کانڤاسە سپییەکە؛ ڕۆمانێکی پەروەردەیی بۆ گەنجان

Loading

ڕانانی: ئیدریس عەلی
بێگومان بە هۆی وەرگێڕانەوە، تا ئەندازەیەکی باش کتێبخانەی کوردی و خوێنەر، ئاشنابوون بە ئەزموونی فکری و فەلسەفە و کولتوور و ئەدەبیاتی دنیا، ئەو سەرچاوانەی هەنووکە لە شێوەی کتێب لە بەردەستدان، بایی ئەوەندەن کە لە هیچ ڕوویەکەوە پەکمان نەکەوت بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین و خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن، بەڵام لە لایەن نێوند و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەوە، کەمترین ئاوڕ لە ئەدەبیاتی گەنجان دراوەتەوە، کەمترین بایەخ و گرنگیی بەم توێژە هەستیارەی کۆمەڵ دراوە، لە ڕووی پەروەردەی تەندروست و ڕۆشنبیریی گشتییەوە، ڕاستە لە نێو ئەدەبیاتی دنیادا، پانتاییەکی فراوان بۆ ئەدەبی گەنجان بەخشراوە و لەو ڕووەوە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر کە تایبەتن بەو قۆناغەی مرۆڤ، چاپ و بڵاوبوونەتەوە، بەڵام وەرگێڕکارانی ئێمە، کەمتر ئاوڕیان لە وەرگێڕانیان داوەتەوە، من بێگومانم ئەمە لەو ڕووەوە نییە کە وەرگێڕکارانی کورد، بە چاوی پڕ لە بایەخ و گرنگییەوە، لەم ئەدەبە نەڕوانن، بەڵام گومانم هەیە لە نێوەندەکانی خێزان و قوتابخانە و یەکەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، گەنجان و مێردمنداڵان، بە باشی لە ڕووی پەروەردەوە ئامادەکرابن، یاخوود هاندرابن بۆ خوێندنەوە، بۆیە لەو ڕووەوە تا ئەندازەیەک چ وەرگێڕکاران، چ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ترسیان لەوە هەیە بە وەرگێرانی ئەو کتێبانەی تایبەتن بە گەنجان، کتێبەکان لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان تۆز بیانگرێت و دەستی خوێنەریان نەگاتێ.
سەرباری کۆمەڵێک هەوڵی لێرە و لەوێ لە ڕابردووەدا کە هەندێک کتێب و ئەدەبیاتی تایبەت بە منداڵان و گەنجان چاپ کران، لە ئێستادا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، یەکێک لە باشترین کتێبەکانی تایبەت بە دنیای گەنجان، چاپ و بڵاوکردووەتەوە، ئەویش کورتە ڕۆمانی (کانڤاسە سپییەکە)یە، کە لە لایەن عومەر ڕەسوڵ، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا ئەم ڕۆمانە لە کتێبفرۆشییەکاندا بەردەستە، دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێن کە ڕۆمانەکە بۆ خۆی چەند جوان و خاوەن ڕەهەندی قووڵی پەروەردەییە، هێندەش خودی زمانی وەرگێرانەکە، چێژی زیاتری داوە بە ڕۆمانەکە، بێگومان ئەمەش وا دەکات خوێنەر زیاتر وابەستە بێت بە خودی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانەوە.
ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی خانمە نووسەری هۆڵەندی (سێلما پێرمێنتێر)ە وەک ڕۆمان، ئەم خانمە نووسەرە، خۆی لە بواری هونەری شێوەکاریدا کار دەکات و ئەزموونێکی پڕ و دەوڵەمەندی هەیە، ئەم ڕۆمانە یەکەم هەوڵی ئەوە لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا، بەڵام پێشتر ئەزموونی نووسینی دیکەی هەبووە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا، شێوەکاربوونی ئەم خانمە هۆڵندییە، بە خودی ڕۆمانەکەشەوە ڕەنگی داوەتەوە و شاکەسی ڕۆمانەکە کچێکە بە ناوی ساناوە، کە دواجار پاش بڕینی چەندین قۆناغی ژیان و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیی و سەختییەکانی ژیان، دەبێت بە هونەرمەندێکی شێوەکار، ئەگەرچی تارمایی ئەو کێشە و سەختیانەی ژیان هەر بە شوێنیەوەن و وەک کابووس لە خەیاڵ و بەرچاوی لاناچن، بەڵام سەرەنجام بە یەکێک بە ئاواتەکانی منداڵی دەگات، ئەویش بوون بە هونەرەمەندە و کارکردنە لە دنیای وێنەکێشاندا، وێنەکێشان هەر لە سەرەتاوە لای سانا، هۆیەک بووە بۆ وەڵامدانەوە بە تەنیایی و بیر و خەیاڵ و خەون و پرسیارە زۆرەکانی.
بە گشتی وەک ئاماژەم پێ دا، ئەم ڕۆمانە چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە بە ناوی سانا، چیرۆکەکە لە تەمەنی دە ساڵانەوە دەست پێ دەکات تا بیست و پێنج ساڵی، سانا لە خێزانێکی نا ئاسایی چوار کەسیدا دەژی، خوشکەکەی و دایک و باوکی، خوشکەکەی ناوی ئارینایە و لە خۆی گەورەترە، سەرکێشە و ئێوارەیەک بە هۆی دەمەقاڵێیەکی خێزانییەوە ماڵەکە جێ دەهێڵێت و بوونی وەک ناویش لە نێو خێزانەکەدا دەسڕدرێتەوە، پاش پازدە ساڵ، بە خەیاڵ یاخود ڕاستی سانا دەبینێتەوە، سانا هەر لە تەمەنی دە ساڵانەوە کە ئێمە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا پێی ئاشنا دەبین، منداڵێکی گۆشەگیر و تەنیا و نائاساییە، خەونی هەیە و لە ژوورەکەیدا تابلۆی ئەو دیمەنانە دەکێشێت کە لە خێزانەکەدا ئازاری دەدەن، وەک دەمەقاڵێی دایک و باوکی، لووتبەرزیی و بێمنەتیی و فرتوفێڵی خوشکە گەورەکەی، واتە دەتوانین بڵێین لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە ئێمە بە کچێک و خێزانێکی نائاسایی ئاشنا دەبین، نا ئاسایی سانا لە بلیمەتی و خەون و خولیا و پرسیارە قووڵەکانیدایە سەبارەت بە خۆی و دنیا و ژیان، نائاسایی خێزانەکە لە بوونی باوکێکی دڵڕەق و دایکێکی هیلاک و ژیانێکی دوورەپەرێیزدایە، خێزانێکی سارد لە گشت لە ڕووەکانەوە.
گۆشەگیری و تەنیایی و نامۆیی سانا، سنووری ماڵەکە دەبەزێنیت و تەنانەت لە گۆڕەپانی قوتابخانەش، کاتێ منداڵان خەریکی یاریکردن و دڵیان خۆشە، ئەم لە دوورەوە تەماشایان دەکات و تێکەڵیان نابێت، سەرەنجام کاتێک دایک و باوکی درک بەوە دەکەن کە کچەکەیان دووجاری حاڵەتی تەنگەژەی دەروونی بووە، بۆ چارەسەر دەیبەنە سەنتەری چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان و جێی دەهێڵن، ئەم جێهێشتنە یەکجارەکییە و لە ماوەی ئەو گشت ساڵانەدا نە دایکی نە باوکی نایەن بۆ سەردانی و چ هەواڵێکی ناپرسن، سانای منداڵ لە سەرەتادا زۆر بیر لەوە دەکاتەوە و هەمیشە لە دڵی خۆیدا دەپرسێت: چما دایک و باوکم بیرم ناکەن؟ ئەدی بۆچی نایەن بۆ لام و سەردانم ناکەن؟
سەرەنجام سانا لەگەڵ ئەو دۆخەدا ڕادێت و دایک و باوک و ئەرینای خوشکە گەورەشی لەیاد دەکات، ئیدی لە نێو چیرۆکی پڕ لە ڕوودا و بەسەرهاتی سەنتەرە دەروونییەکەدا، دەبێت بە کاراکتیەرێکی ناڕازی و تووڕە و پڕ لە پرسیار، کە دەشبینێت هیچ کام لە چارەسەرییە دەروونییەکان وەڵامی پرسیار و گومان و خەونەکانی نادەنەوە، هەوڵ دەدات پشت بە خۆی و تواناکانی خۆی ببەستێت، سەیر لەوەدایە سانا لە سەنتەرەکەدا وەک نەخۆشی دەروونی تەماشای دەکەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، کەچی لە دەرەوە وەک مرۆڤێکی ساغڵەم و بیرکەرەوە و بەڕێز لێی دەڕوانن، بە تیابەت لەو کاتەدا کە خۆبەشانە دەچێتە یانەیەکی سەرپەرشتی منداڵانەوە و ڕاهێنان بە منداڵان دەکات، یاخود ئەو کاتەی پاش چەندین ساڵ بڕیار دەدات دەست بکاتەوە بە خوێندن و کۆلێژی هونەر تەواو بکات، ئێمە سانایەک دەبینین خاوەن توانا و ئیرادە و هێز، سانایەک کە جگە لە تەنیایی و بیرکردنەوە و فەرامۆشکردنی لە لەلایەن خێزانەکەیەوە، هیچ گرفتێکی نییە و لە ڕێی یەکێک لە گەلەرییە شێوەکارەکانەوە تابلۆکانی دەفرۆشێت و لەگەڵ هونەرمەندە بەنێبوبانگەکاندا بەشداری پێشانگا دەکات، یەکێک لە تابلۆ بە ناوبانگەکانی، تابلۆیەکە بە نیوی (دایک) ئەو تابلۆیە هیچ نرخێکی لەسەر نییە و سانا وای داناوە لە خۆشەویستیی دایکییەوە نابێت بفرۆشرێت، بەڵام پاش پازدە ساڵ کە دایکی دێت بۆ لای و پێێ ڕادەگەیەنێت کە باوکی لە سەرەمەرگدایە و داوا لە سانا دەکات سەردانی باوکی بکات، بەڵام سانا کاتێک بیر لە دڵڕەقیی دایک و باوکی دەکاتەوە کە ماوەی پازدە ساڵ لێیان نەپرسیوەتەوە و لە سەنتەری چارەسەرە دەروونییەکاندا بە تەنیا جێیان هێشتووە، هاوکات کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە بە هەوڵی خۆی بەسەر کێشە و سەرئێشەکانی ژیانیدا زاڵ بووە و گەورەترین خەونی منداڵیی خۆی، کە بوون بە هونەرمەندی شێوەکارییە بە تەنیا هێناوەتەدی، بە تووندی بەرپەرچی دایکی دەداتەوە و بەجێی دەهڵێت.
ئەم ڕۆمانە گەلێ پەند و حیکمەتی تێدایە، سەرەکیترینیان ئەو ڕەهەندە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەیە کە کۆی ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد نراوە، ئەم ڕۆمانە ئامۆژگاریمان دەکات نەرم بین و دوور بین لە زمان و مامەڵەی توندوتیژانە و دڵڕەقانە، ڕێنماییمان دەکات لە نێو خێزان و دەزگاکانی دیکەی کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ منداڵ و مێردمنداڵەکانماندا بکەین، بە دیاریکراوەی ئەم ڕۆمانە سەر بە ئەدەبی گەنجانە و ڕووداوەکان لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوە دەگێڕدرێتەوە و کێشە و سەرئێشەکانی منداڵ و گەنجان بەیان دەکات، بەڵام زۆریش گرنگە گەورەکان بیخوێننەوە، چونکە ئەگەر لە لایەکەوە ئامۆژگاریی گەنجان دەکات و لە کێشە و تەڵەزگەکان ئاگاداریان دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە ڕێنمایی گەورەکان دەکات بە چاوێکی کراوەترەوە لە نەوەکانیان بڕوانن.
بە هیوام هەموان خوێنەری ئەم کورتە ڕۆمانە بن و لێوەی فێری ژیان و مامەڵەی دروست ببن.

ناردن: