خۆزگە جەنگ شانۆگەرییەک دەبوو

Loading

لەبارەی شیعر و شووناسی شیعریی و شاعیرەوە
ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە کەرسوور
بیرم کردەوپیانۆیەک بکڕم
تاکو تریفەی مانگ
بۆ دایکم بژەنم
ئەو کاتەی قژی
خوشکە گچکەکەم دادەهێنێت…!

ئەم پەڕەگرافەشیعرییە، یەکێکە لە تێکستە ناوازەکانی نێو دیوانی (خۆزگە جەنگ شانۆگەرییەک دەبوو)ی شاعیری کوردی ڕۆژئاوا (مەروان عەلی) کە لە لایەن نووسەر و ڕەخنەگر و وەرگێڕی بەتوانای کورد (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)ییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە عەرەبییەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
هەر بە خوێندنەوەی ئەم پەڕەگرافەشیعرییەی سەرەروە، خوێنەر تێدەگات کە لەبەردەم ئەزموونێکی تایبەت و جیاوازی شیعردایە، ئەزموونێک کە لە نێوان وێنەی زهنی و وێنە حەقیقییەکانی ژیاندا کەمترین مەودا دەبینێت، لە نێوان کەرەستە ڕۆژانەییە هەست پێ کراوەکان و ئەوانەی تەنها لە کارگەی زماندا، فەنتازیا و خەیاڵ دروستیان دەکات، بچووکترین جیاوازی دەبینێت، کەچی کاتێک لە سنوورەکانی فۆڕمەوە شۆڕدەبینەوە نێو پانتایی ناوەڕۆکی تێکستەکە، تێدەگەین کە ئەم شاعیرە بەو کەرەستە هەست پێ کراوانە و بەو تەکنیکە سادە و دونیابینییە ڕوونەیەوە، وێنەی دونیایەکی تەواو جیاوازمان پیشان دەدات، دونیایەک کە ڕەنگە لە فۆتۆیەکی ڕاستییەوە وەرگیرابێت، بەڵام ژیانی ناو فۆتۆکە تەواو ژیانێکی سەربەخۆ و فەنتازییە.

بیری هاوڕێ حەماڵەکانی عەنتەرییە و هیلیبیکم کرد
بیری شۆفێرانی وەحدە
کە بێ هۆ لە شەقامەکانی قامشلیدا
ماشێنەکانیان پاک دەکردەوە
بیری کچانی کورد لە جەژنی نەورۆزدا
کچانی کتێبخانەی ئەنیس حەننا
بیری بێکارانی شەقامەکانی قەدوور بەگ.
لە ڕاستیدا ئەزموونی ئەم شاعیرە کوردەی خۆرئاوا، تەنها لە ڕووی وشەسازی و تەکنیک و خەیاڵ، یان فۆڕم و زمان و شێوازی داڕشتن و گوزارشتکردنەوە، ئەزموونێکی جوان و دەوڵەمەند و داهێنەرانە نییە، بەڵکو لە ڕووی بابەت و تێما و تێڕوانین و بەکارهێنانی کەرەستە شیعرییەکانیشەوە جیاواز و دەوڵەمەندە، مەروان عەلی، وەک شاعیرێکی تاراوگەنشین و نیشتەجێی مەنفا، خاوەنی نۆستالیجیایەکی قووڵە و ئەم نۆستالیجیایە تەنها بەوەوە نەبەستراوەتەوە کە لە فۆرمێکی سۆزئامێز و بیرکردنێکی سادەی شوێنی ژیانی ڕابردوویدا قەتیس بمێنێت، بەڵکو حاڵەتی نۆستالیجیاکەی ڕەهەندێکی قووڵی فیکری و ئیستاتیکیشی وەرگرتووە، ئەوەندەی بیری شوێنەکان دەکات، پتر لەوە بیری مرۆڤەکان دەکات، وێنەی مرۆڤیش لە تێکست و دونیابینی شیعری ئەم شاعیرەدا دابەش دەبێت بەسەر چەندین ڕەهەندی سایکۆلۆژی و چینایەتی و باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، هەر مرۆڤێکی نێو تێکستەکانی مەروان، هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندێیتییەکی جیاواز و سەربەخۆن، کتومت وەک کاراکتەری نێو چیرۆک و ڕۆمانەکان، خوێنەر لەبەردەم هەر مرۆڤێکی نێو شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا، بەر ڕووداوگەلێکی جیاواز و چیرۆکی غەمگین دەکەوێت، هاوکات مەروان بە هێڵێکی زۆر تەنک کە تەنها مەگەر خوێنەری ورد و بەدیقەت بیبینێت، جێگە و پێگەی خۆی هەم لە نیشتمان و هەم لە مەنفاش دیاری دەکات، هاوکات بە دەنگێكی چپەدوو گەرەکیەتی بە خوێنەر بڵێت کە پێشتر لە کوێ ژیاوە و چۆن ژیاوە، شوناسی شاعیرێتی لای ئەم شاعیرە تەواو شوناسێکی ئینسانیی و گەردوونییە، چونکە ئەو لە بەشێکی ئەو پەڕەگرافەشیعرییەی سەرەوەدا ڕوونیکردووەتەوە کە نیشتمانی ئەو چیدی نیشتمانێک نییە مرۆڤ بە ئازادی تیایدا بژی و خەون ببینێت و خۆشەویستی بکات، چونکە ئەو وێنەی شەقامەکانی نیشتمانان بۆ دەکێشێت نەک بەو جۆرە نۆستالیژییەی فرمێسکی بەسەردا بڕێژیت و خۆزگە بۆ پیاسەکانی لای ئێوارانی بخوازیت، نا… دیمەنەکە لای ئەم شاعیرە تەواو پێچەوانەیە، ئەو وێنەی شەقامێکی خستۆتە خەیاڵ و بەرچاوی ئێمە، کە شەقامی ڕەنج و عەزابی حەماڵە زەحمەتکێشەکان و شۆفێرە نیگەران و بێکارەکانە، شەقامی کەسانێکە کە بە دزییەوە جنێو بەو سەرۆکە ستەمکارە دەدەن کە نیشتمانی بەرەو هەڵدێر و هەڵنوتاند بردووە.
مەروان عەلی لەو شاعیرانەیە کە بە لەشکری وشە و جوعبەی پڕ لە خەیاڵ و چەکی زمان، دەیەوێت بەشداری بکات لە کایەی ئاوەدانی و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا، خەمی ئەو خەمێکی خودی نییە، ڕاستە ئەو بە ناوی خۆیەوە لە شیعرەکانیدا دەپەیڤێت، بەڵام داواکارییەکانی بۆ هەموانە و لە پرۆسەی شیعریدا بەیانی دەکات، ئەو لە شیعریی (سووریا)دا، وەک مرۆڤێک، نەک تاکێکی نەتەوەپەرست، سووریایەکی ئازادی دەوێت بۆ هەموان، دەیەوێت لەژێر باری ئاگر و جەنگ و نەهامەتییەکاندا ڕاست بێتەوە، بێ ترس و بیم بە شەقامەکانیدا بگەڕێت و و نیشتمانی هی هەموان بێت بێ جیاوازی.
لە ڕاستیدا سووریا وڵاتێکە مێژوویەکی پڕ لە ململانێی خوێناوی هێناوێتیە ئێستایەکی برسی و بەرگ شڕ و خوێناویتر، بەڵام وڵاتی شارستانیەت و شوێنەوارە دێرینەکان و فەرهەنگ و پێشکەوتنیشە، وڵاتێکە چەند بشکەوێت، توانای هەستانەوەی پترە لە شکست، ئەم وێنە حەقیقییە گەر لە لاپەڕە مێژووییە نووسراوەکانیشدا نەبینرێت، لە دێڕ و ڕستە و پەڕەگرافەشیعرییەکانی مەرواندا دەبینرێت.

بوومەتە غەریب
لە وڵاتەکەی خۆمدا
ئەگەر گۆڕی هاوڕێیانم نەبێت
ڕێگەی ماڵ نادۆزمەوە.
ئەوە تەنها لە توانا لەڕادەبەدەرەکەی شیعر و فەنتازیای شیعریی و خەیاڵی قووڵ و زمانی سرکئاسای شاعیراندایە بەو ئاستە بتوانرێت بە کۆمەڵێک وشەی ناسک گوزارشت لە قووڵترین و بەسوێترین برین بکرێت، مەڕوان گەرەکییەتی تراژیدیای جەنگمان بۆ بگێڕێتەوە، گەرەکییەتی بڵێ جەنگ مرۆڤ لە خۆی و دونیای خۆی نامۆ و غەریب دەکات، جەنگ شوێنەکان و جوگرافیا و ڕۆحی مرۆڤ و سروشتیش دەگۆڕێت، مەروان گەرەکییەتی لەسەر قوربانییەکانی جەنگ و ئاسەوارەکانی دوای جەنگ ڕۆمانێک بنووسێت، نووسیشی بەڵام لەبری سەدان لاپەڕە بە چوار دێڕ هەموو شتێکی گوتوە، زۆر جاران گوتراوە کە وەزیفەی شیعرە ئەوە نییە بەشداری بکات لە کایەی کۆمەڵایەتیدا و هەمیشە ئەو تێکستە شیعرییانە جێی سەرنجی خوێنەران و ڕەخنەگرانن، کە ئاڵۆزن و دوورن لە ئازار و خەون و کێشەی خەڵکییەوە، بەشێکی ئەم بڕوا و بۆچوونە لەوەوە هاتووە کە ئەگەر هاتو شیعر چووە ژێر باری گەیاندنی ئەم جۆرە پەیامانەوە، ئەوا لە بەهای داهێنان و ئیستاتیکای شیعریی کەم دەبێتەوە و وشەکان دەچنە خزمەتی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە، کەچی لێرەدا توانای بێ سنووری ئەم شاعیرە ئەو بۆچوونە ڕەد دەکاتەوە و لە چوارچێوەی کورتە شیعرێکی جوان و داهێنەرانەدا گەورەترین پەیامی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانەی خۆی بەیان کردووە، بێ ئەوەی نە هیچ هێڵێکی ئایدۆلۆژی ببینین، نە هیچ دەنگ و چرپەیەکی نەتەوەپەرستانە بژنەوین.

کە حەلەبم جێهێڵا
بینیم
سەیرم دەکات و
دەست بەرز دەکاتەوە
شارانیش وەک مرۆ وان
کە بیر دەکەن
تەنیا دەبن
بە بێدەنگی دەگرین.
لەو پێشەکییە دەوڵەمەند و پڕ لە زانیارییەی مامۆستای نووسەر و ڕەخنەگر و وەرگێڕی ئەم کتێبەدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە سەربوردەی خود و دەرکەوتنی لە زۆر شیعری مەروان عەلیدا، بە پلەی نایاب سیفەتی ئەوەی پێ دەبەخشێت، لە ڕووی سەرەکییەوە پێی بڵێین شاعیری ئۆتۆبایۆگرافی، بە شیعرەکانیشی بڵێین شیعری ئۆتۆبایۆگرافی: دیارە ئەدەب بە گشتی مناەوێ و نەمانەوێت لە خۆیدا بڕێک لە خودی ئەدیبەکە هەڵدەگرێت، بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بیخەینە چوارچێوەی ئەدەبی بیرەوەری و سەرگوزەشتە و سەرگوزەشتەی خودەوە.
بێگومان هاوڕای ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ئەم شاعیرە بیرەوەری و سەرگوزەشتەی مرۆگەلی وڵاتێک دەگێڕێتەوە بەڵام بە ڕەگەز و کەرەستەی شیعری، سەرجەم ئەو سەرگوزەشتە و یادەوەریانەی مەروان لەوە دەرچوون سەرگوزەشتەی تاکێک بن، بەڵکو دەکرێت هەموان لە یەک چوارچێوەی پڕ لە ئاوێنەدا ئەدگاری خەماوی خۆیان ببینن.
بە گشتی شیعرەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەزموونێکی جوان و جیاوازی شیعرین و لە زۆر ڕووەوە دەکرێت شرۆڤەیان بۆ بکرێت، لە جۆری ئەو تێکستانەن جگە لەوەی چێژی خوێندنەوە بە خوێنەر دەدەن، هاوکات لە جۆری ژیان و غەم و تراژیدیاش ئاگاداریان دەکەنەوە، جەنگ و غوربەت و نۆستالیجیا و ئەوین، لەو بابەتگەلەن کە بە شێوەیەکی جوان و داهێنەرانە و بە زمانێکی شیعری سادە لە فۆڕم و قووڵ لە ناوەڕۆکدا خراونەتە ڕوو، هیوادارم خوێنەرانی شیعر خۆیان لە جوانیی و چێژی خوێندنەوەی ئەم کتێبە شیعرییە بێبەش نەکەن.

ناردن: