدە یان پازدە کەس دەبوون. لەک اتی سواربوونیدا، بەردەوام هاواری دەکرد: ”ئۆه، زۆر دڵخۆشم، زۆر دڵخۆشم! هەمووتان وەرن، وەرن، دانەیەکی دی، دیسان، دانەیەکی دی! بە شادییەوە مرد، تا مردن سواری بوون.”

 ڕیكاردۆ بێنێدیتینی دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی فەڕەنسیدا و توێژەرە لە زانکۆی ڤێرۆنا. خاوەنی چەندین کتێبە کە لە ئیتاڵیا و دەرەوەی ئیتاڵیادا بڵاو کراونەتەوە. ئەم دیمانەیە لە سویسرا لە حوزەیرانی ١٩٩٩دا ساز کراوە.

ناردن: