شەوێک بەفر دەبارى

 103 خوێندنه‌وه

ئاکۆ کەریم مەعروف

بە ریشى ماشو برنجییەوە لە پەنجەرەى ژوورەکەى دام، لە پێش خۆیەوە هاڵاوى خاکێکى دوورى لێ دەبارى، تەمو مژێک لە خۆڵبارینى سپى، بەرامبەر جامخانەکە وەستابوو، لە بێخەوى ئەو شەوەدا پەنجەرەکەم بە لەپى دەستەکانم پاککردەوە، دەمناسى و نەمدەناسیییەوە، لەناکاو چەند پەنجەرەیەک بە بۆنى شیعرەکانى کرانەوە، دواتر یەک لەدواى یەک دەرگاو پەنجەرەکانیتر، بە یەک شت سەرسام بووم سێبەرەکەى ئەوەندە درێژ ببووەوە هەموو کۆڵانەکانى گەڕەکى داپۆشیبوو، سێبەرى خاکە دوورەکان هەمیشە قورسن.
لە شەوێکى وادا کە بێخەوى دادم نادات فریاى سبەینێ بکەوم، ئەمە چ چارەنووس و بەدبەختییەکە. چەند شەوێکە بیر لە بەیانى دەکەمەوە، ئێستا ئەم تارمایە ریش ماشو برنجییە بەم بەفر بارینە ژیانى منی خستە دۆخێکى ترەوە،
تێکەڵ بووم لەگەڵ، وێنە خەیاڵییەکانى ( پیرەمێرد، نالى، مەحوى)، ژوورەکەم بەشى هەناسەیەکى ترى نەدەگرت، چ جاى ئەوەى خۆشم چیژ لەوە دەبینم بە بێدەنگى و ئارام بخەوم، لەسەر پەنجەرەى ژوورەکەى نووسى بیکەرەوە قسەیەکم لەگەڵ تۆدا هەیە، لەخوار شووشەکەى ترەوە نووسى ( مەحوى). لەولا ترەوە نوسرا نالى، لەولاتریشەوە لە گۆشەیەکدا بە خەتێکى ئەستوورە نووسرابوو پیرەمێرد.
لەبەر خۆمەوە وتم، ئەرزە رۆم و ئیستەمبوڵ بەم شەوى بەفرانبارینە چی دەکەن..؟. دەرگام کردەوە، سێ کەس بوون بە تارماییەکى خێرا هاتنە ژوورەوە، لە یادەوەرى مندا هەر سێ وێنەکە ئاوێتە بوون، جێگەکەى خۆم بۆ هەرسێکیان راخست، تاقە بەتانیەکەم هەبوو دامپۆشین، لەو دیو جامخانەکەوە بیرم لە سبەینێ دەکردەوە، خەوم لێکەوت. بۆ بەیانییەکەى هەرسێکیان دەرگایان لێکردمەوە. بەڵام پاش ئەوەى هەرسێکیان منیان سپارد بە خاکە سپیەکانەوە.
ئەو شەوە بیرم لەوە کردەوە هیچ کامێکیان خەوى لێنەکەوێت، هەموو شووشەى پەنحەرەکان بە وێنەى خۆم داپۆشى، خەوم بە هەموویانەوە بینى، چوومە خەوى نالى و مەحوى و پیرەمێردەوە، بۆ من هیچ رستەیەکیان نەبوو، هەستم بەوە دەکرد هەرێکیان سێ رووبارن دەڕژێنە ناو دەریاوە، منیش گۆرانم و لەبەر تریفەى مانگە شەو لەبەردەم کوێرە کانیەکدا راوەستاوم.
من دەمێکە نابینام، بەرپێى خۆم نابینم، بە بۆن هەست بەوە دەکەم ئەمشەو بەفرێکى قورس دەبارێت، ژیان پڕاو پر دەبێت لە تەمو مژ، گەر سبەینێ رۆژێکیتر بێت هەرسێکیان بە هەموو تارماییەکانیانەوە نایەڵم بڕۆن، خەیاڵى ئەوان، ژیانى سەرگەردانى ئەوان، ئاوارەیی و رێگە هەرە دوورەکان بە خەونیش بیبینم بڕواى پێناکەم. ئەمشەو بۆ من سبەینێیە، سبەینێ هیچ شتێک بۆ من ناکات، هەر وەکو رۆژانى رابردوو. بۆ بەیانییەکەى ئەوان زوو لەخەو هەستان دەستى یەکێکیانم گرت کە دەستى هەرسێکیان بوو، من بە تەنها دەسنێک بوو، چاوەکانم زوو لەدەستداووە، دەستەکانیشم چیتر بە هەر شێوەیەک، هەگاوێکیشم نییە بۆ سبەینێ.

ناردن: