ئایا خۆشه‌ویستی تا كات و سه‌رده‌مێكی دی قه‌ده‌غه‌یه؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
مادام هه‌مو جیهان، له ڕۆژی 14 شوبات، به بۆنه‌ی جه‌ژنی خۆشه‌ویستییه‌وه، ئاهه‌نگ ده‌گێڕن. كه‌واته ڕێگه‌مان بده‌ن كه‌مه‌كێك چه‌نه‌بازی/ نثرثر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین كه عه‌قڵی وڕوكاس كردووه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر شتێك به‌ناوی عه‌قڵه‌وه مابێت. فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی هاوچه‌رخ “ئه‌ندرێ كۆنت سبۆنڤێڵ” وایده‌بینێت تاقه كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی جدیی؛ كه شایه‌نی گرنگی پێدانه، خۆشه‌ویستییه نه‌ك خۆكوشتن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌لبێرت كامۆ پێیوابوو. ئاشكرایه ئه‌مه‌ی دواییان- ئه‌لبێرت كامۆ- له ده‌ستپێكی كتێبه‌كه‌یدا “ئه‌فسانه‌ی سیزێف” ئه‌م په‌ره‌گرافه به‌ناوبانگه‌ی نووسیوه: (یه‌ك مه‌سه‌له‌ی فه‌لسه‌فی جدیی بوونی هه‌یه، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی: خۆكوشتنه. به مانای ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌خرێته‌ڕوو، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: ئایا ژیان شایه‌نی ئه‌وه‌یه تێیدا بژیت یان نا؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، مانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه).
قسه‌یه‌كی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، خه‌ریكه بڵێم قسه‌یه‌كی پوچی نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی خاوه‌ن خه‌ڵاتی نۆبڵه بۆ ئه‌ده‌ب. كه‌سێك دڵی پڕبێت له خۆشه‌ویستی، ناكرێت بڵێ ژیان شایه‌نی ئه‌وه نییه بژی. بگره ته‌نانه‌ت نابێت پرسیارێكی له‌و شێوه‌یه هه‌ر بكرێت. سه‌روه‌ختێك ناتوانین خۆشه‌ویستی بكه‌ین، ژیان ده‌بێت به دۆزه‌خ و به‌رگه‌ی ناگرین. ڕه‌نگه ته‌نها له‌و كاته‌دا و وه‌ك تاقه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه شه‌خسییه‌كه‌مان، بیر له خۆكوشتن بكه‌ینه‌وه. وه‌لێ ئه‌مه ته‌نها به‌سه‌ر توێژێكی زۆر كه‌می مرۆڤدا ڕووده‌دات كه له ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه شه‌كه‌ت و ماندوون و تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی درێژخایه‌ن بوون. ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، ناتوانن خۆشه‌ویستی بكه‌ن، بگره چێژ و تامی ژیانیان له‌ده‌ستداوه. ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆر ترسناكه، ئه‌وه‌یه ئه‌و جۆره مرۆڤه، ته‌نانه‌ت ناتوانێت خودی خۆشی خۆش‌بووێت! توانای خۆ خۆشه‌ویستی له‌ده‌ستداوه یان ناتوانێت ڕێز له خۆی بگرێت. ئیدی ئا له‌و كاته‌دا، له ناخیدا حه‌زی خۆكوشتن چه‌كه‌ره ده‌كات و ژیان مانای نامێنێت.
ئه‌وه‌ی نه‌توانێت خودی خۆی خۆش‌بووێت، ناتوانێت ئه‌وانی دیكه‌ی خۆش‌بووێت. ئه‌وه‌ی نه‌توانێت خۆی خۆش‌بووێت، كه‌سێكی نه‌خۆشه، خنكاوه و كۆتایی پێهاتووه. لێره‌وه ئێمه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی ده‌ژین، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و ئیمان ده‌ژین. ئه‌وه خۆشه‌ویستییه، له مه‌ترسی نائومێدی كوشنده كه به‌ره‌و خۆكوشتن ده‌مانبات، ڕزگارمان ده‌كات. خۆشه‌ویستی بزوێنه‌ری بوونه، جه‌وهه‌ری بوونه. ئه‌م قسانه ته‌نها ئه‌ندرێ كۆنت سبۆنڤێڵ-ی فه‌یله‌سوف پێمان ناڵێت، به‌ڵكو خودی دامه‌زرێنه‌ری ده‌رونشیكاری-یش: سیگمۆند فرۆید وامان پێده‌ڵێت. لێره‌وه خۆشه‌ویستی ئه‌سڵی هه‌مو ده‌ستكه‌وته‌كان و داهێنه‌ره‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وییه. خۆشه‌ویستی دڵ ئاوه‌دان و گه‌نج ده‌كاته‌وه، له خاكی وشك و به‌یاردا كشتوكاڵ ده‌ڕوێنێت. خۆشه‌ویستی وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك له خانمه‌كان ده‌ڵێت، په‌رجوو/ موعجیزه دروست ده‌كات.
له‌به‌ر ئه‌وه ڕێگه‌م بده‌ن ئه‌م پرسیاره ترسناكه بخه‌مه‌ڕوو كه خه‌وی لێ زڕاندووم: ئایا خۆشه‌ویستی، ده‌توانێت سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر ڕق و كینه میژووییه گه‌وره‌كاندا كه له ئێستادا، گڕی له هه‌مو جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌رداوه؟ به ڕاشكاوی له‌و بڕوایه‌دا نیم. خۆزگه وا بویه! له‌به‌ر هۆكارێكی ساده وا نییه، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه: فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: خۆشه‌ویستی ناتونێت سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌دا كه به درێژایی مێژوو به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه بووه، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه ئه‌م ڕق و كینه‌یه، ده‌گاته دوا ئاست و دوا مه‌ودای خۆی و هه‌مو وزه و تواناكانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. ئه‌مه‌ش چه‌ندین ده‌یه، چه‌ندین نه‌وه ده‌خایه‌نێت. ئا به‌م مانایه، ده‌ڵێم له جیهانی عه‌ره‌بیدا، خۆشه‌ویستی تا كاتێكی نادیار دواخراوه. به‌داخه‌وه كه ئه‌م قسانه ده‌كه‌م، بگره به ته‌واوه‌تی داوای لێبوردن ده‌كه‌م. من هیواداربووم پێچه‌وانه‌كه‌یم بووتایه. به‌ڵام ئه‌مه ڕاستییه‌كه‌یه. من ناتوانم درۆ له‌گه‌ڵ ئێوه و له‌گه‌ڵ خۆم بكه‌م. خۆشبه‌ختن نه‌وه‌كانی ئاینده كه دوای په‌نجا یان سه‌د ساڵی دیكه دێن، دوای ئه‌وه دێن بارودۆخه‌كه، به ته‌واوه‌تی له‌م هه‌مو ڕق و كینه و پیسییه پاكبووه‌ته‌وه. هه‌رچی ئێمه‌ین، ئێمه نه‌وه‌ی سوتان و تێپه‌ڕین بووین.
وه‌لێ خۆشبه‌ختانه، خۆشه‌ویستی به مانا (ته‌سكه‌كه‌ی/ الضیق) وشه‌كه، دوانه‌خراوه. مه‌به‌ستم خۆشه‌ویستی رۆمانسییه كه شاعیره‌كان به‌رده‌وام گۆرانی به‌شان و باڵایدا هه‌ڵده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پێشتر وتمان ده‌ڵێین: گه‌وره‌ترین به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تۆ كه‌سێكی سروشتیت، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: ئایا هێشتا ده‌توانیت خۆشه‌ویستی بكه‌یت یان نا؟ ئایا هێشتا ده‌توانیت دڵداری و عشقبازی بكه‌یت یان نا؟ ئه‌گه‌ر ده‌توانیت ئه‌وا سه‌ركه‌وتویت، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ت به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا دونیا تۆ خۆش. ئه‌گه‌ر نا هاوڕێكه‌م تۆ كۆتاییت پێهاتووه، ئازیزه‌كه‌م تۆ كۆتاییت پێهاتووه. ڕۆژگار به‌جێیهێشتوویت و له‌بیریكردوویت. خودا پشت و په‌ناتبێت و به‌خێرو سه‌لامه‌ت بڕۆیت.
بێگومان خۆشه‌ویستی هه‌م جۆراوجۆره و هه‌م پله به پله‌یه. كاتێ ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌ین، یه‌كه‌م شت كه به خه‌یاڵماندا دێت، بریتییه له خۆشه‌ویستی ئافره‌ت و جوانی. به‌ڵام خۆشه‌ویستی جۆری دیكه‌ی هه‌یه، یه‌كه‌میان بۆ نمونه خۆشه‌ویستی حه‌قیقه‌ته، ئه‌م جۆره‌یان لای بلیمه‌ته‌كان، ڕاسته‌وخۆ دوای خۆشه‌ویستی ئافره‌ت دێت، له‌وانه‌شه پێش خۆشه‌ویستی ئافره‌ت بێت. بگره هه‌ندێكیان پێیانوایه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له خۆشه‌ویستی ئافره‌ت ده‌چێت. ئاخۆ ده‌بێت په‌یوه‌ندی نێوان خۆشه‌ویستی ئافره‌ت و خۆشه‌ویستی حه‌قیقه‌ت چی بێت؟ ئایا ئافره‌ت حه‌قیقه‌ته و حه‌قیقه‌ت ئافره‌ته؟ به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان: به‌ڵێ. حه‌قیقه‌ت مه‌زنترین دوولبه‌ره! هه‌مو فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان ئه‌وه ده‌زانن و به درێژایی مێژوو خه‌ونیان پێوه‌بینیوه: له ئه‌فلاتونه‌وه بۆ ئه‌رستۆ بۆ دیكارت بۆ كانت بۆ هیگڵ… هتد. ئه‌وان به‌رده‌وام ڕاكه ڕاكه‌یان بووه به دوایدا. به‌رده‌وام له‌به‌ر خاتری (چاوه ڕه‌شه‌كانی) شه‌ونخونیان كردووه! ئاخر گه‌وره فه‌یله‌سوفان و زاناكان، ته‌نها یه‌ك ئامانجیان هه‌بووه: دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و له ئامێزگرتنی دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، هه‌روه‌ها عاشقیش هه‌ر وایه. كه‌واته كوا جیاوازییه‌كه‌یان له كوێدایه؟
هه‌رچۆنێك بێت، به دڵنیاییه‌وه په‌یوه‌ندی له نێوان حه‌قیقه‌ت و جوانی دا هه‌یه. ته‌نها حه‌قیقه‌ت جوانه، ته‌نها جوانیش حه‌قیقه‌ته. ڕه‌نگه بڵێن: ئه‌مه یاریكردنه به وشه و ئاڵۆزه و له ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌شتن و عه‌قڵی ئێمه‌یه و له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر پێویستمان پێی نییه و نازانین بۆچی به زۆری زۆرداری ده‌رخواردمانی ده‌ده‌یت! به‌ڵام با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كرۆكی باسه‌كه و بزانین ئه‌و بلیمه‌تانه، ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی چی ده‌ڵێن؟ ده‌رباره‌ی پیرۆزترین سۆز له‌سه‌ر گۆی زه‌وی؟ عیملاقی ڕۆمانی فه‌ره‌نسی بلزاك ده‌ڵێت: “خۆشه‌ویستی وه‌ك ده‌ریای بێ كه‌نار وایه”، له‌وانه‌یه ئه‌مه جوانترین پێناسه بێت ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی خوێندبێتمه‌وه. به كورتی و پوختی: ده‌ریا پان و فراوان و قووڵه، بگره زۆر پان و فراوانه، كێ ده‌توانێت ده‌ریا له ئامێز بگرێت؟ وه‌لێ ده‌ریا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو پان و فراوانییه‌یدا، كه‌ناره‌كان سنورداری ده‌كه‌ن. هه‌رچی خۆشه‌ویستییه، كه‌ناری نییه. كه‌واته خۆشه‌ویستی نه سنوری هه‌یه و نه كۆتایی. به‌م مانایه، خۆشه‌ویستی ملیۆنانجار له ده‌ریا فراوانتره.
قه‌دیس ئۆگستین كه یه‌كێكه له باوكه گه‌وره‌كانی كڵێسای مه‌سیحی ده‌ڵێت: سنوری خۆشه‌ویستی، بریتییه له‌وه‌ی سنوری نییه. به‌و مانایه خۆشه‌ویستی سنوردار یان مه‌رجدار، خۆشه‌ویستی نییه. عاشق و مه‌رجی هه‌بێت؟ شه‌رمه، تا نیوه‌ی ڕێگا عاشق بیت و پاشان په‌ته‌كه بپچڕێنیت؟ مه‌عقول نییه! شه‌رم له خۆت بكه ئه‌ی ساخته‌چی ته‌ڵه‌كه‌باز! یا ئه‌وه‌تا تا كۆتایی گێمه‌كه عاشق ده‌بیت یا هه‌رگیز عاشق نابیت. نوقته سه‌ری دێڕ.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی یاری له‌سه‌ر دوو یان سێ په‌ت بكه‌یت، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه. وه‌لێ له‌وانه‌یه من لێره‌دا سنوری خۆم و قسه‌كانی قه‌دیسی گه‌وره- ئۆگستین-م به‌زاندبێت كه شتی وای نه‌وتووه. ئاخر ئه‌و به پله‌ی یه‌كه‌م پیاوی ئاینه و مه‌به‌ستی خۆشه‌ویستی یه‌زدانییه نه‌ك خۆشه‌ویستی مرۆیی. جیاوازی نێوان ئه‌و و بلزاك ئا لێره‌دایه. جیاوازی نێوان خۆشه‌ویستی ئاینی و خۆشه‌ویستی عه‌لمانی ئا لێره‌دایه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، قه‌دیس ئۆگستین ئه‌م وشه كاریگه‌رانه‌شی وتووه: “دوو خۆشه‌ویستی هه‌یه كه دوو جیهانی جیاوازیان دروست كردووه: خۆشه‌ویستی خود تا ئه‌و ئاسته‌ی یه‌زدان له‌بیر بكرێت، ئه‌مه‌یان جیهانی سه‌ر زه‌وی دروست كردووه. خۆشه‌ویستی یه‌زدان تا ئه‌و ئاسته‌ی خود له‌بیر بكرێت، ئه‌مه‌یان جیهانی ئاسمانی دروست كردووه”. جوانه، شیرینه. سوپاس بۆ قه‌دیس ئۆگستین-ی نه‌مر. شاعیری گه‌وره‌مان “ئیبن الفارض” شتێكی وایكردووه، ئه‌ویش ڕۆژێك له ڕۆژان له نێو خۆشه‌ویستی یه‌زدانی كه سوكنایی به دڵ و ده‌روون ده‌دات، غه‌رق ببوو. هه‌روه‌ها ئه‌و قه‌دیسه نایابه‌ی دیكه‌ش “رابیعه‌ی عه‌ده‌وی” هه‌مان شتی كردووه، ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وی خاوه‌نی ئه‌م دێڕه به‌ناوبانگانه‌یه: دوو خۆشه‌ویستی خۆشمده‌وێت، خۆشه‌ویستی حه‌زلێكردن و خۆشه‌ویستی…
سوپاس بۆ شاری نه‌مری به‌سره‌ی عێراقی، لانكه‌ی له‌دایكبوونی بلیمه‌ته‌كان. ته‌سه‌وفی ئیسلامی، یه‌كێكه له مه‌زنترین فتوحاته‌كانی زه‌وی و ئاسمان. ته‌سه‌وفی ئیسلامی ده‌ریایه‌كه سنوری نییه. له كۆتایدا خۆشه‌ویستی شێوه و جۆری زۆره. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه به‌م دواییانه، به بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵی زاینییه‌وه، ئاهه‌نگمان گێڕا، كه‌واته با ئه‌و قسه‌یه بێنینه‌وه یادی خۆمان كه مه‌سیح له ئینجیل‌دا كردوویه‌تی: “نه‌مری بۆ یه‌زدان كه له ئاسمانه و ئاشتی بۆ زه‌وی و دڵخۆشی بۆ خه‌ڵك”. هه‌روه‌ها با ئه‌م دێڕه شیعره‌ی شێخی گه‌وره “محیی ا‌لدین ئیبن عربی” بێنینه‌وه بیری خۆمان:
ڕوو له هه‌ركوێیه‌ك بكه‌م، دینی من، دینی خۆشه‌ویستییه
خۆشه‌ویستی هه‌م دین و هه‌م ئیمانی منه
لێره، له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته به‌رز و بڵنده، ئیسلام و مه‌سیحییه‌ت، به‌و په‌ڕی ته‌بایی و گونجانه‌وه، باوه‌ش به‌یه‌كدا ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 13 شوبات، 2022