هەمیشە شانۆ، هەمیشە نمایش ڕانانی کتێبی “وتارە لەبیرکراوەکان”
خوێندنەوەی: سەردەم
دانا ڕەئووف بێ هەدادان بەردەوامە، ئەو لە کایەیەکدا کار دەکات کە یەکێکە لە کۆڵەگە بنەڕەتییەکانی هونەر، ساڵانێکە، بە نووسین، وەرگێڕان، دەق، نمایش و چالاکی چەشناوچەشن سەرقاڵی هەڵکۆڵینە لە دنیای شانۆدا. هەر خودی خۆی، ڕەفەیەک کتێبی شانۆیی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، هەوڵەکانی بۆ شانۆکاران و هەموو ئەو کەسانەی خولیا و خەونی شانۆییان هەیە، سەرچاوە و چاوگی سەرەکین و دەتوانن ئەو هونەرە ناوازەیە زیادتر خۆشەویست بکەن و وردتر بناسێن.
کتێبی “وتارە لەبیرکراوەکان؛ ڕاڤە و تیۆر و پراکتیک” نوێترین بەخششی دانا ڕەئووفە، ئەم کتێبە وەک لە ناوەکەیدا دیارە کۆمەڵێک وتارە، لە هەر چوار تەوەرەی “ڕانان و نمایش و شانۆ لە ڕوانگەی تیۆرە جیاوازەکانەوە و فێستیڤاڵ”دا پۆلێن کراون، بە کورتی لە سێ پنتی ڕاڤە و تیۆر و پراکتیکدا خۆیان دەبینینەوە. ئەم کتێبە لە دووتوێی ٣٢٥ لاپەڕەدا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو بووەتەوە.
خاڵی کۆکەرەوەی کتێبەکە شانۆیە، بە واتایەکی تر هەموو ڕێگەکان لای ئەم نووسەرە و لەم کتێبەدا، دەچنەوە سەر شانۆ. ڕوانگەی ئاراستەکراو بۆ دەق و نمایش و کتێب و چالاکییە هونەرییەکان ڕوانگەیەکی شانۆییە، بە واتایەکی سادەتر: لە هەریەک لە وتارەکاندا، دانا ڕەئووف بۆ چییەتی و چۆنیەتیی شانۆیی دەگەڕێت، هەوڵی کنە و پشکنینی ئەو جومگانە دەدات کە دەبنەوە بە ڕەگەز و بنەمای شانۆ، بەوەش ڕووبەرێک بۆ شانۆ تەرخان دەکات، کە تێیدا چوارچێوە بنەڕەتییەکانی نمایش و دەقی شانۆیی، بەوردی دەستنیشان دەکات.
ئەم کتێبە دەتوانێت بەشدارییەکی کارایی هەبێت لە ڕۆنانی ڕەخنەی شانۆدا، نووسەر هەوڵ دەدات لە ڕێگەی خوێندنەوە و ئەو دۆزینەوە وردانەی لە وتارەکانیدا پێیان دەگات، جۆرێک لە ڕەخنە بەرهەم بهێنێت، ڕەخنەیەک کە بتوانێت کۆمەکمان پێ بکات لە هەڵسەنگاندنی کارێکی شانۆییدا، چ دەق بێت یان نمایش و یەکە سەرەکییەکانی. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بە ئێستاشەوە ڕەخنەی شانۆیی کوردی نەیتوانیوە شوناسێکی دیاریکراو بە خۆیی هەبێت، ڕەخنەیەکە لە زۆرترین هێزهاوێژیدا بە کۆمەڵێک پێوەری نازانستی و سەلیقەی باو خۆی مانیڤێست دەکات، کاتێکیش وەک نووسراوە دەیخوێنینەوە، ناتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ پشتەوە و نەگوتراوەکانی نمایش و دەق. دانا ڕەئووف لە ڕێی نووسینەکانیەوە بەردەوام پردێکی بۆ خوێنەر چێ کردووە، خوێنەر لە ڕێگەی خوێندنەوەی هەر بەرهەمێکی ئەم نووسەرەوە کۆمەڵێک لایەنی شانۆیی بۆ ڕوون دەبێتەوە، باشتر ئامادە دەبێت بۆ بینین کاتێک بچێتە نمایشێکی شانۆیی، باشتر ورد دەبێتەوە لە سەروەختی خوێندنەوەی دەقێکی شانۆییدا. بۆیە دەتوانین ئەم کتێبەش: کتێبی “وتارە لەبیرکراوەکان؛ ڕاڤە و تیۆر و پراکتیک” لە درێژەی ئەو پڕۆژە گرنگەدا دابنێین، کە تەمەنی سەرو سی ساڵ پترە.
شێوازی ئەم وتارانە هێجگار سەرنجڕاکێشن، دەتوانین بڵێین خەسڵەتێکی هاوبەش لە نێوان هەموویاندا هەیە (بێگومان بە پاراستنی جیاوازیی ناوەرۆکی وتارەکان)، ئەو خەسڵەتەش “برووسکەیی”یە، وتارەکان کورتن، چڕن، بە شێوەیەکی زۆر شاعیرانە و خۆشڕەوت، نووسراون، دانا ڕەئووف کارێکی کردووە ئەگەر تۆی خوێنەر ئەو دەقە شانۆییە، ئەو نمایشە، ئەو کتێبەشت نەخوێندبێتەوە، لە ساتی خوێندنەوەدا هەست بە پچڕان لە ناوەرۆک و لایەنی داهێنەرانەیان نەکەیت، ئەویش بە پێشکەشکردنی هێڵێک لە کارەکان، نەک گێڕانەوە و ئینشائیکردن، بەڵكو لە چڕکردنەوەیەکدا، کە هەر دەڵێیت گوشراوەیەکی خەستە، دەیخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، پاشتر لەوێوە هەوڵ دەدات بە شوێن کلیلە تایبەتەکانی خۆیدا بگەڕێت بۆ ڕاڤە و لێکدانەوەی ئایدیاکانی. ئەم خەسڵەتە، هەم برووسکەییبوونی پەیام، هەم کورتی و چڕی، وایکردووە کتێبەکە ببێت بە خاوەن تایبەتمەندیی سەربەخۆی خۆی و وەک کۆمەڵێک وتاری گرنگ بخوێنرێتەوە.
نووسین لای دانا ڕەئووف شێوەی سەفەرێکە، گەشتیک، کە پڕە لە ڕوانین و بینین، سەفەری ئەو لەناو دێڕەکانەوە دەست پێ دەکات و بە هۆڵە گەورە و ساڵۆنە پیرەکانی نمایش، ئەوانەی بۆنی سەردەمانی شانۆی کلاسیک دەدەن، کۆتایی دێت، لە ڕاستیدا کۆتایی نایەت، بە جۆری خۆی دەست پێ دەکاتەوە. دانا ڕەئووف شوناسی کەسێکی گەڕۆک و دۆزەرەوەی هەڵگرتووە، ئەو یەکلاییبووەتەوە لەگەڵ شانۆدا، ژیانی لەو پێناوەدا داناوە، بۆیە کاتێکیش دەچێتە هەر وڵات و شارێک بە شوێن دنیاکەی خۆیدا دەگەڕێت، یەکسەر هۆڵەکان بانگی دەکەن، دەرهێنەرەکان دەبنە هاوهەنگاوی، دەقەکان دەستی دەگرن و ئەکتەرەکان بە جووڵە و دەنگیان کەمەندکێشی دەکەن، ئیدی گرنگ نییە ئەو وڵات و شارە هەر کوێ بێت، سوید، دانیمارک، لەندەن، نەرویج یان سلێمانی، ئەو دەبینێت، ورد دەبێتەوە، دەچنێتەوە، دواتریش کۆی ئەو پڕۆسێسانە بە گوزەری بیرکردنەوەیدا تێدەپەڕن و دەبن بەم وتارانە، دەبن بە کتێب و ئێمەیش لەگەڵ خۆیان پەلکیشێ ئەو هەموو شوێنە نائاشنایانە دەکەن و پاش خوێندنەوەی هەر کتێبێک لەم نووسەرە، هەست دەکەین کۆمەڵێک گەشت و سەفەری زۆرمان بە شارگەلێکدا کردووە، لەوێ شانۆگەلێک و دەقگەلێک و نمایشگەلێکمان دیتوون، کە ڕەنگە لە چاوی دانا ڕەئووفەوە نەبووایە هەرگیز ژیان ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساندینایە.
ئەم کتێبە ئاوێزانبوونی شانۆ و ئەدەبە، بەردەوام تێهەڵکێشی یەک دەبن، کتێبێکە شەپۆل دەدات لە جوانیدا، پوختە، لە هەر جێیەک بیت دەتوانیت بیکەیتەوە و خۆشت بوێت.