ـ من دڵم خۆشە و تا ڕادەیەکیش ناتوانم باوەڕ بەمە بکەم، پێک هینا ئاوا بە ئاژانسی دەنگوباسی سوید ئەڵێت، کاتێک هەواڵی وەرگرتنی خەڵاتی ئەسترید لینگرێنی پێ ئەگەیەنن.

ـ ئەمە وەک خەڵاتی نۆبڵ وایە بۆ ئەدەبی منداڵان، ڕەنگە لەو گەورەتریش بێت. من ئاگاداری ئەم خەڵاتەبووم بەڵام هەرگیز باوەڕم نەئەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆم  ئەم خەڵاتە وەربگرم. بۆیە ناگەهانێکی گەورەیە بۆ من، پێک هینا وائەڵێ لەکاتێکدا خۆی کتێبەکانی ئەسترید لینگرێنیش باش ئەناسێت.

پێک هینا، خانمە نووسەری کۆریای خوارو خەڵاتی ئەسترین لینگرێنی ساڵی ٢٠٢٠ پێ ئەدرێت، کە بەهای خەڵاتەکەی نیو ملیۆن دۆلارە. دوای بەهای خەڵاتی نۆبڵ دووهەم خەڵاتی گەورەی ناو سویدە و یەکەم گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیشە کە ئەبەخشرێت بە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان و مێردمنداڵان لە جیهاندا.

کولیچەی هەورین، ناونیشانی ئەو کتێبەیە کە بە زمانی سویدی بڵاوکراوەتەوە، کتێبێکە سەرکەوتنێکی گەورەی هەم لە کۆریای خوار و هەم لە دنیادا بەدەست هێناوە. ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ دەرچوونی ئەم کتێبەدا ناوی نووسەرەکەی خستە ناو نەخشەی پێشانگای کتێبی منداڵانەوە.

ـ لەبەرئەوەی من تازە دەستم بە نووسین کردبوو، گرێبەستێکم ئیمزاکرد و حەقی چاپی کتێب و پاداشتەکانم بەخشی بە دەزگای بڵاوکردنەوەکەم، ئێستاش لە جەنگی ئەوەدام ئەو مافە بۆخۆم بسێنمەوە. نووسەرە تازە دەستپێکردووەکان ناتوانن پلەوپایەیەکی تاڕادەیەک باش بەدەستبهێنن کاتێک ئیمزا لەسەر گرێبەستێک ئەکەن. زۆرینەی کات ئیمزا لەسەر گرێبەستێکی خراپ ئەکەن، وەک ئەوەی کە من کردوومە، چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی ترم لەبەردەستدا نەبوو.

پێک هینا، ئەمڕۆ هەرە بەناوبانگترین چیرۆکنووسی منداڵان و هونەرمەندی نەخشەسازی کتێبە لە کۆریای خواروو، تا ئێستا خاوەنی ١٣ کتێبە، وەک ئەوترێت ئەو بە ناچاری لەو جەنگەوە گلاوە چونکە تازە سەرەتای نووسینی بووە، ئەگەرچی خۆشی لەو باوەڕەدا نەبووە بیباتەوە.

ـ من حاڵم بێ ئەندازە خراپ بوو هەرچی وزەیەکم هەبوو لەدەستمدابوو، هەستم ئەکرد بڕستم لی بڕاوە هەتا ئەو ڕۆژەی تەلەفوونەکەم لەلایەن لیژنەی دادوەرانەوە بۆ کرا. تائێستاش باوەڕ ناکەم کە ڕاست بێت، هەرگیز من شانسیکی ئەوتۆم لە هەموو ژیاندا بۆ هەڵنەکەوتووە.

پێک هێنا بەدەستەکانی خۆی مینیاتوور دروست ئەکات. ژوور ، مۆبیلە و فیگوری زۆر بچکۆلانە ئەخولقێنێت. دواهەمین کاری کە ناوی “من سەگم”، پەیکەری بچوکی پەنجا سەگی لە قوڕ دروست کراوە. کاتێکیش گەنج بووە لە زانکۆی هونەری کالیفۆرنیا وێنەسازیی خوێندووە و وێنەی ناو هەموو کتێبەکانیشی خۆی کێشاونی.

ـ من هەموو سەرنجم لەسەر خوێنەرەکانمە، هەوڵ ئەدەم ڕایانبکێشم بەلای خۆمدا، ئەوە تەنها فوکسێکی منە، پێک هینا وا ئەڵێت لە کاتێکدا هەمیشەش حەزی بە چیرۆکگێرانەوەشە.

ـ ئەمەوێ دڵی خوێنەرەکانم خۆشبکەم و دەستم هەبێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریاندا و پەیامی خۆمیان پێ بگەیەنم.

دادوەری خەڵاتی ئەسترید لینگرێن سەبارەت بە چیرۆک و نەخشەسازییەکانی پێک هینا ئەڵێت:

رۆح ئەکات بەبەری شتەکاندا، جوڵە و ڕوخسار ئەدات بە هەڵسوکەوتیان، چیرۆکەکانی  فلمێکی وێنەین لەسەر تەنهایی منداڵ و پێکەوەیی و هاوپشتییان.”

پێک هینا یەکەم کتێبی ئەو کاتە نووسیوە کە کچەکەی هاتووەتە دنیاوە. خەیاڵی کتێبەکەی لە سەردەمی منداڵی خۆیەوە وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەو سەروەختەی دایکی نانی کردووە و هەموو خواردنێکی لێناوە و جلوبەرگی منداڵەکانیشی دووریوە. چیرۆکەکە باس لە دوو بەچکە پشیلەی خوشکوبرا ئەکات کە ڕۆژێکی باراناوی پارچە هەورێک ئەهێننەوە بۆ ماڵەوە و دایکیشیان کولیچەیەکی سیحریان بۆ لێ دروست ئەکات. پێک هینا مینیاتوری سەردەمی منداڵی ماڵی خۆیانی بۆ کتێبەکە دروست کردووە.

ـ ئەم کارانە کات زۆر ئەبەن، بەڵام هێشتاش زۆر لە دروستکردنی فلمی ئەنیمەیشن ئاسانترن..

ـ زۆر لە بیرۆکەی ئەو کتێبانەی دوایم لە منداڵی خۆمەوە هێناوە، بیرۆکەی چیرۆکی کتێبی “نوقڵە خڕە سیحرییەکە”م لە ژیانی کوڕەکەمەوە وەرگرتووە کە لە پەیداکردنی هاوڕێدا گرفتی هەبوو.

پێک هینا، خانمە نووسەرێکی کۆریای خوارووە کە هەم چیرۆک ئەنووسێت و هەم نەخشەی کتێبەکانیشی ئەکێشێت و لە دروستکردنی فلمی ئەنیمەیشنیشدا خاوەن ئەزموونە، ساڵی ١٩٧١ لە سیول لەدایک بووە و کتێبەکانی هەم لە وڵاتەکەی خۆی و هەمیش لە سەرتاپای کیشوەری ئاسیادا پڕفرۆشترینن.

خەڵاتی ئەدەبی ئەسترید لینگرێن لە ساڵی ٢٠٠٢ ـەوە ئەبەخشرێت. خەڵاتەکە ئەدرێت بە نووسەرێک یان ڕێکخراوێک کە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەسترید لینگرێن بێت و پارێزەری بەها دیموکراتییەکان بێت. کەسی براوە لەلایەن دوانزە دادوەرەوە هەڵ ئەبژێرێت کە پێکهاتوون لە نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی، ئەدەبناس، نەخشەساز و کتێبدار. خەڵاتەکە بریتییە لە پێنج ملیۆن کڕۆن، ئەمەش بە هەرە گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی منداڵان و مێردمنداڵ دائەنرێت لە جیهاندا.

بۆ ئەم ساڵ ٢٤٠ پاڵێوراو لە کۆی ٦٧ وڵات هەڵبژێرابوون بۆ ئەم خەڵاتە. بەریتانیا زۆرترین بەشی هەبووە لە لیستی ناوەکاندا کە بیست پاڵێوراو بوون. دوای ئەو لە سوید سیانزە پاڵێوراو کە لە ناویاندا پییا لیندنبوم، سیسیلیا تۆرود، ئیلون ویکلاند و ئێڤا لینسترۆم هەبوون.

خەڵاتی براوەکانی چوار ساڵی ڕابردوو بەم ساڵەوە بریتیبوون لە:

٢٠٢٠ پێک هینا ـ کۆریای خواروو

٢٠١٩ بارت مویارێت ـ بەلجیکا

٢٠١٨  جاکولین ۆدسۆن ـ ئەمەریکا

٢٠١٧ ۆڵف ئەلبروچ ـ ئەڵمانیا

٢٠١٦ مێگ روسۆف ـ ئەمەریکا و دانیشتووی بەریتانیا

٢٠١٥ ڕێکخراوی خوێنەر ـ ئەفەریقای باشوور

سەرچاوە:

https://www.boktugg.se/av-alma-priset-2020/

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر خەڵاتی ئەسترید لینگرێن بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕوانە ئەم ڤیدیۆیە لە یوتوب:

ناردن: