ڕۆژی جیهانیی وه‌رگێڕان
40 خوێندنه‌وه
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: هه‌ورامان وریا قانع
ئه‌مه‌ی خواره‌وه، ڕاپۆرتێكه له‌سه‌ر ڕۆژی جیهانی وه‌رگێڕان، ئه‌م ڕۆژه له چییه‌وه هاتووه و گرنگی و بایه‌خی وه‌رگێڕان له چیدایه و جیاوازی نێوان مرۆڤی وه‌رگێڕ و ئامێری وه‌رگێڕ چییه و ئایا ئه‌وه‌ی دووه‌م جێگای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌گرێته‌وه؟
پێشه‌كی
ده‌وترێت وه‌رگێڕان ئه‌و پردی په‌یوه‌ندییه‌یه كه ڕۆشنبیریی و كلتوره جیاوازه‌كان، به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت و جیهانی كۆن و تازه، مێژووی دوێنێ و ئه‌مرۆ، شاكاری دێرین و ئێستا، له‌یه‌كتر نزیك ده‌كاته‌وه و تێكه‌ڵ به‌یه‌كتریان ده‌كات. به درێژایی مێژووی شارستانییه‌تی مۆدرێن، وه‌رگێڕان له نێوان كلتوره جیاوازه‌كاندا، رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه له گواستنه‌وه‌ی شارستانییه‌ت و مه‌عریفه، بۆ ناو ئه‌و كلتوره فره‌جۆر و جیاوازانه. ئه‌وه پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان بوو، توانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بگوازێته‌وه بۆ سه‌ر زمانه‌كانی دیكه‌ی جیهان، له ناویاندا زمانی كوردی. هه‌روه‌ها ئه‌وه وه‌رگێڕانه، وایكردووه به‌شێك له ئه‌ده‌بی كوردی، له شیعر و چیرۆك و ڕۆمان، وه‌ربگێڕدرێت بۆ سه‌ر هه‌ندێك له زمانه جیهانییه‌كان. ئه‌م ئاڵوگۆڕه گرنگه‌ی مرۆڤایه‌تی و ئاشنابوون به ڕۆشنبیریی و كه‌لتوری ئه‌وی دیكه‌ی جیاواز، ئه‌ركی هه‌ره سه‌ره‌كی و بنچینه‌یی وه‌رگێڕانه. هه‌ر بۆیه تاكو حاڵی حازر، وه‌رگێڕان، كورتترین ڕێگایه بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له گه‌لان و میلله‌ته جۆراوجۆره‌كانی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه. هه‌نووكه هاوڵاتییه‌كی كورد یان عه‌ره‌ب یا فارس یا ئینگلیز…هتد، ده‌توانێت له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ده‌م چا خواردنه‌وه و دانیشتنه‌وه، به كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت و بێ هیچ ناڕه‌حه‌تییه‌ك، سه‌یری فیلم و زنجیره كۆرییه‌كان و هیندییه‌كان بكات و به ئاسانیش لێیان تێبگات. ئێستا كه‌سێكی خه‌ڵكی ئاسیا، مرۆڤێكی سه‌ر سنوری حاجی ئۆمه‌ران، خێزانێكی دانیشتووی نیپاڵ، ده‌توانن چێژ له فیلمێكی ئه‌وروپی یا ئه‌مریكی وه‌رگێڕدراو وه‌ربگرن، بێ ئه‌وه‌ی جیاوازی زمان، هیچ كێشه‌یه‌كیان بۆ دروست بكات.
مرۆڤه‌كانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، نزیكه‌ی به حه‌وت هه‌زار زمانی جیاواز و جۆراوجۆر قسه ده‌كه‌ن، هه‌ر زمانه‌ی خاوه‌ن پیت و ڕیتم و ئاواز و وشه و ڕسته و په‌ند و ئیدیۆمی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، ڕێزمان و ڕسته‌سازی و شێوازی گۆكردن و نووسینیان له‌یه‌كتر ناچن و جیاوازن. بوونی ئه‌و ژماره زۆره‌ی زمان، پێویستی به‌وه بوو، پردێك، كه‌ناڵێك، ڕایه‌ڵه‌یه‌ك هه‌بێت، بتوانێت به‌یه‌كتریان ببستێته‌وه و له میانه‌یه‌وه ئاڵوگۆڕی كلتوریی و ڕۆشنبیریی بكه‌ن. بێگومان ئه‌و پرد و ڕایه‌ڵه‌یه، ئه‌و كه‌ناڵه بایه‌خداره، هیچ نییه جگه له وه‌رگێڕان نه‌بێت. ئا لێره‌وه‌یه گرنگی و بایه‌خی وه‌رگێڕان ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه 30 ئه‌یلولی هه‌مو ساڵێك، وه‌ك ڕۆژی جیهانی وه‌رگێڕان ده‌ستنیشان بكرێت و ڕێز له ماندووبوون و كار و ئه‌ركی وه‌رگێڕه‌كان بگیرێت.
ڕۆژی جیهانی وه‌رگێڕان
ده‌ستنیشانكردنی 30 ئه‌یلولی هه‌مو ساڵێك، به ڕۆژی جیهانی وه‌رگێڕان و له ساڵی1991وه، له‌لایه‌ن یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌رگێڕان، چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، حیكایه‌تێكی له پشته و ئه‌مه‌ی خواره‌وه پوخته‌ی ئه‌و حیكایهتهیه. پاپا داماسۆس له ڕۆما، داوای له سكرتێره‌كه‌ی خۆی كرد كه ناوی قه‌دیس (جیرۆم Jerome 347-420) بوو، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، ئینجیل له زمانی یۆنانی و عیبرییه‌وه، وه‌رگێرێت بۆ سه‌ر زمانی لاتینی، تاكو ببێت به سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌رمی و پشتی پێببه‌سترێت. چونكه له‌و ڕۆژگاره‌دا، ژماره‌یه‌كی زۆر و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی وه‌رگێڕانی لاتینی بۆ كتێبی پیرۆز كرابوو.
جیرۆم بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه، زێدی خۆی كه وڵاتی دلماسیا بوو، كرواتیای ئێستا، به‌جێده‌هێڵیت و به‌ره‌و فه‌له‌ستین كهوتووهتهڕێ و گه‌یشتووه‌ته شاری (بیت لحم). ئه‌م قه‌دیسه له قوتابخانه فێری زمانی لاتینی ده‌بێت و له ڕێگه‌ی خوێندن و گه‌شت و گه‌ڕانه‌كانی به دونیادا، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش فێری هه‌ردوو زمانی یۆنانی عیبری، ده‌بێت. جیرۆم سه‌روه‌ختێك ده‌گاته بیت لحم، له ئه‌شكه‌وت و ژێر زه‌مینی كڵێسای (المهد) ژیانێكی مه‌مره و مه‌ژی ده‌گوزه‌رێنێت و ته‌مه‌نێكی زۆری خۆی له وه‌رگێڕانی ئینجیل دا به‌سه‌ر بردووه و كاره‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی زۆرباش ته‌واو كردووه. به‌مه‌ش یه‌كه‌م وه‌رگێڕانی گشتگیری/ شامل بۆ كتێبی پیرۆز ئه‌نجامداوه و تا هه‌نووكه‌ش مه‌سیحییه‌كانی جیهان، پشت به‌و وه‌رگێڕانه ده‌به‌ستن. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌یی و گرنگی ئه‌و كاره ده‌رده‌خات كه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی دووه‌می زاینی ڕویداوه. لێره‌وه وه‌ك ڕێزلێنانێك بۆ ئه‌م قه‌شه‌یه كه له ڕێكه‌وتی 30 ئه‌یلولی ساڵی 420 كۆچی دوایی كردووه، ساڵانه 30 ئه‌یلول كراوه به رۆژی جیهانی وه‌رگێڕان و تێیدا یادی ئه‌و قه‌دیسه ده‌كرێته‌وه.
ڕۆژی جیهانی وه‌رگێڕان، هه‌وڵده‌دات ئه‌م پیشه كۆن و دێرینه، به‌هێزتر بكات و پاڵپشتی زیاتری بكات. به تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا كه له‌گه‌ڵ ئامێری زیره‌ك بۆ وه‌رگێڕان، له‌ململانێیه‌كی تووند و سه‌ختدایه. چۆن؟ به‌وه‌ی ئه‌و ئامێره، ده‌یه‌وێت شوێن به وه‌رگێڕه‌كان له‌ق بكات و جێگایان بگرێته‌وه. ئامێری زیره‌ك ده‌یه‌وێت، مرۆڤه وه‌رگێڕه‌كان له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان دوورخاته‌وه و له‌م سه‌رده‌می جیهانگیری و تهكنهلۆژییهدا، چیتر وه‌رگێڕه مرۆڤه‌كان ڕۆڵیان نه‌مێنێت و بیاننێرێته‌وه بۆ ماڵه‌كانیان. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی گۆگڵ، پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، له ڕێگه‌ی خستنه‌گه‌ڕی سیستمی وه‌رگێڕانی ئه‌لیكترۆنییه‌وه (GNMT)، ڕایگه‌یاند چیتر وه‌رگێڕانی ئه‌لیكترۆنی به‌و ورده‌كارییه‌وه كه هه‌یه‌تی، جیاوازی نییه له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی مرۆڤه‌كان. هه‌ر ئه‌م ڕاگه‌یاندنه بوو، وایكرد، ئه‌و بیروڕایه بڵاوببێته‌وه كه پێیوایه، ئه‌م پیشه ڕه‌سه‌ن و دێرینه، خه‌ریكه له‌سه‌ر ده‌ستی ئامێره‌كان، به‌ره‌و پوكانه‌وه و نه‌مان ده‌چێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێناچێت گفت و به‌ڵێنی ئامێره‌كان، به‌وه‌ی وه‌رگێڕه مرۆڤه‌كان دوور ده‌خه‌نه‌وه و ده‌یاننێرنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان، به‌دیهاتبێت. چونكه ئه‌وه چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه، ئه‌و ئامێرانه كاری وه‌رگێڕان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وه‌لێ هێشتا نه‌توانراوه پشت بكرێته وه‌رگێڕه‌كان كه تا ئێستاش له زۆربه‌ی كایه‌كاندا، ده‌ستبه‌كارن، له‌وانه كایه‌ی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ده‌ب، میدیا، رۆژنامه‌گه‌ری، گه‌شتوگوزار و زۆر كایه‌ی دیكه‌ش. ئه‌مه وایكردووه، هه‌ندێك له شاره‌زایان له‌و بڕوایهدابن، وه‌رگێڕانی ئه‌لیكترۆنی یان ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت وه‌رگێڕانی ئامێری زیره‌ك، ته‌نها ده‌توانێت كۆمه‌ك و ده‌ستگیرۆیی وه‌رگێڕه‌كان بكات و له هه‌ندێ بڕگه و په‌ره‌گرافدا، كارئاسانیان بۆ بكات و یارمه‌تیان بدات، نه‌ك ئه‌وه‌ی ببێت به جێگره‌وه‌ی ئه‌وان، بۆ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك پرسیار ده‌خه‌نه‌ڕوو، له‌وانه: ئایا ئه‌م ئامێرانه ده‌توانن، كۆتایی به مرۆڤی وه‌رگێڕ بێنن؟ ئایا ئامێری زیره‌كی وه‌رگێڕان، ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه، ده‌قه‌كان، به هه‌مان ئاستی وه‌رگێڕه مرۆڤه‌كان، وه‌ربگێڕێت و پارێزگاری له رۆحی نێو تێكسته‌كان بكات؟ ئاخۆ ئامێره‌كان، جگه له وه‌رگێڕانی حه‌رفی كه خراپترین جۆری وه‌رگێڕانه، ده‌توانن شتێكی دیكه بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی له تێكسته ئه‌سڵییه‌كه‌دا هه‌بێت، بۆ نمونه مێژوی شۆڕشی فه‌ره‌نسی له تێكسته‌كه‌دا به هه‌ڵه نووسرابێت 14- 7- 1798، ئامێره‌كان د‌رك به‌و هه‌ڵه‌یه ده‌كه‌ن و لای خۆیانه‌وه ڕاستی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یكه‌ن به 1789؟ شاره‌زایان ئاوا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌ده‌نه‌وه:
وه‌رگێڕانی وشه‌كان یان بیرۆكه‌كان
به‌شی زۆری وه‌رگێڕه‌كان، پێیانوایه ئامێره‌كان، ته‌نها وشه‌كان وه‌رده‌گێڕن. به‌ڵام مرۆڤه‌كان بیرۆكه‌كان وه‌رده‌گێڕن، ئه‌مه له كاتێكدایه ئامێره‌كان ناتوانن ئه‌و بیرۆكانه‌ی نێوان زمانه جیاوازه‌كان بگوازنه‌وه و وه‌ریبگێڕن. ئه‌وه‌ی ئامێره‌كان ده‌یكه‌ن، هیچ نییه جگه له وه‌رگێڕانی وشه‌كانی زمانێك بۆ زمانێكی دیكه، بێ ئه‌وه‌ی له مانا ناوه‌كییه‌كانی وشه‌كان و ڕسته و په‌ره‌گرافه‌كان تێبگات، لێره‌وه له مانا و په‌یامه گشتییه‌كه‌ی تێكسته‌كه‌ش تێناگات.
ئاشكرایه وه‌رگێڕان بریتی نییه له گواستنه‌وه‌ی وشه له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی دی، ئا ئه‌مه‌یه خه‌وشه هه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ئامێره‌كان، بۆچی؟چونكه ئامێره‌كان ناتوانن له‌و بیرۆكه‌یه تێبگه‌ن كه له پشتی تێكستهكهوهیه و تێكسته‌كه له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. جگه له‌وه ئامێره‌كان ناتوانن ئه‌و ڕیتمه یان ئه‌و ئیقاعه یاخود ئه‌و ناسكی و جوانییه مرۆییه‌ی له تێكسته‌كه‌دا هه‌یه، وه‌ك خۆی بگوێزنه‌وه، ئاخر تێكست بێ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه، ده‌بێته كۆمه‌ڵێ قسه‌ی بێ ڕۆح و له‌وه ده‌كه‌وێت ناوی تێكستی لێبنرێت.
هه‌ڵه و سۆز
سه‌رباری ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، ئامێره‌كان ناتوانن ده‌ستنیشانی هه‌ڵه‌كانی نێو ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه بكه‌ن و ڕاستی بكه‌نه‌وه. ئامێره‌كان ده‌توانن هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و هه‌ڵه‌ی تایپ ڕاستكه‌نه‌وه، وه‌لێ هه‌ڵه‌ی مێژوویی و بهروار و هه‌ڵه‌ی زانستی، هه‌ڵه‌ی ئامار، هه‌ڵه‌ی زاراوه‌یان پێ ڕاستناكرێتهوه و وه‌ك خۆی ده‌یگوازنه‌وه. ئه‌و جۆره هه‌ڵانه ته‌نها وه‌رگێڕه مرۆڤه‌كان له ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه‌دا پێیده‌زانن و له‌كاتی وه‌رگێڕاندا، له رێگه‌ی نووسینی تێبینی یان په‌راوێزه‌وه ڕاستی ده‌كه‌نه‌وه. جگه له‌وه، ئامێره‌كان توانای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزه‌كانیان نییه و وه‌ك شتێكی بێ رۆح مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێكسته‌كاندا ده‌كه‌ن. ئامێره‌كان د‌رك به‌و سۆز و ئه‌ندێشه و خه‌یاڵانه ناكه‌ن كه له هه‌ناوی تێكسته‌كاندا په‌نهانن و گێنگڵ ده‌ده‌ن، ئه‌و ئازار و خه‌م و خۆشییانه نادۆزنه‌وه، له نێوان ڕسته‌كاندا حه‌شار دراون، ئه‌وه ته‌نها شاره‌زایی و سه‌لیقه‌ی وه‌رگێڕه‌كانه، ئه‌و جوانییانه‌ی ناو ده‌قه‌كان، به‌تایبه‌ت ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان، ده‌دۆزنه‌وه و له‌گه‌ڵ وشه و ڕسته‌كاندا، ده‌یگوازنه‌وه بۆ زمانی دووه‌م. وه‌رگێڕه مرۆییه‌كان، ڕسته و په‌ره‌گرافی تێكسته ئه‌سڵییه‌كه، به وشه‌ی جیاوزتر له‌وه‌ی تێكسته ئه‌سڵییه‌كه، ده‌گوێزنه‌وه، به‌مه‌ش پارێزگاری له هه‌مو یان به‌شێكی زۆری ئه‌و سۆزه عاتیفییه ده‌كه‌ن كه له قووڵایی و ناخی تێكستهكهدایه، له‌و به‌شه‌ی تێكستهكهدایه كه نه‌نووسراوه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌رگێڕه‌كان ده‌ركی پێده‌كه‌ن و وه‌ریده‌گێڕن و ده‌یخه‌نه به‌رده‌ستی خوێنه‌ر. به‌مه‌ش خوێنه‌ر له‌و كه‌شوهه‌وا سۆزدارییه‌ی نێو تێكسته ئه‌سڵییه‌كه بێبه‌ش نابن و هه‌ستی پێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له جوانییه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان. وه‌لێ ئه‌م پرۆسه‌یه، هه‌روا به ئاسانی و به ساده‌یی خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵكو پێویستی به تێگه‌شتنێكی قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نی تێكسته‌كه هه‌یه، نه‌ك ته‌نها تێگه‌شتن له زمانی تێكسته ئه‌سڵییه‌كه. پێویستی به‌وه‌یه له‌و كه‌لتوره فره ڕه‌نگه تێبگه‌یت كه له پشت زمانه جیاوازهكانهوهیه. لێره‌وه ئه‌گه‌رچی له مه‌سه‌له‌ی وه‌رگێڕان به ئامێره زیره‌كه‌كان، پێشكه‌وتنی گه‌وره به‌دیهاتووه، به‌ڵام ده‌رككردنی ئامێره‌كان بۆ سیاقی ڕسته‌كان و بیرۆكه‌كانی ناو تێكسته‌كه و ئه‌و كه‌لتور و ئیدیۆمانه‌ی له تێكسته‌كه‌دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه، هێشتا زۆر لاواز و سنورداره. ئامێره‌كان ناتوانن ڕۆح به به‌ر تێكسته‌كاندا بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕه شاره‌زا و به ئه‌زموونه‌كان ده‌یكه‌ن.
ڕۆشنبیریی و داتاشیی زاراوه‌كان
یه‌كێك له خهوشهكانی ئه‌و ئامێرانه‌ی كاری وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یه ناتوانن زاراوه‌ی نوێ و چه‌مكی تازه داڕێژن كه پێشتر بوونیان نه‌بووه. ئه‌مه كاری بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفان و ڕۆشنبیرانه، ئه‌وان له ڕێگه‌ی داهێنانه فیكرییه جۆراوجۆره‌كانه‌وه، توانای به‌رهه‌مهێنان و داتاشینی زاراوه و چه‌مكی نوێیان هه‌یه كه بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له فیكر و دیده تازه‌كانیان بكه‌ن، پێویستیان به‌و تازه‌گه‌رییانه هه‌یه. ئامێره‌كان ناتوانن له شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كاندا، ستاتیكای تێكسته‌كان و ڕۆحی سه‌رده‌می نووسینه‌وه‌ی تێكسته‌كه بگوێزنه‌وه. كارامه‌یی داهێنه‌رانه‌ی گوزارشت و ده‌ربڕینه‌كان، یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌دیبان كه پێی ده‌ناسرێنه‌وه و بووه‌ته ستایڵی نووسینیان، له‌م پێناوه‌شدا توانایه‌كی زۆر ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و شه‌ونخونی زۆری بۆ ده‌كه‌ن. وه‌لێ ئامێره‌كان هه‌مو ئه‌وانه پشتگوێ ده‌خه‌ن و ناتوانن بیانگوێزنه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئامێره‌كان له هه‌ندێك كایه‌ی تایبه‌ت و سنورداردا، بتوانن جێگای وه‌رگێڕه‌كان بگرنه‌وه، ئه‌وا له كایه‌ی وه‌رگێڕانی شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كاندا، له كاره‌كه‌یان و وه‌رگێڕانه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو نابن. ئه‌م كایه‌یه ته‌نها وه‌رگێڕه داهێنه‌ره‌كان ده‌رحه‌قی دێن و ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن. له ڕاستیدا پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین، به‌داخه‌وه هه‌ندێك وه‌رگێڕ هه‌یه، دروست وه‌ك ئامێره‌كان، كاری وه‌رگێڕان ئه‌نجامده‌دات، به شێوازێكی ئالی و وشه به وشه و دوور له داهێنان، تێكسته‌كان وه‌رده‌گێڕێت. له‌مه‌شدا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه له‌گه‌ڵ ئامێره‌كان.
تێبینی:
بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته، سود له‌م دوو سه‌رچاوه‌یه وه‌رگیراوه
گوگڵ+ ماڵپه‌ڕی ئه‌لجزیره نێت، 1-10- 2021