دەستەێڤسکی وەک خوێنەرێک

 219 خوێندنه‌وه

دەستەێڤسکی وەک خوێنەرێک (١)
نووسینی: ڤلادیمیر ڤیکتۆرەڤیچ
و. لە ڕوسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

”دەستەێڤسکی خوێنەرێکی بلیمەتە” ئەمە ئەو بۆچوونەیە کە لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکێک لە ناودارترین لێکۆڵەڕانی دەستەێڤسکی، ئەلفرید لودڤیگەڤیچ بێم دایڕشتبوو(٢). لەوەش زیاتر ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە سەرجەمی ئەو کێشانەی دەستەێڤسکی لە داهێنانی خۆیدا لێیکۆڵیونەتەوە، بناغەیان لە بەرهەمی نووسەرانی پێش خۆیدا داڕێژراوە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەستەێڤسکی خوێنەرێکی دیار و عاشقێکی ترسناکی کتێب بووە، خۆیشی زۆر جار ئاماژەی بەوە داوە.

ئەوەتا لە یەکێک لە دانپێدانانەکی کۆتاساڵانیدا دەڵێت:” من حەزم لێ بوو دەمێک خۆم وەک پێریکڵ و دەمێکی تریش وەک مێریی(٣) خەیاڵ لە خۆم بکەمەوە و هەندێک جاریش وەک مەسیحییەکی سەردەمی نیرۆن، یان دەبمە ئێدوارد گلێندینینگی ڕۆمانی ”دیر” ە کەی واڵتەر سکۆت(٤) ..دیوانەکەی شیللەر دەکەمەوە و دەست دەکەم بە خەوبینین.. ئیتر دەمێک حەزدەکەم خۆم بگەینمە سویسرا یان ئیتاڵیا و ئەوسا ئیلیزابێت و لویزا و ئەمالیا دێنمە بەرنیگای خەیاڵم”
بۆیە وەک ئاشکرا دیارە، کتێب خوێندنەوە بەلای دەستەێڤسکی لاوەوە تەنیا لێوردبوونەوە و سەرنجدان نەبووە ، بەڵکو کردارێکی ڕۆحیانە و ئەندێشەکردنی ئەو چارەنووسە نائاشنایانەش بووە کە لە لایەن نووسەرانی مەزنی ترەوە نووسراون و، ڕەفتارکردن بووە لە ئاستیاندا وەک ئەوەی چارەنووسی ئەزموونکراوی خۆی بن.

دەبێ ئەوەش بگوترێ کە، بە شێوەیەکی گشتی، دەستەێڤسکی لەم بوارەدا مرۆڤێکی ئاسایی سەدەی نوزدەیەمە، ئەو کاتەی، وەک دەگوترێ، کارامزین(٥) کۆمەڵانی خەڵکی ڕوووسیای بە خوێندنەوە ڕاهێنا، هەر ئەو کات جۆرێکی تایبەتی خوێنەر پەیدابوو، خوێنەرێک کە تەنیا مەراقی خوێندنەوەی کتێب نەبوو، بەڵکو دەشیویست بە شێوەیەک ئامێتەی فەزای خوێندنەوەکە بێت کە ئەو فەزایە بکاتە ئەزموونێک لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆی. هەر وەک نموونەیەکی ئەم جۆرە خوێنەرە، ناوی تاتیانا لارینا دێنمەوە یاد، کە لە ڕۆمانە بە ناوبانگەکەی پوشکین ” یڤگێنی ئەنێگین” دا بەم شێوەیە وێنا کراوە: ”ئەو خۆشیی کەسانی تر و غەمی کەسانی تری دەکردە خۆشیی و غەمی خۆی ” خوێنەری لەم شێوەیە لە بەرهەماکانی تری پوشکیندا وەک” خانمە جووتیارەکە” و” کڕێوە” شدا بەرچاو دەکەون.

ئەو تایبەتمەندییەی دەستەێڤسکی وەک خوێنەرێک، لە تەمەنێکی زۆر زوودا، هێشتا لە منداڵیدا، سەریهەڵدا و کاتێک لە ماڵەکەی ”دارۆڤەیا”ە یاندا( ٦) دا یاری مناڵانەی دەکرد و دەمێک ڕوڵی هندییە سوورەکان و دەمێک ڕۆڵی ڕۆبینسۆن کروزۆی دەبینی و ناوەڕۆک و مانایەکی تازەی دەکرد بە باڵای ئەو بەسەرهاتانەی لە کتێباندا خوێندبوونییەوە.

دەستەێڤسکی لە ڕۆمانی ” نیتەچکە نیزڤانەڤا” (٧) دا، لە سەر زاری خانمەپاڵەوانی ڕۆمانەکە، بەم شێوەیە باسی ئەو پرۆسێسە دەکات:” هەر کە پاڵەوانی یەکێک لەو ڕۆمانەنەی دەمخوێندنەوە دەهێنایە بەرچاوی خۆم، دەمودەست خانمە شازادەکەی هاوڕێم دەهێنایە پاڵ خۆم و ڕۆمانەکەم دەکرد بە دوو بەش، کە بەشێکیان بێگومان زادەی خەیاڵی خۆم بوو، گەرچی لە ئاکامی ئەوەشدا خەیاڵ و بەرهەمی نووسەرە پەسەندەکانی خۆمم بە تاڵان دەبرد” ئەوەیە کە پێی دەگوترێ چوونە ناوژیانی کتێبەوە و ژیانکردن لە گەڵ پاڵەوانانی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا.

ئەگەر نامەکانی دەستەێڤسکی بۆ براکەی، لە نێوان ساڵانی ١٨٣٨-١٨٤٠دا، بخوێنییەوە ، واتە ئەو کاتەی تەمەنی دەستەێڤسکی لە نێوان ١٧- ٢٠ ساڵاندا بوو، دەبینین کە ئەو نامانە ڕەشدەچنەوە لە ناوی کتێب و ناوی نووسەراندا، لە هۆمیرۆسەوە تا بەلزاک و، بەو ناوانەدا دەتوانین کەتەڵۆگی کتێبخانەی بلیمەتێکی تازەسەرهەڵداو پێکبهێنین . جێگای سەرنجە کە دەستەێڤسکی هەر تا ئەو کاتە نەیخوێندۆتەوە کە تیایدا ئیتر بووە بە نووسەر، بەڵکو تەنانەت دوای ئەوەش کە بووەتە نووسەر، خوێندنەوە بایەخێکی زیاتری پەیداکردووە لای ئەو. گریگۆرێڤیچ دەگێڕێتەوە کە کاتێک دەستەێڤسکی سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانی ” خەڵکە هەژارەکان” بووە، هەر کە لە نووسین ماندووبووە، دەمودەست کتێبێکی گرتووە بەدەستەوە و خوێندوێتییەوە.

خودی دەستەێڤسکی ساڵی ١٨٤٥ بۆ براکەی دەنووسێ: ” تۆ ڕەنگە حەز بکەیت بزانیت من خەرێکی چییم کاتێک نانووسم، – خەریکی خوێندنەوەم. من بە شێوەیەکی ترسناک دەخوێنمەوە وئەو خوێندنەوە یەش بە شێوەیەکی سەیر کارم تێدەکات. شتی وا هەیە دەمێکە خوێندوومەتەوە، سەرلە نوێ دەیگرم بە دەستمەوە و دەیخوێنمەوە و هەست دەکەم هێزێکی وا تازەم تێدەگەڕێ کە بچمە بنج و بناوانی هەموو شتێکییەوە، هەموو شتێک وا بەڕوونی تێدەگەم کە هەست دەکەم خۆیشم توانای خوڵقاندنم تیادرووست دەبێت”
واتە ئەو لە خوێندنەوەوە توانای خوڵقاندن وەدەست دەهێنێت. خوێندنەوە لای ئەو پرۆسێسێکی داهێنەرانەیە. زانایانی ئەم سەردەمەی بواری سایکۆلۆجیای خوێندنەوە و سوسیولۆجیای خوێندنەوە باس لەوە دەکەن کە خوێندنەوە هەر بە ڕاستییش جۆرێکە لە داهێنان. مرۆڤ کاتێک دەخوێنێتەوە خۆی دەخوڵقێنێ.

ئەو ڕاستییە لە نموونەی دەستەێڤسکیدا تەواو بەرچاوە. کتێب بە لای ئەوەوە جورێکە لە وزە تێگەڕانەوە. دەستەێڤسکی لەو کتێبەی دەیخوێنێتەوە تەنیا بیرۆکەیەک هەڵناهێنجێ، بەڵکو سەرەتای ئەفراندنێکیش بە دەستدەهێنێ. ئەو وەک بڵێیت درێژە بە کتێبەکە دەدات، ئەوسا یان ئەوەتا کتێبەکە و بیرۆکەکەی پەسەند دەکات وپەرەی پێدەدات ، بۆ نموونە گەر ڕۆمانی ”گەمژە” بێنینەوە یادی خۆمان و هاوکاتیش بیر لەو نامەیەی بکەینەوە کە بۆ سۆنیچکا ئیڤانەڤنای خوشکەزای نووسینوە و تیایدا باسی ”دۆن کیخۆت” و” یادداشتنامەکانی یانەی پیکڤیکسکی” دەکات دەبینین کە ئەو، وەک بڵێیت، ئەو کتێبانە پەرەپێدەدات، یانیش ئەوەتا بیرۆکە و بۆچوونەکانی ئەو کتێبانە رەتدەکاتەوە و دەیانداتە دوواوە.

کاتێک ئەو لە ڕۆمانی ”شەیتانەکان” دا كەسایەتی تیخەن ی پیرەپیاو دەخوڵقێنێت ، لە یەکێک لە نامەکانیدا وای نووسیوە:” ئەو کەسایەتییە نە کەستانژۆگڵۆیە (٨) نە کابرا ئەڵمانەکەی ئەبڵامەڤە ( پێدەچێ دەستەێڤسکی بیری چووبێتەوە کە ئەو کەسایەتییە ناوی شتولتس بووە) (٩)، نە ڵەپۆخینە ونە ڕەخمێتەڤە ” نە پاڵەوانە پۆزەتیڤەکانی چیرنەشێڤسکییە، کەواتە پاڵەوانەکەی من جیاوازدەبێت لەوانە. لێرەدا، زۆر گرنگە بەلای دەستەێڤسکییەوە خۆی بە دوور بگرێت لە نووسەرانی پێش خۆی.

کاتێکیش ڕۆمانی ” ژیانی گوناهکارە مەزنەکە”(١٠) دەنووسیت کە ئەو پاڵەوانە لەمناڵییدا بەهیچ شێوەیەک هاوشێوەی ئەو پاڵەوانە نییە کە تەڵستۆی لە ڕۆمانی” سەردەمی منداڵی” یدا باسی دەکات و نەوەی ماڵە نەجیبزادەیەک بووبێت.

دەستەێڤسکی هەر لە خوڵقاندنی پاڵەوانەکانی خوێدا پشت بە نووسەرانی پێش خۆی نابەستی، بەڵکو لە چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی ستایل و شێوازی دەربڕینیشدا. ئەو پلانڕێژی دەکات بۆ نموونە کە چیرۆکەکەی بەردەستی ” تا ئاستی ژیل- بلاز وشک بێت”(١١) یان دەنووسێت: ئەم چیرۆکە” دەبێت لە سەر تەرزی پوشکین بێت” یان دەبێت هاوشێوەی ” چیرۆکەکانی بێلکین بێت، کە خودی بێڵکین لە هەموو شتێکی تر گرنگترە، لێرەشدا وێناکردنی هەرزەکارەکە دەبێت پێش هەر شتێکی تربێت” ( لێرەدا باس لە ڕۆمانی” هەرزەکار”ە کەی خۆی دەکات)

جێگای سەرنجە کە خودی دەستەێڤسکی، لە شوێنێکدا، ئەم جۆرە کەوتنە ژێرکاریگەری ئەزموونی کەسانی ترەوە بە شێوەیەکی گاڵتەئامێزانە ناودەنێت ” بە تاڵانبردن”. هاوشێوەی ئەو جۆرە دەربڕینە لە لای نووسەری رۆمانتیکی شارل نودێش(١٢) دەبینرێ. ئەو کتێبێکی هەیە بە ناونیشانی ” کتێبە دێرینەکان بخوێننەوە” . لەوێدا باسی ئەوە دەکات کە هەندێ دزیی ئەدەبی پاساوی خۆیان هەیە، کاتێک ئەوەی ڕوودەدات بە تاڵانبردن یان وەک دەستەێڤسکی ناوی دەنێت، خۆگرێدان بە نموونە و کەسایەتی خەڵکانی ترەوە نییە، بەڵکو لێتێگەیشتن و درێژەپێدانێکی داهێنەرانەی ئەو کەسایەتیانەیە.

ڕاستییەکەشی، ئێمە هەمان بیرۆکە لای نووسەری دڵپەسەندی دەستەێڤسکی، واتە شیللەرلە کتێبی ” تێبینییەکان” دا بەدی دەکەین ” کاتێک دەڵێت: تۆ لاساییکارێکی، داهێنانیشت تەنیا لە سنووری داهێنراوە گەڵالەکراوەکاندایە. بلیمەتیی ڕۆحە خوڵقێنەرەکان لەوەدایە کە لە شتە داهێنراو و خوڵقێنراوەکانیشدا کانزایەکی خاو دەبینن” واتە تێگەیشتن لە بەرهەم و داهێنانی ئەوانەی پێش خۆی وەک کانزایەکی خاو بو بەدەستهێنانی کانزایەکی پاک و پوختەتر.

بگرە فیکتۆر تێڕاسی ئەمەریکایی کە یەکێکە لە لێکۆڵەرانی دەستەێفسکی، لە کتێبەکەی خودا ” دەستەێفسکی لاو” ئەو بیرۆکەیەی دەگەێنێتە ئەوپەڕی، کاتێک دەنووسێ:” دەکرێ دەستەێفسکی بکرێتە سەلمێنەری ئەو تێزەی مالرۆ(١٣) کە دەڵێت هونەری مەزن لە ژیانەوە سەرهەڵنادات، بە لکو لە خودی هونەرەوە” هەرچی منیشم وای بۆ دەچم کە ئەو قسەیە بێگومان بەشێکی ڕاستیی لە خۆ گرتووە، چونکە هونەری مەزن هەم لە ژیانەوە و هەم لە هونەریشەوە سەرهەڵدەدات. بەڵام ئەو لێتێگەیشتنەی دەستەێفسکی بۆ ئەزموونی کەسانی تر، بەشێوەیەکی گشتی خەسڵەتێکی کولتووری ڕووسیشە.

با پوشکین و تاقیگەرییە ئەدەبییەکانی بهێنینەوە یاد خۆمان، کە زۆربەی جار لە ئەزموونە ئەوروپییەکانەوە سەرچاوەیان دەگرت. ئەو خەسڵەتەی دەستەێفسکی، کە ڕۆبچێتە ناو ئەزموونە ئەدەبییەکانی کەسانی سەر بە کلتوورە جیاوازەکان، بە شایەتی ئەوانەی هاوچەرخی ئەو قۆناغەی ژیانی بوون ، کاریگەری خۆی خستبووە سەر شێوەی شت خوێندنەوەکەی، شێوەیەکی تایبەت بە خۆی لە تێگەیشتنی بەرهەمی کەسانی پێش خۆی .

لە چلەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بە تایبەتیش لە نێوان ساڵانی ١٨٦٠ و ١٨٧٠ دەقخوێندنەوە لە بەردەم جەماوەرێک لە گوێگراندا ببووە باو، نووسەران ڕوڵی ئەکتەریان دەبینی و بەرهەمەکانی خۆیان و نووسەرانی تریشیان بۆ خەڵکەکە دەخوێندەوە. بە پێی یادەوەرەکانی میلیوکۆڤ ڕۆژێکیان لە ١٨٤٠ ەکاندا دەستەێڤسکی لە یەکێک لە بازنە ڕوشنبیرییەکانی پیترەشێفسکیدا سروودی دێرژاڤینی(١٤) بۆ خوێندبوونەوە کە لە ژێر ناونیشانی ” بۆ دەسەڵاتداران و دادوەران” دا بووە. میلیوکۆڤ بەم شێوەیە وەسفی ئەو خوێندنەوەیە دەکات و دەڵێ:” دەستەێفسکی ئەو دەقەی بە هێزێکی واوە خوێندەوە کە هەمووانی سەرسام کرد و تێڕوانینی خەڵکەکەی بۆ دێرژاڤینی نووسەری فیلیتسەی(١٥) بەرزکردەوە بۆئاستێکی تر”
یادەوەری، هاوشێوەی ئەوەی میلیوکۆڤ ،زۆرن کە باسی ئەوە دەکەن دەستەێفسکی چۆن بەرهەمەکانی پوشکین و لێرمەنتەڤ و نیکراسەفی خوێندۆتەوە. بە تایبەتی باسی ئەوە دەکرێت بە چ شێوەیەکی ناخهەژێن ”پێغەمبەر” ەکەی پوشکینی خوێندۆتەوە. ئەو نەک وەک ئەکتەرێک ئەو بەرهەمەی خوێندۆتەوە بەڵکو بە شێوەیەکی وا قووڵ چۆتە ناو ئەوبەرهەمەوە کە هەموو ڕۆحی خۆی بە شێوەیەکی ئەوتۆ ئامێتە کردووە کە ئەو بەرهەمە نامۆیەی کردووە بە بەرهەمێکی ئاشنا و خوڵقاوی دەستی خۆی.

بەم بۆنەیەوە دەشێ ئەو قسەیەی پاسکاڵ (١٦)بێنینەوە یاد، کە جارێکیان گوتوویەتی:” ئەوە لە خودی مندایە، نەک لە نووسینەکانی مۆنتێن دا(١٧)، گشت ئەوەی من لەو نووسینانەدا دەیبینم و دەیخوێندمەوە”
ڕاستییەکەی من وای بۆ دەچم کە ڕەنگە دەستەێفسکی هەرگیز شتێکی وای نەگوتبایە، چونکە ئەو لێکدانەوەی خۆی هەیە بۆ ئەو بەرهەمانەی دەیانخوێنێتەوە، کاتێکیش دەیانخوێنێتەوە شتێکی تازەیان تیادەدۆزێتەوە، وەک بلێیت پوختە و ناوکێکیان تیا دەدۆزێتەوە کە پاشتر پەرەی پێدەدات و دەیهێنێتە بەرهەم.

با سەیری ئەم نموونەیەی تریش بکەین. دەستەێفسکی هێشتا لە ساڵانی ١٨٦٠ ەکاندا دەست دەکات بە لێکدانەوە و تاوتوێکردنی بەرهەمەکانی پوشکین، بە تایبەتی ” یڤگێنی ئەنێگین” ەکەی، بەشێوەیەکی واش لێکی دەداتەوە، وەک بڵێیت ئەو شتانە دەدرکێنی کە هێشتا لە ڕۆمانەکەی پوشکیندا نەخەمڵیون، بەتایبەتی هەر ئەوکاتە و، دواتریش لە ” وتەکەی بۆ یادی پوشکین”دا (١٨)، باس لە لانەوازەیی ڕۆحییانەی ئەنێگین دەکات. لەم ڕووەوە دەستەێڤسکی ئەم گفتۆگۆخەیاڵییە لە گەڵ شارەزایانی ئەدەبی پوشکیندا سازدەکات و دەڵێت:” کەسانی زاناو شارەزا ئەم گلەییەمان ئاڕاستە دەکەن: باشە ئێوە بە چ پاساوێکەوە گشت ئەمە لە ئەنێگیندا دەبینین- ئاخر کوا لەوێدا باسی شتگەلێکی وا هەیە و باسکراوە؟ – ئەی چۆن نییە؟ گومانی تیانییە کە هەیە…” بە ڕای من وشەی بنەڕەتی لەو قسانەدا وشەی ”هەیە” یە. دەتوانین، گەر زاراوەیەکی مودێرنانە بە کاربهێنین، بڵێین، کە دەستەێفسکی تەنیا شتێکی خودی خۆی لە نووسەرانی تردا نەدەخوێندەوە، بەڵکو ئەو لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیاندا ئەوەشی دەدییەوە کە کەسانی تر نەیاندیبوو، بگرە هەندێ جار خودی نووسەرەکان خۆیشیان درکیان پێ نەکردبوو و سەرنجیان نەدابوو.

جێگای سەرنجە کە دەستەێفسکی وەک ڕەخنەگرێک تەنیا هەر بەرهەمی نووسەرانی پلەی دووەمی نەدەخوێندەوە و وەک بڵێی نووسینەکانی بۆ تەواو نەدەکردن و ئەوتواناو وزانەی تیایاندا دەستنیشان نەدەکرد کە سوودیان لێ وەرنەگیرابوو و نەخرابوونە گەڕ، بەڵکو تەنانەت بەرهەمەکانی تورگێنیڤ، لیسکۆڤ، تەڵستۆی ، گەنجەرۆڤ، نیکراسەڤ و پیسێمسکیشی بە هەمان شێوە دەخوێندەوە و لێیان ڕادەما. دەستەێڤسکی ڕووداو و بەشی سەرەکی ڕۆمانی ” هەزار گیان” ەکەی ئا. ف. پیسێمسکی (١٩) بە دڵ نابێت و شێوەی نووسینەکەی پەسەند ناکات و پێی باش دەبێت بەو شێوەیە بنووسرایە کە ئەم خۆی پێشنیاری دەکات. دەتوانم بڵێم، کە پێشنیارەکەی ئەم لە ڤێرشونەکەی نووسەر سەرنجڕاکێشترە. دەستەێفسکی ئەگەر چی هاوئاهەنگانە لە گەڵ لۆژیکی کەسایەتی ڕۆمانەکەدا ڕەفتار دەکات بەڵام قووڵییەکی سایکۆلۆژی زیاتر، لەوەی پیسێمسکی، دەبەخشێتە پاڵەوانی ڕۆمانەکە.

بەڵێ دەستەێفسکی خاوەنی تایبەتمەندییەکی لەو شێوەیەیە، واتە خاوەنی ئەو توانایەی کە لە بەرهەمی کەسانی تردا شتەکانی خۆی بدۆزێتەوە و پەرە بەوەش بدات کە ئەو کەسانە گوتوویانە- دەشتوانم بڵێم کە ئەوە، ئەو بەهرەیەیە کە بۆتە بەردی بناغەی سەرجەم داهێنانەکانی. ئەو وەک بڵێیت درێژەپێدەری هەم ئەدەبی ڕووسی و هەم ئەدەبی جیهانیشە.

ئەگەرئێمە، هەر وەک من پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئەو نامانەی دەستەێفسکی بخوێنینەوە کە ناردبوونی بۆ براکەی، ئەوا لەوێدا ناوی سەرجەمی ئەو بەرهەمە کلاسیکیانەی ئەوروپامان بەرچاودەکەوێت کە تا ئەو ساتە، کەم تا زۆر بە ناوبانگ بوون و دەبینین چۆن دەستەێفسکی لە سەردەمی لاویدا هەموویانی خوێندۆتەوە و بەشێوازی تایبەتی خۆی لە گەڵیاندا ژیاوە و ئەندێشەی کردوون. لەم ڕووەوە بلیمەتیی دەستەێفسکی، جۆرە لووتکەیەکە و ڕەوێنەوەی گشت ئەو گرێیانەیە کە لە ئەدەبی جیهانیدا کەڵەکە ببوون. بۆیە لەم ڕووەوە دیسانەوە دەگەڕێمەوە بۆ دەربڕینەکەی بێم:” دەستەێفسکی- خوێنەرێکی بلیمەتە”

پەراوێز و سەرچاوەکان
(1) ئەم وتارە لەم سایتەوە وەرگیراوە: https://magisteria.ru/dostoevsky/dostoevsky-reader
(2) Бем А. Л. Достоевский – гениальный читатель // О Достоевском: Сборник статей под ред. А. Л. Бема: 1929/1933/1936. М., 2007
(3)
پیرێکڵ: دەوڵەتمەدارێکی یۆنانی کۆنی سەردەمی گەشانەوە بووە لە نێوان ساڵانی( ٤٩٠-٤٢٩ پ.ز)

ماریی گای: فەرماندەیەکی سەربازی و دەوڵەتمەدارێکی دەوڵەتی ڕۆمانی لە نیوان ساڵانی ١٥٥-٨٨ پ.ز بووە

نیرۆن: قەیسەرێکی ڕۆمانی بووە کە لە نێوان ساڵانی ٥٥\٦٨ زایینی ڕاوەدوونانی پەیڕەوکارانی مەسیح دووچاری ڕاوەدوونان و ئەشکەنجەی کەم وێنە بوونەوە بە تایبەتی پاش ئەوەی تۆمەتی بەشدارییان لە ئاگرتێبەردانی ڕۆمادا خرایە پاڵ
(4) مەبەست نۆڤێلی (The Monastery) یە، کە سێر واڵتەر سکۆت لە ساڵی ١٨٢٠دا بڵاویکردۆتەوە
(5) کارامزین نیکەڵای میخایڵەڤیچ ١٧٦٦-١٨٢٦ مێژوونووس و ئەدیبێکی گەورەی ڕووسیا و دانەری یەکەمین کتێبی تێروتەسەل بوو سەبارەت” مێژووی دەوڵەتی رووسیا” و ناوی لە مێژوودا بەوە تۆمارکراوە کە چاکساز و پەرەپێدەری زمانی ئەدەبیی ڕووسی بووە.
(6) دارۆڤەیا، ناوی ئەو شوێنەیە کە باوکی دەستەێڤسکی لە ساڵی ١٨٣١ دا بە زەوی و زار و خانووبەرەکەی ناوییەوە کڕی و ساڵانێک لەوێدا ژیاون .
(7) نیتەچکە نیزڤانەڤنا : ئەو ڕۆمانەی دەستەێفسکییە کە بە هۆی گرتنەکەیەوە نەیتوانی تەواوی بکات و پاشتر لە نۆڤێلکدا بیرۆکە سەرەکییەکەی بەکارهێنا
(8) کەستانژۆگڵۆ: یەکێک لە کەسایەتییەکانی ڕۆمانی ” گیانە مردووەکان” ی نیکەڵای ڤاسیلییەڤیچ گۆگەلە، کە یەکێکە لەو دەرەبەگانەی، بە قسەی گۆگەل، کەسانی تر دەتوانن بیکەنە سەرمەشقی خۆیان و نموونەی لێوەرگرن.
(9) ئەبڵامەڤ: ڕۆمانە بە ناوبانگەکەی ئیڤان ئەلیکساندرەڤیچ گەنجەرۆڤە.
(10) ژیانی گوناهکارە مەزنەکە: بیرۆکەی ڕۆمانێک بوو کە دەستەێڤسکی بە ئەنجامی نەگایندووە و تەنیا لە دەفتەری کارەکانیدا هەندێ سەرەقەڵەمی لێ باسکراوە.
(11) ژیل- بلاز: ڕۆمانێکی نووسەر و ساتیریستی فەرەنسی ئالێن رینێیە لیساژە
(12) شارڵ نودێ: نووسەرێکی فەرەنسی بووە(١٧٨٠-١٨٤٤) و بە پێشڕەوی سەرەتاکانی ڕەوتی ئەدەبیی ڕۆمانتیکی بووە
(13) ئەندرییە مالرۆ: نووسەر و سیاسەتمەدارێکی فەرەنسی بوو (١٩٠١-١٩٧٦)
(14) دێرژاڤین گەڤریل رۆمانەفی(١٧٤٣-١٨١٦) شاعیرێکی گەورەی سەردەمی ڕۆشنگەرایی ڕووسیا و سیاسەتمەدارێکی دیار بوو.
(15) فیلیتسە: ناونیشانی سروودێکی پیاهەڵدانە کە دێرژاڤین بۆ ستایشی شێوەی حوکمرانیی کەتەرینای دووەم و هەڵسووکەوتی لە گەڵ خەڵکدا نووسیبووی.
(16) بلێز پاسکال: بیرمەند وزانای بوارەکانی مەتیماتیک و فیزیای فەرەنسایی
(17) میشێل دێ مۆنتێن(١٥٣٣-١٥٩٢) نووسەر و فەیلەسوفێکی فەرەنسی سەردەمی بووژانەوە و خاوەنی کتێبی ” ئەزموونەکان” بوو
(18) ئەم وتەیەی دەستەێڤسکی لە یادی پوشکیندا، دەزگای چاپ پەخشی سەردەم، لە وەرگێڕانی بەندە، لە نامیلکەیەکی تایبەتیدا، بە ناوی” وتە مێژووییەکەی دوستۆێڤسکی لە یادی پوشکیندا” لە کۆتایی ٢٠٢١ دا بڵاوکردەوە
(19) ئەلیکسێی فیوفیڵاکتەڤیچ پیسێمسکی (١٨٢١- ١٨٨١) ڕوماننووس و شانۆنووسێکی ڕووسە و ڕۆمانی” هەزار گیان” ە کەی بە لووتکەی داهێنانی دەژمێردرێت و پانۆرامایەکی فراوانی واقیعی ڕووسیای پێش ڕیفۆرمە چ لە پایتەخت و چ لە شارو شارۆچکە دوورەدەستەکاندا.

ناردن: