یاریی فریشتەکان

ناساندنی: ئیدریس عەلی

پاش ئەو سەرکەوتنە گەورە و پێشوازییە بێوێنە و گەرمەی خوێنەران و نووسەران و ڕۆشنبیران، لە ڕۆمانی (سێبەری با) کردیان، نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) دووەمین کتێبی لەو چوار کتێبە گرنگەی نووسەری ناوداری ئیسپانی و کەتەلۆنی (کارلۆس رویز زافۆن) بە ناوی (یاریی فریشتەکە) وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکرایەوە.

لە ڕاستیدا ئەم کارەی هیوا قادر، لە کۆمەڵێک لایەنەوە جێگای ستایش و دەستخۆشییە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەو زمانە جوان و دەوڵەمەندە ئەدەبییەی کە ڕۆمانەکەی پێ وەرگێڕاوە، خوێنەر لە ڕێگەی زمانی وەرگێڕانەکەوە تێدەگات کە وەرگێڕ بە قووڵی ڕۆچووەتە نێو ڕۆحی ڕۆمانەکەوە و بە عیشقەوە لەگەڵیدا ژیاوە، هەروەها لەو ڕووەشەوە جێگەی ستایشە، کە یەکێکی دیکەی لە گەورە ڕۆماننووس و پڕفرۆشترین ڕۆمانی دونیای پێ ناساندووین، من وای بۆدەچم ئەم جۆرە هەوڵانە دەچنە خانەی ڕێزگرتن لە خوێنەر و بە چاوێکی گەورە تەماشاکردنیان، چونکە هیوا خۆی شاعیر ونووسەرێکی جوان و بەئەزموونە، لە گرنگی و بەهای ئەم جۆرە کتێبانە تێدەگات و لەو جوانیانەی خۆی بەریان دەکەوێت، بەشی خوێنەر و کتێبخانەی کوردی لێ دەدات.

ڕووداوەکانی ڕۆمانی (یاری فریشتەکە) پەیوەندییان بە ساڵانی بیستی سەدەی بیستەمەوە هەیە، ڕووداوەکان لە نێو شاری بەرشلۆنە ڕوودەدەن کە زێدی زافۆن خۆیەتی، ئێمە لە کتێبی یەکەمەوە، واتە (سێبەری با) تێگەیشتین کە بە ئەزموون و شێوازێکی دیکە لە ڕۆماننووسین و گێڕانەوەی ڕووداو و کارەکتەرسازی و چنین و گەمەی ئیستاتیکی و فەنتازی دەکەوین، هەربۆیە کاتێک ڕۆمانی (یاریی فریشتەکە)یش دەخوێنینەوە، ئەو شۆکە بەرمان نادات کە زافۆن لە ڕێگەی گەشتە قووڵ و فرە مەوداکەیەوە، بەنێو شوێن و ڕووداوەکاندا، ئێمەش لەگەڵ خۆی دەبات و ئاشنامان دەکات بە کارەکتەرە سەیروسەمەرە و فرە ڕەهەندەکانی.

ئەستەمە خوێنەرێک بتوانێت پێمان بڵێ ڕۆمانی (یاریی فریشتەکە) باس لە چی دەکات، چونکە لە ڕاستیدا پرسیارەکە بێ وەڵام پێچەوانە دەبێتەوە و دەکرێت بپرسین: جا باسی چی ناکات….؟ ئەم ڕۆمانە فرە تێمایە و لە ڕێگەی کەمترین کارەکتەرەوە، لە نێو زۆرترین ڕووداودا دەژین، زۆرترین دەنگمان بەرگوێ دەکەوێت و دەیان گرێ و کۆد دێتە سەرڕێی خوێندنەوەمانەوە، گەنجینەی کتێبە فەرامۆشکراوەکان و ئەوینی ناکام و خەونی بوون بە نووسەر و دژایەتی و ملشکاندنی نووسەران و ئیرەیی بە داهێنانی داهێنەران و جەنگ و شێوازی ژیانی خێزانە داراکان و کنە و گەڕان بە دوای تاوانباران و فرتوفێڵ و تەماع و پارەپەرستی و پەرژەوەندییە تایبەتییەکان و چەندینی دیکە، بەشێوەی زۆر سەرنجڕاکێش دەبنە بابەتی ڕۆمانی (یاریی فریشتەکە) و بە زمانێکی ئەفسوونئامێزی هەندێک جار شیعری و هەندێک جاریش تەواو سادە و ئاسان دەگێڕدرێنەوە.

لایەنێکی هەرە گەش و جوانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە چارەنووسی کاراکتەرەکان لەنێو ڕووداو و بەریەککەوتن و کێشمانکێشەکاندا، بەگوێرەی گرنگیی بەسەرهاتەکانی نێو خودی ڕۆمانەکە دیاری کراوە، نەک ئەوەی نووسەر خۆی چۆنی پێ خۆشە، بۆ نموونە لێرەدا کەسانێکی زۆر لە کارەکتەرەکان دەمرن، هۆکاری مردنەکان ئەگەرچی تەمومژاوین، بەڵام هیچ کاریگەییەکان بەسەر ڕەوتی گێڕانەوەکەوە نابێت و لە مەودایەکی دیکەدا خەیاڵ فراوانتر دەکات و سەرەداوی دیکە و باسی نوێتر دێنە ناو ڕۆمانەکەوە.

لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا، کە (لازۆ ئازاد) کردوویەتی بە کوردی، زافۆن لە وەڵامی پرسیارکدا سەبارەت بە هەردوو ڕمانی سێبەری با و یاریی فریشتەکە، کە بە دەوری ئەو شوێنە تاریک و ئەفسووناوییەدا دەسوڕێنەوە کە ناوی گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکانە، باس لەو دەکات کە گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان، گەورەترین و نایابترین کتێبخانەیە کە تۆ بتوانیت لە خەیاڵی خۆتدا وێنای بکەیت. لابۆرێکە لە کتێب کە تونێل و پرد و شوێنی نهێنی تێدایە، شاراوەیە لە ناو شوێنێکی کۆندا لە شاری بەرشەلۆنەی دێریندا. شوێنێکی نهێنییە کە خەڵکانێکی کەم پێی دەزانن، زافۆن هەر لەو چاوپێکەتنەدا دەڵێت: لەویادا دەتوانیت هەموو ئەو کتێبانە بدۆزیتەوە کە بزربوون، لەیادکراون و ئینسان هەوڵیداوە لەناویان بەرێت. ئەم جێگایە لەلایەن گرووپێکی نهێنی لە مرۆڤەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوە دەچێت، کە هەوڵدەدەن پارێزگاری لە کتێب و یادەوەری و ئایدیاکان بکەن. ئەم شوێنە چەندین سەدەیە هەبووە و شتەکە بەم جۆرەیە: یەکەم جار کە ئاشنای ئەم شوێنە دەکرێیت، تۆ مافی ئەوەت دەبێت کتێبێک هەڵبژێریت لە ناو هەزاران کتێبدا لەم کتێبخانە گەورەیەدا، هاوکات تۆ دەبێت ئاگاداری بیت کە هەرگیز ون نەبێت و لەناونەبرێت.

زافۆن خۆی ددان بەوەشدا دەنێت کە بیرۆکەی ئەم کتێبەی لە کۆتایی ساڵەکانی ٩٠دا لەلا گەڵالە بووە، لەو کاتەوە بوو کە هۆشیاریی بەرامبەر لەناوبردنی یادەوەری لەناوبردنی مێژوو دروست بوو، دەشڵێت:
من هەمیشە پێم وابووە ئێمە ئەوەین کە بیرمان دەکەوێتەوە و لەیادمان دەمێنێتەوە، هەروەها تا کەمتر بیرمان بکەوێتەوە ئێمە کەمتر دەبین. بە بیکردنەوە لەوە و گەڕان بە ناو وڵاتدا و دۆزینەوەی هەموو ئەو کتێبفرۆشییە نایابانە، کە هیچ کەسێک سەرنجی نەدەدانێ، هەموو ئەم شتانە لە مێشکمدا دەسوڕانەوە، لەو کاتەدا وێنەی ئەم شوێنە هاتە بەرچاوم. ئەوە ڕوونە کە ئەو شوێنە وێنەیەکی سیمبۆلی بوو بۆ نەک تەنیا ئەو کتێبانەی بیرچوونەتەوە، بەڵکو خەڵکان و ئایدیاگەلێکیش.

جێی ئاماژەیە، کارلۆس رویز زافۆن، نووسەرێکی ئیسپانییە و  ڕۆمانەکانی لە پڕفرۆشترینەکانی جیهانن، لە تەمەنی 55 ساڵیدا و لە شاری لۆس ئانجلس لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئەمریکا، کۆچی دوایی کرد، زافۆن وەکو ڕۆماننووسێک، ڕۆمانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام وەکو “پڕخوێنەرترین ڕۆمانە ئیسپانییەکان” باس دەکران؛ بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زافۆن بەدەست شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە دەیناڵاند، تا دواجار لەم ساڵدا ماڵئاویی لە ژیان کرد.

کارلۆس رویز زافۆن خاوەنی نۆ ڕۆمانە، یەکێک لەوانە و کارەکانی بۆ زیاتر لە 40 زمانی جیهانی وەرگێڕدراون و چەندین خەڵاتیان بەدەست هێناوە، بەرهەمەکانی زافۆن بریتین لە:

ئەمیری تەم، کۆشکی نیوەشەو، ڕووناکییەکانی سێپتەمبەر، مارینا، سێبەری با، یاریی فریشتەکە، زیندانی ئاسمان، وێڵگەی ڕۆحەکان.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنێکی سەرپێیانەی ئەم ڕۆمانە و هەوڵدانێکە بۆ هاندانی خوێنەر، بۆ ئەوەی خۆیان لە خوێندنەوە و چێژ و جوانی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن، ڕۆمانەکە ڕاستە قەبارەیەکی گەورەی هەیە، بەڵام چێژی خوێندنەوە زاڵ دەبێت بەسەر بیر و هەستی خوێنەردا و بە هیچ شێوەیەک هەست بە بێزاری ناکەن و تا کۆتایی هیچ خوێنەرێک ناتوانێت دەستبەرداری کتێبەکە بێت.

ناردن: