بۆچی محه‌مه‌د ئاركۆن سه‌ركه‌وتوو بوو؟
104 خوێندنه‌وه
بۆچی محه‌مه‌د ئه‌ركون سه‌ركه‌وتوو بوو؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
من پێشتر زیاد له جارێك، باسم له هۆكاری سه‌ركه‌وتنی ئه‌ركون، به‌سه‌ر كۆی رۆشنبیرانی عه‌ره‌بدا كردووه، ئه‌وانه‌یان ڕوبه‌ڕووی توێژینه‌وه كهلتوورییهكان بوونه‌ته‌وه یان ئه‌وانه‌یان قسه‌وباسیان له‌سه‌ر تازه‌كردنه‌وه‌ی كه‌لتور یا ڕه‌خنه‌یان له عه‌قڵی عه‌ره‌بی گرتووه…هتد. له‌م ڕووه‌وه وتومه پرۆژه‌كه‌ی ئه‌ركون، ته‌نها پرۆژه‌یه توانی به‌خۆڕاگری له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بمێنێته‌وه، كه‌چی تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی دیكه، بوون به‌هه‌ڵم یان پوكانه‌وه یاخود ڕه‌وایه‌تی خۆیان له‌ده‌ستداوه. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه پرۆژه‌كه‌ی ئه‌ركون، ده‌ڕواته قووڵایی شته‌كان و له ناوه‌ڕاستی ڕێگاكه‌دا ڕاناوه‌ستێت. هه‌روه‌ها هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه فیكری ئه‌ركون، بریتییه له هه‌ڵكۆڵینی ئاركۆلۆجی له قوڵاییه‌وه یان له قوڵایی قوڵاییهكانهوه، تا ده‌گات به گرێكوێره نه‌كراوه كه‌لتورییه‌كان، ئه‌ركون ئه‌و گرێكوێرانه ده‌كاته‌وه و به شێوه‌یه‌ك ڕووناكیان ده‌كاته‌وه كه پێشتر شتی له‌و جۆره نه‌بووه.
به كردنه‌وه و ڕووناك كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێكوێرانه، شتێك ڕووده‌دات له په‌رجوو/ موعجیزه ده‌چێت: بۆ یه‌كه‌مجاره له ئیرهابی تیۆلۆژیا دێرینهكهمان ڕزگارمان بووه و هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌مان هه‌ڵمژیوه! جگه له‌وانه هۆكارێكی دیكه هه‌یه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی ئه‌ركون، به‌و په‌ڕی توانا و لێهاتوییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر میتۆد و زاراوه‌كاندا ده‌شكێت. ئه‌مه له كاتێكدایه، هه‌وڵه‌كانی دیكه، بریتین له كۆلاجكردن یان هه‌رزه‌گۆیی فیكری كه نه تونیه‌تی ده‌شكێنێت و نه به‌كه‌ڵكی خواردنه‌وه دێت. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، پرۆژه‌كانی دیكه، له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نه‌ماونه‌ته‌وه. له ڕاستیدا من له به‌ندێكی دوور و دریژی ئه‌و كتێبه‌مدا كه به‌م دواییانه له “دار المدی” و به‌م ناونیشانه بڵاومكردووه‌ته‌وه: “عه‌ره‌ب له نێوان ڕۆشنگه‌ریی و تاریكی، وێستگه‌كان و ڕووناكییه‌كان” به‌وردیی قسه‌م له هه‌مو ئه‌وانه كردووه. ناونیشانی به‌نده‌كه به دروستی ئاوایه: “محه‌مه‌د ئه‌ركون: گه‌وره‌ترین بیرمه‌ند له ئیسلامی هاوچه‌رخ دا”. به‌داخه‌وه، لیره‌دا ناتوانم هه‌مو ئه‌وه دووباره بكه‌مه‌وه كه له‌وێدا، له كتێبه‌كه‌دا باسمكردووه. هه‌ر بۆیه، ئێستا به خێرایی ته‌نها هه‌ندێك له تێزه‌كانی ئه‌م بیرمه‌نده عیملاقه ده‌خه‌مه‌ڕوو.
ئه‌ركون زیاد له جارێك، جیاوازی بنچینه‌یی له نێوان ئیسلامی سه‌رده‌می زێڕین و ئیسلامی سه‌رده‌می داكه‌وتن-ی، ڕوونكردووه‌ته‌وه. جیاوازی نێوان مۆراڵی ئیسلامی- فه‌لسه‌فی جومێرانه كه گه‌وره بیرمه‌ندانی سه‌رده‌می زێڕین، له موعته‌زیله و فه‌یله‌سوفه‌كانی دیكه، گه‌ڵاڵه‌یان كردبوو، له‌گه‌ڵ ئیسلامی ئه‌م شه‌پۆله تاریكبینهدا خستووه‌ته‌ڕوو كه له ئێستادا بڵاوبووه‌ته‌وه و هیچ پهپوهندییهكی به مۆراڵ و به مه‌یلی هیومانیستییه‌وه نییه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ئه‌ركون پێیوایه، پێویسته فیكری عه‌ره‌بی، له زیندانی دۆگمای داخراو ڕزگار بكرێت كه عه‌قڵیه‌تی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، ئیمه‌ی تێدا یه‌خسیر كردووه. ئه‌و داوای كرد له عه‌قڵیه‌تی دۆگمایی و تائیفی به‌رته‌سك بێینه‌ده‌رێ. چونكه دۆگماتیزم ئه‌گه‌ر له ڕاده‌ی خۆی زیاتر بوو، ده‌گۆڕێت بۆ چه‌قبه‌ستن، پاشان ده‌گۆڕێت بۆ ده‌مارگیریی، ئینجا بۆ تیرۆر.
ئیسلامی سه‌رده‌می زێڕینی نه‌مر، به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیدا كرابوه‌وه، به‌تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ… هتد. به‌ڵام له‌مڕۆدا، هیچ كرانه‌وه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكو داخران و داخران و داخران هه‌یه. ئایا له ئێستادا یه‌ك بیرمه‌ندی ئیسلامی هه‌یه، كتێبه‌كانی كانت-ی خوێندبێته‌وه، كه گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی مۆراڵ و ڕۆشنگه‌ریییه له خۆرئاوای مۆدرێن؟ كه‌چی بیرمه‌نده منه‌وه‌ره كۆنه‌كانی فیكری ئیسلام، زانیویانه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك، سازان له نێوان كه‌لتوری ئیسلامی ڕه‌سه‌ن له‌لایه‌ك، له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی گریك له لایه‌كی دیكه، ئه‌نجامبده‌ن. به مانایه‌كی دیكه، ئه‌وان زانییان چۆن سازان له نێوان عه‌قڵ و نه‌قڵ یان له نێوان فه‌لسه‌فه و ئاین، ئه‌نجامبده‌ن. ئه‌مه‌یه له‌مڕۆدا به شێوه‌یه‌كی ئازاربه‌خش نیمانه.
ئه‌گه‌ر كرانه‌وه به‌سه‌ر شارستانییه‌ته‌كانی دیكه‌دا نه‌بوایه، ئه‌وا نه‌ده‌بوینه خاوه‌نی ئه‌و گه‌نجینه كه‌لتورییه عه‌ره‌بییه‌ی تا حاڵی حازریش، سه‌رسامان ده‌كات و شاگه‌شكه‌مان ده‌كات. له‌و رۆژگاره‌دا ئیسلام، شارستانییه‌تێكی پرشنگداری كراوه بوو به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا، له‌گه‌ڵیان لێكبورده بوو، ڕێزی له كه‌رامه‌تی مرۆیی ئه‌وانی دیكه‌ی ده‌گرت. ئه‌وانی ته‌كفیر نه‌ده‌كرد و قسه‌ی سوكی پێنه‌ده‌وتن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موسڵمان نین! به‌ڵام هه‌ر هه‌مو ئه‌وانه، له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی بزربووه و هیچ بوونێكی نه‌ماوه. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ده‌رگای ئیجتیهاد داخرا و چونه ژوره‌وه بۆ سه‌رده‌می داكه‌وتن و هه‌ژمونی سه‌لجوقییه توركه‌كان ڕوویدا. كه‌چی له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا، دێن و به سه‌رسوڕمانه‌وه لێت ده‌پرسن: بۆچی ئیخوان موسلمین شكستیانهێنا یان گه‌شتوون به دیوارێكی داخراو؟ چونكه تێگه‌شتنیان بۆ ئیسلام، بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ناگونجێت. تێگه‌شتنیان بۆ ئیسلام ته‌نگه‌به‌ر و به‌رته‌سكه یان دژ بهسهردهمهكهیه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌ڵێم: ئاینده بۆ ئیسلامی شارستانی ڕۆشنگه‌ره كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه زێڕینه‌كه‌ی ئاشتده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ باشترین ئه‌و شتانه‌ش ئاشتده‌بێته‌وه كه مۆدێرنه‌ی جیهانی به‌خشیویه‌تی. ئه‌مه‌یه تا ئێستا به‌دینه‌هاتووه. شكسته گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه ناونرا به‌هاری عه‌ره‌بی، ئا لێره دایه.
محه‌مه‌د ئه‌ركون له یه‌كێك له جاره‌كاندا، به دوور و درێژی شیكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌م جاڕنامه‌یه كرد: “جاڕنامه‌ی ئیسلامی جیهانی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ” كه مامۆستا سالم عه‌زام، له به‌رواری 19/ 9/ 1981، له هۆڵێكی گه‌وره و له نووسینگه‌ی یۆنسكۆ له پاریس و له ئاهه‌نگێكی شكۆداردا، بۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی ده‌سته‌بژێر، خوێندییه‌وه. هه‌ردوو به‌ڕێزان “ئه‌حمه‌د بن بیلا” و “حسین ئایت ئه‌حمه‌د” له نێو ئاماده‌بوواندا بوون، جگه له كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تی دیكه‌ی عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی. ئه‌ركون ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئه‌وه جاڕنامه‌یه‌كی به‌سود و پێویست بوو. به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه، له دواجاردا، ته‌نها وه‌ك داڕشتنێكی گشتی مایه‌وه. ڕاسته جاڕنامه‌كه پر پڕه له نیه‌تی باش و به‌ڵینی جوان. وه‌لێ هه‌نگاوێك چییه ناچیته پێشه‌وه و ڕۆناچێته نێو كاكڵه‌ی بابه‌ته‌كه. ئه‌م تێكسته- واته جاڕنامه‌كه- سه‌باره‌ت به پێگه‌ی یاسایی مرۆڤ له ده‌قه ئاینییه دامهزرێنهرهكاندا، هیچ شتێك ناڵێت. ئاشكرایه له‌و ده‌قه ئاینیانه، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگاكه ئیسلام بوو، ئه‌وا مرۆڤی خاوه‌ن هه‌مو ماف، ته‌نها موسڵمانه‌كانن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگاكه مه‌سیحی بوو، ئه‌وا مرۆڤی خاوه‌ن هه‌مو ماف مه‌سیحییه‌كانن… هتد.
به‌ڵام مۆدێرنه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، هه‌مو ئه‌وه‌ی تێپه‌ڕاند و چه‌مكی مرۆڤ-ی زۆر به‌رفراوانتر كرد، تاكو هه‌مو مرۆڤێك بگرێته‌وه، چ له‌سه‌ر ئاینی ئێمه بێت یان نا، سه‌ر به تائیفه‌كه‌ی ئێمه بێت یان نا، مه‌زهه‌به‌كه‌ی ئێمه بێت یان نا. مرۆڤ وه‌ك كه‌سێك و وه‌ك ئاده‌میزادێك، خاوه‌ن كه‌رامه‌ته، بێ له‌به‌رچاوگرتنی بن و بنه‌چه‌ی یان ئاین و تائیفه‌كه‌ی و بڕواكانی. دابڕانی گه‌وره‌ی مۆدێرنه له‌گه‌ڵ تیۆلۆژیا و فقهی ته‌كفیری كۆن، ئالێره‌دایه. پێده‌چێت ئه‌م فیكره سه‌ره‌كییه، لای نووسه‌رانی جاڕنامه‌ی ئیسلامی جیهانی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، بوونی نه‌بێت یان به‌لایانه‌وه ناسراو نه‌بێت. ئه‌وان بێ‌ئاگان یان به مه‌به‌ست خۆیان له گێلی ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی عه‌لمانییه‌تی هیومانستی مۆدرێن، چیتر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌چه‌ڵه‌كی نه‌ژادیی یان ئاینی یاخود مه‌زهه‌بی، جیاكاریی ناكات. چیتر لای ئه‌و، هاوڵاتی پله یه‌ك و هاوڵاتی پله دوو و هاوڵاتی پله سێ… هتد بوونی نییه. هه‌موان له ماف و ئه‌ركدا یه‌كسانن. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی تیۆلۆژیای مه‌زهه‌بی یان فقهی ئاینی كۆنه.
ئه‌و جاڕنامه‌یه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی، له 26 ئابی ساڵی 1789 ڕایگه‌یاند، سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی فه‌ره‌نسای ده‌گرته‌وه، نه‌ك ته‌نها بۆ مه‌سیحییه‌كان یان ته‌نها بۆ كوڕوكاڵی زۆرینه‌ی كاسۆلیكه‌كان بێت. پرۆتستانتهكانیش به‌هۆی ئه‌و جاڕنامه‌یه‌وه، بۆ یه‌كه‌مجار له میژووی فه‌ره‌نسا، بوون به مرۆڤی ته‌واو خاوه‌ن ماف. پرۆتستانته‌كان كه كه‌مینه‌یه‌كی چه‌وساوه و ستمدیدهبوون، به‌رزكرانه‌وه بۆ پله‌ی زۆرینه‌ی كاسۆلیك، كه له مێژودا زۆرینه‌یه‌كی باڵاده‌ست و لوتبه‌رز و زاڵبوون. بگره ته‌نانه‌ت جووله‌كه‌ش بووه هاوڵاتییه‌كی ته‌واو. خه‌سڵه‌تی مرۆیی، بگره گه‌ردوونی، ئه‌م جاڕنامه مێژوییه به‌ناوبانگه، ئالێره‌دایه كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی ڕایگه‌یاند. ئه‌مانه شۆڕشی ڕاسته‌قینه‌ن، به‌ره‌و پێشه‌وه فڕێتدهدات و چه‌ندین سه‌ده بۆ دواوه‌ت ناگه‌ڕێنێته‌وه! ئه‌م شۆڕشانه تائیفییه‌ت له‌ناوده‌به‌ن و بوژانه‌وه‌یه‌كی بێوێنه نایبووژێنێتهوه.
باشه ئه‌م جاڕنامه به‌ناوبانگه، پرنسیپه‌كانی و مادده بنچینه‌ییه‌كانی، له چ شتێكه‌وه وه‌رگرتبوو؟ ئایا له كتێبه كه‌لتورییه زه‌رده‌كانه‌وه وه‌ریگرتبوو كه ژه‌نگییان ههڵھێنابوو، له نێو ته‌پوتۆزدا نوقمببوون؟ ئایا له كتێبه‌كانی تیۆلۆژیا و قه‌شه‌كانه‌وه وه‌ریگرتبوو؟ نه‌خێر هه‌رگیز له‌وانه‌وه‌ی وه‌رنه‌گرتبوو. ئه‌و جاڕنامه‌یه، مادده بنچینه‌ییه‌كانی له ژان ژاك ڕۆسۆ و كتێبه مه‌زنه‌كه‌ی: په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رگرتبوو. هه‌روه‌ها له كتێبه‌كه‌ی مۆنتسكیۆ: رۆحی یاساكان وه‌ریگرتبوو، له‌گه‌ڵ كتێبه‌كانی دیكه‌ی فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ریی، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه ڤۆڵتێر. ئایا ئێمه كتێبه نایابه‌كه‌ی ڤۆڵتێرمان له‌بیركردووه: نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی لێبورده‌یی، ڤۆڵتێر له‌وێدا ده‌مارگیریی ئاینی له‌ناوده‌بات كه له‌و ڕۆژگاره‌دا، سه‌رتاسه‌ری فه‌ره‌نسای ته‌نیبوو.
به‌داخه‌وه ناتوانم به‌م په‌له‌په‌لییه، هه‌مو ته‌وه‌ره‌كانی فیكری ئه‌ركون، بخه‌مه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه پێویستیم به ده‌یان لاپه‌ڕه هه‌یه. به‌ڵام با لای هه‌ندێك له ددانپیانانه شه‌خسییه‌كانیدا ڕاوه‌ستین، ئه‌و له‌و ددانپیانانهیدا، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: به‌و پێیه‌ی میژوونووسێكی فیكری ئیسلامیم، كاتێك به قووڵی ده‌ستمكرد به توێژینه‌وه‌ی قۆناغی داهێنه‌رانه‌ی كلاسیك، له مێژووی فیكری عه‌ره‌بی ئیسلامی نێوان ساڵانی 750 بۆ 1300، ئه‌وا دووچاری كێشه‌ی ڕوبهڕووبوونهوهیهكی جه‌ده‌لی به پیت بووم، له نێوان عه‌قڵی ئاینی و/ عه‌قڵی فه‌لسه‌فی. به‌ڵام كێشه‌كه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین كاره‌ساته‌كه، بریتییه له‌وه‌ی ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كارلێكی نایاب، لای ئێمه وه‌ستا. كه‌چی له ئه‌وروپا به‌رده‌وام بوو، به‌ره‌وهه‌ڵكشان ڕۆشت و له ڕۆژگاری سه‌رده‌می ڕێنیسانسه‌وه له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م، تاكو ڕۆژی ئه‌مڕۆ بێڕاوه‌ستان به‌رده‌وامه.
ئالێره‌وه ده‌توانین وه‌ڵامی پرسیاره به‌ناوبانگ و گرنگه‌كه بده‌ینه‌وه: بۆچی موسڵمانه‌كان دواكه‌وتن و ئه‌وانی دیكه پێشكه‌وتن؟ چونكه لای ئێمه، فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئاینی، به ته‌واوه‌تی و به ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر عه‌قڵانییه‌تی فه‌لسه‌فه، سڕییه‌وه و خستییه چاڵه‌وه، بگره له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه هه‌ڵیته‌كاند. “ئه‌وه‌ی به لۆژیك بیرده‌كاته‌وه، زه‌ندیقه” یان “ئه‌وه‌ی لافی فه‌لسه‌فه لێدات، نه‌فره‌تی خودای لێبێت”… هتد. ئه‌وه‌ی قوڕه‌كه‌ی خه‌ستتر كرده‌وه، ئه‌وه‌یه فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئاینی لای ئێمه، گۆڕا بۆ عه‌قڵیه‌تێكی تاریكبینی ته‌كفیریی ده‌مارگیر، بگره گۆڕا بۆ ستمگهرێكی سه‌ركوتكه‌ر كه هه‌مو جۆره گفتوگۆ و دانوستانێك ڕه‌تده‌كاته‌وه.
له قسه‌كانی ئه‌ركون-ه‌وه، ئه‌م ده‌رئه‌نجامه به‌ده‌ستدێنین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت نهمرییهكانی ڕابردوو و سه‌رده‌می زێڕینمان بگه‌ڕێنینه‌وه، ئه‌وا پێویسته ڕێز و شكۆ بۆ عه‌قڵی فه‌لسه‌فی بگه‌ڕێنینه‌وه. چونكه شارستانییه‌ته‌كان له‌سه‌ر دوو كۆڵه‌كه، نه‌ك یه‌ك كۆڵه‌كه، به‌نده‌ن: كۆڵه‌كه‌ی ئاین و كۆڵه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه. كاتێك یه‌كێكیان هه‌ره‌سیهێنا، شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی-مان هه‌ره‌سیهێنا و تاریكی و زوڵمه‌ت، جیهانی ئیسلامی، لهمپهڕییهوه بۆ ئه‌و په‌ڕی گرته‌وه.
دواجار ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌ڵێم و كۆتایی پێ‌دێنم: فیكری ئه‌ركون سه‌ركه‌وت و له داهاتووشدا زیاتر سه‌رده‌كه‌وێت. چونكه له كاتوساتی گونجاوی خۆیدا هات و پێداویستییه‌كی میژویی جێبه‌جێ كرد. فیكری ئه‌ركون توانی فێنده‌مێنیتاڵیزم له ڕه‌گه‌وه، له بنچیینهكانییهوه، له بنچینه‌ی بنچینهكانییهوه داماڵێت. ئا ئه‌مه‌یه هه‌مو ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و سه‌رجه‌م ڕۆشنبیرانی ئیسلام، نه‌یانتوانیوه ئه‌نجامیبده‌ن.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 20 ته‌موز، 2021