عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا، وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌ب، كێیه؟
56 خوێندنه‌وه
ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو، ڕێكه‌وتی 7 ئۆكتۆبه‌ری 2021، ئه‌كادیمیای سوید، خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئه‌م ساڵ، به‌خشییه عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا، لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین باس له‌م خه‌ڵاته و له‌م براوه‌یه‌ی ئه‌م ساڵی نۆبڵ بكه‌ین و كه‌مه‌كێك تیشك بخه‌ینه سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی. عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا، ساڵی 1948 له دورگه‌ی زنجباری وڵاتی ته‌نزانیا له‌دایكبووه، به‌ڵام له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا و له هه‌ڕه‌تی گهنجیداا، واته له ساڵی 1968، له‌به‌ر خراپی بارودۆخی ته‌نزانیا له ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، هه‌ر زوو، زێدی خۆی به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات بۆ به‌ریتانیا و تا ئێستاش له‌وێ ده‌ژی و به زمانی ئینگلیزی ده‌نووسێت، ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی زمانی دایك له‌بیر بكات. كاتێك ته‌نزانیا به‌جێده‌هێڵێت، چیتر ناتوانێت بۆی بگه‌ڕێته‌وه، ته‌نها له ساڵی 1984 نه‌بێت، واته دوای 16 ساڵ دووركه‌وتنه‌وه، ئینجا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زنجباری زێدی خۆی.
گۆرنا به‌رده‌وام خه‌ریكی گه‌شتكردنه له نێوان وڵاتانی ئه‌فریقی. له دوای ساڵی 1993وه، یه‌كه‌م نووسه‌ری ڕه‌شپێسته خه‌ڵاته‌كه وه‌رده‌گرێت كه ڕاقیترین و باڵاترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بییه، نووسه‌رێك له ژیانیدا به‌ده‌ستی بێنێت. ئه‌م نووسه‌ره له ساڵی 1987وه، نزیكه‌ی ده كتێبی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ڕۆمانی پارادیس كه به مانای به‌هه‌شت دێت، یه‌كێكه له گرنگترین ڕۆمانه‌كانی، بابه‌تی سه‌ره‌كی و سه‌نتراڵی ڕۆمانه‌كانی، مه‌سه‌له‌ی كۆچكردن و كۆڵۆنیاڵیزم و كاریگه‌رییه‌كانی كۆڵۆنیاڵیزمه له‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون. لیژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه، سه‌باره‌ت به ده‌ستنیشان كردنی گۆرنا، ده‌ڵێت: گۆرنا له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، خۆی نه‌بواردووه له باسكردنی كاریگه‌ری كۆڵۆنیاڵیزم و چاره‌نووسی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه له نێوان كه‌لتور و كیشوه‌ره‌كاندا، به مۆله‌قی ماونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له به‌رهه‌مه‌كانیدا چاوی خوێنه‌ری خستووه‌ته سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریقا كه له ڕووی كه‌لتورییه‌وه فره ڕه‌نگه و تا حاڵی حازر، بۆ زۆرێك له وڵاتانی جیهان نه‌ناسراوه.
خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب كه له ساڵی 1901وه ده‌ستی پێكردووه و تا ئێستا 118 جار خه‌ڵاته‌كه به‌خشراوه (واته به خه‌ڵاتی ئه‌م ساڵه‌وه 2021)، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌یان له بواری ئه‌ده‌بدا وه‌رگرتووه، نووسه‌رانی ئه‌وروپین، ژماره‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ئه‌وروپین یان ئه‌مریكای باكورن و خه‌ڵاته‌كه‌یان وه‌رگرتووه، 95 نووسه‌ره كه ده‌كاته زیاد له سه‌دا80% براوه‌كان. جگه له‌وه، زۆرینه‌ی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب، له ڕه‌گه‌زی نێرینه‌ن/ پیاون، به بردنه‌وه‌ی عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا، ژماره‌ی براوه‌ی پیاوان ده‌بێت به 102 پیاو، به‌رامبه‌ر به 16 ئافره‌ت كه خه‌ڵاته‌كه‌یان له بواری ئه‌ده‌بدا وه‌رگرتووه.
عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا كه هه‌نووكه ته‌مه‌نی 7 ساڵه و دانیشتووی به‌ریتانیایه، دوای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه و كاتێك ئه‌كادیمیای سوید په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كه‌ن و هه‌واڵه‌كه‌ی پێ ده‌ڵێن، هه‌ستی كردووه گاڵته‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و بڕوای به هه‌واڵه‌كه نه‌كردووه. پاشان له یه‌كه‌م لێدوانی‌دا، سوپاسی ئه‌كادیمیای سویدی كردووه و خۆی به قه‌رزارباری ئه‌وان زانیوه و ده‌ڵێت: “له‌ناو لیستێكی قه‌به‌ی پڕ له نووسه‌ری نایابدا، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی نایابه و خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌یه، تا ئێستاش هه‌وڵده‌ده‌م له مه‌سه‌له‌كه تێبگه‌م و ئیستیعابی بكه‌م”. ئه‌م نووسه‌ره له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “بۆ من سوپرایز بوو، بڕوام نه‌ده‌كرد، تا ئه‌و كاته‌ی گوێم له بڕیاره‌كه بوو”.
عه‌بدولڕه‌زاق گۆرنا دوای ڕاگه‌یاندی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه، له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ده‌زگای نۆبڵ، داوا له ئه‌وروپا ده‌كات، وه‌ك سه‌روه‌تێك، سه‌یری ئه‌و په‌نابه‌ره ئه‌فریقییانه بكه‌ن كه ڕوو له ئه‌وروپا ده‌كه‌ن. له‌م ڕووه‌وه ئه‌م نووسه‌ره ته‌نزانییه، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه: ” زۆرێك له‌و په‌نابه‌ره ئه‌فریقییانه‌ی دێنه ئه‌وروپا، زۆر به ڕاشكاوی شتێكیان پێیه تاكو بیبه‌خشن، له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌وان به‌ده‌ستی خاڵی نایه‌ن”، هه‌روه‌ها داوا ده‌كات ئه‌وروپا تێڕوانین و ته‌ماشاكردنیان بۆ كه‌سانی داهێنه‌ر و پر له وزه بگۆڕن . گۆرنا ساڵانێكی زۆر مامۆستای زانكۆ بووه، تا پێش خانه‌نشین بوونی، له زانكۆی كینیت، بابه‌تی ئه‌ده‌بی ئینگلیزی و ئه‌ده‌بی پاش كۆڵۆنیاڵیزمی وتووه‌ته‌وه. جێگای باسه گۆرنا له یه‌كێك له زانكۆكانی به‌ریتانیا كه زانكۆی “كینیت”ه، بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، تێزی دكتۆراكه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی پاش كۆڵۆنیاڵیزم بووه له ئه‌فریقا و كاریبی و هیند.
ساڵانه نزیكه‌ی دوو سه‌د بۆ سێ سه‌د نووسه‌ر، له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیای سودییه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێن، پێش وه‌رزی هاوین، له‌و ژماره زۆره، ته‌نها پێنج دانه‌یان هه‌ڵده‌بژێردرێن و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی داوهریكردنهكه، زۆر به وردی و به‌و به‌وپه‌ڕی نهێنییه‌وه، ئه‌و پێنج به‌رهه‌مه ده‌خوێننه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش ڕاگه‌یاندنی ناوی براوه، ده‌ستنیشانی كه‌سی براوه بكرێت. ئه‌و گفتوگۆ و مشتومڕانه‌ی له نێوان ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌دا دروست ده‌بێت، بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ، به نهێنی ده‌مێنێته‌وه.
ئاشكرایه بڕی خه‌ڵاته‌كه ده ملیۆن كرۆنی سویدییه كه ده‌كاته زیاد له ملیۆنێك دۆلار. به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه، ئه‌وه دوو ساڵه، خه‌ڵاته‌كه له سوید نابه‌خشرێت، به‌ڵكو سه‌رجه‌م براوه‌كانی خه‌ڵاتی نۆبڵ، واته براوه‌كانی بواری پزیشكی و فیزیا و كیمیا و ئه‌ده‌ب و ئاشتی، له وڵاته‌كانی خۆیان خه‌ڵاته‌كه وه‌رده‌گرن.
سه‌رچاوه
ماڵپه‌ڕه‌كان و رۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 7 ئۆكتۆبه‌ری 2021