له ناپلیۆنه‌وه بۆ سیسی؛ بیست كه‌سایه‌تی مێژووی هاوچه‌رخی میسر كورتده‌كه‌نه‌وه
126 خوێندنه‌وه
نووسینی: سه‌وسه‌ن ئه‌لئه‌بته‌ح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
خوێندنه‌وه‌ی كتێبی “ڕوخساره تازه‌كانی میسر” له نووسینی ڕۆماننوسی ڕۆژنامه‌نوسی فه‌ره‌نسی- میسری ڕۆبێر سۆلیه، چێژێكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه. هه‌رچه‌نده سه‌باره‌ت به مێژووی میسر، كتێبێكی بێ‌شومار نووسراون، به‌ڵام ئه‌م كتێبه‌یان، ئه‌و ئه‌ركه‌ی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ كه تێڕوانینێك/ دیدگایه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، نه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها ڕووداوه‌كان بگێڕێته‌وه. كتێبه‌كه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیانه بۆ سه‌د ساڵ له مێژووی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی، نه‌ك ئه‌وه‌ی به بێلایهنیهكی سارد و سڕ، ڕووداوه‌كان بگێڕێته‌وه. ڕۆبێر سۆلیه به شێوازه رۆمانئامێزه ئاسان و خۆشه‌كه‌ی، ئینجا وه‌رگێڕی تێكسته‌كه له فه‌ره‌نسییه‌وه بۆ عه‌ره‌بی “ئه‌دۆنیس سالم”، سه‌ركه‌وتوو بووه له گه‌یاندنی به‌رهه‌مێكی سه‌رنجڕاكێش، به‌جۆرێك خوێنه‌ر هه‌ر كه ده‌ستیدایه خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، ده‌ستبه‌رداری نابێت تاكو هه‌ر سێ سه‌د لاپه‌ڕه‌كه ده‌خوێنێته‌وه.
له ناپلیۆن پۆناپارتههوه بۆ سه‌رۆك عهبدالفتاح ئه‌لسیسی، دانه‌ری كتێبه‌كه ڕۆبێر سۆلیه، مێژووی میسر له میانه‌ی ژیانی بیست كه‌سایه‌تیه‌وه ده‌نووسێته‌وه، هه‌ر یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه، رۆڵی كلیل-یان هه‌بووه. نووسه‌ری كتێبه‌كه له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه كه ناوه‌كانی له بێژنگداوه، هه‌روه‌ها له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بووه كه به‌شێوه‌ی زنجیره‌یه‌كی زه‌مه‌نی، له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كانی نووسیوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیانی یه‌كێكیان، ته‌واوكه‌ری ژیانی ئه‌وی دیكه‌یان بووه. ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشییه، ئه‌وه‌یه نووسه‌ر جیاوازی نه‌كردووه له نێوان سیاسی و ئه‌دیب و گۆرانیبێژ و سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی. هه‌ر یه‌كێك له‌وانه، به دیدی نووسه‌ر، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستكردنی ڕووداوه‌كان هه‌بووه. ئا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، ئه‌م ناوانه‌ی هه‌ڵبژاردووه: محه‌مه‌د عه‌لی، رفاعه ته‌هتاوی، ئه‌حمه‌د عوڕابی، لۆرد كرۆمه‌ر، سه‌عد زه‌غلول، هودا شه‌عراوی، حه‌سن به‌نا، ته‌ها حسێن، جه‌مال عه‌بدولناسر، ئوم كه‌لسوم، ئه‌نوه‌ر سادات، نه‌جیب مه‌حفوز و ئه‌وانی دیكه.
به ئینسانیكردنی میژوو و نووسین له‌سه‌ر مێژوو له ده‌روازه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه، چێژێكی خۆشیان به كتێبه‌كه به‌خشیوه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه ئه‌ركی نووسه‌ری قورس كردووه. ئاخر گه‌ڕان به دوای ورده‌كاریی ژیانی هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كدا، تاكو حه‌قی ئه‌ده‌بی خۆی و گه‌رم و گوڕی ژیان وه‌ربگرێت، كارێكی زه‌حمه‌ت و تاقهتپڕوكێنه. هه‌ر بۆیه له خوێندنه‌وه‌یدا، تا زیاتر لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه هه‌ڵده‌یته‌وه، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت مێژووی میسر، چه‌ند چڕ و پڕه و چه‌ند نه‌ته‌وه و میلله‌تی پێدا تێپه‌ڕیوه، حوكمیان كردووه و جه‌نگاون، سه‌ركه‌وتوون و دۆڕاون. بۆت ده‌رده‌كه‌وێت گه‌یشتنی جه‌مال عه‌بدولناسر به كورسی ده‌سه‌ڵات، ته‌نها به‌هۆی كوده‌تای ئه‌فسه‌ره گه‌نجه‌كانه‌وه نه‌بووه به‌سه‌ر پاشایه‌تیدا و گۆڕینی سیستمه‌كه بۆ كۆماری. به‌ڵكو دوای مێژوویه‌كی دوور و درێژ له چاوه‌ڕوانی، ئه‌وه یه‌كه‌مجاره میسرییه‌ك حوكمی میسر بكات و بگاته كورسی ده‌سه‌ڵات.
ئه‌وه‌تا هه‌ر كه ناپلیۆن پۆناپارت، كۆتایی به حوكمی مه‌مالیكه‌كان هێنا، یه‌كسه‌ر محه‌مه‌د عه‌لی هات و حوكمی وڵاتی گرته ده‌ست كه به ئه‌سڵ ئه‌لبانی بوو، تموحی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئیمپراتۆریه‌تێك دامه‌زرێنێت. دوای خۆشی ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌ی له گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام بوون، تا ئه‌و كاته‌ی مه‌لیك فاروق ڕووخا. ئه‌م ماوه زه‌مه‌نییه، واته له گه‌یشتنی ناپلیۆن به كه‌ناره‌كانی ئه‌سكه‌نده‌رییه، تا كه‌وتنی دواهه‌مین ڕه‌چه‌ڵه‌كی محه‌مه‌د عه‌لی، ئه‌وه‌ی حوكمی میسری كردووه، ئیمپیریالیزم و نه‌هامه‌تییه‌كانی بووه، ئینگلیز و فه‌ره‌نسییه‌كان و توركه‌كان و شه‌ركه‌س. به مانایه‌كی دی، عه‌بدولناسر بۆ میسرییه‌كان، به‌دیهێنه‌ری ئه‌و خه‌ونه‌یان بوو كه چاوه‌ڕوانیكردنی و هێنانه‌ئارای زۆر درێژه‌ی كێشا، عه‌بدولناسر (به ئه‌سڵ میسرییه و كوڕی میلله‌ته)، هه‌روه‌ها ئه‌و عه‌ره‌ب بوو، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بوایه خه‌ونه‌كه‌ی خه‌ونێكی نه‌ته‌وه‌یی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س پێشتر ئه‌وه‌ی نه‌كردووه.
له ده‌ستپێكی كتێبه‌كه‌دا، ده‌گه‌ین به ناپلیۆن یان به “سوڵتانه گه‌وره‌كه” وه‌ك ئه‌وه‌ی میسرییه‌كان ئه‌و ناوه‌یان لێنابوو. به‌ڵام ناپلیۆن له میسر ته‌نها سی و شه‌ش مانگ خۆیگرت، دوای ئه‌وه‌ی له عه‌كا تێكشكا، به دۆڕاوی ڕایكرد و به‌هۆی هاوپه‌یمانی به‌ریتانی-عوسمانی، خه‌ونه ئیمپراتۆرییه‌كه‌ی له‌ناوچوو. ئامانجی كۆتایی ناپلیۆن ئه‌وه بوو، بگات به هیندستان، ئه‌سكه‌نده‌ری به نمونه‌ی باڵای خۆی داده‌نا، كه‌چی به دڵشكاوی و نائومێدی كۆتایی پێهات. ئه‌وه ناپلیۆنه نووسیویه‌تی: “له میسر، بینیم ڕزگارم بووه له هه‌مو به‌ربه‌ست و كۆت و به‌نده‌كانی شارستانییه‌تێكی بێزاركه‌ر. له‌وێ خه‌ونم به زۆر شته‌وه ده‌بینی، ئه‌و ئامرازانهشم له‌به‌ر ده‌ستدا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ون به هه‌رچییه‌كه‌وه ببینم، بیهێنمه‌دی. سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی ئاینێكی نوێ بووم، خۆمم ده‌بینی به‌سواری فیلێكه‌وه، به‌ره‌و ئاسیا كه‌وتوومه‌ته ڕێ و چه‌فییه و عهگاڵێكیشم به‌ستووه به سه‌رمه‌وه و قورئانێكی تازه‌شم به ده‌سته‌وه‌یه كه به ئاره‌زووی خۆم دامناوه. به‌نیاز بووم له پرۆژهكانمدا، ئه‌زموونی هه‌ردوو جیهانه‌كه كۆبكه‌مه‌وه و سود له وانه‌كانی میژوو وه‌ربگرم و له هند په‌لاماری هێزی ئینگلیز بده‌م. پاشان ده‌گه‌ڕامه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و داگیركردنهدا، په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ئه‌وروپای پیر داده‌ڕشته‌وه. ئه‌و ماوه‌یه‌ی له میسر به‌سه‌رم برد، جوانترین ماوه‌ی ژیانم بوو، چونكه ماوه‌یه‌كی تا بڵێی ئایدیالی بوو.”
ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ناپلیۆن له میسر كورت بوو، به‌ڵام ڕێگه‌ی بۆ محه‌مه‌د عه‌لی، دامه‌زرێنه‌ری میسری تازه، خۆشكرد ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست. به‌مه‌ش ده‌رگای له‌به‌ده‌م كرایه‌وه، تاكو یه‌كه‌م شاندی زانستی بنێرێت بۆ پاریس. محه‌مه‌د عه‌لی 44 گه‌نجی ڕه‌وانه‌ی پاریس كرد، له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌مویان ئیمامه گه‌نجه‌كه‌ی ئه‌زهه‌ر “ته‌هتاوی” بوو. ته‌هتاوی وه‌ك سه‌رۆكی شانده‌كه ده‌رده‌كه‌وت، چ له ڕووی زانینی زمانی فه‌ره‌نسییه‌وه، یان له ڕووی نووسینه‌وه‌ی یاداشته ڕۆژانه‌ییه‌كانی. له‌مه‌شدا به قسه‌ی ئامۆژگارییه‌كانی مامۆستاكه‌ی “حسه‌ن العتار” كرد؛ كه ئه‌ویش پێشتر قوتابی زاناكانی ناپلیۆن بوو له میسر.
به گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌هتاوی بۆ میسر، كتێبه‌كه‌ی”تخليص الإبريز في تلخيص باريز” كه یه‌كه‌م جۆری كتێب بوو، باس له ژیانی ئه‌وروپا بكات، ده‌بێت به مه‌رجه‌ع. هه‌روه‌ها قوتابخانه‌ی فێربوونی زمانی كرده‌وه، بایه‌خێكی زۆری به كاری وه‌رگێڕان دا، جگه له‌وه له پشت زۆرێك له‌و ده‌زگا ڕۆشنبیرییانه‌وه بوو كه دواتر ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن، وه‌زیرێكی بۆ خوێندنی گشتی دامه‌زراند و ده‌ستپێكی سه‌رده‌می ڕێنیسانسی فیكری له جیهانی عه‌ره‌بیدا ڕاگه‌یاند.
له كتێبه‌كه‌دا دوای ته‌هتاوی، ده‌گه‌ینه لای خدێوی ئیسماعیل، خدێوی كارێكی زیندووكرده‌وه كه به چوار ساڵ پێش هاتنه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، ده‌ستی پێكردبوو، به‌ڵام له‌و كاره‌دا ڕاوه‌ستابوو. كاره‌كه‌ی بریتی بوو له گه‌یاندنی ده‌ریای سور به ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، به‌هۆی نۆكهندێكهوه درێژییه‌كه‌ی 160 كیلۆمه‌تره، ئه‌مه له ساڵی 1854 بوو. ئیدی له‌و كاته‌وه خه‌ونی دروستكردنی نۆكه‌ندی سوێس ده‌ستی پێكرد و له‌گه‌ڵیدا ترسیش له به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو. چونكه نه بابی عالی ڕه‌زامه‌ند بوو، له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا میسر سه‌ربه‌خۆییه‌كی زۆرتر به‌ده‌ست بێنێت. نه ئینگلیز ڕازی ده‌بوو، له ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه، نفوز و ده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسا له ناوچه‌كه به‌هێز ده‌كات. خدێوی ئیسماعیل پاره‌یه‌كی زۆری له پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێناندا به‌فیڕۆدا كه به‌رهه‌میان نه‌بوو. ئه‌و كه‌سه‌ی دوای خدێوی هاته سه‌ر حوكم، وڵاتێكی مایه پوچی/ موفلیسی به میرات بۆ مابوه‌وه، وڵاتێك له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی دوو ده‌وڵه‌تی قه‌رزبه‌خش ده‌یناڵاند، ئه‌وانیش فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا بوون. ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته به جۆرێك كۆنترۆڵی وڵاته‌كه‌یان كردبوو، له ئیمپریالیزم ده‌چوو. هه‌ر ئه‌مه بوو وایكرد، بزووتنه‌وه‌یه‌كی نیشتیمانی ده‌ركه‌وێت.
دانه‌ری كتێبه‌كه، ڕوونی ده‌كاته‌وه شۆڕشی ئه‌حمه‌د عورابی، بزوتنه‌وه‌یه‌كی تێكۆشانی سه‌ربازه میسرییه‌كان بوو، كه مافه‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڕێكانیان له توركه‌كان و ئه‌لبانییه‌كان و كورده‌كان پێشێل ده‌كرا. عورابی دوو ده‌یه چاوه‌ڕوانی كرد تا بوو به عه‌قید، ئه‌مه‌ش به‌رزترین پله بوو كه “ئه‌فسه‌رێكی جوتیار” بتوانێت به‌ده‌ستی بێنێت. ئه‌حمه‌د عورابی به‌و په‌ڕی بوێری و جه‌ساره‌ته‌وه، له به‌رامبه‌ر ئینگلیز ڕاوه‌ستا و به‌مه‌ش باجگهلێكی زۆر گرانی دا، له‌وانه ته‌خوین كردنی، ئیدی وه‌ك پاڵه‌وانێكی نیشتیمانی حسابی بۆ نه‌ده‌كرا، ته‌نها دوای تێپه‌ڕبوونی نیو سه‌ده نه‌بێت، ئه‌ویش له‌لایه‌ن عه‌بدولناسر-ه‌وه بوو. (واته دوای تێپه‌ڕبوونی نیو سه‌ده و هاتنی عه‌بدولناسر بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، ڕێز و شكۆی بۆ عورابی گه‌ڕانده‌وه و سیفه‌تی پاڵه‌وانی نیشتیمانی پێبه‌خشییه‌وه.و.ك).
وه‌ك چۆن عورابی ڕۆڵی هه‌بوو له گه‌ڵاڵه‌كردنی شوناسی میسری، محه‌مه‌د عه‌بده خاوه‌نی كتێبی “التوحید” كه ببوو به موفتی گه‌وره‌ی میسر، ئه‌ویش توانی كۆمه‌كی ئه‌و بیرۆكه‌یه بكات كه پێیبوابوو ڕێنیسانس یان هه‌ستانه‌وه، ڕوونادات ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئیسلام گونجاو نه‌بێت و ئیسلامیش پێویستی به تازه‌بوونه‌وه هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌م بیرۆكه‌یه نه‌یاری زۆر بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا محه‌مه‌د عه‌بده، توانی ده‌رگا له‌به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنی ڕیفۆرمخوازان و ڕۆشنبیران و سیاسییه‌كاندا بخاته سه‌ر پشت، له نمونه‌ی لوتفی ئه‌لسه‌ید و سه‌عد زه‌غلول، هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی خۆشی بوو قاسم ئه‌مین پێگه‌یشت.
ده‌ركه‌وتی سه‌عد زه‌غلول “باوكی ئومه/ ابو الامة”، درێژكراوه‌ی ئه‌وانی پێش خۆی بوو، ئه‌و یه‌كێك بوو له قوتابییه‌كانی جه‌ماله‌دینی ئه‌فگانی و شێخ محه‌مه‌د عه‌بده و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ی دواییان، به‌شداری له شۆڕشی عورابیدا كردبوو. زه‌غلول به تۆمه‌تی “به‌شداریكردن له گروپێكی نهێنی” زیندانیكراوه. ئه‌و هه‌رچه‌نده جوتیارێكی میسری بوو، به‌ڵام توانی سه‌فه‌ر بۆ فه‌ره‌نسا بكات و بڕوانامه‌ی ماف به‌ده‌ست بێنێت و بوو به وه‌زیری خوێندن، پاشان بوو به وه‌زیری داد/عه‌دل. سه‌عد زه‌غلول تا ساڵی 1919 و كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، چاوه‌ڕیی كرد، دوای ئه‌وه وتاره حه‌ماسییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خوێنده‌وه كه تێیدا داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات. به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌وه، له‌گه‌ڵ سێ له هاوڕێكانی، ڕه‌وانه‌ی ماڵتا ده‌كرێت. ئیدی لێره‌وه جه‌نگه‌كانی حیزبی وه‌فد له پێناو ئازدی میسر ده‌ست پێده‌كات، چ ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو، چ ئه‌و كاته‌ی له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بووه. مافپه‌روه‌ری به‌لجیكی “براون فێرمن ڤان دان بۆش” ئاوا وه‌سفی سه‌عد زه‌غلول ده‌كات: “پیاوی ئیراده‌یه و عیناده، گێژه‌ڵوكه دروست ده‌كات و به ئیسرحه‌ت تێیدا داده‌نیشێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناوه‌نده سروشتییه‌كه‌ی خۆیدا بێت”. له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی، گرنگی و بایه‌خی زه‌غلول میسری تێپه‌ڕاند و وه‌ك ئه‌وه‌ی “ڕابه‌ری هه‌مو خۆرهه‌ڵات بێت” ته‌ماشای ده‌كرا.
زه‌حمه‌ته ته‌نها وتارێك ڕۆحی كتێبه‌كه ده‌ربخات، كتێبێك گرنگییه‌كه‌ی له ورده‌كارییه‌كه‌ی و ئه‌و ئاماژه زیرهكانهدایه كه سۆلیه، بۆ یارمه‌تیدانی خوێنه‌ر به‌كاریانده‌هێنێت، تاكو ڕووداوه‌كان به‌یه‌كه‌وه گرێبدات و به‌كۆمه‌ڵێ ده‌رئه‌نجامه‌وه بێته‌ده‌ره‌وه. ئا لێره‌وه كاتێك ده‌گه‌ین به‌و لاپه‌ڕانه‌ی ته‌رخانكراوه بۆ مه‌لیك فوئادی یه‌كه‌م (1917-1936)، وه‌سفێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌لومه‌رجی میسر، دوای لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی، ده‌خوێنینه‌وه. قاهیره به چاخانه و قاوه‌خانه و شوێنه‌كانی كات به‌سه‌ربردن، بووه به پاریسێكی بچكۆلانه. له‌م ڕووه‌وه نووسه‌ری كتێبه‌كه ده‌ڵێت: “پێشتر میسر و ئه‌وروپا، هه‌رگیز به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا، له‌یه‌كتر نزیك نه‌بوونه‌ته‌وه”. فوئادی یه‌كه‌م چاوی بڕیبووه ئه‌وروپا، ئا له‌م وڵاته‌دا كه به‌ریتانیا له ساڵی 1882وه‌وه، داگیری كردبوو، هه‌مو گرێبه‌سته‌كان/ العقود به فه‌ره‌نسی واژۆ ده‌كران. هه‌روه‌ها زۆرێك له فه‌رمانه كارگێڕییه‌كانیش هه‌ر به فه‌ره‌نسی ده‌نووسران، ته‌نانه‌ت گفتوگۆكانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به فه‌ره‌نسی بوو. زۆربوون ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌وتبونه ژێر كاریگه‌ری فه‌ره‌نسا. هودا شه‌عراوی كه خاوه‌نی بوێرییه‌كی ڕیزپه‌ڕ بوو، له جه‌نگه‌كه‌یدا، به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدا بوو له‌گه‌ڵ خانمه نووسه‌ره‌كانی فه‌ره‌نسا و بانگه‌شه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی ئافره‌تانی ده‌كرد له پاریس و خودی خۆی پشووه‌كانی له ئه‌وروپا به‌سه‌ر ده‌برد. جگه له‌وه له میسر، گۆڤارێكی به زمانی فه‌ره‌نسی و به‌ناونیشانی “المصریات” بڵاوكرده‌وه، ئه‌م گۆڤاره به زمانی فه‌ره‌نسی بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ به‌رده‌وام بوو له ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه، ئه‌ركی گۆڤاره‌كه ئه‌وه بوو ڕای گشتی خۆرئاوا، ئاگاداربكاته‌وه له دۆخی ئافره‌ت و كۆمه‌ڵگا له میسر. هودا شه‌عراوی، خه‌مسارد نه‌بوو له به‌رامبه‌ر مه‌ترسی هاتنی جووله‌كه بۆ فه‌له‌ستین، له‌م ڕووه‌وه زۆر به تووندی ناڕه‌زایی خۆی و ترسی ئه‌وه‌ی جوله‌كه شوێنی فه‌له‌ستینییه‌كان بگرنه‌وه، ده‌ربڕیوه. به تووندی سه‌ركۆنه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری به‌ریتانیا و زایۆنزمی كردووه.
هاوشانی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی داوای سه‌ربه‌خۆییان ده‌كرد و مه‌یلیان به‌لای ئه‌وه‌دا بوو، سود له خۆرئاوا وه‌ربگیرێت، حه‌سه‌ن به‌نا ده‌ركه‌وت كه به‌و ئاراسته‌یه ڕازینه‌بوو. به‌نا ساڵی 1928 له‌گه‌ڵ شه‌ش له هاوڕێكانی، ڕێكخروی “ئیخوان موسلمین” یان دامه‌زراند و له شاری ئیسماعیلییه قوتابخانه‌یه‌ك و زانكۆیه‌كی كرده‌وه. ئیدی ئه‌م پیاوه، دێ به دێ ده‌گه‌ڕا و شوێنكه‌وتووانی به‌خێرایی زیادی ده‌كرد. ئه‌وه یه‌كه‌م ڕێكخراوی سیاسی میسری بوو، له بۆرجوزییهتهوه، سهریدهرنههێنا بوو. نووسه‌ری كتێبه‌كه هۆكاری سه‌ركه‌وتنی ڕێكخراوه‌كه بۆ ئه‌و خاڵه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. حه‌سه‌ن به‌نا به‌تووندی ڕازی نه‌بوو به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای میسری به عه‌لمانی بكرێت، ئه‌و وایده‌بینی: “هه‌ر پارچه زه‌وییه‌ك، ئاڵای ئیسلامی تێدا شه‌كایه‌وه، به‌لای هه‌مو موسڵمانێكه‌وه نیشتیمانه و پێویسته پارێزگاری لێبكرێت و له‌پێناویدا كار و جیهاد بكات”. به‌نا داوای ده‌كرد سیستمی خه‌لافه‌ت بگه‌ڕێته‌وه.
قسه‌كردن سه‌باره‌ت به ده‌ركه‌وتنی ڕه‌وته‌كان و دژبه‌ره‌كان، ده‌مان بات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌ها حسێن كه به چاوی هاوسه‌ره فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی “سوزان” ده‌یبینی. ته‌ها حسێن بڕیاری خوێندنی خۆڕایی ده‌ركرد، فیكری ڕه‌خنه‌یی دامه‌زراند، هانیدا ڕههندی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی میسر ببینرێت، هه‌ر بۆیه له‌لایه‌ن ئه‌ندرێ جید و جان كۆكتۆوه خه‌ڵات كرا. دوای ئه‌وه ده‌گه‌ینه سه‌ر حوكمی مه‌لیك فاروق كه له ساڵی 1952 له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی هێنرایه خواره‌وه. به‌وه‌ش حوكمی ڕه‌چه‌ڵه‌كی محه‌مه‌د عه‌لی كۆتایی هات و له‌گه‌ڵ جه‌مال عه‌بدولناسر قۆناغێكی تازه ده‌ست پێده‌كات.
ده‌نگی ئوم كه‌لسوم له سیاسه‌ت دوور نه‌بوو، ئه‌و: “ده‌نگی هه‌مو عه‌ره‌ب بوو”، بۆ هه‌ر ڕووداوێك، گۆرانییه‌كی ده‌چڕی. ده‌ستپێكی گۆرانییه نیشتیمانییه‌كانی، دوای مردنی سه‌عد زه‌غلول بوو، به گۆرانییه‌ك مردنه‌كه‌ی زه‌غلول ده‌لاوێنێته‌وه كه ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی: “سه‌عد له میسر نه‌مێنێت، ئاو وشك ده‌كات و له دوای خۆیه‌وه نه‌مامه پیرۆزه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه”، له‌و ڕۆژه‌دا جه‌ماوه‌ر گریان و ئوم كه‌لسوم ده‌سته‌سڕه‌كه‌ی ده‌ستی دڕاند.
بێگومان كتێبه‌كه كۆتایی نایه‌ت، به‌بێ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ساڵانی حوكمی ئه‌نور سادات كه له‌گه‌ڵ واژۆكردنی په‌یماننامه‌ی “كامپ دێڤد”، پێچه‌وانه‌ی ته‌وژمه‌كه مه‌له‌ی ده‌كرد و ڕووی كردبووه ئه‌مریكا. سادات ده‌یویست “هه‌مو شوێنه‌وارێكی ناسریزم بسڕێته‌وه”، سادات ئه‌و “پیاوه بوو هه‌مو دژ به‌یه‌كه‌كانی كۆكردبوه‌وه، ده‌یویست به‌ناوی زانست و ئیمانه‌وه، پاڵه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی، موسڵمانێكی تووندڕه‌و و لایه‌نگری مۆدێرنه و ڕۆشنگه‌ری، حوكم بكات. بێگومان سه‌رده‌می سادات، وا ده‌خوازێت چه‌ندین لاپه‌ڕ بۆ نه‌جیب مه‌حفوزی ئه‌دیب ته‌رخان بكرێت؛ كه هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی، به‌ده‌ر نه‌بوو له وروژاندن و خستنه‌وه‌ی مشت‌ومڕ.
كۆتا لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه، ته‌رخانكراوه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر حوسنی موبارك و سه‌رۆك سیسی، ئه‌و لاپه‌ڕانه بۆ كه‌سێكی چاو‌دێر، سه‌رسوڕمان یان شتێكی تازه‌ی تێدا نییه. لاپه‌ڕه‌كان بریتییه له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی تێیدا ژیاوین و بینیومانه. وه‌لێ خوێنه‌ری سه‌د ساڵ له ژیانی میسر، به شێوازی سولیه، به دڵنیاییه‌وه چاوه‌كان له‌سه‌ر بینینێكی تازه ده‌كاته‌وه بۆ سه‌رجه‌م مێژوی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی.
سه‌رچاوه
الشرق لاوسط، پێنج شه‌ممه، 21 ئۆكتۆبه‌ری 2021