رانان و وەرگێرانی لە ئینگلیزی و سویدیەوە
سورمە


من ئێستا کە دەمەوێت باسی ناسینی زافۆن بۆ ئێوە بکەم، دەبێت لەگەڵ مندا هەنگاو بەهەنگاو بچنەوە دواوە تا دەگه‌ڕێنەوە ئەو بەرەبەیانەی لە شارێکی دورەدەست و بچکۆلەدا لە ئوتێلێکی هەزار ئەستێرەیی رەنگیندا ئەڤینداربووم.

وەک رۆژەکانی پێشوی ئەو حەفتەیە دەنگی دەرگا هات و خانمێکی گەنمرەنگ بە سینییەک بەرچایی ئەو بەیانەوە بە نەرمە رۆیشتنێکەوە خۆی کرد بە ژوورەکەماندا. من لەگەڵ خواردنەوەی قاوەکەمدا رۆژنامەکەم هەڵگرتوو چاوێکم بە پەرە بۆرەکانیدا گێرا، جارجار ئاوڕێکم بۆ ئەدایەوە و سەیرم دەکرد کە لە تەنیشتمەوە نیوە ڕووت خەوتبوو. لە پەرەی ژمارە 7ی رۆژنامەکەدا ریکلامێکی بچکۆلەم بینی بۆ کتێبێکی نوێ کە هەر ئەو ڕۆژە لە کتێبفرۆشییە خنجیلانەکەی ئەوشارەدا کڕیم.

دەمم پڕ کرد لە قومێک قاوە و بە سەری پەنجەم خەبەرم کردەوە، چاوە خورماییەکانی کردنەوە و کە منی بینی نەرمە خەندەیەک کەوتە سەر لێوەکانی، ماچم کردوو قاوەی رەش چووە ناو دەمی. ووتی گەر هەموو بەیانییەک تۆ قاوە بکەیت بە دەممەوە من هەرگیز پیر نابم.

پێم وت کە لە رۆژنامەی ئەمرۆدا کتێبێک هەیە و باسی کوڕێک دەکات بە ناوی دانیاڵ کە باوکی سپێدەیەکی زوو دەیبات بۆ شوێنێکی نهێنی بە ناوی “گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان” و لەوێ دەبێت کتێبێک هەڵبژێرێت وئیدی بە درێژای ژیانی لە ونبوون و لەناوچوون بیپارێزێت.

وتم ئەم کتێبە سەرنجراکێشە، من دوشێکی خێرا دەکەم و دەچم دەیکڕم، بەڵام ئەو دەستەکانی گرتم و  بۆ ناو باوەشی پەلکێشی کردم. دوای چەند سەعاتێک کە خەبەرم بۆوە نیوەڕۆ بوو کتێبەکە و نامەیەکی بچکۆلە لە تەنیشت سەرینەکەمەوە دانرابوو. لە جێگاکەم بەرزبوومەوە و چەند جارێک خۆم کێشایەوە و گوێم لە ئێسکەکانی خۆم گرت.

من پەنجا پەرەی کتێبەکەم خوێندبووە، بەڵام تا لێوی نەخستە سەر شانم هەستم بەوە نەکردبوو گەڕاوەتەوە و لە ژوورەکەدایە. هیچ پرسیارێکی نەکرد و وتی دوای باسی دانیاڵم بۆ بکە.

من ئەو کاتەی زافۆنم ناسی لە جوانترین و گەرمترین رۆژەکانی عەشقدا دەژیام، ئێستا لەم شارە گەورەیەدا کە چەندین ملیۆن خەڵکی تیادا دەژی و من هێشتا بیر لەو رۆژه گەرم و جاویدانانە دەکەمەوە کە بە سەردەمی زێڕینی خۆمی دەزانم دەمەوێت بڵێم من زافۆنم ئاوا ناسی و ئاوا عاشقی بووم، دیارە ئەو زەمەنەی مرۆڤ کتێبێکی تیادا دەناسێت گرنگی و کاریگەری خۆی هەیە، دۆخی مرۆڤ تەواو خوێندنەوەکان دەگۆڕێت، چاوی ئەڤینداران چاوێکی ترە، وەک چۆن چاوی رەخنەگرانیش چاوێکی ترە.

بەرای من زافۆن و کتێبەکانی لەو جۆرە نوسینانەن دەبێت بدۆزرێنەوە، پێشنیارکردنی بۆ هەرکەسێک هێندەی ئەوە سیحری نابێت کە خۆت لە بەرەبەیانێکدا ئەو کاتەی قاوەی گەرم بە گەرووتدا دەچێتە خوارەوە دەیناسیت و دەزانیت کتێبێک هەیە و باسی شوێنێکی لەیادکراو دەکات، چ خوێنەرێک کونجکۆڵنابێت لە دۆزینەوەی ئەو شوێنە؟ من زافۆنم دۆزییەوە و یەک بەیەک رۆمانەکانیم خوێندنەوە و بە تاسەوە چاوەڕوانی چاپکراوی نوێیم دەکرد.

گرنگی نوسینەکانی زافۆن لەوەدایە ناهێڵێت خوێنەر تەنیا ساتێکیش ئارام دابنیشێت و ئارام هەناسە بدات، هەمیشە دەبێت چاوەڕێی دۆزینەوە و کەشفکردنی نهێننیەک بیت. هەر لەیەکەم پەرەی کتێبەکەوە دەتباتە گرنگترین شوێنی ناو رۆمانەکەی کە پێ‌ی دەوترێت “گۆڕستانی کتێبە لە یادکراوەکان”.

خاڵێکی تری نوسینی زافۆن ئەوەیە هەرگیز هەست ناکەیت لە شوێنێکی نوسینەکانیدا زیادی ووتووە و لە شوێنێکیتردا کەم، هەمیشە ئەو هەستەت دەداتێ کە لەبەردەم نوسەرێکی گەورە و رۆمانگەلێکی گەورەدا تۆ وەک خوێنەر خەریکی کەشفکردنی کۆدەکانیت. لەگەڵ خوێندنەوەی هەر چاپتەرێکدا هەستدەکەیت ڕێگای دوور و جەنگەڵی تاریک و دارستانی چڕت بڕیوە، لە چەندین تارمایی رەش و تۆقێنەر رزگارت بووە،  خوێنەر بە جۆرێک بە رووداوەکانییەوە گرێدەدات خۆت وەک بەشێک لە نوسینەکانی سەیردەکەیت و دەتەوێت پارێزگاری لە خۆت بکەیت. دڵت پڕدەبێت و دەگریت، دەترسیت و گوێت لە دەنگی دەرگا و پەنجەرەی کراوە دەبێت، مرۆڤگەلی ترسناک بە دواتدا دەگەڕێن و نامەت بۆ دەنێرن و لە شتی سەیر و نهێنی ئاگادار دەکرێیتەوە. بە رای من زافۆن خۆی نهێننیە گەورەکەیە و من بەردەوام بە شوێنیدا دەگەڕێم.

ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ پێشکەوتنی بەرچاوی تەکنەلۆژیا و ئەو ئاسانکارییە جۆربەجۆرانەی بۆ خوێنەر کراوە و هەروەها لە ڕێگای هەموو ئەو پلاتفۆرمانەی بۆ خوێندنەوە بەکاردێن، باس لە لەناوچونی وشەی چاپکراو دەکرێت، هەزاران دێبەیتی جیاواز کراوە وە چەندین نوسەر لە رێگای رۆمانەکانیانەوە هەوڵیانداوە تەکنلۆژیا وەک مەترسییەکی گەورە ناوزەدبکەن بۆ کتێب، لێرەدا پێویستە ناوی پاول دیسالمەند بێنین کە لەو بارەیەوە رۆمانی “ژیانی من وەک کتێب”ی نوسیوە هەروەها لاورێنس کۆسی بە کتێبی “کتێبفرۆشی خەون”. بەڵام بە رای رەخنەگران “سێبەری با”ی زافۆن باشترین کتێبە کە باس لە لەناوچون و ئەو مەترسیانە دەکات کە لەسەر کتێب و خەیاڵ و خەونەکانی مرۆڤەکانی سەدەی نوێ‌ دروستی کردووە.

عەشق و ڕق و تۆڵەسەندنەوە بەشێکی گرنگی تێمای نوسینەکانی زافۆن پێکدەهێنن، لە راستیدا زافۆن دەمانخاتە بەردەم ئینسان و هەموو دیوەکانی. جولیان نمونەی ئەو مرۆڤانەیە کە عەشق لە نوسەرەوە دەگۆڕێت بۆ جەلاد. دانیال نمونەی ئەو گەنجە خوێنەرانەیە کە بەدوای کتێب و نهێنییەکانیەوەن، سێمپرێ نمونەی ئەو باوکانەیە کە ژیانیان بۆ منداڵ و یادەوەرییەکانیان تەرخانکردووە.
زافۆن باسی شتێکیترمان بۆ ناکات جگە لە مرۆڤ خۆی، ئەوەی دەیگێڕێتەوە چیرۆکی مرۆڤەکانه.

کارلۆس رویز زافۆن لە ساڵی 1964 لە بەرشەلۆنە لەدایک بووە، لە سەرەتادا وەک کەسێکی سەربەخۆ بۆ هەندێک کۆمپانیای جیاوازی ڕیکلام کاری کردووە، پاشان لەم کارە ماندوو دەبێت و هەموو کاتەکانی خۆی بۆ نوسین و مۆسیقا تەرخان دەکات.

یەکەم کتێبی زافۆن بە ناوی “شازادەی تەم”ە کە لە ئەدەبی ئێستادا بە رۆمانی مێردمنداڵان دەناسێنرێت و هەر ئەو کاتە خەڵاتی ئەدەبی منداڵانی پێدەدرێت.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی 1993 دا بەرەوە لۆس ئەنجولس دەروات و دەست دەکات بە کاری سیناریۆ نوسین بۆ هۆلیود. هاوکات خەریکی نوسینی ڕۆمانی “سێبەری با” دەبێت کە لە ساڵی 2001 لە ئیسپانیا چاپ و بڵاودەبێتەوە.

(سێبەری با) لە ٤٠ وڵاتی جیاواز فرۆشراوە و بۆ چەندین زمان وەرگێردراوە رۆمانی سێبەری با لە دوای رۆمانی دۆکیشۆتەوە پڕفرشۆترین رۆمانی ئیسپانییە.
لێرەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم رۆمانە یەکەم رۆمانی ئەو زنجیرە کتێبەیە کە بە ناوی “گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان”ه.

دووەم کتێبی ئەم زنجیرەیە بە ناوی “گەمەی فریشتەکە”یە و لەساڵی 2008 چاپکراوە. لە ساڵی 2011 شدا  سێیەم رۆمانی ئەم زنجیرە کتێبە بە ناوی “زیندانی ئاسمان” چاپ و بڵاودەبێتەوە.

ناوی رۆمانەکانی زافۆن کە دەخرێنە کاتیگۆری ئەدەبی مێردمنداڵەنەوە:

کتێبی شازادەی تەم  ساڵی 1993
کتێبی کۆشکی نیوەشەو 1994
کتێبی بینەرەکانی ناو تارمیایی 1995
کتێبی ماریانا 1999

دیمانەیەک لەگەڵ کارلۆس رویز زافۆن
سازدانی: گیلبەرت کروز
و. لە ئینگلیزییەوە: سورمە

    ـ هەردو ڕۆمانی سێبەری با و گەمەی فریشتەکە بە دەوری ئەو شوێنە تاریک و ئەفسوناویەدا دەسوڕێنەوە کە ناوی گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکانە. دەتوانیت وردەکارییەکەیمان بۆ باس بکەیت لەگەڵ ئەوەی کەی ئایدیای تەمومژاوی ئەو شوێنە کەوتە سەرتانەوە؟

زافۆن: گۆڕستانی کتێبە لە یادکراوەکان گەورەترین و نایابترین کتێبخانەیە کە تۆ بتوانیت لە خەیاڵی خۆتدا وێنای بکەیت.

لابۆرێکە لە کتێب کە تونێل و پرد و شوێنی نهێنی تێدایە ـ شاراوەیە لە ناو شوێنێکی کۆندا لە شاری بەرشەلۆنەی دێریندا. شوێنێکی نهێنیە کە خەڵکانێکی کەم پێیدەزانن، وە لەویادا دەتوانیت هەموو ئەو کتێبانە بدۆزیتەوە کە بزربوون، لەیادکراون و ئینسان هەوڵیداوە لەناویانبەرێت.

ئەم جێگایە لەلایەن گروپێکی نهێنی لە مرۆڤەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوە دەچێت کە هەوڵدەدەن پارێزگاری لە کتێب و یادەوەری و ئایدیاکان بکەن.

ئەم شوێنە چەندین سەدەیە هەبووە و شتەکە بەم جۆرەیە، یەکەم جار کە ئاشنای ئەم شوێنە دەکرێیت، تۆ مافی ئەوەت دەبێت کتێبێک هەڵبژێریت لەناو هەزاران کتێبی تر لەم کتێبخانە گەورەیەدا، وە تۆ دەبێت ئاگاداری بیت کە هەرگیز ون نەبێت و لەناونەبرێت.

بیرۆکەی ئەم کتێبەم لە کۆتای ساڵەکانی 1990دا لەلا گەڵالە بوو، پێموایە لەوەوە دروست بوو کە لەو کاتەدا هۆشیاریم بەرامبەر ئەوە دوست بوو کە لە ناوبردنی یادەوەرییی لە ناوبردنی مێژووە.
من هەمیشە پێم وابووە ئێمە ئەوەین کە بیرماندەکەوێتەوە و لەیادماندەمێنێتەوە. وە تا کەمتر بیرمان بکەوێتەوە و ئێمە کەمتر دەبین.

بە بیکردنەوە لەوە و گەڕان بە ناو وڵاتدا و دۆزینەوەی هەموو ئەو کتێبفرۆشییە نایابانە کە هیچ کەسێک سەرنجی نەدەدانێ، هەموو ئەم شتانە لە مێشکمدا دەسورانەوە، لەو کاتەدا وێنەی ئەم شوێنە هاتە بەرچاوم. ئەوە ڕوونە کە ئەو شوێنە وێنەیەکی سیمبۆلی بوو بۆ نەک تەنیا ئەو کتێبانەی بیرچونەتەوە بەڵکو خەڵکان و ئایدیاگەلێکیش کە فەرامۆشکراون.

ـ ئەم کتێبانە سەرەتا و ناوەراستی سەدەی بیستەمی بەرشەلۆنە باس دەکەن، چ شتێک لەو زەمەنەدا هەیە کە سەرنجی تۆی راکێشاوە تا هێندە کونجکۆڵ بیت بەرامبەریان؟

 زافۆن: من سەرسامم بەو زەمەنەی لە شۆڕشی پیشەسازیەوە دەستپێدەکات تا دوای جەنگی جیهانی دووەم. شتێک لەو ساتەی زەمەندا هەیە کە ئازایانە و تراژیدیانەیە. خاڵێک هەیە لە دوای شۆڕشی پیشەسازی کە وا دەردەکەوێت دواجار ئینسان شتەکان بە “ڕاست”ـی بکات. بەرەوپێشچوون لە دەرمانسازی و تەکنەلۆژیا و سیستەمی پەروەردەدا روویاندەدا. مرۆڤ دەیتوانی تەمەنی درێژ بێت و زیاتر بژی. خوێندەواری زیاتر بڵاودەبۆوە. هەروەک ئەوەبوو دواجار دوای چەندین سەدە لە کاری قورس و رەنج و بەدبەختی مرۆڤ بەرەو دۆخێکی باشتر بڕوات. وە ئەوەش کە دوای ئەوە روویدا ڕێک پێچەوانەکەی بوو. مرۆڤایەتی خیانەتی لە خۆی کرد.

ـ کارەکتەرەکانی تۆ هۆگری کتێبن، ئەمە بەشێکی بەهۆی “گۆرستانی کتێبە لەیادکراوەکان”ە و ئەوەیتریشی بەهۆی شوێنی دوهەمی ناو ڕۆمانەکەت کە کتێبفرۆشییەکەیە. تۆ هەمیشە دەوری خۆت بە کتێبەکان تەنیوە؟

زافۆن: منداڵی من کتێب و نووسین دەوریان دابوو. لە تەمەنێکی زۆر بچکۆلەوە من سەرسام بووم بە چیرۆک گێرانەوە، بە ووشەی چاپکراو، بە زمان بە خەیاڵ. من بەدوایاندا دەگەرام. هەڵبەت من کتێبفرۆشییەکی جوان وەک ئەوەی لە کتێبەکەمدا باسی دەکەم لەبەردەستمدا نەبوو. بەڵام بە زۆر شێوەی جۆراوجۆر من هەمیشە ئەوەی دەمکرد دروستکردنی چیرۆک و کارەکتەرەکان بوو. تەنانەت پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین ببم، من چیرۆکم دەگێرایەوە. من هەمیشە ئەوەم زانیوە کە دەبمە نووسەر چونکە هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەم لەبەردەستدا نەبوو. من بەردەوام بەو راستییە سەرسام بوو کە دەتوانی کاغەز و مرەکەب بەکاربێنیت بۆ دروستکردنی ووشە، وێنە، کارەکتەر. ئەمە وەک ئەفسون دەردەکەوت.

ـ تۆ باسی ئەوە دەکەیت کە کتێب و مرەکەب و کاغەز ئەفوسنیان لێتکردووە، پێدەچێت تۆ نرخ و قورساییەکی زۆرت لە سەر وشە چاپکراوەکان دانابێت، واتە بەرهەمەکە خۆی. ئایا تۆ بیرت لەوە کردۆتەوە کە ئەمە چەند گۆرانی بەسەردا دێت لەگەڵ ئەوەی پێ‌ی دەوترێت کتێبی ئەلکترۆنی؟

زافۆن: ئەمە هەمووی دەربارەی بەشداریکردنە، پێم وانییە ئەمە هیچ پەیوەندیەکی بە کتێب و ئەدەب و گێرانەوەوە هەبێت. مێژووی چاپکردن ئەم پێشکەوتنانەی بەردەوام بە خۆیەوە بینیوە، گەر بگەڕێیینەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم ئەو کاتەی هەندێک لە باشترین ئەو رۆمانانەی دنیای تیادا نووسران کە سەردەمەکانیتریش دەژین، چاپکردن زۆر جیاواز بووە. خەڵک کەمتر کتێبی کڕیوە، ئەوان چیرۆکەکانیان بەش بەش خوێندۆتەوە لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا. هەندێک لەم چیرۆکانە دواتر کۆکراونەتەوە و چاپکراون. بەڵام بە گشتی هەموو کلتوری کتێب فرۆشتن و چاپکردن زۆر جیاواز بووە. ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەیناسین ئەو بەرهەمەیە کە لە سەدەی بیستدایە. ئایا لە داهاتوودا بەرەو کوێ دەڕوات من نازانم. بەڵام من دەزانم سروشتی ئەو جۆرە لە گێرانەوە لە ناو زمان و ئەدەبدا هەرگیز ون نابێت چونکە ئەوە بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ.

ـ ئایا ئەم قسەوباسانە لە ئیسپانیا و ئەوروپاش دەکرێن؟ ئایا ئەمە وەک کێشەیەک سەیر دەکرێت لەوێ؟

زافۆن: پێم وانییە ئەمە لە ئەوروپا وەک کێشیەکی گەورە سەیربکرێت، دیارە خەڵک دەربارەیان قسە دەکات بەڵام من نیگەرانییەکی زیاتر دەبینم لەلای چاپ و بڵاوکراوە ئەمریکیەکان. من پێم وایە بەشێکی زۆرلەمە پەیوەندی بەو جۆرە مامەڵەیەوە هەیە کە میدیا و راگەیاندنەکان لەگەڵ ئەدەبدا دەیکەن. لە ئەمریکا ئەوە زۆر زەحمەتە کە لە راگەیاندنە هەمەجۆرەکانتدا کورتەیەک دەربارەی کتێبێک جێبکرێتەوە، شوێنی زۆر کەمە بۆ ئەمە، زۆر لە رۆژنامە هەواڵییەکان خۆیان پەستاندۆتە شوێنی ئەمانە. بەڵام گەر بڕۆیت بۆ ئەوروپا ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە زۆربەی ڕۆژنامە هەواڵییەکان و تەلەفزیۆن و رادیۆکان بەبەردەوامی خەریکی ناساندنی نووسەر و بەرهەمەکانیانن. ئەمە بەشێکە لە ژیانی خەڵکی. لێرە پێدەچێت تەنیا خوێنەرە جددیەکان نیگەرانی ئەم شتانە بن. پێناچێت کتێب و ئەدەب بەشێک بێت لە بزاوتی سەرەکی کە ئەمە بۆ خۆی شەرمە.

سەرچاوەکان:
https://www.aftonbladet.se/wendela/ledig/article11721206.ab
https://www.time.com/time/arts/article/0,8599,1907807,00.html#ixzz2PnqmWOjg

تێبینی: ڕۆمانی گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان، یان گەنجینەی کتێبە لەبیرکراوەکان، لە چەند مانگی داهاتوودا بە زمانی کوردی لە دەزگای سەردەم بڵاوئەکرێتەوە. لە زمانی سویدییەوە لە وەرگێڕانی هیوا قادر.

ناردن: