گوندناسیی؛ هەوڵێک بۆ ناسینی سروشتی گوند
خستنەڕووی کتێبی “بنەماکانی جوگرافیای گوندی”
خوێندنەوەی: سەردەم
یەکێک لەو لایەنانەی لە کتێبخانەی کوردیدا جێی بەتاڵە، لێکۆڵینەوەیە لە سروشتی گوند و جوگرافیای گوند، لە کاتێکدا ئێمە بە ئێستاشەوە لە سروشتێکی گوندیدا دەژین و شارەکانمان، هێشتا سروشتی شارە گەورە و پێشکەوتووەکانی وەک شوناس وەرنەگرتووە. گوند چییە و پێکهاتەکانی چین و ئەو داب و نەریت و کولتوورانە چین کە گوند لە شار جیا دەکاتەوە؟ لایەنی ئابووری و سروشتیی گوند چۆنە و سەرچاوەی بژێوی گوندنشینان چین؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تر دەتوانن لەسەر گوند و ئەو پانتاییەی پێی دەگوترێ دێهات، بپرسین. پێمان وایە لە لێکۆڵینەوەی کوردیدا ئەم خانەیە لە پاڵ زۆر خانەی تردا خاڵییە و لەگەڵ ئەو سەدان گوندەی هەمانە، هێشتا وەک پێویست نەتوانراوە توێژینەوەی زانستی و بابەتی، دەربارەی گوندە کوردییەکان و ناسین و تایبەتمەندییان بنووسرێت. هەر لێرەوەیە کاتێک کتێبێک بە کوردی دەربارەی ئەو لایەنە چاپ دەبێت، هەر زوو دەبێت لە لایەن پسپۆڕان و کەسانی ئارەزوومەند بە وەها لایەنێکەوە، بقۆزرێتەوە و بخوێنرێتەوە.
کتێبی “بنەماکانی جوگرافیای گوندی” یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی لە ٢٠٢٤دا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە لە نووسینی دکتۆر عەباس سەعیدی و وەرگێڕانی موزەفەر خوسپییە، کتێبەکە لە قەبارەیەکی مامناوەندی و لە دووتوێی ٢٦٥ لاپەڕەدا چاپ بووە. ئەم کتێبە بە زمانێکی ڕوون و ڕەوان، دوور لە ئاڵۆزاندن و هەر ناڕوونییەک، هەوڵ دەدات بنەما گرنگەکانی گوند بخاتە بەردەستی خوێنەر، کتێبەکە بە شێوەیەکی هێجگار پوخت و دوور لە درێژدادڕی و جوینەوە، ئایدیا سەرەکییەکانی پێشکەش دەکات. نووسەر، بێگومان وەرگێڕیش، لە هەوڵی ئەوەدایە خوێنەرانێکی زۆر لە دەوری کتێبەکەی کۆ بکاتەوە، بە واتایەکی تر، کتێبەکەی بە جۆرێک داڕشتووە کە نەک بە تەنیا کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە ئەکادیمییەکاندا، بەڵکو کەسانی ئاسایی و ئارەزوومەند بۆ وەها باسێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە دەربارەی بنەماکانی جوگرافیای گوندی، لێی سوودمەند بن و چێژی لێ ببینین.
ناوەرۆکی ئەم کتێبە بەسەر حەوت بەشدا دابەش کراوە، لە هەریەک لەو بەشانەدا چەندان وردەبەشی تر و ناونیشانی لاوەکی جێیان بۆ کراوەتەوە و کە تێکڕاش کۆی بیرۆکە سەرەکییەکەی پشتی کتێبەکە دەگەیەنن. سەرناوی سەرەکی بەشەکان بەم جۆرەن: “بەشی یەکەم: بنەما و پێناسەکان، بەشی دووەم: میتۆدی شیکاری لە جوگرافیای گوندیدا، بەشی سێیەم: پێکهاتەی شوێنیی وارژینە گوندییەکان، بەشی چوارەم: ڕایەڵی شیتەڵیی وارژینە گوندییەکان، بەشی پێنجەم: تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی ـ ئابوورییەکانی وارژینە گوندییەکان، بەشی شەشەم: پەیوەندییەکانی شار و گوند، بەشی حەوتەم: پلاندانان و پەرەسەندنی گوندی”. بۆ نموونەی ناونیشانە لاوەکییەکان، تەنیا بەشێک لەو حەوت بەشە وەردەگرین، بۆ ئەوەی ببینین کە نووسەر چەند وردەکارانە چووەتە بنج و بنەوانی توێژینەوەکەیەوە، بۆ وێنە تەماشای بەشی پێنج دەکەین: “بەشی پێنجەم: تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی ـ ئابوورییەکانی وارژینە گوندییەکان: پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی وارژینە گوندییەکان، ئاپۆرە و کار لە گونددا، گرووپبەندیی کۆمەڵگەی گوندی، کارکردی وارژینە گوندییەکان، کارکردی نیشتەجێبوون، کارکردی ئابووری ـ بەرهەمهێنان، کارکردی خزمەتگوزاری ـ ئاسانکاری، کارکردی حەوانەوە ـ پەیوەندیگرتن. پەیوەندییە ئابوورییەکانی وارژینە گوندییەکان: ڕووبەری کێڵگەکان و پەیوەندییەکانی هێزی کار، شێوەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، شێوەی کەڵکوەرگرتنی تایفی ـ ئێلی، شێوەی کەڵکوەرگرتنی بنەماڵەیی، شێوەی کەڵکوەرگرتنی فیۆداڵی، شێوەی کەڵکوەرگرتنی سەرمایەدارانە، شێوەی کەڵکوەرگرتنی هاوبەش (بەکۆمەڵ)، سەرچاوەکانی بەشی پێنجەم.” نووسەر لە هەریەک لەو ناونیشانانەدا، بە نموونەی جۆراوجۆر و پشتبەستوو بە داتا و سەرچاوەی باوەڕپێکراو، هەوڵ دەدات لە ئایدیا سەرەکییەکەی نزیک ببێتەوە.
لە پێشەکیدا نووسەر دەنووسێت: “ئەگەرچی لێکۆڵینەوەی زانستییانە لە گوندەکان وەک بەستێنێکی توێژینەوە، لەمێژە جێگەی سەرنج بووە، بەڵام تەنها لەم چەند دەیەیەی دوایدا ئاوڕی تایبەتی لێ دراوەتەوە. ئەوەی کە پێویستیی ئەم بابەتە زۆرتر دەردەخات، ئەو ڕاستییەیە کە پەرەسەندنی بێئامانی شارەکان و کەموکورتی و ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، دەرئەنجامی دواکەوتوویی، لەرزۆکی و داڕمانی ژیانی گوندییە و گەشە و پەرەسەندنی زۆربەی وڵاتان، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی بەستێنە گوندییەکانەوە دێتە ئاراوە. هەر بۆیە ناسینی وارژین (نشینگە، جێگەی نیشتەجێبوون، بە فارسی: سکونتگاە)ە گوندییەکان بایەخێکی زۆریان لە زانستگەلی وەک جوگرافیا، ئابووری و کۆمەڵناسیدا هەیە.” یەکێک لە خاڵە هەرە جددی و گرنگەکانی ئەم کتێبە، ڕەچاوکردنی بارودۆخ و سەردەمە، نووسەر لە ڕوانگەی ئەمڕۆوە سەیری ژینگە و سروشتی گوندەکان دەکات، بەو واتایەی توێژینەوەکەی لە ئێستادایە، واتە سەدەی بیستویەک، هاوکاتی هەموو ئەو گۆڕانە گەورانەی بەسەر کۆی ژیان و مرۆڤایەتیدا هاتووە، گوندەکانیش بەدەر نین لەم گۆڕانانە، ئێستا چیدی ناتوانین گوندێک بە پێکهاتەی پەنجا ساڵ لەمەوبەرەوە ببینینەوە، دەستی کار و گەشەی پیشەسازی و وەبەرهێنان، چ لە خانووبەرە و چ لە ستایلی ژیاندا، گەیشتووەتە گوندە دوورەکانیش، ئێستا دەبینی گوندەکان لە لێشاوی ئەو گۆڕانە خێرا و هەمەلایانانەدا شکڵ و شێوە دەگرن و ئەمەش کاری کردووەتە سەر بژێوی و جۆری ئابووری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و جوگرافیایان. نووسەر بەردەوام نموونەی زیندوو لە وڵاتانی ئەورووپی دەهێنێتەوە، بەڵام بەردەوامیش ئەولەویەتی نموونەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەوڵ دەدات بە ڕوونی دەریبخات کە شروشتی گوند لە پێشدا چۆن بووە و دواتر لە خولی هاتنی بە هەژموونی سەرمایەداری و ڕووکردی گوندەکان بۆ شار و هەلی کاری پیشەسازیی گەورەی وەک کارگە و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و چۆڵبوونی گوندەکان، چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆی گوندەکان داناوە.
نووسەر سەرەتایەک بۆ کتێبەکەی دادەنێت، هەوڵ دەدات لەو سەرەتایەدا مەبەست و بازنەی توێژنەوەکەی خەتکێش بکات، دێت کۆی ئەو چەمک و زاراوانە شی و پێناسە دەکات، کە لە ڕەوتی توێژینەوەکەیدا چەندپاتە دەبنەوە، سەبارەت بە “پێناسە و مەبەستەکانی جوگرافیای گوندی” نووسەر دەنووسێت: “لە باسەکانی جوگرافیای گوندی لەم چەند دەیەی دواییدا، زۆرتر جەخت خراوەتە سەر هۆکار و دیاردە سروشتی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و پەیوەندیی نێوانیان. پیێر ژۆرژ پێی وایە جوگرافیای گوندی، شیکردنەوەی گشتیی دیاردە سەرەکییەکانی ژیانی گوندییە لە ژینگەی جیاوازی سروشتی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. هەندێکی تر لە جوگرافیزانان پێیان وایە جوگرافیای گوندی بە واتای شیکردنەوەی سەرچەشن، بنەما و کارکردی نشینگە گوندییەکانە. لەوانەش، جوگرافیزانە ئەڵمانییەکان لەمەڕ چۆنیەتیی پێکهاتن و مێژووی گۆڕانکاریی گوندەکان، لێکدانەوەی بەربڵاویان کردووە. ئەم ڕوانگەیە لە بنەڕەتدا جوگرافیای گوندی و پرسەکانی لە چوارچێوەی باسەکانی جوگرافیای نشینگە گوندییەکاندا گەڵاڵە دەکات. هەڵبەت لێکۆڵینەوە لە نشینگەکان لەم ڕوانگەیەدا، تەنها لە لێکۆڵینەوەی ڕواڵەتیدا بەرتەسک نابێتەوە و تایبەتمەندییەکانی وارژینی گوندی وەک هێمای مێژوویی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووریی گرووپە مرۆییەکان، لە شوێنە تایبەتە جوگرافییەکاندالەبەرچاو دەگیرێن.”
توێژەر لەم کتێبەدا بە وردی جۆر و شێوەی گوندەکان دەستنیشان دەکات، هەوڵ دەدات لە ڕووی تۆپۆگرافی و دەستکاریکردنی سروشتەوە، بچێتە ناو پێکهاتەی وردتری گوندەوە، بۆ وێنە: لە باسی “سەرچەشنی وارژینە کۆگاییەکان”دا، دەنووسێت: دەکرێت سەرچەشنە جیاوازەکانی گوندە کۆمەڵگەییەکان لە سێ دەستەی سەرەکیدا پۆلێن بکەین:
ئەلف/ گوندە هێڵییەکان
ب/ گوندە بازنەیی یان مەیدانییەکان
ج/ گوندە تەختەکان
وارژینی هێڵی وارژینێکە خانووەکانی بە ڕیز و بە درێژایی تەوەرێک دامەزراون. وارژینی بازنەیی یان مەیدانی، زاراوەیەکی گشتییە بۆ ئەو گوندانەی ناوەندەکەیان گۆڕەپان یان شوێنێکی گشتییە و خانووەکان بە دەوری گۆڕەپانەکەدان. گۆڕەپان شوێنێکی گشتییە وەک ناوەندێک بۆ مەبەستی جیاوازی پەیوەندیدار بە ژیانی گوندی کەڵکی لێ وەردەگیرێت. سەرچەشتی تەخت یان پەڕەیی، گشتگیرترین جۆری ئەم سەرچەشنە، گوندگەلێکن کە شیتەڵی بێتەکووز و پەڕییان هەیە و پێیان دەڵێن گوندی تەپۆڵکەیی. ڕەنگە لەم گوندانە شەقام و گوزەرگەکان بە شێوەی ئەستێرەیی، پێچاوپێچ و بێتەکووز و پڕ لە کۆڵانی داخراو و… بن. گشتگیرترین شیوەی زەویی کشتوکاڵی لەم گوندانەدا، شەرچەشنی بلۆکی یان زەویی پەرشوبڵاوی کەرتییە. گوندە تەپۆڵکەییەکان چەشنێکی تایبەت لە گوندی خۆڕسکن و بەبێ تەکووز و پلانێکی پێشوەخت، گەشەیان کردووە.
سەبارەت بە خانوو لە گونددا، هەڵکەوتە و جۆری پێکهاتە و گرنگییەکانی، بەم شێوەیە وەدەر دەخات:
١/ بەگریکردن لە خۆیان لە هەمبەر گرووپە هێرشبەرەکان، یان گیاندارە دڕندەکان.
٢/ سنوورداریی سەرچاوەکانی ئاو.
٣/ پەیوەندی و خزمایەتیی بنەماڵەیەی و خێڵەکی.
٤/ چالاکییە کشتوکاڵییە تایبەتەکان و جەختکردن لەسەر کشتوکاڵی بەکۆمەڵ.
٥/ ڕێوشوێنی تایبەت و پلاندانانی شیتەڵی.
٦/ هۆکارگەلی ڕامیاری، ئایینی و ئایدۆلۆژیک.
بە کورتی کتێبەکە بە قووڵیی ڕۆ دەچێتە جوگرافیای گوندەوە، خوێندنەوەیەکی هەمەلایەن پێشکەش دەکات، هەوڵ دەدات هیچ یەکە و پێکهاتەیەک فەرامۆش نەکات.
دوو بەشی کۆتایی ئەم کتێبە، تێیدا نووسەر لە دوو باسی گرنگ و ئەمڕۆیی دەدوێت، یەکەمیان پەیوەندی نێوان شار و گوندە لە ئێستادا، دووەمیان پلاندانان و پەرەسەندنی گوندییە. لە یەکەمدا باس لەو سەرەتایە دەکات کە گوند و شار سەربەخۆیی خۆیان ژیاون، بەڵام لەگەڵ هاتنی گوژمی پیشەسازییدا، شەپۆلێکی بەرفراوان لە کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شارەکان دەست پێ دەکات، ئەم شەپۆلە شێواوییەکی گەورە و وێرانکەر ڕووبەڕووی شار دەکاتەوە، هاوکات بۆ گوندەکانیش زیان و زەرەری گەورە دەدات، بەوەی چۆڵ دەبن و ئەو بەرهەم و خۆراک و وزانەی دەستی گوند بەرهەمیان دەهێنێت، کز دەکەن و دەپووکێنەوە، شارەکانیش لە ڕووی کولتوورییەوە تووشی شێواوی دێن و ژینگەی شار لەدەست دەدەن، لەم بەشەدا توێژەر باس لە چەند مۆدێل دەکات و لەژێر چەتری ئەو مۆدێلانەدا ئایدیاکانی ڕوون دەکاتەوە و دەگەنێت.
لە پلان و پەرەسەندنی گوندەکان لە ئەمڕۆدا، نووسەر کۆمەڵێک پێشنیار دەکات، کە ڕەچاوکردنیان، دەبێتە هۆی دروستیی سروشتیی پەرەسەندن و سەرکەوتن، لەوانە:
١/ پلاندانانی ئاپۆرەیی، هەم بە واتای کۆنترۆڵی زیابوونی ئاپۆرە و هەمیش بە واتای پێشگرتن لە چۆڵبوونی گوندەکان.
٢/ پلاندانان لە بواری ئافراندنی هەلی کار و چالاککردنەوەی ئابووریی گوندیدا.
٣/ پلاندانی ژینگەیی و پاراستنی بەستێنە گوندییەکان، بە مەبەستی پاراستنی تایبەتمەندی ئیکۆلۆژیک و بەرچاوگەی سروشتیی گوندەکان.
٤/ پلاندانانی یەکپارچەکردنی زەوییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی گوندی.
٥/ پێشخستنی هەرەوەزی و ڕەخساندنی بوار بۆ بەشداریی زۆرتری گوندییەکان لە بابەتی پەرەسەندندا.
٦/ پلاندانانی پیشەسازیی گەشتیاریی جیهانی لە وارژین و بەستێنە گوندییەکاندا.
سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و زمانی کوردییەکەی، دەتوانین بڵێین وەرگێڕ: موزەفەر خوسپی بە شێوەیەکی زۆر ناوازە و سەرکەوتووانە ئەم کتێبەی کردووە بە کوردی، هەوڵی داوە هەر تەنیا ناوەرۆکی کتێبەکە نەگوازێتەوە، بەڵکو زمانی کوردی بەرێتە هەندێ جێگە و شوێنی ترەوە کە کەمتر لەو کایەدا هەڵسووڕێنراوە، ئەویش بواری زاراوە جوگرافییەکانە، وەرگێڕ لە ڕەوتی وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا توانیویەتی خەروارێک زراوەی جوگرافی دابتاشێت، کە دەتوانن لە فەرهەنگی جوگرافیدا جێکەوتە ببن، بەوەش ئاسۆیەکی بەسەر زمانی کوردیدا کردووەتەوە، کە توانستەکانی زۆر لەوە بەرینترن کە زانراوە. جیا لە ناوەرۆکە گرنگەکەی، کە بۆ خوێندنەوەی جوگرافیای گوندی کوردیی سوودبەخشە و پڕە لە پێشنیار و بەرچاوڕوونی، ئەگەر خوێنەری ئەم کتێبە کۆشش بکات لە سەروەختی خوێندنەوەدا ئەو وشە و زاراوانە بنووسێتەوە کە وەرگێڕ بەکاری هێناون و نوێن، دەتوانێت قامووسێکی چکۆلەی جوگرافی لێ دروست بکات، دواتریش لە بە کارهێنانەوەی ئەو وشە و زراوانەدا، دەتوانن لە زمانی کوردیدا جێگیر ببن و ببنە هۆی گەشە و نەشەی بریسکانەوە لە زمانەکەماندا.