مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی جوان و سەنگینی بە ناوی (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) چاپ و بڵاو کردەوە، بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی ئەدەبی تورکی، ڕۆمانێک کە بە هەموو هێز و وزە و بوونیەوە، دەیەوێت پەردە لەسەر چیرۆکی تراژیدی و قوربانییە نادیارەکانی ئەودیو شیش و پەنجەرە و دیوارە بەرز و ئەستوورەکانی زیندان هەڵبداتەوە کە تیایدا کۆمەڵێک ژن ئازار دەدرێن و کەس گوێی لە هاواریان نییە، ئەم ڕۆمانە (فەریدە چیچەک ئۆغڵۆ) نووسیویەتی و لە لایەن (جەبار سابیر) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا یەکێک لە پێوەرەکانی هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، جگە لە شارەزایی زمان و ئاگادار بوون لە تەکنیکەکان و ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری، بریتییە لەوەی چ دەق، یاخود بابەت و تێکستێک هەڵدەبژێرێت بۆ وەرگێڕان کە نزیک بێت لە زەوق و چێژی خوێندنەوەی خوێنەرانی ئەو زمانەی دەقەکەی بۆ وەردەگێڕێت، هاوکات لایەنێکی دیکەی وەرگێڕی باش ئەوەیە کە ئەزموونی تازە، یاخود نووسەرانێک کە پێشتر بە ئێمە نامۆ بوون، پێمان بناسێنێت و ئاشنامان بکات بە ئەزموون و بەهرە و دونیابینی و شێوازی نووسینیان، جەبار سابیری وەرگێڕ لە ڕۆمانی (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) هەم ڕۆمانێکی شایستەی هەڵبژرادووە کە دنیاکەی و بابەت و چیرۆک و کاراکتەر و ڕووداوەکانی نزیکن لە خەم و خەون و دنیای تراژیدی ئێمەی کردەوە، هەم ناوێکی دیکە و ئەزموونێکی دیکەی لە ئەدەبی تورکی بە ئێمەی خوینەرانی کورد ناساند و وای کردووە هەر کەسێک ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، تامەزرۆی ئەوە ببێت کۆی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە تورکە بخوێنێتەوە، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بە ئێمە دەگات، ئەدەبێکی بەرگریی و سیاسییە، ڕەخنەی قووڵی نووسەرێکی ناڕازییە لە سیستمی حکومڕانی و یاسا، پیشاندانی بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتێکە، کە پایەکانی دەسەڵاتی هێند کۆن و درزبردوون، ترسی لە بچووکترین جیاوازی و جووڵە و ناڕەزایەتی هەیە.

بە درێژایی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکان، زیندان شوێنیک بووە بۆ تەمبێ کردن و سزادان و لەناوبردنی کەسانێک کە بە دۆخ و ژیانی باو، یاخود ئەوەی دەسەڵات بە زۆرەملێ سەپاندوویەتی ناڕازین و چاویان لەسەر دونیا و ژیانێکی دیکەیە، بەرخودان دەکەن و ڕێگاکانی سەرکەوتن بە سەختی دەبڕن، حکومەتە فاشیستەکان بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگ کردنی دەنگە ئازا و ئازادەکان، گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی زیندان و دۆزینەوەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدات، هێندەی مەبەستیەتی دیواری زیندانەکان بەرز و ئەستوور بن، نیو هێندە مەبەستی نییە پۆلی قوتابخانەکان دڵگیر و فراوان بن، هێندەی لە خەمی تاریک کردنی ژوورەکانی ئینفرادیدایە، لە خەمی ئەوەدا نییە پارکێک لە کۆڵانێکی میللیدا دروست بکات، بە گشتی زیندان بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان شوێنێکە بە تەکنیکی جیاجیا مرۆڤی ناڕازی تێدا دەخەسێنرێت، ملکەچ و ڕیسوایان دەکەن، زۆر جاریش ئەگەرچی کۆمەڵێک هاوچارەنووس پێکەوە بەندن و لە یەک کاسەدا تاڵاو دەنۆشن، بەڵام لە لایەن جەللادەکانەوە دەکرێن بە دووژمنی یەکتر و تۆوی ڕق و نەفرەت لە نێوانیاندا دەچێنن، ئەو میکانیزمانەی لە زیندانەکاندا مرۆڤی پێ لەناو دەبەن، هەزار جار لەوە سەختتر و گرانترە کە ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان دروست بکەن… ئەم ڕۆمانە (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) کتومت دەرخەری ئەم ڕاستییەیە و ئاوێنەنمای ئەو ژیانە نالەبارەیە کە لە زیندانەکاندا دەگوزەرێن.

ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی چەند نامەیەکەوە کە (باریش)ی منداڵ بۆ (جۆن)ی دەنێرێت، چیرۆکی غەمگینی کۆمەڵێک هاوبەندی ژنانمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەر یەکەیان بە تۆمەت، یان تاوانی جۆراوجۆری وەک سیاسی و کۆمەڵایەتی زیندانی کراون، لە ڕاستیدا باریش زۆر لەوە منداڵترە بتوانێت نامەکان بنووسێنت، بەڵکو گەورەکانی نێو زیندان بۆی دەنووسن و لە زاری بارییشەوە، ڕووداوە ڕۆژانەییەکانی نێو زیندانی ژنان، خەون و ئاواتەکان، ڕزگاری و بەدیهاتنی ئامانجەکان بۆ جۆن دەگێڕێتەوە، جۆن خانمێکی زیندانی بووە و پێشتر لە هەمان زینداندا بووە، بەڵام ئازاد کراوە، ئەگەرچی باریشی منداڵ بە هۆی بەندکردنی دایکیەوە کەوتۆتە نێو زیندان و هیچ شتێک دەربارەی دنیای دەرەوە نازانێت و لە زینداندا ئاشنا دەبێت بە شتەکان، بەڵام لەگەڵ جۆن پەیوەندییەکی قووڵی هەبووە لە زینداندا، جۆن هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ وا بووە بۆ باریش و لە ڕێی ئەوەوە ئاشنا بووە بە دنیای دەرەوە و هەمیشە ڕێنمایی کردووە و ڕاستییەکانی ژیانی بۆ باس کردووە، لەو نامانەدا کە باریش بۆ جۆنی دەنێرێت و هیچ مەعلوومیش نییە دەگەن بە دەستی یان نا، تێدەگەین کە چی دەگوزەرێت لە دۆزەخی ئەودیو دیوارە ئەستوورەکانی زیندان، بە هۆی ئەو نامانەوە گوێبیستی چیرۆکە غەمگینەکانی زیندانییەکان دەبین، بێگومان هەر کام لە زیندانییەکانیش چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە و دیسان بە هۆی نامەکانی ئەو منداڵەوە بەر قوربانییە گەورەکان دەکەوین، بەر ئەو ژیانە نالەبارە دەکەوین کە مرۆڤ دووچاری تاوان و لادان دەکات، ئەو هۆکارانەمان بۆ باس دەکات کە وا دەکات مرۆڤ بە دەستی خۆی ژیانی خۆی تاڵ بکات، هاوکات نموونەی مرۆڤی سیاسی و خۆڕاگرمان پیشان دەدات، مرۆڤگەلێک کە خاوەنی بیروباوەڕ و ئومێدێکی گەورەن بە ژیانێکی باشتر.

یەکێک لەو نموونە بەرجەستانەی کە ترسنۆکی دەسەڵاتی فاشیستمان پیشان دەدات، بوونی گومانە لە هەموو جموجووڵێکی زیندانەکان، تەنانەت کاتێک لە یەکێک لە ژوورەکاندا کتێبێک ئاشکرا دەبێت، تەواوی جەللاد و بەڕێوەبەرانی زیندانەکە دەکەونە حاڵەتێکی نائاسییەوە و فەزای ترس بە هەموو لایەکدا بڵاو دەبێتەوە، بوونی کتێبێک کە لە خودی کتێبخانەی نێو زیندانەکەوە، لە لایەن یەکێک لە زیندانییەکانەوە خواستراوە بۆ خوێندنەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیستانە، سڵ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و وشیارییەکی ئینسانەکان دەکەنەوە و گرەوەی تەمەنیدرێژی و ملهوڕییان لەوەدا دەبیننەوە کە نەوەیەکی گەمژە و بیرنەکەرەوە و نەخوێندەوار پەروەردە بکەن، تا ملکەچ و ڕازی بن بەو یاسا و سیستمەی کە دایانڕشتووە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

هەر وەک وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە (جەبار سابیر) ئاماژەی پێ داوە (فەریدە چیچەک ئۆغڵۆ) لە ساڵی ١٩٥١ لە ئەنکارا لەدایک بووە، کۆلێژی تەلارسازیی لە زانکۆی میدڵ ئێستی ئەنکارا تەواو کردووە و دواتر چووەتە ئەمریکا، ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی پەنسلڤانیا دکتۆرای لە تەلارسازیدا وەرگرتووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و وەک یاریدەدەری مامۆستا وانەی گوتووەتەوە، ساڵی ١٩٨٠ بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە و چوار ساڵ حوکم دراوە، پاش ئازادبوونی، لە خانەیەکی بڵاوکردنەوەدا کاری پێداچوونەوەی تەواو کردووە: ئەم ڕۆمانە بە شێوەی نامە لە زاری مندڵێکەوە نووسراوە، کە لەگەڵ دایکیدا لە زیندانە و نامەکانی بۆ ژنێک دەنێرێت کە پێشتر لە زیندان بووە و بەرلەمان ئازاد کراوە، منداڵەکە دنیای دەرەوەی نەبینیوە و لە نامەکاندا باسی ئەو شتانە دەکات کە یەکەمجارە دەیانبینێ و دەیانبیستێ، ناوەڕۆکی نامەکان باس لە ئازادی و مرۆڤایەتی و جیهانێک دەکەن کە مرۆڤ لەوێدا ڕێزلێگیراو بێت، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە تورکیا، شەپۆلێکی زۆری گرتن و ڕاودوونان لە دژی کۆمۆنیستەکان دەست پێ دەکات، ئەم ڕۆمانە باس لە زیندانێکی تورکیا دەکات کە لەوێدا کۆمەڵێک ژن هەن و هەندێکیان لەسەر بیروبۆچوونی جیاوازم بە تایبەت کۆمۆنیستی دەستگیر کراون و ڕۆژانە سووکایەتییان  پێ دەکرێت.

ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە، تەنیا هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنی بچووکی ئەم ڕۆمانە جوانە، دڵنیام خوێنەری وشیار و زیرەک لە ساتی خوێندنەوەیدا درک بە کۆمەڵێک لایەنی جوانی دیکەی ڕۆمانەکە دەکات و زۆر نهێنی هەیە لەناو ڕووداوەکاندا بەرهەڵدای دەکات، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەم بە نووسەرێک و ئەزموونێکی دیکەمان ئاشنا دەکات، هەم چێژ دەبینین و هەم ئاگاداری ڕەوشی سیاسی یەکێک لە قۆناغە مێژووییەکانی وڵاتی تورکیا دەبین کە چۆن لە پرۆسەیەکی شێتانەدا کۆمەڵێک ژنی چالاکی کۆمۆنیست دەخرێنە نێو ترسناکترین زیندانەکانی وڵاتی تورکیاوە.

تاریا ڤیگێن شاکارێکی دیکەی هێنریک ئیبسن
داستانەشیعر

ڕانانی: سەردەم

لەم ڕۆژانەی پێشوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی گرنگ و بەنرخی لە بواری داستانەشیعردا، چاپ و بڵاو کردەوە، لە ڕاستیدا ئەم کتێبە کتێبێکە کە بۆ خوێنەر چێژی خوێدنەوەی ڕۆمانێکی گەورەی هەیە، چونکە بە زمانێکی شیعریی پاراو و سادە، داستانێکی گەورەمان بۆ دەگێڕێتەوە، هاوکات لە لایەکی ترەوە ئەم کتێبە گێڕانەوەی ڕاستیی ڕووداوەکانی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییە و چیرۆکی بەرخودان و قارەمانێتیی کەسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە بە ناوی (تاریا ڤیگێن.)

 ئەم کتێبە لە لایەن گەورە نووسەر و شانۆنامەنووسی ناوداری جیهانی (هێنریک ئیبسن) نووسراوە و (هاودەم ساڵح جاف) کە پێشتر کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی نەرویجی وەک شانۆنامە و ڕۆمانی پێ ناساندبووین، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، هاوکات بە زمانێکی ئەدەبی و بێ گرێ و گۆڵ، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

کەسێکی قژ ماشوبرنجی سەیر لەوێدا

لە پەڕگی دەروەی دوورگە ڕووتەنەکەدا دەژیا،

بێ دوودڵی نە لە وشکایی و نە لە دەریا

ئەو ئازاری کەسی نەدەدا

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جاروبار ترسێنەرانە سوور هەڵدەگەڕا،

ئەوەش بەزۆری لەبەرەو نائارامچوونی کەشدا،

ئیدی ئەو بە لای خەڵکەوە عەقڵی تێکچووبوو لەو ساتەوەختانەدا،

بۆیە کەم بوون ئەوانەی بێپەروا

خۆیان لە قەرەی تاریا ڤیگێن دەدا.

بەم دەستپێکە شیعرییە، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە شاپاڵەوانی داستانە شیعرییەکە کە (تاریا ڤیگێن)ە، داستانێک کە لە دەستپێکەوە بەم هەناسە شیعرییە دەست پێ دەکات تا کۆتایی، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ گەشتێکی پڕ لە ڕووداو و شوێن و ئاشنایا دەکات بە چەندین چیرۆک و ململانێ سەبارەت بە جەنگ و داگیرکاری و سەرکێشی، ئەوین و خێزان و منداڵ، سروشت و بەرەنگاریی ئالەنگارییەکان.

هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (هاودەم ساڵح جاف) خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، داستانەشیعری تاریا ڤیگێن، بەرهەمێکی هێماگەرای ڕیالیزمی سەدەی نۆزدەیە، ئەگەرچی لەسەر شێوازی هێماگەریی ڕیالیزمی ڕۆنراوە، وەلێ هێشتا مۆرکی دۆخی ڕۆمانتیکی نەتەوەیی تێدا کاڵ نەبووەتەوە: ئیبسن لە داستانەشیعرییەکەی (تاریا ڤیگێن)دا، سەردەمی جەنگی ساڵی ١٩٠٨ دەگێڕێتەوە، ئەو جەنگەی ناپلیۆن لە ئەوروپادا بووە هۆی هەڵگیرساندنی و دانیمارک- نەرویج تێیدا چوونە بەرەی فەڕەنساوە، وەلێ چوونە پاڵ فەڕەنسای نەرویج شتێک نەبوو لەدەست نەرویج خۆیدا بێت، ئەوە بڕیاری دانیمارک بوو، نەرویج بە ناچاری وەک وڵاتێکی پاشکۆی دانیمارک دەبوایە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بێت.

بەم شێوەیە دەبینین و تێدەگەین کە ئەم داستانەشیعرییەی ئیبسن، ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە و واقیعێکە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییدا ڕووی داوە، ئەویش بابەتی جەنگ و داگیرکاری و تەماعی بازارگانیی دەوڵەتە گەورە و پڕ چەکەکانی ئەوروپایە بۆ سنوور بەزاندن و تێکشکاندنی دەوڵەتانی دی، واتە دەکرێت خوێنەر لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم داستانەشیعرییەوە تێبگات کە ئەو جەنگە بۆ ڕووی دا، کێ کوێی داگیر کرد، ئاکامەکەی چی بوو؟

ھێنریک یۆھان ئیپسن، ناسراو بە ھێنریک ئیبسن ٢٠ی ئازاری ١٨٢٨ – ٢٣ی ئایاری ١٩٠٦، شانۆ نووسێکی نەرویژی بووە و بە باوکی شانۆی نوێ ناسراوە و ناوبانگی لە دوای شکسپیرەوە دێت، لە ٢٠ی ئازاری ١٨٢٨ لە نەرویژ لەدایکبووە، دوای بەرھەمھێنانی دووەم شانۆی بە ناوی (جەنگاوەر) ناوبانگی دەرکردووە، وەکو بەڕێوەبەری سەرنووسەری شانۆی نەرویژی لە شاری (بورجن) کاری کردووە، لە مەزنترین شانۆنووسەکانی جیھانە، بە تێکڕایی و بە قووڵی سەیری ژیانی کردووە و شانۆکانی خۆی لە نێوان تراژیدیا و نەھامەتییەکی ڕاستەقینەدا دەبینێتەوە.

ھێنریک ئیپسن، لە ساڵی ١٨٥٠ دا یەکەم شانۆی خۆی لەژێر ناونیشانی (کاتالینا) نووسیوە، دواتر شانۆی میلۆدرامای بڵاوکردووەتەوە کە ئەو سەردەمە شانۆی وای بەخۆوە نەبینیبوو، ساڵی ١٨٥١ ئیبسن وەکو یاریدەدەر لە شانۆی (بیرجین) کاری کردووە، پاشان بە مەبەستی خوێندنی شانۆ، گەشتی کردووە بۆ دانیمارک و ئەڵمانیا، ساڵی ١٨٦٢ بووەتە بەڕێوەبەری ھونەری شانۆی نەرویژ لە ئۆسلۆ و سەردانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیای کردووە، ساڵی ١٨٦٠ دوای ئەوەی شانۆگەری براندی بڵاوکردووەتەوە، لە لایەن دەوڵەتەوە مووچەی مانگانەی بۆ بڕدراوەتەوە.

بە گوتەی ڕەخنەگرانی بواری شانۆ (ھێنریک ئیبسن) نازناوی باوکی شانۆی نوێی لێ نراوە و لە بەرھەمە ئەدەبییەکانیدا دەستی خستووەتە سەر ئەو بابەتە ڕاستەقینە و مەترسیدارانەی دووچاری کۆمەڵگای ئەورووپی دەبنەوە، ھەروەھا بابەتەکانی بانگەشەیەک بوون بۆ ھاوسەنگی و ئاشکرا کردنی دەمامکی کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە دووفاقی و دژ بە توندوتیژی بووە.

ھێنریک ئیپسن دوای ئەوەی ناوی خۆی لە پەرتوکی ناودارترین شانۆنووسەکانی جیھان تۆمارکردووە و ڕەخنەی لە زوڵم و ستەمکاری گرتووە کە دژ بە کۆمەڵگا دەکرێت، بە ھۆی نەخۆشییەوە لە ٢٣ی ئایاری ١٩٠٦ و لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

لە شانۆگەری تارماییەکاندا (ئیبسن) تەواو پێجەوانەی شانۆگەرییەکانی تری کاری کردووە، لەم شانۆگەرییەدا باس لە خێزان و پەیوەندی ژن و مێردیاتی دەکات لەسەر بنەمای غەریزە جنسییەکان، لە ئەنجانی ناتەبایی شەڕ و ناکۆکی نێوان ئەم ژن ومێردە، هەریەکەیان بە ئارزەووی خۆی و چۆنی ویستووە، ئاوا دوای غەریزە جنسییەکانی خۆی کەووە، هەریەکەیان لە چەندین پەیوەندی جیاوزادا بوون لە دەورەی ژن و مێردایەتیان.

لێرەوە نەوەیەک لە ناشەرعیەت دروست بوون،کە ئەم نەوانەش دەکەونە خوشەویستی لەگەڵ یەکتری بێ ئەوەی بزانن کە دەشێت ئەمانە ژنێک دایکی هەردووکیان بێت، یان لە پیاوێک بوبێتن کە باوکی هەردوکیان بێت.

لەم شانۆگەریەدا باوک دەستدرێژی سێکیسی دەکاتە سەر کچە خزمەتکارەکەیان و لە دواجاردا کچێکی لێ دەبێت، بەڵام ئەم کارە بە نهێنی دەمێنێتەوە و دەیدەنە پیاوێک تا گەوەری بکات و ئەم پیاوە وەک باوکی دەبینێت.

ئەم کچە لە گەورییدا دەبێتە خۆشەویستی کورێککە باوکی ئەم کوڕە لە کاتی خۆیدا دەستدرێژی کردۆتە سەر دایکی، بە مانایەک ئەم کوڕ و کچە خاوەنی یەک باوکن .

کوڕ دەبێتە جێگرەوی باوک و هەمان ڕێچکەی باوک دەگرێت لە لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان.

بەڵام ئیبسن لەم شانۆگەریەدا جارێکی تر تاوانی تێکدانی بنەماکانی خیزان و ڕاوکردنی ژن و هەوڵدان بۆ تێرکردنی غەریزە سێکسییەکانی دەگەرێنەتەوە بۆ پیاو.

لێرەوە خوێنەر تێدەگات کە ئەم گەورە نووسەرە بە قووڵی لە کارەکانیدا باس لە مرۆڤ و کێشە ئینسانییەکان دەکات و پەردە لەسەر ئەو شانۆیە هەڵدەماڵێت، کە لە ناخی ئینسانەکاندا لە خامۆشی و تاریکیدا ماونەتەوە.

لە ڕاستیدا ئە داستانە شیعرە بۆ سەردەمی جەنگەکانی ناپلیۆن دەمانگێڕێتەوە، جەنگەکانی ناپلیۆن زنجیرەیەک ململانێی گەورە بوون لە ساڵی ١٨٠٣ تا ١٨١٥، کە ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا و هاوپەیمانەکانی، بە سەرۆکایەتیی ناپلیۆن، لە دژی کۆمەڵێک زلهێزی ئەورووپی کە لە کۆمەڵێک ڕێککەوتن و هاوپەیمانی جیاوازدا بوون، بەزۆری لە لایەن شانشینی یەکگرتووەوە سەرکردایەتی دەکران. شەڕەکان لە ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەست بە شۆڕشی فەرەنسا و ململانێی دەرەنجامی ئەوەوە سەرچاوەیان گرتبوو. لە دوای شۆڕشی فەرەنسا، ناپلیۆن بۆناپارت لە ساڵی ١٧٩٩ دەسەڵاتی لە فەرەنسا بەدەستهێنا. لە ساڵی ١٨٠٤ تاجی کردە سەری خۆی و وەک ئیمپراتۆری فەرەنسییەکان خۆی ناساند.

لە ساڵی ١٨٠٥دا، سەرکەوتنی فەرەنسا بەسەر سوپای نەمسا-ڕووسیا لە شەڕی ئۆستەرلیتز کۆتایی بە جەنگی هاوپەیمانی سێیەم هێنا. لە ئەنجامی پەیمانی پرێسبێرگ، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز هەڵوەشایەوە. هەوڵەکانی دواتر کەمتر سەرکەوتوو بوون. لە جەنگی نیمچەدوورگەکاندا، فەرەنسا هەوڵیدا (جۆزێف بۆناپارت) وەک پاشای ئیسپانیا دامەزرێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ساڵی ١٨١٢ لەشکرکێشی فەرەنسییەکان بۆ سەر ڕووسیا قوربانییەکی زۆری فەرەنسی لێکەوتەوە و خاڵی وەرچەرخان بوو لە جەنگەکانی ناپلیۆن. لە ساڵی ١٨١٤، دوای شکستی لە جەنگی هاوپەیمانی شەشەم، ناپلیۆن دەستی لەکارکێشایەوە و دوورخرایەوە بۆ ئێلبا. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا لە دەربەدەری ڕزگاری بوو و سەد ڕۆژەکەی دەستپێکرد پێش ئەوەی دواجار لە شەڕی واتەرودا شکست بهێنێت، دوورخرایەوە بۆ سەینت هێلێنا، کە دوورگەیەک بوو لە زەریای ئەتڵەسی باشوور. دوای شکستی ناپلیۆن، کۆنگرەی ڤیەننا بۆ دیاریکردنی سنوورە نیشتمانییە نوێیەکان بەڕێوەچوو. ئەم ڕووداوەی ئەورووپا بۆ پاراستنی ئەم سنوورانە دامەزرا و کاریگەرییەکی سنوورداریشی هەبوو.

بە درەخت ئەڵێم درەخت

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی خانمە شاعیری ناوداری پۆڵەندی (هالینا پۆشڤیاتۆڤسکا) و لە لایەن نووسەر  وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی)یەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا هەر بە کوردی نووسرا بێت، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا پێش ئەوەی قسە لەسەر بەهای ئیستاتیکی و گرنگیی ئەم ئەزموونە شیعرییە بکەین کە ئێمەی خوێنەر تازە بە ئەزموونەکەی ئاشنا دەبین، پێویستە قسە لەسەر خودی وەرگێڕەکە و زمانی وەرگێڕانەکەی بکەین، بێگومان هەموو تێکستێکی وەرگێڕدراوە لە بنەڕەتدا خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتی زمانی یەکەمی خۆیەتی، واتە ئەو زمانەی پێی نووسراوە و پێی هۆنراوەتە شووناسی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەستەمە کەسێک توانای لێسەندنەوەی ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە زمانییە هەبێت و لایەنی ئیستاتیکی و مانا و وێنە شیعرییەکان بگوازێتەوە بۆ سەر زمانێکی دیکە، ئەگەر خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان نەبێت لەسەر هەموو ئاستەکان، ئەوەی ئەم وەرگێڕە ( ئازاد بەرزنجی) جیا دەکاتەوە لەوانی دیکە، تێگەیشتنی ورد و قووڵیەتی لە خودی دنیای تێکستەکان، بوونی باکگراوەندە ئیستاتیکی و ڕۆشنبیری و فیکرییەکەیەتی بۆ دیتن و تێگەیشتن لە تیێکستەکان، خوێندنەوەی بەردەوام و کەشفکردنە تازەکانییەتی لە ئەدبیاتی دنیادا، هەر ئەمەشە وا دەکات ئەم وەرگێرە (ئازاد بەرزنجی) کە لە زۆربەی کایەکانی وەک ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و فیکردا کاری وەرگێڕانی کردووە و ئەزموونێکی زۆر گەورەی جیهانیی بۆ کردووین بە کوردی، باڵادەستی خۆیمان پیشان بدات و بەشێک لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە بە شاکار و ئەزموونە جیهانییەکان، کە تازەترینیان ئەم هەڵبژاردە شیعرییەی ئەم خانمە پۆڵەندییە، لەم کتێبەدا خوێنەر بە ئەزموون و دونیابینییەکی شاعیرانەی جیاواز دەکەوێت، ئەزموونێک قووڵ و جوان، گوزارشت لە عیشق و ژیان و مەرگ و مێیەتی دەکات، ئەزموونیک لە هەوڵی ئەوەدایە دنیایەکی سەربەخۆ چێ بکات، دنیایەک کە مۆرکی شاعیرانەی تایبەت بە خۆی پێوە دیار بێت:

هاوار ئەکەم

ئەو دەمەی ئەمەوێ زیندوو بم

ئەو دەمەی ئەمەوێ ژیان جێ بێڵم

پێوەی ئەنووسێم

ئەڵێم ژیان

جارێ زووە بۆ جێهێشتن

دەستە گەرمەکەی ئەخەمە ناو دەستم و

لێو ئەنێم بە بناگوێیەوە و

ئەچرپێنم

ئەی ژیان

ژیان لەو مەعشووقە دەچێ کە جێت دێڵێ…

لەم پەڕەگرافە شیعرییەدا ئێمە بەهای بەرز و بەنرخی ژیان دەبینین، کەسێک دەبینین کە تەواو هەست بە پوچێتی و ئازار و نەهامەتییەکانی ژیان دەکات، بەڵام درکی بەوەش کردووە مادام مەحکوومە بە ژیان و ژیانکردن، ئەوا دەبێت بە دڵێکی فراوانەوە باوەش بە ژیاندا بکات، گەمەی لەتەکدا بکات و نەوازشی بکات، داوای لێ بکات وەک مەعشووقێک جێی نەهێڵێت، ئاخر جێهێشتنی مەعشووق کە خودی ژیانە، واتە مەرگی بەرامبەر، ژیان بڕوات ئەم دەمرێت، ئەمیش بە هەموو هێز و بوونیەوە نایەوێت ژیانی لەدەست بچێت.

ئەم شیعرە هەڵبژێردراوانە خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، گرنگترینیان ئەوەیە کە شیعرەکان کورتن و دوورن لە درێژدادڕی، چڕن و بە کەمترین وشە و دەستەواژە و دێڕ، زۆرترین مانا و وێنە و پەیام و شیعرییەتمان پێشکەش دەکەن، ئەم هونەری چڕ نووسینە کاری هەموو شاعیرێک نییە و هەموو شاعیرێک ناتوانێت بەم تایبەتمەندییەوە بنووسێت، بەڵام دەبینین لای ئەم خانمە شاعیرە جیهانێکی فراوان دروست کراوە، جیهانێک کە جێی هەموومان دەبێتەوە تیایدا، جێی ئازار و خەم و خەون و ئەوین و گیانبازی، دەبینین بەو زمانە چڕە، ڕێگاگەلێکی بۆ واڵا کردووین کە دەشێ هەر کاممان لە ڕێگەیەکەوە بڕۆین تا دەگەین بە کەمالی شیعرییەت:

ئەی باڵندەکەی دڵم

خەم مەخۆ

وردەدانی شادمانیت بۆ ڕۆئەکەم

ئەگەشێیتەوە

ئەی باڵندەکەی دڵم

مەگری

وردەدانی خۆشەویستیت بۆ ڕۆئەکەم

بۆ خۆت ئەفڕی

ئەی باڵندەکەی دڵم

بە باڵە کۆکراوەکانتەوە.

یەکێکی تر لە خەسڵەت و تایبەتمەندییە شیعرییەکانی ئەم هەڵبژاردە شیعرییە، بریتییە لە سادە نووسین، خۆ دوور گرتن لە وشە و دەستەواژەی ئالۆز، بگرە هەر بەو زمانەی ڕۆژانی ئاسایی پێی دەدوێین، ئەم شیعری باڵای پێ نووسیوە، سادەنووسییش دیسان هونەرێکە و کاری هەر شاعیرێک نییە، ئاخر خۆ هەندێک جار سادەنووسین لە لاوازی و ناهۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت و تێکستی مردوو و نیوەگیانی لێ دەبێت، بەڵام هەندێک سادەنووسین، کە بە زمانێکی سادەیە، مانای زۆر گەورە و قووڵی لێ بەرهەم دێت، ئەم شاعیرە ڕەنگە بەشێک لە هۆکاری ئەم زمانە سادە و شیرینەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە وەک ژنێک و هەم وەک ئینسانێک پەیامێکی گەورەی هەیە و دەیەوێت بیگەیەنێت، ئەو دەزانێت لە جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ کێشە و بریندا دەژی، بۆیە دەیەوێت بە چەکی شیعر و بە زمانێکی سادە گوزارشت لە پەیامە ئینسانیی و گەورەکەی خۆی بکات:

پێویستیمان بە زۆر شتی سادە هەیە

چەشنی:

نان

خۆشەویستی،

تا نابیناکان ڕێیان لێ وێڵ نەبێ.

پێویستیمان بە بڕێکی زۆر لە بێدەنگی هەیە

هەم لە کەش و.. هەم لە هزرا

تا بتوانین گوێمان لە دەنگی خامۆش بێ

دەنگی شەرمنی کۆترەکان.

هەر وەک ئازاد بەرزنجی وەرگێڕ لە پێشەکیی کتێبەکدا ئاماژەی پێ کردووە، بەشێک لە ڕەخنەنووسان هەم لە ڕووی ئەزموونی شیعرییەوە و هەم لە ڕووی ژیانی کورتیی تەمەنیەوە، بە فروغ فەروخزادی دەشوبهێنن، یەکێکە لە ژنە شاعیرە ناودار و داهێنەر و نوێخوازەکانی شیعری پۆڵەندی و بگرە بە ڕابەری شیعری نوێی ژنانە و یەکەمین ڕچەشکێن لە قەڵەم دەدەرێ لەو بوارەدا: ئێمە کاتێک شیعرەکانی هالینا پوشڤیاتۆڤسکا دەخوێنینەوە، ڕووبەڕووی دوو تێمای سەرەکی دەبینەوە، تێمای عیشق و تێمای مەرگ، زۆربەی کاتیش وەک دوانەیەک پێکەوە دەردەکەون، وەک  ئەوەی عیشق قەڵغانێک بێت بۆ خۆپاراستن لە مەرگ، ئەو مەرگەی دواجار لە تەمەنێکی زۆر کەمدا و لە سی و دوو ساڵیدا شاڵاوی بۆ دەهێنێت و ژیانی لێ دەسێنێتەوە.

چوار دیوارەکەی ژیان وێران بوون

توێکڵی دانەی تاریکی لێ ئەکەمەوە

هێدی هێدی پایز بەسەر درەختەکانەوە ڕۆئەنیشێ

تا دانەکانی تاریکی لەسەر لەپی دەستم بخوا

پاسارییەکان بێدەنگ ئەبن

لەژێر باڵی سووری پایزدا

خوێن بەدەم سوڕانەوەی باوە ئەبارێ و

لەسەر زەوی ئەتوێتەوە

لە مەودایەکی دوورەوە

ڕوومەتم ناوە بە خاکەوە و هەست ئەکەم

لاسکەکانی گیان خێرا بەرەو بەهار ئەڕوێن.

 

په‌یڤێك بۆ ڕۆمانی “شەڕەکەی  ته‌رواده‌”

 

دانا ڕەئووف

داستانی (ئەلیادە)ی هۆمیرۆس یەکێکە لە سەرچاوە کلاسیکییە دێرین و گەورەکانی کولتوور و ئەدەب و شانۆی گرێکی، هاوکات بنەمایەکی گرینگی ستراکتوری هەموو ئەدەب و شانۆی ئەوروپییە. بەپێی سەرچاوەکانی مێژووی ئەدەب، ئەلیادە لە ساڵەکانی ٧٠٠ ب. ز دا نووسراوە، بەڵام لە چاخی ناوەڕاستدا (ئەلیادە) و هەروەها (ئۆدیسە)یش ون بوون و دواتر لە فۆرم و دەستنووسی تردا دەرکەوتوونەتەوە. مێژووی وەرگێڕانی ئەلیادە و هەموو کولتووری یۆنانی کۆن، بۆ زمانە ئەوروپییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٤٠٠، بەڵام لە ١٨٠٠ەکاندا هۆمیرۆس و داستانی ئەلیادە، وەک شاکارێکی کلاسیکی بە هەموو ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە. ئەلیادە، بۆ گرێکییەکانیش سەرچاوەی سروش بووە و لە دەقە تراجیدیاکانی شانۆی گرێکی کۆندا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە (ئۆرێستێیا)ی ئێسخیلۆس، کە باسی گەڕانەوەی ئاگامێمنون دوای دە ساڵ لە شەڕی تەروادە دەکات، هاوکات (ژنانی تەروادە)ی یوربیدیس، کە باسی ژنەکانی تەروادە دەکات، کە چۆن لە دوای شەڕەکە، وەک کۆیلە دەیانگوێزنەوە بۆ یۆنان. ئەم داستانانە، لە ئەدەبی مۆدێرنی ئەوروپادا، بۆ نموونە (یولیسیس)ی جێمس جۆیس و چەندانی تر تا دەگاتە ئەم دوا ڕۆمانەی تیۆدۆر کالیفاتیدێس (شەڕەکەی تەروادە) ڕەنگی داوەتەوە.

 

ئەلیادە، لە شانزە هەزار بڕگە شیعر و بیست و چوار گۆرانی پێکهاتووە و لەم ستراکتورە میتۆلۆژییەدا، داستانێکی خوێناوی و شەڕێکی درێژخایەنی دە ساڵەی نێوان گرێکییەکان و تەڕوادەییەکان دەگێڕێتەوە، شەڕی پاڵەوانە گەورەکان، ئەو پاڵەوانانەی تەنها لەنێو داستانە گەورەکاندا هەن: ئاگامێمنون، هێکتۆر، ئەکیلیس، پاریس، نێستۆر، ئۆدیسیۆس، هەروەها پادشا، شازادە و خواوەندەکان، هاوکات هێلێنا-ی جوان و قەشەنگ، کە هەموو شەڕەکە لە پێناوی ئەودا و لەسەر ئەو دەکرێت. یەکێک لە خاڵە نەمر و گرینگەکانی ئەم داستانەیش ئەوەیە، لە کۆنەوە و تا ئێستایش، خوێنەر و گوێگر، هەندێک لایەنگری بەشێک لە پاڵەوانەکان و هاوکات هەندێکی تر دژی هەمان ئەو پاڵەوانانە بوون. هیچ لایەکێان، نە گرێکەکان و نە تەروادەییەکان لەم شەڕە خوێناوییە دە ساڵییەدا بێتاوان نەبوون. چارەنووسی کارەکتەرەکان و هەروەها ئەو ڕووداوانەیشی تیا دەژین و کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی مێژوو و ژیانەوە هەیە، پێشوەخت لە لایان خواوەندەکانەوە دیاری کراوە.

ئەلیادەی هۆمیرۆس وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا، کراوەتە فیلم و شانۆ و لە قوتابخانە و کۆلیژەکانی دنیادا خوێنراوە و دەخوێنرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا تێگەیشتنی ئەم داستانە بۆ زۆرێک ئاسان نەبووە، لەوانەیە هەندێک لە هۆکارەکان درێژی داستانەکە، چڕ و پڕی ڕووداوەکان، ئەو زمانە شیعرییەی ئەلیادەی پێ نووسراوە، زۆریی پاڵەوان و ئەو هەموو کارەکتەرەی لەنێو ئەم داستانەدا، لە دایک دەبن، دەژین و هەندێکیان پیر دەبن و هەندێکیشیان لەم جەنگەدا بە گەنجی دەکوژرێن.

   نووسەری سویدی/یۆنانی تیۆدۆر کالیفاتیدێس گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەم داستانە گەورەیە و لەنێو ڕۆمانێکدا کاری لەسەر کردووە، ڕووداوەکانی داستانەکە، ئەو هەست و سۆزە گەورەیەی کارەکتەر و ڕووداوەکان دروست دەکەن، خۆشەویستی، سێکس، کۆیلە بوون، ئەو توندوتیژییە نامرۆڤانه‌یه‌ی جەنگ دەیخوڵقێنێت، ئەو تووڕەییەی ڕقێکی گەورە لەنێو هەردوو بەرەی جەنگەکەدا دروست دەکات و لافاوی خوێن هەڵدەستێنێت، دەگێڕێتەوە.

ئەم ڕۆمانە تازەیەی کالیفاتیدێس (شەڕەکەی تەروادە) چەندە ڕۆمانێکی جوانە و لەنێو داستانەکەی هۆمیرۆسدا هەناسە دەدات و سەرلەنوێ داستانێکی گەورەی وەک (ئەلیادە)مان بە زمانێکی ئاسان و شیعرئامێز بۆ دەگێڕێتەوە، هێندەیش چەمکێکی پێداگۆگی هەیە و هەموو ڕووداوەکانی داستانەکە، پاڵەوانەکان و ڕێچکەی شەڕەکە و هۆکارەکانی دەخاتە بەردەستی خوێنەران. کالیفاتیدێس لە کۆتاییی ڕۆمانەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی نووسینی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە ئەم سەردەمەی ئێستامان، ئەو توانایەی نییە ئەم داستانە بکاتە دەروازەیەکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە لە کولتوور و داستانە کلاسیکییە کۆنەکانی ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەو وەرگێڕانانەی تا ئێستا لە بەر دەستدان ناتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن. نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک نە مەبەستی ئەوە و نە دەشتوانێت، جێگای هۆمیرۆس بگرێتەوە، بەڵکوو هەوڵی ئەو بۆ ئەوەیە دەروازەیەک بۆ ئەو داستانە شیعرییە گەورەیە بکاتەوە. کالیفاتیدێس لە پەیڤێکی کورتی دوای ڕۆمانەکەیدا، دەڵێت: (من هەمیشە ئەلیادە-م وەک شیعرێکی دژەجەنگ بینیوە.) ئەمەیش ڕاستییەکی ڕەهای ئەو داستانە خوێناوییەیە، هیچ کەسێک لە کارەکتەرەکانی ئەلیادە شەڕیان ناوێت، بەشێکی زۆری داستانەکە، گفتوگۆیە بۆ ئاشتی، ڕێزێکی زۆر بۆ کوژران و ڕیتواڵی بەخاکسپاردنی پاڵەوانەکان و شەڕڕاگرتن، تا بەتەواوی لە ناشتنی پاڵەوانەکان دەبنەوە. بەڵام خواوەندەکان شتێکی تریان ویستوە و ڕێچکەی ڕووداو و شەڕەکانیان بە ئاڕاستەیەکی تردا بردووە.

هەرچەندە کالیفاتیدێس (لە شەڕەکەی تەروادە)دا ڕێچکەی ڕووداوەکانی داستانەکەی هۆمیرۆس-ی هەڵگرتووە، هەمان میتۆلۆژیامان بۆ دەگێڕێتەوە و پاڵەوانەکان، بە تایبەتیش پاڵەوانە سەرەکییەکانی ئەلیادە: مێنێلاۆوس، هێلێنا، ئەگامێمنون، ئەکیلیس، پرێیاموس-ی پادشای تەروادە، هێکتۆر، ، پاریس، هێکابە، ئەندۆماکە، کەساندرا-ن، بەڵام ڕۆمانەکەی ڕۆمانێکە، کە لەسەر بنەما و چەمکەکانی ڕۆمانێکی هاوچەرخی ئەوروپی ڕۆنراوە. کالیفاتیدێس ڕووداوەکانی ئەلیادە و شەڕە خوێناوییەکەی تەروادەی بەستۆتەوە بە جەنگێکی تری خوێناوییەوە؛ ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌، لە دوا ساڵی جەنگی جیهانی دووەم و لە گوندێکی گرێکیدا، کە لەلایەن ئەڵمانییە نازییەکانەوە داگیر کراوە و بە بەردەوامی لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانەکانەوە بۆردومان دەکرێت و پارتیزانە یۆنانییەکانیش هێرشی چەکداری دەکەنە سەریان، ڕوو ده‌ده‌ن.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس بەم شێوەیە ڕۆمانەکەی دەست پێ دەکات: (من تەمەنم پانزە ساڵان بوو و عاشقی مامۆستاکەم بووبووم. ساڵی ١٩٤٥ و سەرەتای مانگی چوار بوو. گوندەکەم، هەروەک هەموو یۆنان لە ساڵی ١٩٤١ەوە لەلایەن سوپای ئەڵمانییەوە داگیر کرابوو.) نووسەر، کە خۆی ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، کە لەگەڵ کچە دراوسێ و هاوپۆل و هاوڕێی منداڵیدا (دیمیتریە) چوون بۆ قوتانخانە و لەناو گوندەکەدا یارییان کردووە و سەردانی کلێسا و قاوەخانە و ناوەندی گوندەکەیان کردووە. یەکەم ڕۆژی قوتابخانە، کە بۆمبابارانە و لەگەڵ مامۆستا تازەکەیاندا، کە کچێکی گەنجی قژ ڕەشی جوانە و هەر لەیەکەم ڕۆژەوە عاشقی دەبێت، دەچنە ئەشکەوتێکەوە تا خۆیان لە بۆمبای فڕۆکەکان بپارێزن، کە بەسەر گوندەکەیاندا دەیبارێنێت. هەر لە ئەشکەوتەکەدا و بەدەم چاوەڕوانییەوە، ئەم مامۆستا گەنجە جوانە، پێشنیازی ئەوەیان بۆ دەکات، کە چیرۆکی هێرشە گەورەکەی سەر تەروادە-یان بۆ بگێڕێتەوە. مامۆستاکە، لەو ئەشکەوتەدا دەیەوێت بە گێڕانەوەی ئەو داستانە ترسی فڕۆکە جەنگییەکان بە گێڕانەوەی شەڕێکی تر لای قوتابییەکانی بڕەوێنێتەوە. ئەو، کە عاشقی مامۆستاکەی بووە، لەوە دەگات، ئەو خۆشەویستییەی بۆ مامۆستاکەی هەیەتی ناگاتە ئەنجام، هاوکات دەشزانێت، کە مامۆستاکەیشی عاشقە، بەڵام عاشقی ئه‌و نییه‌ و عەشقەکەی ئەویش نەک هەر ناگاتە هیچ ئەنجامێک، بەڵکوو یاریکردنیشە بە ئاگر. مامۆستاکەی عاشقی یەکێکە لە سەربازە داگیرکەرە ئەڵمانییەکان. مامۆستاکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی داستانەکە؛ ئەو داستانەی باسی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی یۆنانییەکان، کە لەو سەردەمەدا پێیان گوتراوە (ئەکاییەکان) بۆ سەر تەروادە دەکات، دە ساڵ تێپەڕیوە و خوێنێکی زۆر لەنێوان هەردوو لادا ڕژاوە، بەڵام تا ئێستا ئەکاییەکان نەیانتوانیوە شووره‌کانی تەروادە بڕۆخێنن و بچنە ناو شارەکەوە.

لە بەینی بەشەکانی شەڕی تەروادە و داستانەکەی هۆمیرۆس (ئەلیادە)دا، خوێنەر بە (من)ی گێڕەرەوە زیاتر ئاشنا دەبێت، ئەو عاشقی مامۆستاکەیانە، دیمیتریە-یش عاشقی ئەوە و باوکی لەلایەن ئەڵمانییە نازییەکانەوە بێسەروشوێن کراوە و شەڕەکە (جەنگی جیهانی دووەم) وەک شەڕی نێوان گرێکەکان و تەروادەییەکان، خەڵکی گوندەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. هەڵواسین و لە سێدارەدانی پارتیزانە یۆنانییەکان، تۆڵەسەندنەوە و بردن و گولەبارانکردنی گەنجانی گوندەکە، وێنە خوێناوییەکانی جەنگی جیهانی دووەمە، کە بە شێوەیەکی تەریبی، لەخۆ دووبارەکردنەوەی مێژوودا، ڕەنگێکی بەهێز دەبەخشێت بە مێژووی شەڕ لە جیهاندا.

کالیفاتیدێس هەر لەسەرەتاوە، هەمان ڕیتم و تۆن لە ستراکتوری ڕۆمانەکەیدا بەکاردەهێنێت و له‌ ڕیزبه‌ندیی ڕووداوه‌کاندا شوێن پێی هۆمیرۆس دەکەوێت، کاتێك باسی شەڕێکی دە ساڵە دەکات، که‌ هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئافره‌تێك به‌ناوی “هێلێنا”. “هێلێنا” ژنێکی جوان و قەشەنگه‌، ژنی پادشای سپارتا، شا مێنێلاۆوس-ە، به‌ڵام لەپڕ زۆر بە قووڵی عاشقی شازادە پاریس، شازادەی تەروادە دەبێت. هێلێنا لەگەڵ پاریس ڕادەکات و پێکەوە دەڕۆن بۆ تەروادە، ئەم ڕەدووکەوتنەی هێلێنایش ئاگری ئەو شەڕە دە ساڵییە هەڵدەگیرسێنێت، کە هەزارەها جەنگاوەر و کوری گەنج و پاڵەوانی هەردوو لای تیا دەکوژرێت. مێنێلاۆوس لەشکرەکەی کۆ دەکاتەوە و سەرکردایەتییەکەیشی دەداتە دەست ئەگامێمنون، کە ئێفگینیا-ی کچی دەکاتە قوربانی، تا باکە یارمەتییان بدات و پاڵ بە کەشتییەکانیانەوە بنێت بۆ ئەوەی بپەڕنەوە و تەروادە کاول و داگیر بکەن. ستراکتوری داستانەکەیش، وەک هەموو میتۆلۆژیایەکی دێرینی یونانی لەلایەن خواوەندەکانەوە ڕۆنراوە و خواوەندەکان لە پشت چۆنییەتی ڕەوش و گەشە و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شه‌ڕه‌که‌ و چارەنووسی پاڵەوانەکانەوەیە.

خاڵێکی گرینگی داستانەکەی هۆمیرۆس و ڕۆمانەکەی کالیفاتیدێس، کارەکتەری هێلێنا-یە، ئەو شاژنەی پشت دەکاتە مێردەکەی، شا مێنێلاۆوس و لەگەڵ شازادە پاریس بەرەو تەروادە ڕادەکات: ئەنجامی شەڕەکە هەر چۆنێک بێت، هێلێنا به‌ چارەنووسی خۆی دەزانێت؛ مێردەکەی یان پاریس، کە عاشقیەتی هەر کامیان بکوژرێن، سپارتە، وڵاتی گرێکەکان، کە زێدی خۆیەتی و منداڵ و کەس و کارەکەی تیا دەژی وێران بێت، یان تەروادە، ئەو وڵاتەی لەگەڵ پاریس پەنای بۆ بردووە، ئەو دۆڕاوە و لە هەردوو بارەکەدا تۆڵەی لێ دەکرێتەوە.

ڕۆمانەکەی کالیفاتیدێس، هەروەک ئەلیادەی هۆمیرۆس، باسی جەنگ و ئاکامه‌کانی جەنگ و کاولکاری دەکات، بەڵام باسی خۆشەویستی و عەشق و کۆمەڵگەی باوکسالاریش دەکات. نووسەر دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە سیستێمی کۆمەڵگە باوکسالارییەکان بەرپرسیارن لە هەڵگیرسانی جەنگ و کوشتن و بڕین. هێلێنا-ی قەشەنگ، کە ژنی شا مێنێلاۆوس-ە عاشقی شازادەی پاریس دەبێت و دوای دەکەوێت، هەموو گرێکییەکان، بۆ گەڕانەوەی نامووسی شا و تۆڵەسەندنەوە لە هێلێنا، بۆ ماوەی دە ساڵ دەکەونە جەنگەوە و خوێن دەڕێژن.

خاڵی گرینگ و بەهێزی ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس، زمانەکەیەتی. نووسەر هەوڵی نەداوە ڕۆمانەکە بە جۆرێکی تر بخوێنێتەوە و چەمکێکی مۆدێرن و کارەکتەرێکی تری پێ ببەخشێت، بەڵکوو تازەکردنەوەی ئەو بۆ ئەو داستانە ئەو زمانە شیعرییە لیریکییە جوانەیە، کە دەوڵەمەندە بە هەموو شتێک؛ شیعر، خوڵقاندنی داستانێکی نوێ، بەکارهێنانی چەندان وشە بۆ دیمەنێک، کارەکتەرەکان زیندوون و بە هەوای ئەمڕۆ هەناسە دەدەن. هەندێک لە ڕەخنەگرە سوێدییەکان، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە قووڵی و جوانی زمانەکەی کالیفاتیدێس وا ده‌کات بچێته‌ ئاستی ئه‌و زمانە لیریکییە ئەفسانەییەی هۆمیرۆس پێی نووسیوە.

ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس قووڵییەکی ساکار لەخۆ دەگرێت، لەم قووڵییەدا هەست بە تێپەڕبوونی کات ناکرێت، داستانێکی دێرین دەبێتە چیرۆکێکی واقیعی و بەرجەستەی ئەو هەموو شەڕەمان بۆ دەکات، کە لەم زەمەنە مۆدێرنەدا مرۆڤی خەڵتانی خوێن کردووە، هاوکات لەنێو دێڕ و ڕووداوە شەڕانگیزەکەی ئەم داستانە (مۆدێرنە)دا، جۆرە خەندە و هەستێکی تژی بە کۆمیدیایەکی ڕەش دەکرێت، کە تەرازووی تراجیدیا/کۆمیدیای چارەنووسی مرۆڤایەتیی ڕاگرتووە.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس نووسەرێکی بە ئەزموونە و نزیکەی سی ڕۆمانی نووسیوە، جێگای خۆی بە باشی لەنێو ئەدەبی سویدیدا کردۆتەوە و بەشێکی زۆر لە نووسین و ڕۆمانەکانیشی کارکردنە لەسەر ژیانی یۆنانییەکان، جەنگ و ژیانی گوندەکان، میتۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژانە، بێگومان ژیانی ئەمڕۆی سوید و پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤ، بە تایبەتیش پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو. کالیفاتیدێس نامۆ نییە بە خوێنەری کورد، تاکو ئێستا “دلاوەر قەرەداغی” بەشێک لە ڕۆمانەکانی کردووە بە کوردی و بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەیدا (شەڕەکەی تەروادە) گرینگە، کە یەکێکە لە سیما و تەکنیک و ستایلەکانی نووسەریش، ئەو ساکارییە قووڵەیە لە نووسیندا، ئەو دەتوانێت مەسەلە چڕ و پڕ لە کێشە و گرانەکان، بە زمانێکی ساکار و تەکنیک و ستایلێکی شەفاف بخاتە ڕوو. هەر بۆ نموونە، داستانێکی گەورە و گرانی وەک ئەلیادە، دەبێتە ڕۆمانێکی چێژبەخش و لە هەمان کات کورت و ساکار و ئاسان. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە پاڵەوانەکانی نێو ئەم داستانە لای کالیفاتیدێس، تەنها پاڵەوان و جه‌نگاوه‌ری ناو دنیای چیرۆك نین، بەڵکوو دەبنە مرۆڤ و هەست بە بوونیان وەک مرۆڤ، لەنێو ڕووداوەکاندا دەکەیت.

 هۆمیرۆس، هەروەها کالیفاتیدێس دەیانەوێت بڵێن، شەڕ سەرچاوەی فرمێسکە و هیچ براوە و سەکەوتنێکیش لە هیچ کام لەبەرەی شەڕەکاندا نییە و هەموو لایەک دۆڕاون، لەگەڵ ئەوەیشدا جەنگەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت، ئەوەتا دوای جەنگی جیهانی دووەم و کشانەوە و نەمانی هێزە ئەڵمانییە داگیرکەرەکان، شەڕی ناوخۆیی لە یۆنان هەڵدەگیرسێت و براکان یەکتری دەکوژن.

سەرچاوە:

Theodor Kallifatides, Slaget om Troja, Albert Bonniers förlag, 2018

خواردنگەیەک بۆ پێکدادانی کولتوورەکان

خستنەڕووی کتێبی شانۆیی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو”

خوێندنەوەی: سەردەم

دەقی شانۆیی دەتوانێت وێڕای نمایش، هاوکات لە ڕێی خوێندنەوەشەوە کاریگەریی بەرچاو دابنێت، ئەگەرچی لای ئێمە، لەنێو خوێنەرانی کورددا ئەمڕۆ خوێندنەوەی دەقی شانۆیی کەمتر بووە بە کولتوور، ئەمەش زیادتر لەو ڕوانگەیەوە هاتووە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا دەبێت لەسەر تەختی شانۆ نمایش بکرێ و ببینرێت، لە کاتێکدا ئەو دیوەشی هەیە، واتە دەتوانرێت وەک هەر دەقێکی تری ئەدەبی بخوێنرێتەوە. ئەوەش جێگەی دڵخۆشی و پێزانینە کە کەسانێکی بەرچاو لەو کایەدا کار دەکەن و کۆمەڵێک دەقی زۆر گرنگی جیهانیان وەرگێڕاوە و کردوویانە بە کوردی، کە خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ئەو دەقانە و چێژێکی زۆریان لێ وەر بگرن.

دەقی شانۆیی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو” لە نووسینی نووسەری تورک کونگویر دیلمان و لە وەرگێڕانی نووسەر ڕەووف حەسەن، یەک لەو دەقە شانۆییە گرنگانەیە کە دەتوانێت دەرچەیەکی گەنگ بەسەر خوێنەرەکەیدا بکاتەوە و هاوکات چێژێکی زۆریش لە خوێندنەوەی وەر بگرێت. وەرگێڕ دەربارەی نووسەری ئەم شانۆنامەیە دەنووسێت: “کونگویر دیلمان نووسەری ئەم شانۆنامەیە، وێڕای ئەوەی بە دیدی و بۆچوونێکی پێشکەوتنخوازی و مرۆڤدۆستی سەردەمانەوە کارەکەی ڕاپەڕاندووە، ئەو دید و بۆچوونانەی کەوا بۆ سەد ساڵێک دەچێت بوونەتە خولیای ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵات، ئەوا وەک تەکنیکی نووسینی شانۆنامە چ لە ڕووی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و چ لە ڕووی زەمەنی ڕووداوەکان و هەروەها کۆکردنەوەیان لە یەک جێگەدا و لە یەک فەسڵیشدا و تەنانەت لە ساتەوەختێکیشدا… لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەو شێوازە نووسینە تایبەتمەندەیەتی کە لەو بڕوایەدام بەر لە دیلمان کەسی دی پەیی پێ نەبردووە، هەموو ئەمانە بەڵگەی لێزانین و بەسەلیقەیی و بوێری نووسەرن.” هەروەها وەرگێڕ لە سەرەتای کتێبەکەدا و لەژێر ناونیشانی “ئەم شانۆنامەیە!”دا دەنووسێت: “ئەوەی ئەم شانۆنامەیە بخوێنێتەوە لەوە بێگومان دەبێت کە هونەری دراما لای تورکەکان ڕەگوڕیشەیەکی تۆکمە و دێرینی هەیە، هێندە دێرین، تا چەند سەدەی بەر لە زایین، ئەو سەردەمەی چەند ڕەچەڵەکێکی تورک دەیان ساڵ فەرمانڕەوایی چینیان دەکرد، یاخود لەو دەوروبەرەدا دەژیان. کاریگەری ئەمەش بە ئاشکرا بەم شانۆنامەیەوە دیارە و شانۆی ڕووداوەکانیش تیایدا هۆنگ کۆنگی سەر بە وڵاتی چینە.”

ئەم دەقە کورتە لە دوو بەشدا پێشکەش کراوە، شوێن هۆنگ کۆنگی پایتەختی چینە، کات دیارینەکراوە، بەڵام شوێنەکە دیاریکراوە؛ چێشتانەیەک. کۆمەڵێک کارەکتەر ڕۆڵی سەرەکین لەم شانۆنامەیەدا، ژن و مێردێک کە لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ چین بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینیان، بە ناوەکانی جەنابی جۆناسان و خاتوو جۆناسان، هاوکات شاعیرێک بە ناوی وۆنگ و خۆشەویستەکەی بە ناوی لولو خانم، ئەمان دنیایەکی تایبەتییان هەیە و زیاتر لە کەشێکی ڕۆحانی و بووداییدا دەژین، گاسۆنێک، جۆ کە کەسێتییەکی سەیر و سەمەرەی هەیە و زیادتر وەک ڕاوچی مەیموون دەیناسین.

شانۆنامەی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو” لەسەر بیرۆکەیەکی ترسناک دامەزراوە، کە دەکرێ چەندین دەلالەت بدات بە دەستەوە و هەر کەسە بەپێی تێگەیشتنی خۆی لێی بدوێ، بیرۆکەکەی بەم جۆرەیە: لەم خواردنگەیەدا مێشکی مەیموون پێشکەش بە میوانەکان دەکرێ، مەیموونێکی زیندوو دێنن و لە قەفەسی دەنێن، پاشان مێشکی دەردەکەن و دەرخواردی میوانەکانی دەدەن، ئەم ژن و پیاوە ئەمەریکییە هاتوون تا چێژ لەم خواردنە ببەن، مانگەکەیان تایبەتتر و خۆشتر ببێت، ئەم کارەش لە لایەن جۆ و گارسۆنەکەوە ئەنجام دەدرێ، لە بەشی یەکەمدا تاوتووێی ئەم ڕووداوەیە و میوانەکان چاوەڕێن کە ڕوو بدات و ببینین، بەڵام لە دوایین ساتدا، لەو کاتەدا کە جۆ دەیەوێ بیهێنتە دەرەوە مەیمونەکە لە قەفەس هەڵدێت و لە دەستیان دەڕوات. بەوەش لەو خۆشی و چێژە بێبەری دەبن.

لە بەشی دووەمدا شاعیرەکە و خۆشەویستەکەی دێنە ناوەوە، ئەگەرچی لە بەشی یەکیشدا شاعیرەکە هەیە و لولو خانیش دواترێ دێت، بەڵام کەمترین قسەیان هەیە و لە کەشێکی دابڕاودان لەگەڵ ئەوانی تر، لە بەشی دوودا شاعیرەکە بەوەی کە ئامادەیە لەبری بڕێک پارە ـ کە کەمیش نییە ـ ڕۆڵی مەیموونە ببینیت و ژن و پیاوەکە دڵخۆش بکات، بە واتای ئەوەی ئامادەیی ئەوە دەر دەبڕێت کە مێشکی ئەم دەر بهێنن، ئەمە دیمەنێکی ترسناکە بەردەوام ئێمە دەخاتە ناو خۆفێکی زۆرەوە، کە خەریکە بەبەر چاومانەوە مامەڵەیەکی ترسناک دەکرێ، مامەڵەیەک کە لەسەر ژیان و مردنە، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا دەگوزەرێ زیادتر لەوەیە، ئێمە لە ڕێی دیالۆگەکانەوە ـ بە تایبەت هیی ژن و پیاوە ئەمریکییەکە ـ تێدەگەین کە ئەوان خاوەنی هەندێ دیدگان لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و چینی بە تایبەتی، کە ئەم دیگایانە بەدەر نیین لە هەمان گوتاری کۆلۆنیالیزم، بە واتای داگیرکاری، کە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکات، هاوکات ئەم دیدگایە سەرڕێژە لە نیاز و مەبەستێک کە ڕۆژئاوا لەسەر ڕۆژهەڵات بونیادی ناوە و لەسەر بەتاڵانکردن و ڕووتکردنەوەی ڕۆژهەڵات ـ بە خاک و ئینسان و سەروەت و سامانییەوە ـ هەیەتی، ڕۆژئاوا لە دیدی ڕۆژئاوادا ئەویدییەکی بێئاگا و دواکەوتووە، ئەم هاتووە تا بە ساناترین شێوە فریوی بدات و لەبەینی ببات.

لەم شانۆنامەیەدا و لە نیگای ئەو ژن و پیاوەوە کە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوان، بە ئاسانی ئەو نیگا تەوسئامێز و گاڵتەجاڕییە دەبینین، کە چۆن دەخوازێت تاکەکانی ڕۆژهەڵات لە بەردەمیدا ببنە کۆیلە بۆ بەسەربردنی دڵخۆشییەکی ڕاگوزەر، دیالۆگەکان دەربڕی ئەو هەستە ناجۆرانەن، ڕەنگە ئەمە یەکێک لە ئایدیا زۆر سەرەکییەکانی پشتی ئەم دەقە کورتە بە ناوەڕۆک دەوڵەمەندە بێت.

بێگومان نابێت ڕۆڵی شاعیرەکە فەرامۆش بکەین، کە هەر کات دەپەیڤێت جۆرێک لە هەستی شاعیرانە دەسازێنێت، کە دەتوانین بە نوێنەری ڕۆحی شاعیرانەی ڕۆژهەڵاتی دابنێین، بە تایبەت بۆ ئەدەبیاتی چینی، بە دیاریکراویش بۆ ڕۆحی بوودا، کە بۆ ئێستا لە تەواوی جیهاندا بووە بە ڕۆحێکی باڵکێش. ئەو دەربڕینە شیعرییانەی کە دوایین ساتی لە سەردانی شاعیرەکە لە لایەن لولو خانمەوە دەگوترێن، جوانترین دەربڕینەکانن، با پێکەوە چەند دێڕی بخوێنینەوە:

چاوەڕوانم بە خۆشەویست/ لە کەنار ڕووبارە زەردەکە ڕاوەستە/ کێ دەزانێت خۆر ئەوساکە لە کوێ دەبێت!/ لەژێر پردی ڕووبارەکەدا بوەستە/ گۆناکانت تەواو گرژ بوون/ ئایا لە ڕووخساری مندا کەنارەکەی دی دەبینیت؟/ هۆنکا هۆ… ڕووبارە زەردە/ سەدا و بانگێکی ئاسمانی لەودیوی چیای شاسییەوە دێت/ دەترسم ئەم گۆرانییە لێوەکانم هەڵوەرێنێت/ با ڕووبارە زەردەکە بێت/ تاکە ئومێدمان هەر ئەوە/ ئازیز لە کن نزیکترین تاشەبەردەوە ڕاوەستە/ کێ دەزانێت ئەوسا خۆر  لە کوێدا دەبێت/ نەخەڵەتابیت گۆرانییەکەت لەبیر بچێتەوە/ دەنا بەیەکگەیشتمان زۆر مەحاڵ دەبێت/ یادەوەری سەختە هێندەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە/ نواڵەکان بە شەتڵە چەڵتووڵ چێنراون/ ئەو ژنانەی ڕەنگیان بە ڕەنگی قامیشن/ قاچوقولیان لەنێو ئاودا نقووم بوون و بێ پشوودان چەڵتووک خاوێن دەکەنەوە و/ گۆرانییەکە دەڵێنەوە/ خۆشەویستەکەم!/ لە کەناری ڕووبارە زەردەکە چاوەڕوانم بەلە کن لێژاییەوە بوەستە/ ئەی کێ دەزانێت ئەوساکە جێگەی خۆر لە کوێ دەبێت/ وریابە نەکەیت گۆرانییەکەت لەبیر بچێتەوە.

لە کۆتاییدا دەکرێت ئەم پێشنیارە بە شانۆکارانی کورد بدەین، کە بتوانن هەرچی زووترە ئەم دەقە لە شێوازێکی سەردەمیانەدا و نزیک بە کەشوهەوای کوردانە، ئامادەی نمایش بکەن، بێگومان دەرهێنەری سەرکەوتوو و بە هاوکاری ستافێک لە ئەکتەری لێهاتوو، دەتوانن لەم دەقە (خواردنگەی مەیموونی زیندوو) نمایشێکی تایبەت و ناوازە پێشکەش بە بینەری کورد بکەن. بەو هیوایەین لە داهاتوودا ئەم دەقە لەسەر تەختی شانۆ ببینین، بە زمانی کوردی.

ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە فەلسەفییە و وەرگێڕانی بەشێکە لە وتارەکانی فەیلەسووفی بواری ئاکار (پیتەر سینگەر) دڵشاد حامید بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بۆ ئەم کتێبە تەنها ٢٣ وتاری وەرگێراوە: هەڵبەت لە گۆترە و هەڕەمەکیانە ئەم ٢٣ وتارەم هەڵنەبژاردوون، بەڵکو سەرەتا ئەو وتارانە نەغمەیەکی جۆرنالیستی بەسەریاندا زاڵە، لامان بردوون، دواتر بە چاوبڕین لەو کەلێن، یان ڕاستتر، خەرەندە مەعریفیانەی لە دونیای ڕۆشنبیریی کوردیدا هەن، وتاری نوێ و تا ڕادەیەک دەستبۆنەبراون.

وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: ئاکاری بێخودا، ئاخۆ شتێک گرنگە، ئازادیی ڕادەربڕین موحەمەد و هۆڵۆکۆست، ئازادیی ئایین یان ئازادیی ڕادەربڕین، ئاخۆ پێویستە ڕێزی ڕەگەزپەرستان بگرین، خەونێک بۆ سەردەمی دیجیتاڵی، ئاخۆ دەتوانین تێکڕای بەختەوەریی نیشتمان زیاد بکەین… و چەندین ناونیشان و وتاری دیکە.

لە وتارێکدا بە ناونیشانی (ئاکاری بێخودا) ئەم فەیلەسووفە دەپرسێت: ئاخۆ ئایین بۆ ئاکار پێویستە؟ دواتر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەندێ کەس نکولیکردن لە ڕیشە یەزدانییەکانی ئاکار بە سووکایەتی و تەنانەت بە کوفریش دەزانن: هەستی ئاکاریمان خودایەک ڕسکاندوویەتی یاخود لە فێرکارییەکانی ئایینێکی ڕێکخراوەوە وەرمان گرتووە، لە هەردووکیاندا ئێمە پەنەواز (موحتاج)ی ئایینین بۆ سنووردارکردنی خراپییەکانی سروشت.

دواتر باس لەوە دەکات کە مەرج نییە حەدەسە پەرەسەندووەکانمان وەڵامی ڕاست، یاخود گونجاوی تەڵەزگە ئاکارییەکانمان بدەنەوە، ئەوەی بۆ پێشینانمان باش بووە، ڕەنگە ئەمڕۆ باش نەبێت، با لە دیمەنە گۆڕاوەکەی ئاکار ورد بینەوە، کە تێیداکۆمەڵێ پرسی وەک مافەکانی ئاژەڵ و لەباربردن و یوسەنەیژا و دەستگیرۆییە نێودەوڵەتییەکان هاتوونەتە پێش، ئەمانە لە ئایینەوە نەهاتوون، بەڵکو لە تێڕامانێکی وردی مرۆڤایەتی و ئەوەوە هاتوون کە ئێمە بە ژیانێکی باشی دادەنێین.

لە وتارێکی دیکەدا بە ناونیشانی (خودای ئازارچەشتن)دا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دیبەیتم لەگەڵ کەسێکی بەئەزموون و زیرەکدا دەکرد، ویستم پێیەکانی هەڵوێستم لە زەمینەیەکی پتەودا داکوتم، بۆیە بانگەشەی ئەوەم کرد کە هەرچەندە ناتوانم نکوڵی لە بوونی هەموو جۆرە خودایەک بکەم، بەڵام دەتوانین دڵنیا بین لەوەی لە دونیایەکدا ناژین خودایەکی توانامەندی ڕەها و زانای ڕەها و چاکەخوازی ڕەها ئافراندبێتی: بێگومان کریستیانەکان لەو بڕوایەدان لە جیهانێکی لەم چەشنەدا دەژین، بەڵام هۆیەکی بەهێز بۆ گومانکردن لەم بابەتە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

بە بڕوای ئەم فەیلەسووفە، کریستیانەکان زۆر جاران بەوە بەرسڤ دەدەنەوە کە خودا ویستی ئازادی پێ بەخشیوین، بۆیە خودا لە خراپەکارییەکانی ئێمە بەرپرس نییە: ئەم وەڵامە لە پەیوەندیدا بەو بەڵایەی کە تووشی ئەوانە دەبن کە لە لافاوەکاندا دەخنکێن، یان بە زیندوێتی لە نێو ئەو ئاگرانەدا دەسووتێن کە بە هۆی هەورەبرووسکەوە لە دارستانەکاندا دەکەونەوە، یانژی بە هۆی وشکەساڵییەوە لە برساندا یان لە تینواندا دەمرن، شکست دەهێنن.

 لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناونیشانی (بەکارهێنان و خراپبەکارهێنانی ئازادیی ئایینی) ئەوە خراوەتە روو کە ئایینی یەهوودی ئایینێکی ئاشتیخواز نییە، بۆیە جارێکی دیکە هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئازادیی ئایینی لە گۆڕێدا نییە، ئەرسۆدۆکسە توندئاژۆکان دەیانەوێ ئەو کەسانەی کاتەکانیان بە خوێندنەوەی تەورات بەسەر دەبەن، لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن، بەو پاساوەی خوێندنی تەورات هێندەی خزمەتی سەربازی بۆ خۆشگوزەرانیی ئیسرائیل گرنگە: بەم شێویە، فەراهەمکردنی بژاردەی خزمەتی نیشتمانیی ناسەربازی، ئەگەر خوێندنی تەورات نەبێت، ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات، بەڵام هۆیەک نییە وا لە زۆرینەی سیکۆلاری ئیسرائیلی بکات باوەڕ بهێنن بەوەی هەبوونی دەیان هەزار ئۆرسۆدۆکسی توندئاژۆی تەوراتخوێن، سوودێکی بۆ نەتەوە هەیە، بە دڵنیاییەوە بەقەد خزمەتی سەربازییش سەخت نییە.

لە وتارێکی دیکەدا بە ناوی (ئازادیی ڕادەبڕین موحەمەد و هۆڵۆکۆست) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دوای جەنگی دووەمی جیهان، وەختێك کۆماری نەمسا دەکۆشا خۆی وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی جێگیر بکات. سەرکوتکردنی بیرۆکە و پڕوپاگەندەی نازی لە لایەن دیموکراتەکانی نەمساوە، وەک ڕێکارێکی ئاوارتەی کاتی، ئاوەزپەسەند بوو. بەڵام ئەو مەترسییە لە مێژە نەماوە. نها نەمسا وڵاتێکی دیموکراسییە و ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. سەرەڕای گەڕانەوەی ناوبەناوی ئەو بۆچوونانەی دژەکۆچبەر و ڕەگەزپەرستانەن –کە بە داخەوە سنووردار نییە بەو وڵاتانەی خاوەن ڕابوردوویەکی فاشیستین– چیتر گەڕانەوه‌ی نازیزم بۆ نەمسا، مەترسییەکی جددی نییە: بە پێچەوانەوە، ئازادیی ڕادەربڕین بۆ ڕژێمە دیموکراسییەکان، خاڵێکی گەوهەرییە، دەشبێت ئازادیی وتنی ئەوەی خەڵکی پییان وایە هەڵەیە و تەنانەت ڕەنگە بە بریندارکەریشی دابنێن، لەخۆ بگرێت. ئێمە دەبێت ئازاد بین لەوەی نکوڵی لە بوونی خودا بکەین، ڕەخنە لە فێرکارییەکانی مەسیح و مووسا و موحەممەد و بوودا بگرین لەو دەقانەدا کە ملیۆنان کەس بە پیرۆز لە قەڵەمیان دەدەن. بەبێ ئەم ئازادییە، پێشکەوتنی مرۆڤ هەمیشە بەر بەربەستێکی گەوهەری دەکەوێت.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ماددەی “١٠”ی پەیماننامەی ئەورووپی بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەقی داوە لەسەر ئەوەی: هەموو کەسێک مافی ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافە ئازادیی هەبوونی بیروڕا و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکەکان بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتی گشتی لە خۆ دەگرێت، بەبێ گوێدان بە سنوورەکان.

لە ڕاستیدا ئەم فەیلەسووفە سەبارەت بە گەلێ چەمک و ڕوودا و بابەت، بۆچوون و دونیابینی خۆی خستوەتە ڕوو، یەکێک لەوانە بابەتی کۆمونیزم و مارکسیزمە، ئەو پێی وایە  کە مارکس لە ڕێی خوێندنەوەوە نەگەشتۆتە ئەم باوەڕە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ لە سیستمە ئابوورییە جیاوازەکاندا. بەڵکو کارکردی تیۆری هیگڵ بوو سەبارەت بە مێژوو. لە ڕوانگەی ” هیگڵ”ەوە ئامانجی مێژوو، ئازادکردنی ڕۆحی مرۆڤە، ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە هەموان هەست بکەین ئێمە بەشێکین لە هۆشمەندییەکی گەردونی. مارکس ئەم لێکدانەوە ”ئایدیالیستانەی” گۆڕی بۆ لێکدانەوەیەکی ”ماتریالیستیانە” چونکە بزوێنەری هێزی مێژوو پێویستییە مادییەکانمانە، ئازادیش لە ڕێگای خەباتی چینایەتییەوە ڕوودەدات.

چینی کرێکار هۆکاری ڕزگاری گشتییە لە جیهاندا، چونکە موڵکداری تایبەتی ڕەفز دەکاتەوە و لە جێگایدا موڵکداری گشتی دادەمەزرێنێت.

ئەو دەمەی کرێکار بە کۆ ببێتە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، مارکس بڕوای وابوو ئەو کاتە ”بەرهەمهێنانی هەرەوەزی” بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە زیاتر دەبێت لە بەرهەمهێنانی موڵکدارێتی تایبەتی: کەواتە کاری دابەشکردن بە شێوەیەکی زۆر، هیچ کێشەیەکی لەسەر نابێت. هەر بۆیە بە پێویستی نەزانیوە بچێتە وردەکاریەکانی چۆنێتی دابەشکردنی داهات و کاڵاکانەوە.

ڕاستییەک، کاتێک مارکس پلاتفۆرمێکی پێشنیار کراوی خوێندەوە بۆ یەکگرتنی هەردوو پارتی سۆشیالیستی ئەڵمانی ئەم شێوە دەربڕینانەی ”دابەشکردنی دادپەروەرانە” و ” مافی یەکسان” ی بە ”ئاخافتنێکی بەسەر چووی قۆڕ” پێناسە کرد، چونکە ئەو داواکارییانە هی سەردەمی نەبوونییە، بەلام شۆڕش کۆتایی بەمە دێنێت.

یەکێتی سۆڤیەت وەکو ئەزمونێک سەلماندی کە وەلانانی موڵکدارێتی تایبەتی ئامرازەکانی وەبەرهێنان و جێگرتنەوەیان بە موڵکدارێتی گشتی نابێتە مایەیی گۆڕینی خو و ڕەوشتی مرۆڤەکان. زۆربەی مرۆڤەکان لە جیاتی گرنگیدان بە بەرژەوەندی گشتی، لە هەوڵی وەدەستهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان بوون، یان لە هەوڵی وەدەستهێنانی پلەوپایەدا بوون بۆ خۆیان و کەسە نزیکەکانیان. ئەمە ئەوە دەردەخات کەوا بەرهەمهێنان لە سیستەمی تایبەتدا بەرهەم زۆرتر وەدەردێنێت لە سیستەمی گشتی. دەکرێت ئەم دیاردەیەش ببینین لە مێژووی ئەو وڵاتە گەورەیەی کە تا ئێستاش دەستی بە مارکسیزمەوە گرتووە.

لەسەردەمی دەسەڵاتی ماوتسی تۆنگدا، زۆربەی چاینێکان لە ژێر پلەی هەژاریدا گوزەرانیان دەکرد. ئابووری چاینە تەنها پاش ساڵی 1978 گەشەی بەخۆیەوە بینی، ئەو کاتەی “دینگ شیاوپینگ” شوێنی ماوی گرتەوە.

د. عەلی وەردی

ڕێبەری کۆمەڵناسی لە عێراقدا

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە کۆمەڵناسییە و دنیای گەورە نووسەر و کۆمەڵناسی عێراقی (د. عەلی وەردی) لە دید و ئەندێشەی کۆمەڵێک نووسەر و ڕووناکبیرەوە خراوەتە ڕوو، کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتار پێک هاتووە، کۆمەڵێک نووسەری جیاجیا نووسیویانە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسووەد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: تێزی دکتۆراکەی عەلی وەردی، عەلی وەردی و کۆمەڵگای کوردی، سەرکردەی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری لە عێراقدا، عەلی وەردی و شیعر لە چاوپێکەوتنیکدا، دەربارەی سروشتی مرۆیی، پسپۆڕیی عەلی وەردی لە ئابوورییەوە بۆ کۆمەڵناسی، نامەکانی عەلی وەردی  لە نێوان تیکساس و بەغدادا، ئایا هاوسەرگیری نیعمەتە یان نەهامەتی… و چەندین بابەت و وتار و ناونیشانی دیکە.

ئەوەی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، بەشێکی زۆر لە دنیای د. عەلی وەردی، ئەزموون و کتێبەکانی دەناسێت، چونکە گەشتێکی هەمەلایەنە بە ژیان، نووسین، دونیابینی و تێگەیشتنی کۆمەڵناسیانەی ئەم کۆمەڵناسە گەورە و ناودارەی وڵاتی عێراق و جیهانی عەرەبیدا، هەر وەک خودی ورگێڕ (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسووەد) لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی کردووە: ئێمە لەم کتێبەدا هەوڵمان داوە تێز و بیروبۆچوونی عەلی وەردی، سەبارەت بە کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی عێراقی، بە کورتی باس بکەین و گرنگترین وێزگەکانی ژیانی ئاشکرا بکەین و هەندێک لە کتێبەکانی بناسێنین، لەوێوە گرنگیی عەلی وەردی و میتۆدەکەیمان بە زمانێکی ئاسان و شێوازێکی ڕوون خستوەتە ڕوو.

لە وتارێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (عەلی وەردی و کۆمەڵگەی کوردی)دا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە خوێنەری کورد دەتوانێت تێبینی ئەوە بکات ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا هەبوون، هەندێکیان تا ئەمڕۆش پرۆسە دەکرێن و عەلی وەردی شیکردنەوەیان بۆ دەکات و ڕخنەیان لێ دەگرێت، تا ئەندازەیەکی زۆر، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا بوونیان هەیە، تا ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی و کۆمەڵگەی کوردی لەیەک دەچن، بۆیە ئەو ڕەخنانەی عەلی وەردی ئاراستەی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، لە زۆر لایەنەوە کۆمەڵگەی کوردیش دەگرێتەوە: باوەڕ ناکەم هیچ نووسەرێکی کور هەوڵی دابێت بەپێی تیۆرییەکانی عەلی وەردی کۆمەڵگەی کوردی بخوێنێتەوە، یان هەوڵ بدات سوود لە تیۆرییەکانی وەردی وەربگرێت و لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەی کوردی بکات، یان هەوڵ بدات بەپێی تێزە سۆسیۆلۆجییە نوێیەکان دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی شی بکاتەوە.

لە وتارێکی تردا بە ناوی (ئایا تێزەکانی عەلی وەردی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا پراکتیزە دەبن؟) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ماوەی پیتر لە نیو سەدە، زانای کۆمەڵناسی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی هەوڵی داوە بونیادی سۆسیۆلۆجیی کۆمەڵگەی عێراقی شی بکاتەوە و بەپێی میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگەری لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، ئەمەشی لە میانی چەندین کتێبدا کردووە کە بە نامیلکەیەک دەستی پێ کرد بە ناونیشانی (کەسێتی تاکی عێراقی) ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا سیمینارێک بوو ساڵی ١٩٥٠ لە زانکۆی بەغدا پێشکەشی کرد، لە هەمان ساڵدا لە شێوەی کتێبدا چاپی کرد: ئەم گەشتە زانستییەی عەلی وەردی توانی بچێتە نێو وردترین خانەکانی چنینی کۆمەڵگەی عێراقی، بە لێهاتووی قەڵەمێکی سۆسیۆلۆجیانە هەوڵی دا بونیادە سۆسیۆلۆجی، ئابووری و سیاسییەکان بە شێوەیەکی بابەتی شی بکاتەوە، بە چاوێکی بێلایەن و میتۆدی زانستی هەموو دیاردە کۆمەکایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی خوێندوەتەوە، یەکێک لە گریمانەکانی عەلی وەردی بۆ خوێندەوەی سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی، بریتییە لە ململانێی دەوارنشینی و شارستانی کە ئەمەی لە ئیبن خەلدوون خواستووە.

عەلی وەردی (١٩١٣–١٣ تەممووزی ١٩٩٥) زانای کۆمەڵناسیی عێراقی بوو، مامۆستا و مێژوونووس بوو، ناسراو بوو بە ھاوسەنگی و بابەتی بوون لە کارەکانیدا هاوکات یەکێکیش بوو لە پێشەنگەکانی (عەلمانیەت) لە عێراقدا. پاشگری ناوی وەردی لە خێزانەکەیەوە بۆی ماوەتەوە لەبەر ئەوەی باپیرەگەورەی کاری کردووە لە دروستکردنی دڵۆپاندنی ئاوی گوڵدا.

ناوبراو لە بەغدا، لە ناوچەی کازمییە ساڵی ١٩١٣ی زائینی لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٢٤ کورسی خوێندنی بەجێ ھێشتووە، بۆ ئەوەی لە لای عەتردروستکەرێک کار بکات، دواتر لەکارەکەی دوور خراوەتەوە لەبەر ئەوەی ھەمیشە خۆی بە خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامەوە خەریک کردوە و کڕیارەکانی فەرامۆش کردووە. دوای ئەوە دوکانێکی کردووەتەوە کە خۆی سەرپەرشتی کردووە. لە ساڵی ١٩٣١ پەیوەندی بە خوێندنی ئێوارانەوە کردووە لە پۆلی شەشی سەرەتایی دەستی بە خوێندن کردووە، ئەمەش سەرەتای ژیانێکی نوێ بووە بۆ ئەو، پاشان خوێندنەکەی تەواو دەکات و دەبێت بە مامۆستا. لە ساڵی ١٩٣٢ جلوبەرگی باوی ئەوکاتەی خۆی گۆڕی، جلوبەرگی ئەفەندی پۆشی، پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست ھێنا و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری دیکەدا بۆ خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی بەیروت نێردرا. پاشان لەوێش بەکالۆریۆسی بەدەست ھێنا و دواتر نێردرا بۆ زانکۆی تەکساس و لەوێ لە ساڵی ١٩٤٨ ماستەری بەدەست ھێنا و ساڵی ١٩٥٠ ش دکتۆرای بەدەست ھێنا.

لە ساڵی ١٩٤٣ لە وەزارەتی مەعاریف وەک مامۆستای ئامادەیی ناوەندی بەغداد دامەزرا. لە ساڵی ١٩٥٠ دا وەک مامۆستای زانستی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد دامەزراوە. پاشان لەساڵی ١٩٧٠ دا لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، پاشان زانکۆی بەغداد نازناوی مامۆستای موتەمەڕیسی پێ داوە. چەندین کتێب و دانراوی گرنگی ھەبووە، ھەموو ژیانی ناخۆشی و ئازار بووە لەگەڵ زۆرێک لە دەستەڵاتدارانی سەردەمەکانی خۆیدا جیاوازی ھەبووە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش بووە کە باوەڕی وا بووە داھاتوو لە نێوان دەستەکانی خۆیدا دروست دەکرێت.

عەلی وەردی، لە ژێر کاریگەریی ئیبن خەلدون، لە زانستی کۆمەڵناسیدا بووە. بابەتی بوونی لەم بوارەدا بووە بە ھۆی زۆر کێشەی گەورە بۆی، لەبەر ئەوەی بیرۆکەی مارکسی وەرنەگرتووە و شوێنی بیرۆکە ئایدۆلۆژی و نەتەوەییەکان نەکەوتووە. نەتەوەپەرستەکان بە مرۆڤێکی قوتری ناویان بردەوە لەبەر ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەی بە «کەسایەتی تاکی عێراقی» دانا، کە بەپێی بیروباوەڕی ئەوان، کەسایەتی مرۆڤی عەرەبی لە ھەموو وڵاتە عەرەبیەکاندا، وەک یەک وایە. هەروەها چەپ و شیوعیەکانیش ڕەخنەیان لێ دەگرت کە پشتی نەبەستووە بە ڕێڕەوی ماددی مێژوویی لە خوێندنەوەکانیدا.

لێکۆڵینەوەکانی عەلی وەردی سەبارەت بە کەسایەتی تاکی عێراقی، لە گرنگترین توێژینەوەکانی لەم جۆرە دێتە ھەژمار کردن و دەتوانێ وەکو نموونەیەک بۆ خوێندنەوەی ناوچەکانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوین بێت. وەردی کەسایەتی تاکی عیراقی وەک کەسایەتییەکی دوولایەنە ھێنایە بەرچاو، کە ھاوکات پیڕۆزییەکان و باوەڕی بیابان و شارستانێتی تێدا بەدی دەکرێت، لەو ڕووەوە کە ھەڵکەوتەی جوگرافی عێراق بووەتە ھۆی ئەوەی لە لایەکەوە بە ھۆی بوونی ڕووبار و سەرچاوەکانی تری ئاو، شارەکان دەتوانن دروست بن و لە لایەکی ترەوە بە ھۆی نزیکی لە بیابانی عەرەبەوە، عێراق بووەتە نشینگەیەکی باش بۆ کۆچەرانی بیابانگەڕ، کە دوایین نموونەی ئەم کۆچانە، بۆ ٢٥٠ساڵ لەمەوپێش دەگەرێتەوە. وەردی عێراق بە وێنەی کورەی تواندنەوە دەبینێ کە بۆ ئاوێتەکردنی کۆچەرانی بیابان بە دانیشتوانی عێراق، کە شارستانیەتێکی پێشکەوتووتریان ھەبووە، بە کار دەبرێت. ئەم بابەتە بووەتە ھۆی ئەوەی دوو نەوە بە دوو پیرۆزی و باوەری بیابانگەڕی و شارستێنی دروست بێت، کە لە لایەکەوە شانازی بە میوانداری و حەشیمەتی زۆر دەکات و لەم لاشەوە ژیانی نێو شار ناچاری دەکات ڕێسای شارستانیەتی ڕەچاو بکات.

بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگ و بە بەهایە بێبەش نەکات، چونکە تا ئەندازەیەکی زۆر ئاشنای دەکات بە تێزە کۆمەڵناسییەکانی ئەم زانا گەورە و ناودارەی بواری کۆمەڵناسی.

ڕۆشنگەری و فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری

ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەردەوامە لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم کە هەر جارە و تایبەتە بە پرس، چەمک و بابەتێکی فیکری و ئەدەبی و فەلسەفی، یاخود ئایینی و مێژووی و هونەریی، لەم دۆسیانەدا خوێنەر ئاشنا دەبێت بە بۆچوون و دیدی کۆمەڵێک فەیلەسووف، هزرمەند، ئەدیب و نووسەر  و ڕووناکبیری جیهانی، لەمەڕ پرس و چەمک، یان بابەتێکی دیاریکراو، کۆی ئەو بابەتانەش لە زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەمدا دەخرێنە ڕوو، بابەتی گرنگ و جێی مشتومڕن، بەشێک دەبن لە دەوڵەمەندکردنی ڕووناکبیریمان و ئەو پانتاییانەمان بۆ ڕووناک دەکەنەوە کە بۆ ئەمڕۆی ئێمە گرنگ و پێویستن.

کتێبی ئەمجارەی زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم بریتییە لە (ڕۆشنگەری و فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری، ئەم کتێبەش وەک زۆربەی دۆسیەکانی زنجیرەی سەردەم، کۆمەڵێک نووسەری جیا جیا نووسیویانە و لە لایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی ناوداری کوردەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستن، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ڕۆشنگەری چییە؟ سەرەتایەک لە بارەی ڕۆشنگەرییەوە، ئاخۆ ڕۆشنگەری مۆدێلی زاڵی بیرکردنەوە بوو لای فەیلەسووفانی سەدەی هەژدەیەم؟ ئاخۆ دەشێت هەمان ئەزموونی سەردەمی ڕێنسانسی ئەورووپی پێڕەو بکەین؟ سێ سەدە ڕۆشنگەری لە خۆرئاوا، فەیلەسووفانی سەردەمی مۆدێرنە و ڕۆشنگەری لە ئەورووپا، ئەوانەوی زەمینەیان بۆ ڕۆشنگەری خۆش کرد، چ کەسێک ڕۆشنگەرە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبەدا بە ناوی (ڕۆشنگەری چییە) کە لە لایەن فەیلەسووفی ڕۆشنگەر (ئیمانوێل کانت) نووسراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕۆشنگەری ڕزگاربوونی مرۆیە لەو بارە مەزهەبییەی کە گوناهی ئەوەتا لە ئەستۆی خودی خۆیدایە، هەرزەبوون واتە بێتوانایی مرۆڤ لە ئاست بەکارهێنانی ئاوەزی خۆی، بەبێ ڕێنماییکردنی کەسانی دی، جا ئەگەر هۆکاری ئەم هەرزەییە بێئاوەزی نەبێت، بەڵکو بێغیرەتی و ترسنۆکی بێت لە بەکارهێنانی هۆشدا، بەبێ ڕێنمایکردنی خەڵکانی دی، ئەوە گوناهەکەی لە ئەستۆی خودی مرۆڤدایە، دروشمی ڕۆشنگەری ئەمەیە “ئازایەتی ئەوەت هەبێت خۆت هۆشی خۆت بەکار بێنیت”

لە هەمان بابەتدا باس لەوەش کراوە ئەوەی خەڵک خۆی هۆشی خۆی ڕووناک بکاتەوە، کارێکی کردەیە و لەو شوێنەشدا کە خەڵکی لە ئازادی بەرخودار بێ، ڕۆشنگەری ئامادەیە: جا لەبەر ئەوەی لەنێو دەمڕاستانی باوەڕپێکراوی خەڵکدا، هەردەم کەسانێک هەن ئازادبیرن و خودێتی خۆیان لە بەندی هەرزەیی ڕزگار کردووە، ئەوا بە دەوروبەری خۆدا دەکەونە پەخشکردنەوەی مەعنەوەی و ڕۆحی، ئەو ڕۆحەش هەڵسەنگاندنی هۆشمەندانەی بەهای هەر مرۆڤێک و ئاواتی خودی ئەو مرۆڤە بۆ بیکردنەوەی ئازاد دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەو خاڵەمان لە یاد بچێت کە ڕێی تێ دەچێت هاندانی بەشێک لە سەرپەرشت و دەمڕاستانی بێتوانا لە ئاست گەیشتن بە ڕۆشنگەریی ببێتە هۆی ئەوەی هەر ئەو کۆمەڵانی خەڵکەی ئەوان (واتە سەرپەرشت و دەمڕاستانی ئازادبیر) زنجیریان لە مل کردوون، لە دوای ئازادبوون خۆیان ناچار بکەن لە بەندی هەرزەییدا بمێننەوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی هەمان کتێبدا بە ناوی (سەرەتایەک لە بارەی ڕۆشنگەرییەوە) ئەوە خراوەتە ڕوو کە زاراوەی ڕۆشنگەری، بە شێوەیەکی گشتی، ئاماژە بۆ چەشنێک لە بیرکردنەوە دەکات کە پشت بە عەقڵ و عەقڵانییەت دەبەستێت، یاخود ڕۆشنایی خۆی لە عەقڵەوە وەردەگرێت، لەسەر چەند بەهایەک ڕادەوەستێت، وەک ئازادی و دادپەروەری، لەبری خورافیات و زوڵم و ستەمگەری، ئەم تێگەیشتنە باکگراوندی سەرەکیی خۆی لە ڕۆشنگەریی فیکر و ڕۆشنبیریی خۆرئاواییەوە وەردەگرێت، بەو پێیەی یەکەم جار ئەم بیرۆکەیە لە فیکری خۆرئاواییدا پەرەی سەندووە، ئەگەرچی فیکری ئەقڵانی و بانگەشەکردن بۆ ئازادی و دادپەروەری لە کولتوورێکی دیاریکراودا قەتیس ناکرێت:

سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری، وەک دیاردەیەک، یان وەک بزاوتێکی ڕۆشنبیری و فیکری، لە کولتووری خۆرئاواییدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم، ئەمەش لە ئاکامی پەرەسەندنی چەند بارودۆخێکی فیکری و کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو لە مێژووی خۆرئاوادا (ئەورووپی و ئەمریکی) کە لە چەند گۆڕانکارییەکی بنچینەیی پێشوەختەدا گەڵاڵە بوو، بۆیە پێویستە وەک ئەڵقەیەک لە زنجیرەی پێشکەوتنە مەعریفی و فیکرییە کاریگەرەکانی مێژووی شارستانییەتی خۆرئاوادا تەماشای ڕۆشنگەری بکەین، ئەگەرچی ڕۆشنگەری، یان هەندێ لە سیما و تایبەتمەندییەکانی ڕۆشنگەری گوازرایەوە بۆ کولتوورەکانی تری دنیا، بەڵام نابێ پابەندبوونی ئەم بزاوتە بەو ڕۆشنبیرییە و بەو قۆناغە مێژووییە لە یاد بکرێت کە تێیدا لە دایک بووە، بۆیە لێرەدا پێویست دەکات چوارچێوەیەکی مێژوویی بۆ ڕۆشنگەری بخەینە ڕوو.

بەپێی پێناسەکان ئەوە خراوەتە روو کە ڕۆشنگەری بزاڤێکی فیکری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی فراوان بوو، لە چەرخی ١٨ لە ئەورووپا سەری هەڵدا، بووەتە میراتگری ئەم سەدەیە و تاکو ئێستاش مێژوو سەدەی ١٨ی بەسەدەی “ڕۆشنگەری” ناوزەند کردووە.

مەبەستیش لەم لڤینە بۆ ئەوە بووە تاکو فکر و فەلسەفە لە بورجە عاجێکەی بێنێتە خوارەوە و تێکەڵ بە ژیانی کۆمەڵاتی تاکەکان ببێت و تاکو لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفت و پرسە ڕۆژانەییەکانی کۆمەڵگاکەی بێت.

مەبەستی سەرەکی پشت ئەم بزاڤەش بۆ ئەوە بوو کە عەرشی دەسەڵاتی ئایینی و کۆنەپارێزی بهێنێتە لەرزین، چونکە ئایین کە لە چاخەکانی ناوڕاستدا باڵادەست بوو، کۆنتڕۆڵی هەموو جۆرە بیرێکی کردبوو، تەنها پێشوازییان لەو جۆرە بۆچوونانە دەکرد کە ناکۆک، یان  ناتەبا نەبێت لەگەڵ بیرکردنەوەی ئایین و دەسەڵاتەکەی، بەدەر لەوە هەر دەنگێکی تر خاوەنەکەی خۆی لە بەردەم سووتاندن و دانپێدانان و ملپەڕاندن دەبینیەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە تاکەکان دژی ئەو دۆزەخە شۆڕشێکی ناوەکی ئەنجام بدەن، پاشان ئەو ڕاپەڕینە بۆ کۆمەڵگاش پەخش بکەن، ڕۆشنگەری ئەو هەیبەتەی بۆ تاک گەڕاندەوە، تاکەکان خۆیان بەها و نرخ بۆ خۆیان دابنێن و لە هزری داتەپیوی پیاوانی ئایینی ڕزگاریان بێت، پەنا بردن بۆ زانست و مەعریفە لە بری ئەفسانە و جەهل، واتا بنەمای سەرەکی ڕۆشنگەری بڕواهێنان و بەکارهێنانی عەقڵە وەک یەکەمین ژێدەری بە دەستهێنانی مەعریفە.

لە سەدەی هەژدەهەمدا کۆمەڵێک بیرمەندو فەیلەسوف بوون بە داینەمۆو  ڕێبەر و سەر مەشقی بزاڤی ڕۆشنگەری، لەوانەش (دیکارت و ڤۆڵتێر و تۆماس هۆبس و جان جاک ڕۆسۆ و ئیمانوێل کانت) کە لە هەرە دیارترینەکانی ئەو مەیدانە بوون. شایانی وتنە “ڕینیە دیکارت”ی فەرەنسی یەکێک لەو بیرمەندە بە ناوبانگانە بوو کە بۆ یەکەم جار چەمک و مانای ڕۆشنگەری لە سیاقێکی دینیەوە گۆڕی بۆ سیاقێکی عەقڵانی بەڵام بە بێ ئەوەی ئاین بخاتە دەرەوەی پرۆژەکە، لەو قۆناغەدا هەوڵی دەدا ئاین دۆستان پراکتیزەی پیرۆزیەکانی خۆیان بکەن بە بێ دەستێوەردان لە کاروبارە دنیایەکان و کێشە ڕۆژانییەکانی تاکەکان، بۆ ئەم مەبەستە دیکارت تێگەیشتنی خۆی سەبارەت بە ڕۆشنگەری  ئاماژە بە چەمکی “ڕووناکی گشتی” دەکات و بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە:(مەبەست لە ڕووناکی سرووشتی کۆمەڵێک لەو ڕاستیانەن کە مرۆڤ تەنها لە میانەی بەکارهێنانی عەقڵی خۆیدا بە دەستیان دەهێنن) ٢ ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە تاکە بنەما کە پێوەر بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بە دووی ڕاستی و درووستیەکانەوە بێت تەنها عەقڵی مرۆڤ خۆیەتی، بۆیە تەواوی هزرڤانانیش گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە مرۆڤ کائینێکی جیاوازە، لە بونەوەرەکانی تری سەرگۆی زەوی بەهۆی ئەوەی تاکە بونەوەرە کە خاوەنی عەقڵ و تێهزرینە و توانای بیرکردنەوەی هەیە هەر لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی جەهل و ئەفسانه بێتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر هەر ئاکتێک یان بۆچوون و ڕایەک ئەگەر بە فلتەری عەقڵدا تێپەڕ نەکات  ئەوا شایەنی وەرگرتن نییە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە یان ڕەتدەکرێتەوە.  ئەو بیرەکۆنانەش خۆراک و ئۆکسجینیان لە نەریت و ڕێبەرانی ئاین و کەلتور و ژینگە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێسا سونەتیەکان وەرگرتووە، چونکی لە ئەگەر ناکامی و ناکامڵی و جەهل دەبێتە هۆی سود گەیاندن بەوان و زاڵبوونی ڕێساکان و نەریت.

پرسی ڕۆژ لە ڕوانگەی فەلسەفەوە

خستنەڕووی کتێبی: “ئەگەر ماسییەکان بیانتوایبا هاوار بکەن”

بەختیار حەمەسوور

نووسینی فەلسەفی لە دنیای هاوچەرخ و ئەمڕۆماندا، چیدی لەوە ترازاوە کە دەرگیری بابەتە بانسروشتییەکان و ئەو ڕووداو و ماجەرایانە بێت کە لە بورجی عاجدان و سەر و سمیان لە ئاسمانە، بە شێوەیەکی تایبەت و دیاریکراو، ئەمڕۆ فەلسەفە و بیرکردنەوە بۆ ئاستی ژیانی ڕۆژانە دابەزیون و لەگەڵ هەنگاو و ژیانی هەریەک لە ئێمەدا، هەوڵ دەدەن بچنە پێشەوە، بێگومان ئەم دیدە و ئەم گۆڕانە ڕیشەییە لەخۆ و ناکاو ڕووی نەداوە، بەڵکو بەر و هەرمەمی بیرکردنەوە و وردبوونەوەی سەدان فەیلەسووف و بیرمەندە، کە لە دووتوێی نووسراو و کتێبەکانیدا هەوڵیان داوە ڕووی ئەم دیدە وەرچەخێنن و گوتارێکی ئەمڕۆیی دەربارەی ژیان و گوزەرانی مرۆڤ پێشکەش بکەن، هاوکات ئایدیاکانیان لەسەر ئەو ڕووداو و پێشهاتانە بچنن کە بوون بە ئاریشە و گرفتی قووڵی ئینسانی هاوچەرخ، تاکو لەو دەروازەیەوە دەرەتانێک بۆ بیرکردنەوە و ڕامان لە شتە زۆر بەرچاوەکانی دەوروبەرمان بڕەخسێنن و وا بکەین بە نیگایەکی قووڵتر و ناخەکیترەوە لەو شتە پەراوێز و نادیدەگرانە بڕوانین، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ژیانمان پەک بخرێت.

بە بارێکی تردا، لە ڕووی زمانەوە، دەتوانین باس لە گۆڕانێکی ڕیشەیی تر بکەین، ئەویش سادەکردنەوەی زمانە، داماڵینیەتی لەو چەمک و دەستەواژە تیۆریک و ئاڵۆزانەی کە بۆ تێگەیشتنیان پێویست بە نووسینی پەراوێزی چەند پەڕەی دەکات، یاخود بە واتایەکی تر خوێنەر ناچار دەبێت ئیستێک لە بەردەم ئەو تێرمانەدا بکات، کە لە دەقە فەلسەفییە کۆن و کلاسیکەکاندا بە شوێن یەکدا هاتوون و ناچار بێت بچێت قامووس بکاتەوە و بە دوای واتای ئەو تێرمانەدا بگەڕێت، بەڵام لە نووسینی فەلسەفی هاوچەرخدا زمان لەو ئاڵۆزییانە دوور دەکەوێتەوە و ڕوونتر دەبێتەوە، ئایدیاکان لە ڕێی تەعبیر و ڕستەی سادە و ڕۆژانەییەوە ئاراستە دەکرێن و خوێنەر لە هەر ئاستێکدا بێت، دەتوانێت بەشێک لە چییەتیی ئەو نووسراوانە هەرس بکات. بێگومان ئەم گۆڕانە جەوهەرییانە مەرج و پێویستییەک نیین بۆ هەموو ئەو دەقە فەلسەفیانەی ئەمڕۆ دەنووسرێن، یان شوناس و ناسرانەوەی هەموو ئەو کتێبانە نیین کە ئەمڕۆ لە کایەی فەلسەفەدا بەرهەم دێن، هەر ئێستا دەبینین کە چەندین فەیلەسووف و بیرمەند بە زمانێکی ئاڵۆز و پڕ لە میتافۆڕ و چەمکی فەلسەفی ئایدیاکانیان دەخەنە ڕوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین فەلسەفەی هاوچەرخ تا ئاستێکی بەرچاو داماڵراوە لەو زمانە ڕیتۆریک و ئاڵۆزەی وا لە پێشتردا دەقەکانی پێ نووسراوەتەوە.

کتێبی “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن” نموونەی ئەو جۆرە کتێبە فەلسەفییانەیە کە بە دیدێکی هاوجووت لەگەڵ ئەو گۆڕانە ڕیشانەدا نووسراوە، وتارەکانی نێو ئەم کتێبە هەم بە زمانێکی سادە و ڕەوان، هەم دەرگیری ئەو پراسانەشن کە هەر ئێستا و لەم سەردەمەدا ڕوو دەدەن، یان لە چاوەڕوانی ڕوودانیانداین. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەری جوو پیتەر سینگەرە، دڵشاد حامید دەروێش لە ئینگلیزییەوە و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کردوویەتی بە کوردی. لە سەرەتای کتێبەکەدا وەرگێڕ بەم جۆرە کتێبەکە و نووسەرەکەی دەناسێنێت: «ئەم کتێبەی بەردەستتان، وەرگێڕانی بەشێکە لە وتارەکانی فەیلەسووفی مەزنی بواری ئاکار (ئەخلاق)، پیتەر سینگەر. سینگەر ساڵی ١٩٤٦ لەدایک بووە، دایبابی وی جووی نەمسا بوون، بەر لەوەی دەستی ڕژێمی نازییان بگاتێ، لە زێدی خۆیان هەڵهاتن و لە ئوستورالیا، بە دیاریکراوی لە شاری ماڵبۆرن گیرسانەوە، هەر لەوێندەریش سینگەر دێتە دنیاوە و کە تا نووسینی ئەم پێشەکییە لە ژیاندا ماوە و لە زانکۆ پڕۆفیسۆرە. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی سینگەری کردووە بە یەکێک لە گەورەترین و بە تاسەترین فەیلەسووفە هاوچەرخەکان، پەرتووکە ناوازەکانین، نەک پلەوپایە ئەکادیمییەکەی، لەوانە: پەرتووکی ئازادکردنی ئاژەڵان، کە زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین لە باشترینی ئەو پەرتووکە فەلسەفییانەیە لە سەدەی بیستدا هاتوونەتە دەرەوە.»

ئەم کتێبەی بەردەستمان، دەقە وەرگێڕاوە کوردییەکە، لە کتێبێکی نووسەرەوە وەرگێڕاوە بە ناوی “ئیتیک لە دنیای ڕاستەقینەدا”، کتێبەکە لە بنچینەدا پێک هاتووە لە ٩٠ وتاری کورت، وتارەکان لەمەڕ پرس و باسی هەمەچەشنن، لەوانە: ئاژەڵ، سێکس، جێندەر، سیاسەت، هەڵبژاردن، تەندروستی، تەکنۆلۆژیا و چەندان بابەتی تر، ئەوەی وەک ڕایەڵ ئەم وتارانە پێکەوە دەبەستێتەوە تیمای “ئاکار ـ ئەخلاق”ـە، کە پیتەر سینگەر دەیەوێت لە ڕێی ئەو باسانەوە پرسی ئەخلاق بورووژێنێت، پرسێک کە هەمیشە تێکەڵی چەند کاتگۆری گەورەتر بووە و لێڵ و ناڕوون بووە، بۆ نموونە لێکگرێدراوی بە ئایین، یان کۆمەڵگە و دابونەریتەوە، بەڵام ئەم فەیلەسووفە دەیەوێت لە ڕووی فەلسەفییەوە پەیوەستی ئەو باسانە بە چەمکی ئاکارەوە پێشان بدات، ئەمەش ئەرکی ئەو وەک نووسەر دەخاتە چوارچێوەیەکەوە، کە هەوڵی داوە بە ڕوونترین شێوە، ئایدیا فەلسەفییەکانی بخاتە ڕوو.

دڵشاد حامید دەروێش لە کۆی ئەو نەوەد وتارە تەنیا بیستوسێ وتاری هەڵبژاردووە و کردوونی بە کوردی، وەک خۆی نووسیویەتی: «هەڵبەت لە گۆترە و هەڕەمەکییانە ئەم ٢٣ وتارەمان هەڵنەبژاردوون، بەڵکو سەرەتا ئەو وتارانەی نەغمەیەکی جۆرناڵیستی بەسەریاندا زاڵە، لامان بردوون، دواتر بە چاوبڕین لەو کەلێن، یان ڕاستتر، خەرەندە مەعریفییانەی لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا هەن، وتارەکانمان هەڵبژاردوون، بۆیە زۆربەی وتارەکان لە بارەی بابەتی نوێ و تا ڕادەیەکی زۆر، دەستبۆنەبراون.»

بێگومان کێشەی ئاکار کێشەیەکی کۆن و هاوکات سەردەمی و هەمیشەییە، ئەوە کە ئێمە بە چ پێوەرێک کارێک هەڵدەسەنگێنن و ڕەوایەتی پێ دەدەین، یان بە پێچەوانەوە، چ کارێک لای ئێمە ناڕەوایە و دژ بە ئاکار و پێوەری ئێمەیە بۆ کردن و ڕەوایەتی نەدان پێی، ئەم فەیلەسووفە لە هەریەک لەو ٢٣ وتارەدا دەمانخاتە بەردەم پێوەرەکانی خۆمان بۆ ئاکار، خوێنەر دەتوانێت بەپێی ئەو بڕوا و ئیمانەی خۆی بۆ چەمکی ئاکار هەیەتی، بڕیاڕ بدات، پرسەکانی نێو ئەم وتارانە پرسی جیهانین و هەر ئەمڕۆ دەکرێ لە کوردستانیش هەمان ئەو پرسانە جێی مشتومڕ و گفتوگۆ بن. لە وتاری “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن” بە وردی پرسی ئاژەڵ و گیاندار خراوەتە ڕوو، ئەمە بۆ دنیای ئێمە، کە هەنووکە چەقی شارەکانمان پڕ بووە لە سەگی بەرەڵڵا و پشیلە، پرسێکی گرنگە، پرسی ژینگە و تەندروستی، پرسی سیاسەت و هەڵبژاردن، پرسی ئایین وەک داردەست، کە لای ئێمە لەوپەڕی برەودایە، پرسی چەپ و مارکسیزم، پرسی ئازادیی ڕادەربڕین، کە نموونەی قوربانییەکانی لای ئێمە بەرچاوە، پرسی کارەسات، پرسی خودا و هەڵبژاردنی مەرگ و… چەندان پرسی تر، کە ئەم کتێبە و نووسەرەکەی بەسەریان کردوونەتەوە.

دوو خاڵ کە زۆر درەوشاوەن و نووسەر بە درێژایی ئەم کتێبە وەک شێواز بۆ نووسینی ئەم وتارانەدا ڕەچاوی کردوون، ئەمانەن: یەکەم: نووسەر بۆ پاڵپشتی ئایدیاکانی بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ زمانی داتا و ڕاپرسی، ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک ژمارەدا ڕادەگرێت کە دەبنە بنەمایەک تاکو بزانین ئەو پرسە لە ئاستی گشتیدا چۆن لێک دراوەتەوە و پێوەری خەڵکان بۆ ئەو پرسە ـ پەیوەست بە ئاکارەوە ـ چۆن چۆنییە. دووەم: بەو پێیەی نووسەر بە ڕەگەز جووە، یادەوەرییەکی تاڵی بۆ بەجێ ماوە، چ لە دایک و باوکەوە، کە هەڵهاتوون و خودی نووسەر لە تاراوگەدا لەدایک بووە، چ لە باپیرە و داپیرەیەوە، کە لە کەمپ و گیتۆی نازییەکاندا مردوون، ئەمانە بوونەتە بیرەوەریی دژوار، بیرەوەرییەک کە ساڕێژ نابێت، دەبینین نووسەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بۆ ئەم یادەوەرییانەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە و هەوڵ دەدات لەو سۆنگەیەوە ئایدیاکانی ڕوونتر بکاتەوە.

گرنگیی خوێندنەوەی ئەم کتێبە لەوەدایە کە بزانین هەستی ئینسانیی ئێمە لە ساتی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی پێشهات و ڕووداوەکاندا، چەندە کارایە، ئایا ئاکاری ئێمە چەند وەڵامدەرەوەی هەستیی ئینساندۆستی ئێمەیە بەرانبەر کەس و بوونەوەرەکانی دەوروبەرمان. بێگومان خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەتوانێت بزوێنەری هەندێک هەستی ناکارا بێت لە ئێمەدا، بە ئاراستەی ئەوەی کە بیر بکەینەوە، تێڕامێنین، پاشتریش بە هەڵسەنگانێکی کراوە و دوور لە هەر ویستێکی نەخوازراو و زیاندار، بڕیاری دروست و بەجێ بدەین.

کتێبی “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبایە هاوار بکەن” لە زنجیرەی چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ١٤٠ لاپەڕەدا، بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

دەربارەی لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ

چەند وتاریکی فیکری و ئەدەبی

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە دانسقە و تازەچاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ) ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتاری فیکری و ئەدەبی پێک هاتووە و کراوە بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم وتارە فیکرییەکانن لەمەڕ هەندێک چەمک و بابەتی هەستیار و نوێ، بەشی دووەمیش بریتییە لە کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی، سەرجەم وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییەوە وەرگێڕدراون و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا (ڕەووف بێگەرد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، لە ڕاستیدا زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین بەشێک لە چێژ و گرنگیی ئەم وتارانە بە هۆی کوردییە پاراو و جوانەکەی وەرگێڕەوەیە کە خوێنەر وا هەست دەکات هەر لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراون.

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: دیموکراسی لە دیدی فەیلەسووفانی کۆن و نوێوە، کۆمەڵگەی مەدەنی، دەوڵەتی هاوچەرخ دەوڵەتی دامەزراوەکانە، مێژووی ژیان و بەرهەمەکانی کارل مارکس، ئەخلاق و تووندوتیژی، بایۆگرافیی منداڵی قوتابخانە و شیعر، نامەکانی دەستەێڤیسکی پێش فەرمانی تیربارانکردن و دوای ئەوە، ڕۆمان و وەچەخستەوە، ڕۆمانی شاری دڕەندەکان، چەند بیرەوەرییەک دەربارەی چیخۆف، سوپاس کازانتزاکیس کە ڕێگەونیت لێ کردین، لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ، هونەر لە سەردەمی ستالیندا و چەندین وتار و ناونیشانی دیکە.

نووسەرەکانی ئەم وتارانە بریتین لە: ئالن دوبنوا، فرید باسل الشانی، لیۆ شتراوس، د. عیسام عەبدولفەتاح، محەمەد ڕەزا نیکفەر، خۆرخێ لویس بۆرخێس، هاشم ساڵح، میلان کۆندێرا، ئەدۆنیس، ساراماگۆ و چەندین ناوی دیکەی درەوشاوەی نێو دنیای فیکر و ئەدەب.

بێگومان وەرگێڕ بە شێوەیەکی وشیارانە ئەم کۆمەڵە وتارەی هەڵبژاردووە و لەنێو ئەم کتێبەدا جێی کردوونەتەوە، چونکە هەر یەک لە وتار و بابەتەکان ئەگەرچی لە ڕۆژگارێکی پێش ئێستا و سەبارەت بە چەمک و بابەتی جیاجیا، لە قۆناغێکی دیاریکراودا نووسراون، بەڵام هێشتا بەهای خۆیان لەدەست نەداوە و بە خوێندنەوەی هەر کام لە وتارەکان، زانیاری و ڕۆشنبیریمان لەسەر ئەو چەمک و بابەتانە زیاتر دەبێت، ڕاستە هەندێک وتار هەن تەمەنیان تەنها یەک ڕۆژە، بەڵام وتارگەل و بابەتگەلێک هەن هێندە قووڵ و فرەڕەهەند و بە بیرێکی فراوانەوە نووسراون، قۆناغ و سەدەکان دەبڕن و نەوە دوای نەوە هێزی خوێندنەوە و تێگەیشتن و چێژیان لەدەست نادەن، بێگومان وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەو خاسییەت و تایبەتمەندییەیان هەیە کە دەکرێت بە بەردەوامی بخوێنرێنەوە و هەر جارێکیش کە لە خوێندنەوەی تەواو دەبین، وا هەست دەکەین شتێکی نوێ فێر بووین، واتە وتارەکان بە بەردەوامی شتی نوێمان پێ دەبەخشن و فێر دەکەن.

نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ڕەووف بێگەرد) لە پێشەکییەکی کورت و پوختدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم وتارانە، بەرودوا لە ساڵانێکی پێشوودا، لە زمانی فارسی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراون، زۆربەیان بەرهەمی دۆسیەکانی سەردەمن کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان لە کولتووری بێگانەوە، بە درێژایی تەمەنی هەژدە ساڵی گۆڤارەکە، بەپێی زەرورەتی بابەتیانەی گۆڕان و بەرهەمە فیکری و ئەدەبییەکانی دنیا، ئەو دۆسیانە بەرهەم هاتوون و ئێستاش کاریگەرییان لەسەر ڕووناکبیری ئێمە هەیە: جگە لەم لایەنە، هەندێک لەم وتارانە، بەپێ ئەو بەها  وگرنگییەی هەیان بووە و بە لای خۆمەوە کاریگەر بوون، وەرمگێڕاون و لە چاپەمەنی تردا بڵاوم کردوونەتەوە، وتارەکان تێکەڵەن لە بابەتی فیکری، سیاسی و ئەدەبی، هەروەها ئەو دیمانانەی لەگەڵ هەندێک لە ڕووناکبیر، فەیلەسووف، بیرمەند، نووسەر و هونەرمەنداندا کراون بە لای خۆمەوە شایانی بینینی خوێنەری کورد بوون.

لە یەکێک لە وتارەکاندا بە ناوی (دیموکراسی لە دیدی فەیلەسووفانی کۆن و نوێوە، کە (ئالن دوبنوا) نووسیویەتی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە یەکەم تیۆرە کە جێگەی قبووڵکردن و بڕوای زۆربەی خەڵک بێت، ئەوەیە کە دیموکراسی بەرهەمی تایبەتی سەردەمی نوێیە، لەگەڵ گۆڕانە هەرە تازەکانی قۆناغی ڕەوتی مێژوویی و ڕژێمە سیاسییەکاندا دەگونجێت، ئەمە بیروڕایەکە بەرگری لێ ناکرێت، دیموکراسی نە نوێتر و نە گۆڕاوترە لە ڕژێمەکان، یان ئەو بیروڕایانەی دەبینین مەیلی دیموکراسییان تیایە: ئەوەی مێژووی جیهان مێژووی بەرەوپێشچوونی دنیایە، مێژوو ڕەوتێکی ڕاستەهێڵی هەیە، هەر قسەی ڕووتە و بە تایبەتی لە دوای مێژووی گۆڕانی ڕژێمە سیاسییەکاندا بێماناییان سەلمێنراوە، لێرەوە دەکرێت وەک هەندێک لە لیبرالەکان ئەوە قبووڵ بکەین کە هزری دیموکراسی، بیرێکی سروشتی و خۆڕسکە، وەک چۆن ئاڵووێری بازرگانی پێویستی بە بازاڕێکە، سیاسەتیش بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پێویستی بە ڕەوشی دیموکراسییە.

(لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ) یەکێکی ترە لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە و ناوی خودی کتێبەکەش هەر لەم وتارەوە وەرگیراوە کە شاعیر و گەورە ڕووناکبیری عەرەب (ئەدۆنیس)نووسیویەتی، ئەدۆنیس لەم وتارەدا باس لەوە دەکات کە هەندێک تا ئێستا بە لایانەوە وایە کە ڕابردوو سەرچاوەیە، سەرچاوش سیستمێکی پێکەوە گرێدراوی تۆکمەیە کە لە ئینتیمای هاوبەش و بیری هاوبەشدا بەرجەستە دەبێت، هەروەها لە هەڵوێستی هاوبەشدا  بەرانبەر بە جیهان و مرۆڤ، لە یادەوەرییە مێژووییەکاندا، لە یەکگرتنی سیاسی/ پەیمانی ئایینیدا، لە ئیستاتیکای یەکگرتوو یان گونجاو لەگەڵ ئاکارە گشتییەکاندا: هەندێکی تر وای دەبینن کە کە ئیدی سەرچاوە نەماوە، یەقینی ڕابردوو کۆتایی پێ هاتووە، ئەوان دەڵێن تاقە شتێکی ڕاستەقینە کە بمانەوێ لەوێوە دەست پێ بکەین، تەنها هەرەسە، لەو هەرەسەدا نووسەر، شاعیر چ کەرەستە و پاڵپشتی نییە بیجگە لە وێڵبوون، مەبەستی لە ڕووی ئەزموونگەرییەوە، دەستپێکردنە بە نووسین لە دەرەوەی زەمان.

وتارە بەناوبانگەکەی (ساراماگۆ) کە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا ساڵی ١٩٩٨ پێشکەشی کرد، یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، ساراماگۆ لەو وتارەیدا دەڵێت: ئێستا بە ئاسانی دەتوانم هەموو ئەو کەسانە ببینم کە مامۆستای ژیانم بوون، ئەوانەی هەوڵی سەختی ژیانیان بە دژوارترین شێوە فێر کردم، ئەو دە دوازدە کەسایەتییانەی ڕۆمان و شانۆنامەکانم، کە ئێستاش لە بەرچاومدا دێن و دەڕۆن، ئەو پیاو و ژنانەی لەگەڵ کاغەز و مەرەکەبدا سەروسەودایان هەبوو، ئەو کەسانەی بە مەیلی خۆ و لە بەرگی حیکایەتخواندا هەڵمبژاردبوون و ڕابەریم دەکردن و لەسەر ویستی منی نووسەر، وەک بووکەشووشەیەک وا بوون، کە هەڵسوکەوتیان زیاد لە بارێکی گران و گرژی ئەو گوریسانەی بە هۆیانەوە دەمجوڵاندن، نەیاندەتوانی چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی من دابنێن.

هەر لەم کتێبەدا و لە بەشی وتارە ئەدەبییەکاندا کۆمەڵێک گفتوگۆی جوان و گرنگ بڵاوکراونەتەوە، یەکێک لەو گفتوگۆیانە لەگەڵ گەورە ڕۆماننووسی ئیتاڵی (ئەنتۆنی تابوکی)یە، لە یەکێک لە پرسیارەکانی ئەو چاوپێکەوتنەدا لێ دەپرسن: با لە دوا ڕۆمانتەوە دەست پێ بکەین کە لە کاتی دەرچوونیەوە تا ئێستا و لە هەموو ئەوروپادا سەرکەوتنێکی نایابی بەدەست هێناوە، هەندێک ڕەخنەگر وای باس دەکەن تا هەنووکە چاکترین کاری تۆیە، چیرۆکی دروستبوونی (تریستیانۆ دەمرێت) چۆن ئەو کەسەی دەمرێت لای تۆ لەدایک بوو؟

تابوکی لە وەڵامدا دەڵێت: پێش لەدایک بوونی ڕۆمانەکە زۆرم لەناو ڕۆحی خۆمدا هەڵگرتبوو، ماوەیەکی زۆر، پێش ئەوەی ڕووناکی ببینێت، لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکەم و ناو دەفتەر و نەستی خۆمدا دامنابوو، ژیا، بەردەوام گوێم لە دەنگی دەبوو، جارێک لەگەڵیدا دەدوام و تاوێک لێی دەتۆرام، پاشان کە بە تەواوی دەنگەکە پێگەیشت، دەستم بە نووسینی کرد، کەرەستە سەرەکییەکەم لە شێوەی تێبینیدا نووسیبوو، هەندێکیان نووسرابوون ئەوی تریم لە نهێنیدا حەشار دابوو، کە دەستم بە نووسینی ڕۆمانەکە کرد، بەشێکی زۆری ئەو یاداشت و تێبینیانەم دانا کە لام بوون.

بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە چێژ و جوانیی ئەم کتێبە بێبەش نەکات، چونکە لە لایەکەوە تێڕوانین و دید و دنیابینی ئەو نووسەرە مەزنانە دەناسین، لە لایەکی دیکەوە تێگەیشتنمان بۆ هەندێک چەمک و بابەت دەگۆڕێت.

 

دەقی کۆن و دڵنشین

خستنەڕووی: “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کانگای ئایینە ئاسمانیی و دنیاییەکان، شوێنێک کە بەردەوام ئایینی تێدا دروست بووە و بووە بە ئیلهام و پەنایەکی ڕۆحی و دەروونی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگە، کاتێک ئینسان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئایین لەم ناوچەیەدا تووشی سەرسامی و حەپەسانێکی زۆر دەبێت، کە دەبینێت لێشاوی ئەو هەموو ئایینە لەم کیشوەرەدا بە درێژایی سەدە و ساڵەکان بڵاو بووەتەوە و پەیڕەوانی تایبەت بە خۆیی هەبووە و بەشێکی بەرچاو لەو ئایینانەش تاکو ئێستا هەر هەن و درێژە بە خۆیان دەدەن و لە تەواوی دنیایەوە بڕوادار و لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە. هیندستان ئەو وڵاتەی زۆرترین ڕێژەی ئایینی تێدا کۆ بووەتەوە، بە تایبەتی ئایینی هیندۆنیزم کە ئایینێکی کۆن و خاوەن مێژووە لەو وڵاتە و لە ڕۆژهەڵاتدا و بووەتە چەترێکی گەورە و لەژێریدا چەندان ئایینی دیکە خۆیان وەدیار خستووە، یان بە واتایەکی تر لە هەناوی ئەو ئایینەوە سەدان وەچە زاون و لەدایک بوون، هیندۆنیزم یەک لەو ئایینە گەورانەیە کە بە ئێستاشەوە ئامادەیی هەیە و لە پانتاییەکی بەریندا بڵاوە و خەڵکانی زۆر پاپەندن پێیەوە، ئەم ئایینە کە سەرچاوەکەی وڵاتی هیندستانە، ئەمڕۆ چیدی لەو وڵاتەدا چەقی نەبەستووە و گەیشتووەتە دوورترین کیشوەر و وڵاتانی دنیا. دوان لە بارەی ئەم ئایینەوە شارەزاییەکی تەواو بەرفراوانی دەوێت، کەسانێک دەتوانن دەربارەی ئایینی هیندۆنیزم بدوێن و بنووسن، کە بە قووڵایی نەریت و ڕێسا و پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی ئەم ئایینەدا ڕۆ چووبن، دەقی بنچینەیی ئەم ئایینە لە کتێبی ڤیدادا تۆمارە و کتێبی ڤیداش وەک گەورەترین سەرچاوە بووە بە بناغە بۆ گەلێک ئایینی تر، بە جۆرێکی سادەتر دەتوانین بڵێین: دوان و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئایینی هیندۆنیزم، خۆبەخۆ دەمانباتەوە سەر دوان و لێکۆڵینەوە لە چەندان و چەندان وردەئایین و ئایینی تر، کە ڕەنگە سەرەکیترین و بەرچاوترینینان ئایینی بوودا بێت (هەڵبەت بەو تێبینییەوە ئەگەر بتوانرێت و گونجاو بێت بە نەریت و چوارچێوەی بوودا بگوترێت ئایین).

کتێبی “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” یەکێکە لەو کتێبانەی کە بە وردی لە ئایینی هیندۆنیزم و کتێبە سەرەکییەکەیان (ڤیدا)، دەکۆڵێتەوە، ئەم کتێبە لە نووسینی مامۆستا هاوبیر کامەرانە، کتێبە لە قەوارەیەکی گەورەدا و لە چاپێکی جواندا، لە دووتوێی ٤٤٠ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، ساڵی ٢٠٠٩ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. مامۆستا هاوبیر کامەران ساڵانێکە لە بواری کتێبی یۆگا و عیرفاندا چ بە نووسین و چ بە مەشق، سەرقاڵە و لەو کایەشدا، دەتوانین بڵێین لە کوردستان، پێشڕەوێکی پلە یەکی ئەو پانتاییە بەرینەیە. زنجیرەی ئەو کتێبانەی مامۆستا هاوبیر کامەران پێشکەش بە کتێبخانەی کوردیی کردوون (بە نووسین و وەرگێڕانەوە) خەروارێکن، تێکڕاش جەختی ئەو پەرۆشییە قووڵەی ئەم نووسەر و وەرگێڕە دەکەنەوە کە بۆ ئاشتەوایی و ئاشتکردنەوەی ڕۆحیی ئێمە بە هەریەک لە خودا ـ سروشت ـ ناخی خۆمان ـ و گەردوونەوە ڕۆی دەنێت. ئەگەر هەریەک لەو ئایکۆنانە وەک دوورگە وێنا بکەین، ئەوا ئەم مامۆستایە دەزانێت و پێی وایە کە پردی نێوان ئێمە و هەریەک لەم دوورگانە پچڕاوە، یان لە باشترین باردا ڕوو لە ڕووخان و کەوتنە و پێویستییەکی زۆری بە دووبارە چێکردنەوە و بونیادنانەوەیە، هەوڵەکانی مامۆستا هاوبیر بەو ئاراستەیەدایە، بەوەی کە پەیامی خۆشەویستی لەناو ناخی خۆماندا بچێنین و بەوەش دەرفەتێکی تەواو بە یەکتر بدەین کە لە بەرانبەر یەکدیدا لێبووردە بین و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە یەکمان خۆشبوێت. لە هەر دێڕێکی ئەم کتێبەدا بە ڕوونی ئەم پەیامە دەگەنێت، دەیەوێت ئەو بەستەڵەکەی نێوان ئایینەکان بشکێنێت و لە چەند نوختەیەکدا کە کۆکەرەوەی هەموویان بێت، بیسەلمێنێت کە جیاوازی و لێکدووری لە نێوانیاندا نییە، بەڵکو ئەوە توندڕەوی و پەڕگیرییە کە بووەتە بەربەست و سەرجەم لایەنگرانی ئایینەکانی کردووە بە دوژمنی یەکتر، مادەم خوداوەندە و ڕۆحی پاکژ و چاکەی هەمووان خاڵی کۆکەرەوەی ئایینەکان بێت، کەوایە ململانێی نێوانیان دەستهەڵبەستی خودی ئینسانە، ئینسانێک کە شەیتان دەستی لەگەڵدا تێکەڵ کردووە و لە خشتەی بردووە. ئەم کتێبە وەک هەر کتێبێکی دیکەی ئاسمانی، دەتوانێت هانمان بدات بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی بە هەموو مرۆڤایەتی، ڕۆنانی پرد لە نێوان خودا و ئێمەدا، خاوێنکردنەوەی هەر ژار و ژەهرێک کە زەفەر بە لایەنی ئینسانیمان بدات و وا بکات بمانکات بە کەسێکی شەڕانگێز و ناچیز.

کتێبی “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” بە زمانێکی ڕەوان و دوور لە هەر تەمومژێکی واتایی، نووسراوە، نووسەر بە شێوەیەکی پوخت و دوور لە ئاڵۆزیی، سەرجەم جومگە گرنگەکانی ئەو کتێبەی بەسەر کردووەتەوە. کتێبەکە لە چوار بەشی گەورە پێک هاتووە، لەناو هەر بەشێک لەم بەشانەدا چەندین ناونیشان و بابەت خراونەتە ڕوو، لەژێر هەر ناونیشان و بابەتێکدا زۆر بە چڕی و ڕوونی و کورتی، مەبەست و نیازی مەسەلەکان شرۆڤە کراون و خوێنەر دەتوانێت هەر لە دەستپێکەوە ئەو متمانەیە دەستەبەر بکات، کە توێژەر وێڕای ئەزموونی قووڵ و جددی خۆی لە بوارەکەدا، هاوکات پاڵپشتی دەیان سەرچاوە و بۆچوونی هەمەلایەن ببینێتەوە، کە بۆ گەیاندن و ناساندنی پەیامەکەی، پشکنیونی و خستوونیەتییە بەردەست.

ئەم کتێبە گەشتێکی ڕۆحییە بەناو ئاییندا، گەشتێکە بە سەرەتایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام نوختەیەک نییە کە لە کۆتاییدا دانرابێت، بە واتایەکی تر گەشتێکی ناکۆتایە، خوێنەر دەتوانێت بۆ جارێک و هەمیشە لەگەڵ ئەم کتێبەدا بڕوات و لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانیدا، بگەڕێتەوە کن پەیامە قووڵەکانی ئەم کتێبە. ڤیدا بە واتای (زانین) دێ، مەبەست لەو تێکستانەیە کە هیندییەکان و ئارییەکان لە مێژوویەکی دێرینەوە لە لایەن ڕیشییەکانەوە وەریان گرتووە و شەریعەت و ڕێگە و فەلسەفەی خۆیان لەسەر بنیاد ناوە. ڤیدا لە گرنگترین ئەو گەنجینانە دەژمێردرێت کە ئێمەی مرۆڤ بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەوە پەیمان پێ بردبێت، ئەم گەنجینەیەمان لە کونجە تاریکەکانی مێژووەوە بۆ جێماوە و پاشماوەی ئەو کەسانەشە کە ئەزموونی قووڵی هەقیقەتیان تام کردووە و لەو دەریا بێبنەدا ساڵانێکی زۆر لە مەلە و گەڕاندا بوون بە دوای گەوهەری خۆشبەختیدا، تا دۆزیویانەتەوە و گەیاندوویانە بە نەوەی دوای خۆیان، کە ئێمەین. کتێبەکە لە بنچینەدا بە زمانی سانسکریتی نووسراوە و بۆ سەدان زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراوە. کتێبەکە بۆ خۆی لە چەند وردەکتێب پێکهاتووە، هەریەکەیان تایبەتە بە لایەنێکی ژیان و جەخت لەسەر بڕگەیەک دەکاتەوە، کە دەتوانین بە پتەوکردنی لایەنی ڕۆحی و جەستەیی ئینسان بیناسێنین.

یەکێک لە دەقەکانی ناو “ڤیدا” کتێبی “ئاریۆڤیدا”یە، ئەم دەقە تایبەتە بە لایەنی جەستەیی و نەخۆشینەکان و چارەسەرکردنیان لە ڕێی خۆراک و گژوگیاوە. لە پاش ئیلاهیات و فەلسەفەی عیرفان، یەکێک لە تەمەندرێژترین و مرۆڤپەروەرترین زانستەکان کە پەیوەندی بە ڤیداکانەوە هەیە، زانستی پزیشکییە. هەڵبەت زانستی پزیشکی بەو مانایە نا کە ئەمڕۆ بەکار دەهێنرێت تەنیا بۆ چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشی، بەڵکو زانستی پزیشکی ئەو زانستەیە کە دەکۆڵێتەوە لە ڕێگەچارەی ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم مرۆڤ و ئەو خاو دەکەنەوە لە بڕینی ئەو ڕێگەیەی کە دەیگەیەنێت بە شادی هەتاهەتایی و خۆشی ناوەکی و سەرتاسەری، ئەو خۆشییەی کە لە قووڵترین بەشی مرۆڤایەتیمانەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ئاریۆڤیدادا گرنگی گیا وەک چارەسەر ڕوون دەکرێتەوە، کە دەتوانرێت وەک دەرمانی هەموو دەردێک بەکار بهێنرێت، لە یەکێک لە ئایەتەکانی “ڕێگ ڤیدا”دا ئاوا نووسراوە: «ئەی گیا ئێوە وەک دایکمان وان/ ئێوە لە سەدان شوێنی جیاجیادا بەدی دەکرێن/ هەزاران چڵ و پۆپتان هەیە، ئەو کارانە زۆرن کە ئێوە لە تواناتاندا هەیە جێبەجێی بکەن/ ئێوە لە هەموو نەخۆشییەک چارەسەرمان دەکەن.» شیاوی باسە پاشتر توێژەر گەڕاوەتەوە سەر “ئاریۆڤیدا” و بە کتێبێکی سەربەخۆ و بە وردی ئەم بەشەی ڤیدای تاوتوێ کردووە.

یەکێک لەو خاڵە درەوشاوانەی ئەم کتێبە لێی دەدوێت، “یەکێتیی بوون”ە، توێژەر بە پشکنینی ئەو ئایینانەی کە ئەم دیاردەیان تێدایە، هەوڵی داوە ڕووبەڕیکی بەرین بسازێنێت، هاوکات لەو ڕووبەرە بەرینەدا بگەڕێتەوە لای “ڤیداییەکان” و ڕوانینی ئەوان بۆ “یەکێتیی بوون” بخاتە بەرچاو. لە بڕگەیەکدا دەربارەی ئەم حاڵەتە، بە زمانێکی ناسکی شاعیرانە، بەم جۆرە تەعبیرە لە یەکێتیی بوون دەکات: «کاتێک دڵۆپێک ئاو دەچێتە زەریاوە دەبێتە زەریا، دڵۆپ لە زەریادا دەتوێتەوە و زەریاش بە هاتنەوەی دڵۆپ شادمان دەبێت و دەوری دەدات و لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە. ئیدی نە دڵۆپ دەمێنێت و نە زەریا، یان هەم دڵۆپ بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت و هەم زەریاش.» ئەمە لای ئەهلی تەسەووف و پیاوانی عیرفان بە شێوازی تر دەربڕاوە، بۆ نموونە لای مەولانای ڕۆمی بەم جۆرەیە: «کەسێک تینووی ئاو بێت، ئاویش تینووی ئەوە.» یان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: «ماسی هەرگیز لە ئاوی زەریا تینووێتی ناشکێ.» دەتوانین هەم دەربڕینەکەی ڤیداییەکان و هەم ئەوەی ڕۆمی و هەم ئەوەش کە لە ئیسلامدا هاتووە بەم جۆرە شرۆڤە بکەین: ئەگەر دڵۆپەی ئاو، یان ماسی دەلالەت بن لە خودی مرۆڤ، ئەوا زەریا دەلالەتە لە خودا، کەسێک کە دەگاتە مەقامێکی بەرزی ڕۆحی، ئیدی هیچ پەردەیەک لە نێوان خودا و ئەودا نامێنێت و وەک دوو ئەڤیندار، دیدار دەکەن. قسەی پوخت ئەمەیە: کاتێک ئێمە پەیوەندی لەگەڵ خودادا دروست دەکەین و خودا بۆ هەمیشە دەدۆزینەوە، ئیدی گرنگ نییە لە مزگەوت بین، یان کڵێسە، یان کەنیشتە و مەعبەدێکی بوودی، خودا لە هەموو جێیەکە، لە گوڵێکدا، لە باڵندەیەکدا، لە گایەکدا، چونکە خودا لە هەموو شوێنێکە، مادەم لە ناخ، ڕۆح و دڵی ئێمەدایە و پەییمان پێی بردووە.

شارەزابوون لە کتێبی ڤیداییەکان دەتوانێت ئاسۆی ڕوانینمان بەرینتر بکات، ئەگەرچی ئێمە سەر بەو ئایینەش نەبین، ئەگەرچی ئێمە پەیڕەویشی لێ نەکەین. توێژەر لە بەشێکدا ئەم خاڵە ڕوونتر دەکاتەوە و دەنووسێت: «ئەم نووسینەی بەردەستت لە چەند ڕوویەکەوە یارمەتیدەری تۆیە. یەکەم تۆ بەرەو کولتوور و فەلسەفە و ڕێگەیەکی نەبیستراو دەکاتەوە. دووەم پێت دەڵێت زۆر نەخۆشی لە وجوودی حەلنەکراوی ئێمەدا بە شاراوەیی هەن. سێیەمیش ڕێگەیەکت نیشان دەدات تا بتوانیت بە کرداری سوودی لێ ببینیت، وەک ڕێگەی یۆگا، سانکهیا، کوندالینی و ئاریۆڤیدا بۆ ساڕێژی دەرد و ئازارەکان و چوونە ناو ئارامی و شانتی دەروونیی. ئەوانەی گەیشتوونەتە ئارامی ناوەکی، هەمیشە تێدەگەن کە هێزە کاریگەرەکانی جیهان لە مەڵبەندی نەبڕاوی ئەو بێدەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت.»

لە کۆتایی ئەم کتێبەدا لیستێک لەو ناوە سانسکریتیانە هاتوون کە لە کتێبەدا باس کراون و بەرانبەریان بە کوردی بۆ دانراوە، دواتریش لیستی سەرچاوەکان هاتووە. “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” کتێبەکە بۆ هەمووان، ڕووی لە دەستەکی دیاریکراو نییە، دەتوانێت لەگەڵ هەموواندا بدوێ و پشوو و ئارامیی ڕۆحی بە دڵە شەکەتەکان بدات، ئەو دڵانەی ماندووی ڕۆتینی کار و ژیانی ئابڵووقەدراوی بەردەم شاشەکانن، ئەم گرنتییەش لە پلەی یەکەمدا بۆ ئەو پەیامە بەرزە دەگەڕێتەوە، کە لە هەناوی دێڕ و مەتنەکەیدا چنراوە و بە زمانێکی خۆڕسک و ساکار، وەک مەل دێت و لەسەر دڵمان دەنیشێتەوە.

ئەدیبان و دنیای سیاسەت

خستنەڕووی: “سیاسەت بە هەڵەیدا بردین”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

گفتوگۆ و مشتومڕی ئەدەبی، هەمیشە یارمەتیدەرە بۆ ئاشنابوونمان بە بیر و بۆچوون و دنیابینیی نووسەران، چونکە لەو دیمانانەدا نووسەر ڕاستەخۆ و دوور لە خۆسانسۆرکردن لە خۆی و دنیاکەی دەدوێ، لەو بابەت، دیاردە و نووسەر و کتێبانەی بۆی جێی سەرسامی بوون و لەوانەش کە لێیان بێزار و دوورە. هاوکات سەرجەم ئەو وێستگە گرنگانەش دەزانین کە نووسەران پێیدا تێپەڕ بوون و گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە. دیارە ئەوە شتێکی سەلماوە کە هەموو هەڤپەیڤینێک ناتوانێت ئەو ڕێسایە گشتگیرە بگرێتەوە و سەرڕاستانە وردەکارییەکانی ژیان و ئەدەبی نووسەر بەیان بکات، بەڵام نموونەی نووسەرانی جددی و خولقاو بۆ ئەدەب، بەردەوام دەمانخەنە بەردەم سەرسامی و بیرکردنەوە، قسەکردن و دوان لەبارەی ژیان و بەرهەم و ئەو ژینگەیەی تێیدا ڕسکاون، هێندە ڕاستگۆیانەیە کە هەر وا هەست دەکەین ئێمەیش لە نزیک وان و لەگەڵیان ئەو ئەزموونانەمان کردووە. بە تایبەت کاتێک قسە بێتە سەر نووسەرانێک لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی کە ئەزموونی ژیاوی تاک و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات نزیکایەتییەکی بێوێنەی هەیە، هەر ئەوەش وا دەکات کە لە ژیانی ڕۆژانە و پێکهاتەی خێزان و ژینگەی دەوروبەرماندا هاوچەشنی و هاوشێوەییەکی زۆر دروست ببێت، هەر ئەوەشە وا دەکات بە چێژێکی زۆرترەوە بتوانین پەیوەندیی لەگەڵ ئەو نووسەرانەدا ببەستین کە سەر بەو کولتوور و بیرکردنەوە و میراتە فەرهەنگییەن، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموومان، بە جیاوازی بیر و باوەڕ و زمان و نەتەوەوە، تێیدا هاوبەشین و یەک دەگرینەوە.

بورزوگ عەلەوی نووسەرێکی دیار و گەورەی نێو زمانی فارسییە، ئێمە ساڵانێکە ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ڕێی زمانی فارسیشەوە نەبێت، لە ڕێی وەرگێڕانی بەشێکی زۆر لە بەرهەکانییەوە، ئاشنای دنیای گێڕانەوەی ئەم نووسەرەین و بە جۆرێک بووە بە خۆشەویستی ئێمە لەو دنیایەدا. کەم کەس هەیە کە لە درێژە و ڕەوتی خوێندنەوەیدا ڕۆمانی “چاوەکانی” ئەم نووسەرەی نەخوێندنێتەوە، هەڵبەت بە وەرگێڕانی، وەرگێڕی بەسەلیقە و کارساز “ئازاد بەرزنجی”، چاپی ئەم کتێبە لە زمانی کوردیدا گەیشتووەتە چاپی … ئەوەش دەلالەتە لەوەی کە بە ئێستاشەوە ئەم کتێبە دەخوێنرێتەوە و پێشنیار دەکرێت بۆ خوێندنەوە. ڕەنگە خوێنەر کاتێک کتێبێک دەخوێنێتەوە، ئەو مەیلەی لە لا دروست ببێت، نووسەری ئەم کتێبە کێیە؟ سەر بە چ بیرکردنەوە و لە بڕگەیەکدا ژیاوە و بەرهەمەکانی دیکەی چین و چۆن بیر لە کردەی نووسین و گێڕانەوە دەکاتەوە؟ بێگومان پرسیارگەلێکی تر بەو ڕیزە پرسیارە زیاد دەبن و هەر ئەوەش وا دەکات لە ئینترنێتدا بە شوێن ئەو وەڵامانەدا بگەڕێ، تەنانەت پێی خۆشە ڤیدیۆ و وێنەی ئەو نووسەرەش ببینێت و شارەزای وردەکارییەکانی ژیانی ئەدەبی، کەسی و کۆمەڵایەتی ببێت. کاتێک دەبینێت کتێبێک لەو نووسەرە وەرگێڕاوە و تێیدا گفتوگۆیەکی هەمەلایەن لەگەڵیدا ساز کراوە، ئەوا خەنی دەبێت و وەک گەوهەرێک تەماشای دەکات، ڕێیەکی دوور و سەختی بۆ نزیک دەبێتەوە و بە هەمان تاسە و مەیلی خوێندنەوەی کتێبە ئەدەبییەکانی، دەست دەداتە ئەو کتێبە و دەیخوێنێتەوە. “سیاسەت بە هەڵەیدا بردین؛ چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ بورزوگ عەلەویدا” لەو چەشنە کتێبانەیە، کە خوێنەرانی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە دڵخۆش و پڕزانیاری دەکات، هاوکات سەرشار دەبن بە کۆمەڵێک لایەنی پەراوێز و نەدیتراوی ئەم نووسەرە، کە تێکڕا دەتوانن هاوبەشی خوێنەر بکەن لە ڕۆنانی کەسێتیی بورزوگ عەلەویدا و لەو دنیا ڕازاوە ئەدەبییەی پێکی هێناوە.

ئەم کتێبە بە کوردییەکی سادە و ڕەوان، لە لایەن وەرگێڕ “هەژار جەلال ئەحمەد فەهمی” ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی، بۆ ئەوەی بتوانین وێنایەکی گشتی لەسەر بوزورگ عەلەوی و ژیانی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بدەین بە دەستەوە، هەوڵ دەدەین گوڵچنێک لە کتێبەکە بکەین، تاکو لە ڕێیەوە خوێنەر بێبەش نەبێت لە بەشێک لە جوانی و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە گرنگە.

بوزورگ عەلەوی (موجتەبا عەلەوی)، لە ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٠٤، دوو دساڵ بەر لە شۆڕشی مەشرووتە، لە خێزانێکی کاسبکار و ئازادیخوازی تاران، لەدایک بووە. برا گەورەکەی (مورتەزا) لە ئەڵمانیا پەیوەندی کردووە بە چەپەکانەوە، لە سەرەتای دەرکەوتنی نازیزمدا چوو بۆ شوورەوی و ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ زۆرێک لە چەپەکانی ئێراندا، دەستبەسەر کران.

برا بچووکەکەی (مستەفا) لەگەڵ خوشکەکەی (نەجمی) ساڵانێکی زۆریان لە شوورەوی بەسەر برد، دواتر چوونە لەندەن. باوکی (سەیید ئەبو حەسەن کوڕی ئەرشەد حاج محەمەد)ی سەڕاف، ناسراوبوو بە (مەشرووتەخواز)، لە دەورەی یەکەمی پەڕلەمانی ئێراندا بە نوێنەر هەڵبژێردرا. سەیید ئەبو حەسەن کەسایەتییەکی سیاسی و فەرهەنگی بوو. لە تافی لاویدا چوو بۆ ئەورووپا و لە پاریسەوە چوو بۆ ئەڵمانیا. لەو کاتەدا کە ئینگلیزەکان دەسەڵاتیان گرتبوو بەسەر بەغدا و کرماشاندا، لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، سەیید ئەبو حەسەن لە (کۆمیتەی ملێون ئێرانی) بوو لە بەرلین، لەگەڵ تەقی زادە و جەمال زادە، دژی ئینگلیزەکان چالاکییان دەنواند. دواجار لە ساڵی ١٩٢٧دا لە بەرلین خۆی کوشت و هەر لەوێش ناشتیان.

بوزورگ عەلەوی لە قوتابخانەی ئەقدەسیە و دارالفنون وانەی خوێندووە، لە کاتی گەڕانەوەی باوکی بۆ تاران بۆ جاری دووەم، ئەو لە شیراز مامۆستا بوو، لە قوتابخانەی پیشەسازی فارس. دوای ساڵێک بەرەو تاران هات و لە ئەرکانی جەنگیدا بە وەرگێڕ دامەزرا، پاشان دوو ساڵ لە هونەرستانی دەوڵەتدا بە کاری مامۆستاییەوە سەرقاڵ بوو. لە تاران لەگەڵ سادق هیدایەت و شیرازی پووردا، کە هەردووکیان وەک خۆی هەستی نەتەوە پەرستیان هەبوو، کتێبی “ئنرانیان” لە سێ بەرگدا: (سایەی مەغۆل): هیدایەت و (دێوی بەدمەستی) دەربارەی ئەسکەندەر: شیرازی پوور، (دێو… دێو) دەربارەی هێرشی عەرەبەکان: عەلەوی، چاپیان کرد و پێشکەشی زەبیح بەهرۆزیان کرد، کە پیاوێکی نەتەوەپەرست و ئیلهامبەخشی ئەوان بوو.

زۆری نەخایاند کە موجتەنەبی مینەوی و مەسعوود فەرزادیش پەیوەندییان کرد بەو سێ تفەنگچییەوە. هەر لەو سەردەمەدا فەرزاد کۆمەڵەی ناوبراوی لە بەرانبەر (کۆمەڵەی حەوت)دا (سەعید نەفیسی و عەبباس ئیقباڵ و عەلی دەشتی و نەسروڵڵا فەلسەفی و فەخرەدین شادمان و غوڵام ڕەزا ڕەشید یاسەمی و عەلی ئەسغەر حیکمەت) دادەنا. واتە کۆمەڵەی “نوێخواز” لە بەرانبەر ئەدیبە سوننەتییەکاندا، کە بە قسەی “مینەوی” هیچ گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبێک لە شاکاری ئەوان خاڵی نەبوو، ئێمە گاڵتەمان بەوان دەکرد… کۆمەڵەکەمان لەو سەردەمەدا، مینەوی عەرەبییەکی باشی دەزانی، عەلەوی ئەڵمانی، هیدایەت فەڕەنسی و فەرزاد ئینگلیزی، کۆمەڵەیەکی بەتوانا و ڕێکوپێک، خاوەن پێنووسی بە توانا بۆ نووسین. پاشان (عەبدولحسێن نۆشین و حەسەن ـ شەهید نوورانی) هاتە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە و بەشی شانۆ و مافپەروەرییان تێدا بەهێز کرد. هێندەی نەخایاند خانلەرییش هاتە کۆمەڵەکەوە. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە بوزورگ عەلەوی کەوتە تۆڕی (ئەرانی)یەوە و چووە ناو دنیای سیاسەتەوە، (سەرمایە)ی مارکسی بە ئەڵمانی خوێندەوە، تا لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٣٧ کەوتە زیندانەوە لەگەڵ (پەنجا دوو کەس)ی تردا، کە دواتر لەو سۆنگەیەوە ڕۆمانی (پەنجا و سێ کەس)ی نووسی؛ (لاپەڕە دڕاوەکانی زیندان و پەنجا و سێ کەس) بەرهەمی ئەو سەردەمەین.

لە خەرمانانی ١٩٤١دا عەلەوی لەگەڵ ئەوانی تردا لە زیندان ئازاد کران، هەر لەو سەردەمەدا بوو مافی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی “مەردووم”ی کەوتە ئەستۆ، (سەفەری نەوعی)، (ئەنوەر خامەی)، (عەبدولحسێن نۆشین)، (سادق هیدایەت) و (ئیحسان تەبەری) لە نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە بوون، جارجار بوزورگ عەلەوی لەپاڵ ئەواندا شتی دەنووسی.

پاشان ساڵی ١٩٤٣ گۆڤاری “پەیامی نوێ” لە لایەن ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئێران و شوورەوییەوە دروست بوو، عەلەوییش لەگەڵ هەندێ ڕۆشنبیردا، وەک: سەعید نەفیسی، هیدایەت، فاتمە سەیام، عیسا بەهنام، کەریم کەشاوەرز، ڕوحوڵڵا خالقی و غوڵام عەلی ئازەر لەوێ کاری دەکرد.

لە ساڵی ١٩٤٤ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی چوو بۆ ئەڵمانیا و کە ڕێکەوتی کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بوو. بۆ هەمیشە لە بەرلین مایەوە و دەستی کرد بە گوتنەوەی وانەی زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆ. بەڵام بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە هەواڵ و باری ئەدەبی و فەرهەنگی و سیاسی وڵاتەی خۆی، ئێران، دانەبڕا.

یەکەمین خۆشەویستی عەلەوی لەگەڵ کچی دکتۆر (ئاشتووم)دا بوو، کە دکتۆری ددان بوو، خەڵکی ئەڵمانیا بوون، ئەو کاتە لە تاران دەژیان، جوانی ئەو کچە بووبووە وێردی سەر زمانی هەموو خەڵک، لەگەڵ عەلەویدا زەماوەندیان کرد.

دوای ئەوەی کەوتە زیندانەوە و حکومیان دا بە هەشت ساڵ، بە هۆی جەنگ و ئەو مەترسیانەی لەسەر هاووڵاتییە ئەڵمانییەکان بوو، ژنەکەی لێی جیابووەوە و لەگەڵ ئەڵمانییەکانی تردا گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

مانی عەلەوی تەنیا کوڕ و یادگاری زەماوەندەکەیانە، لە سویسرا دەژی. بوزورگ عەلەوی لە تەمەنی نەوەد و چوار ساڵیدا، ساڵی ١٩٩٧ لە بەرلین، کۆچی دوایی کرد.

لەم کتێبەدا نووسەران و ڕۆشنبیرانێکی وەکو عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەحموود دەوڵەتئابادی، ڕامین جیهانبەگلوو و… بوزورگ عەلەوییان دواندووە و کۆی کتێبە دەتوانێت سەرچەشنێک لە ژیاننامە و کارنامەی عەلەوی بدات بە دەستەوە.

ئەم کتێبە یادگاری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەو کتێبانەیە کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای دامەزراندنی ئەو دەزگایە دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە کتێبە بە نرخەکانی زنجیرەی چاپ و بڵاوکراوەی سەردەم، ساڵی چاپەکەی ١٩٩٩یە.

باوک وەک نوێنەری داماویی

خستنەڕووی “دیمەنێک لە پردەکەوە”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ئەمریکا شاری ڕووداوە سەیر و ئاڵۆزەکان بووە، لەو کاتەوە کە کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس ئەم خاکەی کەشف و دۆزییەوە، کە بنەچەکەی سوورپێستەکان لەسەری دەژیان و هەبوون، لەو کاتەوە هەدای نەداوە و بەشێکی بەرچاو لە ڕووداوەکانی جیهان، لەو خاکەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەمەریکا بە خەونێکەوە، کە خەونی تاکی ئەمریکییە و لە ڕەهایی و ئازادیی هەمیشەییدا خۆی دەبینێتەوە، سەدەکانی بڕیوە و هاتووە، لەپێناو ئەو خەونەدا کۆشاوە. نووسەرانی ئەمەریکی لە نووسراوەکانیاندا درێژەیان بە هەمان خەون داوە، هەریەکەو بەپێی ئەو زەمەنەی تێیدا ژیاوە، هەوڵی داوە خەونەکەی لە بەرانبەر لەمپەرەکاندا ڕا بگرێت و بەرگریی لێ بکات، دەتوانین بڵێین سەدەی بیست و نووسەرانی سەر بەو خولە، زۆرترین شەڕیان لەپێناو ئەو خەونەدا کردووە، مارشاڵ بێرمەن، کە خۆی یەکێکە لە نووسەرانی ئەو خولە و لە کتێبی “ئەزموونی مۆدێرنیتێ”دا، بەشێکی تایبەت کردووە بە ئەمریکا و لەژێر ناوی “لە جەنگەڵی هێماکاندا: هەندێ سەرنج سەبارەت بە مۆدێرنیزم لە نیویۆرک”دا بە وردی ئەو سەدەیە دەپشکنێت و نووسەران و ڕووداوگەلێک بەسەر دەکاتەوە کە نوێنەری ئەو سەدەیەن و پێکڕا بەرجەستەی ئەو خەونە دەکەنەوە، کە ڕەنگە لە دواجاریشدا هەموویان لە بەری ئەو خەونە شکستیان چنیبێتەوە، بەڵام هەر لەو شکستە سەدان دەقی گرنگ و مۆدێرن ڕسکاون.

ئارسەر میلەر (١٩١٥ ـ ٢٠٠٥) یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ئەمریکا و جیهان، ئەو زیادتر بە دەقە شانۆییەکانی ناوی دەر کردووە و خاوەنی چەندان دەقی گرنگ و نەمرە، لە زمانی کوردیدا تا هەنووکە سێ دەقی بە بایەخی ئەم نووسەرە کراون بە کوردی، سێ دەق کە دەتوانن وێنایەکی ڕوون لە جیهانبینیی ئاسەر میلەر بدەن بە دەستەوە، ئەوانیش هەریەک لە شانۆنامەکانی “مردنی دێوەرەیەک”، “هەموو کوڕەکانم” و “دیمەنێک لە پردەکەوە”، کە لە لایەن هەریەک لە ئازاد حەمەشەریف، فاروق هۆمەر و عەلی عوسمان یەعقوبەوە، لە کات و شوێنی جیاوازدا، لە زمانی ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی. ئەم سێ دەقە ئەگەرچی دنیای تەواو سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام هاوکات چەند خاڵی هاوبەشیش لە نێوانیاندا هەیە، کە دەتوانێت دەقەکان و ئایدیای سەرەکییان بباتەوە تەنیشتی یەک و پێکەوە گوتاری ئارسەر میلەر ئاراستە بکەن. لێرەدا بە وەستان لەسەر “دیمەنێک لە پردەکەوە”، هەوڵ دەدەین کەمێک لە دنیای میلەر نزیک ببینەوە.

وەک لە پێشەکیی وەرگێڕدا هاتووە، بیرۆکەی شانۆنامەی “دیمەنێک لە پردەکەوە”، ئارسەر میلەر لە هاوڕێیەکی خۆیەوە وەری گرتووە، کە پارێزەر بووە، چیرۆکەکەش بەم جۆرەیە: پارێزەرەکە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا هەوڵی بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەیان داوە کە لە شۆستەی بارکردن و بارداگرتنی کەشتی لە کەناری “برووکلین” ـ یەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی نیویۆرک ـ دا بووە، ئەوە بووبووە مایەی نیگەرانی کرێکارەکان. پارێزەرەکە، کە ناوی “ڤینی لۆنجی” بوو، چیرۆکی کرێکارێکی بۆ میلەر گێڕایەوە، کە لە بەندەرەکە کاری دەکرد. ئەم کرێکارە خەبەری لە دوو پەناهەندە دابوو، کە بە قاچاخ هاتبوون بۆ ئەمریکا. ئەم دوو پەناهەندەیە برا بوون و خزمی کرێکارەکە بوون و بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەپەرتمانەکەی خۆی داڵدەی دابوون. دوای ئەوەی یەکێک لەو دوو پەناهەندەیە هەوڵی هاوسەرگیری دەدات لەگەڵ کچی خزمی ئەو کرێکارە، کرێکارەکە بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییەکە پووچەڵ بکاتەوە، دەسەڵاتدانی لە فەرمانگەی کۆچبەران ئاگادار کردبووەوە تا بێن دوو پەناهەندە قاچاخەکە دەستگیر بکەن. دیارە ئەم کارەی کرێکارەکە بووبووە مایەی ڕیسوابوونی لە گەڕەکەکە و دواجار ناچار بوو ئەو گەڕەکە جێ بهڵێت. دوای ماوەیەک دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، کە کرێکارەکە بە دەستی یەکێک لە براکان کوژراوە. ئەمە بیرۆکەی چیرۆکی شانۆنامەی “دیمەنێک لە پردەکەوە”یە. ئارسەر میلەر لە شانۆنامەکەیدا، وەک چۆن هاوڕێ پارێزەرەکەی چیرۆکەکەی بۆ گێڕاوەتەوە، پارێزەرێک دەکات بە گێڕەرەوەی گشتی (حەکایەتخوان). ئەم پارێزەرە لە دەستپێکەوە ڕەوتی ڕووداوەکان و هاتنیان بە شوێن یەکدا دەستنیشان دەکات، هاوکات هەر لە ڕێی ئەم پارێزەرەوە کەسێتییەکان دەناسین و ئەم ڕێیان بۆ خۆش دەکات بێنە سەر تەختی شانۆ و ڕۆڵەکانیان وازی بکەن.

ڕووداوەکان لە ئەپەرتمانی تەلارێکی زەبەلاحدا ڕوو دەدات، تێیدا ژن و پیاوێک و کچێک، کە دەکاتە کچی خوشکی ژنەکە و لە پاش مردنی دایکی و باوکی کەوتووەتە لای ئەمان و ئەمان گەورە و پێیان گەیاندووە و ئێستا لە هەڕەتی گەنجی و جوانیدایە، لەو ئەپەرتمانەدا دەژین، پیاوەکە، کە ناوی ئێدی کاربۆنە لە شۆستەی بەندەی برووکلین کار دەکات و کارەکەی داگرتنی ئەو بارانەیە لە کەشتییە گەورەکاندا دەگەنە بەندەر، ژنەکە، کە ناوی بیاتریسە ژنی ماڵەوەیە، کچەکەش ناوی کاترینە. دەسپێکی ڕووداوەکان بە گەڕانەوەی ئێدی کاربۆن لەسەر کارەوە دەست پێ دەکات و هەواڵی هاتنی دوو ئامۆزای بیاتریس دەهێنێتەوە بۆ نێو ماڵ، ئامۆزاکانی بیاتریس ناویان مارکۆ و ڕۆدۆڵفۆیە، ئیتاڵین و لەوێوە هاتوون بۆ ئەمریکا بۆ کارکردن، هاتنی ئەم دوو کەسە لە وڵاتێکی وەک ئیتالیاوە هاوکاتە لەگەڵ لێشاوی ئەو شەپۆلە بەرینەی لە دەیەی سی و چلەکانی سەدەی بیستدا لە ئیتالیا و وڵاتانی ترەوە ڕوویان لە ئەمریکا کرد بە مەستی کارکردن و مانەوە لەو ویلایەتە گەورەیەدا. شوێنی ڕوودانی شانۆنامەکە “ڕێدهووک”ە، کە بەشێکە لە گەڕەکی “برووکلین” لە نیویۆرک، زۆرینەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە پەناهەندەی ئیتاڵین. هاوکات ئەم گەڕەکە پڕە لە شەلاتی و شەقاوە، هەر ئەمەیش کارێکی وای کردووە کە شانۆنامەکە لە ڕووی بەکاربردنی زمان و تەنانەت فەزای گشتیشەوە بەرجەستەکەرەوەی ئەو ئەخلاقیات و سروشتە بێت کە ئەو گەڕەکە و کەسێتییەکانی پێ ناسراون، بە تایبەت لە زەمەنی نووسینی ئەو دەقەدا. ئەم دوو برایە بۆ کار هاتوون، مارکۆ خاوەنی هاوسەر و منداڵە و هەرچی ڕۆدۆڵفۆشە هێشتا ژنی نەهێناوە و گەنج و جوانە و خولیای گۆرانیوتنی هەیە. هاتنەکەیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە، تاکو ئەوەی خۆیان دەگرن و جێیەک پەیدا دەکەن، بەڵام لەگەڵ کاتی خایەندراوی شانۆنامەکەدا، تێدەگەین ئەوان لەو ماڵەدا دەمیننەوە و تاکو ئەو ساتەی کە حاڵەتە درامییەکە دەگاتە لووتکەش، مانەوەیان لەوێ هەر بەردەوام دەبێت.

ڕۆدۆڵفۆ هەر لە سەرەتاوە جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ کاترین پێ دەهێنێت، ئەم پەیوەندییە ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵدەکشێت و دەگاتە جێیەک کە ئیدی ئەو دووە هاوسەگیری بکەن، کەسی ناڕازی و دژ بەو دۆخە، ئێدی کاربۆنە، کە دەکرێت بۆ کاترین وەک باوک و لە پێگەی باوکەوە بخوێنرێتەوە. ململانێی کاربۆن لەگەڵ ڕۆدۆڵفۆ لە سەرەتاوە ململانێیەکی نەرمە، بەڵام بە تێپەڕینی کات و خەمڵینی پەیوەندیی کاترین و ڕۆدۆڵفۆ، ئەم ململانێیە توند و توندتر دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی هەردوو براکە لە ماڵەکەی وەدەر دەنێت. بەردەوام ئەوە لە کاترین دەگەیەنێت کە ڕۆدۆڵفۆ کەسێکی خراپە و بۆ ئەوە دەیەوێ هاوسەگیری لەگەڵدا بکات، تا مافی مانەوەی لە وڵات و ناسنامەی ئەمریکی بەدەست بهێنێت، لە بەرانبەریشدا بیاتریس هەیە، کە لایەنگری کاترینە و بەو هۆیەی کە کچەکە چیدی منداڵ نییە و دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆی بدات، سەرکۆنەی کاربۆن دەکات و گرژی لە نێوانیان دروست دەبێت. کاترینیش لە سێ جەمسەری کاربۆن / بیاتریس / ڕۆدۆڵفۆدا تێدا ماوە و تەنیا خەفەت دەخوات. ئەگەرچی ئەم پەرچەکردارە توند و ڕەقەی ئێدی بەرانبەر بە هاوسەرگیریی نێوان کاترین ڕۆدۆڵفۆ لە ڕواڵەتدا وەک بەرپرسیارێتیی و پاراستنی کاترین لە ڕۆدۆڵفۆ دەردەکەوێت، بەڵام لە ناواخن و کرۆکدا هەستێکی بۆگەن و ڕزیوە، ئەویش پەیوەندیی شاراوە و شەهوانی یەکلایەنەی ئێدییە کاربۆنە بە کاترینەوە.

سووسەی پەیوەندییەکی ئابڕووبەرانە لە لایەن ئێدی کاربۆن بە کاترینەوە، هەر لە سەرەتاوە شەپۆلان دەدات، نەختە نەختە ڕایەڵ و داوەکانی ئەم پەیوەندییە ئاشکرا و ڕوونتر دەبنەوە، دەبینین لە دوایین دیمەنەکانی ئەم شانۆنامەیەدا وەها پەردەلادانێک ڕێک لە لایەن بیاتریسەوە هەڵدەدرێتەوە و دەردەخرێت، بێگومان ئەم پەیوەندییە تاکجەمسەرە و تەنیا لە لایەن ئێدی کاربۆنەوە دروست بووە، هەرچی کاترینە هەستێکی باوکانەی بۆ کاربۆن هەیە و خۆشەویستی و ڕێزێک کە دەینوێنێت بۆی، هەر لە سۆنگەی باوکێکەوەیە. باوک کە هەستەکانی دژ بە ئاکار و ڕەوشتی باو دەوەستنەوە، شیرازەی خێزان لە بنەتاوە هەڵدەوەشێت و جومگەکانی بەر دەبنەوە، شانۆنامەکە بە وردی ئەم دۆخانە دەر دەخات، کاریگەری ئەو هەستە لەناو خێزاندا پێشان دەدات، هەڵکشان و داکشانی ڕووداو و حاڵەتەکان دەنوێنێتەوە، هەر لە ڕێی پێشاندانی ئەم دۆخانەوە دەتوانێت دەلاقەیەکی بەرین بەسەر تێگەیشتن لە شارستانیەت و کولتووری ئەمریکیدا بکاتەوە.

ئارسەر میلەر لە ڕێی خێزانێکەوە گوتارە شانۆییەکەی خۆی ئاراستە دەکات، لە خێزانیشدا بە شێوەیەکی تایبەتی لەسەر پێگە و جێگەی “باوک” دەوەستێت، باوک کە بەردەوام وەها وێنا کراوە کۆڵەگە و ڕاگری خێزان و بنەماڵەیە، بەڵام لە شانۆنامەکانی میلەردا لەم پێگە و جێگەیەوە بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە خەرەندەوە. لێسەندنەوەی دەسەڵات لە باوک و ڕووتەڵکردنەوەی لە هەموو هەژموون و قەڵەمڕەوییەک، دەلالەت لە دۆخی گشتی ئەمریکا دەکات، بە تایبەت پاش قەیرانی دارایی دەیەی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو، بە تایبەت لەو چینەدا کە ئێدی کاربۆن نوێنەرایەتی دەکات و چینی ناوەند یاخود خوار ناوەندی کۆمەڵگەی ئەمریکییە. ئارسەر میلەر شوێنی “باوک” دەستنیشان دەکات، باوک چیدی ناتوانێت سنوورەکان بکێشێت، دەسەڵاتی لە بازنەیەکی بچووکدا خول دەخوات و ناتوانێت وەک ڕابردوو، ڕەها و هەموو هێز و بڕیارێک بێت، ئێدی کاربۆن ڕێک ئەو ڕۆڵە نوێیە دەبینێت، لەگەڵ هەموو ڕێگری و بەرگیرییەک لە سەرنەگرتنی ئەو هاوسەرگیرییە، دواجار بە پێشێلکردنی خۆی دەشکێتەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەشدا، دەکوژرێت، کوشتنی فیزیکی کاربۆن کوشتنێکی هێمایینە و دەلالەت لە کوشتنێکی گەورەتر دەکات، کە کوشتنی دەسەڵاتی بەرزەفڕانەی باوکە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا.

خەونەکەی ئەمریکا ئەگەرچی بەردەوام خیانەتی لێ دەکرێت، بەڵام درێژەی هەیە، ڕیزی درێژی خەونبینانی ئازادیی تاکەکەس و ژیانی بەختەوەرانە بۆ هەمووان، درێژە، ئارسەر میلەر یەک لەو کەسانەیە بەو خەونەوە نووسی، لە وەڵامی ئەو خەونەدا دەقەکانی لەچاپ دان و شەڕی ئەو پۆخڵەواتیانەی کرد دەبنە لەمپەر و ژیانی شەرەفمەندانە پەک دەخەن.

جوان؛ هێندەی ئەڤینی کیژانی گوند

خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی”

 

بەختیار حەمەسوور

 

کۆمەڵەچیرۆکی “لەگەڵ باراندا ببارێ” هەڵبژاردەیەکی چەند چیرۆکێکی هاوچەرخی فارسییە، وەرگێڕی بە سەلیقە و پەیڤشیرین، خالید فاتیحی ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کردوونی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە لە هەشت چیرۆک پێک هاتووە، بەم ناوانە: “مانگا: غولامحسێن ساعیدی، لەگەڵ باران ببارێ: ئەمین فەقیری، ئابی و ئەوینەکەی: ئەمین فەقیری، منداڵی خەڵک: جەلال ئەل ئەحمەد، شەوی بێ سپێدە: عەلی ساڵحی، ئەو بەفرە، ئەو بەفرە نەفرەتییە: جەمال میرسادقی، پیاوە ئێسکە پەیکەرەکە: مەهدی ڕەزایی، دەروازە: ئەبوتورابی خوسرەوی”. ئەم چیرۆکانە نموونەی مشتن لە خەرواری چیرۆکی نوێی فارسی، کە تێیدا هەریەک لەو چیرۆکنووسانە نوێنەرایەتیی بەشێک لەو دەنگانەی چیرۆکی فارسی دەکەن کە لەمڕۆدا دەنووسن. هەڵبژاردنی چیرۆکەکان دەرخەری سەلیقەی وەرگێڕن و ئەگەرچی کەشوهەوا و ئاستی هونەرییان چونیەک نییە، بەڵام دەتوانرێت کۆمەڵێک لایەنی هاوبەشیشیان تێدا بدۆزرێتەوە، کە ڕەنگە زەقترین و بەرچاوترینیان سادەیی بێت لە گێڕانەوە و گرێچندا، کە ڕەنگە هاوبەشێتیی ئەم خاڵە بۆ ڕوودانی شوێنی چیرۆکەکان بگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی گوند و دیمەنی ڕەنگاوڕەنگی ناو سروشتە. پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەو چیرۆکانەی لەمڕۆدا و بە ناوی چیرۆکی نوێی فارسییەوە دەنووسرێن، کە تێیاندا ئاڵۆزیی و ناڕوونییەک بەرجەستە دەکرێتەوە و خوێنەر تووشی مەلەل و سەرلێتێکچوون دەبێت، بنەماکەشی بۆ ئەو نوختەیە دەگەڕێتەوە کە ئەو نووسەرانە بڕوایان بە وەها شێوازێک لە گێڕانەوە هەبێت و پێیان وابێت کە دەبێت چیرۆکی نوێ هەر بەو جۆرە ئاڵۆز و ناڕوونییە بنووسرێت، لە کاتێکدا ئەگەر ئاڵۆزییەکیش هەبێت دەبێت خودی بابەتەکە وەها پێویستییەک دروست بکات، نەک ئەوەی کە چیرۆکنووس بۆ خۆی ئەو ئاڵۆزییە بسازێنێت، کە دواجار ئاڵۆزییەکە دەستهەڵبەت و تەنیاوتەنیا لەپێناو ئاڵۆزیدایە و هیچ زیادەیەک بە داهێنان لە کایەی چیرۆکدا ناکات. هەڵبژاردەی ئەم چیرۆکانە بۆ وەرگێڕان، لە ئاستی ناوەڕۆکدا سادە و ڕەوانن، ئەم سادەیی و ڕەوانییە ڕاستەوخۆ تێهەڵکێشی گێڕانەوە و ئاستە هونەرییەکانی تریش بووە و هەر بەو سادەیی و ڕەوانییەش دەگەنە خوێنەر و چێژێکی تایبەت دەبەخشن بە بەردەنگ. بێگومان گواستنەوەی ئەم دۆخە لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕ دەگەڕێتەوە و خودی فاتیحی لەو ڕووەوە سەرکەوتووانە ئەم گوڵبژێرەی، وەک چەپکێک گوڵی بۆنخۆش پێشکەش بە چیرۆکخوێنانی کورد کردووە.

لەو بڕوایەوە، کە نووسەری ئەمەریکی توبیاس وۆڵف پێی وایە هەر چیرۆکێک دنیایەکی سەربەخۆی خۆی هەیە و گشتبێژیی سەبارەت ئەدەبیات قسەی پووچەڵە، چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” هەڵدەبژێرین و هەوڵ دەدەین لەسەر ئەو چیرۆکە هەندێک ئایدیا بچنینەوە.

چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” لە نووسینی ئەمین فەقیرییە، کە یەکێکە لە چیرۆکنووسە دیارەکانی فارس، ئەم چیرۆکە تێمایەکی سادەی هەیە و لە گوندێکدا ڕوو دەدات، تێیدا چیرۆکی ئەوینی ژنێک و مامۆستای گوندەکە دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە بە تراژیدیا و نەهامەتی کۆتایی دێت، خەمێک لە دڵی خوێنەردا بەجێ دەهێڵیت، بەڵام کرۆکی ئەم باسە دەبێت گەڕان بێت بە شوێن ئەو ئەفسوونەدا کە: چییە وای کردووە ئەم چیرۆکە سادەیە بەو گێڕانەوە خۆشڕەوتە، ئەوەندە دڵنشین و جوان بێت؟

بەر لە هەر شت، دەبێت ئاماژە بەو پێشکەشکردنە بدەین کە چیرۆکنووس نووسیویەتی: “بۆ: سوهراب سپێهری”، بێگومان “پێشکەشکردن” لە ڕەخنەی نوێدا جێی خۆی هەیە و ڕەخنەگر دەبێت هەڵوەستەی لە بەرانبەردا بکات، ناوی سوهراب سپێهری شاعیر و نیگارکێش لەو چیرۆکەدا، یان پێشکەشکردنی چیرۆکەکە بەو، بێ هۆ نییە و چیرۆکنووسیش هەر لەخۆڕا ئەو کارەی نەکردووە، بۆ کەسێک کە ئاشنای دنیای شیعریی سوهراب بێت کردنەوەی ئەو گرێیە پاش خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” کارێکی هێندە زەحمەت نییە؛ سوهراب سپێهری لە شیعرەکانیدا، بێگومان لە نیگارەکانیشیدا، بەردەوام گەڕاوەتەوە سەر ژینگە و سروشتێکی پاک و بێگەرد، کە تێکەڵ بە تاڵە ناسکەکانی ڕۆح و دەروونی خۆیی کردوون و لە فەزایەکی عیرفانیدا پێشکەشی کردووین، دنیای سوهراب سپێهری دنیایەکی بێخەوش و پاکژە، دنیای جوانییە لە بیرکراوەکانە، گەڕانەوەیەکی بەردەوامە بۆ سروشت و جوانیی ڕامنەکراو و نەشێوێنراو، بێگومان گوند و ناو دڵی سروشت و دەوروبەری گوند کانگای ئەو دنیایە شیعرییەی سوهرابن، کە لەوێدا هەڵگۆزتەی جوانییەکان دەکات و بە هەمان خەمڵیوی، دەیانکات بە وێنە و نیگاری شیعری. چیرۆکەکەی ئەمین فەقیرییش لەو ژینگەیەدا دەڕسکێت، ڕێک لەناو ئەو جوانییە بێگەردەدا ڕووداوەکانی دەچنێت، هەر دەڵێیت پێبەپێی سوهراب و دنیا تایبەتەکەی دەچێتە پێشەوە و ئەگەر سوهراب بە شیعر ئەو دنیایەی نەخشاند، ئەوا ئەمین بە چیرۆک سەرلەنوێ ئەو ژینگەیە نیشانگر دەکات و ئەڤینێک تێکەڵ بەو فەزا گوندییە و لە دڵی سروشتێکی هەراودا، پێشکەشمان دەکاتەوە. وێنەی “ئابی”، کە ژنی نێو چیرۆکەکەی ئەمین فەقیرییە و کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەیەتی، بە سانایی دەتوانین لە شیعرەکانی سوهراب سپێهریدا بیدۆزینەوە، جارێک لە وێنەی خۆشەویستدا، جارێک لە وێنەی دایکدا، جارێک لە وێنەی خوشکدا و جارێک لە وێنەی ژنێکی نەناسراودا دەردەکەوێت و نیگای شاعیرانەی سوهراب بەرەو خۆی وەردەچەرخێنێت. کەوایە بێ هۆ نییە پێشکەشکردنەکە.

چیرۆکەکە بە قاوێک دەست پێ دەکات، کە مەحموود (فەڕاشی قوتابخانە) لە دایکی بیستووە: ئابی حەزی لە مامۆستایە و نێوانیان هەیە. مامۆستا ئاگای لەم باسە نییە، نەک هەر ئەوە، تا ئێستا ئابی نەدیتووە. ئێواران کە وەک خووی هەمیشەیی دەچێتە گەڕان و بە دێدا دەسووڕێتەوە، ڕێی دەکەوێتە کانی و گوێی لە گفتوگۆی ژنێک دەبێت لەگەڵ ژنێکی تر کە لە کانییەوە دەچنەوە: “ئابی، مامۆستا!” ئابی ئاوڕ دەداتەوە، یەک دەبینین؛ نیگایەک و سڵاوێک. خەندەیەکی قووڵ لە ڕووخساردا، “بەژنوباڵا جوانەکەی، کەزییەکانی کە بە پێنج لۆ هۆندبوونەوە، کە دەگەیشتنە سەر پشتێنی.” ئەوە یەکەم بینینە. کێ دەتوانێت عاشقی ئەو جوانییە نەبێت! بەڵام ڕێگەی ئەوین هەمیشە پڕ هەڵەت و نەگەیشتنە، ئابی ژنە و منداڵێکی هەیە و مێردێکیش، وێڕای ئەوەی دۆخی داراییان دا‌غانە و بە کورتی خێزانێکی قەیرانلێدراون.

وەسفی جوانییەکانی چیرۆکنووس بۆ ئابی لەگەڵ وەسفی سروشتی گوندەکە بەردەوام تێهەڵکێش دەبن و ڕەنگ و جوانی لە یەکتر وەردەگرن، خوێنەر لەو نێوانەدا بە وردی هەست بەو ڕایەڵە پتەوەی نێوان جوانیی سروشت و ژن لە چیرۆکەکەدا دەکات، دوو جوانی لە ترۆپکدا، دوو جوانی دوور لە دنیای ژاوەژاوی شار. بەڵام ژیانی گوندیش زەحمەتی خۆی هەیە و ڕەنجێک کە ڕەنگە لەم دوورەوە، لە شارەوە، ئێمە نەیبینین، هەر ئەو سروشتەی کە ڕەنگە بۆ ئێمە خواست و ویست بێت و وەک ئیلهامێک لێی بڕوانین، بۆ گوندنشینێک ڕەنجە و لە بەیانیڕا تاکو سپێدەی داهاتوو ململانێی لەگەڵ دەکات و ڕەنگە لە زۆرینەی جارانیشدا شکست بخوات. ماڵەکان لەبەر زۆری کار، داوا لە مامۆستا دەکەن دەوامی منداڵەکانیان بۆ بکاتە یەک تاق، مامۆستا بەو جۆرە دەکات. مامۆستا کاتی زیاتری هەیە، لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەیەوە تەماشای ئاوایی دەکات، تەماشای خەڵک و ئابی.

مێردی ئابی (نازلی) دەگەڕێتەوە، بە کەینوبەینی ئابی و مامۆستا دەزانێت، هەڵدەکوتێتە سەر مامۆستا و پارەی لێ دەسەنێت، هەڕەشەی لێ دەکات، دیارە کە پیاوێکی بەدخوو و خوێڕییە، دەزانێت کە ئابی هاتووە بۆ لای مامۆستا، بۆ قوتابخانەکە، بەڵام وەک ناتوانێت ڕێگری بکات لەو ئەڤینەی کە ڕێوشوێنی خۆی گرتووە، لەو ئەڤینەی کە ترس ناناسێ و لە دڵدا جێگیرە.

لە ئاواییەکەی ئابیدا دووبەریی هەیە، شەڕێکی دێرین، کە ڕەگی داکوتاوە و هەنووکە بووەتە دۆژمنایەتی و هۆکارەکەشی لەسەر ئاوە. چیرۆکەکە لەگەڵ هەڵکشانی ئەوینی نێوان مامۆستا و ئابی، ئەو دووبەرەکییەش نەدیو ناگرێ و لە جێیەکدا، کە دەبێتە خاڵی ڕوودان لە چیرۆکەکەدا، ئەو دوو بەرەیە پێکدا هەڵدەپژێن و ئەوەی کە ڕوو دەدات ڕوو دەدات و سەری ئابی بە قووڵایی چاڵ دەبێت و دەقڵیشێت، مامۆستا شەوەکەی دەچێت بۆ لای، نازلی دەڵێت: “ئێستا ئابی مرد! بۆ تۆیش وا باشترە بچی بە منداڵەکانی خەڵک ڕابگەی.” بەڵام ڕاست ناکات، بەیانی کە خوشکی ئابی دێتە قوتابخانە ڕاستییەکە دەڵێت: “نا مامۆستا، نازلی درۆی کرد، سەرلەبەیانی مرد.”

ڕەنگە بەو جۆرە درامییە کە ئەم خوێندنەوەیەمان هێناوە، ئێرە جێی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بێت کە چییە وای کردووە ئەم چیرۆکە هێندە جوان و دڵنشین بێت؟ وەڵامەکە بچووک و ئاسانە، ئەو ڕاستگۆییە سادەیەی نێو دڵی ئابی، ئەڤینە پاکژەکەی، ئەو خەمە قووڵەی کە لە بزەیدا شاردوویەتییەوە، سەرزیندووێتی ئەم چیرۆکەن، ئەم چیرۆکە جوانە وەک هەموو کیژانی گوند، وەک ئەڤینی ڕازداری کیژانی گوند.

تیۆرەکانی کولتوور لە سەدەی بیستەمدا

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا، بریتییە لە کتێبی (تیۆرەکانی کولتوور لە سەدەی بیستەمدا) ڕووناکبیر و بیرمەندی گەورەی عەرەب (د. حسێن بەشیرییە) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیر و وەرگێر (د. مەنسوور تەیفوری) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە کۆمەلێک وتار و هەر یەک لە وتارەکان چەند ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە: تیۆرییە مارکسیستییەکانی کولتوور و کولتووری جەماوەری، گرامشی و تیۆری هێژمۆنیی کولتووری، ڕێبازی لویس و بەئەمەریکیبوونی کولتوور، کولتووری جەماوەری لای ئۆرتیگا یی گاسێت، بنەماکانی بیری پاشبونیادگەری و پاشمۆدێرنیزم، ژان بۆ دیار و تیۆری کولتووری پاشمۆدێرن، ڕەخنەی فێمێنیستیی کولتوور و میدیاکانی کولتووری جەماوەری و چەندنین ناونیشانی دیکە.

هەر وەک خودی دکتۆر حسێن بەشیرییە لە پێشەکیی کتێبەکەدا خستوویەتیە ڕوو، بابەتی سەرەکیی توێژینەوەکەی، لێکدانەوەی ئەو تیۆرانەی کولتووری جەماوەری مۆدێرنە کە لە سەدەی بیستەمدا پەرەیان گرتووە، پانتایی توێژینەوەکەیان بەشێکی بچووکی بواری بەربڵاوی خوێندەوەی کولتووری  پێک دێنێ، کە بابەتەکەی خوێندنەوەی کولتوورە وەک کۆمەڵەیەکی ڕێکخراوی نۆرم، بەها و ڕێسا، خەڵک، کەم تا زۆر هۆشیارانە، یان ناهۆشیارانە، بەپێی وەها کۆمەڵەیەک دەژین: لە مانایەکی بەربڵاوتردا، کولتوور سەرجەم بەرهەم و بەرهەمهێنانی مرۆییە بەرامبەر پرۆسە و بەرهەمهێنانی سروشت، ئەگەر پەرە بەم واتایەش بدەین، سرووشتیش دەبێتە بەشێک لە کولتوور، چونکە سرووشت وەک چەمک، تێگەیشتنێکی مرۆیی و دەرهەستە و هەر بۆیەش وەک دیاردە کولتوورییەکانی دیکە، مێژوومەندە.

دکتۆر مەنسوور تەیفوری، لە پێشەکییەکی چڕ و پڕ لە زانیاریدا سەبارەت بە کولتوور، پێی وایە ئەوەی کە کولتوور فرەڕەهەندە پێناسەیەکی یەکە و تەنانەت گشتییش نییە کە هەموو ڕەهەندەکانی دیاری بکات، هیچ کە تەعبیرە لە هەوڵێک بۆ دابەزاندنی کۆمەڵێک شتی لێکجودا و مێژوویی و ناچونییەک لە دڵی چەمکێکی تایبەتدا: کە خۆی هەمان عەزرەتی ڕاڤە و کورتکردنەوەی جیهان و مێژووی بۆ زیهنی مرۆیی تێکەڵە و ئەمەش بە ناچاری دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی دەرهەستی چەمکی کولتوور وەک هەموو چەمکێکی دیکە، تەعبیریشە لەوەی کە کولتوور شتێکی ئەزموونکردە و تووند بە ئەزموونی تاک و کۆمەڵگەکانەوە گرێ دراوە، واتە ئەوە تاک و کۆمەڵگەکانن کە ئەزموونی خۆیان بۆ جیهان لە شێوەی چەمکی کولتووردا چڕ دەکەنەوە، کەواتە کولتوور ئەزموونکردنە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکدا بە ناوی (تیۆرە مارکسیستییەکانی کولتوور و کولتووری جەماوەری) ئەوە خراوەتە ڕوو کە بنەڕەتەکانی بیروڕای مارکسیزم سەبارەت بە کولتوور بە گشتی، دەبێ بڵێین تێگەیشتنی مارکسیزم بۆ کولتووری مۆدێرن و جەماوەری، بەپێی یان لە چوارچێوەی ئایدۆلپۆژیادا شێوەگیر دەبێ و چەممکی ئایدۆلۆژیا لەگەڵ چەمکە سەرەکییەکانی دیکەی بیری مارکسیستیدا پەیوەستە: لە ڕوانگەی مارکسیستیدا، بە گشتی کولتووری جەماوەری بیچمێکی یەکێکە لە شێوەکانی سەرخان، هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە کولتووری جەماوەری، پێویستە بەرهەمی کولتووری لە بەستێنی زەمەنیی خۆیدا و بەپێی هەلومەرجی مێژوویی بەرهەمی کولتووری بخوێنرێتەوە.

دکتۆر حسێن بەشیرییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەندێ خوێندنەوەی مارکسیستی ئەم دواییانە هەوڵیان بۆ ڕوونکردنەوەی کولتووری جەماوەریی مۆدێرن وەک بەرهەمی دەسەڵاتی چینی زاڵ، بە تایبەت دەسەڵاتی ئەو چینە بەسەر میدیای کۆییدا داوە، لەم ڕوانگەیەشەوە میدیای کۆیی مۆدێرن، کە هەڵگری سەرەکیی کولتووری جەماوەرییە، دەورێکی گرنگ لە شەرعیکردنەوەی نایەکسانیی هێز و ساماندا دەگێڕن و ئەم نایەکسانییە لای چینەکانی خوارتر وەک شتێکی سروشتی دەنوێننەوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (تیۆرە پارێزگارانەکانی کۆمەڵگە و کولتووری جەماوەری، دکتۆر حسێن باس لەوە دەکات ک لە سەدەی بیستەمدا، بڵاوبوونەوەی کولتووری جەماوەری مۆدێرن لە ڕێگەی میدیای گشتییەوە، دژکردەوەی جۆراوجۆری بەرامبەر نوێنراوە، بە زۆری گرووپی زاڵ و ڕۆشنبیرانی ئەو گرووپانە حەز دەکەن لە ڕوانگەی هەڵوێست و بەهای زاڵەکانەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی پانتایی کولتوور بکەن: گەلێ نووسەر، لە هۆرکهایمەرەوە تا فرۆم و ئاڕنێت، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی جەماوەریی مۆدێرنیان بۆ هەندێک خاڵ کورت کردووەتەوە.

لە هەمان بابەتدا توێژەر باس لەوە دەکات کە بە ڕای هەندێک نووسەرانی پارێزگار، کولتووری جەماوەری تەنها لە کۆمەڵگەی جەماوەریدا دروست دەبێت و پەرە دەگرێ، بە ڕای ئەوان دیموکراسی بە هۆی هاوشێوەکردن و تەخت و ترازکردنەوەی ئیمتیازی کۆمەڵایەتی، دەورێکی گەورەی لە دروستبوونی کۆمەڵگەی جەماوەرییدا هەبووە: دیموکراسی بەها و کولتووری هەموو گرووپ و چینێک بە هاوسەنگ دەزانێ و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی هاوشێوەکردنی بیر و ویستی زۆربە و مل بە حوکمی بیر و چەشەی زۆرینەی ژمارەیی خەڵک دەدات، بەم پێیە، دیموکراسی دەورێکی گەورە لە بەجەماوەریکردنی کۆمەڵگە و کولتووری نوێدا دەگێڕێت.

بە بۆچوونی دکتۆر حسێن بەشیرییە، وەک لەم کتێبەدا دەردەکەوێت، هەندێ نووسەر پێوەری چەندێتی بەکار دێنن و ئەو بەرهەمانە سەر بە کولتووری جەماوەری دەزانن کە جێی حەز، یان کەڵکی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بن: هەندێکی دیکە گرنگیی بە چییەتی کۆمەڵایەتی بەرخۆران و کەڵکبەرانی ئەو بەرهەمانە دەدەن و چینی خوارەوە بە بەرخۆری سەرەکیی کولتووری جەماوەری دەزانن، لەم ڕوانگەیەدا، کولتووری جەماوەری لە بواری ئاڵۆزیی ناوەکی، بەهای ئەخلاقی، چۆنێتی ڕەخنەگرانە، کەڵکداری، چۆنێتی جوانیناسانە و توانای ڕاکێشانی جەماوەردا، جیاوازیی ئاشکرای لە کولتووری بەرز هەیە.

بەپێی تێڕوانین و بۆچوونەکان، زاراوەی کولتوور چەندین پێناسەی جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی پێناسەکان جەخت لەسەر هەمان شت دەکەنەوە. کولتوور ئەدگار، تایبەتمەندی و زانینی گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە (بۆ نموونە کورد) کە بە ڕێی زمان، هزر، ئایین، خواردن، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، موزیک و هونەرەوە پێناسە کراون. ئەمانە پشکدار و هاوبەشن لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە و گرووپێک خەڵکی دیاریکراو، بە ڕێی فێربوونەوە دەگوازرێنەوە و یارمەتی شێوەدان بە بیروباوەڕەکان و ڕەفتارەکان دەدەن.

یەکێک لە پێناسە یەکەمییەکانی کولتوور ساڵی ١٨٧١ لە لایەن ئێدوارد تایلۆرەوە کراوە: ”کولتوور، یان شارستانییەتی، سەرجەمێکی ئاڵۆزە، پێک دێ لە: زانین، باوەڕ، هونەر، یاسا، مۆڕاڵ، داب و نەریت. هەروەها هەر توانست و ڕەفتارێکی دیکە کە لە لایەن مرۆڤەوە، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە بەدەستهێنرابێ”. پێناسەیەکی دیکەی نوێتری کولتوور بریتییە لە ”ئایدیا، هزر، بەها و دەرککردنە هاوبەشەکان. هەروەها گواستنەوەی کۆمەڵایەتیانەی ئەو ئایدیایانەی کۆمەڵگەیە کە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموون و دیارهێنانی ڕەفتار و پەرچاندنیان لەنێو ئەو ڕەفتارانەدا بەکاردێن”.

واتا کولتوور سەرجەمی چالاکییە هزری و ڕەفتارییەکانی نەتەوەیەک، یان گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە لە سەردەمێکدا. لە هزر، زمان، زانین (زانیار_مەعریفە) [وێژە، هونەر، زانست و فەلسەفە]، داب و نەریت، بەهای کۆمەڵایەتی، ڕەوشت، کەلەپوور، باوەڕ، ئایین و شێوەی ژیان پێک دێ.

سەرجەم کولتوورەکان گەرەکە پێویستی و ئاتاجە فیزیکی، سۆزەکی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەندامەکانیان دابین بکەن، هەروەها ئەندامە نوێیەکان بە کولتوور بکەن، هاڤڕکێ و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و گەشە بە توانستی مانەوەی ئەندامەکانیان بدەن. کولتوور شتێکی هەمەکی و گەردوونییە لە نێوان سەرجەم گرووپەکانی مرۆڤ و تەنانەت لە نێوان هەندێ لە ئاژەڵانیشدا هەیە.

سەرەڕای ئەو جیاوازیانە، هێشتاش ئەندامانی ئەو کولتوورانە هاوبەشن لە کولتوورە گەورەکەدا. کولتوورەکان لەنێو زۆر لە سیستەمی دەوڵەتاندا هەن، لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمانە فرەیین و پتر لە گرووپێکی ئێتنیکی یان کولتوورێک لەخۆدەگرن.

بە گشتی ئەم نووسینە کورتە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگە، بێگومان خوێنەری وشیار خۆی لە ساتی خوێندەوەیدا بەر زانیاری و چەمک و بابەتی گرنگ و گەورە دەکەوێت، ئەم کتێبە لە زۆر ڕووەوە گرنگە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی، چونکە لە لایەکەوە دەبێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی فیکری و مەعریفیمان بۆ ڕەهەندە جیاوازەکانی کولتوور، لە لایەکی دیکەوە بەر کۆمەڵێک تێز و دید و دونیابینی جیاوازی فیکری و فەلسەفی دەکەوین کە بۆ بابەت و چەمکی کولتوور کراوە.

 

پیتەر بروک بە گیڕانەوەی دانا ڕەئووف

خستنەڕووی: “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

ناساندنی ئەزموونە گرنگ و بنچینەییەکانی بواری ئەدەبیات و هونەر، یەک لەو خاڵە جەوهەریانەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دنیای ئێمە، بە تایبەت لە بواری شانۆدا، کە ڕەنگە بەراورد بە ژانرەکانی دیکە، کێڵگەیەک بێت کەمتر کاری تێدا کرابێت، بە وەها کارێک دەتوانین دەروازەی بەرین بەسەر شانۆکاران و بینەران و سەرجەم ئەو کەسانەدا بکەینەوە کە خولیا و کەڵکەڵەی شانۆیان هەیە، بەوەش هەم تێکڕا ئاشنای ئەزموونە جیاوازەکان دەبین و هەمیش دەتوانین لە کارکردن و لێکدانەوەکانمدا بۆ دەق و نمایش، جێکەوتە ببن. بێگومان ئەمە کارێکە لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر شانی ئەو نووسەرانەی لە بواری شانۆدا دەنووسن و ئاگاییەکی هەمەلایەنانەیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی هونەرمەندانی شانۆ هەیە، چ وەک دەرهێنانەکانیان، چ وەک ئەو نووسین و کتێبانەی کە لە بواری شانۆدا بوون بە سەرچاوە و تیۆری کارکردن. هونەرمەند و نووسەر دانا ڕەئووف ساڵانێکە بێوچان لەو بوارەدا کار دەکات، بە تایبەت لە ناساندنی ئەزموونە جیاوازەکانی جیهان، لە نمایشە چەشناوچەشنەکانی شانۆ لە وڵاتە جیاوازەکان، بێ پشوودان خەریکە دەنووسێت و شانۆکاران و خوێنەرانی بواری شانۆ، بەو دنیا بەرینە ئاشنا دەکات. یەکێک لەو کتێبە زۆر گرنگانەی دانا ڕەئووف نووسیویەتی، کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”یە، کە بە شێوەیەکی تر و لە ناوەوە، ئەم دێڕەش وەک ناونیشانی لاوەکی نووسراوە: “تێڕوانینیێک لە ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە”. کتێبەکە لە قەبارەی ٣٦٥ لاپەڕەدا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبەکە بە نامەیەکی پیتەر بروک بۆ دانا ڕەئووف دەست پێ دەکات، بەم چەند دێڕە:

پاریس

١٧/٩/٢٠٠٢

بەڕێز کاک دانا

من زۆر هەژام بۆ خەمخۆریی ئێوە لە سەرقاڵبوونتان بە کارەکانی منەوە، هیوادارم ئەو کارە شتێکی بەسوود بووبێت بۆ ئێوە، هەروەها تەماننا دەکەم کتێبەکەش لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

لەگەڵ سڵاوێکی دۆستانەدا

پیتەر بروک

 

مەبەست لەو نامە کورتە ئەوەیە کە دانا ڕەئووف بە ئاگاداری خودی نووسەر دەستی داوەتە نووسینی ئەم کتێبە، وەک لە ناوەڕۆک و کۆمەڵێک پەراوێزیشدا هاتووە، گفتوگۆی تایبەتی هەبووە لەگەڵ خۆی پیتەر بروک و خێزانەکەی پیتەر بروکدا و ئەوانیش ـ بە تایبەت هاوسەرەکەی ـ کۆمەڵێک سەرچاوە و تۆماری دەنگی و ڕەنگی خستووەتە بەردەست دانا ڕەئووف تاکو سوودیان لێ وەربگرێ و لە دووتوێی کتێبەکەشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لەو سەرچاوانە وەرگیراوە، هەر ئەم کارە هەمەهەنگی و ئاگاییە بە جۆرێک کەوتووەتەوە کە کتێبێکی زیندوو و چێژبەخش بێتە بەرهەم، کە خوێنەرەوە لەگەڵ ڕەوتی هەڵدانەوە و بەرەوپێشبردنی پەڕەکاندا، ماندوو نەبێت و لێیەوە سوودمەند بێت.

پیتەر بروک (١٩٢٥ لەدایک بووە ـ ٢٠٢٢ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە)، ئەم هونەرمەندە هەر لە تەمەنەنێکی کەمەوە خولیای شانۆ دەبێت و دەست دەکات بە کارکردن لەو بوارەدا. دانا ڕەئووف لەم کتێبەدا، ئەگەرچی ئەو لە سەرەتاوە سنوورەکەی کێشاوە و نووسیویەتی کە مەبەستیەتی پیتەر بروک لە ڕێگەی “چەمکی پانتایی بۆش”ەوە بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵی داوە لەو مەودایەدا، واتا لە نێوان لەدایکبوون تاکو مردنی، لەسەر وێستگە گرنگەکانی ژیانی بوەستێت و لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی گشتی دەربارەی ئەزموونی ئەم دەرهێنەرە پێشکەش دەکات، هاوکات دەتوانین بڵێین کتێبێکی شێوە بایۆگرافیاشە، کە تێیدا پیتەر بروکی نێو ژیانی ڕۆژانەش دەناسین.

“پانتایی بۆش” ناوی کتێبێکی گرنگی پیتەر بروکە و دەتوانین بڵێین کۆی فەلسەفە شانۆییەکەتی و چەشنە مانیفێستۆیەکە، بەو واتایەی کە هەر شوێنێک دەکرێت شوێنی نمایشی شانۆیی بێت، پیتەر بروک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە “شوێنێکی بۆشم بدەرێ، شانۆیەکت دەدەمێ”، ئیدی ئەم شوێنە هیچ مەرج نییە ڕێکخراو و دیزاینکراو بێت، بەڵکو دەکرێت هۆڵێکی فەرامۆشکراو و نادیدە بێت، هەروەک ئەوەی بروک لە پاریس کردوویەتی، هۆڵێکی کۆنی پەڕپووتی دیتووەتەوە و بڕیاری داوە نمایشەکەی لەوێدا بکات بێ ئەوەی هیچ دەستکارییەکی ئەوتۆی بکات، تەنانەت کورسییەکان هێندە شەقوشڕ بوون، جلی چەند بینەریان دڕاندووە و دواتر پیتەر بروک زیانەکەی بۆ قەرەبوو کردوونەتەوە. بروک گرووپێکی نێونەتەوەیی هەبووە، کە پێکهاتوون لە کەسانی جیاواز، لە شار و وڵات و زمانی جوداوە، بەردەوام لە گەشتی شانۆییدا بوون و کۆی نمایشەکانیش هەمیشە لەو پانتاییە بۆشانەدا بوون، ئەمەش کارێکی کردووە لە ئایدیاکەی بروک تێبگەن و ئەو هەموو سەرکەوتنە بچننەوە پێکەوە. دانا ڕەئووف، نووسەر و شانۆکار، لەم کتێبەیدا، بە شێوەیەکی تایبەتی کار لەسەر هەمان چەمکی “پانتایی بۆش” دەکات و هەوڵ دەدات بمانباتە ناو ئەو پانتاییەوە، ئایدیای ڕوونی بروک سەبارەت بەو چەمکە دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا” لە هەشت بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەم ناونیشانانە: “بەشی یەکەم: پیتەر بروک کێیە؟، بەشی دووەم: دەروازەیەک بۆ ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک، بەشی سێیەم: هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر شکسپیر، بەشی چوارەم: ئەنتۆنین ئارتۆ: قۆناغی شەستەکان و شانۆیەکی ئەزموونگەری، بەشی پێنجەم: مەڵبەندێک بۆ شانۆیەکی نێونەتەوەیی (بەرەو شانۆیەکی میتۆلۆژی)، بەشی شەشەم: پیتەر بروک و هونەری ئۆپێرا، بەشی حەوتەم: فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی کارکردن، بەشی هەشتەم: کۆتایی و بەرئەنجامە گشتییەکان”. لێرەدا جێی ئاماژە بۆ کردنە کە هەریەک لەم هەشت بەشە، چەندان وردەناونیشانی تریان لەژێردا کۆبووەتەوە، کە سەرجەمیان تەکمیلەی ناونیشانی بەشەکە دەکەن و بە هەموو بەش و وردەبەشەکانیش شوناس و پێگە و ئەزموونی پیتەر بروک دەنەخشێنن.

دانا ڕەئووف لە ناسین و ڕۆچوون بە قووڵایی ئەزموونی پیتەر بروکدا زمانێکی سادە و سانا بەکار دەهێنێت، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەڕۆکی کتێبەکەدا پردی پەیوەندی دروست دەکات و ئایدیا سەرەکییەکانی وەردەگرێت. بەشی یەکەم و دووەم وەک بنەمایەکی گشتین هەم بۆ ژیانی پیتەر بروک، هەم بۆ ئەزموونی کارکردنی لە شانۆشدا، بەو دوو بەشە خوێنەرەوە وێنایەکی دەربارەی ئەم نووسەر و دەرهێنەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت کە هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ کەسێکی جیاواز ڕووبەڕووە، کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە خەونی گەورەی هەبووە و بە شوێن دەنگ و ڕەنگی خۆیدا گەڕاوە، دواتر و لە درێژەی ئەو گەشتەدا، سەرجەم ئەو جۆشش و کۆششانە دەبینینەوە کە پیتەر بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا داونی و بەر و بەرهەمەکەی، ئەو ئەزموونە ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەندەیە، کە بەشێکی بەچاو و گرنگی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو.

بەشی سێیەمی کتێبە تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک لەسەر دەقەکانی ولیام شکسپیر، ئەمە یەکێکە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبە و دانا ڕەئووف هەوڵی داوە بە وردی ئەو چییەتیی و چۆنێتیی ئەو کارکردنەی بروک لەسەر دەقە شانۆییەکانی شکسپیر دەستنیشان بکات، ئەویش بە هێنانەوەی چەند دانە لەو نمایشانەی بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا کردوونی و لێدوانی هەمەلایەن لە بارەیانەوە. ئاشکرایە بە ئێستاشەوە لە تەواوی دنیادا دەقەکانی شکسپیر بەردەوام ئامادە دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر شانۆ، بێگومان هەر دەرهێنەرە و بە شێواز و جیهانبینیی خۆیەوە، وەک دانا ڕەئووف دەریخستووە، پیتەر بروک لە نمایشەکانیدا هەوڵی داوە شکسپیرێکی نوێ پێشکەش بکاتەوە، ئەویش بەوەی کە لە بنەتاوە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دەقەکاندا کردووە و لەگەڵ گرفت و بابەتە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا گونجاندوونی، ئەوەشی لەو بڕوایەوە هێناوە کە بەڵێ، شکسپیر ئەو توانستەی هەیە بێتە ئەمڕۆوە و ئاماژەکانی لە چەند سەدەی پێشترەوە بۆ ئێستا بنێرێت، بەڵام بەو مەرجەی دەرهێنەر بتوانێت ئەو توانستە بناسێتەوە و لە بۆتەیەکی نوێدا دایبڕێژێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین شکسپیری بروک شکسپیرێکی ئەمڕۆییە و دەتوانێت لە ئێستادا هاوشانی ئێمە بدوێت و ببینێت.

بەشی چوارەم تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک بە میتۆدی ئەنتۆنین ئارتۆ، کە بە میتۆدی توندوتیژی ناسراوە، لەم میتۆدەدا ئەوەی گرنگی هەیە جووڵەی جەستەیە و سڕینەوەی وشە و دیالۆگە لە ئەکتەر، جەستە و جووڵەکانی جەستە دەبنە چەق و دەرهێنەر تەرکیز و مامەڵە لەگەڵ جووڵەی جەستەدا دەکات، جووڵە دەبێت‌ بە زمان و پەیڤ، دانا ڕەئووف بە خستنەڕووی میتۆکەی ئارتۆ و چەند نموونە لە کارەکانی پیتەر بروک، کە سەر بەو میتۆدەن لە کارکردن، دەریدەخات کە چۆن بروک بە شوێنپێهەڵگرتنی ئارتۆ توانیویەتی دەروویەکی تر بەسەر ئەو تیۆرەدا بکاتەوە.

بەشی پێنجەم لە گرنگترین و سەرنجبزوینترین بەشەکانی کتێبەکەیە، دانا ڕەئووف لەم بەشەدا دیوە ڕۆژهەڵاتی و نێونەتەوەییەکەی پیتەر بروک بەسەر دەکاتەوە و دەریدەخات کە بروک لە میراتی نێونەتەوەیی چ بەرهەم و داهێنانێکی پێشکەش کردووە. پیتەر بروک لەو دەرهێنەرانەیە کە بەردەوام لە هەوڵی نوێگەریدا بووە، بە خۆیی و ستافەکەیەوە وڵاتەووڵات و شاربەشار گەڕاون و نمایشیان کردووە، هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و چوونەتە ئەفەریقا و ئەمەریکا، لە میراتی ئەدەبیاتی هیندستان، دەقێکی مێژوویی و کۆنینەی ئەو وڵاتەی کردووە بە شانۆ، ئەویش دەقی “مەهابەهارتا”یە، مامەڵەکردنی ئەم دەرهێنەرە لەگەڵ ئەم دەقەدا لەسەر ڕوانینێکی نوێیە بۆ ئەو دەقە کۆنە، کاتێک لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەورووپا و ڕۆژئاوا ئەم دەقە نمایش دەکات، بە شوێن ئەو ڕەگەدا دەگەڕێت کە دەتوانێت ببێت بە پردێک لە نێوان دوو شارستانی مەزنی وەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. ڕەنگە سەیرترن نمایشی پیتەر بروک ئەو نمایشەی بێت کە دەقەکەی لەسەر بنچینەی “منطق الطیر”ی فەرەیدەدین عەتار بێت، کە ئەو بە ناوی “کۆنفرانسی باڵندەکان” ئامادەی کردووە و پێشکەشی کردووە، بە هەرحاڵ، خوێنەرەوە بۆ خۆی دەتوانێت وردەکاری ئەو نمایشانە و دەنگدانەوەیان لە سەروەختی خۆیان و پاشتریشدا، لە کتێبەکەدا بخوێنێتەوە.

بەشی شەشەم تایبەتە بە مامەڵەکردنی پیتەر بروک لەگەڵ هونەری ئۆپێرادا، واتا ئەو هونەرە کلاسیکە چۆن و بە چ ئیمکانێک دەیخاتە دووتوێی نمایشەکانییەوە، لێرەشدا چەند تراژیدیا، لەوانە: “کارمن، دۆن جیۆڤانی، شمشاڵی ئەفسوونای” وەک نموونە وەردەگرێت و بە وردی تاوتوێیان دەکات.

بەشی حەوتەم بەشێکی تایبەتە، کە دەتوانین بڵێین چکاوەی کۆی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی پیتەر بروک دەردەخات کە پێی گەیشتووە، ئەویش فۆرمێکی ساکارە، ساکار بە قووڵاییەکی ناوازەوە، پیتەر بروک چڵاوچڵێکی بێوێنەی لە فۆرمدا کردووە، لە دوایین وێستگەی ئەزموونەکەیدا فۆرمێکی ساکار دەدۆزێتەوە و وەک خاڵێکی گەش کاری لەسەر دەکات، بێگومان گەیشتن بەو فۆرمە کارێکی سانا نییە، بەڵکو دنیابینییەکی بەرین لە پشتیەوە وەستاوە، هەر ئەوەش وای کردووە کە لە “فۆرمێکی ساکار” قووڵاییەک بەرهەم بێت، کە هەم ڕوون بێت، هەمیش سادە و هاوکات ناوازە لە لایەنی هونەرییەوە.

کتێبی خستنەڕووی پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا وێڕای زانیاری چڕوپڕ لەسەر هونەرمەندێکی مەزنی وەک پیتەر بروک، دەتوانێت چێژێکی تایبەتیش بە خوێنەرەکەی بدات، هاوکات بە هەوڵی کەسێک ئاشنابێت کە لەپێناو خەونەکەیدا، هەموو سەختییەکان تێدەپەڕێنێت. وەک لە دوابەش و “دواوتە”شدا دانا ڕەئووف نووسیویەتی: “هەر کەسێک لە بواری شانۆدا کار بکات، جا قوتابیی شانۆ، ئەکتەر، ڕیژیسۆر، یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی شانۆیی بێت، ناتوانێت بروک و ڕۆڵی بروک لە گەشەکردنی شانۆیی جیهانیدا فەرامۆش بکات. هەرچەندە ئەمڕۆ بروک بە هەمان وزە و هێزی شەستەکان، یان حەفتا و هەشتاکانەوە کار ناکات، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی، ئەوەی ئەو بۆ شانۆی مۆدێرن و هاوچەرخی جیهانی، بۆ دەستپێکی تری شانۆ و بۆ ڕۆڵی شانۆ بنیادی ناوە، بناغەیەکی پتەوە و کاریگەرییەکی بێئەندازەی بەسەر ڕەوتی شانۆوە هەیە. ئەو کاریگەرییە لە کارەکانماندا، لە تێڕوانینماندا بۆ شانۆ، لە نووسینەکانماندا، لە پێناسەکردنی شانۆ بۆشەکاندا، لە هەموو پڕۆسەی شانۆییدا دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستمان بە گرووپی نێونەتەوەیی و بەرجەستەکردنی شانۆی ڕۆژهەڵاتە لە شانۆی ڕۆژئاوادا، لە کولتووری ڕۆژئاوادا، لە سترکتووری دامەزراوە ڕۆژئاواییەکاندا و بە پێچەوانەشەوە. بروک ئەم دەروازەیەی بۆ کردینەوە، زمانێکی گلوبالیزمی بۆ شانۆ خوڵقاند و شانۆی کردووەتە پێداویستییەکی ڕۆژانەی هەموو خەڵک.”   

سەبارەت بە دێڕی نێو نامەکان

خستنەڕووی: “نامەکان”

خوێندنەوەی: سەردەم

“نامەکان” کتێبێکی شاعیر جەمال شارباژێڕییە، کە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا و لە دووتوێی ٣٢٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک لایەنەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و لەم خستنەڕووەدا هەوڵ دەدەین سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە بەرچاوڕوونی بخەینە بەردەست خوێنەری ئازیز.

جەمال شارباژێڕی یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرەکانی کورد، لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و لەو کایەدا چەپکێک شیعری ناسک و کۆمەڵێک دیوانی جوان و ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. ئەم شاعیرە یەکێک بووە لە ئەندامانی گرووپی “ڕوانگە” و لەگەڵ هەریەک لە “شێرکۆ بێکەس، حسێن عارف، کاکەم بۆتانی و جەلالی میرزا کەریم” بەیاننامەی “ڕوانگە”یان ئیمزا کردووە و لە نوێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەت شیعری کوردیدا، ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. دیارە لێرەدا جێی ئەوە نییە جێگە و پێگەی “ڕوانگە” هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام لە کتێبی “نامەکان”ی جەمال شارباژێڕیدا، چەند جار ناوی “ڕوانگە” و هاوەڵەكانی هاتووە و ئەو چەند دێڕەش وەک یادێک بوو لەو پڕۆژە ئەدەبییەی ئەو کۆمەڵە نووسەرەی کورد.

ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی سادە و ڕوون کتێبی “نامەکان” بناسێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە یادی کۆمەڵێک نووسەر و هاوڕێ و کەسی نزیکی جەمال شارباژێڕییە لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا، هەڵبەت کتێبەکە لەو ڕووبەرە بەرینترە و لەو سەرنج و تێبینینانەوە کە نووسەرەکەی دەربارەی هاوڕێکانی و ڕووداوەکان نووسیویەتی، دەتوانێت وێنایەکی گشتی لە هەندێ مەسەلەی گرنگیش بدات بە دەستەوە، بەوەش هەم دەتوانین ڕۆڵی ئەو کەسانە سەبارەت بە ڕووداوەکان بزانین، هەمیش نزیکی جەمال شارباژێڕی لەو کەسانە و خودی ڕووداوەکانەوە تاووتوێ بکەین.

لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند بەشێک لە کتێبەکە وەربگرین، تاکو ڕوونتر ئایدیای سەرەکی “نامەکان” بخەینە بەرچاو. یەکێک لە کەسێتییە دیارانەی لەم کتێبەدا جەمال شارباژێڕی بەسەری کردووەتەوە، مامۆستا و کوردپەروەر و ڕۆشنبیر عەبدوڵڵا جەوهەرە، جەمال شارباژێڕی چەند دێڕێکی ناسک و تایبەت بە باڵای ئەم مامۆستایەدا دەبڕێت و بەم جۆرە دەنووسێت: “عەبدوڵڵا جەوهەر ڕۆشنبیرێکی هەستناسک و کوردپەروەر، لەسەرخۆ دەدوا و لە گفتوگۆکانیدا هەرگیز وشەی بێگانەی بەکار نەدەهێنا، بە کوردییەکی پەتی پوخت کە دەدوا لە گوێگرتن لێی، تێر نەدەبوویت. لە ناوەڕستی پەنجاکاندا بە هۆی مامۆستای هەرگیز لە یاد نەچووم فەرەیدوون عەلی ئەمینەوە ناسیم، کە ناوبراو لە خوێندنگەی سەرەتایی چوارتا لە پۆلی پێنج و شەشەمدا خوێندکارێکی لە ناخی هەستەوە گوێگری بووم، کە کوردی و مێژووی بۆ ئامادە دەکردین، هەستی کوردایەتی لە ناخماندا دەچاند، یەکێک لەو خوێندکارانەش کە پێکەوە بووین، بەڕێز فەتاح ئاغا بوو، کە لە دواڕۆژدا ئەو خەباتگێڕەی لێ دەرچوو، کە لەپێناوی کوردایەتیدا خۆی بە شەهیدکردن گەیاند، هەزار دروود بۆ گیانی فەتاح ئاغا و مامۆستا فەرەیدوونی نەمر و هەروەها عەبدوڵڵا جەوهەر عەبدوڵڵا جەوهەر کە دەستپێکی سەرەتای ئەم لێدوانەم بوو، لە سلێمانی، نزیک سەرا، سەرەتای شەقامی مەولەوی، کتێبخانەیەک هەبوو بە ناوی “گەلاوێژ”ەوە، ئەگەر نەڵێم پایتەخت، سەنتەری ڕووناکبیرانی سلێمانی بوو، بە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانەوە… بەردەرگاکەی لەو هەڤاڵانە جمەی دەهات، هەر لە بەردەمی ئەو کتێبخانەیەدا مامۆستا فەرەیدوون بەڕێز عەبدوڵڵا جەوهەری پێناساندم. […] بیرمە شەوێکیان سێقۆڵی من و شێرکۆ بێکەس و لەتیف عەلی لە ماڵی کاک عەبدوڵڵا جەوهەر بەسەر برد، ئەو کاتە لە گەڕەکی عەقاری لە خانوویەکدا دەژیا، کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو شەرەفی ئەوەم پێبڕا کە بەرهەمەکانی منیش لە باوەش بگرێت، لە پاشدا ئەو کتێبخانەیەی پێشکەش بە نامەخانەی سلێمانی کرد.” ئەو بەشەمان بۆ ئەوە نووسییەوە تاکو شێوازی کتێبەکە بخەینە بەرباس، جەمال شارباژێڕی لە هەر هاوەڵێکی چەشنێک لەو پارانۆمایە دەنووسێت، وێنایەک دەدات بە دەستەوە لەو کەسە، لە پەیوەندیی خۆی بەو کەسەوە، جۆری پەیوەندییەکە، کاریگەرییەکان، ئەو زەمەنەی لەگەڵ ئەو کەسەدا یەکتریان ناسیوە، زۆر وردەکاری تر، بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسە ئەدیبێک بێت، جەمال شارباژێڕی هەوڵ دەدات سەبارەت بە توانای ئەدەبی و بەرهەمەکانی باری سەرنجی خۆی بنووسێت، دیارە کۆی ئەم وردبوونەوە بە تایبەت لە زەمەن و شوێندا، کەشێکی دیکۆمێنتاری بە کتێبەکە بەخشیوە، کە لە هەندێ ڕووەوە، دەتوانێت وەک بەڵگە و سەرچاوە، لە ڕۆژ، مانگ و ساڵدا، لە ساخکردنەوەی هەندێ کەس و شوێندا، پەنای بۆ ببرێت.

سەبارەت بەو نامانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، دەتوانین دابەشیان بکەین بەسەر چەند جۆرێکدا، هەندێک لە نامەکان سەرسامین بە بەهرەی شاعیرێتیی جەمال شارباژێڕی، کە یان بە شیعر، یان بە وەسف و پەخشان نووسراون و تێیدا ستایشی هەستی ناسک و جوانیناسانەی شارباژێڕییان کردووە. بەشێکی تری نامەکان شەخسین و لە چوارچێوەی خێزان و خزم و هاوڕێیانی نزیکدا ئاڵوگۆڕ کراون، بەشێکی تریان نامەی ئەدەبین و لە پرسە ئەدەبییەکان دەدوێن، لێرەدا یەکێک لە نامە ئەدەبییەکان وەک نموونە وەردەگرین، کە نامەی جەمال غەمباری شاعیرە بۆ شارباژێڕی:

مامۆستای شاعیرم کاکە جەمال شارباژێڕی…

بەڕێز و نرخدار

ڕێزی بێپایان… سڵاوی گەرم…

شیعر گەورەیە، هێندەی گەورەیی کەون و هەموو شتەکان… بەڵام ئینسان گەورەترە، بۆیە شیعر هەردەم لەپێناوی ئینسان و خەم و ژان و تاڵی و شیرینی ئەودا ئەخرێتە کار.

مامۆستا گیان! خوێندنەوەی پڕ تامەزرۆیی شیعرەکانت و ئەو ئاه و هەناسە گەرموگوڕانەی کە بوونەتە ڕەنگی هەمیشەیی وشەکانت، هەمیشە ئەمبزوێنن و حەز ئەکەم شتێک بڵێم، جا ئەو شتە لە شیعر بچێ یان نا ئەوەیان شتێکی ترە… گرنگ ئەوەیە منیش لەگەڵ تۆدا ئەمەوێ ئەو هەناسانەت هەڵمژم.

ئەم چەند وشەیەی خوارەوە (ئەگەر بشێ کە ناو بنرێن شیعر) پێشکەشی موعاناتە پیرۆزەکەت بێ… لەگەڵ ڕێزی برایانەما.

واژۆ

برای دڵسۆزت: جەمال غەمبار

سلێمانی: ٢٧/ ١٠/ ١٩٨٠

ئەم کتێبە هەر نامە نییە، یاد و وتار و گفتوگۆش هەن، کە هەریەکەیان دەتوانن چمکێک لە ژیانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی جەمال شارباژێڕی ڕوون بکەنەوە. بۆ وێنە، کاتێک نووسەر “کەریم شارەزا”ی بەسەر کردووەتەوە، لەگەڵ ئەو باسەدا، چەند وتاری کەریم شارەزاشی هێناوە کە دەربارەی ئەزموونی شیعری جەمال شارباژێڕی نووسیویەتی، یان ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا لەگەڵی کراون، وەک خۆیان دانراونەتەوە، یاخود ئەو پڕۆژەیەی، کە وەک نامەیەک ئاراستەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە و لەژێر ناوی “بەرەو شۆڕشێکی سپیی ڕۆشنبیری” و لە شازدە خاڵدا کۆمەڵێک پێشنیار و داواکاری بۆ چاکسازی لە دۆخی ڕۆشنبیری کوردستاندا دەخاتە ڕوو. مەبەست لەم هەمەچەشنێتییەی ئەم کتێبە، کە تێیدا زۆرینەی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەم شاعیرەی لەخۆ گرتووە، ڕەنگە ئەوە بێت کە یارمەتی ئێمە بدات بە شێوەیەکی تایبەت کۆمەڵێک لایەنی شاراوە و بە ڕواڵەت ڕووکەشی ئەم شاعیرە بزانین، بەڵام ئەگەر وردتر دیقەت لە کۆی ئەو چالاکیانە بدەین، تێدەگەین کە تێکڕا دەلالەتن لە هەست و نەستی شاعیرێکی سۆزگەرا، شاعیرێک کە لە ژیانی ئاساییشدا شاعیرانە ژیاوە و مامەڵەی کردووە.

وەک یادێک لە هاوڕێیەتیی نێوان شێرکۆ بێکەس و جەمال شارباژێڕی لێرەدا چەند دێڕ لەو نرخاندنەی شارباژێڕی دەنووسینەوە، کە لەم کتێبەدا هاتووە:

“ساڵی ١٩٥٥ کە هاتمە سلێمانی بۆ خوێندنی دوای دەرچوونی سلێمانی، لە سانەوی سلێمانی دوو مانگێک دەوامم کرد و لە ناوخۆیی (داخلی) شوێن نەمابووەوە ناچار پەنام بردە بەر پیشەسازی، چونکە ناوخۆییەکەی لەگەڵ خۆیدا بوو… لەوێ ئەوانەی لە شاریش بژیایانە لە ناوخۆیی وەردەگیران. بەو هۆیەوە شێرکۆ پاش ئەوەی ساڵێک لە ناوەندی مابووەوە، وای بە چاک زانیبوو کە ئەویش بێتە قوتابخانەی پیشەسازییەوە، بە تایبەتی کە سوودی لە ناوخۆییەکەش وەردەگرت. چونکە ئەو کاتە لە لانەی دایک و باوکی بێبەش بوو، بە هۆی کۆچی دوایی بێکەسی باوکییەوە، دایکیشی لەگەڵ خوشکەکانی لە بەغدا دەژیان، هەرچەندە چەند ساڵێک دوای ئەوە ئەوانیش گەڕانەوە سلێمانی.

هەر لە یەک ساڵی پەیوەندیمان بە پیشەسازییەوە، یەکترمان ناسی و دەستپێشخەرییەکە لە منەوە بوو، بە تایبەتی کە دەیانگوت ئەمە کوڕی فایەق بێکەسی شاعیرە، منیش لە ڕێگەی خوێندنەوەوە بە بێکەس ئاشنا بووبووم. هاوڕێیەتیمان پەرەی سەند و لەگەڵ ئەودا هیی تریشمان دەبوونە هاوەڵ… هەرچەندە من لەپێش ئەودا دەستم پێ کرد و بەرهەمم زۆرتر و تا دوای ناوەڕاستی شەستەکان، بەڵام ئەویش لەوەدوا گوڕی دایە خۆیی و “گۆران” واتەنی کە فەرمووبووی: جەمال شاعیرێکی زگماکە و شێرکۆش لە پڕێکدا هەڵمەت دەبات، وەک چۆن مارێک لە هێلانەکەیەوە دەردەچێت.

درێژترین کات و تەمەنم کە دەتوانم بڵێم هەمیشە بەیەکەوە بووین لە چاخانە و یانە و ماڵی یەکتری و قوتابخانە و دایەرەشی لێ دەربچێ و بیریشمان زۆر لە یەکترییەوە نزیک بوو، بەڵام من لەو ئەهوەنتر بووم، بە تایبەتی ئەو زۆر توندوتیژ بۆ مەسەلەکان دەچوو، من بە هێمنی.”

گرنگیی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا

خستنەڕووی: “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە پایە گرنگەکانی هونەر موزیکە، موزیک وێڕای ئەوەی دەتوانێت هەستی جوانیناسانەمان بجووڵێنێت و بەرەو ئەو دنیا ئەفسووناوییەی خۆ بەکێشمان بکات، هاوکات دەتوانێت چێژێکی تایبەتییش ببەخشێت پێمان و یارمەتیدەرمان بێت لە گۆڕینی دۆخی دەروونیمان بۆ ناخ و ڕۆحێکی خاوێن و پاکژ. غیابی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئەگەرچی لە لای عام شتێکی ئەوتۆ نییە و ڕەنگە سانا لێی تێپەڕن، بەڵام ئەو غیابە کاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتار و گفتارمان. لێرەدا بە شێوەیەکی تایبەت دەربارەی ڕۆشنبیری موزیک چەند سەرنجێک دەنووسین، لە میانەی خوێندنەوەی نوێترین کتێبی نووسەر و هونەرمەند زۆزک قەرەداخیییەوە.

وەک چۆن گوێگرتن لە موزیک کارێکی چێژبەخش و تایبەتە، بەو جۆرەش خوێندنەوە دەربارەی موزیک و مێژووەکەی و ڕۆڵی لە قۆناغە جیاوازەکانی سەرجەم کولتوورەکاندا، گرنگ و جێی بایەخە، بەداخەوە کتێبخانەی کوردی لە هەندێ لایەنەوە پڕە لە کەلێن و بۆشایی گەورە گەورە، یەکێک لەو لایەنانە موزیکە، ئەم نوقسانییە هەردوو بواری نووسین و وەرگێڕان دەگرێتەوە، ئەوەی بۆچی بەو جۆرەیە و کارێکی ئەوتۆ لەو بوارە ناوازەیەدا نەکراوە، ڕەنگە پرسیارێک بێت لە پلەی یەکەمدا یەخەی هونەرمەندەکانمان بگرێتەوە، ئێمە شایەدی چەند کتێبی گرنگین دەربارەی موزیکی کوردی کە نووسەرەکانیان هونەرمەندی موزیکزان نین، بەڵام دەبێت پێویستییەکی مێژوویی و هەستکردن بەو بۆشاییە بەرینە پاڵی پێوە نابن تا ئەو کارانە بکەن، بۆ وێنە مامۆستا محەمەد حەمەباقی، دوو کتێبی گرنگ و پڕبایەخی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوون، کە یەکەمیان دەربارەی “مێژووی موزیکی کوردی”یە و ئەوی تریان تایبەتە بە هونەرمەند “سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی”، بە هەقەت ئەو دوو کتێبە لەو کتێبانەن کە بۆ هەموو کوردێک گرنگن بیانخوێنێتەوە و باشتر و دروستتر لە سەرچاوە و مێژووی هونەری موزیکەکەی بگات. هاوکات نووسەر و توێژەر نزار سابیر کتێبێکی گرنگی نووسیوە بە ناوی “ناسیۆنالیزم و موزیک”، کە کارێکی بەپێز و شیاوی ستایشە. بێگومان چەند ناوی تریش هەن لەو بوارەدا کاریان کردووە و کارەکانیان جێگەی سەنگینی خۆی لە کتێبخانەی کوردیدا گرتووە، بەڵام وەک هونەرمەندان و نووسین لە بواری موزیک و بە تایبەت ڕۆڵ و کاریگەری، وەک وترا هێجگار کەم و تەنکن، یەکێک لەو هونەرمەندانەی ساڵانێکە بە بواری پراکتیکی و نووسین خزمەت دەکات، هونەرمەند زۆزک قەرەداخییە، ئەم هونەرمەندە تاکو ئێستا لە بوارە جیاوازەکانی موزیک و هونەردا حەڤدە کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە دەتوانین بڵێین هەریەک لەو کتێبانە کتێبی دانسقەن و خوێنەران و هونەرمەندان دەتوانن لێیان سوودمەند بن. ئەوە وێڕای ئەو بابەتە هەمەلایەن و ئەو بەشداری و چالاکییە هونەرییانەی تێیاندا کارا بووە و باسی پێشکەش کردوون، خەسڵەتێکی بەرچاوی نووسین و کتێبەکانی ئەم هونەرمەندە دەتوانێت لەو خاڵە درەوشاوەدا بەرجەستە ببێتەوە، کە بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان، بێ هیچ زیادە و دووبارەکردنەوەیەک، پوخت ئایدیاکەی دەخاتە دووتوێی ڕستە و پاراگرافەکانییەوە، کە ئەمەش خەسڵەتێکی گرنگی هەر جۆرە نووسینێکە، کە بێ ناوبەند و ڕایەڵ بگاتە خوێنەر و دۆخێکی ناچاری وا دروست نەکات کە گرفتی تێنەگەیشتن و ئاڵۆزی لا دروست بکات، لەم ڕووەوە زۆزک قەرەداخی کارێکی باش دەکات، کە لە کتێبێکی بچکۆلە و تەنکدا، پەیامەکەی دەگەیەنێت و خوێنەر نەک ماندوو نابێت، بەڵکو چێژ لە زانیاری و ئەو وردەکارییانەش وەردەگرێ کە خراونەتە ڕوو.

کتێبی “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی” نوێترین کتێبی زۆرک قەرەداخییە، لە دووتوێی سەد لاپەڕەدا باسێکی هەمەلایەن لە پەیوەندی نێوان موزیک و لایەنە هەستی و مرۆییەکان پێشکەش دەکات، لەژێر ناونیشانی سەرەکی کتێبەکەدا ئەم دەربڕینە، وەک ناونیشانی لاوەکی دانراوە: (ئەو ڕەهەندە هونەرییە گرنگانەی پێویستە موزیککارانی نەوەی نوێ ئاشنای بن). کتێبەکە سەرەڕای پێشەکییەک، لەم بەش و ناونیشانانە پێک هاتووە: “گرنگیی هونەر، کاریگەریی موزیک لەسەر مرۆڤ، خوێندن و خوێندەواری لە بواری موزیکدا، گرنگیی خۆیی لە بواری هونەردا، گەشەپێدانی توانای خۆیی، هونەر پێویستە نەتەوەیی ـ جیهانی بێت، گرنگی بەرنامەدانان و پلانڕێژی، خۆسنووردارکردن، بەرپرسیارێتی، هاوبەشپێکردن لە بەرهەمی هونەریدا، ستایشی هونەری جوان و ناوازەی هاوپیشەکان، موزیکدانان، ڕەخنە، لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان، کۆبەندی”. لە هەریەک لەو بەشانەدا بەوپەڕی چری و کورتبڕییەوە باس لە ڕۆڵی هونەر بە گشتی و موزیک بە شێوەیەکی تایبەت، دەکات.

کتێبەکە بە شێوازێکی زۆر مەنهەجی و ڕێنوێنیکەرانە نووسراوە، ئەگەرچی ڕووی لە گشتە، بەڵام  تایبەتتر فێرخوازانێک دەدوێنێت کە تازەکی دەستیان داوەتە موزیک و دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن و خۆیان بەرەو پێش بەرن و لە داهاتوودا خزمەت پێشکەش بکەن. نووسەر زۆر جەخت لە توانای تاک دەکاتەوە، وزەی تاک سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە، بەو مەرجەی ئەو وزەیە بە شێوەیەکی وەها ئاڕاستە بکرێت کە نوختەی ئامانج بپێکێ، نەک بەو جۆرەی بە هەموو لایەکدا پەرشوبڵاو ببێتەوە و بەهەدەر بڕوات. نووسەر پێداگری ئەوە دەکات هونەرمەندان دەبێت بچنە فێرگە و خولی جیاواز جیاواز ببینین، لە لایەن مامۆستایانی بەئەزموون و خاوەن دیدگاوە پەرە بە توانا سەرەتاییەکانی خۆیان بدەن و خۆیان بە شوێنێک و کەسێکەوە سنووردار نەکەن و نەبەستنەوە.

پرسێکی زۆر گرنگی نێو ئەم کتێبە پرسی بەجیهانیبوونی موزیکە، زۆزک قەرەداخی دیدێکی تەندروست پێشکەش دەکات، بەوەی کە جیهانیبوونی موزیک دەبەستێتەوە بە نەتەوەوە، نەتەوە بە سەرجەم کولتوور و داب و نەریت و تەقالیدەکانیەوە، کۆیەک کە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێک دەهنێت کە دەبێتە شوناس بۆ ئەو خەڵکانەی سەر بەو خاک و زمانەن و پێیەوە دەناسرێنەوە، بێگومان هەر نەتەوەیەکیش وەک چۆن خاوەنی جلوبەرگ و خواردنی تایبەتمەندی خۆیەتی، خاوەنی موزیک و گۆرانی خۆیشیەتی، ئەمەش ئەو پردەیە کە دەبێت وەک سەرەتایەکی پتەو لە نێوان فێرخواز و نەتەوەدا ڕۆ بنرێت، واتا فێرخواز لە ناوەند و کلاسەکاندا ئاشنای ئەم موزیکە نەتەوەییەی خۆی بکرێت، بە وردی سەرجەم لایەنەکانی پێ بناسرێت، لەوەش گرنگتر بتوانێت گوێی لێیان پڕ بێت و ئەلف و بێی ژەندنەکەی، لەسەر ئەو ئاوازانە کۆک بکات کە موڵکی نەتەوەکین و لە خانەی موزیکی فۆلکلۆر و زارەکیدا ناسێنراون. دیارە ئەم خاڵە بە چەندان نموونەی هونەرمەندان لە دنیادا ڕوون دەکاتەوە، مەرجی بەجیهانیبوونی موزیک لە ڕێگەی کەناڵی موزیکی نەتەوەییەوە فەراهەم دەبێت، ئەو هونەرمەندانەی ئەمڕۆ وەک هونەرمەندانی جیهانی بواری موزیک و ئاواز ناسراون، ئەگەر گوێیان بۆ بگرین و دەربارەیان بخوێنینەوە، دەبینین گەشەیان بە موزیکی نەتەوەیی خۆیان داوە و سەرچاوەی سەرجەم داهێنەکانیشیان لە هەوا و سروشتی نەتەوە و خاک و زمانەکەی خۆیانەوە هەڵگۆزتە کردووە. نیسبەت بە موزیک و گۆرانی کوردی ئەمە پرسێکی زۆر ئەمڕۆییە، دەبیستین ڕۆژانە چۆن موزیک و گۆرانی کوردی لە مۆرکی نەتەوەیی خۆی دادەماڵرێت و ڕووت دەکرێتەوە.

کتێبەکە ئاستی بەرپرسیارێتیی خوێندکار بەرانبەر بە موزیک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و جیهانی دیاری دەکات، هاندانێکی جوانە لەو کایەدا، کە هەم هەوڵ بۆ فێربوونی ئامێرێکی موزیک بدەین، هەم چێژ لە جوانی و ئەفسوونی ئەو دنیایە فراوانە وەربگرین، بێگومان ئەو کەسانەی ڕۆحیان ئاوێتەی موزیکە کەسانێکن ئارام و لەسەرخۆن، ئەو کەسانەن کە دۆخە ناشیرین و هەنووکەییەکان فریویان نادات و بە هێمنییەوە درێژە بە خەون و پڕۆژە ئێستەتیکییەکانیان دەدەن و چاویان لە ئایندەیەکی باشتر و گەشترە بۆ هەمووان.

شانۆنامەی سوکرات

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە شانۆییە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە شانۆنامە بەناوبانگەکەی نووسەر و فەیلەسووف و مێژوونووسی فەرەنسی (ڤۆڵتێر) کە لەبارەی دادگایی کردنەکەی سوکراتی گەورە فەیلەسووفەوە نووسیویەتی، ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بەشێکە لەو بایەخە گەورەیەی کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بە شانۆ و کتێبی شانۆیی دەدات، بەو ئومێدەی شانۆکار و هونەرمەندانی کورد سوودی لێ ببینن لە بەرهەمە شانۆییەکان و نمایشەکانیاندا.

هەر وەک وەرگێڕ لە پێشەکییە کورت و پوختەکەی کتێبکەدا ئاماژەی پێ کردووە، ڤۆڵتێر ساڵی ١٧٥٩ شانۆیی سوکراتی نووسیوە، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە، مەبەستی سەرەکی ڕەخنەگرتن بوو لە حکومەت و دەسەڵاتداران و ئایین، لەم شانۆییەدا، پێچەوانەی ڕووداوە مێژووییەکەوە، سوکرات بەرامبەر ژمارەیەک دادوەر دەوەستێتەوە، کە ڕاستییەکەی ئەوەیە سوکراتی ڕاستەقینە، لە بەردەمی دەستەیەکی ٥٠٠ کەسیدا سزای ژەهرخواردنی بەسەراد دەدرێت: لە شانۆییەکەدا زۆرێک لە هاوڕێکانی سوکرات کە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکەدا، لە دادگا ئامادە بوون، فەرامۆش کراون، وەک ئەفلاتوون و ئەنتیسینێس و ئەریستیپۆس و زۆری تریش، لەبری ئەوان ژمارەیەک قوتابی بێناو دانراوە، کە لە کۆتایی شانۆییەکەدا دەردەکەون، ڤۆڵتێر (سوکرات)ی وەک کەسێک ناساندووە، کە باوەڕی بە بوونی یەک تاکە خودا هەیە، بەڵام ڕووداوە مێژووییەکان و بیرمەندان و مێژوونووسان ڕایان وا نییە و قسەی پێچەوانەیان هەیە لەو بارەوە.

کارەکتەرە درامییەکانی نێو دووتوێی ئەم شانۆنامەیە بریتین لە:

سوکرات

ئانیتوس: سەرۆکی کەشیشان

میلیتوس: یەکێک لە دادوەرانی ئەسینا

گزانتیپ: هاوسەری سوکرات

ئاگلیا: کچێکی جاحێڵی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە

سۆفرۆنیموس: لاوێکی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە

دریکسا: ترێپاندەر، ئاکرۆس: هاوڕێی ئانیتۆس

دادوەرەکان: قوتابیانی سوکرات، سێ زمانلووسی لایەنگری ئانئتوس.

بە گشتی وەک ئاماژەمان پێ دا ئەم شانۆنامەیە سوودی لە واقیعێکی مێژووی وەرگرتووە، ئەویش دادگاییکردنی گەورە فەیلەسووفی ئەسینا و دنیا (سوکرات)ە، بەڵام پێچەوانەی ڕەوتە واقیعییەکە، بە زمانێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوەکانی گێراوەتەوە و دەستکاری سروشت و پێگە و هەڵوێستی کارەکتەرەکانی کردووە، بێگومان کارەکتەرەکانیش بە هەمان شێوە واقیعین و ڕەهەندی مێژووییان هەیە و نزیک بوون لە خودی سوکرات و ڕووداوەکان و دادگاییکردنەکەوە،  ڤۆڵتێر، لە ڕێگەی زمانە گاڵتەجاڕییەکەیەوە، کۆی دەسەڵات و سیستەمە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەخنەبارانیان دەکات.

ئەم نووسەر و فەیلەسووفە، ناوی تەواوی (فرانسۆ ماری ئەرویت)ە و نازناوی ڤۆڵتێری هەیە، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٦٩٤ لە پاریسی فەرەنسا، لە خێزانێکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبووە. کوڕە بچووکی خێزانەکەی بووە و کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە حەوت ساڵان، دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی ڤۆڵتێر ئەرکی بەخێوکردنی گرتووەتە ئەستۆ، باوکی کەسایەتییەکی ئازادیخوازی دوور لە ئایینی هەبووە و لە تەمەنی لاویدا (ڤۆڵتێر) کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی.

لە ساڵی ١٧٠٤، ڤۆڵتێر چووەتە کۆلێجی لوویسی مەزن کە قوتابخانەیەکی تایبەتی ئایینی بووە لە پاریس، دوای تەواوکردنی خوێندن، پەیوەندی ڤۆڵتێر بە باوکییەوە تێک چووە و باوکی ویستوویەتی کە ناچاری بکات وەکو پارێزەر کار بکات و لە بواری یاسا پیشەیەکی فەرمی بەدەست بهێنێت، باوکی ڕێگری کردووە لەوەی ببێت بە نووسەر، ڤۆڵتێر داواکانی باوکی ڕەتکردووەتەوە و باوکی لە میرات بێبەشی کردووە، بۆیە ئەویش وازی لە نازناوی خێزانەکەی هێناوە و نازناوی ڤۆڵتێری هەڵبژاردووە، هەموو کارەکانی بەو ناوەوە بڵاو کردووەتەوە و یەکەمین کاری ئەدەبی لە ساڵی ١٧١٨ لەژێر ناوی ڤۆڵتێرەوە بڵاو کردووەتەوە.

ڤۆڵتێر نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە و شانۆگەریشی نووسیوە، بە هۆی بیروبۆچوونەکانی و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی زیندانی کراوە و لە فەرەنسا دوور خراوەتەوە، لە ساڵی ١٧١٦ ڤۆڵتێر دوور خراوەتەوە بۆ شارۆچکەیەکی دوورەدەستی فەرەنسا، چونکە ڕەخنەی گاڵتەئامێزی لە لوویس فیلیپی دووەمی ئەوکاتەی دەسەڵاتداری فەرەنسا گرتووە، ساڵێک دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.

پاشان بە هۆی بڵاوکراوەکانییەوە لە زیندانی باستیل بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کراوە، دواتر لە ساڵی ١٧٢٦ بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانی باستیل دووبارە دەستگیر کرایەوە بە هۆی ئەوەی شیعرێکی ئابڕووبەری نووسی سەبارەت بە پەیوەندییەکی قەدەغەکراوی خۆشەویستی نێوان پاشای ئەوکاتەی فەرەنسا، هێنری چوارەم و کچەکەی، چونکە ئەو ماوەیە پڕوپاگەندەی زۆر بڵاوبووبووەوە کە پاشا پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کچەکەی خۆی هەیە. دوای ئازادکردنی دووبارە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فەرەنسا دوورخرایەوە بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو، هاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ شاعیرە ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کرد. لە کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵ بەردەوام بوونی لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی هەمەجۆر، ڤۆڵتێر کاری بازرگانی و هاوردەکردنی کاتژمێری سویسری کردووە و لەو پڕۆژەیەدا وەکو بازرگانێک ناوبانگی زۆری دەرکردووە.

بە پێی زانیارییەکان (ڤۆڵتێر) هاوسەرگیری نەکردووە و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئێمیلی دووچاتلێیە خانمە زانای بیرکاری ئەو سەردەمە هەبووە، پەیوەندییەکەیان ماوەی ١٦ ساڵی خایاندووە و لە شارۆچکەی سێرای ژیاون. ڤۆڵتێر لە خۆشەویستەکەیەوە ئیلهامی نووسینی لە بارەی بابەتە زانستییەکانەوە وەرگرتووە، دوای جیابوونەوەیان ڤۆڵتێر لەگەڵ کچێکی خوشکی ژیاوە و دەنگۆ هەبووە کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی کچێکی بچووکی بە ناوی ماری فرانسۆ لە ئەستۆ گرتووە.

سەبارەت بە ئەزموونی نووسینی ڤۆڵتێر، زانیارییەکان هەموو ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردبوو، ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر نووسیویەتی و ئالوودەی قاوە بووە. ڤۆڵتێر کتێب، وتار، شانۆگەری، شیعر، نامە، دەستنووس، ڕەخنەی ئەدەبی، بابەتی مێژوویی، وتاری سیاسی و ڕەخنەئامێز، لە هەموو ئەم بوارانە بەرهەمی هەبووە. ژمارەی نامەکانی بە ٢١ هەزار نامە خەمڵێندراوە و پەنجا شانۆگەری نووسیوە، ئەو بڕوای بە بوونی خوا هەبووە، بەڵام بڕوای بە ئایین و کڵێسا و شێوازی مامەڵەکردن و قۆڕخکاریی قەشەکانی کڵێسا نەبووە، دژی دەسەڵات بووە، بۆیە شێوازی نووسینی جیاواز بووە و هەموو ئەم بیرۆکانەی کاردانەوەی لەسەر بەرهەمەکانی هەبووە، ڤۆڵتێر بە پێشەنگی بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت و بە “باوکی ڕۆشنگەری” ناسراو بووە.

گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەر و فەیلەسووفە بریتین لە:

– ناودارترین بەرهەمی شیعری ڤۆڵتێر بریتییە لە شیعری Henriade  کە لە ساڵی ١٧٢٣ بڵاوی کردەوە، لەگەڵ شیعری The Maid of Orleans  کە شیعرێکی درێژ بوو، سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانی پێش مردنی تەواوی بکات، بەڵام شیعرەکە دوای کۆچی دوایی ڤۆڵتێر، بڵاو کرایەوە و ناوبانگی زۆری دەرکرد.

–  دیارترین بەرهەمی شانۆگەری و شانۆنامەی ڤۆڵتێر بریتییە لە شانۆگەری Oedipus کە لە ساڵی ١٧١٨ لەسەر شانۆ پێشکەش کرا، پاشان زنجیرە شانۆنامەی تراجیدی نووسییەوە که ناوبانگترینیان بریتی بوو لە شانۆنامەی Mariamne لەگەڵ شانۆگەری Zaïre  و شانۆگەری Nanine.

– نووسراو و کتێبەکانی ڤۆڵتێر مێژوویین ناودارترینیان سەردەمی لوویسی چواردەهەم The Age of Louis XIV لەگەڵ توێژینەوەیەک بە ناوی نەریت و کڕۆکی گەلان، لەم توێژینەوەیەدا ڤۆڵتێر مێژووی کۆمەڵایەتی و هونەریی گەلانی ڕابردووی لە سەردەمە جیاوازەکان خستووەتە ڕوو و لێکۆڵینەوەی لە بارەیانەوە کردووە.

–  هەروەها گرنگترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێر لەسەر شێوازی کورتە چیرۆک و ڕۆمانن، نموونەی Micromégas، خەونی پلاتۆ Plato’s Dream، لەگەڵ ڕۆمانی ناودار Candide، هاوکات فەرهەنگی فەلسەفی Dictionnaire philosophique کە فەرهەنگێکی چڕی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و دژی کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی ئەو سەردەمە بووە ناودارترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێرە.

ڤۆڵتێر لە ٣٠ ی ئایاری ساڵی ١٧٧٨ لە پاریسی پایتەخت کۆچی دوایی کردووە. مەراسیمی بە خاکسپاردنی لە کڵێسا بۆ ئەنجام نەدراوە، چونکە کەسێک بووە باوەڕی بە کڵێسا و مەسیحییەت نەبووە و دژی ئایین بووە.

گەردەن زەردێ شتێک لە شیعر زیاتر

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆیدا لەمەڕ چییەتی شیعر و کاری شاعیر، پێی وایە کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێت، بیگوازێتەوە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە جیاوازی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە شیعر ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان: چونکە لەوانەیە مێژووی “ھێردۆتیش” بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.

هیچ کام لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، هێندەی شیعر کێشەی لەسەر نییە، کێشە بە مانای وشە کوردی و باوەکە نا، بەڵکو کێشە بە مانای ئەوەی زۆرترین مشتومڕ، گفتوگۆ و دیدی جیاواز و ناکۆکی لەسەرە سەبارەت بەوەی چی شیعرە؟ شیعر خۆی چییە؟ سنوور و سیستەمەکانی چین و چەندین چەمک و دەستەواژەی دیکە کە وا دەکەن هەرگیز نەگەین بەو دەرئەنجامەی کە چی بە شیعر بزانین و چی بکەینە دەرەوەی بازنەی شیعرەوە، ئەم مشتومڕ و ناکۆکییانە مێژوویەکیان هەیە و  بەشێک لە فەیلەسووفەکانیشیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردبوو، باسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ مێژووی و سەردەمی نوێ، تا دەگات بە سەرهەڵدانی چەندین قوتابخانە و ڕاڤەی تیۆری، چونکە خۆی لە ڕاستیدا شیعر هەڵگری شوناسێکی ئاڵۆز و سرکە و ناخرێتە نێو یەک چوارچێوەی تێگەیشتن، یاخود پێناسەوە، سروشتێکی ئەوتۆی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کۆمەڵێک توخم و ڕەگەز و لقی دیکەی نێو کایەکانی سەرخانی ژیانی هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکانیش، جیاوازتر لە ژانر و تێکستە نووسراوەکانی دیکە، بەر شوێنیکی جیاوازتری خوێنەر دەکەوێت و کار لە پنت و پانتاییەکی دیکەیدا دەکات، ئیدی هەر خوێنەرە و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و زەوقی هونەریی خۆی، مامەڵە لەگەڵ ئەو شیعرەدا دەکات، کە بەری کەتووە.

بێگومان قسەیەکی نوێ ناکەین گەر بڵێین ژانری شیعر لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا، مێژوویەکی دێرینتری هەیە لە چاو لقەکانی دیکەی ئەدەب و هونەر، بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئاستی بەرەوپێشچوونی هزر و ئەندێشەی تاکەکان، شیعریش لە ڕووی زمان، دەربڕین، فۆڕم و گوزارشتکردنەوە،گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەشێکی زۆری ئەو گۆڕانکارییەش لەگەڵ ڕەوتی ژیانی مرۆڤی کورددا هاوئاواز و هاوڕیتم بەرەوپێشەوە چووە، چونکە وەک دیارە شیعر زۆر ڕاستەوخۆتر کاریگەری لەسەر هۆشیاری تاک هەبووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لەنێو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاجیاکاندا هەبووە، بە مانایەکی دیکە شیعر هێزی ئەوەی هەیە گوزارشت لە دۆخەکان، ڕووداوەکان، سەردەم و خودی خەمە زاتییەکانی ئینسان بکات، بەڵام بەم دواییانە بەشێک لە لێکۆڵیاران و ڕەخنەگران، نکوڵی لە ڕۆڵی ئێستای شیعر دەکەن و پێیان وایە شیعر چ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی فیکر و دونیابینی و تێگەیشتنی تاکی کورد نەماوە، تەنانەت دەزگاکانی چاپ و وەشاندنیش، پشتیان کردووەتە چاپکردنی دیوانە شیعرییەکان، بەڵام کاتێک نامیلکەیەکی شیعری بە قەبارە بچووک و بە شیعرییەت و ئیستاتیکا و خەیاڵ و ناوەڕۆک گەورەی وەک (گەردەن زەردێ) دەکەین، تێدەگەین لەوەی کە هێشتا شیعری باش توانای ئەوەی هەیە خوێنەر موخاتەبە بکات و بیخاتە ژێر باندۆر و هەژموونی هونەریانەی خۆیەوە، کاریگەریی لەسەری هەبێت و دنیایەکی پەنهانی بۆ ئاشکرا بکات، دنیایەکی نوێ کە تێیدا مرۆڤ هەیە، کێشە و ئازار و خەون هەن،  ئەمەش وا دەکات دەزگایەکی بەناوبانگی وەک دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بچێتە پای لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی تاکوتەرا دیوانی شیعری، کە نامیلکە شیعریی (گەردەن زەردێ) یەکێکە لەو کارە باشانەی لە ماوەی ڕابردوودا چاپی کردووە، لەم ڕێگەیەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە هێشتا شیعری باش و کاریگەر و نوێ ماوە و هێشتاش دەزگایەک هەیە شانبەشانی هونەر و کایەکانی دیکە، گرنگی بە شیعر و ناساندنی شیعر و چاپکردنی دیوانی باش دەدات.

بێگومان ئەم کۆمەڵە شیعرە، واتە گەردەن زەردێ، بەرهەمێکی هێمن و ئارامی شاعیرێکی سەر بە نەوەیەکی نوێیە (بەشدار سامی) نووسیویەتی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ئەم کۆمەڵە شیعرە پێک هاتووە لە چەند تێکستێکی نوێ و جوانی وەک: دیسان دڵتەنگیتان،  جیابوونەوە، تەرمێک، ژان، سەبارەت بە دڵشکان، گەڕانەوە بە ڕێگە کۆنەکەدا، ئەو ڕستانەی نیوەشەوان گڕ دەگرن، جەنابی حاکم، غنی للحب، لە ڕۆژێکی دژواردا شەفیقەفەندی، کە ماندوو بووم، لە ناوی خۆی دەگەڕا، گەردەن زەردێ، بیرەوەری وەک دەرپێیەکی پیس و چەندین ناونیشانی دیکەی شیعری.

لە ڕاستیدا شیعرەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەی (بەشدار سامی) نەک لە ڕووی زمان و گوزارشت و بەرهەمهێنانی وێنەی شیعری و ئیستاتیکی و رەگەزە پێکهێنەرەکانی بونیادی تێکستی شیعرییەوە جیاوازن، بەڵکو لە ڕووی داڕشتن و کورتی و درێژی دێڕەکانیشەوە جیاوازن، جوانیی ئەم حاڵەتەش لەوەدایە کە دێڕەکان چەند درێژتر بن، هەناسە شیعرییەکان درێژتر دەبنەوە تووشی تەنگەنەفەسی نابن و لە ڕیتم و ئاواز دەرناچن: سەبارەت بە خۆر تا لە شارەکەی ئاوا نەبێت، تاریک داهات/ سەبارەت بە مێژوو، تا شارەکەی فەرامۆش نەکات، پەنیر و ژاژیی خستە ڕستەوە، سەبارەت بە چاندنی یەک ملیۆن درەخت، هاواری کرد، سەبارەت بە وشکە ساڵی، وەک مەڕدارەکان خەمبار بوو.

ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە نموونەیەکە لەو دێڕە شیعرییە درێژانەی کە هیچ قەتع و پچڕانێکی تیدا نییە و تا کۆتایی بەم نەفەسە شیعرییە دەڕوات، وێنە لە دوای وێنە، مانا و دەلالاتی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، لێرەوەیە ئاستی جیاوازیی ئەم شاعیرە، تخووبەکانی فرەوانتر دەکات و ئەو دەنگانە دەگەیەنێت کە پێشتر نەگەیشتوون، بە مانایەکی دیکە، بە هێمنی ئەو دەنگانە دەگەیەنێت، کە پێشتر بە دەنگی بڵند و بەرز گەیەنراون.

لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە شیعرییەدا، ئێمە لە ڕێگەی شیعرەوە بەر یادەوەریی کەسێک دەکەوین کە خودی شاعیرەکەیە، جگە لە یادەوەریی تاکەکەسی خۆی، بەر یادەوەریی سەردەمەکەی، ڕۆژگارەکەی، ڕووداو و چیرۆکەکانیش دەکەوین، هاوڕێیەتی ڕۆژانە کە لای بەشدار بایەخ و گرنگی و بەهای مرۆیی و ئیستاتیکی خۆی هەیە، لەنێو شیعرەکانیدا ڕەنگدانەوەیەکی جوانی هەیە و ڕەهەندی ئیبداعی وەرگرتووە: دیسان ژان و دیسان خەم و دیسان ترس و دیسان کەوتن/ دیسان بیرکردنەوە، دیسان شەونەخەوتن، دیسان تاریکی داهاتن، دیسان گریام و دیسان گوتم،: دایە/ دیسان گوتم سەرمام بووە/ دیسان بابم/ دیسان گوتی: ئەم کەوتنە سەرما نایکات.

تێکستەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بەرهەمی ململانێی ئینسان، هاوکات شاعیرێکە لەگەڵ یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە ئەویش شێرپەنجەیە، جەنگی شاعیرێکە بە شیعر و وشە، لەگەڵ ئازار و مەرگ و کەوتندا، لەم شیعرەدا کە زیاتر فۆڕمێکی نامەیی پێوە دیارە بۆ یەکێک لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی خۆی کە کاک (دانا فایەق)ە، بە ڕوونی دەچینە نێو دۆخی سایکۆلۆژیی کەسێکەوە کە شێرپەنجە گەرەکیەتی بیخات، بەڵام ئەم بە هێزی خەیاڵ و وشە، جەنگەکە دەباتە نێو پانتاییکی دیکە، ئەم دێڕە زۆر سادەیە کاتێک دایکت پێت بڵێت: ئەوە بۆ ڕەنگت تێکچووە و بێهێز دیاریت؟ تۆش پێی بڵێیت: چ نییە دایکی من، هەر وا کەمێک سەرمام بووە! لەوەش سادەتر گومانی باوکتە کاتێک خۆی دەکات بەنێو وتووێژەکەی تۆ و دایکتدا و دەڵێت: ئەم کەوتنە هی سەرما نییە! سادەن لە ڕووکەشدا، سادەن وەک وێنەیەکی شیعریی کە بەشدار لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکەیدا وەریگرتووە، بەڵام کە دەچێتە نێو پرۆسە شیعرییەکەوە، ئیدی لە مانا سادەییە ڕۆژانەییەکان بەتاڵ دەبێتەوە و ڕەهەندێکی قووڵتر وەردەگرێت، چونکە ئەو باس لە دۆخێکی دیاریکراو و تایبەتی خۆی دەکات، ئاخر ئەو هێشتا خەریکی شاردنەوەی ئازارە لای دایک و باوکی، ڕاستەوخۆ ناڵێت شێرپەنجەمە، ناڵێت ئازارم زۆرە و هاوار ناکات و وشەی ڕاستەوخۆ دەرنابڕێت، بەڵکو لە شیعرەکاندا تەواو خۆی ڕووت دەەکاتەوە برینەکانی جەستە و ڕۆحی ئاشکرا دەکات و بە دەنگێکی نەوی و بە دزییەوە ئازارەکان دەگێڕێتەوە:

مرۆڤێک کە گوێ لە مۆسیقا ناگرێت/ چیرۆکی نییە/ مرۆڤێک، کە چیرۆکەکەی ناگێڕێتەوە/ ترساوە/ مرۆڤێک کە ترساوە/ شەقامەکان دەناسێتەوە/

ئەو مرۆڤەی چارەنووسی تاریک داهات و هیچ ڕێگەیەکی نەدۆزیەوە/ نەخۆش بوو/ ئەو مرۆڤەی نەفرەتی لە خۆشەویستەکەی کرد/ نەخۆش بوو.

بە گشتی ئەم کۆمەڵە شیعرەی بەشدار سامی، هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، شایانی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەر کردنن، سەر بە دنیایەکن کە تیایدا ئاسان شتەکان و مرۆڤەکان وێران دەبن، بەڵام ئاسانتر ژیان ڕۆ دەنرێتەوە و مرۆڤەکان لە کەوتن و شکست دەگەڕێنەوە، کەرەستە شیعرییەکان بابەتگەلی نێو ژیانن، ڕۆژانە چ لە ژیاندا و چ لە تێکستەکاندا بەریان دەکەوین، کەچی لێرەدا، لەنێو پانتایی ئەم شیعرانەدا، پێناسەی دیکەیان هەیە، چونکە شوناسیان گۆڕاوە و ڕۆڵێکی دیکەیان پێ دراوە.

ڕژانی ترس و تاریکایی

خستنەڕووی: “ژێرزەمینەکەی بەغدا”

خوێندنەوەی: سەردەم

ئەدەبیاتی عێراقی پاش ڕووخانی سەددام حسێن، یانی لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەدەبیاتێکی تایبەتە، بە کۆمەڵێک خەسڵەت و سیماوە، ئەم ئەدەبیاتە لە هەناوی سەردەمەکەی خۆیەوە سەری دەرهێنا و نووسەران و هونەرمەندان هەوڵیان دا کە بابەتەکانیان ڕاستەوخۆ لەو دۆخ و ساتانەوە هەڵبگۆزن کە تێیدا دەژین، بێگومان یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی جددی ئەو ئاوڕە کۆنکرێتییەیە کە لە زەمەن و ساتەوەختی خۆی دەیداتەوە، تێیدا هەوڵ دەدات هەموو ناوەڕۆک و تێماکانی ئەو زەمەنە لە فۆرمێکی هونەریدا پێشکەش بکاتەوە، بەوەش دەرچەیەک بەسەر کۆی ئەو زەمەنەدا واڵا دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان و گشتگیر، دۆخی عێراق بە گشتی و شارێکی گەورە و گرانی وەک بەغدا لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە، دۆخێکی تەواو ترسناک و تاریک بوو، بێگومان ئەم دۆخە بۆ ئێستا و داهاتووش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە لێکەوتەکانی بە سانایی لێرە و لەوێ و لە شێوە و شکڵی جیاواز جیاوازدا دەبینێرێتەوە. تیرۆر و تۆقاندن، شەڕی ئایینی و تایفەگەری، دەرکەوتنی گرووپە توندڕۆ و بیرتاریکەکان لەو دەرکەوتانەن کە لە پاش ٢٠٠٣وە فەزای گشتیان داگیر کرد و ترس و بیمیان بە هەموو کوچە و کۆڵانێکی شارەکاندا بڵاو کردەوە، عێراق گیرۆدەی شەڕێکی خوێناویی بوو، تێیدا هەزاران کەسی بێگوناه تەرمی هەلا هەلابوویان لەسەر شەقامەکان کەوت و نەناسرانەوە، سەدان کەس بێسەروشوێن بوون و سەدانی تریش لەتاو ئەو دۆخە تفت و تاڵە وڵاتیان جێهێشت و چیدی بۆی نەگەڕانەوە، ژیانی هەرڕۆژەی کەسانی نێو ئەم نیشتمانە بیمارە کەوتە بەردەم هەڕەشە و لەناوبردن، بژاردەیەک نەمایەوە بۆ ئاشتەوایی و ژیانی سادە، ئەم ستایلە نوێیە لە مەترسی و سڕینەوە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەندانی داگیر کرد، بۆیە دەبینین لە دوای ئەو مێژووەوە ژمارەیەکی زۆر دەقی ئەدەبی و هونەری نووسران و کێشران، کە ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنە ترسناکە بوون، لە پلەی یەکەمیشدا ئەم نواندنەوەیە لە ڕۆماندا بەرجەستە بوو، دواتریش ژانرەکانی تر هەوڵی بەهونەریکردنەوەی ئەم بابەتانەیان دا.

“ژێزەمینەکەی بەغدا” کتێبێکی بچکۆلەیە، لە نووسینی هۆشەنگ وەزیزی و لە وەرگێڕانی مامۆستای هێژا و کۆچکردوو، ئەحمەد محمەد ئیسماعیلە، کە هەر لێرەدا و لەگەڵ چاپبوونی ئەم کتێبە، داخێک سەر و دڵمان دەگرێ، ئەویش ئەوەیە کە وەرگێڕی کتێبەکە چیدی لێرە نییە و کتێبەکە بە چاپکراوی نابینێت.

ڕەنگە سەرەتا ناسینی ناوێکی وەک “هۆشەنگ وەزیزی” خراپ نەبێت.

هۆشەنگ وەزیزی کێیە؟

هۆشەنگ وەزیزی، ساڵی ١٩٦٧ لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٩٠ کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کاتی شەڕی ناوخۆ، ڕووی لە سووریا کردووە، لەوێ لە بواری شانۆ و ڕۆژنامەنووسیدا کاری کردووە و لە ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا نووسینی ئەدەبی و سیاسی بڵاو کردووەتەوە.

 کۆتایی نەوەدەکان ڕووی کردە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وتار و لێکۆڵینەوەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو کردوونەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و لەوێ نیشتەجێیە.

تا ئێستا ئەم شانۆنامانەی بڵاو بوونەتەوە:

١/ الستیلاء (دەستبەسەرداگرتن)، بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و بڵاو بووەتەوە. لە بەغدا و هەولێر نمایش کراوە.

٢/ فلانة.

٣/ امکنة اسماعیل، ساڵی ٢٠١٥ لە پێشبڕکێی “الهیئة العربیة للمسرح” خەڵاتی یەکەم و ساڵی ٢٠٢١ لە فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتیی بەغدا، خەڵاتی باشترین دەقی پێ بەخشرا.

٤/ قبو بغداد.

٥/ العاصفة.

هەندێک لە شانۆکانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی “قرتاج” و بەغدا نمایش کراون. هەروەها کتێبی “بلاد مابین عراقین”ی بەچاپ گەیاندووە، کە ساڵی ٢٠١٤ لە (دار نون) چاپ بووە و بریتییە لەکۆمەڵەوتارێکی سیاسی دەربارەی مێژووی نزیک و ئێستای عێراق.

کتێبی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” یەکەم کتێبی وەرگێڕاوی هۆشەنگ وەزیرییە، کە تێیدا دوو دەقی شانۆیی گرتووەتە خۆ، دەقەکان لەژێر ناوی “باهۆز” و “ژێرزەمینەکەی بەغدا” پێشکەش کراون. هەر دوو دەقەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە خاڵی هاوبەش و تەکاندەریان هەیە، ئەگەر وەک هێڵی درامی تێیان بڕوانین، دەبینین هێڵە درامییەکە بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە نەختە نەختە ڕووناکی دەخاتە سەر کەس و ڕووداوەکان، واتە لە پنتێکەوە دەست پێ دەکات و چیدی لەو پنتەدا نامێنێتەوە و وەک شەپۆلێک هەڵدەکشێت و خوێنەر (وەک دەقخوێندێک) تێکەڵ بەو هەڵچوون و کەفوکوڵەی ڕووداوەکان دەکات. وەک لایەنی ناوەڕۆکیش، بێگومان هەردوو دەقەکە خاوەنی یەکە و پێکهاتە بنچینەیی و سەربەخۆکانی خۆیانن، ڕەنگە لە ڕووی خستنە سەر تەختی و شانۆ و ئامادەکردنیان بۆ نواندن، کەمترین زەحمەتی بخەنە سەرشانی دەرهێنەر و ستافی کارکردنەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دنیای هەردوو دەقەکە دنیایەکی کامڵ و تەواوە، هاوکات کۆمەڵێک لایەن و نوختەش هەن کە تێیدا یەک دەگرنەوە و دواتر وەک دوو ڕووبار دەتوانن بڕژێنە ناو زەریایەکی بەرینتر.

شانۆنامەی “باهۆز” چیرۆکی دوو پیاوە لە ژوورێکدا، چیرۆکێکی ئاڵۆز و تێکڕژاو بە یادەوەری و تراوما، لەگەڵیشیدا ژنێک و دوو کرێکار دێن و دەردەکەون جارجار. باهۆز بۆ خۆی چەشنێک لە مەترسیییە، کە لە لایەن سروشتەوە هەڵدەکا و ڕەنگە شتانێک و کەسانێک لەگەڵ خۆی ببات، باهۆزی نێو ئەم دەقە شانۆییەی هۆشەنگ وەزیزی هەمان ڕۆڵ دەبینێت، لە یادەوەریدا، لە ترسێکی شاراوەدا، لە ئێستای فەوتاو و داهاتوویەکی لێڵدا. دوو پیاو سەرەکی نێو ئەم دەقە ماندوون، داهێزراون بە نەهامەتی و ڕۆژگارێکی تێکشکاو، زەین و یادەگەیان شێواوە، زۆر جار لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا دەچنە جێی یەکتر و لێکتر دەگۆڕێن، گەمەیەکی ترسناک، کە تێیدا لە یەکەم مەترسی هەڵچنیندا، دەلالەت لە لەدەستدانی ناسنامەی تاکەکەسی دەکات. فەزای گشتی “باهۆز” فەزای ترس و تۆقینی ئەو ساڵانەیە کە پاش ڕووخانی سەددام حسێن و بە ناوی ئازادیی عێراقەوە ناسێنران، ترسێک لە تاریکاییدا لە بۆسەدایە، لە هەر چرکەیەکدا ڕەنگە بگاتە سەرمان و ژیانمان لەگەڵ خۆیدا بەرەو نادیار و سڕینەوە ببات. “باهۆز” بە وردی و لە پەراوێزدا، لە ڕێی گێڕانەوەی یادەوەریی شێواو و فەوتاوی دوو کەسێتییەوە، دەمانباتە نێو ئەو پانتاییە بەرینەی کە دەرزیئاژنە بە تۆقین، بە زاڵبوونی هێزی تاریکی و مەرگ.

شانۆنامەی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” هەڵدانەوەی چیرۆکە خۆفناکەکانی ژێرزەمینی بەغدای پاش ٢٠٠٣یە، ئەو چیرۆکانەی کە گوێ لە بیستنیان و چاو لە بینینیان دەتۆقێت؛ چیرۆکگەلێک کە نووسین فریای نووسینەوەیان ناکەوێت، لەو ژێرزەمینەدا هۆشەنگ بە خاتری گەڕان بە دوای چیرۆکێکدا، چەندین چیرۆکی تراژیدی دەگێڕێتەوە، کە دواتر نازانین کێ قوربانییە و کێیش جەللاد، سیما و ناسنامەکان لە عێراقی پاش ٢٠٠٣دا وەها تێکەڵ و پێکداچوون، جیاکردنەوەیان کردەیەکە نزیک لە مەحاڵ. “ژێرزەمینەکەی بەغدا” باس لە گیرانی پیاوێک دەکات لە لایەن ژنێکەوە و بردنی بۆ ژێرزەمینێک و بەستنەوەی، تا ئەوەی ددان بە تاوانێکدا بنێت، تاوانی کوشتنی کوڕەکەی کە چواردە ساڵی تەمەن بووە، هێڵی درامی ئەم شانۆیە، کە خاڵێکی خامۆشەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکان و ناسێنەری کەسەکان، ئەو هێڵە گرژ و توند دەبێت، بە جۆرێک لە دوایین دیمەنەکاندا خوێنەر ڕەنگە نەتوانێت لەگەڵیاندا بەردەوام بێت، ئەگەر بەردەوامیش بێت بێگومان بە ئازارێکی قورس و دەروونێکی ماندوو و داهێزراوەوە، کتێبەکە تەواو دەکات و دایدەنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئای خوایە، چ کتێبێکی خەمگین بوو!

پرسی نواندنەوەی کارەسات لە ئەدەبیات و هونەردا، پرسێکی ئەخلاقییە و زۆر تیۆریسیەن و لێکۆڵیار دەربارەیان نووسیوە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نواندنەوەی کارەساتە گەورەکان لە نووسیندا مەحاڵە، بەڵام سەلمایشە کە خودی بەتێماکردنی کارەسات هەوڵێکی گرنگ و گەورەیە بۆ لە یاد نەکردن و بیر نەچوونەوە. دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە کۆمەڵێک هەوڵ دراون، بە جیاوازی ئاستی بەرهەمەکان، هەوڵگەلێکی گرنگ و بەرچاو بوون لە تۆمارکردن و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو ساڵ و ڕووداوە جەرگبڕانەدا. ئەم دوو هەوڵەی هۆشەنگ وەزیزی، کە تێیدا لە ڕێی ژانری شانۆوە تەعبیری لەو زەمەنە کردووە، دوو هەوڵی گرنگ و بە بایەخن، جێگەی ئەوەن خوێنەر بە وردی بیانخوێنێتەوە و لەو مەرگەساتە تۆقێنەرە باشتر شارەزا بێت.

شیاوی وتنە نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی پێشەکییەکی گرنگ و وردی بۆ کتێبەکە نووسیوە، کە تێیدا هەوڵی ناساندنی هۆشەنگ وەزیزی دەدات و دەروازەیەکی بەرینیش بەسەر هەردوو دەقەکەدا واڵا دەکات، تاکو باشتر خوێنەر هان بدرێت بۆ تێگەیشتن لە هەندێ پەنا و پەسێوی نادیاری هەردوو دەقەکە.

ئەم کتێبە لە لایەن وەرگێڕی بەئەزموونی کورد: “ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل”ەوە وەرگێڕاوە، “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”یش لە دووتوێی ١٣١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

چەند سەرنجێک دەربارەی نەنە پەریزادم گێڕایەوە

ڕانانی: سەردەم

 

کتێبێکی دیکەی گرنگ و سەرنجڕاکێشی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) ئەم کتێبە داستانە و لە لایەن (گێرد مانێ- ئاننێ ڤێننێ شیلدە) کۆکراوەتەوە و هەردوو نووسەر و وەرگێڕ (بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی) بە زمانێکی زۆر سادە و ڕوون، بێ گرێ و تاسە، لە سویدییەوە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

هەر وەک لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەم کۆمەڵە داستانە، بریتییە لە بیستوچوار داستان، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە دە داستانی ئاسیایی، هەشتی ئەوروپایی و چواری ئەفریقایی، یەک دانەی ئەمریکای لاتین و یەک دانەیشی هی ئەکسیمۆیە، وێرای پەرشوبڵاوی جیۆگرافی، داستانەکان تا ڕادەیەک هاوبەشن و نوێنەرایەتی کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەشی گەلانی گێتی دەکەن: کتێبەکە یەکەم جار لە زمانی نەرویجییەوە کراوەتە سویدی و ساڵی ١٩٨٠ چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئێمەش هاوین و پاییزی ساڵی ١٩٨٦ لە زمانی سوێدییەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوەمان لە بیر بووە و زانیومانە وەرگێڕان لە زمانی ڕەسەنەوە کارێکی چاکتر و پەسەند ترە، بەڵام ئێمە هەڵبەتە بۆ خۆمان زمانانی ڕەسەنی ئەو داستانانە، کە زۆر جیاوازن، نازانین، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر زمانی سوێدی.

ئەم کتێبە، واتە (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) لە چەندین چیرۆکی فۆلکلۆر و داستانی جۆراوجۆری میللەتانی جۆراوجۆر  پێکهاتووە کە هەر یەکەیان ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە و ناونیشانەکانیش کتومت گوزارشت لە ڕووداوەکانی نێو داستانەکان دەکەن، بە مانایەکی دیکە، هاوئاهەنگییەک لە نێوان خودی ناونیشان و بابەتی داستانەکاندا هەیە، لەوانە: ئەو کەڵەشێرەی خۆی فێری هێلکەکردن  کرد، خەیاڵپڵاو، ماسییە زێڕینەکە، زەماوەندی جرج، کیسەڵ و کەروێشک، چما کەللەی کیسەڵ شەقارشەقارە؟ هەسارەگەشەی گەلاوێژ، کناچە و مانگ، چوار براکە و چەندین ناونیشانی دیکە.

ئەم چیرۆک و داستانانە لە لایەکەوە بە زمانێکی چێژبەخش گێڕدراونەتەوە، لە لایەکی دیکەوە پڕن لە پەند و حیکمەت و ئامۆژگاری، هاوکات دەوڵەمەندیی خەیاڵی مرۆڤیشمان پێ دەناسێنێت کە چ توانایەکی گەورە و داهێنەرانەیان هەبووە لە خولقاندنی کەش و فەزایەکی تەواو هونەری و خەیاڵئامێزدا، هەر یەک لەو چیرۆک و داستانانە، سەر بە دونیا و فەرهەنگ و میللەتانی جیاوازن، کەچی لە هەندێک حاڵەتدا شێوە و دەربڕین و داستانەکانیان هێندە نزیکن لە یەکترەوە، هەر دەڵێی نووسەرێک نووسیونیەتەوە، بە تایبەت لە شێوازی گێڕانەوە و موفرەداتی نێو داستانەکاندا، کە تژین لە مرۆڤی جۆراوجۆر، لە باڵندە و ئاژەڵ و گیانداری سەیر سەیر، لە شوێنی دڵگیر و خۆش کە مرۆڤ بە حەسرەتەوەیە تەواوی ئەو چیرۆکانە ببنە ژیانێکی ڕاستەقینە و تیایدا بژین.

کتێبی (نەنە پەریزادم بۆی گێڕامەوە) کۆمەڵێک داستانی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە، هەر یەک لەو داستانانە چیرۆکی سەرکێشی و قارەمانێتی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، هاوکات بەشێکیشیان لەسەر دونیای ئاژەڵ و گیاندار و باڵندەکانە، بەڵام گەمەیەکی سەیر بە سیفەت و تایبەتمەندییەکانیان کراوە، ئەو جرجەی هەموان بێزی لێ دەکەنەوە، لەم داستانانەدا خۆشەویست دەبن، ئەو ئاژەڵە دڕندانەی ترس و بیم بڵاو دەکەنەوە، لەم داستانەندا ڕۆڵی چاکەکار و بە بەزەییان پێ دراوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە دوو جۆر مرۆڤیش لەنێو ئەم داستانانەدا دەبینرێن، مرۆڤی میهرەبان و زۆرزان، بەرژەوەندخواز و دڵباش، دڕەندە و بە ویژدان، کە دواجار دەشێت وەک ئەزموونێکی گەورە لێیان بڕوانین و لێیانەوە فێری ژیانێکی باشتر بین، فێر ببین ئاژەڵ و باڵندەمان خۆش بوێت، بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و کێشەکاندا بکەین و هێندە بە هەڵپە نەبین لە ژیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەرامەکانمان، ملی براکانی خۆمان و ئەوانی دیکەش بشکێنین.

چیرۆک و ڕووداوە ئەویندارییەکانیش لەنێو ئەم داستانانەدا، دیسان بابەتگەلێکی دیار و بەرچاون و یەکێکن لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری و چیرۆکە داستانییەکان، ئەو عەشق و ئەوینە پاکەی لەنێو داستانەکاندا هەن، بەرهەمی خەیاڵێکی فراوان و گەورەی مرۆڤەکانن لە ڕابردوویەکی دێریندا کە بۆ مانەوە و بەردەوامیی بە ژیان، پەنایان بۆ گێڕانەوە و خولقاندن و ئەفراندن بردووە، سەرکێشی و ڕاکردن و مەعشووق ڕفاندن، تا دەگات بەوەی پادشاکان کچە نازدارەکانی خۆیان بدەن بە سواڵکەر و گەدا و هەژاران، تەنها لەبەر ئەوەی دڵدارەکان سەرکێشییان کردووە تا بگەن بە یەک، یاخود بە مەرجە سەختەکان ڕازی بوون و دوور خراونەتەوە، لە ژیانێکی شاهانەوە ڕوویان لە ژیانێکی هەژارانە کردووە.

نەنە پەریزادم گێڕایەوە، تژییە لە داستانی چێژبەخش کە ئەستەمە خوێنەر بە تەنیا جارێک تێر ببێت لە خوێندنەوەیان، بە پێچەوانەوە، جار لە دوای جار کە دەیخوێنیتەوە، پەند و حیکمەت و جوانیی زیاتری تێدا دەبینیت، زیاتر هۆگریان دەبیت و چێژی پتریان لێ دەبینیت، چونکە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، ئەم داستانانە سەروەتی ڕۆحی و بەرهەمی خەیاڵی فراوانن، ڕۆژگارێکیش دەماودەم لێرەولەوێ گێڕدراونەتەوە و چەندین نەوەیان بەم شاکارانە کردووەتە خەو، یاخود مەجلیس و دانیشتن و میواندارییەکانیان پێ گەرموگوڕ کردووە و بە شێوەی نواندن، چیرۆکەکانیان گێڕاوەتەوە، بێگومان بەها و نرخی ئەم گەنجینە پڕ زێڕ و زیوەی ناوی داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆرە، تا زەمەن و سەردەمانی داهاتوویەکی دوور، سەنگ و بەها و چێژی خۆیان لە دەست نادەن، زۆرێک لە گەورە نووسەر و هزرمەندەکانی دونیا، بە سەرچاوەی یەکەمی خۆیانی دەزانن و بەشێکیان لەژێر پاڵتۆ فراوانەکەی ئەم داستانانەوە هاتوونەتە دەرەوە.

بە گشتی داستان، واتە سامان، یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە ھەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن کە بە درێژایی مێژوو دەستکرد و بەرھەمی بیر و خەیاڵ و هزری خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جلوبەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و ھۆی تێدا خواردن (قاپ، کاسە و کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر کە شەقڵی تایبەتی میللەتێک، لە بەرھەمێکی دەستکرد، یان بەرھەمی بیردا بھێڵێتەوە.

ھەندێک جار لە ناو فۆلکلۆردا بەشی بیر، یان بەشی ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرھەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرھەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماودەم و پشتاوپشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە داستان و ئەدەبی فۆلکلۆر، بە بەرھەمی تاقە کەسێک دانانرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ ھەموو میللەت و وەک بەرهەمی میللەتێک دەبینرێت، لە راستیدا ئەمانە بەرھەمێکن کە ھەموو گەل خوڵقاندوونی و هەموان دەست و ڕۆڵیان هەیە لە هۆنینەوەیاندا، بەرھەمی داستان و فۆلکلۆر شێوەیەکی سادەی وای ھەیە  کە ھەموو خەڵک لێی تێبگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلە، یان ئەو زەمان و دەورانەی خۆی پێوەیە .

هەر وەک زانراوە ئەم داستانانە بەرهەمی فۆلکلۆر و کەلەپووری میللەتانن، جا بەرھەمی فۆلکلۆر و داستان،  بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆر لە ناو خەڵک و میللەتاندا بوونی هەبووە و لەم بارەوە کتێبگەلی بێ شومار هەر لە دەزگای چاپ و پەخشی سەدرەم چاپ و بڵاو کراونەتەوە، کە باس لە بنەما و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەدەبە دەکەن، لە ڕاستیدا تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاھێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا، لە ڕابردوودا کەم کەس ھەبووە شتێک لە داستان و فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانیبێت و لەبەری نەبووبێت و بە گوتن و گێڕانەوە، لە بۆنە، یاخود میوانداری و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا دەری نەبڕێت.

داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆر، لە ناو ھەر میللەتێکدا، چەندین بەش و جۆری ھەیە، بێگومان ئەم بەش و جۆرانەش ڕەنگە ھەندێکیان لە فۆلکلۆری ھەموو میللەتانی دونیادا، یاخود لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن، یاخود هاوبەش بن، خۆ ڕەنگیشە ھەندێکیان جودا بن لە یەکتر و خاڵی هاوبەشیان کەمتر بێت، لەبەر ئەم هۆکارە، ھەر میللەتێک دەتوانێت چەشنەکانی داستان و بەرھەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەست نیشان بکات، هیچ نکولییەک لەو ڕاستییەش ناکرێت کە ئێمەی میللەتی کوردیش، هاوشانی میللەتانی دراوسێ و ناوچەکە و دونیا، خاوەنی داستانی گەورە و ئەدەبێکی دەوڵەمەندی لەو شێوەین.

ژیانی مۆدێرن وەک گرێکوێرەی قەیتان

خستنەڕووی: “قاچار قوچار”

 

بەختیار حەمەسوور

 

کچ و کوڕێک، کە ئێستا ئیدی ژنومێردن و لە مانگی هەنگوینیدان، ڕوویان لە شارێکی تر و هاوینەهەوارێکی جوان کردووە، لەپڕ تازەزاوا هەوەسی دەبزوێ و لە چەقی بازاڕکردندا، بە تازەبووک دەڵێت دەبێت بگەڕێنەوە هۆتێل، دەگەڕێنەوە و هەر بە پەلە جلەکانیان دادەکەنن، تازەزاوا دەیەوێت قەیتانی جلەکانی تازەبووک بکاتەوە، قەیتانەکە لێک دەئاڵۆزکێ و بەوەش ئاستەنگ دروست دەبێت. تازەبووک بزەیەک دەیگرێ و دەڵێت: “قەیتانەکە تووشی قاچار قوچار بوو!” تازەزاوا دەڵێت ئەوە چ زمانێک بوو قسەت پێ کرد، تازەبووک دەڵێت ئەوە زمانێکی تایبەتە و لە تەواوی دنیادا تەنیا چوار کەس دەیزانن: دایکم، باوکم، براکەم و من. چیرۆکەکەش بەو جۆرەیە: کاتێک براکەی بە منداڵی خەریکی دەزووی کۆلارە بووە و تەواوی دەزووەکە پێکدا ئاڵۆزکاوە، ئەویش هەرچەند دەکات بۆی لێک جیا ناکرێتەوە و تەواو وەڕز و بێزار دەبێت، دەزووەکە فڕێ دەدات و دەڵێت: “هەموو قاچار قوچار بووە.” ئیدی لەوێوە لەو خێزانەدا ئەو وشەیە هاوبەرنبەری وشەی “ئاڵۆزکان” دەبێت؛ کە وایە ناوی ڕۆمانە سەرناوی “ئاڵۆزکان”ـە و بەوەش جیا لەو خێزانە چوار کەسییە، تازەزاوا و تەواوی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەزانن هاوواتای “قاچار قوچار” چییە.

ڕۆمانی “قاچار قوچار” لە نووسینی نووسەری هیندی ڤیڤیک شانبهانگە، جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە درێژەی چاپکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی بە قەوارە بچکۆلەیە و لە ١٣٧ لاپەڕەدا نووسراوە، بەڵام یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی ئەدەبی نوێی هیندی، بە تایبەت لەم دە ساڵەی دواییدا. ڤیڤیک شانبهانگ ساڵی ١٩٦٢ لە هەرێمی کاناتاکای باشووری خۆرئاوای هیندستان لەدایک بووە. ڤیڤیک بە دیالێکی کانادەیی دەنووسێ، کە زاراوەی فەرمی ئەو هەرێمەیە. ئەم زاراوەیە یەکێکە لە بنزارەکانی زمانە دراویدییەکان، کە نزیکەی چل ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن. ئەم نووسەرە تا ئێستا هەشت کتێبی بڵاو کردووەتەوە، کە پێک دێن لە دوو ڕۆمان و دوو شانۆنامە و پێج کۆمەڵەچیرۆک. ڕۆمانی “ماچی سەکینە” ٢٠٢٣ بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی، واتا “قاچار قوچار” ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە و جگە لەوەی بۆ زۆرینەی دیالێکتەکانی زمانی هیندی وەرگێڕاوە، یەکەمین کتێبی ڤیڤیک شانبهانگە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت.

ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی بڵێین، ئەوا دەتوانین بنووسین کە ئەدەبیاتی لەم شێوەیە، ئەدەبیاتێک کە سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نزیکییەکی کولتووری زۆری لەگەڵ ئێمەدا (وەک کورد) هەیە، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت لە کۆمەڵێک لایەنەوە، یەک لەوانە لە ڕووی تێما و بابەتەوە، بە نموونە ئەم ڕۆمانە، تێماکەی هەر دەڵێیت لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا ڕوو دەدات، ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی خێزان و تاک دێن، هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لای ئێمەیش برەویان هەیە و بەردەوام دەبنە ئاستەنگ و لەمپەڕ لە بەردەم ژیانی هەرڕۆژەماندا. خاڵێکی تر ئاشنابوونی دەنگی نوێی ئەدەبیاتە بە خوێنەرانی کورد، نووسەرانێک، کە بە نووسین دیدگای جیاوازیان بۆ دنیای دەوروبەریان هەیە و بە نووسینەکانیان بەشدارییەکی کارا دەکەن لە سەرخستن و بەرچاویی کۆمەڵگەکەیان بە هەموو ئەوەی کە هەیانە. خوێندنەوەی ئەم دەنگە تازانە، کە لە پەنجەرەی وەرگێڕانەوە دێنە پانتایی ئەدەبیاتی کوردی، دەروازەیەکی گرنگ بەسەر فرەشێوازی و فرەدەنگی نووسیندا دەکەنەوە، چیدی خوێنەری کورد دەق بە یەک شێواز و دەنگەوە ناگرێ و هەمیشە لە خەیاڵیدا نووسەرانی تریش هەن بە دیدگا و ڕوانینی جیاوازەوە.

ڕۆمانی “قاچار قوچار” نوێنەری سەردەمی ئێستای کۆمەڵگەی هیندستانە، ئەگەرچی کۆی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووبەرێکی مینیماڵ و لە چوارچێوەی خێزانێکی چەند ئەندامیدا ڕوو دەدات، بەڵام خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆی کارەکەدا دەگات بە وێنەیەکی گەورەتر، کە هەمان وێنەی ئەمڕۆی هیندستانە لە دنیای مۆدێرندا. چیرۆکی ڕۆمانە باس لە خێزانێکی چوار کەسی دەکات، کە هاوکات مامێکیشیان لەگەڵیان دەژی، واتە پێنج ئەندام. ڕیتمی ڕۆمانە و گەڵاڵەی دروستبوونی کۆی ڕووداوەکان، لەپڕ و یەکجار نییە، بەڵکو بە شێوەی نەختە نەختە و هێور هێور دەخرێتە ڕوو، خوێنەر لە هەڵدانەوەی هەر بەشێک و دەستپێکی بەشێکی نوێدا، بەشێک لەو هێڵە سەرەکییەی لەبەر چاو ڕوون دەبێتەوە کە نووسەرەکەی هەر لە سەرەتاوە خەریکە دەیچنێت. لەپاڵ ئەوەی کە ماڵێک و مێزیک هەیە ئەندامانی خێزان لە دەوری کۆ دەبنەوە و خەریکن چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، هاوکات چەند شوێنی وەک کافێ و کارگە و شەقامیش هەن، کە رۆڵی بنچینەیی دەگێڕێن لە گورانی حەکایەتەکەدا.

ڕۆمانەکە لە کافێیەکدا دەست پێ دەکات و لە هەمان کافێدا کۆتایی دێت. بەسەرهاتەکان سەرەتا بە سادەیی ڕوو دەدەن، وەک ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبێت، بەڵام لەبەرەوە هەرجارەو بە هۆکارێک ئەم سادەییە لەبەین دەچێت، سەرەتا بە لەدەستدانی کاری باوک دەست پێ دەکات، لە کارەکەی دەردەکرێت کە کاری دابەشکردنی چایە، ئەمەیش بە هۆکاری ئەوەی کە دنیا بەرەو پێش چووە و کاری دابەشکردن چیدی پێویستی بە کەس نییە و شتانی تر، ئامرازەکانی دنیای نوێی ئەمڕۆ، دەتوانن ئەو کارە بکەن. ئەم دیمەنە (لەدەستدانی کاری باوک و ناردنەوەی بۆ ماڵەوە) دەمانخاتەوە یادی شانۆنامەی “مردنی دێوەرەیەک”ی هێنری میلەر، لەوێشدا باوک تووشی هەمان کارەسات دەبێتەوە، نوختە سەرەکییەکە لە هەردووکیاندا ئابوورییە، بەو جیاوازییەوە: لای میلەر کارەساتەکە بەردەوام دەبێت و بە خۆکۆژی باوک دەگات، بەڵام لای ڤیڤیک باوک دەچێتە بارێکی باشتر لەوەی پێشوو.

“قاچار قوچار” بە شێوەیەکی زۆر تایبەت دەرگیری چینی ناوەندی کۆمەڵگەیە، ئەو چینەی زۆرترین جووڵە و ململانێی تێدایە بۆ ئەوەی دانەبەزێت بۆ چینی خوارتر و لە کۆشش و جۆشش دایە بۆ هەڵکشان بەرەو چینی سەروو. ئەم خێزانە کاتێک لە ڕێی مامیانەوە دەست دەدەنە کاری داوودەرمانفرۆشتن، باری گوزەرانیان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و بەوەش خانووەکەیان لە خوارووی شارەوە دەگوازنەوە بۆ سەرووی شار. ئیدی ئەو ژیانە ساکارەی پێشووش نامێنێت، دەبێت بە ژیانێکی پڕکار و پڕجووڵە، ژیانێک کە تەرخان دەبێت بۆ پارەپەیداکردن، پیاوەکان هەر زوو دەچنە دەرەوە و درەنگانێک دەگەڕێنەوە.

گێڕەرەوە، کوڕی ماڵەکەیە، لە نێوان منداڵی و ئێستایدا گەمەی گێڕانەوەمان لەگەڵدا دەکات، بەردەوام لە ڕێی گێڕانەوەکانی ئەمەوە ئێمە کەسانی خێزانەکە و ئەوانی تریش دەناسین، بە هەموو تایبەتمەندییەکیانەوە. لە مەجەرای ڕۆمانەکەدا ئێمە دەتوانین ئەو هێڵە ببینینەوە کە چۆن چینێک پێیدا هەڵدەکشێ بەرەو سەرووتر، چۆن لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک خەسڵەت بۆ هەمیشە دەگۆڕێن و لە هەوایەکی تردا و بە جۆرێکی تر، دەژین. گێڕەرەوە (کە هەمان تازەزاوایە وا لە سەرەتادا ناوی هات) کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک بە ناوی “ئانیتا” دەکات و سەر بە خێزانێکی مامۆستایە و ئەمانیش کاسبکار، ڕوونتر ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەردەخات، هەر ئەم جیاوازییەشە سەرئەنجامەکەی دەگاتە لێک جیابوونەوە.

هێڵکاری ڕۆمانەکە بە جۆرێک کێشراوە کە لە ڕێی هەر کەسێتییەکەوە گۆشەیەک لە کۆمەڵگە ڕوون بکرێتەوە، بە واتایەی تر، هەر کارەکتەرێک لەم ڕۆمانەدا پنتێک لە پەناوپەسێوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مۆدێرنی هیندی پێشان دەدات، هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە “قاچار قوچار” لەو ڕووبەرە بچووکەدا پڕ بێت لە چیرۆکی پێکداهەڵپژاو و سەیروسەمەرە، کە تێکڕاش دەگەڕێنەوە و لە چەقێکدا، کە بنەماڵەیە، یەک دەگرنەوە. زمانی گێڕانەوە زمانێکە لە نێوان تەنز و ڕاشکاویدا دێت و دەچێت، لەگەڵ هەڵکشانی ڕووداوەکاندا ئەم زمانەش دراماتیکتر دەبێت، هاوکات لە کورترین دەربڕین و چڕتر ڕستە سوودمەندە، بێگومان دەستگرتن بەم تایبەتمەندییانەوە، لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕی کوردیی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە.

ژیان لەمڕۆدا، لە سەردەمی مۆدێرندا، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت، ئینسانەکان لێک دوور دەکەونەوە، بە تایبەت بۆ ئەو چینەی کە دەستی تێکەڵ بە سەرمایە دەبێت و پارە هاری دەکات، “قاچار قوچار” ڕێک لەو نوختەیەدا گوتارەکەی ئاراستە دەکات، خێزانێک کە ڕۆژانێک لە دەوری یەکدی کۆ دەبوونەوە و گاڵتە و لە خۆشەوسیتییەوە ناووناتۆرەیان لێکتر دەنا، ئێستا کاتی ئەوەیان نییە، لە بڕگەیەکدا، بۆ ساتێک خێزانەکە دەکەونەوە ناو ئەو دنیایە و لە دەوری مێزێک خڕ دەبنەوە، چما ئەوەی سەدەیەک بێت ئەو شێوەژیانەی ڕابردوویان بەجێ هێشتبێت. ئێستا ئیتر گرفتەکان بەو سادەییەی پێشوو نین، ئاڵۆزکاون، کەسەکان خەریکە بە یەکتر نامۆ دەبن، یەکتر ناناسنەوە، ئەگەرچی لەژێر یەک سەقفیشدا دەژین.

ئەم ڕۆمانە لە ئایدیایەکی سادەوە؛ گرێکوێرەی قەیتانی تەنوورەیەک، ناوەکەی بۆ هەڵبژێردراوە، بەڵام فراوانتر ئەم ئایدیایە دەکشێنێت بۆ دۆخی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، وردتر: دەریدەخات کە لە ژیانی هەریەکەماندا کۆمەڵێک گرێکوێرە هەن، کە ژیانمان پێیانەوە بەستراوە و تووشی جۆرێک لە وەستان هاتووە. دوایین وشەی گێڕەرەوەش جەختی هەمان ناونیشان و کۆی ڕووداوە ئاڵۆزەکانی ڕۆمانەکەیە، لەو کاتەدا لە کافێکە دانیشتووە و دەستی بە پەرداخێک، کە نائاگا لە دەستی بەر بووەتەوە، بڕاوە، کابرای قاوەخانە، کە ناوی ڤینسنتە پێی دەڵێت: “قوربان، باشترە دەستت بشۆریت، خوێناوی بووە. ئەمە دۆخی گێڕەوەیە: «وشک دەبم. چ باسە؟ ئەمە چ گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزکاوە کە تێیدا گیرم خواردووە؟ بە دڵنیاییەوە ڕێگەی چوونە دەرەوە لە گڵۆڵەکە دەدۆزرێتەوە… وشەکان خۆبەخۆ هێرش بۆ مێشکم دەهێنن: قاچار قوچار.»

کاتێک واقیع بە شوێن شانۆدا دەڕوات

خستنەڕووی: “دواشەوی لۆرکا”

بەختیار حەمەسوور

 

گرنگی شانۆ هەر لەوەدا نییە کە چێژ و خۆشییەک لە نمایشەکەی وەربگرین، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان پاژێکی ژیانی ئێمەیە لەسەر تەختەی شانۆ، تەعبیرە لە دۆخ و حاڵی ئێمە لە بڕگەیەکی مێژووییدا، هۆشیارییەکی گرنگە لە ئاست ئەوەی لە دەوروبەرمان گوزەراوە، یان خەریکە دەگوزەرێت، یان لە داهاتووی نزیک و دووردا ڕوو دەدات، بۆیە شانۆ پێبەپێی ژیان دەتوانێت کارا بێت، دەتوانێت ژیان بگوشێتە هەناو خۆی و بینوێنێتەوە، ئەوەش خەسڵەتی هەموو دەقە گرنگ و جیهانییەکانی شانۆیە. پرسی دەق لە شانۆدا، لە پرسە جددییەکانە، مامەڵەکردنی دەرهێنەر لەگەڵ دەقدا بەشێکی بنچینەیی سەرکەوتن، یان سەرنەکەوتنی نمایشە، بۆیە دەق وەک بنەمایەکی سەرەکی هەموو نمایشێک مەرجێکی لەپێشە، دواتر جومگەکانی تر دێن. وەک چۆن هەموو دەقێکی شانۆیی ئەگەرێکی کراوەیە لە بەردەم دەرهێنەردا تاکو کاری لەسەر بکات و بیخاتە سەر تەخنەی شانۆ و نمایش بکرێت، لە هەمان کاتدا ئەگەرێکی کراوەیە وەک هەر دەقێکی ئەدەبی بچێتە بەردەم خوێنەر و بیخوێنێتەوە، ئەوە دیدێکی باو و باڵادەستە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا بۆ نمایشە، دیدێکی کورتهێن و پووچەڵە، کەم نین ئەو دەقە شانۆییانەی کاریگەرییان لەسەر تەواوی ژانرەکان هەبووە و بەردەوامیش لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا، لە لایەن لێکۆڵەران و بیرمەندانەوە، وەک نموونە و پانتاییەک بۆ پراکتیک، بۆی گەراونەتەوە.

کتێبی “دواشەوی لۆرکا” کتێبەکە هەردوو بوارەکەی گرتووە، لەم کتێبەدا چەند دەقی شانۆیی هەن و لەپاڵ ئەوەشدا چەند خوێندنەوە هەن کە بۆ چەند نمایش کراون، نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی خاوەنی ئەم کتێبەیە و کتێبەکەش دەچێتە خانەی وەرگێڕان و ئامادەکردن و نووسینەوە، ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ کراوە و پێک هاتووە لەم بابەتانە:

پێشەکی

دەقی شانۆیی

  • ڕۆژژمێری پیاوێکی سەیر: ئازاد بەرزنجی
  • بەهێزتر: ئۆگەست ستریندبێرگ
  • دواشەوی لۆرکا لە ڤیزنار: جەلیل قەیسی
  • گوڵی بەهار هات: جەلیل قەیسی
  • ئەی شاعیران ماڵئاوا: جەلیل قەیسی

ڕەخنەی شانۆیی

  • سەبارەت بە نمایشی (کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی)
  • سەبارەت بە نمایشی (کۆچبەران)
  • سەبارەت بە نمایشی (مارا ـ ساد)

لە پێشەکییەکەدا، بەرزنجی باس لە سەرەتاکانی خۆی لەگەڵ شانۆدا دەکات و دەنووسێت: «شانۆ لە ژیانمدا هەمیشە ئەو ماڵە بووە کە تێیدا هەستم بە ئارامییەکی ڕۆحیی زۆر کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێت کە لەو کاتەوەی قوتابیی سەرەتایی بووم؛ عاشقی نواندن بووم و هەر لەو ڕۆژگارەشدا بەشداریم لە یەک دوو کاری شانۆییدا کردووە. بۆیە ڕەگوڕیشەی ئەو هەستەم دەگەڕێتەوە بۆ مناڵی، پاشانیش لاوی.» پاشتر لە درێژەی هەمان باس، لە گەشتەکەی لەگەڵ شانۆدا دەدوێت، چ وەک ئەوەی هەمان بەش دەخوێنێت، چ وەک ئەوەش بە نووسین، وەرگێڕان، نواندن، دەرهێنان و ئامادەکردنەوە سەرقاڵ و چالاک دەبێت. ئەم کتێبەش: “دواشەوی لۆرکا” بەرهەمی بەشێکی بچووک لە شەونخوونی ئەو ساڵانە و ئەو پڕۆژە شانۆییانەیە کە ئەم نووسەر و وەرگێڕە ئەنجامی داون.

دەقە شانۆییەکان پێنج دەقن، کە هەریەکەیان دەقی بە بایەخ و گرنگن، دەقی یەکەم کە ئازاد بەرزنجی خۆی نووسیویەتی، لە چیرۆکی “ڕۆژژمێری شێتێک”ی نووسەری ڕووس: گۆگۆڵەوە وەری گرتووە، شیاوی ئاماژە بۆ کردنە ئەم چیرۆکە لە زمانی ڕووسییەوە لە لایەن جەلال تەقییەوە کراوە بە کوردی. دەقی دووەم دەقی “بەهێزتر”ی نووسەری گەورەی سوێدی: ئۆگەست ستریندبێرگە. سێ دەقی دوایینی ئەم کتێبە، بەرهەمی نووسەری دیار و چیرۆکنووس و شانۆنووسیی شاری کەرکووک و ئەندامی “گرووپی کەرکووک”، جەلیل قەیسییە. (دواتر خوێندنەوە بۆ یەکێک لە دەقەکانی جەلیل قەیسی دەکەن.) بەشی دووەمی کتێبە خوێندنەوەی سێ نمایشی شانۆیین، کە بوونەتە جێی سەرنجی ئازاد بەرزنجی و هەوڵی داوە باری سەرنجەکانی بە شێوەیەکی ڕوون و سادە دەرببڕێت، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم سێ خوێندنەوەیە ئەوەیە، کە نووسەر کەشێکی وەهای خولقاندووە کە ئەگەر خوێنەر نمایشەکەشی نەبینیبێت، لە هێڵە درامیەکە دانەبڕێت، ئەویش بەوەی کە تێما شانۆییەکەی داڕشتووەتەوە و لە قاڵبی داستانێکدا گێڕاویەتیەوە.

دواشەوی لۆرکا لە «ڤیزنار»

وەک لە سەرەتای شانۆکەدا هاتووە، جەلیل قەیسی بە بۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شاعیری مەزنی گەلی ئیسپانیا: “فیدریکۆ گارسیا لۆرکا” ئەم شانۆنامەیەی نووسیوە. هاوکات سەبارەت بە ناوی “ڤیزنار” نووسراوە: ئەو شوێنەیە کە لۆرکای تێدا گیرا، شەوێک تێیدا مایەوە و پاشان لە ڕۆژی داهاتوودا گوللەباران کرا. شانۆنامەکە دەربارەی دوایین شەوی لۆرکایە، ئاشکرایە کە لۆرکا شاعیرێکی گەورەی ئیسپانیا و جیهانە، ئەم شاعیرە لە لایەن ڕژێمی پاشایەتی ئیسپانیا و دەسەڵاتدارانی فرانکۆوە دەگیرێت و دواتر بە تۆمەتی ئاژاوە و هاندانی خەڵک لە دژی دەسەڵات، گوللەباران دەکرێت. ڕەنگە پرسیار بێت هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ شانۆ، لە لایەن نووسەرێکی وەک جەلیل قەیسییەوە، سەرچاوەکەی بۆچی بگەڕێتەوە؟ دەقەکەی قەیسی، بەپێی مێژووی نووسینەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، واتا سەروەختی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە تەواوی عێراق و کوردستاندا، جەلیل قەیسی ئەو دۆخە سەرکوتکاریی و دیکتاتۆرییەتەی ئیسپانیا وەک ماسکێک لە ڕووی ئەم دەقە دەپۆشێت بۆ پێشاندانی هەمان دۆخی ڕۆشنبیران و خەڵک لە عێراق و ژێر چەپۆکی ڕژێمی بەعسدا، ئەگەرچی ئەو دوو دەسەڵاتە سەر بە دوو شوێن و کاتی جیاوازیشن. شانۆنامەکە وێنایەکی گشتییە دەربارەی دۆخی ئیسپانیا، ڕووداوەکانی دەقەکە لە ساڵی ١٩٣١وە دەست پێ دەکەن، ئەو کاتەی پاشا هەڵدێت و هەواڵەکەی لە ڕۆژنامەدا بڵاو دەبێتەوە، بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی دێت و دەسەڵاتی کۆماری لەو وڵاتە دێتە سەر حوکم، هەروەک ئەوەی لە عێراقیشدا ڕووی دا. بێگومان هەر ئاڵوگۆڕێکی لەو چەشنە لە وڵاتدا، بێ خوێنڕشتن مەحاڵە، بۆیە شانۆنامەکە نەک بەو جۆرەی بچێتە ناو ڕووداو و کارەساتی خوێنڕشتنەکانەوە، بەڵکو لە ڕێی ئەو ترسە پێشوەختەی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لایان دروست دەبێت، دەیەوێت وێنای ڕۆژانی پاشتر بکات، ئەو ڕۆژانەی کە دێن و پڕن لە حاڵەتی نائاسایی و ترسناک.

دواتر شانۆنامە باز بەسەر چەند ساڵێکدا دەدات و لە مێژووی (١٧ی ئابی ١٩٣٦)دا دەوەستێت؛ ئەمەش ئەو ڕۆژەیە کە لۆرکای شاعیر تێیدا دەستگیر دەکرێت. سەبارەت بە جۆری لێکۆڵینەوە و گرتن و لێپێچینەوە لەگەڵ لۆرکادا، چەندین گێڕانەوە هەن، ئەوەی ئەم دەقە شانۆییەش یەکێکی ترە لەو گێڕانەوانە و زادەی خەیاڵی بە بڕشتی جەلیل قەیسییە. ئەفسەری لێکۆڵەر: “خۆسیە کۆزمان” بە شێوەی توند و بریندارکەرانە لێپرسینەوە لەگەل لۆرکادا دەکات، لۆرکاش وەک شاعیرێکی زرنگ و شۆڕشگێڕ بەرەو ڕووی دەوەستێتەوە و لە بەرانبەر هەموو ئەو تۆمانەی ئاڕاستەی دەکرێن، دەڵێت لەبەر خۆشەویستی خاکی ئیسپانیا و خەڵکەکەی کردوونی، شاعیرانە بەرگری لە بیروباوەڕی خۆی دەکات، بیروباوەڕی ئەو شیعر و گۆرانییەکانین کە بەسەر زاری هەموو خەڵکی ئیسپانیاوەن. کۆتایی ئەو لێپێچینەوە توندە، بڕیاری گوللەبارانکردنی لۆرکایە. پاشان لۆرکا دەبرێتە ژوورێکی تاکەکەسی و لەوێ دوو کەس دەبینێت، یەکەمیان خزمەتکارە ئافرەتەکەیەتی بە ناوی “ئەنخیلینا”، دووەمیش مۆسیقاری مەزنی غەرناتە “دیۆنسیکۆ گۆنزالیز”، کە ئەویش وەک لۆرکا دەستبەسەر کراوە بە هەمان حوکم، حوکمدراوە.

لە درکاندنێکدا بۆ ئەنخیلینا، لۆرکا باس لە پێشبینیی مەرگی خۆی دەکات، کە هەر لە مناڵییەوە وێنای کردووە و دەڵێت: «ئەنخیلینا دەزانیت من هەر لە منداڵیمەوە دڵم وا خەبەری دەدامێ کە مردنێکی سەیر دەمرم… بەڵکو مردنێکی زۆر دراماتیکیانە… منداڵ بووم… بەیانییەکیان خەوم زڕا و بەر لەوەی خۆر هەڵبێت هەڵسام ـ هێشتا ئاسمانی “ئەستریمادۆر” تەم گرتبووی… لە نێوان دوو پەیکەری شکاو و کۆندا دانیشتم و تەماشای خۆرم دەکرد کە خەریک بوو هێدی هێدی هەڵدەهات… پەیکەرەکان لە مەڕمەڕ دروست کرابوون و پاشماوەی سەدەی هەژدەیەم بوون… لەو شوێنەی منی لێ بووم، کۆمەڵێک کۆشکی چۆڵ هەبوون، لە کۆشکە کۆنەکانی پیاوە گەورەکانی ئیسپانیا دەچوون… لەپڕێکدا بەرخێکم بینی بە لای مندا تێپەڕی؛ لە ڕانەکەی جیا بووبووەوە، لەناو کۆشکە وێرانەکانەوە شەش بەراز پەیدا بوون و بە هەڵپە شاڵاویان بۆ بەرخەکە برد و لە ماوەی چەند دەقیقەیەکدا ملیان شکاند و لەتوپەتیان کرد. ئەگەرچی کە ئەوەم بینی زۆر ترسام، بەڵام لە جێی خۆم نەجووڵام و سەیری بەرازە ڕەشەکانم دەکرد چۆن لەژێر باڵی ترسوبیمی ئەو بەرەبەیانەدا ملی بەرخەکەیان شکاند. خۆسیە کۆزمان و پیاوەکانیش وەکو ئەو بەرازانە ملی من دەشکێنن… هەر لە منداڵیمەوە دڵم ختوورەی دەکرد کە کەسانێک لەتوپەتم دەکەن.»

کۆتایی ئەم شانۆنامەیە کۆتاییەکی جیاوازە، تەکنیکی شانۆیە لەناو شانۆدا، لە دیمەنی بردنی لۆرکاوە بۆ دەرەوەی زیندان و جێبەجێکردنی ئەو حوکمەی وا بە سەریدا دراوە، لە هەمان ئەو کاتەدا گرووپێک کار لەسەر نمایشی شانۆنامەی “زەماوەندی خوێن”ی لۆرکا دەکەن، هەواڵ دێت نووسەری ئەو شانۆنامەیە لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە گوللەباران کراوە. کۆتا دیالۆگیش دیالۆگی “لۆلا”یە، هەمان ئەو کچی هەواڵی مەرگی شاعیری مەزنی ئیسپانیا دەهێنێت، لۆلا ڕوو بە بینەران دەوەستێت و دەڵێت: «خانمان… بەڕێزان… لە کاتێکدا ئەم هۆڵە جێدەهێڵن، هیوادارم منداڵە ئەندەلووسییە شەهیدەکەمانتان لە بیر نەچێتەوە، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش خەم دایگرتن، پەنا ببە بەر وشەکانی ئەو… چونکە ئەم غەرناتییە بۆ ئەوە خولقاوە کە خەمی دڵە شەکەت و ماندووەکان بڕەوێنێتەوە.»