ڕاولز؛ لێکبوردن، دادپەرەری و بێلایەنی

Loading

(لە: تیورەی دادپەورەری، بەرهەمی راۆلز)

و. ڕێبین هەردی

جان ڕاوڵز بۆ بیرکردنەوە لە لێکبوردن لەو تیورابە دوور دەکەوێتەوە کە لەسەر بنەمای سودمەندی لێکبوردن دامەزراوون، وەک تیوەری جۆن ستیوارت میل یان ئەو تیورانەی تەنیا بەرژەوەندیەکانی دەوڵەی دەکەنە پێوەر. ئامانجی یەکەمی گریمانکەی راوڵز ئەوەیە سازشکردن لە بنەماکانی دادپەورەری کە لەسەر بناغەی دۆخی سەرەتایی (مرۆڤ) دامەزراوە کە هاوشێوەیە دۆخی سروشتیە، لە گریمانە دێرینەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتیدا، ڕوون بکاتەوە. ڕاوڵز دەیەوێت پەیمانی سەرەتایی ڕوون بکاتەوە، کە ئێمە پابەند ناکات بە چوونە ناو کۆمەڵگایەکی تایبەت و یان درووستکردنی جۆرێکی تایبەتی حکومەت، بەڵکو ئاشکراکەری سازشکردنە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هەمەکی و بنەڕەتی دادپەورەری. “دەبێت کەسانێک لەبەرچاو بگرین کە پابەندن بە هاوکاری کۆمەڵایەتی یەکتر، و هەموو پێکەوە لەناو یەک بەڵگەنامەی گشتیدا، کۆمەڵێک بنەما هەڵدەبژێرن کە دیاریکەری ماف و ئەرکە بنەڕەتیەکانە، و شێوەی دابەشکردنی ئیمتیازەتە کۆمەڵایەتیکانش دیاری دەکات”. ڕاوڵز دەڵێت: “ئەو کەسە ئازاد و عاقڵانەی دەیانەوێت بە قازانجی خۆیان کارێک بکەن، و لە دۆخی یەکسانی سەرەتایی مرۆڤدا ڕادەوستن، هەمان ئەم بنەمایانە قەبوڵ دەکەن و بڕوایان وایە کە ئەم بنەمایانە بناغەی کۆمەڵایەتیان پێکدەهێنێت”. چۆن دەکرێت ئەم بنەمایانە دیاری بکرێت؟ میتۆدی ڕاۆڵز بەمشێوەیەیە کە گریمانکە لەسەر دۆخی سەرەتایی دادەنێت کە تاکەکان هێشتا لە دۆخی نەزانیندان: دەکرێت بنەما دروستەکانی دەزگا کۆمەڵایەتیەکان، بە سازشکردنی ئەو تاکانە بزانرێت  کە بێ ئاگان لە پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگا، لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان و لە چارەنووسی خۆیان کە دەرخەری دابەشبوونی سەڵاحیات و پێدراوە سروشتیەکانە. هەر دوو لایەنی سازش تەنانەت بێ ئاگان بەرامبەر بەوەی بە باشی دەزانن یان بەرامبەر بە پاڵنەرە دەروونیەکانی خۆیان . هەموان لە دۆخی نەزانیندا، دۆخێکی هاوشێوەیان هەیە. و هیچ کەس ناتوانێت بنەمایەکی تەنیا بە قازانجی خۆی دابنێت: لێرەوە بنەماکانی دادپەروەری، دەرئەنجامی سازشێکی دادگەرانەیە. کاتێک بنەماکانی دادپەورەری لە دۆخێکی دادگەرانەدا جێگیر بوو، دادپەورەی دەبێت بە شتێکی دادگەریانە بناسرێت.

لە سازشکردنی یەکەمدا دوو بنەمای سەرەکی دیاری دەکرێت: لەلایەک یەکسانی لە دیاریکردنی ماف و ئەرکەکاندا(لەنێوان تاکەکان و گروپەکاندا) ولەلایەکی دیەوە بنەمایەک کە بە پێی ئەو بنەمایە نایەکسانیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان تەنیا بەتەنیا شێوەی دادپەروەرانە بزانرێت کە بۆ گۆرینی ئیمتیازاتی تاکەکان، بە تایبەتی بێ بەهرەترین ئەندامانی کۆمەڵگا، درووست بوو بێت. قەبوڵکردنی یەکسانی ئازادی بۆ هەمووان، کە ڕەگی لە یەکسانی ماف و ئەرکەکان و هەروەها تەنانەت لە یەکسانی ئیمتیازاتەکاندا هەیە، بناغەی دادپەروەریە. لە دۆخی سەرەتاییدا بنەمای ئازادی ویژدان (بیروڕا) بۆ هەمووان دادەنرێت. لەبەرئەوە ڕێگە نادرێت کە ئاینە ئەخلاقیەکان یان دینی فەرمانڕەوا، ئازادی ویژدان لەژێر دروشمی یاسادا بخاتە مەترسیەوە. هەردوو لایەنی سازشکردنەکە بەرگری لە ئازادی یەکسان بۆ هەمووان دەکەن: تەنانەت گەر ئەو دروشمەش لاببرێت، ئەگەری ئەوەی بیروڕایەک بە بەشێک لە بیروڕای فەرمانڕەوا بێت زۆر دەبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا مەترسی لەدەستدانی ئازادیش زۆر دەچێتە سەرەوە. بەکورتی هیچ سوودێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی یان مەزهەبی ناتوانێت یەکەم بنەما، واتە یەکسانی ئازادی بۆ هەمووان کە دەرئەنجامی سازشکردنی یەکەمە، لەکار بخات.

ڕاوڵز هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەی بنەمای سودمەندی دەکات: لەم تیورەیەدا گریمانەکە لەسەر ئەوە دامەزراوە کە دەکرێت پاساو بۆ لەدەستدانی ئازادی گروپێک بهێنرێتەوە، لەبەرئەوەی سوددی زیاتری بۆ ئەوانی دی هەیە. بنەمای باڵادەست بەسەر تیورەی بنەمای سوود ئەمەیە: کاتێک بونیادە گرنگەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی ڕێکخراو بن کە بتوانن لەڕووی ڕەزامەندی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاوە، گەورەترین ژمارە پیشان بدەن، ئەوا ئەوە کۆمەڵگایە دادپەروەرانە دەبێت. ئامانج لە درووستکردنی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیەکانی گروپ یان گروپێکی دیدا ئەوەیە، کۆی کارە باشەکان بۆ گروپێک زیاتر لە کۆی کەموکوڕیەکانی گروپەکەی دی بێت. بەڵام راوڵز بنەمای دەرەنجامی کۆی قازانج و بیرۆکەی ڕوبەڕووبوونەوەی شاراوە کۆمەڵگایەک کە دروست رێکخرا بێت، بەیەکەوە بەنەگوجاو دەزانێت. لە کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەدا یەکسانی مافە مەدەنی و ئازادیەکان بۆ هەمووان بەشێکی بەڵگەنەویست دەزانرێت: ئەم مافانە دەرئەنجامی سازشکردنی سیاسی یان ئەژمارکردنی بەرژەوەندیە گشتیەکان نیە. ڕەخنە لە تیورەی بنەمای سوود ڕاستەخۆ کاری لە چەمکی لێکبوردن کردووە: لێکبوردن دەرئەنجامی بنەمای یەکسانی ئازادیە بۆ هەمووان، و لە یەکسانی ئازادی بیروڕادا بۆ هەمووان دەردەکەوێت، و هەرگیز ناکرێت شتێکی لێ کەمبکرێتەوە یان لەناو ببرێت. لێکبوردن بەشێکە لە بنەمای سەرەکی تیورەی دادپەورەری. کاتێک دەوڵەت ناتوانێت هیچ مەزهەب و دینێکی  تایبەت باڵادەست بکات، کەوابوو تاکە سنوورێک کە ئازادی هەیبێت، بەرژەوەندی گشتیە. لێرەوە دەبێت لە هەمان پەیمانی سەرەتاوە، لەبیری سنووری لێکبوردندا بین. ئەم سنوردارێتیە بەو مانایە نیە کە بەرژەوەندی گشتی لەبەرژەوەندی ئەخلاقی و مەزهەبی تاکەکان باڵاترە، یان ئەم بەرژەوەندنیانە شتێکی ناگرنگ و بێهودەن. دەوڵەت لەکۆمەڵەیەک هاوڵاتی یەکسان پێکهاتووە. کاری دەوڵەت نیە سیستمەی بیروڕاکان درووست بکات، بەڵکو کاری دەوڵەت رێکخستنی بەدواداچونی بەرژەوەندیە ئەخلاقی و مەزهەبیەکانە لە لایەن تاکەکانەوە بەپێی ئەو بنەمایانەی لە دۆخی یەکسانی سەرەتادا دانراوە. بەڵام پاراستنی ئاسایشی گشتی مەرجی پێویستە بۆ گەیشتنی تاکەکان بە ئامانجەکانی خۆیان: دەوڵەت دەبێت مافی دەستوەردانی بۆ بەدیهانتنی ئەم مەبەستە هەبێت. لێکبوردن دەرئەنجامی زەرورەتی پراکتیکی یان شتێکی سیاسی و دەوڵەتی نیە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بنەمای ئازادیە بۆ هەمووان. ئەگەر (ئەم ئازادیە) سنوورێکی هەیە، بۆ پاراستنی ئازادی هەمووانە. بەمشێوەیە لێکبوردن بەر ئەم مەسەلەیە دەکەوێت کە بزانین ئایا دەبێت گروپە نالێکبوردووەکان کە خوازیاری هەمان مافن، بەڕێگە پێدراو بزانین یان نا: ئایا دەبێت ئەم گروپانە ئازاد بن لە گەڕان بەدوای ئامانجەکانی خۆیاندان کە بۆ ڕزگاری بە ناچاری دەزانن؟. بێگومان ئەم مەسەلەیە تازە نیە. سەرجەم لایەنگرانی ئازادی ڕوووبەڕووی کێشەی سنووردارێتی ئازادی بۆ تاکەکان و گروپ یان کۆمەڵەکان لە کۆمەڵگای مەدەنیدا دەبنەوە. وەڵامی ڕاوڵز ئەوەیە هیچ خواستێکی گروپی یەکلایەنە ناتوانێت ناکۆک بێت لەگەڵ بنەمای سەرەکی یەکسانی ئازادی بۆ هەمووان: هەموو خواستێکی مەزهەبی دەبێت سەرەتا لەگەل دوو بنەمای دادپەروەری (واتە ئازادی و یەکسانی) بگونجێت، کە سەربەخۆ لە بەرژەوەدنی و بیروڕای هەمووان دانراوە. بەکورتی کەسێک شایستەی لێکبوردنە کە لەگەڵ دادپەورەریدا بێت بە مانای ئینساف، ئەمش لەیەککاتدا بەمانای لێکبوردن و سنوورەکەیەتی.

دەق:

پێدەچێت تەنیا بنەمایەک کە مرۆڤەکان لە دۆخی سەرەتادا دەیانتوانی قەبوڵی بکەن، بنەمای ئازادی بیروڕا و ویژدان بێت بۆ هەمووان. ئەوان نەیاندەتوانی ڕێگەبدەن کە ئایینە ئەخلاقی و مەزهەبیەکانی فەرمانڕەوا، ئەوانی دی بە مەیلی خۆی سەرکوت بکات و سزایان بدا، و نەیاندەتوانی ئازادی خۆیان بەوشێوەیە بخەنە مەترسیەوە، تەنانەت گەر لەوەش دڵنیا بونایە (ئەمەش خۆی مەسەلەیەکە) کە بەئەگەرێکی زۆر ئەوانیش بەشێک دەبن لە زۆرینە (ئەگەر زۆرینەیەک هەبێت)، نەک بە پێچەوانەوە. کارێکی لەمچەشنە ئاماژە دەبێت بۆ ئەوەی یان بیروڕا ئەخلاقی و مەزهەبیەکانی خۆیان بە جدی ناگرن، یان گرنگی بە ئازادی ڕەخنەگرتن لێی نادەن. لەلایەکی دیەوە هەردوو لای سازشکردنەکە نەیاندەتوانی بنەمای سوود قەبوڵبکەن، چونکە لە ئەنجامدا ئازادی ئەوان ملکەچی ئەژمارکردنی بەرژەوەندیە گشتیەکان دەبوو، کاریان بەو شوێنە دەگەیشت گەر سەرجەمی زیادەی ڕەزامەندی بەدەست بهاتایە، سنووردارێتی ئازادیان قەبوڵ دەکرد. دیارە وەک پێشتر دیمان هەرکەس پەیڕەوی تیورەی بنەمای سوودمەندی بێت، دەتوانێت هەوڵبدات بە پشتبەشتن بە ڕاستیە هەمەکی و گشتیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بیسەلمێنێت کە ئەژمارکردنی ڕاستی ئیمتیازاتەکان، هەرگیز پاساو بۆ ئەم سنووردارێتیە ناهێنێتەوە، لانیکەم لە هەلومەرجێکی کلتوری گونجاودا. بەڵام گەر هەردوو لایەنی سازشکردن قەناعەت بێنن دەتوانن بە دانانی بنەمای ئازادی بۆ هەمووان، ئازادی خۆیان بە باشی زامن بکەن، ئەگەر واش نەکەن، بێگومان هیچ بەدەست ناهێنن، و لەبەرئەوەی ئەنجامی ئەژمارکردنی قازانجی چاوەڕوانکراو، روون نیە، مەترسی لەدەستدانی زۆر شت هەیە. لەڕاستیدا گەر بەشێوەیەکی واقعی ئەو هوشیاریە شیبکەینەوە کە لەبەردەست دولایەنی سازشکردندا هەیە، دەبێت ئەوە قەبوڵ بکەین کە ئەوان ناچارن بنەمای سوودمەندی ڕەدبکەنەوە. ئەم سەرنجانە بە سەرنجدان لە ئاڵۆزی و ڕوون نەبوونی ئەژمارکردنەوکان لە پراکتیکدا (گەر بتوانین بەمشێوەیە دەربڕین) گرنگیەکی زیاتری دەبێت.

جگەلەمەش سازشکردنی سەرەتا لەبارەی بنەمای یەکسانی ئازادی بۆ هەمووان، قابیلی پیاچونەوە و تازەکردنەوە نیە. ئەرکە ئەخلاقی و مەزهەبیەکان بەشێوەیەکی ڕەها پابەندبوونی هەیە و ناکرێت جێبەجێکردنی بۆ بەرژەوەندنی ئەوی دی بسەپێرێت. ئیمتیازاتە گرنگترەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەڵگەی بەس نین بۆ قەبوڵکردنی شتێکی کەمتر لە یەکسانی ئازادی بۆ هەمووان. ڕازیبوون بە ئازادی نایەکسان تەنیا لەکاتێکدا مومکین دەبێت کە هەڕەشە بە ناچارکردن بێتە پێشێ و ڕاوەستان لەبەرامبەریدا لەڕووی خودی ئازادیەوە نالۆژیکی بێت. بۆ نموونە دەشێت بکەوینە دۆخێکەوە کە بەرامبەر بیروڕا مەزهەبی و ئەخلاقیەکانی کەسێک بەو مەرجە لێبووردوو بین کە بەشداری لە هیچ خۆپیشاندانێکدا نەکردبێت، هەروەها پێداگری لە داواکاری ئازادی یەکسان بۆ هەمووان ببێتە هۆی سەرکوتکردنی زۆر زیاتر کە وەستان لەبەرامبەریدا لەبەردەست نیە. بەڵام لە دیدی دۆخی سەرەتاوە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی دەسەڵات لەنێوان ئاینە جۆراوجۆرەکادا نیە و لێرەوە ئەم سەرنجانە چیدی لێرەدا ڕەچاو ناکرێت. پەردەی نەزانی دەبێتە هۆی سازشکردن لەبارەی ئازادی بۆ هەمووان. بەسەرنجدان لە بەهای ئەرکە ئەخلاقی و مەزهەبیەکان  بۆ هەر مرۆڤێک پێویستە ئەم دوو بنەمایە لانیکەم کاتێک لەبارەی ئازادی بیروڕاوە بەکار دێن، لە ڕووی تەرتیبی پێکهاتەی زمانیەوە، لەجێگەی خۆیان دابنێین. مەبەست ئەوەیە “یەکسانی” پێش “ئازادی” دابنێین. دەکرێت ڕەخنەی ئەوە لە بنەمای یەکسانی ئازادی بۆ هەمووان بگیرێت کە بۆ نمونە گروپە مەزهەبیەکان ناتوانن هیچ بنەمایەک قەبوڵ بکەن، کە خواستەکانیان سنووردار بکات. لەوڕوەوە کە ئەرکەکانی مرۆڤ لەبەرامبەر یاسا مەزهەبی و خودایەکاندا ڕەهایە، لە دیدی مەزهەبیەوە هەموو جۆرە سازشێک لەنیوان جیاوازی مەزهەبیدا ڕێگە پێدراو نیە. بێگومان ڕەفتاری خەڵکی زوربەی جار بەشێوەیەکە کە گوایە ئەم تیورەیە قەبوڵ دەکەن. لەگەڵ ئەمەشدا ڕەخنەگرتنی بێ هودەیە. ئەگەر بکرێت لەبارەی یەک بنەماوە بە ڕێکەوتن بگەین، ئەوا بەسە کە ئەو بنەمایە یەکسانی ئازادی بێت بۆ هەمووان. مرۆڤ دەتوانێت بەوجۆرە بیربکاتەوە کە ئەوانی دیش دەبێت هەمان بیروڕا و هەمان بنەمای قەبوڵکراوی ئەو قەبول بکەن، و ئەگەر واش نەکەن هەڵەیەکی گەورەیان کردووە، و لە رێی رزگاری دوور کەوتونەتەوە. بەڵام شیکردنەوەی ئەرکە مەزهەبی و بنەما ئەخلاقی و فەلسەفیەکان دەریدەخات، مرۆڤ ناتوانێت چاوەڕوانی ئەوە بکات ئەوانی دی بە ئازادیەکی کەمتر لەوی ئەو ڕازی بن، و ناتوانن داوایان لێبکەن کە ئەو وەک تەفسیرکەری ڕێگەپێداراوەکانی ئەرکە مەزهەبی یان پابەندبوونە ئەخلاقیەکان بناسن.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: