تراژیدیای نووسەرانی ڕووس

Loading

ئەم کتێبە یەکێکی ترە لە بەرهەمە چاپکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و لە لایەن نووسەری کورد(د. جەودەت هۆشیا) بە عەرەبی نووسراوە و وەرگێڕی ناودار و زمانپاراوی کورد (سەباح ئیسماعیل) لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

بابەتی کتێبەکە، دەکرێت هەم وەک بابەتێکی مێژوویی تەماشای بکەین، هەم وەک بابەتی ئەدەبی، چونکە باس لە بەرهەم و ژیانی تراژیدیی نووسەرانی ڕووس دەکات لە چەند قۆناغێکی مێژوویی ئەو وڵاتەدا، باس لەو ستەم و سانسۆر و پێشێل کردنی ئازادییە دەکات، کە لە لایەن دەسەڵات و پۆلیسەوە نووسەرە دەربار و ملکەچەکانەوە، بەرامبەر بە نووسەرانی ئازادیخواز کراوە، بەتایبەت ئەو نووسەرانەی بەرهەماکانیان لە خزمەتی دەسەڵات و حزب و سیستەمدا نەبووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان مایەی مەترسیش بوون بۆ لەق کردنی پایەی دەسەڵاتەکەیان.

ناوەڕۆک و بابەتەکانی ئەم کتێبە بریتین لە: (پێشەکیی نووسەر بۆ چاپی کوردیی کتێبەکە، پێشەکیی وەرگێڕ، دەستپێک، تراژیدیای نووسەرانی ڕووس، مەکسیم گۆرکی کۆتایی تراژیدی، دوا وشەکانی ئیزاک بابل، ڕێگە بەرەو مەرگ و نەمری، زۆشینکۆ تیزەجاڕی خەمبار، ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی ئیرنبۆرگ، ئانا ئاخماتۆڤا شاژنی خودان مۆرک و تراژیدی، ئەو نووسەرەی مارلین دیتریش بۆ سڵاوکردنی، یەڤگینی یەڤتۆشینکۆ، ڤاسیلی ئەکسیۆنۆڤ، نەوەی ونبوو لە ئەدەبی نوێی ڕووسیدا، کاتێک کۆژانەکان بەرەو ئازادی پێشڕەوی ناکەن، پارادۆکسی سیمای ئەدەبیی ئێستا لە ڕووسیا، مەزراندنی سیاسی ئەدەب لە ڕووسیا)

هەر وەک نووسەری کتێبەکە، لە دەستپێکدا ئاماژەی پێ کردووە: نووسەران و شاعیرانی مەزنی ڕووس، پێگەیەکی بڵندیان لە ئاوەز و دڵی ڕووناکبیرانی ڕووس، لە سەردەمی تراز و سۆڤیەتدا داگیر کردبوو، نووسەر وای بۆ دەچێت هۆکاری ڕاستەقینەی ئەمە ئەوە بێت، ئەدەب تاقە بواری فەراهەم بوو بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، نووسەر ڕۆڵی بانگخواز و ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی مامۆستای ژیانی دەبینی.

سەباح ئیسماعیل کە کتێبەکەی کردووە بە کوردی، پێشەکییەکی کورت و پوختی نووسیوە و تیایدا باس لەوە دەکات کە ئەدەبی ڕاستەقینەی هاوچەرخی ڕووسی، ئێستا لە ژێرزەمینەکاندا خۆی گرمۆڵە کردووە، یاخود لە وڵاتانی ئەوروپی و وڵات یەکگرتووەکاندا بڵاودەبێتەوە، هەرگیز ناکرێت بێژین، ئەدەبی ڕاستەقینە نییە، یاخود لە ڕووسیای ئەمڕۆدا نووسەری گەورە نین، بێگومان بە دەیان هەیە، بەڵام تەنیا و گۆشەگیر و بزرن، ئەوەش بە ئارەزووی خۆیان نا، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی دەزگا پاوانکارەکانی پەخشەوەیە، کە تەنیا بایەخ بە ئەستێرەکانی ئەدەبی کاتبەسەربردن و ڕابواردن دەدەن.

نووسەری ئەم کتێبە لە کتێبەکەیدا، ئەدەبی ڕووسی بە ئەدەبێکی مرۆڤانەی باڵا ناوزەد دەکات کە شایانی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە، ئەو پێشی وایە تەنیا لە ڕێگەی دەرخستنی کاروانی ژیان و داهێنانی دیارترین ئەدەبیاتی ڕووسەوە، دەتوانین وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی لە بارەوە پێکبهێنین، ئەوانی خوێنەرانی وڵاتەکەمان بەرهەمەکانیان نەبینیون، بەتایبەت ئەوانەی لەپێناو پاراستنی ئازادیی داهێنانیان و گوزارشتکردنی ئازادی هونەری ڕاستگۆیانە، هەمبەر واقیعی کارەساتبار و کۆژانی گەلی ڕووس، قوربانییان بە خۆیان دا.

ئەم کتێبە پێمان دەڵێت: ئەدەب لە سەردەمی زێڕینەوە، لە سەدەی نۆزدەدا وای لێ هات لە ئاین دەچوو، بارێکی قورسی ئاکاریی هەڵگرتبوو، هەروەها چەشنی فەلسەفەش، لێکدانەوەی هزیی جیهانی دەوروبەری لە ئەستۆ گرتبوو، هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دیاردەیەک لە ڕووسیا هەیە مایەی ئاوڕلێدانەوەیە و بە دەگمەن لە وڵاتێکی دیکەدا بەم شێوە بەرچاوە دەبینرێت، ئەویش ئەوەیە ڕووسەکان بە ژن و پیاویانەوە، بە گەنج و پیرەوە، بە حەزێکی بێهاوتاوە کتێب و گۆڤاری ئەدەبی دەخوێننەوە، نەک تەنیا لە ماڵ و کتێبخانە گشتییەکاندا، بگرە لە هەموو شوێنێک.

ئەم کتێبە ئەوەشمان بۆ ئاشکرا دەکات کە: ستالین گرنگترین بەرهەمە بڵاوکراوەکانی دەخوێندەوە، تەماشای ئەو شانۆگەریانەشی دەکرد، کە جەماوەرێکی زۆریان هەبوو، چەند جارێک شانۆگەریی (ڕۆژانی ئال تۆربین)ی، ڕۆماننووسی ناودار میخائیل بۆلگاگۆڤی بینیوە، ئەو دەمەی لەسەر شانۆی هونەری لە مۆسکۆ نمایش دەکرا، پاشان حووکمی یەکلاکەرەوەی خۆی دەرکرد: ئەم شانۆگەرییە گاڵتەکردنە بە سیستمی سۆڤیەت، بۆیە بۆڵگاگۆڤ لە ئێمە نییە، دوای ئەوە کارە ئەدەبییەکانی بۆڵگاگۆڤ لە بڵاوکردنەوە قەدەغە کران، ئەمەش وای کرد تووشی نائومێدی و بێهیوایی بێت، ئیدی هیچ ڕێگەیەکی بۆ قوتاربوون لە دۆخی ستالین نەدیتەوە، تەنیا ئەوە نەبیت پەنای بۆ بەکارهێنانی بڕی زۆری (مۆرفین) برد، ئەمەش وای لێکرد لە ئاکامدا زوو بمرێت.

نووسەری ئەم کتێبە لە کتێبەکەیدا جەخت لەوەش دەکاتەوە کە: چارەنووسی باشترین نووسەرانی ڕووس (لە سەردەمی سۆڤیەتدا ئەوانەن ئەمڕۆ شکۆ و شانازیی ئەدەبی نوێی ڕووسین) تراژیدی و دڵتەزێن بوو، ژیانی سەدانیان لە مەیدانەکانی لەدارداندا کۆتایی هات، هەزارانی تریش لە ئۆردووگاکان بە کاری قورسی تاقەتپڕوکێن و برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی چاودێریی تەندروستی لە سیبریا گیانیان لەدەست دا، زەلیل و گوێڕایەڵانیش لەگەڵ ڕێنماییە ئایدۆلۆژییەکانی حزب و ڕەوشە تازەکەدا گونجان، ئیدی لە ڕاوەدونان، یاخود گرتنیان وەستان، بگرە لە چوارچێوەیەکی زێڕیندا بۆیان کێشرابوو، دەیاننووسی و بڵاویان دەکردەوە، بەڵام وەکو نووسەری داهێنەر کۆتاییان هات و نووسینەکانیان هیچ بەهایەکی هونەریی وایان نەبوو باس بکرێن.

پاشان نووسەر دێتە سەر باسی ئەو نووسەرانەی ملکەچ بوون بۆ ڕاسپاردەکانی حزب و لە لایەنی ماددی و مەعنەوییەوە ڕێزیان لێ دەنرا و خەڵاتی ئەدەبی و مەدالیا و ئاپارتمان و خانوویان لە ڕۆخی دەریادا وەک نووسینگە، دوور لە ژاوەژاوی شاردا پێ دەبەخشرا، لەوانەش گرنگتر لەسەر چینی دەسەڵاتدا دەژمێردران و دەشڵێت: لە سایەی ئەم سیاسەتە دووفاقییەی لەسەر هەڵوێستی دژبەیەک بنیاد نرابوو، لەگەڵ کەشی دەردەداری ڕۆشنبیری، دەزگەی هەواڵگریی سۆڤیەت توانیی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرانی دەستەمۆ و دۆستان و ناسیاوانی نزیکی نووسەرانی ئازادیخواز بهێنێتە ژێر بار بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە و نووسینی ڕاپۆرتی نهێنی لەسەریان، تەنانەت ئەگەر ئەو نووسەرە ئازادیخوازانە، بە ویستی خۆیان، یاخود بەزۆر بێدەنگیی ناچارییان هەڵبژارد.

نووسەر بڕوای وایە: ئەم کەشە خنکێنەرە، بە درێژایی چەندین دەیە، بەس بوو بۆ کوشتنی داهێنانی ئەدەبی، بەڵام ئەدەبی ڕووسی ئەدەبێکی ڕاستەقینەی مەزن بوو، بەتواناتر لە مەرگ، لە یەکەمین دەرفەتی گونجاودا (ئەودەمی تارمایی مەرگ، یان خستنەزیندانەوە، چاوی لە هەر یەکێک بڕیبوو، بە شێوەیەکی جیاواز بیربکاتەوە و لەگەڵ بۆچوونەکانی حزبدا نەیەتەوە) نووسەرانی ئازادیخوازی ڕووس، پەنایان بۆ بەزاندنی سنووری سەرپەرشتیی حکوومەت بەسەر ئەدەبدا برد، هەروەها دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ملکەچی سانسۆری فەرمی نەبێت، لە گرنگترین ئەو ڕێڕەوانەش (بڵاوکردنەوەی خۆبەخۆ، بڵاوکردنەوە لە دەرەوە)

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە نووسەری ئەم کتێبە: جەودەت هۆشیار ساڵی ١٩٤٢ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٩ بۆ خوێندن ڕەوانەی وڵاتی ڕووسیا کراوە و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازەی کارەبا بەدەست هێناوە، ئەم نووسەرە ئێستا ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ توێژینەوەی هزری و کاری ئەدەبی، یەکەم کەسە لە ساڵانی حەفتاکاندا کۆمەڵێک چیرۆکی کافکای وەگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و زۆربەی ئەو وتارانەشی لە بارەی ئەدەبی ڕووسییەوەن، وەرگێڕدراون بۆ زمانی ڕووسی، جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی و ڕووسی و ئینگلیزیش دەزانێت، هاوکات خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لە بواری هزری و ئەدەبیدا.

ڕانانی: بارین عەلی

ناردن: