ئیڤا جانادان: له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، مه‌سه‌له‌ی ئیسلام به خراپترین شێوه خرایه‌ڕوو
157 خوێندنه‌وه
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
دواجار ژماره‌یه‌كی نوێ له گۆڤاره وه‌رزییه سه‌نگینه‌كه “ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك” بڵاوبوه‌وه. ئه‌م گۆڤاره ده‌یه‌وێت موسڵمانان ڕوناكبكاته‌وه و له عه‌قڵیه‌تی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌ریانبێنێت و بێ زیاد و كه‌م بیانخاته نێو عه‌قڵیه‌تی مۆدێرنه و كه‌شوهه‌وا فراوان و لێبورده‌ییه‌كه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك. پێشینانی مه‌زنیشیان له نمونه‌ی ئیبن ڕوشد و ئیبن سینا و فارابی، هه‌ر وایان كردووه، كاتێك ئه‌وروپایان له تاریكی سه‌ده‌كان ده‌رهێنا و ڕوناكیان كردنه‌وه و یارمه‌تی و كۆمه‌كیان پێبه‌خشین، تاكو ڕێنیسانس و بوژانه‌وه‌ی داهاتوویان به‌ده‌ستبێنن. كه‌واته ئه‌مه كاڵای خۆمانه و بۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ڕۆشنگه‌ری له سه‌ره‌تادا عه‌ره‌بی و ئیسلامی بووه، پێش ئه‌وه‌ی ببێت به ئه‌ورپی. سه‌ره‌تا ئێمه، پاشان ئه‌وان و سڵاو له‌و كه‌سه‌ش ڕێگای ڕاست ده‌گرێت.
گۆڤاره‌كه چه‌ندین به‌شی له‌خۆگرتووه، به‌شی یه‌كه‌م ئیڤا جانادان نووسیویه‌تی؛ كه خانمه توێژه‌رێكی پسۆڕه له كاروباری فیكری ئیسلامی به كۆن و تازه‌یه‌وه. ئه‌م به‌شه بریتییه له خستهڕوویهكی دوور و درێژی ئه‌و كۆمێنت و بیرۆكانه‌ی، له كۆنگره‌ی ده‌زگاكه‌دا هاتبوونه ئاراوه كه به‌م دواییانه له كۆشكی یۆنسكۆ ڕێكخرابوو. دوای كه‌مه‌كێكی دی، به دوور و درێژی ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م به‌شه، چونكه به‌شێكی گرنگ و بایه‌خدار و گشتگیره و قوڵاییه‌كی فیكری هه‌یه.
هه‌رچی به‌شی دووه‌مه، ئه‌م ناونیشانه‌ی له‌خۆگرتووه: ئیسلام و ژینگه یان ئیسلام و جیهانی ئاژه‌ڵان، كێڵگه‌یه‌كی لاهوتی بۆ دۆزینه‌وه یان بۆ سه‌رله‌نوێ دۆزینه‌وه. ئه‌م به‌شه له‌لایه‌ن “ئۆمیرۆ مارۆنگیۆ- بیریا”وه نووسراوه كه زانایه‌كی پسپۆڕه له لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ئیسلام له فه‌ره‌نسا. هه‌روه‌ها زانایه‌كی لاهوتی/ تیۆلۆژییه و سه‌رقاڵی پرۆسه‌ی گفتوگۆیه له نێوان ئاینه‌كان، به‌تایبه‌ت له نێوان ئیسلام و مه‌سیحی، ئه‌مه‌ی خواره‌وه ناونیشانی هه‌ندێك له كتێبه‌كانییه‌تی: كاتی ئه‌وه هاتووه خۆمان له‌و فیكره هه‌ڵانه ڕزگاربكه‌ین كه ده‌رباره‌ی ئیسلام و موسڵمانانه، پاشان كتێبی: موسڵمانه‌كانی فه‌ره‌نسا… نه‌هامه‌تییه گه‌وره‌كه… هتد.
به‌شی سێیه‌می گۆڤاره‌كه، له‌لایه‌ن توێژه‌ری به ئه‌سڵ مه‌غریبی “مه‌روان سیناصر” نووسراوه و ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌یه: ئایا به‌ڕاست له‌چك/ حیجاب ئیسلامییه؟ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئایا حیجاب ته‌نها تایبه‌ته به ئیسلام، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرێك به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون، یان له ئاین و شارستانییه‌ته‌كانی پێشودا باو بووه؟
هه‌رچی به‌شی چواره‌مه كه كۆتا به‌شه، بریتییه له چاوپێكه‌وتنێكی نایاب و دوور و درێژ له‌گه‌ڵ خانمه توێژه‌ری به ئه‌سڵ توركی و خاوه‌ن ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانی: سیران ئاتیس. ئه‌م خانمه ته‌نها نووسه‌ر نییه، به‌ڵكو پارێزه‌ریشه و له به‌رلین نووسینگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، ساڵی 1969 له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی هاتووه بۆ ئه‌ڵمانیا. ئه‌و خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌مه كه تێیدا له‌یه‌ككاتدا و وه‌ك یه‌ك، به‌رگری له مافی ئافره‌ت و مافی پیاو ده‌كات.
سیران ئاتیس زیاد له 35 ساڵه، یه‌كێكه له‌و ده‌نگه گرنگانه‌ی دژ به تووندوتیژی لاهوتی پاتریاركی نهریتخوا دژ به ئافره‌ت، تێده‌كۆشیت. جگه له هه‌مو ئه‌وانه، ئه‌م زانیارییه گرنگه‌ی خواره‌وه‌شی بۆ زیاد ده‌كه‌ین: به‌م دواییانه له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا، مزگه‌وتێكی به‌م ناونیشانه جوانه دروست كردووه: مزگه‌وتی ئیبن ڕوشد- گۆته. ئه‌و سه‌ر به ڕه‌وتی لیبراڵی ڕۆشنگه‌ره له ناو ئیسلام و شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی مزگه‌وتێكی لیبراڵی به ناوی “ئیبن ڕوشد- گۆته”، ئه‌و كاته به خه‌یاڵمدا هات كه بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ، به‌شداریم كرد له كۆنگره گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌رباره‌ی ئیسلام. من ئه‌و مزگه‌وته‌م دوای ئه‌وه دروستكرد، بینیم زۆربه‌ی ڕێكخرا و گروپه ئیسلامییه‌كان له ئه‌ڵمانیا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی توندڕه‌ون و نوێنه‌ری من نین وه‌ك موسڵمانێكی لیبراڵی لێبورده، ئه‌مه له‌لایه‌ك. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موسڵمنێكی رۆحانیم و بڕوام به خودا هه‌یه، ئه‌وا پێویستیم به مزگه‌وتێك بوو، له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌ته ئاینییهكهم و شێوازی ژیانم گونجاوبێت. ئه‌مه‌و، تێبینیم كرد زۆرێك له خه‌ڵكانی موسڵمان له هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز- نێر و مێ- حه‌ز ده‌كه‌ن له ئه‌ڵمانیا مزگه‌وتێكی لیبراڵی ڕۆشنگه‌ر هه‌بێت.
به‌ڵام بۆچی ناوتان ناوه مزگه‌وتی ئیبن ڕوشد- گۆته؟ سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره، توێژه‌ره توركی- ئه‌ڵمانییه‌كه، وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ڕاسته ئیبن ڕوشد عه‌ره‌بێكی موسڵمانه 1126-1198 و سه‌ر به سه‌ده‌یه‌كه ته‌واو جیاوازه له سه‌ده‌ی گۆته‌ی ئه‌ڵمانی مه‌سیحی 1749- 1832، چونكه حه‌وت سه‌ده له یه‌كتریان جیاده‌كاته‌وه. به‌ڵام كۆمه‌ڵێ خاڵی هاوبه‌ش له نێوانیاندا هه‌یه، له‌وانه: هه‌ردووكیان دوو زانای گه‌وره‌ی خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌كی زۆر فراوان بوون. هه‌ردووكیان پرد یان ڕێڕه‌وی به‌یه‌كگه‌یشتنی نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا بوون، هه‌ردووكیان به‌سه‌ر چه‌ندین ئاین و چه‌ندین كه‌لتور و چه‌ندین دیدگا بۆ جیهان كراوه‌بوون. وه‌ك ئاشكرایه ئیبن ڕوشد تا بڵێی كراوه بوو به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی، به‌تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رستۆ. هه‌رچی گۆته‌یه، ئه‌وا به‌سه‌ر شارستانیه‌تی ئیسلامی‌دا كراوه بوو و زۆریش پێی سه‌رسام بووه. له‌م ڕووه‌وه سه‌یری كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی بكه‌ن: دیوانی خۆرهه‌ڵاتی/ الدیوان الشرقی. لێره‌وه هه‌ردووكیان پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌و شتانه كردووه كه خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، به‌یه‌كه‌وه كۆده‌كاته‌وه، نه‌ك ئه‌و شتانه‌ی له‌یه‌كتریان جیاده‌كاته‌وه. هه‌ردووكیان ته‌ركیزیان خستووه‌ته سه‌ر خۆشه‌ویستی و لێكبورده‌یی نێوان ئاینه جیاوازه‌كان، نه‌ك ڕق و كینه و ده‌مارگیری. كه‌واته هه‌ردووكیان بۆ ئێمه سمبولێكی گه‌وره پێكده‌هێنن. ئه‌م سمبوله یارمه‌تیمان ده‌دات تێگه‌شتنێكی نوێ و كراوه و لێكبورده سه‌باره‌ت به ئیسلام گه‌ڵاڵه بكه‌ین. ئه‌و تێگه‌شتنه بووه‌ته تێگه‌شتنێكی زۆر پێویست، تاكو له ڕێگه‌یه‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و تێگه‌شتنه تاریكه ببینه‌وه كه له ئێستادا به لێشاو له نێو ڕه‌وه‌ندی ئیسلامی له خۆرئاوا بڵاوبووه‌ته‌وه. به‌ڵێ، نمونه‌ی باڵای وه‌ك ئیبن ڕوشد و گۆته، یارمه‌تیمان ده‌دات پێكه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ك به ئاشتی و ئارامی بژین، ئه‌گه‌رچی له ڕووی ئاین و عه‌قیده و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژاده‌وه، له‌یه‌كتر جیاوازین.
وه‌لێ هه‌نووكه با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ندێك له ته‌وه‌ره‌كانی كۆمێنته دوور و درێژكان؛ كه له ده‌ستپیكی گۆڤاره سهنگینهكهدا هاتووه و له‌لایه‌ن خانمی تویژه‌ر ئیڤا جانادان-ه‌وه نووسراوه، ئه‌و توێژه‌ره شتێكی ئاوامان پێ ده‌ڵێت: سه‌روه‌ختێك به وردی و له نزیكه‌وه سه‌یری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ین، چی ده‌بینین؟ ئه‌وه ده‌بینین مه‌سه‌له‌ی ئیسلام، له خراپترین ده‌روازه‌یه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو، به‌تایبه‌ت لای گروپه ڕاستڕه‌وه تووندڕه‌وه‌كانه‌وه. مه‌سه‌له‌ی ئیسلام له گۆشه‌نیگای ڕق و كینه و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه خراوه‌ته‌ڕوو، لێره‌دا مه‌به‌ست له مرۆڤی موسڵمانه. به‌ڵام له كایه‌ی ڕاگه‌یاندندا، كه‌سێك نییه، به خه‌ڵكی بڵێت ئیسلام ئه‌وه نییه. كه‌سێك نییه به خه‌ڵك بڵێت ئیسلام له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه ترسناك و تۆقێنه‌ره‌دا نایه‌ته‌وه كه توندڕه‌وه پۆپۆلیسته‌كان ده‌یخه‌نه‌ڕوو. به‌ڵكو جگه له‌مه، تێگه‌شتنێكی دیكه بۆ ئیسلام هه‌یه.
ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی به ویژدان بین و حه‌ق بڵێین، زۆرینه‌ی سه‌ركرده فه‌ره‌نسییه ڕۆشنگه‌ره‌كان، جیاوازی ده‌كه‌ن له نێوان ئیسلام وه‌ك ئاینێكی گه‌وره‌ی رۆحانی و جیهانی، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی تووندڕه و ده‌مارگیر كه هاوسۆزن له‌گه‌ڵ قاعیده و داعش. ئه‌وه ته‌نها سه‌رانی ڕاستڕه‌وی تووندهڕهوه، ئه‌و جیاوازییه ناكه‌ن. لێره‌وه نابێت مه‌سه‌له‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ بكرێن. ناكرێت ڕاستڕه‌وی میانڕه و له‌گه‌ڵ ڕاستڕه‌وی تووندڕه‌و تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكرێن. له‌لایه‌كه‌وه تێكه‌ڵبوون/ الاندماج پرۆسه‌یه‌كی به ئازاره و هاوواتای لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه و دابه‌شبوون دێت. ئه‌مه له كاتێكدایه تابێت جیاكاریی ڕه‌گه‌زی دژ به‌وانه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌كیان مه‌غریبییه، به مانای ته‌واوی وشه‌كه، زیاتر ده‌بێت. به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه دیارده‌یه‌كی پێچه‌وانه ده‌بینین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه فه‌ره‌نسا، وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتی ئه‌وروپی ده‌مێنێته‌وه كه زۆرترین كرانه‌وه‌ی به‌ڕووی ئه‌وی دیكه‌دا، ئه‌وی دیكه‌ی كۆچبه‌ری غه‌ریب، تێدایه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، زۆربوونی هاوسه‌رگیرییه له نێوان فه‌ره‌نسییه ڕه‌سه‌نه‌كان و كۆچبه‌ره موسڵمانه‌كاندا. لێره‌وه، دژبهرهیهكی/ تناقض گه‌وره له‌نێوان كرانه‌وه و داخرانی فه‌ره‌نسا به‌ڕووی ئه‌وانی دیكه‌دا هه‌یه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه فه‌ره‌نسا، ئه‌و وڵاته ڕه‌گه‌زپه‌رسته نییه كه قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن، فه‌ره‌نسا زۆر له‌وه گه‌وره‌تره. فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و شتانه‌دا، وه‌ك وڵاتی ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی فه‌ره‌نسی و جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون ده‌مێنێته‌وه كه له ساڵی 1789، وه‌ك دیارییه‌ك، پێشكه‌شی هه‌مو جیهانی كرد. فه‌ره‌نسا وڵاتی دروشمه بهناوبانگهكهیه كه به پیتی ڕووناكی له‌سه‌ر هه‌مو باڵه‌خانه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسی نووسراوه: ئازای، یه‌كسانی، برایه‌تی.
بۆ ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌كه به شێوه‌یه‌كی قووڵتر، توێژه‌ری گه‌وره و شاره‌زا “حه‌كیم ئهلقروی” ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له گه‌نجانی موسڵمانی فه‌ره‌نسی، له كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسیدا، جێگایه‌كیان بۆ خۆیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، خۆیان فڕێداوه‌ته نێو ئامێزی گروپه “ئیخوانییه‌كان” و سه‌له‌فییه تووندڕه‌وه‌كان. ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نجانه ده‌رفه‌تی كاریان بۆ بڕه‌خسایه و بایه‌خیان پێبدرایه و شوێنێكی گونجاویان هه‌بوایه، ئه‌وا نهدهڕۆشتنه ڕیزی جیهادییه خوێنڕێژهكانهوه. دواتر توێژه‌ره ئه‌م پرسیاره ده‌خاته‌ڕوو: چۆن چۆنی ده‌توانین له‌وه تێبگه‌ین كه له سه‌دا90% تووندڕه‌وه‌كان، ئه‌وانه‌ن كه ڕه‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسی و زمانی فه‌ره‌نسی و كه‌لتوری فه‌ره‌نسییان هه‌یه، ئه‌گه‌رچی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك مه‌غریبین؟ پاشان به تایبه‌تیتر چۆن چۆنی له‌وه تێبگه‌ین كه له سه‌دا 30% ئه‌و تووندڕه‌وانه، فه‌ره‌نسی ئه‌سڵن. ئه‌وانه بۆ یه‌كه‌مجاره هاتوونه‌ته سه‌ر ئاینی ئیسلام و دواتر بوون به جیهادی تووندڕه‌و.
مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، له‌مڕۆ به‌دواوه، چیتر نابێت قسه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه بكه‌ین كه كۆماری فه‌ره‌نسا له‌ده‌ستیداون، به‌ڵكو پێویسته قسه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه بكه‌ین كه كۆماری فه‌ره‌نسا، پشتگوێی خستوون. ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌ڕه‌ك و كۆڵانی هه‌ژارنشین هه‌یه، خه‌ڵكه‌كه‌ی بێبه‌شن له خوێندن و مامۆستا، له پۆلیس و ئاسایش، له پزیشك و نه‌خۆشخانه…هتد. لێره‌وه، تاقه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی تووندڕه‌وی، بریتییه له به‌گه‌ڕخستنی پاره‌یه‌كی زۆره بۆ گه‌ڕه‌كه ئیسلامییه‌كانی قه‌راغ شاره‌كانی فه‌ره‌نسا و پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه و به‌خشینی هیوا و ئومێده به دانیشتوانه‌كانی. ئه‌مه چاره‌نووسی فه‌ره‌نسا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، دڵی فه‌ره‌نسا له‌وێدا لێده‌دات. به‌ڵام هه‌ر له‌وێدا ده‌كرێت دڵی فه‌ره‌نسا له لێدان بكه‌وێت، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئاوڕ له‌م مه‌سه‌له گه‌وره‌یه نه‌داته‌وه؛ ده‌رهێنانی گه‌ڕه پشتگوێخراوهكانی قه‌راغ شاره‌كان، له‌و ته‌نهایی و هه‌ژاری و خهمۆكییهی تێیدان، له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا خه‌ڵكانێكی زۆری بێ ئیش هه‌یه، هیچ ئومێدێك له ئارادا نییه، ئاسۆكان به ڕوویاندا داخراون. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه تا بڵێیت گرنگه و زۆریش گرنگه.
به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه هه‌یه كه گرنگییه‌كه‌ی هیچی له‌وه‌ی دیكه كه‌متر نییه، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش په‌یوه‌سته به نه‌هێشتنی دیارده‌ی تووندڕه‌وی ئاینی و كه‌مكردنه‌وه‌ی و دانانی سنورێك بۆی. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌كی ماددیی نییه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی فیكریشه. ئا لێره‌دا پێویسته له‌سه‌ر ڕۆشنبیران، فیكرێكی نوێی ڕۆشنگه‌رانه، ده‌رباره‌ی كه‌له‌پوره گه‌وره‌كه‌ی ئیسلام، گه‌ڵاڵه بكه‌ن. ئاخر ئه‌وه كه‌له‌پورێكی قه‌به و زه‌به‌لاحی فره ڕووخساره و ناكرێت ته‌نها له ئاقاری تاریكبین كورتبكرێته‌وه كه باوه‌ڕی به “تووندوتیژی پیرۆز” هه‌یه و له ڕووی شه‌رعییه‌وه پاساو بۆ ته‌قینه‌وه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان ده‌هێنێته‌وه. ئه‌مه له ئیسلام نییه، به‌ڵكو له ئیجرامه. باوه‌ڕهێنان به یه‌زدان و تووندوتیژی، دوو شتی دژ به‌یه‌كن و پێكه‌وه كۆنابنه‌وه. تێگه‌شتنی ڕاسته‌قینه له ئیسلام، تووندوتیژی ئاینی حه‌رام ده‌كات و هه‌رگیز ئه‌و تووندوتیژییه‌ی پێ پیرۆز نییه. ئه‌و تێگه‌شتنه ڕازینابێت به ناوی ئاینه‌وه، تووندوتیژی ئه‌نجامبدریت و به ڕه‌های ڕه‌تیده‌كاته‌وه.
ئیسلام وه‌ك ڕه‌حمه‌تێك بۆ جیهان هاتووه، نه‌ك وه‌ك نه‌فره‌تێك. پێویسته له‌سه‌ر ڕۆشنبیران، فیكریكی نوی گه‌ڵاڵه بكه‌ن توانای هه‌بێت، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌وته لاده‌ره هه‌ڵه‌كه ڕاوه‌ستێت كه له هه‌مو ناوچه‌كانی سه‌ر زه‌وی، وێنه‌ی ئیسلامی شێواندووه. پێویسته له‌به‌ر ڕۆشنایی میتۆدی نوێی میژوویی- ڕه‌خنه‌یی، سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه بۆ تێكسته‌كانی كه‌له‌پور بكه‌ن. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا هه‌رگیز له‌م كێشه‌یه ڕزگارمان نابێت، ئه‌گه‌ر دوای هه‌زار ساڵی دیكه‌ش بێت! ئه‌م نوێبوونه‌وه نایابه بۆ فیكری ئاینی، چاره‌سه‌ره و ڕزگاركه‌ره و فریادڕه‌سه. گۆڤاری “ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك” هه‌وڵه‌دا ئه‌و كاره بكات.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 28 نیسان، 2022