نزیکەی هەژدە ساڵ لەمەوپێش گفتوگۆیەکی ڤیدیۆیی ئەدەبیم لەگەڵ شاعیری گەورە کاک شێرکۆ بێکەس ئەنجام دا و لەم ڕۆژانەی پێشوودا خودی ئەو گفتوگۆیەم بۆ یەکەم جار بڵاوکردە، ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە پوختەی بەشێک لەو پرسیار و وەڵامانەیە.


ئیدریس عەلی: لەگەڵ ئەوەی شیعر لە چاو ژانرەکانی دیکەی ئەدەبدا مێژوویەکی دوور و درێژتری هەیە لەناو کورد دا، بەڵام بۆچی تاکو ئێستا شیعر نەیتوانیوە موخاتەبەی فکری تاکی کورد بکات؟

شێرکۆ بێکەس: من پێم وانییە شیعر نەیتوانیبێت موخاتەبەی فکری تاکی کورد بکات، چونکە بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەی پەیوەندیی بە ئینسانی کوردەوە هەیە، چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵ، چ لە غەزەلی شیعری کوردیدا چ لە شیعری تازەدا، ئەو کاتەی کە موخاتەبەی کۆمەڵ دەکات، موخاتەبەی تاکیش دەکات، ئێمە چەندان نموونەمان هەیە لە شیعری کلاسیکەوە تاکو شیعری ئەم سەردەمە، بەڵام ئەوەی زۆر جار ڕێگە لەو موخاتەبەیە دەگرێت لەگەڵ تاکدا، مەسەلەی شێوازی موخاتەبە کردنە لای شاعیر، چۆنیەتی ئەو موخاتەبەیە چۆنە و چۆن قسە لەگەڵ تاکی کورد دا دەکات، من تێناگەم کە تۆ دەڵێیت موخاتەبەی تاک و کۆمەڵ مەبەستت چییە؟ دەتەوێ چی بڵێیت؟

ئیدریس عەلی: بۆ نموونە ئەگەر قانع وەرگرین کاتێ شیعری بۆ جوتیار وتووە و دژی دەرەبەگ و ئاغا و چەوسێنەران وەستاوەتەوە، دەستبەجێ جوتیارەکانی شارەزوور بێڵ و داسەکانیان فڕێداوە و هاتوونەتە مەیدان، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەمەی قانع جۆرە موخاتەبەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ جوتیاران و بووەتە بەشێک لە هۆشیاری لە فکری جوتیارەکاندا… بەڵام هەست ناکەیت لە ئێستادا وانییە… ئێستا دەبینین شیعر تەوژمێکە لە خودی شاعیرەوە بۆ نوخبە و دەستەبژێر و کەمتر شیعر ئاڕاستەی جەماوەر دەکرێت؟

شێرکۆ بێکەس: ئەم بەشەی دووەمی پرسیارەکەت بڕێک ڕوونترە… بێگومان ڕاستە… خۆت دەیزانی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا، ئەگەر خوێنەر و گوێگری شیعر پاشخانێکی ڕووناکبیری، بەتایبەت دەربارەی بەلاغە و جوانکاری و غەزەلی دەوروبەری ناوچەکە نەبووبێت، نەیتوانیوە لە شیعرەکانیش تێبگات، واتە شیعری مەحوی شیعرێکی ئاسان نەبووە بۆ تێگەیشتن لەناو خەڵکیدا، لەبەر ئەوە زۆرجار شیعری پوخت شیعری نوخبەیە، بەڵام کاتێ باس لە قانع دەکەین، قانع شاعیرێکی میللی بووە و بە زمانێک قسەی کردووە کە زمانی خەڵکەکە بووە، چووەتە ناو ئەو بابەتانەوە کە بابەتی ڕۆژانەی خەڵکی بوون، بەتایبەت لە لادێکانی کوردستاندا، ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە بەردەوام هەیە، نەک تەنها لەناو شیعری کوردیدا، بەڵکو لەناو شیعری میللەتانی دیکەشدا هەیە، کە ئایا شیعر دەبێ موخاتەبەی نوخبە بکات یان کۆمەڵ؟ ئایا ئەگەر وابێت شیعر لە شیعرییەتی ناکەوێ؟ ئایا شیعر خۆی سیحرێک نییە کە تەواو جیادەبێتەوە لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکی؟ بێگومان ئەم پرسیارەی تۆ کاتی زۆر دەوێت بۆ وەڵامدانەوە و دەیان لێکۆڵینەوەیان پێویستە… بەڵام بە گشتی بەلای منەوە زمان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە شیعر کەمتر موخاتەبەی فکری تاک بکات، هاوکات ئەو ڕوئیایەش کە شاعیر هەیەتی تا چەند ڕوونە، ئاخر ئێمە هەندێ جار شیعر دەخوێنینەوە هەست دەکەین ڕوئیایەکی ڕوون نییە بۆ بینینی شتەکان لای شاعیرەکە، بە هێندەی ئەوەی لەوانەیە ڕیزکرنی کۆمەڵێک وشە بن، بەڵام کاتێ ئێمە لە شتێک ناگەین مانای ئەوە نییە کە ئەمە شیعر نییە، یانی کاتێ لە شیعرێکی مەحوی ناگەیت مانای ئەوە نییە کە ئەوەی مەحوی شیعر نییە، بەڵام کێشەکە لە خوێنەر و ڕادەی تێگەیشتنی خوێنەرە بۆ شیعر، تۆ ناتوانی لە شاعیرێکی متەسەوف بگەیت، ئەگەر شارەزایت لە دنیای تەسەوفدا نەبێت.

ئیدریس عەلی: بە گشتی دەتەوێت بڵێی هەندێ جار گرفتەکە لە خوێنەردایە کە ناتوانێ تێگەیشتنی بۆ شیعر هەبێت؟

شێرکۆ بێکەس: هەندێ جار بەڵی… چونکە خوێنەریش پێویستە شوێنپێ هەڵگرێت.

ئیدریس عەلی: بە ئاستێکی فراوان کارەسات و تراژیدیای کورد پانتاییەکی فراوانی لە شیعرەکانی تۆدا داگیرکردووە، هەست ناکەیت ئەم حاڵەتە دووبارە بووەتەوە لای تۆ… ئایا ئەوەندە قسەکردن لەسەر تراجیدیاکان دەستت ماگرێ و خەیاڵت سنووردار ناکات بۆ ئەوەی واوەتر نەڕۆیت؟

شێرکۆ بێکەس: نەخێر… من پێم وایە ئەو کارەسات و تراژیدیانە ئەوەندە بەرفراوان و گەورە و  قووڵن، تاچەند هەڵیبکۆڵین هێشتا قووڵایی ترمان لەبەردەمدایە بۆ هەڵکەندن، واتە تۆ چەند باسی هەڵەبجە بکەیت بە چەندی شێوازی جیاجیا، ڕەنگە هێشتا هەر بیمێنێت باسی بکەیت، ئێمە شتێکی زۆر کەممان لەسەر ئەنفال وتووە، ئێمە بەردەوام دەتوانین لە ئەنفالدا دەیان و سەدان شیعر و دەیان و سەدان کاری ئەدەبی بەرفراوان و گەورە بخولقێنین، بەبێ ئەوەی قیمەتی ئەوە کەم بکاتەوە کە تۆ هەر دەربارەی ئەنفال قسە دەکەیت، تۆ سەیری هۆلۆکۆست بکە لەناو جولەکەکاندا، ڕەنگە بە سەدان شیعر و فیلم و کورتە چیرۆک و ڕۆمانی لەسەر بەرهەم هاتبێ، بەڵام تا ئەم ساتەش هێشتا بەردەوامە، تەنانەت تاکو ئێستاش دەبارەی کارەساتەکانی جەنگە جیهانییەکان دەنووسرێت و بەردەوامە، ئەوەی گرنگە گۆڕینی بابەتەکان و گۆڕینی شێوازەکانە، ئەگینا جاری وا هەیە بابەتەکە یەک بابەتە، بۆ نموونە هەڵەبجە هەیە، بەڵام هەڵەبجە بە سەد جۆر دەتوانیت بۆی بچیت، من پێم وایە نەک تەنیا شیعر، بەڵکو ئەگەر لەناو کورد دا قودرەتی ڕۆماننووسینی گەورە هەبوایە، بە دەیان ڕۆمان لەسەر ئەنفال دەنووسرا، واتە مەسەلەکە دووبارەکردنەوە نییە، دووبارەکردنەوە ئەوەیە کە تۆ بە یەک شێواز یەک وێنە دووبارە بکەیتەوە، بەڵام لەم حاڵەتە تراژیدیانەدا وێنەکان گەلێ زۆرن، لەبەر ئەوە تۆ دەتوانیت هەر جارێک کارێکی تازە لەناو ئەم وێنانەدا بکەیت، فۆتۆگرافەرێک کە دێت وێنەی ناوچەیەک دەگرێت، بەو وێنەگرتنە ئەو شوێنە کۆتایی نایەت، بە دوای ئەودا هەزاران کەسی دیکە دێن و لە هەمان ناوچەدا وێنە دەگرن، بەڵام هەر یەکەیان لە گۆشەیەکەوە وێنەکە دەگرێت، بە کورتی ئەم تراژیدیانە ڕووبارێکی درێژی کارەساتن، گێژەڵۆکەیەکی گەورەن لە مێژووی ئێمەدا کە دەتوانرێ لە گەلێ ڕوانگە و پەنجەرەوە تەماشایان بکرێت، دیسان ئەم حاڵەتە لە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی دیکە، یان لە ئەدیبێکەوە بۆ ئەدیبێکی دیکە دەگۆڕێت، من پێچەوانەی تۆم، من پێم وایە هێشتا نەمانتوانیوە دەربارەی ئەنفال دوو قسەی ڕێکوپێکی شیعری بکەین، باڵای بەرهەمەکانی ئێمە کورت ترن لە باڵای کارەساتەکان، ئەوەی هەیە چەند هەوڵێکە، ڕەنگە لای شاعیرێک زیاتر، لای شاعیرێکی تر کەمتر… بۆیە من پێم باش نییە بڵێین دووبارەکردنەوە، بەڵکو پێم باشە بڵێین هەر جارێک دۆزینەوە و کەشفێکی تازە لەناو تراژیدیاکاندا بکەین.

ئیدریس عەلی: کاک شێرکۆ… من وەک خۆم بۆچوونێکی تایبەتم لەسەر شیعرەکانی تۆ هەیە، من پێم وایە ئەم شیعرانەی تۆ دەچنە خانەی مێژوویەکی سوور و خوێناوییەوە، واتە مێژوویەکی کارەساتبار  وپرسەئامێز، لەو بڕوایەدام گەر کەسێکی بیانی بێتە ئەم وڵاتە و بیەوێت لە مێژووی کارەساتی ئێمە شارەزابێت، باشترین سەرچاوە شیعرەکانی تۆن کە بە باشترین و ئاسانترین زمانی شیعری وێنەی کارەسات و قوربانییەکانت کێشاوە… خۆت بۆچوونت چییە لەم بارەوە؟

شێرکۆ بێکەس: لە لای من شتێک نییە لە دەرەوەی مێژوو، یانی لای من هەموو شتێک لە دنیادا لەناو مێژوودایە، بەڵام تەنها ئەوەیە لە ئەدەبدا مێژوو وەک خۆی دووبارە ناکرێتەوە، چونکە تۆ ئەگەر مێژوو وەک خۆی دووبارە بکەیتەوە، گواستنەوەیەکی نازیندوانە دەردەچێت، ئەگەر وا بێت ئێمە دەچین لاپەڕەی مێژوونووسەکان دەخوێنیەوە، بەڵام کاتێ شیعر دەبێت بە شیعر لەناو مێژوودا، کە بە پێچەوانەی مێژووەوە بێت، چونکە زۆر جار لەناو مێژوودا گەلێ شت باس دەکرێت، کە یەکەم شیعر خۆی لێ نادات، دووەمیش شیعر ئەو شتانە دەگرێتە خۆی کە هەوێنی مێژوون، واتە شیعر لەناو هەوێنەکانی مێژوودا ئیش دەکات، نەک ئەوەی مێژوو دووبارە بکاتەوە، ئەگەر وابێت من بۆ ئەوەی بزانم جەنگی جیهانی یەکەم چۆن بووە، دەچم کتێبی سەرچاوە سەربازییەکان دەخوێنمەوە، بەڵام کاتێ دەمەوێت هەست و نەستی ئینسان بزانم، کە مێژوو زۆر جار نایگرێ، دەچم شیعر و ئەدەبیات دەخوێنمەوە، یەکێ لە خەتە هەرە دیار و گەورەکانی شیعری من کارکردنە لە زاکیرەی کورد دا، واتە کارکردنە لەو شوێنەدا کە پەیوەندی هەیە بە ژیانی تراژیدی و کارەساتی کوردەوە، ئیتر خەڵک هەر ناوێکی لێ دەنێت ئازادە، من پێشم وایە هەر شاعیرێک پێوستی بە جۆرێک لە تایبەتمەندێتی هەیە، بۆ نموونە ئێمە کاتێ باس لە خانی دەکەین، خانی تایبەتمەندێتی تایبەت بە خۆی هەیە، بە هۆی هەندێ بڕگەی مێژوویی سەردەمەکەی خۆیەوە، کاتێکیش باسی حاجی قادری کۆیی دەکەین، مەعلومە هەندێک بڕگە هەیە حاجی قادری پێ دەناسرێتەوە، ئەم دۆزینەوەی سیمایە گرنگە، ئەوەی دەمێنیتەوە بە لای منەوە ئەوەیە کە بابەتەکە یان ژانرەکە چییە، ڕەنگە ئەمەیان عەلامەتی یەکەم بێت، بەڵام عەلامەتی دووەم و ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە دەبێت گوتارەکە گوتاری شیعری بێت، واتە ئەو کاتەی من دەربارەی ئەنفال دەنووسم و تۆ دەیخوێنیتەوە، دەبێ شیعر بخوێنیتەوە نەک مێژوو، ئێمە کاتێکیش دەتوانین شیعر بخوێنیەوە کە لەگەڵ هەست و نەستدا ئیش بکەین، چونکە جوگرافیای شیعر هەست و نەستی ئینسانە… بە کورتی ناوەوەیەتی، ئەم وەک مێژوو کاری نییە بە شتەکانی دەرەوە، بەڵکو خوێندنەوەی ئەو دووکەڵ و زام و شوێن و تراژیدیانەیە، کە مێژوونووسی ئاسایی باسی ناکات، بەڵام شاعیر دەیدۆزێتەوە و باسی دەکات.

ئیدریس عەلی: بۆچوونێک لەناو خەڵکدا هەیە و پێمخۆشە بیگەیەنم بە خۆت، دەوترێ زۆر جار شێرکۆ بێکەس دەبێت بە شاعیری بۆنەکان و هەندێ جاریش دەگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵک، سەرنجی خۆت لەسەر ئەم بۆچوونە چییە؟

شێرکۆ بێکەس: من هەرگیز شاعیری بۆنە نیم… شتێک بڕوا و قەناعەتی تەواوم پێی نەبووبێت یەک دێڕ شیعرم بۆی نەنووسیوە، ئەوەندەی تۆ یان کەسێکی تر مافی هەیە ئەو قسەیە بکات، منیش وەک ئینسانێک مافی خۆمە ئەو شتەی بڕوام پێی بێت بۆی بنووسم… زۆر جار ڕەنگە کەسێک بە وتارێک گوزارشتی لە شتێک یان بۆنەیەک کردبێت، ڕەنگە من بە پارچە پەخشانێک نووسیبێتم، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا شتێک نەبووە لە دەرەوەی قەناعەتی خۆم بووبێت، ئەوەی بە لای منەوە گرنگە بڕوای شاعیر خۆیەتی، ئایا ئەمە شتێکی دەستکردە؟ ئایا تەکلیف کراوە بینووسێت؟ یان شتێکە خۆت لەگەڵیا ژیاویت و ئامادەگییەکت هەبووە بۆ نووسین بۆی؟ کامەیە ئەو بۆنانەی من بۆم نووسیون؟ هەموو ئەو بۆنانەی هی میللەتەکەمان بوون، بۆنەیەک بوون تێکەڵ بەو کارەساتانە بوون کە ئێستا باسمان کرد، نەک ئێستا هەر لە شاخ و پێش شاخیشەوە، من وەک خۆم لەناو کارەساتەکاندا بووم و تیایاندا ژیوام، ئەگەر هاوڕێیەکم لە نزیکەوە ناسیبێ و شەهید بووبێ و شتێکم بۆ نووسیبێت، ناوی نانێم بۆنە، ناوی دەنێم بەشێک لە ژیان، شاعیری بۆنە شیعرەکانی زوو دەمرێت، پاشان منیش پێش بوونی حزبەکان شاعیر بووم و چەندین دیوانم هەبووە، دەزانی هەر لەناو شاعیرانی کورددا شاعیر هەبووە هەموو شیعرەکانی بۆ بۆنە بووە، بۆ نموونە مەولەوی بەشی هەرە زۆری شیعرەکانی بە بۆنە دانروان، بەڵام شیعرن، گرنگ ئەوەیە تۆ لە بۆنەی بێزراودا کە بۆنەی تەکلیفە بۆ ژیان و وەزیفە بنووسیت خراپە، من وەک خۆم لە هەندێک بڕگەی مێژوویدا هەندێ شتم نووسیوە هەرگیز لێی پەشیمان نیم، زۆر جار باسی ئەو شیعرە دەکرێت کە بۆ بەرزانی نووسیومە، من هەرگیز لێی پەشیمان نیم، چونکە بەرزانی لەو ڕۆژانەدا ڕەمزێکی گەورە بووە، بەعس مەلاکانی بۆ نارد بۆ تەقینەوە و ویستی لەناوی بەرێت، ئێ من کاتێ ئە جۆرە شیعرانەم نووسیوە دەبوو باجی بۆ بدەم، دەبوو یان بگیرێم یان بڕۆمە شاخ، زۆر جار ئەوەی لە دڵی خەڵکدا بووە ئێمە وتومانە، پاشان هەموو شیعرێکی بۆنە یەک شیعر نییە، زۆر جار هەندێک بۆنە جا کۆمەڵایەتی بووبن یان سیاسی شیعری دروست کردووە.

ئیدریس عەلی: دوا پرسیارم ئەوەیە، بە بۆچوونی تۆ لەگەڵ ڕەوتی پەرەسەندنی تەکنەلۆجیادا، چارەنووسی شیعر بە کوێ و بە چی دەگات؟

شێرکۆ بێکەس: بەرواردی وڵاتی ئێمە لەگەڵ ئەوروپا و خۆرئاوادا زۆری جیاوازە، چونکە مەسەلەی ئەحاسیسی ئینسان و مەسەلەی پەیوەندییە پاک و بێگەردەکانی سەردەمی ڕمانسییەت لەوێ زۆر لە پاشەکشێدایە، واتە لەوێ پەیوەندییە ماددییەکان پەیوەندییە گەورەکەیە، پەیوەدنی شاری گەورە و پیشەسازی گەورە، ئەمانە زۆر کەمتر شیعرێک دروست دەکەن کە شیعری دڵ و دەروون و هەستی بێگەرد بێت، هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین جموری شیعر لە وڵاتە ئەوروپی و خۆرئاواییەکان زۆر کەمن بە بەراورد بە ئێمە، چونکە تاکو ئیستا دەبینین لای ئێمە بەشێک لە هەستە ئینسانییەکان و خۆشەویستی و پەیوەندییە دۆستایەتییەکان سەرچاوەکانی لە لای ئێمە تاکو ئێستا زۆر ڕوونترن، بەڵام ئەو سەرچاوانە لە ئەوروپا زۆر لێڵ بوون، لەوێ ڕاکردنە بەشوێن ژیانی ڕۆژانەدا، ئەمە بەو مانایە ناڵێم کە لەوێ شیعری خۆشەویستی و شیعرێک کە سەرچاوەکەی دڵ و دەروون بێت نەبێت، بەڵام کەم بوونتەوە، ڕەنگە ژانرەکانی تری وەکو ڕۆمان لە پێش خوێندنەوەی کتێبی سەر بە ژانرەکانی ترەوە بن، ئەوەی من سەرنجم داوە خەڵک ئەو شتانەی پێخۆشە بۆ خوێندنەوە کە زوو بیگاتێ و زۆر پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەیەوە هەبێت، هەر لە کارگەکەیەوە تا شوێنی ژیانی، لەم ساتەدا ڕەنگە خوێندنەوە بۆ شتی مەجازی ئەو چێژەی نەداتی، بۆیە دەڵێم جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان کۆمەڵی ئێمە و ئەوروپا و خۆرئاوادا.

ناردن: