دەستەێڤسکی وەک وەرگێڕێک

 141 خوێندنه‌وه

دەستەێڤسکی وەک وەرگێڕێک (٢-٢)
ڤڵادیمیر ڤیکتۆرەڤیچ
و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

وا دادەنرێت کە ڕۆمانی ” خەڵکە هەژارەکان” نۆبەرە بەرهەمی دەستەێڤسکی بێت. بەڵام ئەوە بۆچوونێکی تەواو دروست نییە، بەڵکو یەکەمین بەرهەمی چاپکراوی دەستەێڤسکی وەرگێڕانی ڕۆمانی ” ئۆژینی گراندێ”ی ئۆنرێ دی بەلزاک بووە. ئەمە ڕێکەوتێکی یەکجار سەرنجڕاکێشە. من زۆر گەڕام بزانم ئایا پێشینەیەکی لەم جۆرە ڕوویداوە، کە سەرەتای داهێنانی نووسەرێکی مەزن بەرهەمێکی خۆی نەبووبێت بەڵکو کارێکی وەرگێڕاو بووبێت، چونکە ئەوە ڕێک ئەو شتەیە کە لە دەستەێفسکیی روویداوە، ئەوەش زۆر دانسقەیە. دەستەێفسکی ڕۆدەچێتە ئەزموونی یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی ئەوروپا.

هەر بەگشتیش، دەستەێفسکی لە سەرەتای چلەکانی سەدەی نوزدەیەمدا زۆر سەرقاڵی کاری وەرگێڕان دەبێت وتەنانەت پلانێکی لا گەڵالە دەبێت کە بۆ براکەی دەدرکێنێ: کەمپینێکی وەرگێڕانی دواترین بەرهەمە دیار و ناوازەکانی ئەو سەردەمە دەستپێبکات. هەر خۆیشی دەستدەکات بە کاری وەرگێڕان و جگە لەو بەرهەمەی بەلزاک کە باسکرا، بەرهەمی نووسەرانی وەک ئۆژین سوو، جۆرج ساندیشی وەرگێڕاوە، بەڵام ئێستاکە جگە لە” ئۆژێنی گراندێ” ە کەی بەلزاک هیچ کام لەو بەرهامەنەی تری لەبەر دەستدا نیین.

ئێستا با بپرسین ئایا دەستەێفسکی لە ڕێگای خوێندنەوە و وەرگێڕانی ئەو بەرهەمەی بەلزاکەوە چ جۆرە قوتابخانەیەکی بڕیوە؟ ئەو قوتابخانە بەلزاکییە چی بووە کە بڕیوییەتی؟ ئەو دەمەی دەستەێفسکی ئاشنای داهێنانی بەلزاک بوو، تابلۆی” کۆمێدیای مرۆڤانە” ی بەلزاک بە تەواوی لە بەر دیدی خوێنەران خۆی نوواندبوو. ئەوەی مایەی سەرنجدانیشە ئەوەیە کە هەمووان سەرسامی ئەو تابلۆیە نەبوون و قبووڵیان نەدەکرد. بەلزاک ژمارەیەکی زۆرنەیارانی هەبوو، لە فەزای ئەدەبیی ڕووسیاشدا، گەر بمانەوێ بە نەرمی باسی دۆخەکە بکەین، ئەوا لە لایەن پوشکین و دواتریش تورگێنیڤەوە بە ساردییەکی زۆرەوە سەیری دەکرا، لە هاووڵاتیانی خۆیشی فلۆبێر بە هەمان شێوە بوو. ئەوانە پێیان وابوو کە بەلزاک فرە وشە و درێژدادڕە و هێشتا، تا ڕادەیەکی زۆر، پەتی ژیانی بە مناڵدانی ئەدەبی ڕۆمانتیکەوە بەندە.

هەر بە ڕاستیش وایە، ئەوەتا ئیپەلیت تێن، کە یەکێکە لە ناودارترین لێکۆڵەرانی بەلزاک بەم شێوەیەی خوارەوە ستایلی بەلزاک باس دەکات:” بڕگەی وشەکانی قورسن، بیرۆکەکانی خۆبەیەکدا دەدەن و یەکتری خەفە دەکەن. ئاڕاستەی باسەکان وا ئاڵۆزکاون کە مێشک دەخەنە سەرەخولێ هەستە یاخی و خەستبووەکان پڕیشکیان لێ بەرزدەبێتەوە، هەر وەک بڵێیت لە کوورەیەکدا بن، لە بن ئەو شەفەقە سوورەشەوە زۆر بە ڕوونی تانوپۆی کەسایەتییەکی بێ شومار بە خۆبادانەوە خۆیان نمایش دەکەن، جۆرە کەسایەتییەک کە بە دەربڕینێکی بەهێزتر و هێزێکی زیاتر و پڕ ژیانتر لە کەسایەتییەکانی ژیانە واقیعیەکەن”

ئا ئەمە ئەو دژگۆیی و پەرادۆکسەی هەڵپەی ڕیالیستیکانە و ڕومانتیکانەی بەلزاکە – ئەو قوتابخانەی دەستەێڤسکی لاو تیایدا پەروەردە دەبێت و دەچێتە ڕیزی ئەوانەی لەو سەردەمەی ڕووسیادا بە ”بەلزاکچییەکان” ناودەبران، دەبێتە یەکێک لە شێلگیرترین بەلزاکچییەکان. دەستەێفسکی لە نامەیەکیدا بۆ براکەی دەنووسێ:” بەلزاک مەزنە. ئەو کەسایەتیانەی دەیانخوڵقێنێ زادەی هزرێکی گەردوونیین! ئەوە زادەی ڕۆحی تەنیا سەردەمێک نییە، بەڵکو تەنیا بەریەککەوتن و پێکداهەڵپژانی هەزاران ساڵە، لە توانایدایە ئەو جۆرە ڕەوینەوە و یەکاڵاکردنەوەی ڕۆحی مرۆڤ فەراهەم بکات”

جا با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆمانی ” ئۆژینی گراندی”. ئەوەی ڕاستی بێت ئەو ڕۆمانەی بەلزاک سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە داهێنانی بەلزاکدا. ئەو ڕۆمانە لە ساڵی ١٨٣٣ دا نووسراوە. کاتی خۆی ستێفان زفایچ باسی ئەو قۆناغەی کردبوو کە هەردوو ڕۆمانی ”ئۆژینی گراندێ” و” باوکە گۆریۆ”ی تیا هاتبووە بەرهەم، واتە ڕێک ئەو دووڕۆمانەی کاریگەرییەکی تایبەتی و بەهێزیان لە سەر دەستەێڤسکی هەبوو. زفایچ ئەمەی نووسیوە لە بارەی ئەو دوو ڕۆمانەی بەلزاکەوە:” لەو ساڵانەدا بەلزاک نهێنییەکی مەزنی لا ئاشکرا بوو. ئەویش ئەوەبوو کە هەرچی هەیە بە سەرهاتە، هەرچی هەیە بابەتە بۆ نووسین. واقیع کانگایەکی لە بن نەهاتووە، گەر توانای ئەوەت هەبێت دەماری کانزاکانی بدۆزیتەوە. هەر بتوانیت بە وردی سەرنج بدەیت ، ئیتر هەر کەسێکی ئاسایی دەبێتە ئەکتەرێکی ئەو کۆمێدیا مرۆڤانەیەی وا چواردەوری داوین”. لێرەدا وشەیەکی زۆر گرنگ هەیە-” سەرنجدان”، خودی بەلزاک دانی بەوەدا ناوە، کە ڕەنگە ئەو توانایە پڕبەهاترین خەسڵەتی داهێنانی بووبێت.

من ئێستاکە دەقی ئەو دانپێدانانە بیوگرافیانەیەی بەلزاک دێنمەوە کە لە ڕۆمانی” فەچینۆ کانێ” كەیدا هاتووە و دەڵێت:” تەنیا یەک دانە خولیا هەبوو کە، هەندێک جار، منی لە سەرقاڵییە کەمجووڵەکانی خۆم دادەپچڕی. من حەزم لەوەبوو سەرنجی خەڵکەکەی ئەو دەوروبەرەی خۆمان بدەم، سەرنجی ئاکار و رەفتارەکانیان. من دەمتوانی خۆم بخزێنمە نێو دەستەیەک خەڵکەوە و لەوە وردببمەوە کە چۆن بۆ کارکردن بەکرێ دەگیرێن ، چۆن دەبێتە دەمەقاڵێیان کاتێک ڕۆژی کارکردنەکەیان تەواو دەبێت. من مەیلی لێوردبوونەوە و سەرنجدانەکانم تیژێتییەکی غە ریزەی پەیدا کردبوو: چونکە بە بێ گوێدانە سیمای جەستەیی کەسەکان، یەکسەر خەسڵەتی ڕۆحی و ناخیانی دەستنیشان دەکرد، یان چاکترە بڵێم کە ئەو مەیلە، وا سیمای دەرەوەی کەسەکەی هەڵدەلووشی کە دەمودەست ڕۆدەچووە جیهانی ناوەوەی کەسەکەش” بەلزاک لێرەدا کەسایەتی چیرۆکخوانێک دەنەخشێنێ کە بە ”ڕەوتەنی” ناوی دەنێن، واتە کەسێک کە بێ ئامانجێکی دیاریکراو بە شەقامەکانی شاردا دەسووڕێتەوە وسەرنجی خووخدە و ڕەفتاری خەڵکەکەی دەدات.

بەهرەی دەستەێفسکیش، لە زۆر ڕووەوە، هەر لەم توانای سەرنجدانەوە سەرچاوە دەگرێ. لێرەدا ئەو دانپێدانانەی دەستەێفسکی دەهێنمەوە کە لە ساڵی ١٨٧٣ دا لە گۆڤاری ” یادداشتنامەکانی نووسەرێک” باسی کردووە: ” من حەزم لەوەیە، کاتێک بە شەقامەکاندا دەسووڕێمەوە، سەرنج بدەمە ئەو ڕێبوارە نەناسراوانە، لە سیماو ڕخساریان وردببمەوە و هەوڵدەدەم مەزەندەی ئەوە بکەم: ئەوانە کێن، چۆن دەژین، بەچییەوە خەریکن و ئا لەو ساتەوەختەدا چ شتێک مایەی بایەخپێدان و پەرۆشییانە”
بەڵام کار هەر لە سەرنجدان و لێوردبوونەوەدا نییە. دواتر ئەمیش بە هەمان شێوەی بەلزاک دەکەوێتە خەیاڵکردنەوە و هەوڵدەدات ئەوە بێنێتە بەرچاوی خۆی ئایا چییان لێ بەسەردێت و چی روودەدات دوای ئەوەی هاتوونەتە بەر نیگای ئەم. ئا ئەو سەربازە کەشتییەوانەی دەستی منداڵێکی گرتووە و ئەم سەرنجی داون، ئایا دوای ئەوە بۆ کوێ دەچن، لەو شوێنەی لێی دەبنە میوان باسی چی دەکەن، منداڵەکە لەوێ چۆن ڕەفتار دەکات، دواتر چۆن ماڵئاوایی لە خاوەن ماڵەکە دەکەن. لای دەستەێفسکیش، بە هەمان شێوەی بەلزاک، لە پشت ئەو شتگەلە دەرەکیانەی ژینگەی ڕووداوەکەوە، تانوپۆی شتێکی ناوەکیی بەدی دەکرێ. دواتر هەر خۆیشی ناوی دڵپەسەندی خۆی ” دیمەنە گچکەکان” دەبەخشێتە ئەو ژانر و شێوە نووسینە.

دەبێ ئەوەش بگوترێ کە بە پێی یادەوەرییەکانی ئەلیکساندەر ریزینکامپفی هاوڕێی، دەستەێفسکی لەو ماوەیەدا سەدان وردە چیرۆکی نووسیووە. سەرنجبدەن سەدان وردەچیرۆک!
ئەوە جۆرە هێلکێشییەک بووە کە لە بەر کەسەکان هەڵگیراونەتەوە، جۆرە وردبوونەوەیەک بووە لە سەرشێوازی ئەوەی پێی دەگوترێ قوتابخانەی فیزیۆلۆجی. هەر لە سەرجەمی ئەو لێوردبوونەوە و سەرەنجانەشدا دەستەێفسکی بەهرەی کەسێکی وەسفکار گەشە پێدەدات و لە ئاکامدا دەڵێت: نووسەر پێویستی بە چاوە. کەواتە ئەوەی نووسەر لە مرۆڤێکی ئاسایی جیادەکاتەوە توانای بینینی واقیعە، توانای ئەوەی لە پشت دیاردە دەرەکییەکانەوە شتێکی گرنتر و قووڵتر بەدی بکات.

ئەوە قوتابخانەکەی بەلزاکە کە دەستەێفسکی پێیدا تێپەڕیوە. ڕاستە ئەو دواتر، سەرباری هەمووشتێکیش، کەمێک لە ئاست بەلزاکی دڵپەسەندیدا سارددەبێتەوە ، بەڵام دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەوەش ڕاکێشم کە دەستەێفسکی لە وتەکەیدا بۆ یادی پوشکین( کە ئیتر لە کۆتا قۆناغی ژیانیدا بوو) ئەو دیسانەوە بەلزاکی بیردەکەوێتەوە و لە ڕەشنووسەکانی ئەو وتارەیدا پارچەیەکی سەرنجڕاکێشی ” باوکە گۆریۆ” دێنێتەوە و ئیمەش لەوێدا تێدەگەین کە کاتی خۆی هەر ئەو پارچەیە سەرچاوەی خوڵقاندنی کەسایەتی ڕاسکۆلنیکەڤی ” تاوان و سزا” کەی بووە. بەو شێوەیەش دەبینین کە بەلزاک بە درێژایی ژیانی دەستەێفسکی هاوڕێ و هاوسەفەری بووە، هەرچەندە پاشتر نووسەری تر جیگەیان گرتۆتەوە و سەرسامبوون و خۆشەویستی بەرامبەر دیکنز و سێرڤانتێس و شکسپیرجێگەیان گرتۆتەوە، بەڵام بەلزاک بۆ هەمیشە قوتابخانەی دەستەێفسکی لاو بووە.

ئەم وتارە لەم سەرچاوەیەوە وەرگیراوە:
https://magisteria.ru/dostoevsky/dostoevsky-translator

ناردن: