چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ نووسه‌ری ڕوسی ڤلادیمێر ڤیدرۆڤیسكی
و له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ڤلادیمێر ڤیدورۆڤیسكی له ڕوسیا ناوێكی ناسراوه، ئه‌و سه‌رده‌مانێك دیبلۆماتكار و وه‌رگێڕی وته‌كانی بریجنێف بووه بۆ عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها ڕاوێژكاری میخائیل گۆرباتشۆف بووه. به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به ته‌واوه‌تی خۆی بۆ نووسین ته‌رخان كردووه. به‌رهه‌مه‌كانی له فه‌ره‌نسا، له هه‌مو نووسه‌ره‌كانی دیكه‌ی ڕوسیا، زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه. زیاد له په‌نجا ڕۆمانی بڵاوكردووه‌ته‌وه. چوارده خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه، له‌وانه خه‌ڵاتی (بالاتینی گه‌وره) بۆ ڕۆمانی مێژوویی، ئه‌م خه‌ڵاته‌ی له‌سه‌ر ڕۆمانی “ڕاسپۆتین” وه‌رگرتووه. هه‌ندێك له ڕۆمانه‌كانی، بۆ نمونه وه‌ك ڕۆمانی (سیحری سان پترسبۆرگ) زیاد له ملیۆنێك دانه‌ی لێفرۆشراوه، ڕۆمانه‌كانی مێژووی ڕابردووی ڕوسیا و ئه‌ده‌به‌كه‌ی، به‌رز ده‌نرخێنێت.
به‌ڵام ئه‌م نووسه‌ره پڕ به‌رهه‌مه، ژیانێكی دیكه‌ی هه‌یه، له ڕوسیا و له ساڵانی نێوان 1972- 1991، كۆمه‌ڵێ پۆستی سیاسی به‌رزی وه‌رگرتووه، سه‌ره‌تا دیبلۆماتكار بوو، پاشان له قۆناغی “بیرۆسترۆیكا”دا، بووه به ڕاوێژكاری گۆرباتشۆف. چه‌ند ساڵێكه له ماڵه‌كه‌ی كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی نۆرماندی له فه‌ره‌نسا، ژیانی خۆی بۆ نووسین ته‌رخان كردووه و له‌وێ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵی ئه‌نجامدا:
*به‌ڕێز ڤلادیمێر ڤیدورۆڤیسكی، چۆن له كاری دیبلۆماتكارییه‌وه، ڕۆشتی بۆ كاری نووسین؟
-هه‌ر له منداڵییه‌وه، نووسین خولیا و خه‌ونی من بووه، كاتێك ته‌مه‌نم چواره ساڵ بوو، زۆر به هه‌ڵپه كتێبم ده‌خوێنده‌وه و خۆم له ئاینده‌دا وه‌ك نووسه‌رێك ده‌بینی. به‌ڵام خولیا و ئاره‌زووه‌كانی دیكه‌م كه بریتیی بوو له گه‌شتكردن، به جۆرێك له جۆره‌كان، له‌وه‌ی دوورخستمه‌وه سه‌رقاڵی نووسین بم. ئیدی ورده ورده خۆم له سلكی دیبلۆماسیدا دۆزییه‌وه. پاشان به‌شداریكردنم له “بیرۆسترۆیكا” تا ڕوخانی دیواری به‌رلین، وایلێكردم به قۆناغێكی وروژێنه‌ر و پڕ له ڕووداودا تێپه‌ڕم. ئه‌و قۆناغه باشترین ساته‌وه‌خته‌كانی كاری دیبلۆماسی بوو. به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه، قۆناغی دوای كۆمۆنیزم، قۆناغێكی سه‌خت و قورس بوو، بۆ زۆر كه‌س پڕ بوو له نا‌ئومێد و بێهوا كرد . ئه‌مه‌ش نا‌ئومێد و بێزاری كردم. هه‌ر بۆیه بڕیارمدا واز له سیاسه‌ت بێنم و خۆم بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی یه‌كه‌مجارم ته‌رخان بكه‌م كه بریتییه له نووسین.
*تۆ وه‌ك نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی ڕوسی، هه‌ستت چۆنه به‌رامبه‌ر به‌و بانگه‌وازانه‌ی ده‌كرێت، بۆ بایكۆتكردنی داهێنه‌ره‌كانی ڕوسیا.
– ئه‌وه له یه‌ك كاتدا، شتێكه هه‌م دڵته‌زێنه و هه‌م توڕه‌ت ده‌كات. ئاخر بۆچی ده‌یانه‌وێت جیهان له شاكاره‌كانی ئه‌ده‌بی ڕوسی، بێبه‌ش بكه‌ن؟ وای ئه‌وه چ شتیكی بێمانایه. مه‌سه‌له‌كه بۆ من قورستره، چونكه من باوكم به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئۆكرانییه و دایكم ڕوسییه. من پێموایه ئه‌وه ناحه‌قی و زوڵم و نادادپه‌روه‌رییه، داهێنه‌ران بخه‌یته ناو قه‌یرانێكه‌وه كه هیچ خه‌تایه‌كیان نییه و ده‌ستی ئه‌وانی تێدا نییه. بگره به‌پێچه‌وانه‌وه، پێموایه ئه‌و جۆره بانگه‌وازه، پشتی پۆتین به‌هێزتر ده‌كات و كۆمه‌ك و یارمه‌تی به گوتار و قسه‌كانی پۆتین ده‌به‌خشێت، به‌وه‌ی خۆرئاوا له بۆسه‌دایه بۆ ڕوسیا. ئه‌و بانگه‌وازانه به هه‌مو پێودانێگ، ستراتیژیه‌تێكی شكستخواردوی سه‌رنه‌كه‌وتووه. چونكه له‌وانه‌یه دژی خۆیان ببێته‌وه. زۆر جێگای داخه، بۆ نمونه، ڕێگری بكرێت له‌وه‌ی نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌ك دیستۆفیسكی، له ئۆكرانیا بخوێندرێت، ئاخر ئه‌و ته‌نها ئه‌ستێره‌یه‌ك له ئه‌ستێره‌كانی ئه‌ده‌بی ڕوسی نییه، به‌ڵكو ئه‌ستێره‌یه‌كی ئه‌ده‌بی جیهانیشه.
*تۆ نووسه‌رێكی به‌وه جیاده‌كرێیته‌وه پڕ به‌رهه‌میت، تا ئێستا نزیكه‌ی په‌نجا ڕۆمانت نووسیوه، له كاره‌كانتدا وردبینی مێژوونووس و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ڕۆماننووست، تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر كردووه. دانه‌ر بۆ نووسینی ڕۆمانێكی مێژوویی، پێویستی به چییه؟
-گرنگترین شت پێویستی پێیبێت، وردبینییه له گواستنه‌وه‌ی ڕاستییه مێژووییه‌كان. من زۆر به‌ناو كتێبخانه‌كان و ئه‌رشیفه تایبه‌ته‌كاندا ده‌گه‌ڕێم، هه‌مو زانیارییه‌ك یان ڕووداوێك یان مێژوویه‌ك، ده‌پشكنم و لێی دڵنیاده‌بمه‌وه. من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕابردوو ده‌نووسم، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌م له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه بنووسم كه خه‌ڵك حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن و مۆركێكی ئیستاتیكای ڕۆمانی ده‌كه‌م به به‌ردا و پڕی ده‌كه‌م له هه‌ست و سۆز و سیحر، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له كارلێك له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا دروست بكه‌م. سه‌رباری ئه‌وه، ئه‌و هێمنی و ئارامییه‌ی له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه كه تێیدا ده‌ژیم، یارمه‌تیم ده‌دات باشتر بیربكه‌مه‌وه و ته‌ركیزم زیاتربێت، به‌تایبه‌ت من له ڕۆژێكدا چه‌ندین كاتژمێر كارده‌كه‌م.
*ئێمه كه كتێبه‌كانی تۆ ده‌خوێنینه‌وه، بگره ته‌نها به‌خوێندنه‌وه‌ی ناونیشانی كتێبه‌كان، هه‌ست ده‌كه‌ین تۆ ده‌ته‌وێت ئه‌وه بیری جیهان بخه‌یته‌وه كه ڕوسیا، وڵاتێكی مه‌زن و ئاشتیخوازه، سه‌ره‌ڕای په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ستی ڕوسفۆبیا كه له خۆرئاوادا هه‌یه و له هه‌ڵكشاندایه. ئه‌و سیمبولانه چین وا ده‌كات تۆ زۆر شانازییان پێوه بكه‌یت؟
-هه‌مو سیمبوله‌كانی ئه‌م شارستانییه‌ته، شایه‌نی شانازین: ئاوه‌دانكردنه‌وه و زانست، هونه‌ر، مۆسیقای جیهانی، بالێ، به‌ڵام بێگومان نزیكترینیان له دڵی منه‌وه ئه‌ده‌به. من كاره‌كانی چیخۆف و هه‌سته ناسكه‌كه‌یم خۆشده‌وێت. هه‌روه‌ها به‌رهه‌مه‌كانی ئیڤان بۆنین-م خۆشده‌وێت كه یه‌كه‌م ئه‌دیبی ڕوسی بوو، خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئه‌ده‌ب وه‌رگرت، بێگومان تۆڵستۆی نابێت له‌یاد بكه‌م. په‌رۆشی و حه‌زی من بۆ ئه‌ده‌بی ڕوسی، په‌یوه‌سته به یاده‌وه‌رییه‌كی كۆنه‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكان له مۆریتانیا، وازم له پۆستی دیبلۆماتكاری هێنا، له‌و كاته‌دا دایكم نوسخه‌یه‌كی ده‌گمه‌نی له بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی پێدام كه له چوار به‌رگ پێكهاتبوو، ئه‌م بیره‌وه‌ریانه له نێوان ساڵانی 1960 بۆ 1964 له مۆسكۆ، بڵاوكرابوونه‌وه. چێژێكی زۆرم لێوه‌رگرت و چه‌ندین جار خوێندومه‌ته‌وه و هه‌رگیز له‌خوێندنه‌وه‌یان بێزار نابم.
* له ڕۆمانه‌كه‌ت (له‌سه‌ر برژانگه‌كانت به‌فر ده‌توێته‌وه یان ڕۆمانی هه‌قیقه‌تی دكتۆر زیڤاگۆ)، چیرۆكی بۆریس باسترناك ده‌گێڕیته‌وه و ده‌ڵێیت ڕۆمانی (دكتۆر زیڤاگۆ) ته‌نها كارێكی نایاب نه‌بوو، بگره یه‌كه‌م لێدان بوو به‌ر كۆمنیزم كه‌وت، ئه‌وه چۆن بوو؟
-له‌م كتێبه‌دا، هه‌وڵمداوه تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه بۆریس باسترناك، به ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به ستالین و پاشان به خرۆشۆفه‌وه و به ده‌ستنوسی داستانه مه‌زنه‌كه‌ی “دكتۆر زیڤاگۆ” كه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت دزه‌ی پێكرا و له ئیتالیا بڵاوكرایه‌وه، ئه‌مه‌ش له ڕوسیا كێشه و سه‌ریه‌شه‌ی زۆری بۆ باسترناك دروست كرد. جگه له‌وه تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن (ئاژانسی هه‌واڵگری ئه‌مریكا) ئه‌م ڕۆمانه‌ی قۆسته‌وه و وه‌ك ئامرازێكی پڕوپاگه‌نده، دژ به سیستمی كۆمۆنیستی به‌كاریهێنا.
*ڕۆمانه‌كه‌ت (سیحری سان پترسبۆرگ) پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێكرا و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن دانه‌ی لێفرۆشراوه، هه‌روه‌ها بۆ زیاد له 28 زمان وه‌رگێڕدراوه، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
-وه‌ك پێشتر پێم وتیت من له‌سه‌ر مێژوو ده‌نووسم، به‌ڵام كتێبه‌كانم وه‌ك ڕۆمان ده‌خوێنرێنه‌وه. ئاخر من له كاتی نووسیندا، دوو كڵاو له‌سه‌ر ده‌كه‌م: كڵاوی ڕۆماننووس و كڵاوی مێژوونووس. ئه‌م تێكه‌ڵكردنه، نووسینێك به‌رهه‌مده‌هێنێت كه هه‌ست و سۆز و خولیای خوێنه‌ر ده‌وروژێنێت. سه‌باره‌ت به شاری (سانت پترسبۆرگ) كه بابه‌تی ڕۆمانه‌كه‌یه، ئه‌وا زۆر له‌وه ناسراوتره كه پێویست به ناساندن بكات، ته‌نها ناوهێنانی خه‌یاڵ ده‌وروژێنێت. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، بڕیارمدا خوێنه‌ر له گه‌شتێكدا له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م بۆ شاره مێژووییه، تاكو بیناسێنم به كۆشك و ڕووبار و باخ و بێستانه جوانه‌كانی و سیمبوله هونه‌ری و داهێنه‌ره‌كانی.
*تۆ له سه‌ره‌تای چالاكییه دیبلۆماسییه‌كه‌ت له نواكشۆت، كارت له پاشكۆیه‌كی كه‌لتوریدا كردووه، له كوێ فێری عه‌ره‌بی بوویت و پاشان بوویت به وه‌رگیڕی بریجنێڤ، ئه‌مه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساندیت، سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی بكه‌یت و چاوت به هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌ب بكه‌وێت؟ باسی ئه‌م قۆناغه‌مان بۆ بكه.
-سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من عه‌ره‌بییه‌كه‌م باش بوو، هۆكارێكی كۆمیدی له پشت ئه‌وه‌وه بوو كه بووم به وه‌رگێڕی سه‌رۆكی پێشوو بریجنێڤ، من به ده‌نگی به‌رز قسه ده‌كه‌م، سه‌رۆكیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به باشی نه‌یده‌بیست، پێویستی به كه‌سێكی ده‌نگ گه‌وره بوو. من له چه‌ندین سه‌ردانی فه‌رمیدا، یاوه‌ری سه‌رۆك بووم. له‌گه‌ڵ سه‌رۆك چه‌ندین سه‌ردانی فه‌رمیم ئه‌نجامداوه، ئه‌و قۆناغه قۆناغێكی به‌رهه‌مدار بوو، تێیدا له نزیكه‌وه دیارده‌ی ڕێنیسانس و بوژانه‌وه‌م بینی كه وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌و ماوه‌یه‌دا تێیدا ده‌ژیان. له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێ له سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بم بینی، له نمونه‌ی سه‌دم حسێن، بیرمه یاوه‌ریم كرد بۆ كتێبخانه‌ی مۆسكۆ. هه‌روه‌ها قه‌زافی-م بینی كه زۆر ئه‌نیق بوو. لێره‌دا ناچمه ناو ورده‌كارییه‌كانه‌وه، چونكه خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی كتێبێكم، تێیدا هه‌مو بیره‌وه‌ریه‌كانم وه‌ك وه‌رگێڕێك بۆ سه‌رۆك بریجنێڤ كۆكردووه‌ته‌وه.
*ئایا له نووسیندا سودت له چالاكییه سیاسییه‌كانت وه‌رگرتووه؟
-بێگومان، له‌وه‌ش زیاتر، هه‌ندێك چیرۆك به‌ده‌م دیبلۆماتكاره ڕوسیه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌به‌سرێن، به‌وه‌ی نیوه‌یان له پیشه‌ی سیخوریدا كارده‌كه‌ن. ئه‌و ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌ندانه ماوه‌یه‌كی زۆر به‌دوای منیشه‌وه بوو، به‌ڵام من سودم لێبینی و زۆرێك له خوێنه‌ران، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره پێشوازی له كتێبه‌كانی من ده‌كه‌ن (پێده‌كه‌نێت)، با ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ت بۆ بگێڕمه‌وه كه له كاتی ئاهه‌نگی واژۆكردنی یه‌كێك له كتێبه‌كانم به‌سه‌رمدا هات. له وێدا خوێنه‌رێكم ناسی، ده‌ركه‌وت له ئاژانسی هه‌واڵگری فه‌ره‌نسا كارده‌كات، ئه‌و ددانی نا به‌وه‌دا كه له ڕابردوودا چاودێری منی كردووه و گوێی له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانم گرتووه، بێگومان هیچ شتێكی دژی من ده‌ست نه‌كه‌وتووه. به‌ڵام ده دانه له ڕۆمانه‌كه‌می كڕی… (پێكه‌نینێكی درێژ)
سه‌رچاوه
پاریس، سازدانی: ئه‌نیسه مه‌خالیدی، الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 2 ئاب، 2022