ڕەخنەی کولتووری

ڕەخنەی کولتووری

وەک ئەڵتەرناتیڤێکی مەنهەجی بۆ ڕەخنەی ئەدەبی

هەر وەک لە خودی ناونیشانەکەوە دەردەکەوێت، ئەم کتێبە، واتە (ڕەخنەی کولتووری وەک ئەڵتەرناتیڤێکی مەنهەجی ڕەخنەی ئەدەبی) لەلایەن یەکێک لە بیریارە گەورەکانی عەرەبەوە (د. عەبدوڵڵا محەمەد غەزامی) ییەوە نووسراوە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و فرە ڕەهەندی پشتئەستوورە بە بنەما زانستییەکانی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی دەقی شیعری و تەواوی ڕەگەزە بنچینەیی و پێکهاتە ئیستاتیکی و زمانەوانییەکان، ئەم لێکۆڵینەوەیەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە و لە لایەن دانا ئەحمەدەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، یەکێک دەبێت لەو کۆمەڵە کتێبە نوێیانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی یانزەدا، لەگەڵ دەیان کتێبی دیکەی دانسقە و جوان و گرنگی جۆراوجۆردا، بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب بکات، ڕاستییەک سەبارەی بە شیعری عەرەبی ئاشکرا دەکات و پێی وایە شیعری عەرەبی لەسەر ئەرکی خۆی بونیاد نەنراوە، بەڵکو دیاردەگەلێکی سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی و نەریتین، کە بە بڕوای وەرگێڕی کتێبەکە، لەبەر بەهێزییان چوونەتە ناو واتای شیعرییەوە و بوون بە شیعر.

ئەم کتێبە وەک کتێب و لێکۆڵینەوەکانی دیکە، ئەو نەریت و ڕێبازەی پیادە نەکردووە کە هەر بەشە و ناونیشانێکی سەربەخۆی هەبێت، بە پێچەوانەوە، لێرەدا هیچ جۆرە ناونیشانێکی سەرەکیی جگە لە هەندێک ناونیشانی لاوەکی، بوونی نییە، بەڵکو لە ڕێی ژمارەوە، خوێنەر لە بەشێکەوە دەچێتە بەشێکی دیکە، ڕەنگە هۆیەکی ئەمە پەیوەندی بەو یەکێتی بابەتەوە هەبێت، کە پانتایی تەواوی کتێبەکە و لێکۆڵینەوەکەی گرتۆتەوە و هەر بەشێکی دواتر پەیوەنددارە بە بەشەکەی پێشووترەوە.

دانا ئەحمەدی وەگێڕی ئەم کتێبە، لە پێشەکییەکی کورتدا ڕای خۆی سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی دەخاتە ڕوو و پێی وایە کە ڕەخنەی ئەدەبی خاوەن پانتاییەکی فراوانە، ڕایەڵەی زۆری دەچێتەوە سەر زۆربەی هەرە زۆری کایە مرۆییەکانی تر، بەڵام بەستەری ڕەخنە، لەگەڵ سەرجەم ئەو کایانەدا، خودی سروشت و ڕسکانی زانستەکە و جۆری گونجاندنیەتی لەگەڵ دەق و خاوەن دەق دا.

بە بۆچوونی وەرگێڕی کتێبی (ڕەخنەی کولتووری وەک ئەلتەرناتیڤێکی مەنهەجی ڕەخنەی ئەدەبی) دەق پێش ڕەخنە لەدایک دەبێت، بۆیە بواری خوێندنەوە و شیکردنەوەی دەمانباتەوە سەر پاشخانی نووسینی دەقەکە، کە هەندێ ڕەخنەگر بە تەواوی دەق لە خاوەنی دەق دادەماڵن و دەڵێت: بەو هیوایەی دەق خۆی ببێتە دامەزراوەیەکی مەعریفیی ئەوتۆ، کە لە کاتی شیکردنەوەیدا دوور و نزیک، نە وەرگر و نە ڕەخنەگریش بیریان بە لای خاوەن دەقەکەدا نەچێت.

پێشەکیی ئەم کتێبە ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە بەشێکی گەورەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی لەژێر کاریگەریی ئەدەبی عەرەبیدا بووە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە زۆربەی هەرە زۆری شاعیرانی کلاسیکی کوردی، شارەزاییان لە هونەرە قسەییە ئاشکراییەکان و زاستەکانی ڕوونبێژی و لێکچوون و درکە و خوازە و خواستن و زانستە بەدیعییەکاندا هەبووە، وەک: جۆرەکانی ڕەگەزدۆزی و پێچەوپەخشە و توانجپۆشی و دژیەک و هتد…!

د. عەبدوڵڵا محەمەد غەزامی، کە یەکێکە لە بیریار و تیۆرسانە ئەدەبی و کولتووریەکانی عەرەب و خاوەنی ئەم کتێبە بە کوردی کراوەیە، لە دەروازەی کتێبەکەدا هەندێک پرسیاری داناوە، کە بە گوتەی خوی، پاش دەرچوونی یەکێک لە کتێبەکانی بە ناوی (ڕەخنەی ڕۆشنبیری) لە لایەن کەسانێکەوە ئاڕاستەی کراوە، کە خۆشیان سەر بە دونیای نووسین و کاری ڕەخنەیین.. پرسیارەکان کە لێرەدا دانروان و عەبدوڵڵا محەمەد غەزامی باسیان لێوە دەکات، بریتین لە: (ڕەخنەی ئەدەبی بۆچی؟ ئایا ئەڵتەرناتیڤێکی کردەییە بۆ ڕەخەنی ئەدەبی؟ ئایا سیاسەت و بە سیاسەتکردن نەک بە شیعرکردن نەسەقی زاڵ نییە؟ ئایا لە ڕەخنەی ئەدەبیدا شتێکی تێدایە کە خەوشداری بکات یان کەموکوڕی بێت هەتاکو بۆ ئەڵتەرناتیڤێک بگەڕێین بۆی؟ ئایا ڕەخنەی کولتووری تەنها ناوێکی نوێ نییە بۆ ئەرکێکی کۆن؟ ئایا نەسەقە کولتوورییە عەرەبییەکان پەییان پێ نابرێ تەنها لە ڕێگەی دەستەواژەکانی ڕەخنەی کولتوورییەوە نەبێت؟

سەبارەت بە هەردوو زاراوەی (ئەدەب و کولتوور) د. عەبدوڵڵا محەمەد، نووسەری ئەم کتێبە، پێی وایە جۆرێک لە یەکتربڕین لە نێوان ئەدەب و کولتووردا ڕوودەدات، بەو پێیەی کە دوو چەمکی دێرین و بەیەکداچوون… پتر لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات و دەڵێت: هەر وەک هەمان شت دووبارە دەبێتەوە، لە نێوان هەردوو چەمکی ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی کولتووریدا، با ئێمە لە  کۆتاییەوە دەست بکەین بە حیکایەتەکە، ئێمە هەر دەبێ ڕەخنەی ئەدەبی بگێڕینەوە بۆ ئەدەب و لە بەرانبەریشدا، ڕەخنەی کولتوور بۆ کۆلتوور… دکتۆر عەبدوڵڵا غەزامی، ئەمە بە گەمەیەکی کاڵفامانە پێناسە دەکات و وای بۆ دەچێت لە ئاستێکدا دەوەستینەوە، لەو پەندە دەچێت کە دەڵێت: پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر، ئاوی تەفسیر کردەوە بە ئاو، وەرگێڕ مانای ئەم ئیدیۆمەی لە پەراوێزدا بەم شێوەیە داناوە (شەل نییە و پای شکاوە.)

بە بۆچوونی ئەم لێکۆڵیار و بیریارە عەرەبە، ئەم بابەتە کاتێک ئاڵۆز دەبێت، کە خۆمان دایە بەر میچەری ئەو پرسیارەی کە: ئایا مەبەستمان لە زاراوەی ئەدەب و کولتوور چییە؟ چونکە دوو زاراوەن کە خۆمان وا پیشان دەدەین دەیانناسین و هیچ پێویستیمان بە پێناسەکردنیان نییە و پاشان دەڵێت: بەڵام هەر توێژەرێکی ئەدەب و کولتوور، ئەوە باش دەزانێت کە بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە، کە بۆچوونە بەراییەکان پێمان دەڵێن.

نووسەر جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ڕەخنەی ئەدەبی کاری مەزنی بە درێژایی چاخەکان بە ئەنجام گەیاندووە، بگرە ئەو زانستە بووە، کە خاوەنی قووڵترین و درێژترین ئەزموون بووە لە نێو زانستەکانی دیکەی ڕۆشنبیری عەرەبیدا… لەسەر ئەم بابەتە زیاتر دەڕوات: بێگومان ئەو زانستە بووە کە سەربەخۆییەکی جۆریی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، لە هەموو کاریگەرەکانی دەسەڵاتدا، ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێ کە وەک زانستێکی بێهودە تەماشایان کردووە، چونکە شاعیرەکان شۆخییان بە ڕەخنەگران و زمانناسەکان هاتووە.

لە شوێنێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەیدا، نووسەر باس لەوە دەکات کە ڕەخنەی ئەدەبی، لە هەموو مێژووی خۆیدا (کۆن و نوێ و پۆست مۆدێرن) مامەڵەی لەگەڵ پرسی جوانی دەقدا بە شێوەیەکی جەوهەری کردووە، دواتر پابەندی کردووە بە دەقێتی دەقەوە و ئەدەبگەرایی کردە قەڵایەکی بەتین، بەهۆی ئەو کارنامەیەوە کە بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان، ڕەخنەگرەکان پارێزگارییان لێ کردووە، مەرجەکانی هەبوونایەتییان سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە و ئەوەی مەرجەکانی تێدا دەستەبەر نەبوایە، دوریان دەخستەوە.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی یەکێک لە کتێبە تازە و گرنگەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لەگەڵ زیاتر لە بیست کتێبی دیکەی جۆراوجۆردا، لە پێشانگای نودەوڵەتی کتێب بڵاودەکرێنەوە.

بارین عەلی

ناردن: