بە سێبەری کێوی قافەوە

گەشتنامەیەک بە تامی ڕۆمان

ڕانانی: ئیدریس عەلی

بابەتی ئەم کتێبە گەشتنامەیە و یەکێکی دیکەیە لەو کۆمەڵە کتێبە تازە و گرنگانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب، بخرێنە پێش چاوی خوێنەران.

ئەم کتێبە لە لایەن (کەریم کاکە)ەوە، نووسراوە و بەرهەمی یەکێک لە گەشتەکانیەتی بۆ وڵاتی جۆرجیا و تیایدا زۆر بە وردی، بە چاوی ئەدیب و نووسەرێکی کونجکوڵەوە، لە سەرەتای سواربوونی فڕۆکەوە بە ئاسمانی هەولێرەوە بۆ جۆرجیا، لە شتەکان و ڕووداوەکان و مرۆڤەکانی ڕوانیوە و بە زمانێکی ئەدەبی و شیعری و گێڕانەوەیەکی ئاست بەرز و تەکنیکێکی چیرۆکئامێزەوە، کۆی ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە گەشتەکەیدا بینیونی، لە ڕاستیدا ئێمە پێشتر بەر چەند کتێبێکی دیکەی ئەم نووسەرە کەوتووین، کە لە بواری ڕۆمان و یادەوەریدا نووسیونی، بەتایبەت لایەنی گێڕانەوەی بیرەوەییەکانی، ئاستێکی بەرز و چێژبەخش و پڕ لە زانیاری و وردەکاریان هەیە، بێگومان جگە لە ڕووداوەکان و کاراکتەرەکان، گرنگییەکی زۆر بە زمان و جۆری گوزارشتکردن دەدات، بە گشتی کەریم کاکە ئەوەی لە نووسینەکانیدا بەرجەستە کردووە، کە چۆن دەگێڕێتەوە؟ نەک چی دەگێڕێتەوە…! بێگومان ئەمەش ڕەهەندێکی سەرکەوتنی گێڕانەوەکانی ئەم نووسەرەمان بۆ دەردەخەن و هەر ئەم حاڵەتەش وا لە خوێنەر دەکات، هۆگرییەکی زیاتری بۆ گێڕانەوەکانی هەبێت و بە ئاسانی نەتوانێت دەستبەرداری خوێندەوەیان ببێت.

ئەوەی ئەم کتێبە، واتە (بە سێبەری کێوی قافەوە) بخوێنێتەوە، بە کۆمەڵێک دیمەن و ڕوودا و کەسایەتی ئاشنا دەبێت، کە دڵنیام تا زەمەنێک دوای خوێندنەوەشی، هێشتا بەشێک لە بەسەرهات و چیرۆکە واقیعی و ڕووداوە سەیروسەمەرەکانی، لە خەیاڵ و زهندا هەر دەمێنێتەوە.

ئەم کتێبە، گەشتامەی نووسەرێکی کوردە، کە ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و قوربانیدانی هەیە و لە ئێستایەکی نیگەران و دڵشکان و توڕەییدا دەژی، گەشتی کوردێکە کە کوردبوونی خۆی بۆ گەشتەکەی دەبات و لە فڕکەدا کورسییەکی بۆ دەگرێت و لە وڵاتی جۆرجیاش نوقتە بە نوقتەی شوێنە گەشتیارییەکانی دەگێڕێت، دەیباتە کەنار دەریا و پێکەوە بیرە دەخۆنەوە، لە لاشەی ڕووتی سەدان ئافرەتی ناو دەریا ڕادەمێنن و پێکەوە لە خواردنە بەناوبانگەکانی ئەوێ دەخۆن.

سەفەری کەریم کاکە، سەفەرێکە بۆ پشوودان، سەفەرە بۆ  وڵاتێک، کە سەرلەبەری بونیادی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگی و پەیوەندییە مرۆییەکانی جیاوازە لەگەڵ وڵاتەکەی خۆی، گەشتی مرۆڤێکی شەرمن و دڵتەنگە، لە دنیایەکی داخراوەوە، بەرەو دنیایەکی کراوە، دەستپێکی گەشتنامەکەی کەریم کاکە لەم کتێبەدا، بە ساتەوەختی سەروو هەور دەست پێدەکات و دەکەوێتە پێناسەیکی ورد و جوانی ئەو ساتەوەختەی خۆی، بەتایبەت کە یەکەم جاریەتی سواری فڕۆکە دەبێت و بە ئاسماندا گەشت دەکات، هەر لەو ساتەوە بڕیار دەدات هەموو ئەوانەی لە گەشتەکەیدا دێنە ڕێی و دەیانناسێت، ناوێکی دڵخوازانەی خۆی لێ بنێت، سەرەتا لەو هاوڕێییەوە دەست پێدەکات کە هاوگەشتییەتی، ئەو ناودەنێت (هاوڕێی سەر هەورێ) و تا کۆتایش ئێمە نازانین ئەو کەسە، ناوە ڕاستییەکەی چیییە و هەر بە (هاوڕێی سەر هەورێ) دەیناسینەوە، تەنانەت کە دەشگەنە وڵاتی جۆرجیا و لەوێ ڕێبەرە گەشتیارەکان دەناسێت، ناوێکی کوردیانە و هەولێریانەیان لێ دەنێت، بێگومان هەر یەک لەو ناوانە، ڕەهەندی مێژووی و کۆمەڵایەتی خۆیان هەیە و بەشێکن لە بیروەریی نووسەر، لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی خۆیدا… تەنانەت لە هەندێک شوێن، ناوەکان دەگۆڕێت و فۆڕمێکی فەنتازی و هونەری بە ناوی شوێنەکان دەدات، وەک (کۆڵانی ماچەکان) و چەندین شوێنی دیکە… ئەمەش جگە لە خەیاڵفراوانی، دنیایەک مانای دیکەی سایکۆلۆجی و پاشخانی ژیانی واقیعیی نووسەر دەردەخات.

نووسەری ئەم گەشتنامەیە، لە نووسینەوەی گەشتەکەیدا، بێ ماسک دەدوێت و چ سنوورێک لە نێوان ئەوەی دڵی ویستوویەتی، لەگەڵ خوێنەر ناهێڵێتەوە و لەسەر هیچ شتێک کە بڕوای خۆیەتی سازش ناکات، بە کورتی نووسەر هیچی لە خوێنەر نەشاردۆتەوە، بەو ساتانەشەوە کە پێناسەی ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆی دەکات بۆ لە ئامێزگرتنی ئەو خانمانەی کە بە (پەری دەریا) پێناسەی کردوون، هاوکات ئەوەش ناشارێتەوە و لەو مەنەلۆگ و حیوار داخلیانەی لەگەڵ خۆیدا دەیانکات، باس لە باری سایکۆلۆژی خۆی دەکات، کاتێ ئەو سەدان کوڕ و کچ و ژن و پیاوە دەبینێت، بە ئازادی باوەشیان کردووە بە یەکتردا و ساتەوەختی خۆشەویستیانەی خۆیان دەژین.

بە کورتی ئەم گەشتنامەیەی کەریم کاکە، هەروا گەشتێکی ئاسایی نییە، چونکە بە چاوێکی کراوەوە لە شتەکانی ڕوانیوە، ئەمەش جیاوازی گەشتی کەسانی ئاسایی پیشان دەدات، لەگەڵ گەشتی کەسانێکی ئەدەیب و ورد و بە سەرنج، لەم گەشتەیدا نووسەر هەموو شتەکان و کەسەکان، بە کەرەستەی نووسین و بابەتی گێڕانەوە دەبینیت، یەک ساتەوەخت شک نابەیت تیایدا ژیابێت و نەیگێڕابێتەوە، هاوکات خوێنەر بە کۆمەڵێک شوێنی گرنگ و خاڵی گەشتیاری و ناوچەی مێژوویی ئەو وڵاتە ئاشنا دەکات، کە ڕەنگە بڵێم، دەکرێت وەک ڕێبەرێک سوودی لێ وەربگیرێت لە لایەن گەشتیارانەوە، بەهۆی بوونی باگراوندی ڕۆشنبیری و شارەزایی مێژووی ڕووداوەکان، باس لە جەنگ و داگیرکارییەکانیش دەکات، کە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ڕوویان داوە، کۆمەڵە خەڵکانێک دەناسێت سەر بە کولتوور و زوبانی جیاجیا، لەیەکتر تێناگەن و دەشتوانن یەکتر حاڵی بکەن لەوەی دەیانەوەێت بیڵێن، لێرەدا ئەم کتێبە پێمان دەڵێت، ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی سەرمایەداری و پیرۆزکردنی سنوورەکان و ئایین و جوداخوازی بهێڵن، مرۆڤەکان دەتوانن بە هەموو جیاوازییە نەتەوەیی ئاینی و ڕەگەزی و کولتوورییەکانەوە، پێکەوە بێ کێشە بژین و تەبا و برا بن.

لە کۆاتاییدا دەخوازم ئەم کتێبەش یەکێک بێت لە کتێبە دڵخوازەکانی خوێنەران و بیخەنە لیستی بەرنامەی خوێندنەوەکانی خۆیانەوە، ئەوەی وا دەکات خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر پێشنیار بکەم و بە گرنگی بزانم، چەند هۆیەکە لەوانە: نووسەرەکەی ئەزموونی گەلێ جوانی لە بواری بیرەوەری و گێڕانەوەدا هەیە، نووسینەکە گەشتنامەیە و ئەدەبی ئێمە لەم بوارەدا هەژارە و چەند نموونەیەکی کەممان لەبەردەستدایە، ڕەنگە دیارترینیان سەفەرنامەکانی (هیوا قادر و ڕەووف بێگەرد)بن،  نووسەر بێ ماسک و شەرم و حسابکردن بۆ نەریت و باری کۆمەڵایەتی… گەشتەکەی خۆی کردووە بە نووسین، لە گەشتەکەیدا هەندێک زانیاری نوێ و گرنگی وڵاتی جۆرجیامان بۆ دەگوازێتەوە، گەشتەکەی بۆ وڵاتێک کردووە کە لەنێو جەرگەی ڕووداوە مێژووییەکاندا قورسایی و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش و قووڵ ڕووداوی خولقاندووە و سەبارەت بە هەر یەک لەو ڕووداوانە سەرنجی خۆی خستۆتەڕوو، زمانی گێڕانەوە ئەگەرچی بە شێوەزاری دەشتی هەولێر نووسراوە، بەڵام بونیادێکی بەرز و جوان و شاعیرانەی هەیە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم زمانە بووەتە شوناسی نووسینی ئەم نووسەرە و پێوەی دەناسرێتەوە، هەر لە بارەی زمانی گێڕانەوەوە خوێنەر بە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە و چەمکی کۆنی ناوچەیی دەکەوێت… کە بە بڕوای من هەریەک لەوانە دەتوانێ بەشدار بێت لە دەوڵەمەندکردنی زمانی کروردیدا.

بەشەکانی کتێبی (بە سێبەری کێوی قافەوە) بریتین لە (بەسەر هەورەوە، نیشتنەوە لە چراخان، شاری لە شێوەی دوو کەرتەسێو، گەڕیدەی دیرۆکی، کیژی ناو شیعر، تیلمە تەڕەکەی بەهەشت، بنپێی دایکی گورجستان، نێوان مەمکۆڵان شووشەی شەراب، کلێسە لە چۆڵەوانیی دنیادا، نیگارێ دیرۆک دەگێڕێتەوە، فڕفڕۆکەی دایکی ستالین، کۆڵانی ماچان، ستالین منداڵی بن درەخت، ماڵی ستالین، مزگەفتی تەبایی، حەسرەت بۆ شەمەندەفەر، دار و دار تا دەریا، ڕەشی پێش زەردەپەڕ، سەمای دۆلفین، سەمای ئاو، تێلێ دەریا کەرت دەکات، ماینی ئاوی، لە شەوان مەستتر، پەیکەری جوانی، پێڵاێک پێکەنین، دیتنەوە، بزربوون، پلکە گورجیم دیتەوە، پەری لە نزیکەوە، قاف ماڵاوا.

ناردن: