گوڵی ته‌ره‌قی” پتر له‌ ده‌ ساڵ بوو هیچ به‌رهه‌مێکی بڵاو نه‌کردبووه‌وه‌، یان نه‌یتوانیبوو بڵاوی بکاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ بۆ ئه‌و ساڵێکی به‌ به‌ره‌که‌ت بوو، سه‌ره‌تا به‌ چاپکردنی کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی “ده‌رفه‌تی دووباره‌” ده‌ستی پێکرد و کۆتاییه‌که‌شی ڕۆمانی “ڕووداو” بوو.

ڕۆمانه‌که‌ فرۆشێکی زۆر باشی هه‌بوو و پێشوازییه‌کی به‌رچاوی لێکرا و توانیی سه‌رنجی خوێنه‌ران ڕابکێشێ. له‌م گفتوگۆیه‌دا “ته‌ره‌قی” باس له‌ ئه‌زموونی نووسینی و گرفت و کێشه‌کانی به‌رده‌م نووسین ده‌کات، زۆرترین قسه‌ش ده‌رباره‌ی “ڕووداو”ه‌، که‌ یه‌که‌مین ڕۆمانیه‌تی.

دوای پەنجا ساڵ نووسین، ئینجا یەکەم ڕۆمانی درێژت بڵاو کردووەتەوە. هۆکاری ئەم دواکەوتنە چی بوو؟

گولی ته‌ره‌قی: چونکە بێخەبەر بووم لە فریوی زەمەن، پێم وابوو هێشتا کاتی زۆرم ماوە بۆ نووسین. “کوا هەتا بگەمە چل ساڵەیی…!” بەهەرحاڵ، هەر لەدایکبوون و ئافراندنێک پێویستی بە کاتی گونجاوی خۆی هەیە. نهێنییەک لەم کارەدا هەیە، نهێنییەک کە من و تۆ بێئاگاین لێی. کاتێک بۆ لەدایکبوون هەیە و کاتێک بۆ مردن. لەوانەیە بە تەواوەتی ئامادە نەبووبم بۆ نووسینی ڕۆمانی درێژ. سەرەتا سەرسام بووم بە نووسینی کورتەچیرۆک و کاتە چڕەکەی، هەڵبژاردنی وشەکان. لە کورتەچیرۆکدا بەکارهێنانی وشەیەکی شاعیرانە لە تەنیشت وشەیەکی گشتی، بە لەبەرچاوگرتنی مۆسیقای هەریەک لە دێڕەکان، زۆر گرینگە. شوێنێک بۆ زۆربڵێیی و شپرزەیی نییە. کورتەچیرۆک هاوشێوەی سۆناتێکە، نۆتەیەکی هەڵە و نەگونجاو، بینای دەروونیی تێک دەدا. لەبەر هەڵبژاردنی وشەیەکی دڵخوازم، چەندین جار خۆمم ئازار داوە.

بۆ نموونە، پێم خۆشە دێڕێک بە دەنگێکی کشاو وەکو “ئا”، هاوشێوەی هەناسەیەکی درێژ کۆتایی پێبێت. بە دەنگی بەرز دەیخوێنمەوە و دووبارە دەینووسمەوە. نووسینەوە… نووسینەوە… و نووسینەوە. تاسەیەکی زۆر، یان ختوورەیەکی بێچارەسەرە.

لە کورتەچیرۆکدا هەر وشەیەک بەرپرسە و شوێنێکی دیاریکراوی هەیە، وەکو ڕیتم و لێدان و چرپەچرپی وشەکان لە شیعردا. کات و شوێن لە ڕۆماندا پەرشوبڵاون، بەڵام ئەم پەرشوبڵاوییە وەکو جودایی ئەستێرە گەڕۆکەکانی کۆمەڵەی خۆرە، کە لە سروشتدا پێکەوە بەسراونەتەوە. هاوسەنگی و مانەوەیان لەو پەیوەندییە گەردوونییەدایە، کە لەگەڵ یەکتر هەیانە.

نووسینی ڕۆمانی “ڕووداو”ت لە سەرەتای ساڵانی دووهەزار دەست پێکرد؟

گولی ته‌ره‌قی: پێم وایە حەوت، هەشت ساڵ لەمەوپێش بوو. بەسەرهاتەکان یەک لە دوای یەک ڕێگەی خۆیان دەدۆزییەوە و ڕۆمانەکە بەرەوپێش دەچوو. پێداچوونەوە و دووبارە نووسینەوەکانی چەندین جارە بۆ دواتر بوون. کورتم کردەوە و پەنجا لاپەڕەیم وەلا نا. کتێبەکەم بە بێئومێدی نارد بۆ “ئیرشاد”، “ئێرشاد”ی سەردەمی حکومەتی “بەڕێز ئەحمەدی نەژاد” بوو. دانیشتم و چاوەڕوانم کرد. (کەرە مەمرە، بەهارە!) دوو بەهار تێپەڕی و کورتان نەگەیشت و هەواڵێک نەهات. دوای دوو ساڵ وتیان: “شایانی چاپ نییە، خواتان لەگەڵ، باشترە بە ڕێز و ئیحترامی خۆتانەوە بڕۆن”.

ببوورە قسەکەت پێدەبڕم، یانی کتێبەکە هەر وا بە هەڵپەسێردراوی مایەوە؟

گولی ته‌ره‌قی: ڕێک وایە، بێدەنگییەکی تەواو. نە ڕازیبوون و نە ڕازینەبوون. تا ئەو کاتەی ماندوو بووم. هەستام و ڕۆشتم بۆ “وەزارەتی ئیرشاد”، بەشی هەڵسەنگاندنی کتێبەکان. لەوێ پیاوێکم بینی. بە سەرسووڕمانەوە گوێی بۆ قسەکانم گرت و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وتی: “شتی وا مومکین نییە! هیچ کتێبێک زیاتر لە پانزدە ڕۆژ لە ئیرشاد نامێنێتەوە”. دواتر تەلەفۆنێکی کرد و فەرمانی دا لە زووترین کاتدا بەدواداچوونی بۆ بکەن. بەدواداچوون!!! جارێکی تریش گەڕامەوە. وتیان “بەڕێز گرینگ!!!” بە جووتێک نەعلی لاستیکەوە ڕۆشتووە بۆ سەفەر. کەی دەگەڕێتەوە؟ خودا دەیزانێ…

کتێبەکەم وەرگرتەوە، وەکو ئەوەی ڕۆڵەیەک لە سەفەرێکی سەخت گەڕابێتەوە، هێنامەوە بۆ ماڵ. دەرفەتێکی باش بوو بۆ دووبارە نووسینەوە و پێداچوونەوەی. بەبێ ئەوەی لە خەیاڵیشمدا بووبێت!

ئێستا کە دوو ساڵ لە گۆڕانی دەوڵەت تێپەڕیوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مۆڵەتت وەرگرتووە، ئایا گەشبین بوویت، یان نا؟

گولی ته‌ره‌قی: من نامۆم بە پێچوپەنا و فڕوفێڵە سیاسییەکان لە ئێراندا. سیاسەت دنیای من نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە سەردەمی “بەڕێز ڕۆحانی”دا بوو کە دوو کتێبی من، “دەرفەتێکی دووبارە” و “ڕووداو” مۆڵەتیان وەرگرت؛ بۆیە دەتوانم بڵێم: ئێستا “ئیرشاد” جیاوازیی هەیە لەگەڵ ڕابردوودا.

تاکە مەترسیم ئەوەیە دیسان بگەڕێینەوە بۆ شوێنی یەکەم. هەمان تاس و حەمام.

ئەم باسە زۆر باوە کە دەڵێن دەبێ سانسۆر یەکشەوە بپێچرێتەوە، هەندێکیش لەو باوەڕەدان دەبێ ئەم کارە وردەوردە بکرێت. ڕای ئێوە چییە؟

گولی ته‌ره‌قی: یەکشەوە؟ یانی شەو بنووین و بەیانی بەئاگا بێینەوە و ببینین پێنج هەزار کتێب مۆڵەتی چاپیان وەرگرتووە؟! لابردنی سانسۆر ڕووداوێکی نامومکینە و من دڵم بەم وەهمانە خۆش ناکەم.

ئاخر چۆن دەست دەدا سانسۆر یەکشەوە بپێچرێتەوە؟ مەگەر ئێمە لە کوێ دەژین؟ ڕەنگە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، هەندێ دەرگا بکرێنەوە، ڕەنگە… ئەگەری ئەوەش هەیە خراپتر ببێت. سانسۆری سەردەمی “بەڕێز ئەحمەدی نەژاد” لە ڕاستیدا سانسۆرێکی بێمانا بوو. هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ لابردنی دێڕێک، من خۆم لە کاتی نووسیندا ئاگاداری هەندێ لە حەساسییەتەکان هەم. لە چەند شوێنێکی ئەم ڕۆمانەشدا ئەو تێبینییانەم جێبەجێ کردووە، هەڵبەت تۆزێکیش پەشیمانم، چونکە لەوانەیە بکرایە بەسەریاندا تێپەڕێت! بەڵام لە سەردەمی “ئەحمەدی نەژاد”دا تێنەدەگەشتی چی بە هێڵی سوور دادەنێن و چی نا… بۆ نموونە، بۆ ڕۆمانی “بەڕێز ئەلف” (کە دەمەوێ دووبارە بگەڕێمەوە سەری) ڕەخنەیەکی هێند ناماقووڵیان گرت، کە عەقڵ نەیدەبڕی؛ نوکتە بوو. بەشی یەکەم لە کتێبی “یادەوەرییە پەرشەکان” بڵاو بووبووەوە، بەڵام مۆڵەتی چاپی هەموو ڕۆمانەکەیان نەدا. وتیان ئێوە بۆتان نییە ئەم کارەکتەرە (بەڕێز ئەلف) کە پیاوێکی بەڕێز و موسڵمانە و مامۆستای مێژووە، بنێرن بۆ شاری پیس و گەندەڵی پاریس! ئاخر ئەمە سانسۆرە؟!! وتیان ئەو شارە بۆ ئەم کەسە مەترسیدارە. وتم دڵنیا بن من ئەم مرۆڤە دەناسم. لەم ماوەیەدا دەمی بۆ خواردنەوە نەبردووە و هیچ کارێکی نەکردووە، کە پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێ. وتیان یانی تۆ لە ئێمە باشتر دەزانی؟ بە خۆمم وت نەکا (ئەلف) ژێربەژێر کۆمەڵێ کار بکات من بێخەبەرم لێیان؟ بەهەرحاڵ، دوای ڕوونکردنەوە چرتوپرتەکانی من، فەرموویان بەو مەرجە بۆت هەیە، تەنیا ئەم بەشەی یەکەم چاپ بکەی، کە لە کۆتاییدا “ئەلف” بە خێرایی بگەڕێتەوە! پرسیارم کرد ئەی بەشەکانی تر چییان بەسەر دێت؟ وتیان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. منیش، بتەوێ و نەتەوێ، کەوتبوومە ناو ئەو یارییەوە. وتم حاڵی حازر پارەی کڕینی بلیتی نییە! فەرموویان لە دەزگای بڵاوکردنەوەکەتانی وەربگرن!!! ئەمە بۆ خۆی چیرۆکێکە…

لە ڕۆمانی “ڕووداو”دا، دوو ڕیتم لە سێ پارچەی ڕۆمانەکەدا بەکار دەهێنی. یەکەم ڕیتمێکی پڕ لە وردەکاری و ڕووناکی و ڕەنگ و بۆنە، کە زۆرتر لە سەردەمی منداڵی و پیریی پاڵەوانەکانتاندا دەبن بە ڕیتمی زاڵی ڕۆمانەکە؛ دووهەم ڕیتمێکە وەسف ناکرێت و ئەساسەکەی حەکایەتە، کە بۆ ناوەڕاستی ڕۆمانەکە و تەمەن ناوەنجیی کارەکتەرەکان بەکاری دەهێنی. ئەم دابەشکردنە چ هۆکارێکی بینایی بۆ ئێوە هەیە؟ بەو مانایە دەتانویست بە ڕیالیزمی هەمەلایەنەی بەشی ناوەڕاست، شیعرییەتی سەردەمی منداڵی بسڕنەوە؟

گولی ته‌ره‌قی: بۆ بیسڕمەوە؟ وەختێ لەبارەی مرۆڤێک لە زەمەن و دۆخێکی تایبەتدا دەنووسم، زمان و تێکست و دەنگەکەی خۆیان بەسەر مندا دەسەپێنن. منداڵی سەردەمێکی جادووییە، سەردەمی خەو و خەون و خەیاڵە. تەنانەت لە خراپترین دۆخیشدا، لە سەردەمی منداڵیدا دەتوانن سووچێ بۆ خۆتان بدۆزنەوە و لە دونیای خەیاڵدا ون ببن، وەکو ئالیس لە سەرزەمینی سەمەرە. توانای ئارەزووکردنتان هەیە، وەسفکردنی سەردەمی منداڵی زمانێکی شیرین و شاعیرانەی دەوێ. شیعری “ئەو ڕۆژانە”ی “فروغ” باشترین نموونەیە. چەند دێڕێکم لە یاد ماوە. با بیڵێم:

ئەو ڕۆژانە تێپەڕین

ئەو ڕۆژانەی جه‌زبه‌ و سەرسامی

ئەو ڕۆژانەی خەو و بێداری

ئەو ڕۆژانە هەر سێبەرێک نهێنییەکی هەبوو

هەر پاکەتێکی سەرداپۆشراو گەنجینەیەکی دەشاردەوە.

هەر سووچێکی خەزێنەکە، لە بێدەنگیی نیوەڕۆدا

دەتوت جیهانێ بوو…

باشە ئیتر، لەوە زیاترم لە یاد نەماوە. مەگەر دەکرێ ئەم شیعرە شیرین و نۆستالژیکە بە شێوازی پتەو و پڕشکۆی “ئەرخەوان” بنووسرێت؟

هەر دنیایەک یاسای خۆی هەیە. فۆرم و ناوەڕۆکی تێک ئاڵاون. لە بەشی یەکەمی ڕۆمانی “ڕووداو”دا شادی و نادر منداڵن. لە کەنار دەریادا لەدایک دەبن. ئاشنان بە پێچوپەنای دەریا و لە زمانی ئاو تێدەگەن. سەرەنجامیش دوای ساڵانێکی زۆر جودایی، لە کەنار دەریا بەیەک دەگەنەوە و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەنەوە. دەریا ڕۆڵێکی گرینگ و سەمبۆلیکی لە ڕۆمانەکەدا هەیە.

کاراکتەری بیانی لە ڕووسی و پۆڵۆنییەوە بیگرە تا… لە دونیای چیرۆکی ئێوەدا زۆر زۆرن. ئایا ئەمە لەبەر ژیانی تایبەت و چینی کۆمەڵایەتیتان بووە، یان بەگشتی حەزێکی چیرۆکیت بۆ ئەم کەسانە هەیە؟ مرۆڤگەلێکی سەرگەردان لە تارانی ئەو ساڵانەدا…

گولی ته‌ره‌قی: یەکەم کچی “ڕووس”م لە چیرۆکی “هاوڕێی چکۆلە”دا هێناوە. کچێکی ڕووس دێت، هاوڕێی چکۆلە و عەشقی منداڵیمم لێدەستێنێت. یەکەم ئەزموونی ململانێ. چیرۆکەکەم لە “یادەوەرییە پەرشەکان”دا نووسیوەتەوە.

لە قوتابخانەی سەرەتایی “فیروزکوهی” کچێکی بیانی هاتە پۆلەکەمان. هیی دنیایەکی تر بوو. شۆخ، بە قژێکی کاڵ کە وەک کلکی ئەسپ بەستبووی. من ئەو کاتە دە ساڵان بووم، بەڵام بە بوونی ئەو، هەستم بە دڵەڕاوکێیەکی سەیر کرد. دەمزانی ئەم کچە، (سوتلانا)، هاوڕێکەم لێدەستێنێت، هەر وەهاش دەرچوو. ئەم ڕووداوە و ئەو دڵەڕاوکێ سەیرە، لە شوێنێکی تاریک لە قووڵایی زەینمدا نیشتووەتەوە و هەتا ئەمڕۆ، وەخت و ناوەخت یەخەم دەگرێ و ئازارم دەدا، ڕەنگە “تانیا” لە ڕۆمانی “اتفاق”دا وەرگێڕاوێک بێت لە “سوتلانا”، لە ڕووی ڕوخساریشەوە لەو دەچێ. لە سەردەمی مێرمنداڵیمدا تاران زۆر هاووڵاتیی ڕووسیی تێدا بوو، شوێنەکەشیان بەگشتی لە شەقامی “قوام السلطنە” بوو. بەرامبەر قوتابخانەی “ئەنوشیرەوانی دادگەر”. ژن و مێردێکی ڕووس لە دوو ژووری بچووکدا دەژیان. تەمەنیان لە سەرووی هەشتا ساڵەوە بوو. پیاوەکە، (کە ناومان لێنابوو موسیو) وانەی شێوەکاریی دەوتەوە و ژنەکەش وانەی زمانی فەڕانسی. هەردووکیان لە خێزانێکی خانەدان بوون، لە سەردەمی شۆڕشی بەلشەفیکیدا پەنایان بۆ ئێران هێنابوو، ئەوێ یەکەم پۆلی شێوەکاریی من بوو. بیرمە یەکەم ڕۆژی دەورەکەم کتێبێکی شێوەکاریی “سێزان”ی پێدام و وتی بە وردی سەیری بکەم. “ئێمپێرسیۆنیست”ەکان لە ئێراندا نەناسرابوون. هەندێ جار کە زوو دەگەیشتمە پۆلەکەم، باسی ڕابردوو و ژیانی خانەدانیی خۆی بۆ دەکردم. باسی شکۆ و خۆشگوزەرانییەکانی دەرباری ڕۆمانۆف. هەموو ئەمانە وەک فیلمێکی سینەمایی دەهاتنە پێشچاوم و وێنەیان لە زەینمدا دەمایەوە، هەتا ڕۆژێک لە چیرۆکێکدا ڕەنگ بداتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئاشقی ئەدەبیاتی ڕوسیا بووم، بەتایبەتی دۆستۆیڤسکی. نوقمی ئەو جیهانانە دەبووم، کە ئافراندبوونی. مەگەر دەکرێ “دیمیتری کارامازۆڤ” لە یاد بکرێ، یان ئاشقی “پرەنس میشکین” نەبیت؟

دواتر لە بەشی گێڕانەوەی تەمەن ناوەنجیدا ڕیالیزمێکی لەڕادەبەدەر بەکار هاتووە و دوای ئەوەش بەشی بەساڵداچووییت بە ڕیتم و شێوازی زمانیی سەردەمی منداڵی نووسیوە…

گولی ته‌ره‌قی: لە دەورانی کامڵبووندا ئاگایی و واقیع و بەرپرسیاریەتی جێگەی خەونەکانی منداڵی دەگرنەوە. تەنانەت ئەگەر وەکو منیش ئەهلی سازوسەودا بیت، ناتوانی خۆت لە کێشی قورسی واقیع و بەرپرسیاریەتی لا بدەیت. مشتومڕ لەگەڵ ئەشێوناشێی کۆمەڵایەتی و خێزانی، دوای تەمەنی مێرمنداڵی دەست پێدەکات. خواتان لەگەڵ بێخەیاڵی و سەروەتەکانی منداڵی. لەم قۆناغە بەدواوە، ڕووداوە کتوپڕەکان یەک لە دوای یەک ڕوو دەدەن. دوانەکان کە ئاشقی یەکترن، ئەگەر جیاتان بکردنایەتەوە، دەمردن، بە ڕوودانی ڕێکەوتێک کە هەرگیز بە خەیاڵیشدا نەدەهات، لە یەکتر جیا دەبنەوە. ئایا پێویستییەک لەم کارەدا هەبوو؟ ئایا ئەمە یاریی نهێنیی چارەنووس بوو؟ ئایا دەستی خودایانێکی چاوچنۆک لە ئارادا بوو؟ نازانم. پێم خۆشە کەسێک پێم بڵێت. من لە کاتی نووسیندا بیرم لەم شتانە نەکردبووەوە. دەتگوت کەسێکی تر کە لە دەروونمدا شاردراوەتەوە، هێڵە سەرەکییەکانی پێدەوتمەوە. وەکو خۆشەویستیی دوانەکان بۆ یەکتری. چاوەڕوانیی بەیەکگەیشتنیان. مردنی پێشبینینەکراوی باوک و هاوسەرگیریی شادی لەگەڵ پوشکین. نادر لە ئەمریکایە و شادی لە تارانە. لەم قۆناغەی ڕۆمانەکەدا ڕووبەڕووی ڕاستییەکانی شۆڕشی ئێران و جەنگ و بێکارەبایی و نەخۆشیی دایکی شادی دەبینەوە. زمانی ڕۆمانەکە بۆ خۆی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕیالیست و توندوتیژ دەبێتەوە. ئەمە سروشتییە. بەشی سێیەم، یانی گەڕانەوەی “نادر” مژدەی لەدایکبوون و ژیانێکی نوێ دەدات. خانووە دێرینەکە دەفرۆشرێت، (کە بووە بە شوێنی نیشتەجێبوونی ڕۆحەکان)، خانووە تازەکە لە تەنیشتی دەریایە. شوێنی لەدایکبوونی دوانەکان. بۆنی دڵخۆشی و ئومێد دێت، بۆنی منداڵانی داهاتوو؛ بۆیە زمانێکی سووک و شۆخوشەنگ و بەختەوەری پێویستە. ئایا زانیوتانە لە کۆتاییدا وەختێ “نادر” و “شادی” لە کەنار دەریا دانیشتوون، منداڵێک کە دیار نییە لە کوێوە هاتووە، لە دوورەوە تێدەپەڕێ و دەست بۆ دوانەکان ڕادەوەشێنێ؟ ئەمەش یەکێک بوو لەو ڕووداوە چاوەڕواننەکراوانە، کە کتوپڕ و لەسەر کاغەزەکە دروست بوو. نووسینی سێسەد لاپەڕەیی ئەم ڕۆمانە دەرفەتی پێدام بتوانم بڕۆمە ناو دونیای دەروونیی کارەکتەرەکانەوە، بەتایبەت پوشکین. خۆشەویستیی پڕتاسە و نەخۆشیئاسای ئەو بۆ شادی و خۆشەویستیی ئاوێتە بە تووڕەیی و کینە بەرامبەر بە دایکی. ڕابردووە سیاسییەکەی کە لە وەهمێک زیاتر نییە. ترسی لە مەرگ، کە بەرەو خۆکوژیی دەبات. بە وتەی “ئاغای فانی”ی خۆشەویست، کە لەبارەی ڕۆمانەکەوە قسەی لەگەڵ کردم، “ڕووداو” ڕۆمانی ئەشقە، کۆمەڵێک ئەشقی یەکلایەنە، جگە لە خۆشەویستیی دوانەکان بۆ یەکتر.

لە زۆربەی بەرهەمەکانتاندا کاریگەریی ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان لەسەر شانی کارەکتەرە ژنەکانە. ئەوانن کە ڕاستەوخۆ بەردەنگی ئەنجامی بەسەرهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران دەبن. لەم حاڵەتەدا کارەکتەرە پیاوەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە ئارادا نامێنن و ژنەکانن کە دەبێ بوەستن و سەیری ئەم ڕەوتە مێژووییە بکەن. ئایا ژنەکانی ئێوە زیاتر لە مێژوو تێدەگەن؟

گولی ته‌ره‌قی: سەیری بکەن، ژن بۆنەی ئافراندنە. لە منداڵدانی ئەودا ژیان دروست دەبێت و ئەو گەرەنتیی مانەوەی نەوەکانە. کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دایکسالار بوون و یەکەمین ئیزەدەکان مێینەن. هەڵبەت لەناکاو دایکی گەورەی گەردوون وەلاوە دەنرێت، مەریەمی پیرۆز لە پشتەسەری مەسیح ڕادەوەستێت، بەڵام بەردەوام بوونێکی بەهێزی هەیە. واز لە ئۆستوورە بهێنین و ژن لە واقیعی ئەمڕۆی خۆیدا ببینین. لەوانەیە ژن نەتوانێت وەکو پیاو ڕاستییە مێژووییەکان لێک بداتەوە، بەڵام بەهرەیەکی سروشتی و ئاگاییەکی ژنانەی هەیە. دونیای ژن، ئەشق، یان “ئۆروس”ە و دونیای پیاو، ئەقڵ و مەنتیق و “لۆگوس”ە. باسی باشیی یەکێکیان لە ئاستی ئەوی دی ناکەین، باسی دوو شێوازی ڕوانینە بۆ ڕاستییەکانی ژیان و دوو پانتایی دەروونی و سایکۆلۆژییە، کە پێویستە لە ئاشتی و هاوسەنگیدا بن؛ بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا ئەم هاوسەنگییە تێک دراوە. پیاوان، “ئانیما”، یان ژنی دەروونی خۆیانیان فەرامۆش کردووە، بوون بە کۆمەڵێ “دۆن جوان”ی تاکلایەن و بەردەوام بە دوای خۆشەویستییەکی کاتییەوەن، کە تێریشیان ناکات. کۆمەڵێ ژنیش بە دروشمی فیمینیستییەوە، ژنبوونی خۆیانیان لە یاد کردووە و دەستیان کردووە بە ڕکەبەرایەتیی پیاوان. لە ڕۆمانی “ڕووداو”دا، “نادر” پێویستی بە “شادی”، یان تەواوکەری ژنانەی خۆیەتی. ساتێک درەنگتر لە ئەو لەدایک بووە و دڵەڕاوکێی ئەم ساتە تەنیاییەی لە بیر ماوەتەوە. لە پشتەوەی بەرگی کتێبەکەدا و لە ڕوونکردنەوەی وێنەی دوانەکان، پرسیار دەکەم “شادی” چی بە گوێی “نادر”دا دەچرپێنێ؟ پێم وایە دەڵێ: “نادر، مەترسە من هەمیشە لەگەڵتدام”. وەکو ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئاگاداری جوداییەکەیان بووبێت. “نادر” هەتا بوونی خۆی بەبێ شادی نەدۆزێتەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە. دەبێ ساڵانێک سەختی بکێشێت و لە هەمان کاتدا کە “شادی” نیوەکەی تریەتی، ژیانی ڕاستی و سەربەخۆی خۆی لەو پێناسە بکات. پێم وایە ئەم قسانە وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە نەبوون. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت، کە ماندوو بووم و دەمەوێ خۆم دەرباز بکەم!

لە چیرۆکەکانی ئێوەدا و هەروەها لە ڕۆمانی “ڕووداو”یشدا، چەمکی “ماڵ” ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە. دونیای مرۆڤی ئێوە بە ماڵ و خانوودا تێک ئاڵاوە، یان خەریکی پاراستنی خانووە، یان لە پێناوی بەدەستهێناوەیدا شەڕ دەکات، یان دڵخۆشە پێی. خانوو خاڵی بەریەککەوتنی هەموو جووڵەکانی گێڕانەوەتانە، کە لە ئەنجامدا بە ئاسوودەیی کۆتایی دێت.

گولی ته‌ره‌قی: لەبەر ئەوەی خانوو شوناس بۆ مرۆڤ دروست دەکات. هەر ئەم خانووەی ئێستا تێیدا دانیشتووین، خانووی دایکمە، کە لە دوای مردنی بە میراتی بۆم ماوەتەوە، بەڵام من بەردەوام خەون بە خانووی “شێمیران”ەوە دەبینم، خانووی منداڵیم. خانوویەک کە باوکم دروستی کردبوو، خانووی خێزانەکەمان بوو. جێگەی باوکم بوو کە وەختێ لەسەر کورسییەکەی، لەژێر کەپرەکەدا دادەنیشت، سێبەرەکەی تا بنی باخەکە دەڕۆشت. هیچ كەس لە باخی شێمیراندا بیری لە مردن نەدەکردەوە. مانایەکی ئانتۆلۆژیکی بوو. ئێستا نە ئەو خانووە ماوە و نە ئەو خێزانە. شۆڕش ئەندامانی خانووەکەی پەرتەوازە کرد، بەڵام یادەوەریی ئەو خانووە و نۆستالژییەکەی لەگەڵمدایە.

بۆچی ئەم نۆستالژییەتان بۆ گرینگە؟ هەندێ لە ڕەخنەگرانی بەرهەمەکانتان دەڵێن ئێوە سەرقاڵی بەپیرۆزکردنی ڕابردوون. بۆچی لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە سەیری ئەو ڕابردووە ناکەن؟

گولی ته‌ره‌قی: مەگەر دەتوانرێ هێڵێک لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا بکێشرێت؟ مەگەر دەتوانرێ منداڵی لە تەمەنی ناوەنجی و پیری جیا بکرێتەوە؟ داهاتوو لە سکی ڕابردوودایە. بۆ نموونە، من ناتوانم کارەکتەرێک بخوڵقێنم بەبێ ئەوەی سەیری ڕابردووی بکەم، هەروەها بۆ خۆیشم، بەبێ دەرکی ڕابردووم… یادەوەرییەکان بەشێکی نەمرن لە ئێمەدا. مرۆڤی بێیادەوەری، بوونەوەرێکی تاکلایەنە، بەڵام من ڕابردوو بەپیرۆز ناکەم، ئەسڵەن باش و خراپی هەڵناسەنگێنم. لە “یادەوەرییە پەرشەکان” و “دوو دونیا”دا مەبەستی من سەرەڕای نووسینەوەی جۆرێک لە ژیاننامە (کە زۆریش ڕاست نییە)، بەرچاوخستنی قۆناغێکی مێژوویی و کولتووریی کۆمەڵگە بووە لە ساڵانی پێش شۆڕشی ئێراندا. مانەوە لە حەسرەتی ڕابردوودا بەر بە پێشکەوتن دەگرێت، بەڵام وەختێک لەو حەسرەتە دێینە دەرێ، کە بیبینین و بیناسین. بەپیرۆزکردنی ڕابردوو نا، ناسینی ڕابردوو…

زۆر بە کەمی کەسێک تا ئەم ڕادەیە گاڵتەی بە بەها بورژوازییەکانی خێزانەکەی خۆی کردووە. کوێی ئەم یادەوەرییانە پیرۆزکردنی ڕابردووە؟ ئەمانە قسەی هیچوپووچن! سەد جار وتوومە، یادەوەرییەکان پێش ئەوەی یادەوەری بن، چیرۆکن. بابە گیان چیرۆکن…! ئیتر وازم لێبهێنن… ئەگەر ناتانەوێ تێبگەن، کێشەی خۆتانە. دەبوایە ئەم چیرۆکانەم بنووسینایە و دەرگایەکم بەرەو لای ڕابردوودا دابخستایە، دواتر بەرەو دونیایەکی تر بەڕێ بکەوتمایە. بڕۆشتمایە بە لای ئەزموونی تازەوە، غوربەت لە پاریسدا…

بەڵام جگە لە یەک چیرۆک، پاریس ئەسڵەن بوونی نییە لە کارەکانتاندا…

گولی ته‌ره‌قی: زۆر ڕاستە. سەرەڕای ئەوەی سیوچوار ساڵە لەو شارەم، کەچی هێشتا هیچ شتێک نەیبەستووەتەوە بە منه‌وه‌.

وا دیارە ئێوەش لە “بەڕێز ئیبتیهاج” دەچن، ئەویش دەیوت دوای ئەو هەموو ساڵە ژیان لە ئەڵمانیا، هیچ پەیوەندییەکی بەوێوە نییە و تەنانەت زمانەکەشیان فێر نەبووە!

گولی ته‌ره‌قی: لەبارەی منەوە، پێم وایە جۆرێکە لە خۆڕاگری، یان ترس لەوەی نەکا ئیتر نەگەڕێمەوە و لەوێ بمێنمەوە. لەو ڕۆژەی ئێرانم بەجێ هێشتووە، بیرکردن لە گەڕانەوە لەگەڵمدا بووە، تەنانەت ئەو کاتەش کە لە ئەمریکا دەمخوێند. فیلمی “ئی تی”ت لە بیرە؟ ئێستا سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکم بە ناوی “گەڕانەوە”. سەفەرە یەک لە دوای یەکەکانم بۆ تاران، وانەوتنەوەم لە دەزگای “کارنامە” و نیشتەجێبوونی چەندین مانگەم لە تاران، یان سەفەرە کورتەکانم لە ئێران، هەموویان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەن: ئایا کارەکتەری چیرۆکەکەی من دەمێنێتەوە، یان دەگەڕێتەوە؟ ئەوم پێش خۆم ناردەوە، بۆ ئەوەی بزانم چی دەکات. بڕیاری ئەو چارەنووسی منە. ژنی ناو چیرۆکەکەم گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی خانووەکەی بە دەست بهێنێتەوە و هەروەهاش مێردەکەی لە ژنێکی گەنج… چەندین جار پێم وتووە خانم، وەرە و دەست لەم خانووە کەلاوە و لەم مێردە ئالوودەیە بشۆ، بەڵام ئەو تێناگات، چاوەڕوانم بزانم چی دەکات.

لە کارەکانتدا ئەو کەسایەتییانەی کە لە شوێنی شوناسیی خۆیان دوورن، زۆر ڕەها و پەرێشان دێنە بەرچاو، وەکو پوشکین لە ڕۆمانی “ڕووداو”دا. کارەکتەرێک کە بە ڕای من پوختەترین و فرەلایەنترین پێرسۆناژی ڕۆمانەکەتانە، کەسێکە بۆ هەمیشە نازناوەکەی لەسەری دەمێنێتەوە. مرۆڤێک کە ڕابردووی نییە. ڕاونراو و پلەدووە. ئایا ئەم کەسایەتییە هەر ئەو چەمکی “شەڕ” و “خراپە”ی ڕۆمانە کلاسیکەکان نییە؟

گولی ته‌ره‌قی: بۆ “شەڕ”؟ بەستەزمان…! پوشکین مرۆڤێکی بریندارە. بارودۆخێکی تراژیکی هەیە. هۆکاری هەموو ئازارەکانی پوشکین ئەو خۆشەویستییەیە، کە دایکی پێی نەبەخشیوە. دایکە بێفیکر و خۆشگوزەرانەکەی. دەروونی پڕاوپڕە لەو برینانەی کە دەیانشارێتەوە، بەڵام لە قووڵایی زەینیدا بەردەوام بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە. هیچ شتێک فەرامۆش ناکات، بەتایبەت دڵڕەقیی دایکی. “زەڕی خانم”، دایکی پوشکین ئاشقی کوڕەکەیەتی، بەڵام دەرفتی پیشاندانی ئەو ئەشقەی نییە. من ئەم جۆرە کەسایەتییانە دەناسم، ژنێکی سادە و ساکار، بێخەیاڵ، وەکو بووکەشووشە، ژنێکی منداڵ… ئافرەتێکە بەردەوام لە میوانییە، ئاشقی خۆشگوزەرانی و قومارە. مێردەکەی وەکو بووکەڵەیەک، یان وەکو منداڵێک خۆشی ئەوێ. کاتی ڕۆشتن بۆ میوانی جلەکانی بۆ هەڵدەبژێرێت و قژی دادەهێنێت، هەموو دڵخۆشیی ئەم مێردە ئەوەیە، ژنەکەی بۆی بگێڕێتەوە کە چەندە خۆشی لێگوزەراوە. پوشکین بە بینینی ئەم دیمەنانە ئازار دەچێژێت، دەیەوێت باوکی بکوژێت…

بەڵام پوشکین نەگۆڕا بە باوککوژێکی کلاسیک…

گولی ته‌ره‌قی: ئەو لە دەروونی بێئاگای خۆیدا باوکی دەکوژێ، وەکو هاملێت.

لە ڕاستیدا ناگاتە ئاستی دیمیتری کارامازۆڤ.

گولی ته‌ره‌قی: هەرگیز… پوشکین ئاشقی دایکیەتی و بێزارە لە باوکی، بەڵام خواستی لەناوبردنی باوکی دەگەڕێنێتەوە بۆ خۆی، تەنانەت پێم وایە خۆکوشتنەکەی، لە ڕاستیدا کوشتنی باوکیەتی.

هەوەها ئەم مرۆڤە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی مێژووییدا، ڕۆڵ دەگۆڕێ و بەردەوام لە حاڵەتی ڕووخاندایە.

گولی ته‌ره‌قی: چونکە لە دەروونەوە لەرزۆکە. شاعیربوون و شۆڕشگێڕبوونەکەشی دەستکردە. دەیەوێ دەربکەوێت، بەڵام هیچ کەسێک حسابی بۆ ناکات.

لەبەر چی ناوی لە هیچ شوێنێکی ڕۆمانەکەدا نایەت؟ ئەم مرۆڤە بەردەوام به‌ ته‌زویر دەمێنێتەوە؟

گولی ته‌ره‌قی: نازانم. لە سەردەمی گەنجێتیدا، چونکە شیعری دەنووسی و قژی لوول بوو، هاوڕێکانی ناوی “پوشکین”یان لێنا. جۆرێک لە گاڵتەپێکردن بوو. ئەم ناوەی لەسەر مایەوە و منیش حەزم لێیەتی.

سەرەڕای ئەوەی ناوی ڕۆمانەکە “اتفاق”ە، بەڵام هیچ ڕووداوێکی سەرەکیی تێدا نییە. دەقەکە پڕە لە ڕووداوی بچووک و گرینگ، کە بەردەوام پێکەوە دەلکێن و بە خێرایی بەرەوپێش دەڕۆن، لەسەر هیچ یەکێک لەم ڕووداوانەش ناوەستن. بەمە ڕووداوی سەرەکی لەناو دەبەن و فۆرمێکی کۆلاژئاسا ساز دەکەن.

گولی ته‌ره‌قی: کاتێک کتێبی “سەبووری لە گەردووندا”ی “لاجەوەردی”م دەخوێندەوە، تێگەشتم دروستبوونی ژیان و گەردوون لە ڕاستیدا ڕووداوێکە. چەندین جار ئەم دروستبوونە سەرەتاییە دەگاتە ئاستی لەناوچوون و دواتر بەستن یان وێکهاتنەوەیەک فریای یەکەمین ئەتۆمەکان دەکەوێت و ژیان بە ڕووداوێکی پەرجووئاسا دروست دەبێت. ژیانی دوانەکان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، لە تیری بەڵا پارێزراوە، هەتا ئەو کاتەی “تانیا” بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوە، یاخود ڕوونکردنەوەیەک ون دەبێت. ئەمە ئەو ڕووداوەیە، کە شەمەندەفەری چارەنووس بە ڕێگەیەکی تردا دەبات. هەموو بەسەرهاتەکانی دوایی بەستراونەتەوە بەم ڕووداوە سەرەتاییەوە. لە خۆم دەپرسم ئایا ئەم ڕووداوانە قەزاوقەدەر و ڕێکەوتن، یان پێویستی و حیکمەتێکیان تێدایە؟ ئایا ڕۆیشتنی “نادر” بۆ ئەمریکا پێویست بووە؟

ئەم ئەمریکایە، چەندە ئەمریکایەکی تایبەتە…

گولی ته‌ره‌قی: ئەمە ئەو ئەمریکایەیە کە باش دەیناسم. ساڵانێکی زۆر لە “دیمۆن ئایوا” ژیاوم و خوێندوومە. هەرێمێکی کشتوکاڵی و سارد بوو، لە ڕاستیدا شوێنێک بوو بۆ دیقکردن! ئەم هەرێمە لە ناوەڕاستی ئەمریکا بوو و خەڵکەکەی زۆر جیاواز بوون لە شوێنێکی وەکو نیۆیۆرک. میهرەبان و سوننەتی بوون، بە ڕۆحییەتێکی ئایینی. ئەو شتەی منی لەوێ هێشتەوە، میهرەبانی و ساکاریی سەیری خەڵکەکەی ئەوێ بوو. بۆ من کە تەمەنم نەدەگەشتە شانزدە ساڵ، ژیان لە شوێنێکی وەک نیۆیۆرک، ترسناک بوو؛ هەروەها بۆ “نادر”یش.

بە ڕای من، لە شوێنێک بەدواوە “نادر” لە ڕۆمانەکەدا ون دەبێت. دەڕوا بۆ مەکسیک و ئێمە هیچ شتێک لەو دەورانەی نابینین.

گولی ته‌ره‌قی: “نادر” دوای جیابوونەوەی لە “شیلا”، (هاوسەرە ئەمریکاییەکەی)، لەو بەندیخانەیەی بۆ خۆی دروستی کردبوو، هەڵدێت. دەیەوێت دونیایەکی تر بدۆزێتەوە. ئەو ئەمریکایەی کە تا ئێستا تەنیا وەسفه‌کەی بیستووە. ئەگەر دوای نادر بکەوتمایە و هەموو سەفەرەکانیم بە وردەکارییەکانیەوە شی بکردایەتەوە، زۆر دوورودرێژ دەردەچوو. نەدەگونجا و هاوسەنگیی ڕۆمانەکە تێک دەچوو.

ئێوە لە چیرۆکی “باوک”دا، دێڕێکتان هەیە کە دەڵێ: “باوکم پۆڵا بوو و پۆڵا هەرگیز ژەنگ ناهێنێت”. ئەمە ئایدیایەکی سەرەکیی دونیای کارەکتەرەکانی ئێوەیە، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ باوکدا. لە کارەکانتاندا باوکەکان ڕۆڵێکی تۆختر و هەڵبەت خواستراوتریان هەیە بەراورد بە دایکەکان. هەرچەند ئەم باوکانە بزر دەبن، بەڵام تەنیا ئەوان پیاوە بەهێزەکانی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئێوەن. دایکانی چیرۆکەکانتان، بوونیان زۆرترە، بەڵام چارەنووسیان ڕەشتر و تەمەنیان درێژترە. ئایا ڕیشەی ئەمە تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی خۆتان؟

گولی ته‌ره‌قی: بەڵێ. باوکی من بە ڕاستی هەر ئەو پۆڵایە بوو، کە ژەنگی نەدەهێنا. پانزدە ساڵ ململانێی لەگەڵ نەخۆشیدا کرد و بە هێز و توانای ئیرادەی خۆی مردنی دوور دەخستەوە. ئوستوورەی هێزێکی تەواو بوو. هەموو ئەو شتانەی کە دەبێ دەربارەی ئەو باسی بکەم، لە چیرۆکی “باوک”ی کتێبی “دوو دونیا”دا نووسیومن. ئەم پیاوە بەزەبرە تەنیا ژنێک کە لێی دەترسا، دایکم بوو! تەنیا ژنێکیش کە خۆشی دەویست، هەر ئەو بوو. ئەو کاتەی نەخۆش بوو، تەنیا دایکم بۆی هەبوو دەرمانەکانی بداتێ و دەرزیی لێبدات، تەنانەت وەختێ لە کلینیکێکی لەندەن خەوێندرابوو، هیچ پەرستارێک بۆی نەبوو نزیکی بکەوێتەوە.

بەڵام هەرچەندە دونیای ئێوە لەسەر بنەمای ژنبوون دامەزراوە، کەچی باوکانی چیرۆکەکانتان زۆر خۆشەویستترن.

گولی ته‌ره‌قی: باوکانێکی زۆر لە چیرۆکەکانی مندا نین. باوکی من ڕوخسارێکی خۆشەویستی نییە. خۆخۆشەویستە و هەندێ جار نامیهرەبانە. بوونێکی کاڵی لە ژیانی مندا هەیە، بەڵام پیاوێکی ڕەسەن و شایانی ستایشە. کەسایەتیی باوکی “نادر” لە ڕۆمانی “ڕووداو”دا میهرەبان و شیرینە.

“ژیان لە پاڵ ئەم باوکە، تێکەڵ بە ئەزموونی چیژبەخش بووە. تێکەڵ بە سەرسووڕمان و هەیەجانە. لەگەڵ ئەم باوکەدا دەکرا چەندین سەعات گفتوگۆ بکەی، یاری بکەی، زۆران بگری، یان نیوەشەو لە خەو هەڵیسێنی و خۆت بخزێنیتە ژێر لێفەکەیەوە”.

بەڵام دایکی دوانەکانیش، کەمتر نییە لە باوکیان، شۆخ و هونەرمەندە، جیاوازە لە هەموو دایکانی تر و دەروونی وێناکردنی ناسکی و ڕەسەنییەکی تەواوە. لە “یادەوەرییە پەرشەکان” و “دوو دونیا”دا لەسەر هەموو خێزانمم نووسیوە، جگە لە دایکم. چەندین جار ویستوومە چیرۆکێک لەبارەی دایکمەوە بنووسم، بەڵام نەمتوانیوە. “ناتالی ساروت” تەمەنی لە نەوەد ساڵی نزیک بووبووەوە ئەوسا توانیی دەربارەی دایکی بنووسێت. وامدەزانی دوای مردنی دایکم دەتوانم چیرۆکێک لەبارەیەوە بنووسم، بەڵام ئێستا نۆ ساڵ بەسەر مردنیدا تێپەڕیوە و هێشتا ئەو توانایەم نییە.

وابزانم کاتی ئەوە هاتووە لێرەدا گفتوگۆکەمان تەواو بکەین و بڕۆین پیاڵەیەک چای گەرم بخۆینەوە.

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری “تجربه‌”، ژماره‌ 34، سال چهارم/ بهمن ماه 93

ناردن: