مارکس و مافەکانی مرۆڤ

 287 خوێندنه‌وه

ڕامین جیهانبەگلو
و. ڕێبین هەردی

مەسەلەی یەهود کامڵترین نووسینە کە مارکس تیایدا لێکۆڵینەوە لە شۆڕشی فەڕەنسی دەکات. مارکس ئەم نوسینەی لەسەرەتای هاتنیدا بۆ پاریس نووسیوە. لەم قۆناغەدا سێ مەسەلەی فکری مارکسیان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو: سەرەتا بیری هیگڵ، پاشان ڕەخنەی فیورباخی لە دین و دواجار شۆڕشی فەڕەنسا. لای مارکس شۆڕشی فەڕەنسی نموونەی بەرجەستەی شۆڕشی سیاسی بوو، کە مارکسی وەک بیریارێکی شۆڕش ڕووبەڕووی مەسەلەیەکی تازە دەکردەوە. ئەم مەسەلەیە جیابوونەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی بوو. لەلایەکی دیەوە فیورباخیش ئاشنای کرد بە چەمکی لەخۆنامۆبوون لە بواری دیندا. بەو شێوەیەی لە نووسینەکانی مارکسدا دەردەکەوێت، لەم قۆناغەدا مارکس هەڵسەنگاندنی فیورباخی بۆ دین لەبواری مافەکان و سیاسەتدا بەکار دەهێنێت. (بەمشێوەیە ڕەخنە لە ئاسمان وەک ڕەخنە لە زەوی لێدێت، و ڕەخنە لە دین وەک ڕەخنە لە یاساکان و ڕەخنەی تێۆلۆجی وەک ڕەخنەی سیاسەتی لێدێت). ئەو ماف و سیاسەتانەی مارکس لێرەدا ڕەخنەی دەکات، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی شۆڕشی فەڕەنسیە، کە هیگڵ کردوونی بە چەمکی فەلسەفی. لێرەوە ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی فیورباخی کە مارکس بۆ شۆڕشی فەڕەنسی دەکات، ڕێگەی خۆی لەناو فەلسەفی هیگڵدا دەکاتەوە. مارکس دوابەدوای هیگڵ ، هەقیقەتی شۆڕشی فەڕەنسی لە بوونی ژاکۆبینیسمدا دەبینی. لێرەوە کاتێک مارکس باسی ئەم قۆناغەی شۆڕشی فەڕەنسی وەک (سەردەمی کلاسیکی هوشیاری سیاسی) دەکات ، ڕۆبسپێر لەناو پاڵەوانەکانی ئەم شۆڕشەدا دادەنێت. ڕەخنەی مارکس لە سیاسەت (وەک وەهم) لەم چوارچێوەیەدایە. ئەو سیاسەتە وەهمیەی مارکس لەم قۆناغەدا باسی دەکات، دیموکراسی سیاسیە کە لەڕێگەی سیستەمی نوێنەرایتەیەوە بەهۆی دەوڵەتی ژاکۆبینەکانەوە پراکتیزە دەکرێت. ئەم سیاسەتە لەدیدی مارکسەوە لەسەر بناغەی بنەما ڕۆسۆییەکان دامەزراوە. مارکس دەنووسێت: (رۆبسپێر فەقیری زیاد لە سنوور و دەوڵەمەندی زیاد لە سنوور، بەتەنیا ڕێگر لەبەرامبەر بەدەستهێنانی دیموکراسیدا دەبنینێت. هەر لەبەرئەمە دەیەوێت بە لاسایکردنەوەی سپارتا بڕوایەکی هەمەکی جێگیر بکات. بنەمای سیاسەت، ئیرادەیە) . مارکس سیاسەتی ڕۆسۆیی ژاکۆبینەکان بە وەهم ناودەنێت، لەکاتێکدا هیگڵ بەیەکێک لە شێوەکانی لەخۆنامۆبوونی ویژدانی دەزانێت. هەورەها لە دیدی مارکسەوە حکومەتی تیرۆر دەرئەنجامی سیاسەتی وەهمی ژاکۆبینەکانە، بەدەربڕینێکی دی تیرۆر دەرکەوتەی (ساتەوەختێکی وروژانە کە بەدرێژای ژیانی سیاسی هەوڵدەدات بۆ ئەوەی مەرجەکانی بوونی خۆی، (واتە ) کۆمەڵگای مەدەنی و ڕەگەزەکانی بۆ سەقامگیری خۆی، وەک ژیانی واقعی و هاوسەنگی مرۆڤ (واتە) ژیانی نەوعی، بخنکێنێت) . بەڵام بە بڕوای مارکس حکومەتی تیرۆر بۆ ئەمکارە پێیوستی بەسەرلەنوێ هێنانەوەی دین هەیە، ئەمەش کارەساتی ڕزگاری سیاسیە کە خۆی وەک ڕزگاری مرۆڤ دەناسێنێت. کارەساتێک کە مارکس لە جیابوونەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنیدا دەیبنینێت، واتە جیابوونەوەی ژیانی نەوعی مرۆڤ-وەک ئەندامێکی کۆمەڵگای سیاسی- لە ژیانی مادی وەک مرۆڤێکی تایبەتی.
ڕەخنەی مارکسیانەی ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی ساڵەکانی ١٧٨٩، ١٧٩٣، ١٧٩٥ ی شۆڕشی فەرەنسی لەم دیدەوە قابیلی تێگەیشتنە. لە دیدی مارکسەوە ڕاگەیاندنە جیهانیەکانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی فەرەنسا، بەرهەمی ئەبستراکتی خۆپەرستی تاکەکانی کۆمەڵگایە پاش شۆڕشی فەڕەنسی، کە لەبەر هەبوونی جەوهەرێکی گەردوونی، بۆتە ئەڵتەرناتیڤی دەزگای کۆمەڵایەتی دین کە لەڕژێمی پێش شۆڕشدا هەبوو. بە دەربڕینێکی دی مارکس ڕاگەیاندنە جیهانیەکانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی شۆڕشی فەڕەنسی وەک شێوەیەکی تازەی لەخۆنامۆبوون تاوتوێ دەکات. دیموکراسی سیاسی دەوڵەتی ژاکۆبینەکان بەپشتبەستن بە بنەماکانی ڕاگەیاندنەکانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی ١٧٨٩ و ١٧٩٣، ڕزگاری فەڕەنسیەکان وەک ڕزگاری هەموو مرۆڤایەتی پێناس دەکات. لێرەوە مارکس لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕزگاری سیاسی لە ڕژێمی پێشوو وەک پێشکەوتنێکی مێژووی ددەبینێت، بەڵام بە بڕوای مارکس جیابوونەوەی دەوڵەت لە دین، نەبۆتە جیابوونەوەی مرۆڤ لە دین. لەبەرئەوە بە پێچەوانەی برۆنۆ بائرەوە بەو ئەنجامە دەگات، کە مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕووی سیاسیەوە ڕزگاریان بێت، بەڵام بە دینی دەمێننەوە. لێرەوە لەخۆنامۆبوونی سیاسی و لە خۆنامۆبوونی دینی تەواوکەری یەکترن. چونکە شۆڕشی فەڕەنسی لەپێناو ئاشتکردنەوەی مرۆڤی گشتی و مرۆڤی تایبەتی، جیابوونەوەیان دەستەبەر دەکات، جیابوونەوەیەک کە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی شۆڕشی فەڕەنسی، دەربڕە یاسایەکەیەتی. بە وتەی مارکس ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی، ئاشکراکەری ((جیابوونەوەی مرۆڤە لە مرۆڤ و لە کۆمەڵگاکەی)) . چونکە هیچ ئامانجێکی نیە جگە لە زەمانەتکردنی سوودوەرگرتنی تایبەتی تاکەکان. بەمشێوەیە (وێنای دەوڵەتگەری) دەبێتە هۆی درووستبوونی(تاکگەری) هاوڵاتی. بە دەربڕینێکی دی ڕزگاربوونی سیاسی لە ڕژێمی پێشوو، ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی لەبەرامبەر سیاسەتدا بە نامۆی دەهێلێتەوە. لێرەدا مارکس بیر لەهەقیقەتی مرۆڤی سیاسی لە بوونی مرۆڤی کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە، لە دابڕانی تازەی نێوان کۆمەڵگا و سیاسەتدا، ئەولەویەتی کۆمەڵگا بەسەر سیاسەتدا دەهێنێتە پێشێ (هیگڵ لە فەلسەفەی مافەکانی خۆیدا پێچەوانەی ئەمە ئەنجام دەدات)، چونکە ئەوەی لە دیدی مارکسدا تاکەکانی کۆمەڵگا لەیەک نزیک دەکاتەوە، دەزگای سیاسی کۆمەڵگا نیە، بەڵکو سیستەمی پێداویستیەکانیانە. کەوابوو ئەوە دەوڵەت نیە کە تەوەرەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنی پێکدەهێنێت، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگای مەدەنیە کە دەبێتە بنەما وبناغەی دەوڵەت. بە دەربڕینێکی دی دژیەک بوون لەنێوان کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەت، دژیەکبوونی لەنێوان بەرژەوەندیە خودیەکانی مرۆڤی تایبەتی و خەیاڵی سیاسیدا، دیارە جارێک دی لای مارکس هیچ خەسڵەتێکی کۆمەڵایەتی هێندەی ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی فەڕەنسا، ئاشکراکەری ئەم دژیەکبوونە نیە. ڕاگەیاندنێک کە لەلایەکەوە دەست دەخاتە سەر زەمانەتی بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکان و لە لایەکی دی جەخت لە یەکسانی نێوان مرۆڤەکان دەکات. مارکس مافەکانی مرۆڤی شۆڕشی فەرەنسی بە (مافی سیاسی) ناودەنێت. ناوەڕۆکی ئەم مافانە بە وتەی مارکس (بەشدارکردنە لە کۆمەڵگا و بەشێوەی ورد بەشداریە لە کۆمەڵگای سیاسی و ژیانی دەوڵەتدا). لەبەرئەوە ئەم مافانە لای مارکس ((دەچنە خانەی مافە مەدەنیەکانەوە)) .
بەڵام ئەو مرۆڤەی بابەتی یاسایی ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی شۆڕشی فەڕەنسیە، بەپێچەوانەی وێنای مارکسەوە، نەک وەک مرۆڤ، بەڵکو وەک هاوڵاتی کۆمەڵگای مەدەنیە. بە دەربڕینێکی دی ئەو مرۆڤەی ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ باسیدەکات، مرۆڤی نەوعیە، لەبەرئەوە کاتێک مافە مەدەنیەکانی خۆی (واتە ئەو مافانەی وەک هاوڵاتی کۆمەڵگا بەدەستیهێناوە) لەدەست دەدات، دەکرێت بەناوی مافەکانی مرۆڤەوە و لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی ئەم کۆمەڵگایە، بەرگری لێبکرێت. ئەمە ڕێک ئەو کارەیە کە ئەمڕۆ ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ (بۆ نموونە ڕێکخراوی جیهانی لێکبوردن) ئەنجامی دەدەن. ئەم ڕێکخراوانە بێ دەستوەردان لەکاروباری سیاسی کۆمەڵگایەک، و بێ ڕەچاوکردنی ئەو مافانەی وەک هاوڵاتیەک لە کۆمەڵگادا هەیەتی، وەک مرۆڤێکی نەوعی بەرگری لێدەکەن. هەنوکە دەکرێت بگوترێت ئەمڕۆ ئەم ڕێکخراوانە بەرگری لە ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵەی ١٩٤٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، جیاوازی سەرەکی لەنێوان ئەم ڕاگەیاندنە و ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی ١٧٨٩ی فەڕەنسادا هەیە. بەبڕوای ئێمە هێنانە پێشێ ئەم مەسەلەیە هەم سەرنجڕاکێش و هەم گرنگە.، چونکە زۆرێک لە مەسەلە گرنگ و تاریکەکانی بیرکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا دەکات.
ئەگەر هەردوو ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ و ١٩٤٦ بەیەک بەراورد بکەین، بە باشی دەتوانین لە پەیوەندی تەنگاوتەنگیان تێبگەین. بەڵام پێش هەموو شتێک و بۆ تێگەیشتنی هەرچی زیاتری ئەم مەسەلەیە ئێستێک لەسەر لەسەر قسەکانی ڕێنێ کان بکەین، کە نوسەری ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ڕێنێ کاسن دەنووسێت: (کاتێک شانازی ئەوەمان هەیە خەڵکی هەمان جێگە بین کە قەشە گرگواری تیا لەدایک بوو، کە یەکێکە لە داهێنەرانی ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ و ڕاگەیاندنی مافەکانی خەڵکی ١٩٧٣، و ماندوونەناسانە خەباتی دەکرد بۆ ڕزگاری یەهودیەکان و ئەو مرۆڤانەی پێستیان سپی نیە، ناتوانین خۆمان وەک جێبەجێکەرێکی وەسیەتنامەکەی نەبینین). ئەمە یەکەم و دواجار نەبوو کە ڕێنێ کاسن پەیوەست بوونی خۆی بە سروشتی مافەکانی مرۆڤی شۆڕشی فەڕەنسا و پەیامە مەعنەویەکەی ڕادەگەیەنێت، ئەم پەیوەستبوونە لەسەرجەم بەرهەم و گووتارەکانیدا دەبنینرێت. بۆ نموونە لە وتارخوێندنەوەی ٩ی دیسامبری ١٩٤٨ لە دانیشتنی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبارەی ئەم مەسەلەیەوە دەڵێت: (بنەمای مەزنی ئازادی، یەکسانی و برایەتی کە مرۆڤایەتی شانازی وەرگرتنیانی لە ڕاگەیاندنی فەڕەنسی ١٧٨٩وە هەیە…)، کەوابوو دەبینین ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی ١٧٨٩ تا چ ئەندازەیەک بۆ باوکی دامەزرێنەری ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨ زۆر گرنگ هەبووە. کەوابوو با بەراودردکردنی ئەم دوو ڕاگەیاندنە، زیاتر لە هۆکانی ئەم گرنگیە بکۆڵینەوە.
ڕەنگە بە جورئەتەوە بتوانرێت بگوترێت ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨ بەگشتی ئیلهامی لە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ی فەڕەنساوە وەرگرتووە. مادەی یەکەمی ڕاگەیاندی ١٩٤٨، نوسینەوەی وردی ڕاگەیاندنی ١٧٨٩ی فەڕەنسایە (هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن، لە ڕووی بەها و مافەکانەوە یەکسانن). لە ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩دا ووشەی (بەها) نەهاتووە، و لەپاڵ وشەی یەکسانیدا، وشەی ئازادیش هاتووە: (هەموو مرۆڤەکان ئازاد لەدایک دەبن و لەڕووی مافەکانەوە ئازاد و یەکسانن). مادەکانی شەشەم و حەوتەمی ڕاگەیاندنی ١٩٤٨ مەسەلەی یەکسانی لەبەرامبەر یاسادا دێنێتە پێشێ. مادەی ٦: (هەموو کەسێک مافی هەیە کەسایەتی یاسایی خۆی لە هەموو شوێنێک وەک مرۆڤێک لەبەرامبەر یاسادا بناسێت). مادەی ٧: (هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، مافی ئەوەیان هەیە بەبێ جیاکاری و چونیەک لەڕووی یاساییەوە پارێزراو بن).
ناوەڕۆکی ئەم دوو مادەیە لە مادەی ٦ی ڕاگەیاندنی ١٧٨٩ی فەڕەنسادا هاتووە: ( یاسا نوێنەری ئیرادەی گشتیە. سەرجەم هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە چ وەک خۆیان و چ لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بەشداری لە دروستکردنیدا بکەن. یاسا دەبێت چ بۆ بەرگری و چ بۆ سزادان، بۆ هەمووان یەکسان بێت. یەکسانی هاوڵاتیان لەڕووی یاساوە، یەکسانی قەبوڵکردنە بۆ هەر پۆست، جێگە و کارێکی گشتی بەپێی توانا خودیەکان و بێ هیچ ئمتیازێکی تر، جگە لە ڕەندی و لێهاتووی خود).
هەروەها مادەی ٩، ١٠ و ١١ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨ بەئاراستەی دادگایکردن، دەستگیری و تۆمەتی هەڕەمەکی، دوبارەکردنەوەی مادەکانی ٧،٨ و ٩ی ڕاگەیاندی ١٧٨٩ فەڕەنسایە.
مادەی ٩ی ڕاگەیاندنی ١٩٤٨: (ناتوانرێت هیچ کەس بە هەڕەمەکی دەستگیر بکرێت یان دوور بخرێتەوە)، مادەی ١٠ی ١٩٤٨: (هەموو کەسێک بەشێوەیەکی یەکسان مافی ئەوەی هەیە، شکاتەکەی لەڕێگەی دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەنەوە (پێشکەش بکات) و بە ئاشکرا لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، ئەم دادگایەش لەبارەی ماف و بەرپرسیارێتیەکانیەوە یان هەر تۆمەتێک کە ئاراستەی کرابێت، بڕیار بدات).
مادەی ١١:( هەرکەسێک بە خراپەکاری تۆمەتبار بکرێت، بە بێگوناه دەژمێرێت تا ئەوکاتەی لە ئەنجامی شکاتێکی گشتیەوە کە تیایدا سەرجەم ئەو زەمانەتانە دەستەبەرکرابن بۆ بەرگریکردن لە خۆی، تاوانباری دەسەلمێت).
لە مادەی ٧ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩دا هاتووە: (ناتوانرێت هیچ کەس دەستگیر، یان تۆمەتبار و زیندانی بکرێت، ئەو کاتە نەبێت کە لەڕێگەی یاساوە دیارکراو و ڕێگەپیدراو بێت).
هەروەها لە مادەی ٨ی ئەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: ( ئەرکی یاسا دامەزراندنی سزای تایبەت و زەروریە، و ناتوانرێی هیچ کەس تۆمەتبار بکرێت بە پێی یاسایەک نەبێت کە پێش ئەنجامدانی تاوانەکە دانراوە و بڵاوکراوەتەوە، و بەشێوەیە یاسایش جێبەجێ کراوە).
بەهەمان شێوە مادەکانی ١٨ و ١٩ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەربڕی مەسەلەی ئازادی بیرکردنەوە و بیروڕایە، بە تەریب لەگەڵ مادەکانی ١٠ و ١١ ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ی فەڕەنسادا نووسراوە:
مادەی ١٨ڕاگەیاندنی ١٩٤٨: (هەرکەس مافی ئەوەی هەیە ئازادی بیرکردنەوە و ویژدان و دینی هەبێت. ئەم مافە ئازادی گۆڕینی مەزهەب یان بیروڕا و هەروەها ئازادی ڕاگەیاندنی بیروڕا و باوەڕ و ئازادی فێرکاری دینی و جێبەجێکردنی نەریتە دینیەکان دەگرێتەوە).
مادەی ١٩ی ڕاگەیاندنی ١٩٤٨: (هەموو کەس مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی هەیە، و ئەم مافەش ئەوە دەگرێتەوە کە هیچ کەس لە بوونی بیروباوەڕی خۆی نەترسێت و دڵەراوکێی نەبێت، لە بەدەستهێنانی زانیاری و بیروڕا و لە وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی بەهەموو ئامرازێک و بێ هیچ تێبینەیەک سنوردار، ئازاد بێت).
ئێستا بۆ ڕونکردنەوەی بابەتەکە بەکورتی مادەکانی ١٠ و ١١ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ی فەڕەنسا دەهێنینەوە:
مادەی ١٠: (هیچ کەس نابێت لەبەر بیروڕاکانی خۆی و تەنانەت بیروڕا دینیەکانی ترسی لە دڵدا بێت…).
مادەی ١١: (پەیوەندی ئازادی نێوان بیروڕا و باوەڕ، یەکێکە لە بەنرخترین مافەکانی مرۆڤ، لەبەرئەوە هەموو هاوڵاتیەک خاوەنی ئازادی قسەکردن، نووسین و چاپکردنی هەیە).
مادەی ٢١ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨یش زۆر خاڵی هاوشێوەی مادەی ٦ی ڕاگەیاندنی ١٧٨٩ی فەڕەنسایە کە پێشتر ئاماژەمان بۆکرد:
مادەی ٢١: (١- هەرکەس مافی ئەوەی هەیە لەبەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتی خۆیدا بەشداری بکات، چ ڕاستەوخۆ و چ بەهۆی ئەو نوێنەرانەوە کە ئازادانە هەڵیاندەبژێرێت. ٢- هەموو کەس مافی یەکسانی هەلی بۆ بەدەستهێنانی کاری گشتی وڵاتی خۆی هەیە. ٣- بناغە و سەرچاوەی دەسەڵاتی حکومەت ئیرادەی خەڵکیە، ئەم ئیرادەیە دەبێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکەوە ئەنجامبدرێت کە ڕاستگۆیانە و بەشێوەی بازنەیی ئەنجام دەدرێت…).
لەبری ئەمانە ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨ زۆر مادەی بۆ ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ی فەڕەنسا زیادکرد، کە لەوانە مادەی ١٢ (لەبارەی ئازادی ژیانی تایبەتی)، مادەی ١٣ (لەبارەی ئازادی هاتوچۆ)، مادەی ٢٠ (لەبارەی ئازادی کۆڕو کۆبونەوە) و دیارە دەکرێت ناوی مادەکانی ٢٣، ٢٤، ٢٥، ٢٦ (لەبارەی مافی کار، مافی تەندروستی و خۆشگوزەرانی، مافی پەورەردە و فێرکاری و مافی کاتی بەتاڵی) ببرێت، کە هەموویان جگە لە مادەی ٢٤ لە مادەکانی ٢١، ٢٢، ٢٣ ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٧٩٣ فەڕەنسادا هاتووە.
کەوابوو وەک دەبینین ڕێنێ کاسن بەخۆرایی باسی (وەسیەتنامەی مەعنەوی) ناکات، و کاتێک مارکس دەستدەکات بە ڕەخنەکردنی چوار بنەما سەرەکیەکەی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی فەرەنسا، واتە ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و موڵکایەتی تایبەتی، لەڕاستیدا (وەسیەتنامەی مەعنەوی) ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی ١٩٤٨ ڕەد دەکاتەوە، و بەدەربڕینێک دەکرێت بگوترێت بەهۆی ئەم ڕەخنەیەوە ڕاگەیاندنی ١٩٤٨ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئێستا با ببینین ڕەخنەکانی مارکس لە ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤ ١٧٨٩ لەسەر چ بناغەیەک دامەزراوە؟. مارکس دەربڕینی ئازادی بەوشێوەیەی لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە (ئازادی مرۆڤ وەک مۆنادێکی تاکانە و داخراو بەسەر خۆیدا) پێشکەش دەکات. بەبڕوای مارکس ئەم تاکانەیی و داخرانە لەبەرنەبوونی پەیوەندی ئەم مرۆڤەوەیە بە مرۆڤەکانی دی کۆمەڵگاکەیەوە، هەرلەبەرئەمە مافی ئازادی وەک (مرۆڤی داخراو بەسەر خۆیدا) هەڵدەسەنگێنێت. مارکس مافی مۆڵکایەتی تایبەتی وەک دەرکەوتی پراکتیکی مافی ئازادی تاوتوێ دەکات. مافی موڵکایەتی تایبەتی لای مارکس بریتیە لە (مافی سوودی تایبەتی، واتە مافی لەزەت وەرگرتن لە سامانی خود و توانای سودوەرگرتن لێی بە بێ هیچ دڵەراوکێیەک لەبارەی ئەوی دیەوە) . هەورەها لە دیدی مارکسەوە بنەمای یەکسانی ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩ یەکسانی مۆنادە داخراوەکانە کە لەبارەی مافی ئازادیەوە قسەکرا، دواجار بنەمای ئاسایش کە لای مارکس (زەمانەتی خۆپەرستی کۆمەڵگای مەدەنیە)، و مارکس دەرکەوتەی لە دەزگای پۆلیسدا دەبینێت.
ئێستا دەبێت ببینین ئەم ڕەخنەیەی مارکس تا چ ئاستێک ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤ ١٩٤٨ دەگرێتەوە؟ وەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد سەرجەم ئەو بنەمایانەی مارکس لە ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤ شۆرشی فەڕەنسیدا ڕەخنەی دەکات، بەڕاشکاوی لە ڕاگەیاندنی ١٩٤٨ دا هاتووە. لەبەرئەوە ڕەخنەی مارکس لە بنەمای ئازادی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی فەڕەنسا، دەتوانێت بەباشی ڕەخنەبێت لە مادەکانی یەکەم و سێهەمی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤ ١٩٤٨. بەهەمانشێوە ڕەخنەی مارکس لە بنەمای یەکسانی کە لە ڕاگەیاندنی ١٧٨٩دا هاتووە، بەمانای ڕەخنەکردنی مادەی یەکەمی ڕاگەیاندنی ١٩٤٨ه وەک زەمانەتی خۆپەرستی کۆمەڵگای مەەنی و دەزگای پۆلیس دەهێنێتە پێشێ. مەسەلەی موڵکایەتی تایبەتی و ڕەخنەی مارکسیانە لێی، پێویستی بە باسێکی دی هەی، چونکە کۆتایهێنان بە موڵکایەتی تایبەتی یەکێک لە دروشمە کلیلیەکانی سیستەمی فکری مارکسیانەیە. ئێمە لێرەدا باسی موڵکایەتی تایبەتی ناهێنینە پێشێ، چونکە ئەم مەسەلەیە بەپێی پێویست بۆ ئەو کەسانە ڕوونە کە ئاشنای تیورەکانی مارکسن. بەڵام نەگونجانی تیورەکەی مارکس بۆ موڵکایەتی تایبەتی لەگەڵ مادەی ١٧ی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤ ١٩٤٨ نابێت ڕێگری لە هێنانەپێشی مەسەلەکانی سەرەوە بکات. مەسەلەی موڵکایەتی تایبەتی مەسەلەیەکی چارەنوسسازە و ناکرێت بە ئاسانی بازدەین بەسەریدا. ئەو ژمارە مارکسیانەی خۆیان بە لایەنگری مافەکانی مرۆڤ دەزانن (دەبێت بگوترێت لەناو ئێرانیەکاندا ئەو ژماەرە مارکسیانەی خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ دەزانن، لەپەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن)، مەسەلەی موڵکایەتی تایبەتی بەشتێکی لاوەکی دادەنێن و دەڵێن کێشە نیە با مافەکانی مرۆڤ (لە ئاراستەی پۆزەتیڤی مێژوودا) جێگیر بێت، ئەوسا بۆ مەسەلەی موڵکایەتی تایبەتیش چارەسەرێک دەدۆزینەوە. بەڵام مافەکانی مرۆڤ قابیلی تەفسیر نیە، کە ئێستا بێین لەملا یان ئەولای کەمبکەینەوە، بۆ ئەوەی تەرازووی مارکسیزم هاوسەنگی خۆی بەدەست بێنێتەوە. ڕەنگە بتوانرێت بگوترێت کە ڕەخنەکانی مارکس لەم ئاراستەیەدا راستگۆیەکی زیاتری هەیە. چونکە قسەکانی زۆر بە ڕوونی و بەشێوەیەکی بڕاوە لەبارەی ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی فەڕەنساوە دەردەبڕێت.
ئێستا گووتنی ئەوەی مارکس سەبارەت بە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ بێلایەن و بێ مەبەستە، قسەیەکی هەڵەیە. چونکە مارکس بێلایەن نیە و ناشتوانێت بێلایەن بێت. ئەو هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ڕاگەیاندی مافەکانی مرۆڤی شۆڕشی فەڕەنسا بە باشی ڕوون دەکاتەوە، لەبەرئەوە هیچ هۆیەک نیە هەمان کار لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی ١٩٤٨دا نەکات. دیارە گەر مارکس تا ئێتستا زیندوو بوایە، مارکسیەکانی ئەمڕۆ دەیانخستە خانەی لیبڕاڵەکانەوە، و دەیانگوت ئەو خۆی هیچ لە قسەکانی خۆی ناگات، یان ئەوەی بوو بە ریڤیسێۆنیزم revisionism چونکە ئەوەی بۆ قسەکەرە مارکسیەکان گرنگە، مەسەلەی تێگەیشتن و تاوتوێکردنی مەسەلەکان نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ ڕوونکردنەوەی لەسەر ڕاستبوونی بیروڕاو کردارەکانی خۆیان. مەسەلەکە لێرەدا ئاشتکردنەوەی زەروریانەی ئەو رەگەزانەی لەدەرەوەی سیستەمی فکری مارکسیدان، لەگەڵ لۆژیکی ئەم سیستەمەدایە. لێرەدا تەختی پرپکرۆستی ئایدۆلۆژیا دەکەوێتە جوڵە و گووتەزا بێگانەکان، بەقەد چوارچێوەیە ئەنتۆلۆجی دەزگاکەی خۆی دەهێنێتە ژورێ. ئایا چارەنووس و کۆتایی مافەکانی مرۆڤیش ئەوەیە بچێتە سەر تەختی پرۆکرۆست، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو (ڕەوتی پۆزەتیڤی مێژوو) بنێت.
هەنوکە پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە ئایا بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ دەبێت لەڕێگەی بەها مارکسیەکانەوە هەڵسەنگێنرێت، یان ئەوەی دەبێت بەها تیوریەکانی مارکسیزم لەپەیوەندیدا بە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤەوە تاوتوێ بکرێت؟. وەک بینیمان مارکس بنەماکانی مافەکانی مرۆڤی فەڕەنسای بە تیورە و بەرنامە سیاسیەکانی خۆی هەڵدەسەنگاند. بەڵام چۆن دەکرێت کات وشوێنی فکریانەی لەدایکبوونی بەرنامە سیاسیەکەی مارکس دیاری بکرێت؟. دەکرێت بە ڕەچاوکردنی ژیاننامەی فکری مارکس سەردەمی لەدایکبوون و ئاشکرا بوونی جەمسەرە سەرەکیەکانی بەرنامە سیاسیەکەی خۆی لە نێوان ساڵەکانی ١٨٤٣ و ١٨٤٨بێت، (واتە ئەو ماوەیەی ڕەخنەی تێزەکانی هیگلێ بۆ دەوڵەت لە مانیفیستی حیزبی کۆمنیست جیا دەکاتەوە). بە وتەی لۆچۆ کەلتی (مارکس کاتێک ڕەخنەی تێزی هێگڵی بۆ دەوڵەتی دەنووسی، هێشتا بە تیورەی کۆمنیستی نەگەیشتبوو. لە ئەنجامی نووسینی ئەم بەرهەمەدا بوو کە بەم ئامانجە گەیشت). ئەو مەسەلە و چەمکانەی مارکس لەم نووسینەدا دەیهێنێتە پێشێ، هەریەکەیان بە نۆبەتی خۆیان سیستەمی فکری مارکس پێکدەهێنن. ئێمە لەم نووسینەدا بەر چەمکی (لەخۆنامۆبوون) دەکەوین. مارکس ئەم چەمکە لە پەیوەندیدا بە (بە بوونی مەزنێتی دەوڵەت) بەکار دەهێنێت. ئەو دەوڵەتەی مارکس دوابەدوای هیگڵ بە (بەرهەمی تازەگەری) ناودەنێت، بەڵام بەشێوەیەکی ئەبستراکت قسەی لەبارەوە دەکات. هەر لەم پەیوەندیدا بەم مەسەلەیەوە مارکس لە وەڵامی پەرەگرافی ٢٧٣ بنەماکانی فەلسەفەی مافی هیگڵ، بەرگری لە دیموکراسی لەبەرامبەر سەڵتەنەتدا دەکات. مارکس دیموکراسی بە (هەقیقەتی سەڵتەنەت) ناو دەنێت، چونکە بەبڕوای ئەو (دیموکراسی ڕەگەزی دەستورە و سەڵتەنەتیش جۆرەکەیەتی). زۆرێک لە تەفسیرکەرانی مارکس ستایشی مارکس بۆ دیموکراسی لەم نووسینەدا وەک دیدی هەمەکی ئەو بۆ ئەم مەسەلەیە سەیر دەکەن. بەڵام گەر مارکس بە دروستی چەمکی دیموکراسی لەبەرامبەر چەمکی سەڵتەنەتی هیگڵیدا دادەنێت، ئەوا لەڕاستیدا تیورەی هیگڵی دیموکراسی ڕەخنە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بە ڕووکەشی وێناکردنی ئەم چەمکە، دەکەوێتە بەر ڕەخنەی هیگڵی دیموکراسی . مارکس دیموکراسی وەک (جەوهەری دەستوری سیاسی) لەگەڵ مەسیحیەتدا وەک (جەوهەری دین) بەراورد دەکات. چونکە بەوشێوەیەی مارکس مەسیحیەت بە (دین لەئاستی کامڵبووندا) ناو دەنێت، دیموکراسیش بە نوێنەری (سیاسەت لە ئاستی کامڵبووندا) دەزانێت. بەمشێوەیە وەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد، مارکس لەژێر کاریگەری فیورباخدا ڕەخنەی دینی گۆری بۆ رەخنەی سیاسەت. لە مەسەلەی یەهودا مارکس لەڕەخنەکردنی دیموکراسی سیاسیدا دەنووسێت: (( دیموکراسی سیاسی بێ هیچ گومانێک مەسیحیە. چونکە تیایدا مرۆڤ، هەر مرۆڤێک نەک تەنیا یەک کەس، خۆی وەک بوونەوەرێکی فەرمانڕەوا و بوونەوەرێکی باڵا دەسەلمێنێت)) . لەبەرئەوە دیموکراسی سیاسی شۆڕشی فەڕەنسا (ئامادەکەری ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی ١٧٨٩) لەدیدی مارکسەوە جەوهەرێکی دینی هەیە. وەک دەزانین لەناوچوونی دین لای مارکس، شتێکی زەروریە. لەبەرئەوە گەر دین لەناو دەوڵەتدا ڕووچوو، دەبێت دەوڵەتیش لەگەڵیدا لەناو ببرێت. بەڵام بە وتەی مارکس لە شۆڕشی فەرەنسادا دین کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت بە بەشێک لە دەوڵەتی سیاسی. کەوابوو دەبێت دەوڵەتی سیاسی لەناوببرێت، چونکە ((لە دیموکراسی ڕاستەقینەدا دەوڵەتی سیاسی لەناو دەچێت) .
مارکس لە مەسەلەی یەهودا ڕزگاربوونی سیاسی بە بەس نازانێت، و زەروەرتی ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی دەهێنێتە پێشێ. لە مەسەلەی یەهودا ڕزگاربوونی سیاسی لەپەیوەندیدا بە لەناوچوونی موڵکایەتی تایبەتیەوە دەخاتە ڕوو. لێرەدا هێشتا بەرنامەی سیاسی مارکس، چەمکە سەرەکیەکانی خۆی نەدۆزیوەتەوە. مارکس لە مەسەلەی یەهودا هیچ باسی پرۆلیتاریا ناکات. مارکس چەند مانگ دوای نووسینی مەسەلەی یەهود لەڕەخنەکردنی فەلەسەفەی مافی هیگڵدا ، چەمکی پرۆلیتاریا دەدۆزێتەوە. مارکس دەنوسێت: (( کاتێک پرۆلیتاریا پوکانەوەی سیستەمی جیهانی هەنوکە ڕادەگەیەنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ باسی نهێنی بوونی خۆی دەکات، چونکە پوکانەوەی واقعی لە سیستەمی جیهانیدایە.
کاتێک پرۆلیتاریە داوای نەفیکردنی موڵکایەتی تایبەتی دەکات، ئەوا بەمکارەی ئەوەی کۆمەڵگا وەک بنەمای پرۆلیتاریا دەیخاتە ڕوو، ئەوەش کە پرۆلیتاریا لە پێشەوە و نەویستانە وەک ئەنجامی نێگەتیڤی کۆمەڵگا لە خۆیدا دەریدەخات، بنەمای کۆمەڵگا پێشدەخات.. وەک چۆن فەلسەفە لە پرۆلیتاریادا (چەکی مادی) خۆی دەدۆزێتەوە، هەرواش پرۆلیتاریا لە فەلسەفەدا چەکی مەعنەوی خۆی دەدۆزێتەوە. هەرئەوەندەش تروسکەی ئەم بیرکردنەوەیە لەناو قوڵای ئەم زەمینە ساوێلکەکەیەی خەڵکدا بدرەوەشێتەوە، ڕزگار بوونی ئەڵمانیەکان بۆ مرۆڤ بەدەست دێت…نهێنی ئەم ڕزگاربوونە فەلسەفەیە. دڵەکەی پرۆلیتاریایە، فەلسەفە ناتوانێت خۆی بەبێ بڵندکردنەوەی پرۆلیتاریا بەدی بێنێت، و پرۆلیتاریاش ناتوانێت بەبێ بەدیهاتنی فەلسەفە خۆی بڵند بکات )) . بەرنامەی سیاسی مارکس لێرەدا هەنگاوێکی دی دەچێتە پێشێ. بەڵام هێشتا مارکس سەرکەوتوو نەبووە لەوەدا کە سیستەمی بیرکردنەوەی عەقڵانی خۆی بدۆزێتەوە. ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی بەدەستی پرۆلیتاریا مەسەلەیەکە، و دیاریکردنی هەقانیەتی مێژووی پرۆلیتاریا شتێکی دی. ئێستا با ببینین چۆن بەپێی تیورەی مارکس مێژوو هەقانیەتی پەیامی دژ بە پرۆلیتاریا دیاری دەکات. مارکس یەکەمجار لە ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵدا لەبارەی وەزیفەی مێژووەوە دەنوسێت: ((ئەرکی مێژوو ئەوەیە پاش ئەوەی ڕێگرەکانی هەقیقەت لەناوچوون، هەقیقەت دنیا سەقامگیر بکات)) . وەک پێشتر بینیمان هەقیقەتی دنیا بۆ مارکس ڕزگاربوونی مرۆڤایەتیە، کە ڕزگارکەری خۆی لە پرۆلیتاریادا دەدۆزێتەوە. بەڵام ئایا لێرەدا دەوری پرۆلیتاریا کورت دەبێتەوە بۆ کرداری کۆمەڵایەتی کرێکاران، یان ئەوەی ئیرادەیەکی خودایی لەسەرو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە، ئاراستەی مێژووی مرۆڤەکان دیاری دەکات؟ وەڵامی مارکس بۆ ئەم پرسیارە وورد و ڕوونە. مارکس لە خێزانی پیرۆزدا دەنوسێت: ((ئەوەی ئەم یان ئەو پرۆلیتاریا یان تەنانەت سەرجەم پرۆلیتاریا چ شتێک لە ساتەوەختێکدا دەکەن، گرنگ نیە. گرنگ ئەوەیە پرۆلیتاریا لە ڕووی مێژوویەوە لەسەرێتی و دەبێت بەپێی ئەم بوونە کاربکات. ئامانج و کرداری مێژووی پرۆلیتاریا بەشێوەیەکی ڕوون و دیار و حەتمی بۆی داریکراوە…)) .
لێرەدا یەکێک لە بەرجەستەترین نمایشە تیوریەکانی (مەکری عەقڵی مێژوویی) کە مارکس لە هیگڵەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە، دەبینین. هەنوکە ببینین ئەم تیورەیە لای هیگڵ چۆن دەردەبڕێت. هیگڵ دەنوسێت: ((تەنیا بیرکردنەوەیەک کە فەلسەفە (بۆ تاوتوێکردنی مێژوو) دەیهێنتە ئاراوە، بیرکردنەوەی سادەی عەقڵە- واتە ئەو بیرکردنەوەیەی کە عەقڵ بەسەر جیهاندا فەرمانڕەوایی دەکات، و لە ئەنجامدا مێژووی جیهانیش، ڕەوتێکی عەقڵانی هەیە…عەقڵ هێزێکی بێ سنوورە، واتە ئەوەندە هێزی هەیە بتوانێت شتێکی باڵاتر لە ئامانج و دەبێتی پەتی دروست بکات کە گوایە لە جێگەیەکی نەناسراو و لەسەر واقعەوە، یان و ەک شتێکی ئەبستراکت لە بیری هەندێک مرۆڤدا هەبێت. عەقڵ ناوەڕۆکێکی بێ کۆتاییە. هەقیقەت و خودی هەموو شتێکە، عەقڵ مادەی خۆی لەخۆیدایە و بەکردارەکانی خۆی پەروەردەی دەکات. هەرچی لە جیهاندا دیارە جگە لە عەقڵ هاوتای شەرەف و شکۆی عەقڵ نیە..)) .
پەیامی مێژووی پرۆلیتاریا کە مارکس باسی دەکات لەزۆر ڕوەوە هاوشێوەی عەقڵی مێژووییە. کەوابوو بە باشی دەبینین کاریگەریەکانی فەلسەفەی هیگڵ قوڵترە لەوەی مارکس بە چەند ئیستعارەیەکی دووبارە خۆی لێ ڕزگار بکات، وبە پێچەوانەی وێنای زۆرێک لە قوتابخانە مارکسیەکان کە ڕەخنەی مارکسیانەی هیگڵ بە دابڕانێکی مەعریفی دەزانن بۆ دەستگەیشتن بە زانستی مێژوو ، دیدی مێژووی مارکس بەردەوام زیندانی جەوهەری فەلسەفەی مێژوویی هیگڵ ماوەتەوە. وەک بینیمان (تیورەی مەکری عەقڵی مێژوویی) ئەو هێنانەوەی لە کتێبی خێزانی پیرۆزی مارکس و ئەنگڵز هێنامانەوە، بە ڕوونی دیارە، بەڵام لەبەرئەوەی هەمیشە یەک نموونە بە ئاوارتن دادەنێن، و تائەوکاتەی ئاوارتنەکە نەبێت بە ڕێسا، قسەکە لەلایەن مرۆڤەکانەوە قەبوڵ ناکرێت. لەبەرئەوە لێرەدا هەوڵدەدەین نموونەی دی بۆ ئەم بابەتە بهێنینەوە. مارکس نزیک ساڵێک پاش خێزانی پیرۆز لە نوسینێکی ناتەواودا بەناوی ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی هەنگاوێکی دی بە ئاراستەی سیتسماتیک کردنی بیرکردنەوەی مێژووی خۆی دەنێت. تیورەی ((مەکری مێژوو)) بە ڕوونی لەم نووسینەدا دەردەکەوێت. ئێمە لێرەدا ئاماژە بۆ چەند بەشی ئەم نووسینە دەکەین. مارکس لەگەڵ ئەنگڵزدا لە ئایدۆلۆژیای ئەڵمانیدا دەنووسێت:(( ڕزگاربوونی هەر تاکەکەسێک لەکاتێکدا دێتە دی کە مێژوو بەشێوەیەکی کامڵ بگۆڕێت بۆ مێژووی جیهانی)) .
مارکس ئەم ڕزگاربوونە لە شۆڕشی کۆمنیستیدا دەبینێت کە لەڕوانگەی مارکسەوە جیاوازیەکی سەرەکی لەگەڵ شۆڕشەکانی دیدا هەیە: ((تا ئەمڕۆ سەرجەم شۆڕشەکان شێوەی کاروبارو مەسەلەکانیان وەک خۆیان هێشتۆتەوە…لەکاتێکدا شۆڕشی کۆمنیستی بە ڕاپەڕین دژی شێوە نەریتیەکانی شتەکان، خۆی لە کار ڕزگار دەکات و بە لەناوبردنی چینەکان، باڵادەستی سەرجەم چینەکان کۆتای پێ دێنێت. لەبەرئەوەی ئەم شۆڕشە بەرهەمی چینێکە کە چیدی پلەیەکی چینایەتی لە کۆمەڵگادا نیە، و وەک چین ناناسرێتەوە، لەبەرئەوە لەم ساتەوەختەوە، ئەم چینە دەرکەوتی لەناوچوونی سەرجەم چینەکان، سەرجەم نەتەوەکانە …لە شانۆی کۆمەڵگای هەنوکەدا)) . مارکس لەسەری دەڕوات و دەنوسێت: ((ئەوە هەموجار دروشمی ئازادی نیە مرۆڤەکان لەپەیوەندیدا پێوەی خۆیان رزگار کردووە، بەڵکو هێزە بەرهەمهێنەرە هەبوەکان ڕێگەپێدەر و دروستکەری ئەم ڕزگاریە بوون)) . مارکس لەهەمان ساڵدا لەنامەیەکدا لەبەرواری ٢٨ دیسەمبەر ١٨٤٦دا بۆ پۆل ئانانکۆڤ ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەکی باشتر ڕووندەکاتەوە: ((کۆمەڵگا لەهەرشکڵێکدا بێت چیە؟ بەرهەمی کاری دولایەنەی مرۆڤەکانە. ئایا مرۆڤەکان لە هەڵبژاردنی ئەم یان ئەو شکڵی کۆمەڵایەتیدا ئازادن؟ بەهیچ شێوەیەک…پێویست ناکات بڵێین مرۆڤەکان توانای هەڵبژاردنی ئازادی هێزەکانی بەرهەمهێنانی خۆیان (کە بناغەی مێژوویان پێکدەهێنێت) نیە، چونکە هەر هێزێکی بەرهەمهێنان، بەرهەمی ڕەفتاری پێشووە)) .
مارکس لە ١٨ برۆمێری لوی بۆناپارتا جارێکی دی ئەم مەسەلەیە باسدەکات. مارکس دەنوسێت: ((مرۆڤەکان مێژووی خۆیان درووست دەکەن، بەڵام نەک بەشێوەیەکی ئازادانە و لە هەلومەرجێکدا کە خۆیان هەڵیانبژاردووە، بەڵکو لەهەلومەرجێکدا کە ڕاستەوخۆ لە ڕابردووەوە بۆیان بە میرات ماوەتەوە)) .
هەروەها مارکس لەنامەیەکدا بۆ کۆگلمان لە بەرواری ١١ ژانویەی ١٨٦٨ ئاماژە بۆ یاسای ڕێکخەری مێژوو و شێوە مێژووەکانی دەکات و دەنووسێت ((گومانی تیا نیە شێوەی دیاریکراوی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەهیچ شێوەیەک زەروەرتی دابەشبوونی کاری کۆمەڵایەتی بۆ بەشی دیاریکراو لەناو نابات، بەڵکو تەنیا شێوەی ڕوکەشیەکەی دەگۆڕێت. هیچ کاتێک ناتوانرێت یاسا سروشتیەکان لەناوببرێت. ئەوەی لە هەلومەرجە مێژوویی جیاوازدا، توانای گۆڕینی هەیە، تەنیا شکڵێکە کە ئەم یاسایانە لە ڕێگەیانەوە کار دەکەن)) .
ئێستا با سەیری نووسینێکی تری مارکس بکەین کە دەربڕی ناوەڕۆکی پەیامی گرنگی پرۆلیتاریایە لە مێژوودا: ((لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەڵمانیا دادگایەک لەژێر ناوی (نەریت و هەمووانەوە) هەبوو، کە توڵەی تاوانەکانی حوکمڕانی دەکردەوە. هەرکاتێک خانوویەک بە نیشانەی خاچی سوورەوە ببینرایە، ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە خاوەنەکەی بەهۆی (نەریت و هەمووانەوە) دادگای کراوە. لەبەرئەوە ئەمڕۆ سەرجەم خانووەکانی بۆرژوازیەکانی ئەوروپا خاوەن نیشانەی نهێنیئامێزی خاچی سوورن، دادوەر مێژووە، و جێبەجێکەری حوکمەکەش پرۆلیتاریا)) .
هەروەها دوا پەرەگرافی مانفیستی حیزبی کۆمنیست کە هەموو خوێنەران لەبیریانە: ((کۆمنیستەکان مەبەستیان سوککردنی خۆیان بە شاردنەوەی بیروڕا و بەرنامەکانیان نیە، ئەوان بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنن ئامانجەکانیان تەنیا بە ڕووخاندنی هەموو جۆرە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ڕابردوو، بەدەست دێت. با چینە فەرمانڕەواکان لە ترسی وێنای شۆرشی کۆمنیستی لەرزیان لێبێت. پرۆلیتاریا لە کۆت وزنجیر زیاتر هیچی نیە لەدەستی بدات. ئەوان دنیایەکیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بەدەستی بێنن)) . ئەوەی لەم نموونەیەی دواییدا بۆ ئێمە جێگەی گرنگیە، ئەو دەورەیە کە مارکس و ئەنگڵز لە مێژوودا بە توندوتیژی دەدەن.
ئەنگڵز لە ئانتی دۆرینگدا باسی توندوتیژی وەک هۆکارێکی شۆڕش دەکات. بە قسەی ئەو ((توندوتیژی لە مێژوودا خاوەن دەورێکی ترە، دەورێکی شۆڕشگێرانە. یان وەک مارکس دەڵێت مامانی هەموو کۆمەڵگایەکی کۆنە کە کۆمەڵگایەکی نوێی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، یان ئامرازێکە کە بەهۆیەوە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بە لەناوبردنی شێوە سیاسیە مردووەکان، بەسەریدا سەر دەکەوێت)) .
ئەم بەشە لە وتاری مارکس لەبارەی توندوتیژیەوە کە ئەنگڵز ئاماژەی بۆ دەکات، دەکرێت لە نەسکی سیویەک، بەشی هەشتەم، بەرگی یەکەمی کتێبی سەرمایەدا بدۆزرێتەوە. مارکس لێرەدا وشەی (زۆر) لەبەرامبەر وشەی (توندوتیژی)دا بەکاردەهێنێت و دەنوسێت: ((زۆر درووستکەری هەر کۆمەڵگایەکی کۆنە کە لەکاردایە. زۆر بکەرێکی ئابووریە)) . هەنوکە ڕەنگە خوێنەران بپرسن کە مەسەلەی تونوتیژی چۆن لە درێژەی ڕاستەوخۆی دیدی مێژوویی مارکسدا ڕادەوەستێت؟. ئەوەی لای نوسەری ئەم دێڕانە گرنگی هەیە، باسی ئەو پەیوەندیەیە لە نێوان تیورەی (مەکری عەقڵی مێژوویی) و مەسەلەی توندوتیژیدا هەیە. وەک بینیمان مارکس دوابەدوای هیگڵ مێژوو وەک پرۆسەیەکی لۆژیکی دیالکتیکی دەبینێت. ئەم پرۆسەیە لە فەلسەفەی هیگڵدا لە جوڵەی دیاردەناسی ڕۆحدا دەردەکەوێت، کە لەڕێگەی دۆزینەوەی لۆژیکی مێژووییەوە بە هەقیقەتی خۆی دەگات. هیگڵ ئەنجامی ئەم حەماسە دیالکتیکیەی ویژدانی مرۆڤ بە چونیەکی عەقڵ و واقعیەت دەزانێت. بەمشێوەیە هیگڵ واقعیەتی جیهان وەک سەرجەمێکی عەقڵانی دەخاتەڕوو. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە سەرنجی مارکس بۆخۆی ڕادەکێشێت. مارکس لە گوتارێکدا بۆ چاپی دووهەمی کتێبی سەرمایە دەنوسێت: (( ئەو شۆکەی دیالکتیک لەسەر دەستی هیگڵ بەهۆی هەڵخەڵەتاندنەوە تووشی دەبێت، بەهیچ شێوەیەک ڕێگر نیە لەوەی هیگڵ بۆیەکەمجار بەشێوەیەکی کامڵ و هوشیار شێوە گشتیەکانی جوڵەی دیالکتیکی دەربڕیووە. دیالکتیک لای هیگڵ لەسەر سەر ڕاوەستاوە، بۆ ئەوەی ناوەڕۆکە عەقڵانیەکەی لە پێستی عیرفانیەکەی بێتە دەرێ دەبێت هەڵگەڕێنرێتەوە)) . ئەم ((ناوەڕکە عەقڵانیە)ی دیالکتیکی هیگڵی چیە کە مارکس دەیەوێت هەڵیگەڕێنێتەوە؟. لەڕاستیدا ناوەڕۆکی عەقڵانی دیالکتیکی هیگڵ پرۆسەیەکی لۆژیکی – ئیستنتاجیە کە عەقڵ لە ڕێگەیەوە واقعی مێژووی جیهان وەک سەرجەمێکی عەقڵانی هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام چونیەکی تەواوی عەقڵ و واقع پێویستی بە تیورەی ((مەکری عەقڵی مێژووییە)). چونکە عەقڵ تەنیا کاتێک دەتوانێت واقعی جیهان وەک سەرجەمێکی عەقڵانی ڕاگەیەنێت کە بە تەزویر ڕەگەزە ناچونیەک وناعەقڵانیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لەبەرچاو نەگرێت، و فەرمانڕەوایی بونیادی لۆژیکی سیستەمی عەقڵانی خۆی لەبەرامبەریاندا بسەلمێنێت. مارکس ئەم پرۆسە لۆژیکی- ئیسینتاجیەی فەلسەفەی مێژووی هیگڵ وەک میتۆدێک لە سەرمایەدا بەکاردێنێت. مارکس پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە لە گواستنەوە لە کاڵاوە بۆ پارە و لە پارەوە بۆ سەرمایە دەبینێت. لێرەدا مارکس ناوەڕۆکی عەقڵانی لۆژیکی هیگڵی بۆ چونیەکی عەقڵی ئابووری و واقعی جیهان بەکار دەهێنێت، و خوێنەر بونیادی سێ قۆناعی دیالکتیکی هیگڵی لە کۆمەڵەی دیالکتیکی : کاڵا-پارە- سەرمایەدا دەدزۆێتەوە. ئێستا بۆ تێگەیشتنی باشتر لە ڕەوتی درووستبوونی دیالکتیکی سەرمایە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بەرگی دووهەمی گرۆندریسە. مارکس لە پەرەگرافی ٤٦ی فەسڵی چوارهەمی بەرگی یەکەمی گرۆندریسە دەنوسێت: ((ئەو پێشەکیانەی لەسەرەتادا وەک مەرجەکانی درووستبوونی سەرمایەبوون، و بوونیان نەیدەوتوانی دەرئەنجامی کارکردنی سەرمایە بێت، هەنوکە وەک دەرئەنجامی سودخوازی سەرمایەدارانە دەردەکەون، و واقعێکە کە خۆبەخۆ درووستبوون. لێرەدا ئیدی مەرجەکانی درووستبوونی سەرمایە نین، بەڵکو دەرئەنجامی بوونی زیندوو و ئامادەی سەرمایەن. سەرمایە بۆ گەشەکردنی چیدی پێویستی بە پێشەکی دەرەکی نیە، بەڵکو لەسەربنەمای خۆی گەشە دەکات، سەربەخۆی خۆی هەیە و درووستکەری هەلومەرجی مانەوە و پەرەسەندنی خۆیەتی)) . بە دەربڕینێکی دی وەک مارکس دەڵێت: (( پرۆسەی مێژوویی بەرهەمی سەرمایە نیە، بەڵکو پێشەکیەکەیەتی)) .
لێرەوە بەبڕوای مارکس مێژووی مرۆڤایەتی دەرخەری درووستبون و گۆرانی سەرمایەیە. لێرەدا دیدی مێژووگەریانەی مارکس لەهەمان ئاراستەی فەلسەفەی مێژووی هیگڵدا دەوەستێت. هیگڵ لە پێشەکەی چەند وانەیەک لەبارەی فەلسەفەی مێژووەوە دەنوسێت: ((مێژووی جیهان هیچ نیە جگە لە دەرکەوتەی یەک عەقڵ…مێژووی جیهان وێنە و بەرهەمی عەقڵە)) . کەوابوو بە پێی ئەم دیدە مێژووی مرۆڤایەتی هێڵێکی زەروری و دیاریکراوی هەیە، کە وەک یاسای هەمەکی و ناچاریانە (جەبری) و لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ، دیاریکەری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیانە. بەمشێوەیە پەیوەندی نێوان کرێکار و سەرمایەدار بەناچار پەیوەندیەکی زۆردارانەیە، چونکە دەرکەوتنی چەمکی سەرمایە ڕێ بە هیچ پەیوەندیەک نادات ئەمە نەبێت. بە وتەی مارکس: (( نە لە مێژوودا ئەو خەیاڵە خۆشانە هەیە کە گوایە سەرمایەدار و کرێکاران دەستیان خستۆتە دەست یەکەوە، و نە دەکرێت نیشانەکانی لە گۆڕانی چەمکی سەرمایەدا بدۆزرێتەوە)) .
وەک دەبینین مارکس دوابەدوای هیگڵ مێژووی مرۆڤایەتی بە پرۆسەیەکی لۆژیکی ئیستنتاجی خۆ ئاشکراکەری چەمکێک دەزانێت، و هەرلەبەرئەوەش بە درێژکەرەوەی نموونەی ئەنتۆلۆجیای هیگڵی (کە عەقڵانیبوونی سەرجەمێتی واقع ڕادەگەیەنێت) دەزانرێت. مارکس خۆی ئەم مەسەلەیە بەمشێوەیە ڕوون دەکاتەوە: ((گەورەترین شایستەیی دیاردەناسی هیگڵ و ئامانجی کۆتایی دیالکتیکی نیگەتیڤ وەک بزوێنەر و دروستکەر، سەرەتا لەم مەسەلەیەدا کورت دەبێتەوە: هیگڵ خۆدروستکەری مرۆڤ وەک پرۆسەیەک لەبەرچاو دەگرێت..)) . سەرنجدانی مارکس لە مێژوو وەک (پرۆسەیەک) نەک وەک (پێشکەوتن)، لە دیدی هیگڵیانەی مارکسەوە سەرچاوە دەگرێت. هیگڵ لە دیاردەناسی ڕۆحدا ((رەگەزی فەلسەفە بە پرۆسەیەک (ناودەنێت) کە قۆناغەکانی خۆی درووست دەکات و دەبڕێت)) . مارکسیش بەنۆبەتی خۆی مێژووی دەرکەوتنی سەرمایە وەک پرۆسەیەک دەبینێت. جیاوازی سەرەکی لەنێوان (پرۆسە) و (پێشکەوتن)دا لەوەدایە پرۆسە لە قۆناغی دیاریکراو درووستبووە کە هەموویان دەرکەوتەی یەک چەمک، جەوهەر یان وێنایەکە، کە بە ئاراستەیەکی دیاریکراو، و بەهۆی دەرئەنجامێکی مەبەستدارەوە و بەشێوەیەکی دیالکتیکی جوڵە دەکات. لەبەرئەوە پرۆسە بە ناچار جوڵەیەکی یەک هێڵی هەیە کە وەک تیرێک لە کەوانێکەوە دەرچووە، تا دەگاتە نیشانەکەی بە چەند قۆناعێکدا تێدەپەڕێت. بەڵام پێشکەوتن خاوەنی ئەم جوڵەیە نیە. دەکرێت وەک باسکاڵ جوڵەی پێشکەوتن بە جوڵەیەکی پێچاوپێچ و شکاوە ببینین. بەمشێوەیە پێشکەوتن لە مێژوودا وەک جەزر و مەدی دەریا دەچێتە پێشێ و دێتە دواوە. ئێمە لە مێژوودا بەرەو زەمان و شوێنێکی دیاریکراو ناڕۆین، هەر پێشکەوتنێک باڵاگرتنی دیالکتیکی قۆناغی مێژووی پێشوو نیە. لەم ڕوانگەیەوە هەندێک لە دەزگا کۆمەڵایەتیەکانی تەورات چەندانجار پێشکەوتووتر بووە لە بەربەریەتی زۆرێک لە دەزگا کۆمەڵایەتیەکانی ئەم سەدەی دواییە. لەبەرئەوە ڕوانین بۆ مێژوو وەک پرۆسەیەک، تەنیا دەکەوێتە ناو چوارچێوەی بیرکردنەوەی مێژووگەریەوە، کە ئەولەویەتی جەبریەتی جوڵەی مێژوو لەبەرامبەری ئیرادەی مرۆڤدا ڕادەگەیەنێت. بە دەربڕینێکی دی تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان بۆ ئازادی و سەربەخۆی خۆیان لە شانۆی کۆمەڵایەتیدا خەبات بکەن، ڕزگاربوونیان لە دیدی بیرکردنەوەی مێژووگەریەوە تەنیا لە پەیوەندیدا بە دەزگای کۆمەڵایەتی لەپێشەوە دیاریکراو، مانا و چەمکی خۆی وەردەگرێت. ڕێک وەک ئەوەی بڵێین سەرجەم خەباتە مرۆییەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی لە کۆمەڵگا (لەوانەش خەبات بۆ ژینگە، بزووتنەوەی کرێکاران، خەبات بۆ مافی ژنان و خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و..) بە ئاراستەی بەدیهاتنی سوشیالیزم ئەنجام دەدرێت. ئەمڕۆ لە ئەوروپادا زوربەی ئەم بزووتنەوە سەربەخۆیانە لە دژی ئایدۆلۆژیای کۆمنیزم و واقعیەتی سۆشیالیزم ئەنجام دەدرێن (لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری پۆڵەندا، بزووتنەوەی سەوزەکان لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سوید و…خەبات بۆ مافی مرۆڤی ڕێکخراوگەلێکی وەک لێبووردنی نێو نەتەوەیی)، ئایا ئەمە بەمانای ئەوەیە کە هەموو ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە ئازادیخوازانە، لەبەر نەبوونی ڕەنگ وبۆنی کۆمنیتسی بە ئاراستەی پێچەوانەی مێژووەوە هەنگاو دەنێن؟ بەمشێوەیە گەر ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ١٩٤٨ وەک قۆناعێکی پرۆسەی لۆژیکی- ئیستنتاجی مێژوو دابنێین، ئەوا بونیادی دیالکتیکی ئەم پرۆسەیە پێویست دەکات ئەم ڕاگەیاندنە وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی لە شێوەی مێژوویەکی تازەدا بڵند (رفع) بکرێتەوە. لەم حاڵەتەدا دەبێت ببینین ئەم شێوە مێژووە تازەیە چیە کە سەرجەم خەسڵەتە جەوهەریەکانی ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤی هەیە، و بەڵام جۆرە قۆناغێکی دیالەکتیکی کامڵترە. وەک دەبینین لەڕوانگەی ئەم دیدەوە دەزگای کۆمەڵایەتی مافەکانی مرۆڤ وەک ئامانج ناخرێتە ڕوو، بەڵکو قۆناعێکە لە بەجیهانیبوونی ئامانجی سەرەکی. مارکس ئامانجی سەرەکی بەرنامەی سیاسی خۆی بە گەیشتن بە کۆمەڵگای بێ چین لەڕێگەی تێپەڕین بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریدا دەناسێنێت. مارکس لە نامەیەکدا بۆ جۆزێف ڤیدەمایر لەبەرواری ٥ی مارسی ١٨٥٢ دەنوسێت: ((ئەو شتە تازەیەی من هێنام لەم بەڵگەیدا کوردت دەبێتەوە: ١) بوونی چینەکان تەنیا لە پەیوەندیدایە بە قۆناعە دیاریکراوەکانی ئاشکرابوونی مێژووی بەرهەمهێنان. ٢) خەباتی چینایەتی بەناچار بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا دەگات. ٣) ئەم دیکتاتۆریە خۆی وەک قۆناعێکی تێپەڕە بۆ لەناوچوونی چینەکان و کۆمەڵگای بێ چین)) . بەمشێوەیە مارکس لە ساڵی ١٨٧١ بە ئۆژن ڤرمرش ڕادەگەیەنێت: (( کۆمەڵگا بەشێوەیەکی مێژووی ناچارە بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا تێپەڕێت)) . هەروەها لە نامەیەکدا بۆ فرد بۆڵت لە مێژووی ٢٣ نۆڤەمبەری ١٨٧١ دەنوسێت: ((ئامانجی سیاسی چینی کرێکار دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتی سیاسیە بۆخۆی)) . مارکس لە ڕەخنەی بەرنامەی گۆتادا جارێکی دی دێتەوە سەر ئەم باسە: (( لەنێوان کۆمەڵگای سەرمایەداری و کۆمەڵگای کۆمنستیدا قۆناغی شۆڕشگێرانەی گۆڕینی یەکێکیان بۆ ئەوی دی دێتە پێش. سەبارەت بەم قۆناغە قۆناغێکی گۆڕانی سیاسی هەیە کە بەدرێژاییەکەی دەوڵەت هیچ نیە جگە لە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا)) . جەختکردنەوەی زیاد لە سنووری مارکس لەبارەی چەمکی (دیکتاتۆری پرۆلیتاریا) ڕێگرێکی تازەیە بۆ هێنانە ئارای مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ لە سیستەمی بیرکردنەوەی مارکسیانەدا. ئەوەی مارکس ڕەگوڕیشەی مێژووی ئەم چەمکەی لە چ ئەزموونێکی کۆمەڵایەتیەوە وەرگرتووە، تەنیا گرنگیەکی کۆرنۆلۆجی هەیە. مەسەلەی سەرەکی کە بۆ خوێنەری مارکس دێتەپێشێ، شێوەی سوودوەرگرتنی مارکسە لە وشەی دیکتاتۆری لە چەمکی (دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا). بۆچی دیکتاتۆری، نەک دیموکراسی؟ هیچ کەس گومانی لەوە نیە کە مارکس وەک تیورەداڕێژەرێکی سیاسی بە ئاگا بە باشی جیاوازی نێوان ئەم دوانەی دەزانی. کەوابوو سوودوەرگرتنی مارکس لە وشەی (دیکتاتۆری) هوشیارانە و بەمەبەستە. مارکس دەیتوانی لێرەدا بە باشی لەبری وشەی دیکتاتۆری وشەی دیموکراسی بەکار بهێنێت. بەڵام ئەمەی نەکرد. لەبەرچی؟ ئایا ئەمە بەمانای ئەوەیە مارکس دژی دیموکراسی و لەگەڵ دیکتاتۆریەتدایە؟. گومانی تیا نیە ئەم ئەنجامگیریە لەبارەی کەسێکی وەک مارکسەوە کە بەردەوام و بەدرێژایی ژیانی خۆی خەباتی بۆ ئازادیەکانی هاوڵاتیانی کرێکاران کردووە، بێ بناغە دەردەکەوێت. هەرچەندە ناکرێت لێرەدا باسی مارکس وەک بەرگریکاری مافەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکرێت. چونکە مارکس بەرگری لەو کەسانە دەکرد کە بەبڕوای ئەوە لەمافی هاوڵاتیبوون بێبەشن. بە وتەی ڕۆبڵ ((مارکس تەنیا لەبارەی کرێکارانەوە قسەی نەکردووە، بەڵکو لەگەڵ کرێکاران و بۆ کرێکاران قسەی کردووە)) . بەڵام ئایا ئەمە بۆ بۆرژوازیش ڕاستە؟ نا! بۆرژوازی بابەتی قسەکردنی مارکسە، بەڵام مارکس قسە لەگەڵ بۆرژوازی و بۆ بۆرژوازی ناکات. لەبەرئەوە بۆرژوازی لەبەرنامەی سیاسی مارکسدا دەورێکی نێگەتیڤی هەیە. لەبەرنامەی سیاسی مارکسدا پرۆلیتاریا تاکە بکەری کۆمەڵایەتی سیاسەتی کۆمەڵگای داهاتووە. بە دەربڕینێکی دی ئەگەر پرۆلیتاریا بۆ ڕزگارکردنی خۆی ناچار بە ڕوخاندنی بۆرژوازیە، کەوابوو لەڕووی لۆژیکەوە بەرگریکردن لە مافەکانی هاوڵاتیان بۆرژوازی، ناتوانێت بچێتە ناو بەرنامەی مارکسەوە. مارکس لەناوچوونی بۆرژوازی بەدەست پرۆلیتاریا بەکردەیەکی مێژوویی پێویست دەزانێت. بەڵام هەروەها جەخت لە ڕەهەندی زۆرکردنی ئەم کردە کۆمەڵایەتیە دەکاتەوە و هاوڕا لەگەڵ ئەنگڵزدا لە مانیفێستدا دەنوسێت: ((پرۆلیتاریای هەر وڵاتێک دەبێت پێش هەموو شتێک کۆتای بە بۆرژوازی خۆی بهێنێت…پرۆلیتاریا بناغەی دەسەڵاتخوازی خۆی لەسەر بنەمای ڕوخانی بەزۆری بۆرژوازی دادمەزرێنێت)) . سودوەرگرتن لە وشەی (زۆر) لێرە بەڕێکەوت نیە، چونکە لە دیدی مارکسەوە پەیامی مێژووی پرۆلیتاریا بۆ رزگاری مرۆڤایەتی، تەنیا لەڕێگەی توندوتیژی شۆڕشگێڕانەوە دەشێت. دامەززراندنی دەزگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریا (هەرچەندە ماهیەتێکی کاتی وتێپەڕی هەیە) پێویستی بە لەناوچوونی بۆرژوازیە. لەم حاڵەتەدا تەنانەت گەر قەبوڵمان بێت کە مارکس وشەیەکی لەبارەی کوشتنی مرۆڤە بۆرژوازەکانەوە نەنووسیوە، بەڵام گومانی تیا نیە مارکس توندتویژی بە ئامرازێک بۆ لەناوبردنی بۆرژوازی زانییووە.
ئەمە ئەو مەسەلەیەی کە هانا ئارنێتیش بە کوردت لە کتێبی شۆڕشدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئارنێت لەمبارەیەوە دەنوسێت: ((مارکس و لینین بیریان لە بونیای دەوڵەتە تاک نەتەوەییەکانیان دەکردەوە، لەمڕوەوە شۆڕشیان بەئامرازێک دەزانی بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات و دەسەڵاتیشیان بەمانای سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی توندوتیژی دەزانی)) .
لێرەوە یەکێکی تر لەو مەسەلانەی گونجانی نێوان بەرنامەی سیاسی مارکس (نەک کەسایەتی خۆی) و مافەکانی مرۆڤ ئەستەم دەکات، مەسەلەی شۆڕش و ڕوخانی بەزەبری کۆمەڵگای بۆرژوازیە. ئەگەر مافەکانی مرۆڤ بە یەکێک لە دەزگا یاساییەکانی کۆمەڵگای بۆرژوازی بزانین، و هەروەها قەبوڵی بکەین کە ئامانجی بەرنامەی سیاسی مارکس لەناوبردنی کۆمەڵگای بۆرژوازیە، ئەوا بەو ئەنجامە دەگەین کە دەزگای کۆمەڵایەتی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ لەناوچوونی کۆمەڵگای بۆرژوازیدا لەناودەچێت. کەوابوو لێرەدا دەبێت لەنێوان دەزگای یاسایی مافەکانی مرۆڤ وەک دەزگای کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مەدەنی بۆرژوازی، و بەرنامەی سیاسی مارکسدا یەکێک هەڵبژێرین. وا نەبێت دەکرێت مافەکانی مرۆڤ وەک وتەی خودایی بخەینە سەرو کۆمەڵگای بۆرژوازیەوە و ئەو ئەنجامە وەرگرین کە بە لەناوچوونی کۆمەڵگای بۆرژوازی و نەمانی لە کۆمەڵگای بێ چیندا، هیچ لە ماهیەتی مافەکانی مرۆڤ ناگۆڕێت وەک سەرچاوەیەکی بان- کۆمەڵایەتی. بەڵام مافەکانی مرۆڤ یەکێک لە گرنگترین ڕەگەزە دروستکەرەکانی فەزای گشتی کۆمەڵگای مەدەنیە. لێرەوە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، هۆی پێویست بەڵام بەس نیە بۆ دیموکراسی لە کۆمەڵگایەکدا. یەکێکی دی لە ئامانجەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕێگریە لە باڵادەستی فەزای گشتی بەسەر فەزای تایبەتی مرۆڤەکاندا، لەڕێگەی پاراستن و جیابوونەوەی نێوان ئەم دوو بوارە کۆمەڵایەتیە. ئەم جیابوونەوەیە لە بیرکردنەوەی سیاسی تازەدا وەک جیابونەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی دەردەکەوێت. بەڵام وەک پێشتر بینیمان یەکێک لە پایە گرنگەکانی بەرنامەی سیاسی مارکس، سڕینەوە و نەمانی جیابوونەوەی کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەتە، لەڕێگەی شۆڕشەوە و بە ئاراستەی درووستکردنی کۆمەڵگایەکی مێژوویی تازە. بەپێی ئەوەی گوتمان مەسەلەی شۆرش یەکێکە لەو مەسەلانەی ئاشتکردنەوەی تێزی مارکسیزم و مافەکانی مرۆڤ بە کردەوە ئەستەم دەکات. هەنوکە وەرن ئەم مەسەلەیە بە شێوەیەکی وردتر تاوتوێ بکەین.
بێگومان ئەوەی لەهەر شۆڕشێکدا گرنگی پەیدا دەکات، مەسەلەی دامەزراندنی ئازادیە. بەڵام ئایا تاکە ڕێگە بۆ دامەزراندنی ئازادی شۆڕشە، یان دەکرێت ڕێگەی کۆمەڵایەتی دیش هەبێت بۆ ئەوەی هەڵیبژێرین؟ بەبڕوای نووسەر مرۆڤانەترین ڕێگەی دەستگەیشتن بە ئازادی سیاسی، واتە بەشداری تاکەکانی کۆمەڵگا لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، لەڕێگەی بەرگری مەدەنیەوە مومکینە. گونجاترین ڕێگە بۆ دەستگەیشتن بە مافەکان، و شێوەکانی تری بەرگری مەدەنی کە بە ئاراستەی نەفیکردنی توندوتیژی ئەنجامدەدرێت، گونجاوترین ڕێگەیە بۆ دەستگەیشتن بە مافە داواکراوەکان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا. کەوابوو بەشێوەیەکی تر دەبێت بۆ گۆڕینی دەزگا کۆمەڵایەتیەکان لەنێوان شۆڕش و ڕیفۆرمدا یەکێک هەڵبژێرین. ڕیفۆرم بریتیە لە گۆڕینی دەزگا کۆمەڵایەتیەکان بە بێ پانابردن بۆ توندوتیژی، لەکاتێکدا شۆرش گۆڕین و گۆڕانی ئەم دەزگایانەیە لەڕێگەی لەناوبردنی مرۆڤەکان و شتەکانەوە. ئێستا دەبێت ببینرێت بیرکردنەوە و کرداری مافەکانی مرۆڤ لە شۆڕشەوە نزیکترە یان لە ڕیفۆرمەوە. بێگومان مافەکانی مرۆڤ تێزگەلێکی شۆڕشگێڕانە نین، چونکە لەسەر بنەمای ڕیفۆرمی کۆمەڵگا لە ڕێگەی یاساو بێ دەستبردن بۆ توندوتیژی ئەنجام دەدرێت. لە دیدی مافەکانی مرۆڤەوە گۆڕینی دەزگای سیاسەت لە کۆمەڵگایەکدا بە ڕیفۆرمی دیموکراتی یاسا وەک فەزایەکی گشتی و سەربەخۆی بڕیاردان لەبارەی مەسەلە کۆمەڵاتیەکانەوە دەهێنرێتە پێشێ. لێرەوە مافەکانی مرۆڤ ناکۆکیەکی جەوهەری لەگەڵ سیاسەتێکدایە کە بەمانا ستراتیژیەکەی بەدەستهێنانی دەسەڵاتە لەڕێگەی باڵادەستبوون و حوکمڕانی گروپێکی کۆمەڵایەتیەوە بەسەر ئەندامانی تری کۆمەڵگادا. لەلایەکەوە بەرنامەیەکی شۆرش کە توندوتیژی بە تاکە ڕێگەی لەناوبردنی ملەکچی و کۆیلەیەتی دەزانێت، بە ئاراستەی پێجەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤەوە کار دەکات. بە قسەیەکی دی بە توندوتیژی ناتوانرێت دژی ملکەچی و کۆیلەیەتی خەبات بکرێت، چونکە توندوتیژی خۆی دروستکەری ملکەچی و کۆیلەیەتیە.

سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

ناردن: