یادی ١٧٠ ساڵەی گی دی موپاسان

وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: باوکی رەهەند

چەند رۆژێک لەمەوبەر، یادی تێپەڕبوونی 170 ساڵەی لەدایکبوونی نووسەری ناوداری فەرەنسی “گی دی موپاسان” بوو. ئەو بە دیاریکراوی لە رۆژی 5 ئابی ساڵی 1850، لە کۆشکی “میرۆ میسنیل” لە ناوچەی نۆرماندی فەرەنسا هاتووەتە دونیاوە. ئەمە دەرفەت و بۆنەیەکە بۆ باسکردنی ژیان و رێچکەی کارەکانی ئەم چیرۆکنوس و رۆماننوسە ناوازەیە؛ کە لە تەواوی جیهاندا، بە یەکێک لە داهێنەرانی هونەری کورتە چیرۆکی مۆدرێن دادەنرێت. موپاسان لە ئامێزی خێزانێکی ناوچەی لۆرین لەدایکبووە، ئەم خێزانە بۆ ژیان، دەگوێزنەوە بۆ نۆرماندی و لەوێ نیشتەجێ دەبن. دوای ئەوەی باوکی دەڕوات و ماڵەکەی بەجێدەهێڵێت، دایکی پەروەردە کردنی موپاسان دەگرێتە ئەستۆی خۆی. دایکی خانمێکی شۆخ و شەنگ و رۆشنیر و هاوڕێی نووسەری گەورە گۆستاف فلۆبێر بووە. فلۆبێر دواتر لە لایەنی ئەدەبییەوە، دەبێتە چاوساغ و عەڕابی موپاسان.

موپاسان دوای ئەوەی لە ناوچەی “سینی دەریایی”، منداڵییەکی خۆش و بەختەوەر بەسەر دەبات، لە قۆناغی هەرزەکاریی و  بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی، پەیوەندی بە ئامادەیی شاری روان دەکات. ئەم بیست ساڵەی سەرەتای تەمەنی، زەخیرە و توێشوویەکی باشی دەخاتە بەردەست، بۆ نووسینی “چیرۆکە رەشەکان”، رووداوەکانی ئەو چیرۆکانە باس لە جیهانی جووتیارەکان دەکات. دوای ئەوەی لە ساڵی 1870 بڕوانامەی بەکەلۆریا بەدەست دێنێت، دەکرێت بە سەرباز و رەوانەی بەرەکانی جەنگی فەرەنسا- پروسیا دەکرێت. ئەم جەنگە کاریگەرییەکی گەورە، لەسەر تەواوی ژیانی موپاسان بەجێدەهێڵێت و بە جەنگێکی دڕندانە و زۆر بێمانای مرۆڤەکان وەسفی دەکات. پاشان دوای ئەوەی سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کەسێکی دیکە، لە شوێنی خۆی دابنێت، دەڕوات بۆ پاریس. لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ، لەوەزارەتی بەحرییە دەست بەکاردەبێت. ئەو ماوەیە بۆ موپاسان، تا بڵێی ماوەیەکی ناخۆش و جاڕسکەر بووە، چونکە ژیانی تەواو وەک ژیانی”لویزل” بووە. لویزل کارەکتەری کورتە چیرۆکە بەناوبانگەکەیەتی “خشڵە ونبووەکە/ الحلیة المفقودة”، موپاسان لەو رۆژگارەدا، کاتەکانی بێ ئیشی، بە سەوڵلێدان لە رووباری سین بەسەر دەبات، جار بەجاریش سەردانی ساڵۆنە ئەدەبییەکانی کردووە.

هەر لەو ماوەیەدا، پەیوەندییەکی گەورە لەگەڵ فلۆبێر دروست دەکات، لەسەر دەستی فلۆبێر یەکەم هەنگاوی بەرەو دونیای ئەدەب دەنێت. تا وایلێدێت فلۆبێر دەبێت بە یەکەم و تەنها مامۆستای، کار دەگاتە ئەو رادەیەی فلۆبێر رێگە نادات، موپاسان بەناوی راستەقینەی خۆیەوە، هیچ شتێک بڵاوبکاتەوە، تا بە تەواوی گەشە ئەدەبی و رۆژنامەوانییەکەی پێنەگات. موپاسان هەر لە ساڵی 1878وە، یارمەتی چەندین رۆژنامەی داوە. دوای ئەوەی ئەمیل زۆلا دەناسێت، لە ساڵی 1880، بە یەکەم کورتە چیرۆکی “کرة الشحم”، بەشداری لە کتێبە دەستەجەمعیەکەی رەوتی سروشتگەراکان دەکات، کە ئەم ناونیشانەی لەخۆ گرتبوو: “ئێوارانی مەیدان/ امسیات میدان”، ئەو چیرۆکەی دەمودەست سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدێنێت و پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت. تەنانەت فلۆبێر ئاوا وەسفی ئەو کورتە چیرۆکە دەکات: “توحفەیەکە و دەمێنێتەوە”. بەڵام بۆ بەد بەختی موپاسان، ئەو دڵخۆشییەی بەم سەرکەوتنەی، زۆر ناخایەنێت. چونکە فلۆپێری مامۆستای، لە هەمان ساڵدا، واتە ساڵی 1880کۆچی دوایی دەکات. وەلێ کۆچی دوایی ئەم باوکە رۆحییە و رێپیشاندەرەی، نابنە رێگر لەبەردەم ئەوەی موپاسان نەبێت بە نووسەرێکی بەهرەدار و بەناوبانگ. ئەو لە ماوەیەکی زەەمەنی کورتدا کە لە دە ساڵ تێناپەڕێت، کۆی بەرهەمە ئەدەبییە ناسراوەکانی بڵاودەکاتەوە. بە دیاریکراوی لە نێوان ساڵانی 1880 بۆ 1890. ئەو ماوەیە، لە ژیانە کورتخایەنەکەدا، پڕ بەرهەم بووە، تێیدا شەش رۆمان بڵاودەکاتەوە، لەگەڵ زیاد لە سێ سەد کورتە چیرۆک، (موپاسان خۆی پێیخۆش بووە ئەو کورتە چیرۆکانەی بە حیکایەت وەسف بکات). جگە لەوە هەر لەو ماوەیەدا، کۆمەڵێ سەفەرنامە و سەدان وتاری بڵاوکردووەتەوە.

جگە لەوانە، هەر لەو ماوەیەدا، دەستیکردووە بە سەردانیکردنی ناوەندە راقییەکانی کۆمەڵگا، لە رۆمانی “بیلی – نەزان”، کە ساڵی 1885 بڵاویکردووەتەوە، باس لەو ناوەندە راقیانەی کۆمەڵگا دەکات. موپاسان دوای ئەوەی تەمەنی دەگات بە چل ساڵ، زۆر بە تووندی بەدەست نەخۆشی زەهایمەرەوە دەناڵێنێت کە لە هەڕەتی گەنجیدا تووشی ببوو. هەر بۆیە زوو زوو دوچاری دڵەڕاوکە و وڕێنەکردن دەبوو. رەنگە هەر ئەوە لە پشت نووسینی چیرۆکە بەناوبانگەکەی “الهورلا”وە بێت لە ساڵی 1887 بڵاویکردووەتەوە. هەر لەو ساڵەدا لە هەوڵێکی خۆکوشتن رزگاری بووە. پاشان دوای چەند ساڵێک کەم لە نەهامەتی و هاتوچۆی نێوان پزیشک و نەخۆشخانەکان و بە ماوەیەکی کەم پێش جەژنی 43 ساڵەی لەدایکبوونی، هەروەها دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک، بەسەر شێتبوونی و لەدەستدانی تەواوی ئاگایی خۆی، رۆژی شەشی تەموزی ساڵی 1893، لە نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە پاریس، کۆچی دوایی دەکات. پێش مردنی، وەسیەتی کردبوو ئەمە لەسەر گۆڕەکەی بنووسن: “من تینوی هەموشتێک بووم، بەڵام چێژم لە هیچ شتێک نەبینی”.

سەرکەوتنی ئەدەبی لە ماوەیەکی کورتدا

موپاسان ساڵی 1881، یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناونیشانی “ماڵی تیلیی” بڵاوکردەوە، ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە ماوەی تەنها دوو ساڵدا، دوانزە جار چاپکرایەوە. ساڵی 1883، یەکەم رۆمانی بە ناونیشانی “ژیان، حیاة” بڵاودەکاتەوە. موپاسان بۆ ماوەی شەش ساڵ لە ژیانی، کاری لەم رۆمانەدا کردووە، واتە لە ساڵی 1877وە دەستی بە نووسینی کردووە. ئەم رۆمانە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، بیست و پێنج هەزار دانەی لێفرۆشرا. لیۆ تۆڵستۆی سەبارەت بەم رۆمانە دەڵێت: “دوای بێنەوایان، ئەمە مەزنترین شاکاریی ئەدەبی فەرەنسییە”. سەبارەت بە رۆمانی دووەمی “بیلی-نەزان” کە لە ساڵی 1885 بڵاوکرایەوە، لە ماوەی تەنها چوار مانگدا، 37 جار چاپکراوەتەوە. موپاسان هەرچەندە زۆر کارامە بوو لەوەی ئیلهام، لە سروشتی ژیانی نۆرماندی وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەستێکی بازرگانی بەهێزی هەبوو. لەبەر ئەوە توانی بەخێرایی، سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بەدەستبێنێت. بۆ نموونە، ئەو بە تەنزەوە دەیوت: “بیلی- نەزان، ئەوە منم”. دوای تەنها سێ ساڵ، واتە لە ساڵی 1888، رۆمانی “بییر و جان” بڵاودەکاتەوە کە بە لای هەندێکەوە، سەرکەوتوترین رۆمانی موپاسانە. دواتر رۆمانی “مۆنت- ئۆریۆل” بڵاودەکاتەوە. پاشان لە ساڵی 1889 رۆمانی “بەهێز وەک مەرگ” بڵاودەکاتەوە. دواجار رۆمانی “دڵمان/ قلبنا” لە هەمان ساڵ، واتە لە ساڵی 1889 بڵاودەکاتەوە.

ریالیزمی بابەتیبوون و هونەری چڕکردنەوە

ئاشکرایە موپاسان لە رۆمانەکانیدا، هەمو تێبینییە پەرشبڵاوەکانی نێو کورتە چیرۆکەکانی چڕ دەکردەوە. پێیوا بوو رۆماننوس پێویستە هەمو ئەوە بکات کە لە توانایدایە “بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاریگەرییەی هەوڵی بۆ دەدات. واتە هەستکردن بە واقیعی سادە، لە میانەی ئەو وانە هونەرییەی کە دەیەوێت بیهێنێتەدی. واتە ئاشکراکردنی حەقیقەتی مرۆڤی هاوچەرخ لەبەرچاویدا”. لەبەر ئەم هۆکارە، رۆمانی رۆمانسی رەتکردەوە و رەخنەی لێدەگرت بەوەی “دیدگای ئەم رۆمانە ناتەواوە، لەسەرو مرۆڤایەتی و لەسەرو شاعیرییەتەوەیە”. هەروەها رۆمانی رەمزی-شی رەتدەکردەوە، چونکە پڕە لە موبالەغەی زانستی دەروونی و خلیسکانی هونەریی. لەبەرامبەر ئەمانەدا، موپاسان پابەندنی نووسینی “رۆمانی بابەتی”بوو، ئەویش لە پێناو گەیشتن بوو بە رایالیزم. هەرچەندە ئاگاداری ئەو سنورە سەپێنراوە بوو بەسەر ئەم جۆرە رۆمانانەدا. لای ئەو رۆمانی ریالیزم بریتییە لە “دیدێکی شەخسی بۆ جیهان”. بۆ بەدەستهێنانی ئەوە، رۆماننوس بژاردەکانی خۆی لە واقیعەوە هەڵدەبژێرێت، ئەویش بەپێی کەسایەتییەکەی خۆی. موپاسان لەم بارەیەوە جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە: “ئەوەی هەمیشە دەریدەخەین، خۆمانین”. جگە لەوە موپاسان قوتابخانەی سروشتگەرایی رەتکردەوە، چونکە مەیلێکی جاڕسکەری درێژداڕیان هەبوو. خواستی ئەوەیان هەبوو، ریالیزمێکی گشتگیر، لەسەر شێوازی ئەمیل زۆلا بسەپێنن. موپاسان مەیلی بەلای ئەو جۆرە ریالیزمەدا بوو کە خاڵییە لە دیدێکی ئەخلاقی سنوردار، بەرامبەر بە واقیعی خراپ.

موپاسان هەوڵیدەدا لەبری ئەوەی رۆبچێتە نێو لێکدانەوەیەکی دەروونی قووڵ، وێنەیەکی میانڕەوی واقیع و کارەکان بختەڕوو، چونکە “ئەوەی لە دەرووندا دەگوزەرێت، پێویستە لە کتێبەکەدا دەرنەکەوێت و شاراوەبێت، وەک چۆن ئەوەی لە واقیعدا و لە پشت کارە راستەقینەکانەوە شاراوەیە”. ئەم میانڕەویە، بەسەر ئەو وەسفانەشدا پراکتیزە دەکرێت کە لە کتێبەکانیدا بەکاریهێناون. لێرەوە ئەو بە تەواوی لەگەڵ شێوازی نوسینی بەلزک دابڕا. ئەم حەز و ویستەی موپاسان بۆ چڕکردنەوە، وا دەکات موپاسان هونەری کورتە چیرۆک هەڵبژێرێت، ئەوەش ئەو هونەرەیە کە لە هەمو کەس زیاتر داهێنانی تێدا ئەنجامدا و پێگەیەکی بەرزی لە مێژوی چیرۆکی فەرەنسی  پێبەخشی. هونەری کورتە چیرۆک لای موپاسان، لە بنەڕەتدا لەسەر پرنسیپی هاوسەنگ لە گێڕانەوەی سەرکێشییەکان راوەستاوە، لەگەڵ کورتکردنەوە و سنوردارکردنی پیاهەڵدانەکان، گەمەکردن لە نێوان قسەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەگەڵ قسەی ئازاد. جگە لەوە هونەری کورتە چیرۆک، تا رادەیەک بە بەکارهێنانی رستەی کورت، جیادەکرێتەوە، لەگەڵ دانانی خاڵبەندی بە شێوەیەکی تەواو. هەندێکجار پەنا دەبرێتە بەر پەرەگرافی کورت، بگرە پەرەگرافی زۆر کورت، ئەمەش وا دەکات وشەکان بە شێوەیەکی جوان، بەسەر پانتایی لاپەڕەدا دابەشببن. لەلایەکی دیکەوە، زمانی موپاسان لە گێڕانەوەدا، بەوە جیادەکرێتەوە کە خاوەنی دینامیکییەتێکی راستەوخۆیە، ئەمە سەر باری ئەوەی لە بەشی هەرە زۆری گفتوگۆکاندا، پەنا دەباتە بەر فەرهەنگی میللی.

هونەرمەندێکی سەربەخۆ دژ بە ئیمپریالیزم

توێژەری ئەکادیمی ئینگلیز، خانم مارلۆ جۆنسۆن، لە کتێبە قەبەکەیدا (1300 لاپەڕە، 2012)، ئاوا باسی موپاسان دەکات، کەسێتییەکی زۆر چالاکە، سروشتییە، رەونەقدارە، کەسێکە بێ ماندووبوون کار دەکات، هەرگیز لە هەوڵەکانی بۆ گەیشت بەوی دیکە، بێزار نابێت. جگە لەوە ئەو خانمە ئەکادیمیستە، باس لە گرنگی ئەو سەرفەرنامانە دەکات کە موپاسان لە ژیانیدا نووسیویەتی، ئەگەرچی ئەو سەفەرنامانە وەک پێویست نەناسراون. لەوانە بۆ نمونە نووسینەکانی دەربارەی جەزائیر، کە تێیدا واقیعی ئیمپرییالیزمی ستەمگەر دەخاتە روو. لەوێدا زۆر بە تووندی، رەخنە لە دزینی خاک و زەوی و زاری ئەوانی دیکە دەگرێت و بەگژ ئەو سوکایەتییەدا دەچێتەوە کە لەبەرامبەر دانیشتونی عەرەب پەیڕەودەکرێت. لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، موپاسان هەرگیز نەکەوتە ناو فڕوفێڵ و تەڵەکەبازی سیاسەتەوە، ئەو کۆی ژیانی تەنها بۆ نووسین تەرخان کرد.

بۆ ئەوانەی موپاسان-یان وا وەسف دەکرد کە زیاد لە پێویست گۆشەگیرە، وەلێ مارلۆ جۆنسۆن پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت. ئەم خانمە پێیوایە موپاسان، بە مانای تەواوی وشە، هونەرمەندێکی سەربەخۆ بوو. تا ئاستێکی زۆر کەسێکی باش و کۆمەڵایەتی بوو. هەروەها هاوڕێیەکی دڵسۆز بووە، چونکە هەمیشە شانازی بە هاوڕێیەتی فلۆپێری مامۆستاکەیەوە کردووە. فلۆبێر کە قەرەبووی نەبوونی باوکی بۆ کردبوەوە. ئەمە جگە لەو هاوڕێیەتییە بەهێز و توندو تۆڵەی لەگەڵ نوسەری روسی تۆرگینێف دا هەیبوو. بەڵام سەبارەت بەو رەشبینی و تاریکییەی کە لە بەشێکی زۆری کارەکانیدا رەنگیداوەتەوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سەرسام بووە بە فەیلەسوفی ئەڵمانی شۆبنهاوەر. موپاسان ئاوا وەسفی شوپنهاوەر دەکات: “گەورەترین بکوژی خەونی مرۆڤە لەسەر زەوی”. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەی رەشبینییەکەی موپاسان، دەگەڕێتەوە بۆ گەمژەیی و نیفاق و فڕوفێڵی خەڵکی و بارودۆخی پیاوانی ئاینی، بە تایبەت ئەوانەیان، زۆرجار بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانییان بە ئاینەوە کردووە. ئا لەبەر ئەم هۆکارە بوو، ئەرکی گاڵتەکردن بە ئاین و ئەخلاقی ساختەی گرتە ئەستۆی خۆی، ئەخلاقێکی رووکەش کە تاکێکی دەمامکدار و ساختەچی دروست دەکات، ئەوەی لەدەرەوەی پیادەی دەکات، ئەوە نییە کە لە ژێرەوە ئەنجامیدەدات.

لەمڕۆدا موپاسان، لە فەرەنسا بە یەکێک لە نووسەرە خۆشەویستەکان دادەنرێت، فەزڵی ئەمەش لە ئەساسدا بۆ ئەو هەمو فیلمە زۆرە دەگەڕێتەوە کە لە چیرۆک و رۆمانەکانییەوە وەرگیراون. هیچ گومانی تیانییە، موپاسان ئەو نووسەرە فەرەنسییەیە کە لەسەر شاشە گەورەو بچوکەکان، ئامادەییەکی گەورەی هەیە، ئەمەش لە میانەی کردنی کارە ئەدەبییە جیاوازەکانی، بە فیلم، فیلمەکانیش چ لە ناوەوەی فەرەنسا و چ لە دەرەوەی فەرەنسا، لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییەکی گەورەیان لێدەکرا. لە ساڵی 1909وە، لە فیلمی “گەڕانەوەی کوڕەکە” لە نواندنی “دی گریفیت” و “ماری بیکفۆرد”، بۆ زنجیرەیەک لە هەشت فیلمی تەلەفزیۆنی بە ناونیشانی “لە ماڵەکەی موپاسان دا” کە کەناڵی دووی فەرەنسا لە ساڵی 2007 پەخشی کرد، زیاد لە 130 کاری سینەمایی و تەلەفزیۆنی بەرهەمهاتوون کە هەر هەمویان، سودیان لە رۆمانەکان و چیرۆکەکانی گی دی موپاسان وەرگرتووە. ئەوە موپاسان بوو رۆژێک لە رۆژان، بە زمانێکی تەنزئامێز بە هاوڕێکەی “دیماریا دی هیرایدا”ی وتوە: “وەک نەیزەک خۆم کردووە بەناو ئەدەبدا، وەک بروسکەش لێی دەردەچم”.

سەرچاوە

ماڵپەڕی الاوان، 7 ئابی 2020

ناردن: