ئامادەکردنی: بیۆرن ڤیمان

“بەڕێوبەری بەشی ئەدەبی ڕۆژنامەی داگز نیهێتەر”

وەرگێڕانی لە سویدییەوە: هیوا قادر

 

 

ئەگەر سەیری ئەو فۆتۆ کۆنانەی شەستەکانی ماریۆ ڤارگاس لۆسا بکەیت، ئەبینیت کە لە ئۆلۆف پاڵمە “سەرۆک وەزیرانی کوژراوی سوید ١٩٨٦” ئەچێت. ئەو لەیەکچوونە تەنها لە شێوەی نیگاکردنیاندا نییە، بەڵکە لە ڕەنگی قەترانی قژی بە ئاو داهاتوویانەوە بگرە هەتا ئەگات بە زەردەی لەخۆڕازیبووی سەر لێو و خەتی کراسەکانیان و بۆینباخە باریکەکانیان. بەدەر لە هەموو ئەمانەش ئەو هەیبەتە درەوشاوەیەی کە هەیانە.Annons:

کاتێک تەلەفونم بۆ ڤارگاس لۆسا کرد لە نیوۆرک، هێمام بۆ ئەو لەیەکچوونەی ئەو و ئۆڵۆف پاڵمە کرد، ئەو لەوێ ئەم پایزەی لە زانکۆی پرینستۆن وەک موحازرێکی میوان بەسەر ئەبرد. پاتریسیای ژنی وەڵامی دامەوە. پێکەوە لە قاتی چل و شەش هەمینی باڵەخانەیەکدا ئەژین، لەوێوە ئەتوانیت هەڵاتنی خۆر بەسەر هەریەک لە ڕووباری هودسۆن و پارکی شاردا ببینیت. لە وتارێکیدا کە لە “ئێل پایس”دا ڕۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی هەراوهوریای بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بڵاوکرایەوە، بەشێوازێکی زۆر شایستە و ئەدەبیانە باس لە ژیانی ناو مانهاتنی خۆی ئەکات: زوو بەخەبەرهاتنی، کارکردنی بەیانیان بە ڕۆبی خەوەوە، وەرزشکردن بە پشت، پیاسەی ناو پارکی شار و کاری زۆری ناو کتێبخانەی نێونەتەوەیی.

 

ـ ئۆلۆف پاڵمە؟ ڕوخسارمان لەیەک ئەچێت؟ بە ڕاست وایە؟ من هەرگیز بیرم لەمە نەکردۆتەوە. من هەموو ئەو نووسینانەم لەسەر کوشتنەکەی خوێندۆتەوە و هەرگیزیش بۆم قبوڵنەکراوە. پاڵمە تاڕادەیەک بوو بە ئەفسانە، ئەی وانییە؟

ـ  من پێموایە ئۆلۆف پاڵمە کەسێک بوو تێڕوانینی زۆر باشی هەبوو، هەروەها کەسێکی زۆر ڕەسەن بووە لە کاری خۆیدا بۆ خزمەتکردنی دنیای سێ. لە ڕاستیدا ویستی نێونەتەوەیی سۆسیال دیموکرات پاڵپشتێک بوو بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە لە ژێر زەبروزەنگی دیکتاتۆریدا بوون. هەروەها پاڵما دەرگای سویدی لەبەردەمی دنیا و سیاسەتی پەناخوازیدا خستەسەرپشت. پێشموایە بەشی هەرە گەورەی ڕەسەنایەتی ئەو لەو خاڵەدایە، ئەو لە ئەوروپایەکدا ئەمەی کرد کە بەشێوەیەکی گشتی مەیلێکی ترسنۆکانەی لەبەردەم ئەم پرسیارانەدا هەبوو.

 

کاتێک پێتەر ئینگلوند “سکرتێری ئەکادیمیای سوید”  لە ٧ ی ئۆکتۆبەردا ڕایگەیاند کە ماریۆ ڤارگاس لۆسا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ئەمساڵی پێئەدرێت، لە پڕ وەک چۆن هەوادارانی فوتبۆڵێن کە تیپەکەیان گۆڵ ئەکات و هاوارئەکەن منیش ئاوا هاوارم کرد. ئەو هاوارە لە سکمەوە هاتەدەرێ. هیچ زێدەڕۆیی نییە گەر بێت و بڵێم ماریا ڤارگاس لۆسا بۆ من یەکەم نموونەی بەرزی ئەدەبی بووە.

ئایە تۆ ئاگاداری ئەوەیت کە لە سوید گفتوگۆیەکی پڕ لە هەراوهوریا لە ئارادایە لەسەر ئەوەی کە چۆن باسی ئافرەت لە ڕۆمانەکانتا ئەکەیت؟

 

ـ  ئەوها… نەخێر، هیچ شتێکم لەم بارەیەوە نەبیستووە…

 

ڕەخنەکە لەسەر ئەوەیە کە تۆ چۆن لە ڕۆمانەکانتا ئافرەت ئەکەیت بەکەسێکی سادەگۆ و زیاتریش مەیلت بەلای پیاوبوندا ئەشکێنیتەوە.  

 

ـ وەک وتم من دوای ئەو “قەیران”ـە نەکەوتووم، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ڕۆمانەکانم باس لەو وڵاتانە ئەکەن کە کلتورێکی زاڵی پیاوانەیان تیایە، ئافرەت لەو شوێنانەدا پلەیەکی وای پێنەدراوە کە پلە کۆمەڵایەتییەکانی تر هەیانە، لەو حاڵەتەدا ئافرەت ئەچەوسێنرێتەوە و هەڵسوکەوتی خراپی بەرامبەر ئەکرێت. من داوا لە ڕەخنەگرەکان ئەکەم ئەمە وا لێکنەدەنەوە کە من بەرەنگاری لەم حاڵەتە ئەکەم کە دەرهەق بە ئافەرتان ئەکرێت. تا ڕادەیەک کارێکی نەفامانەیە من بە کەسێکی پیاوسالار بزانن کە لەکاتێکدا پیاوسالاری لە بەشێکی زۆری دنیادا بۆتە حەقیقەت، نەک تەنها لە ئەمەریکای لاتین بەڵکە لە زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا.

بەڵام ئەم گفتوگۆیەی کە تۆ باسی ئەکەیت سەرنجڕاکێش دیارە، پێمخۆش ئەبوو ئاگاداری وردە کارییەکانی بوومایە.

 

بەڵام سەرباری ئەمەش تۆ وەک نووسەرێکی هەست بزوێن دەرکەوتوویت؟

 

ـ وایە، ئەگەر مەبەستت لە هەست وەک پیشاندانی ناتەبایی بێت ئەمەیان ڕاستە. بەڵام ئەوەشیان ڕاستە کە من هەرگیز بەدوای هەست بزواندندا نەگەڕاوم، من کەسێکی لێهاتوونیم بۆ گفتوگۆکردن و  خوتبەدان و دوورم لێیەوە. بەڵام باوەڕم بەوەیە کە هەمیشە بە قەناعەتێکی گەورەوە بەرگری بکەم، لە هەمان ئاستیشدا حەزئەکەم ڕەخنەبگرم.

 

تەمەنم نزیکەی بیست ساڵێک ئەبوو کاتێک بۆ یەکەم جار ڤارگاس لۆسام خوێندەوە. کاتێک زمانی ئیسپانیم لە دواناوەندی ئەخوێند یەکەم کتێبی ئەوم بە حونجە خوێندەوە کە یەکێک بوو لە نۆڤڵێتەکانی یەکەمی بە ناوی “بەڕێوبەرەکان”. ڤارگاس لۆسا مارکسییەکی بەجۆشی تەمەن بیست و یەک ساڵ بووە کە ئەم بەرهەمەی نووسیوە. زانستی یاسا و ئەدەبیاتی لە زانکۆی “سان مارکۆس” لە “لیدا” خوێندووە، هەروەها لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆیدا سەرقاڵی گۆڤارێکی بچوکی ئەدەبی بوون بە ناوی گۆڤاری ئەدەب. گەورەترین شەڕێک کە ئەوکات وەک خۆی ئەیگێڕێتەوە کردوێتی، لەسەر ئەوەبوو کە کام لەم دوو نووسەرە گەورەترینن: جان پۆڵ سارتەر یان خورخێ لویس بۆرخیس.  دوو نووسەری جیاواز لەیەک: سارتەر ـ سەرسەختێکی قسەکەر لەسەر کۆمەڵگا کە خەڵاتی نۆبڵێ  لە ١٩٦٤ دا پێبەخشرا و قبوڵی نەکرد وەریبگرێت ـ بۆرخیسیش بەهرەمەندێکی خەیاڵی بەزەوق کە هەرگیز بەهەڵەدا نەئەچوو.

ئایە تۆ ئەو سەروەختەت لەبیرماوە؟

 

ـ بێگومان! گفتوگۆگەلێکی توندوتیژ بوو. من لایەنگرێکی گەورەی سارتەر بووم و شەیداییەکی زۆرم بۆ  بۆ بیرۆکەکەی “خۆتەرخانکردن بۆ ئەدەب” و بۆچوونی لەسەر بونگەرایی و شتەکانی تری هەبوو، بەڵام هاوڕێکانم لایەنگیریی بۆرخیسیان ئەکرد، بۆرخیس نوێنەرایەتی پێچەوانەی تیۆرییەکەی سارتەری ئەکرد و زۆر بە پراکماتیکی و ناحەزانەوە دژی بوو ـ بۆ ئەوەی قسەی چەواشە دەرهەق بەـ مێژو و حەقیقەت نەکەم. گفتوگۆ توندوتیژەکانمان لەسەر ئەوەبوو، نەک لەسەر چۆنییەتی بورخیس، چونکە ئەو زۆر بێ دەربەستانە لەبەرامبەردا وەساتابوو، بەڵکە لەسەر ئەو هەڵسوکەوتە ئەخلاقییەی نێوان بۆرخیس و سارتەر بوو کە لەسەر ئەرکی ئەدەب هەیانبوو.

ـ ئەتوانم بڵێم، من ئەو کاتە زۆر سارتەریانە بووم و کەم بۆرخیسی بووم. ئەگەرچی بە دزییەوە وەک کەسێکی دەرکەوتوو بۆرخیسیشم هەر ئەخوێندەوە، هـ هه هە…

 

ئەی ئەمڕۆ کامیان هەڵ ئەبژێریت؟

 

ـ بەبێ هیچ گومانێک، ئەمڕۆ ئەمەوێت بۆرخیس هەڵبژێرم. سارتەر هەم قەناعەتە سیاسییەکانی و هەم فەلسەفەکەی کە ئێستا جێی سەرلێشێواندنێکی زۆرە، خراپ پیربوون. هەڵوێستە سیاسییەکانی لەگەڵ ڕۆژگاردا خۆیان ڕانەگرت و تەنانەت هەندێک جار تا ئەو پەڕی چەواشەکردن چوون.

 

ئەم هەڵبژاردنەت لە تێڕوانینتا بۆ فەنتازیا و کاری ئەدەب هیچ ڕەنگی داوەتەوە؟

 

ـ تەنها لە ڕوویەکەوە پێموایە تا ئێستاش نزیکم لە سارتەرەوە، ئەویش لەبەرئەوەی کە من پێموانییە ئەدەب شتێکی هەرزان و تاڵانبێت. من پێموایە ئەدەب کاریگەریی خۆی هەیە، دەسەڵاتی لەسەر ژیانی ئینسانەکان هەیە و لەوانیشەوە مانایەکی هەیە بۆ مێژوو. لەبەر ئەمەش ئەبوو لای هەموو نووسەرێک جۆرێک لە بەرپرسیاری هەبوایە. هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی لای زۆرینەی نووسەران بەرامبەر بە ئەرکەکانیان کاریگەرییەکی خراپ لەسەر کۆمەڵگە دائەنێت، لەم ڕووەوەیە کە من تا ئێستاش نزیکی سارتەرم.

 

نوسەر بەرامبەر بە کێ بەرپرسیارە؟ بەرامبەر بە خۆی یان بەرامبەر بە خوێنەران؟

 

ـ بەرپرسیاریەتیەکەی لەوەدایە کە ئەدەب بگەیەنێت بە خوێنەر،  ئەدەب شتێک نییە کە ئینسان بەتەنها خۆی خەریکیبێت، بەڵکە پێدانی دەسەڵاتە بە خوێنەران. ئەمە ئەو پەیوەندییەیە کە جۆرێک لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دروستئەکات. پێش هەرشت ئینسان ئەبێت ڕەسەن بێت، نەک خۆی بخاتە ناو کڵێشەکارییەوە و ڕێگا خۆشکەربێت بۆ سوکایەتی پێکردن و سادەکردنەوەی ئەدەب  کە ئەمەیان دوو مەیلی زۆر خەتەرناکی ناو کلتوری ئێستایە.

دیارە ئەمە تێڕوانینە کلتورییەش وەک تێڕوانینێکی ڕەق سەیرئەکرێت…

ئەم سادەکردنەوەیە وەک ئەوە نییە تۆ واز لە یارییەک یان گاڵتەکردنێک بێنیت، بەڵکە ئەمە زۆر ڕوون و ئاشکرا یەکێکە لە هەرە کێشە گەورەکانی کلتوری ئێستامان. زۆر لە نووسەران بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەمەدا. بەتایبەت ئا لەم خاڵەدا من پێموایە تا ئێستاش سارتەر لەسەر حەقە.

 

کاتێک دەستمکرد بە خوێندنەوەی ڤارگاس لۆسا تازە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە پیرۆ بەرامبەر ڕکەبەرەکەی “ئەلبێرت فوجیمور” دۆڕاندبوو. ئەو زۆر دەمێکبوو دەستبەرداری سیاسەتی بەشەوق و شۆری ڕادیکالە گەنجەکان بووبوو، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە کاسترۆ وەرگرتبوو، ئێستاش بەچاوی خۆی ئەبینێ کە چۆن وڵاتەکەی بەدەست شەڕێکەوە وێرانبووە کە ئەکرێت بە شەڕی براکوژی نێوان دەستەی حکومەت و چەکدارە ماوییەکانی “سێندێرۆ لومینیوس” ناوببرێت.

ڕەنگە ئەمە ڕێکەوت نەبێت کە کارە هەرە ئاڵۆزەکانی لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەوە زیاتر ئەو کتێبانەبن سەرچاوەکەیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو چەپڕەوییەی خۆی، “چیرۆکە ڕاستەقینەکەی هاوڕێ مایتا” ساڵی ١٩٨٣، ڕۆمانێکی دیکومێنتاری ساختەیە لەسەر شکستی شۆڕشگێڕێکی خەڵكی پیرۆ. لە ڕۆمانەکەدا ڤارگاس لۆسا خۆی بەو ناوەوە ڕۆڵ ئەبینێت. ئەمەش یەکەم جار نییە کە ڤارگاس لۆسا ئەم جۆرە لە “ئەوتۆفیکشن، ژیان نامەی تێکەڵ بەخەیاڵ” بەکاربهێنێت، کە دواتر ئەم شێوازە  بوو بە شتێکی باو و هەر ساڵی ڕابردوو چەندان ڕۆمانی لەم جۆرە بڵاوکرانەوە.

 

ـ وایە، بەڵام ئەم کەسایەتییە ماریۆ ڤارگاس لیۆسا نییە بە گۆشت و خوێنییەوە، بەڵکە “ماریۆ ڤارگاس لۆسا” بە وشە دروستی کردووە و سەرەتا و کۆتایی ژیانی ئەو کەسایەتیانە لەو کتێبەدایە کە ئەو نووسیویەتی. من پێموایە ئینسان ئەتوانێت ناوی خۆی لە چیرۆکێکدا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی چیرۆکەکەی زیاتر جێێ باوەڕبێت، بەڵام بۆ کردنی ئەم کارەش مانای ئەوە نییە کە تۆ واز لە دۆزینەوەی چیرۆکێک بهێنیت. هەموو ئەو شتانەی لە چوارچێوەی خەیاڵدان خەیاڵن، ئەگەر هات و تەنانەت هێمایەک بن بۆ پیشاندانی بەشێک لە ڕاستیش.

 

ئەی تۆ پێتوانییە زۆر مەیلدان بە  “ئەوتۆفیکشن، ژیان نامەی تێکەڵ بەخەیاڵ” هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر فەنتازیا و هونەری گێڕانەوە؟

 

ـ نەخێر، بە پێچەوانەوە! هەمیشە هەنگاوی یەکەمی فەنتازیا لە یادەوەرییەوە سەرچاوەدەگرێت، بەهەرحاڵێک  بۆ من وایە. فەنتازیا و داهێنان هەمیشە کەرەستەی خاوی یادەوەرین، ئەوانیش بەگوێرەی خۆیان لەو ئەزموونانەی ئینسانەوە دێن کە پیایاندا تێپەڕیوە. من پێموا نییە فەنتازی پاک و دەستلێنەدراو هەبێت، تەنانەت پیت بە پیتی ئەو فەنتازیانەی کە لای یەکێکی وەک بۆرخیسیش هەبوون فەنتازیای ڕووت نین. لە ڕاستیدا هەمیشە نووسەر خۆی کەسایەتی سەرەکی ناو ئەو چیرۆکانەیە کە ئەیانگێڕێتەوە.

 

یەکێک لە ڕۆمانە هەرە باش و خۆشەکانی ڤارگاس لۆسا ڕۆمانی “نەنە ژولیا و نووسەرە” کە ساڵی ١٩٧٧ نووسیویەتی، لەوێدا ئەو خۆی کەسایەتی یەکەمی ناو ڕۆمانەکەیە و باسی ئەوە ئەکات کە چۆن لە ساڵانی پەنجاکاندا وەک مێردمنداڵێکی هەراش بوو لە لیما، کچێکی خزمی دایکی کە سیانزە ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە خواستوێتی. ئەمە ئەو دیوە ڕووناکەی مێژووی خزم و کەسی ڤارگاس لۆسا پیشانئەدات . بەشە تاریکەکەشی لە یاداشتنامەکەی خۆی “ماسییەک لە ئاوا” کە لە ساڵی ١٩٩٣ دا نووسیویەتی، هەر بەش نابەشێک باسی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ١٩٩٠ و بەش نەبەشێکیش باسی مێژووی منداڵی خۆی ئەکات. چەقی باسەکە سویدە کە تا ئەوکات کەس مێژووی نەزانراوی باوکی ماریا ڤارگاس لۆسای نەزانیوە.

 

ـ من بۆ یەکەمجار باوکمم لە دە ساڵیدا بینی. تا ئەوکاتە دایکم و خانەوادەکەی بە منیان وتبوو باوکم مردووە. ئەوان کاتۆلیک بوون، زۆر موحافزکار بوون و بێ ئەندازە شەرمەندەبوون لەوەی دایک و باوکم هەر لە کاتی ساوابوونی منەوە وازیان لەیەکتری هێناوە. من کاتێک بۆ یەکەمجار زانیم باوکم ماوە ئەوکاتەبوو کە لەگەڵ دایکمدا گەڕانەوە بۆ لای یەکتری.

 

ئەمە چەند کاریگەری لەسەر تۆ هەبوو؟

 

ـ کاریگەرییەکی قوڵ و تۆقێنەری لەسەر ژیانی من هەبوو.  ئەتوانم بڵێم من هەر لەوکاتەوە گەورەبووم، تەنهاییم ناسی، هەستکردن بەدەستەڵات، توندو تیژی، ئەو شتانەم ناسی کە تا ئەوکاتە من هیچ شتێکم دەربارەیان نەئەزانی، چونکە تا ئەوکاتە لەلایەن خاناوادەی دایکمەوە زۆر ئاگاداری بەخێوکردنم بوون.

لەلایەکەوە ئەمە زۆر ئازاراوی بوو بۆ من، لەلایەکی تریشەوە ڕاستی دنیا و ژیانم ناسی، ئەی وانییە؟  بێ لەوەش ئەمە گرنگییەکی زۆر گەورەی لەسەر وزەی نووسینی ئەدەبی من هەبوو. باوکم زۆر دژی ئەوەبوو بنووسم، بێ ئەو بەرهەڵستیکردنەی ئەو ڕەنگبوو من بەزەحمەت بتوانم خۆم بۆ نووسین تەرخانبکەم، ئەو بوو بە هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ شۆڕشکردنم دژ بەو دەسەڵاتەی کە ڕقم لێیبوو. ئەمە ئەو پەیوەندییە بوو کە کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر من دانا.

 

تا ئێستاش وایە؟

 

ـ باوکم دەمێکە مردووە و مردنی ئەویش ڕووداوێک بوو کە پێموابوو تێئەپەڕێت، بەڵام تا ئەو لە ژیاندا بوو من زاڵبووم بەسەر کەسایەتی خۆمدا و ئەو بۆ من مانایەکی زۆر گەورەی هەبوو.

 

هەر باوکیشت بوو تۆی خستە قوتابخانەی سەربازی لینیکۆ پارادۆ لە لیما؟

 

ـ بەڵێ، ئەو کاتە تەمەنم چواردە ساڵان بوو، ئەو پێیوابوو قوتابخانەی سەربازی ئەتوانێت لە ژێر باری ئەدەبیات ڕزگارم بکات. ئا، بەڵام دواتر پێچەوانەکەی کەوتەوە، چونکە ئەو قوتابخانەیە بوو بە هەوێنی نووسینی یەکەم ڕۆمانم “شارەکە و سەگەکانی”.

 

خوێندنەوەی “شارەکە و سەگەکانی”م لە بیرە کە کاتی خۆی یەکێک بوو لە گەورەترین هەستی چێژکردنی من بۆ هونەر لە ژیاندا. ئەو هەستە وەک تا لێهاتن وابوو، لەلایەکەوە هەوڵدانێک بوو بۆ چوونە ناو زمانێکی تر، لە لایەکی تریشەوە بەرەنگاربوونەوەیەک بوو بۆ چوونە ناو تەکنیکێکی نوێی گێڕانەوەوە، هەروەها چوونە ناو دنیایەکی تەواو نەناسراو و بارودۆخێکی دڕندانەی نێوان قوتابیەکانی قوتابخانەی سەربازی لینیکۆ پارادۆ. هەر لەو دەمەوە تەکنیکی گێڕانەوە لە لای ڤارگاس زۆر سەرکەوتووانە دەرکەوت، بەجۆرێک کە جێی باوەڕنەبوو چونکە ئەو تەنها تەمەنی بیست و حەوت ساڵان بوو کاتێ ئەم کتێبەی بڵاوکرایەوە.  

ئەو تەکنیکە لە کوێوە هات؟

 

ـ ئەو تەکنیکە… ئا… من گرنگی ئەم تەکنیکەم لە شێوازەکانی ئەدەبەوە دۆزییەوە، سوپاس بۆ خوێندنەوە کە فێری شێوەی داڕشتن و ستروکتوری ئەدەبی کردم. یەکێک لەو نووسەرانەی لێیانەوە فێربووم فۆکنەر بوو، هەروەها بەگشتی لای نووسەرانی ئەمەریکای لاتین “وەچە دۆڕاوەکانی نووسەران” و نووسەرە مۆدێرنەکانی ئەوروپا وەک جۆیس و ڤیرجینیا ۆڵف.  من لە ڕێی خوێندنەوەوە فێری تەکنیک بووم.

 

هەروەها ئەو دوو ڕۆمانەی گەورەیەی ساڵانی شەستەکان “ماڵە سەوزەکە” و “گفتوگۆیەک لە کاتدراڵەکەدا” کە دوای ڕۆمانی “شار و سەگەکانی” دێن، ئەکرێت وەک شاکاری نەخشەسازی ڕۆمان دابنرێت. خوێنەران لە بارێکی کاریگەری دژبەیەکدا لەمسەرەوە بۆ ئەو سەر ئەبرێن، بەڵام هەمیشەش زۆر بە ئارامییەوە چونکە نووسەرەکە تەنانەت لە دانانی بچوکترین خاڵ بەندیدا بەتەواوەتی ئەزانێت چی ئەکات. هەراوزەنایەکی تێکڕژاوە بەڵام لەژێر کۆنترۆڵێکی تەواودا. وەکو باسیش ئەکەن ڤارگاس لۆسا سێ ساڵ خەریکی پلان دانان ئەبێت بۆ ڕۆمانێک، بەڵام دواتر تەنها یەک ساڵی ئەوێت بینووسێت.

چۆنێتی شێوەی کارکردنی تۆ چۆنە بۆ نووسینی ئەم جۆرە ڕۆمانانە؟

 

ـ ئەم پرۆسێسە کەم تا زۆر بۆ هەموو ڕۆمانێک وەک یەک وایە. من گومانێک یان وێنەیەک لە یادوەریمدا ئەوەستێت، ئەکرێت ئەوە ئینسانێک بێت، دۆخێک بێت، ڕووداوێکی بچکۆلەبێت، شتێک بێت خوێندبێتمەوە، شتێک بێت بیستبێتم یان بەسەر خۆمدا هاتبێت، لەپڕ ئەو شتە ئەبێت بە هەوێنی چیرۆکێک و دەستەکات بە دروستکردنی خۆی لە مندا بەبێ ئەوەی من هەستمپێکردبێت.

ـ من لەم قۆناغەوە دەست ئەکەم بە نووسینی سەرەقەڵەم و پشکنین، هەمیشە کاتێکی زۆر تەرخان ئەکەم  بۆ پشکنین. بەڵام وەک مێژوونووسێک نا کە بەدوای ڕاستیدا ئەگەڕێت، بەڵکە بۆئەوەی خۆم نزیک بکەمەوە و ئەو نادڵنیاییەی کە هەمە بەسەریدازاڵبم. ئەچمە ناو شوێنەکان و کات و کڕۆکی بابەتەکەوە، ئەخوێنمەوە و سەفەر و چاوپێکەوتن ئەکەم. هەر کتێبێک لە ساتی خۆیدا سەرکێشییەکە، هەندێک جار نووسینی کتێبێک ساڵێک ئەخایەنێت، گەر گەورەتریش بێت دوو تا سێ ساڵێک ئەخایەنێت.

 

بەهۆی ئەو پێشکەوتنەی تۆ کە لە چوارچێوەی ڕۆماندا بەدەستتهێناوە بە ئەندازیاری ڕۆمان ناوبراویت.

 

ـ وایە، من زۆر کار ئەکەم، پلان زۆر دائەنێم، بەڵام من نامەوێت لەم بوارەدا بە ئەندازیاری ڕۆمان ناو ببرێم چونکە هەموو ئەم کێشەیە بۆخۆی تەنها پەیوەندی بە سروشتی تەکنیکەوە هەیە. من تا ئەو ڕادەیە باوەڕم بە تاقەت و پێشبینیکردنی ئینسان هەیە کە ئەتوانیت وەک نەخشەیەکی واقعی و عەقڵانی بیبینیت.  ئەوەیان جیاوازە کاتێک من وتارێک یان دەقێکی هونەری ئەنووسم، ئەم جۆرە کارانە زیاتر واقعی ترن.

 

 

بەڵام بۆ خوێنەرێک تاڕادەیەک ئەستەمە لەوە تێبگات کە ئینسان چۆن ئەتوانێت ڕۆمانێکی وەک “ماڵە سەوزەکە” دابڕێژێت.

 

ـ کاری زۆر، بە کاری زۆر! بە خۆپڕوکاندن! من حەزم لە کارکردنە و هەرگیزیش وەک دووبارەبوونەوەیەک  بیر لە کارکردن ناکەمەوە. ئەتوانم تائەوپەڕی ڕادەی بێ سنووریی کاربکەم. ئەمە ئارەزووە و جۆرێکیشە لە لەزەتبردن.

 

کاتێک ساڵی ١٩٨٢ گابریێل گارسیا مارکیز خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبدا وەرگرت، ئەم خەڵاتە وەکو دانپیانانێک وابوو بەو گەشە ئەدەبییەی کە لە ئەمەریکای لاتیندا لە سەرەتای شەستەکانەوە دەرکەوتبوو. ڤارگاس لۆسا نامەی دکتۆراکەی لەسەر “مێژووی ئەم سەدەیە لای گابریێل گارسیا مارکیز” لە ساڵی ١٩٧١ نووسی، هەتا ڕوودانی شەڕە بۆکسە بەناوبانگەکەی نێوانیان کە پێنج ساڵ دوای ئەوە ڤارگاس لۆسا ڕایگەیاند کە بۆکسێکی کێشاوە بە دەمی هاوڕێکەیدا ـ  لە کاتێکدا ئەوان دوو هاوڕێی زۆر نزیکی یەکتر بوون.

ئەکرێت بوترێت پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ بە ڤارگاس لۆسا بە جۆرێک لە جۆرەکان پاداشتێک بوو لە ڕوانگەیەکی جیاوازترەوە بۆ ئەو “گەشە” ئەدەبییەی ئەمەریکای لاتین. ڤارگاس لۆسا ئەو هونەرە واقعیەی ڕۆمانی ئەمەریکای لاتینی تازەکردەوە بە تایبەتیش لە ڕووی تەکنیکی گێڕانەوەوە. ئەکرێت بوترێت کە ئەو بەرەو مۆدێرنیزمی ئەوروپی گەڕایەوە و پەرەی پێدا.

ئەگەر بۆچوونێک لە پشتی پێدانی نۆبڵی ئەمساڵەوە هەبووبێت و پێشتر فەرامۆشکرابێت ئەبێت ـ جیا لە بەهرەمەندی ڤارگاس لۆسا لە تەکنینی گێڕانەوەدا ـ ئەو کاریگەریەی ئەو بێت لە ئێستادا کەبەسەر شێوازی گێڕانەوەوە هەیەتی، نەک تەنها هەر لە ئەدەبدا. “ئەلیاندرۆ کۆنزالس ئینیاریدۆس”ی مەکسیکی دروستکەری شێوازی فیلمی “سەگە خۆشەویستەکان” و “بابل”، نموونەیەکن کە ناکرێت بە بینینی ئەم فیلمانە بیر لە ڤارگاس لۆسا نەکەینەوە: کە بەهەمان ئەو تایبەتمەندێتی و توانایەوە دەرئەکەوێت بۆ پێکەوە گرێدانی لەزەت و عەزابی ئینسانی لە بونیادێکی گێڕانەوەدا کە تێکەڵێکە لە ئاڵۆزیی و سادەیی پێکەوە.

 

ڕەنگە جیا لەمەش پێویست بکات گوێ لەو وتەیەی ڕۆمان نووسی داهێنەری کۆچکردوی شیلی “ڕۆبێرتۆ بۆلانۆ” بگرین کە وتوێتی تاکە دەرسێک لە ڤارگاس لۆسام وەرگرتبێت “چوونە دەرەوە و یۆگاکردنی بەرەبەیان” بووە، ئەمەش وەک گوزارشت کردنێک بۆ کوشتنی باوک، ئایا ئینسان کاتێک وائەڵێت کە هاوڕێیەکی بەتەمەنی پێش خۆی کاریگەری قوڵی بەسەریەوە هەبووبێت؟

 

ـ بۆلانۆ نووسەرێکی گەنجی ئەمەریکای لاتینە کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو دنیا دانا، بەداخەوە ئەمەش ئەوکاتە ڕوویدا کە مرد. ئەو نووسەرێکی گرنگ بوو کە چەند ڕۆمانێکی نایابی نووسی، هەرە باشترینیان لەوانە لای من “پشکنەرە دڕەکان”، نەناسراوترین ڕۆمانیشی “ئەدەبی نازیی لە ئەمەریکا” یە، ئەمەیان جۆرێکە لە ئینسیکلۆپیدیایەکی خەیاڵی کە تاڕادەیەک بۆرخیسیشە. خۆشحاڵم کە ئەبینم بەرهەمەکانی بەم شێوەیە بڵاوبوونەتەوە.

 

دوای خەڵاتی نۆبڵەکە دەنگۆیەک هەبوو کە گوایە تۆ ستیگ لارشۆن کە لە دنیادا ناسراوە بە  سێرڤانتیس و دۆنجوانت بەراوردکردووە؟

 

ـ هـ هـ هە، من هەرگیز شتی وام نەوتووە. من ئەوەندەم وت کە ڕۆمانە سیانەییەکەی بێ ئەندازە خۆشە، بەڵام پێموانیە کە ئەوەی ئەو ئەدەبێکی گەورەبێت. ئەو لە ڕووی ناواخنی ئەدەبییەوە زۆر سەرکەوتووە، توشی سەرسوڕمانیش نابم کاتێک ئەبینم کتێبەکانی پێشوازییەکی زۆریان لێبکرێت. بێ مروەتییە بەرامبەر بە خۆم گەر بێت و من دان بەوەدا نەنێم کاتێک کە کتێبەکانیم خوێندۆتەوە پێمخۆشنەبووەبێت.

بەدەر لە هەموو شتێک حەزم لە کەسایەتی لیسبێس سەلاندەرە. خەلقکردنی ئەم کچە سەوداسەرە، خەلقکردنێکی خودایانەیە بە تەنوورەیەکەوە، کچێکی دڵخۆش، نا تەنوورەی لە پیا نییە بەڵکە پانتۆڵی لەپیایە، خەلقکردنێکی تەواو بەهرەمەندانەیە. ئەو کەسایەتییە جۆرێکە لەو ئینسانانەی ئەم سەروەختەی ئێمە کە زۆر شتی هەیە لێیانەوە خۆی پێبناسێنێت. بەڕاست ئەی ڕەخنەگرانی سویدی چۆن پێشوازیان لە ستیگ لارشۆن کردووە؟

 

ئەتوانم بڵێم، بەو ڕادەیەش خراپ نەبوو وەک ئینسان پێشبینی ئەکات.

ـ پێمخۆشە لە دەمی تۆوە گوێم لەمەدەبێت. بیستومە کە گەشتکەران ئەچن ئەو جێگایانە ئەبینن کە لە کتێبەکانی ستیگ لارشۆندایە. بەداخەوە کاتێک کە من هاتمە ستۆکهۆڵم کاتی ئەوەم نەبوو ئەو جێیانە بچم.

ئەم جۆرە لە ئەدەب لەناو جەرگەی ئەو ئەدەبە بەناوبانگەدا ئەژی کە هەیە، هەروەک داستانەکانی ١٨٠٠ کان، بۆ نموونە وەک ئەوەی لە لای نووسەرێکی وەک ئەلیکسەندەر دوماس هەیە.

 

بەڵام ئەی بۆ سێرڤانتیس و دۆنکیخوت ئەڵێی چی؟

 

ـ هەموو ئەم ئەدەبە گەورە و ڕاستەقینانە بەڵگەیەکن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سێرڤانتیس لەسەر حەق بووە: کە ئینسان ئەتوانێت لەیەک کاتدا هەم بەجدی بنووسێت و هەم بە شۆخیش بگێڕێتەوە. ئەمە تەنها لەسەروەختی ئێمەدایە کە ئەم دژەبەرکێ ساختەیەی دروستکردووە کە ئینسان ئەبێت بۆ ئەوەی سەرکەوێت باشترین کاری خۆی بکات. ئەمە وەک ئەو نەریتەی سرڤانتێس وایە، ئەو نەریتە گەورەیەی کە: تۆڵستۆی و دیکنز و ڤیگتۆر هیگۆ و ئەوانی تر هەیانبوو…

ـ من کاتێک ڕۆمانێک یان شانۆنامەیەک ئەنووسم، خۆم ئەدەمە دەست پێشبینی و فەنتازیا و بەتەواوی جەستەی خۆم و هێزی خۆمەوە کارئەکەم، هەروەها بە عەقڵ و شێتیشەوە ئەنووسم.

 

ئەمەوێت ڤارگاس لۆسا بێنمە بەرچاوی خۆم کە لەبەردەم ئاسۆی تێڕوانینی بەر پەنجەرەی ژورێکدا لە قاتی چل و شەش هەمینی باڵەخانەیەکدا لە مانهاتن وەستاوە، سەرباری هەموو ئەم جوانی و پێشکەوتنانەی ناو ئەم دنیایە. بەڵام ئەو هێشتا سوتماکی تاریکییەک لەناویایەتی.

ڕەنگە ئەمە وێنەیەک بێت لە پاڵمەوە وەرگیرابێت؟وێنەی کەسێک کە بە عەقڵ گەشبینە و بە دڵ ڕەشبین.

 

بیۆرن ڤیمان

“بەڕێوبەری بەشی ئەدەبی ڕۆژنامەی داگز نیهێتەر”

 

تێبینی:

Autofictionـ

جۆرێکە لە ژیان نامەی تێکەڵ بە خەیاڵ، ئەم زاراوەیە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن نوسەری فەرەنسی سێرژ دۆبرۆڤسکی وەک دوو ستیلی ناکۆک بەیەک بەکارهاتووە، کە هەم ژیاننامە و هەم چیرۆکیش بووە.

ـ هەندێک کورتە بەشی ئەم چاوپێکەوتنە وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کە تایبەت بوون بە ئۆلۆف پاڵمە و سیاسەتی سۆسیال دیموکراتەکان لە سوید.

ـ سەرچاوە ڕۆژنامەری داگز نیهێتەر بەشی کلتوری.

DN, Kultur, 101204.

 

 

ناردن: