کەریم کابان لە تەمەنی ٧٩ ساڵییدا: تا گۆرانی بڵێم گەنج و بەگڕوتینم و پیر نابم

سازدانی: ئیدریس عەلی

 

نزیکەی پازدە ساڵ لەمەوبەر، لەسەر کورسییەکی (چاخەنەی شەعب) دانیشتبوو، سەری بە ناو ڕۆژنامەیەکدا شۆڕکردبوویەوە، چوومە خزمەتی و خۆمم پێناساند، داوای چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیم لێکرد، بێئەوەی تەماشام بکات وتی: دنیا پڕبووە لە ڕۆژنامەنووس… نازانم لە کوێوە هەڵدەقوڵێن…!

ئەز هیچ نیگەران نەبووم لە قسەکەی، چونکە دەمزانی ڕاست دەکات و ڕۆژانە بە ناوی ڕۆژنامەنووسەوە داوای چاوپێکەوتنی لێ دەکرێت، هێشتا سەری لە ناو ڕۆژنامەکەدا بوو، کونجکوڵانە نیگایەکی لاپەڕەکەم کرد، بابەتێکی خۆمی دەخوێندەوە کە لەسەر بێ خانە و لانەکان و ئەوانەی شەوان لەسەر شەقام و بەردەم سینەماکان دەمێننەوە نووسیبووم، ئەو بابەتەم بە زمانێکی تەواو شاعیرانەی تێکەڵ بە خەمی مرۆڤ و حەسرەت و هەناسە تەزیوەکانیان نووسیبوو، بە ئەدەبێکەوە وتم: مامۆستا ئەو بابەتە هی منە… تەماشایەکی کردم و بە ڕوویەکی متمانە پێکراوەوە وتی: ئەمە دووەم جارمە دەیخوێنمەوە… زۆر جوان و کاریگەرە، ئیدی متمانەی پێ کردم و ئەو شەرەفەی پێ بەخشیم کە ببمە خاوەنی ئەم چاوپێکەوتنە سەرپێیانە، سەرپێیی، بەڵام ورد و بەچێژ و هەمەچەشن لە پرسیار و وەڵام.

 

 

ئیدریس عەلی: مامۆستا گیان دەمەوێت لە سەرەتای ئەم گفتوگۆیەماندا، بگەڕێینەوە بۆ قۆناغ و سەردەمی منداڵیت.

کەریم کابان: باشە فەرموو… چۆن پێت خۆشە وا پرسیار بکە.

ئیدریس عەلی: باشە… خۆت دەزانیت قۆناغی منداڵی ناسکترین و هەستیارترین قۆناغی ژیانی مرۆڤە و بناغەی کەسێتی هەر تاکێک لەو قۆناغەدا دادەنرێت، دەمەوێت لە زاری خۆتەوە گوێم لێ بێت و بزانم تۆ کە ئێستا هونەرمەندێکی مەزن و ناوداریت، ژیان و گوزەرانی منداڵیت چۆن بوو؟

کەریم کابان: قۆناغی منداڵی پڕە لە بیرەوەری و ڕووداو، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە و بیرم بێت، ئەو دەمەی من منداڵ بووم نەمدەزانی دەنگخۆشی چییە، ڕۆژێک کە لە پۆلی چواری سەرەتایی، وابزانم ساڵی ١٩٣٨ بوو، بۆ یەکەم جار بەرامبەر مامۆستاکەمان سروودی (ڕاچڵەکین و وریابوونەوە)م، وت، جا خۆتان دەزانن  ئەوسا وابوو، قوتابی زۆر زۆر ڕێزی مامۆستای دەگرت و شەرمیشیان لێیان دەکرد، منیش لەو کاتەدا کە سروودەکەم وت، لە شەرما هەموو گیانم کەوتە لەرزین، دواتر مامۆستاکە لێم هاتە پێشێ و پێی وتم: باشە تۆ کە ئەوندە دەنگت خۆشە، بۆچی تاکو ئێستا قسەت نەکردووە؟ بۆ ڕۆژی دواتر منی خستە ناو ڕیزی (تیپی سروودی قوتابخانەکان) ئەمە سەرەتای هاتنە دونیای کاری هونەری من بوو لە قۆناغی منداڵیدا.

جا دەبێت ئەوەش بڵێم کە من لە خێزانێکی نیمچە هونەری پەروەردە بووم، باوکم (جەلال کابان) دەنگی زۆر خۆش بوو، بیرم دێت دەفێکی هەبوو، بۆ مەولود خوێندن بەکاری دەهێنا، جاری وا هەبوو لەگەڵ کۆمەڵێک لە برادەرەکانیدا، شەوانە لە ماڵی خۆمان بەزمیان ساز دەکرد، یەکێ لەوانە (ئەحەی محەی جگەر) بوو، دادەنیشتن و ناوبەناو شیعری تەسەوف و هەندێ جاریش شیعری عاتفییان دەخوێندەوە، جا من و شەهید (قادر کابان) ی برام، لەو کەشە ئەدەبی و هونەرییەدا گەورە بووین و کاریگەریی زۆری کرد لەسەر ژیانی هونەریمان، لەبەر ئەوە هونەر بوو بە خولیامان و لێمان جیا نەبوویەوە.

لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە شاری سلێمانی ئیزگەیەکی ناوچەی دانرا، ئەو ئیزگەیە ئینگلیزەکان بۆ هەواڵ و پروپاگەندەی جەنگی جیهانی دایاننابوو، ئەوەندەی بیرم بێت، ئیزگەکە بریتی بوو لە ئیمپریفایەرێک و ئیکرۆفۆنێک، چەند بڵندگۆیەکیشیان لە سێ چاخانە و ناوبازاڕیش دانا، چاخانەی (حەمە تۆڵە و حەمە ڕەقە) و چاخانەیەکی تریش بوو بەداخەوە ناوەکەیم بیر نەماوە، چوار بڵندگۆش لەسەر چەتری پۆلیسی هاتوچۆی بەردەرکی سەرا دانرابوون، جا ئەوەش بڵێم، ئەوسا هەموو سلێمانی چەند ئۆتۆمبێلێکی کەمی تێدابوو و ژاوەژاو نەبوو، خەڵکی حەسیریان دەهێنا و لەسەر شۆستەکەی بەردەرکی سەرا دایان دەنا و لەسەری دادەنیشتن، بۆ ئەوەی گوێ لە هەواڵەکانی جەنگ و گۆرانی بگرن، کە لە بڵندگۆکانەوە پەخش دەکرا.

ئیدریس عەلی: ئەو چوار بڵندگۆیەی باسیان دەکەیت، ڕوویان لە کوێ کرابوو؟

کەریم کابان: بەڵێ.. باش بوو ئەو پرسیارەت کرد، یەکێکیان ڕووی لە کانیسکان و یەکێکیان لە سەرشەقام و یەکێکیان سابوونکەران و یەکێکیان بۆ مەڵکەندی و گۆیژە کرابوو، من بە نووسراوێکی مودیری مەعاریف، نێردرامە ئەو ئیزگەیە و گۆرانیم دەوت، خەڵکی زۆریش دەهاتنە بەردەرکی سەرا و تەکلیفیان لێ دەکردم کە فڵانە گۆرانییان بۆ بڵێم لە ئیزگەکەوە.

ئیدریس عەلی: زۆر باشە مامۆستا گیان.. ئێستا ئێمە تێگەیشتین کە منداڵی تۆ منداڵییەکی هونەری بووە و لەو قۆناغە هەستیارەدا تۆ بە دونیای هونەر ئاشنا بوویت، بەڵام دەمەوێت بزانم ژیان و ڕووداوەکانی منداڵیت تا چەند لە هونەرەکتدا ڕەنگی داوەتەوە؟

کەریم کابان: کە بیر لە منداڵی دەکەمەوە، هەست دەکەم بیر لە ساتێکی زۆر پیرۆز دەکەمەوە و ئیتر بەدەست خۆم نییە دەکەومە نێو خەیاڵی ڕۆژانی زوو، ببورە من ئێستا نازانم چۆن گوزارشت لەو هەستە  بکەم.

ئیدریس عەلی: ببورە مامۆستا، من مەبەستم ئەوەیە منداڵی خۆت تا چەند لە هونەرەکەتدا ڕەنگی داوەتەوە؟ یاخود چ کاریگەرییەکی بەسەر ڕەوتی گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی تۆوە هەیە؟

کەریم کابان: هههههها… من لە کاری هونەریدا ئێستاش گەنج و بەگوڕوتینم… ئاوازی تازەم هەیە بەنیازی بەرهەمی تازەم، شیعری گەنجی ئەم سەردەمەم هەڵبژاردووە، شیعرێکی (ئەحمەد محەمەد)م هەڵبژاردووە بە ناوی (شاری خەزان) ئەگەر تەمەن ڕێگە بدات تۆماری دەکەم، دیارە شیعرەکەش باس لە تەمەن دەکات… بەڕای من دانانی ئاواز و گۆرانی، مەسئولیەتی خۆی هەیە، چونکە نوێنەرایەتی هونەری میللەتێک دەکات، خۆ ناکرێ کارێک بکەیت سەقەت بێت، چونکە ڕووزەردی بەردەم هونەری میللەتەکەمان دەبین.

ئیدریس عەلی: یەکەم بەرهەمی گۆرانیت، کە تۆی بە خەڵک ناساند و ناوبانگی پێبەخشیت کامە بوو؟

کەریم کابان: بیرم دێت ساڵی ١٩٥٤ لە بەغدا، کە بۆ کاری تایبەتی خۆم چووبووم، لەو ئوتێلەی تیای دەمامەوە، هونەرمەند (حەسەن زیرەک)م بینی، بۆ بەیانییەکەی چوومە ئیزگەی بەغدا، لەوێ کاسێتێکم تۆمار کرد کە هەشت گۆرانی لەخۆ گورتبوو، سیانیان ئاوازی خۆم بوو، بە نیسبەت یەکەم بەرهەمیش کە منی ناساند، ساڵی ١٩٧٤، لە شاخ لەگەڵ (تیپی مۆسیقای شۆڕش) لە گوندی (وەسان) هەردوو گۆرانی (یاران وەسێتم و شەو)م، تۆمار کرد و شەوی ١١/٩/ ١٩٧٤، لە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، هەردوو گۆرانییەکە بڵاوکرانەوە و زۆر بەخێرایی چووە ناو جەماوەر و خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە گوێیان لێ دەگرتن، ئەم دوو گۆرانییەم سەرکەوتنێکی چاکیان بەدەستهێنا، پاشان لە شاری سلێمانی ساڵی ١٩٧٦، بەشێوەیەکی تازە و باشتر تۆمارم کردنەوە، دوای ئەوەش لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنی کەرکوکەوە، زیاتر چووە ناو خەڵکەوە.

ئیدریس عەلی: هەر تێکست و ئاوازێک هاتبێتە بەردەستت، یەکسەر کارت لەسەر کردووە، یاخود مەرج و پێوەرەکانت چین بۆ ئەوەی قبوڵیان بکەیت و کاریان لەسەر بکەیت؟

کەریم کابان: سەرەتا خۆم هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەم، دواتر دەیدەم برادەرە شارەزاکانم لە ڕووی شیعر و ئاوازەوە، ئەگەر هەموومان ڕامان لەسەری باش بێت، کاری لەسەر دەکەم، تەنانەت ئەو ئاوازانەش کە هی خۆمن، بۆ چەند کەسێکی شارەزای دەڵێم، هەرگیز لەخۆمەوە بڕیار لەسەر کارە هونەرییەکانم نادەم، خۆشبەختانە ئەوانەی ئاوازەکە، یان شیعرەکەم بۆ ناردوون، زەوقی هونەریان زۆر جوان بووە، بۆیە دەتوانم بڵێم بەشێکی سەرکەوتنی کارەکانم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرس و ڕاوێژەی لەگەڵ هونەرمەندە شارەزاکاندا دەیکەم.

ئیدریس عەلی: لە ساڵانی ڕابردوودا مۆسیقا و کاری تۆمارکردنی گۆرانییەکان چۆن بوون؟

کەریم کابان: بیرمە ساڵانی چلەکان، مۆسیقار زۆر کەم بوو، بە پەنجەی دەست دەژمێردران، بیرمە کوڕێک هەبوو، کوێریش بوو، کەمانی لێدەدا، ناوی (عەزیزی عەزرا وەردە) بوو، جا ئەوەشت پێ بڵێم، ئەوسا گۆرانی وتن زۆر عەیب بوو، ئەوەی گۆرانی وتبا پێیان دەوت لۆتی!

ئیدریس عەلی: کەواتە تۆش بەر ئەم تانە و تەشەرانە کەوتوویت؟

کەریم کابان: بەڵێ زۆر جارش بەری کەوتووم، بەڵام من هیچم نەدەوت و وەڵامی کەسم نەدەدایەوە، بیرمە دەیان جار پێیان وتووم (لۆتی) چونکە گۆرانیبێژ بووم، بەگشتی ئەوسا گۆرانی وەک ئێستا پیرۆز و بەنرخ نەبوو.

ئیدریس: با لە هونەر دووربکەوینەوە… ئێستا تۆ تەمەنت گەیشتۆتە (٧٩) ساڵ، دەمەوێ بڵێم تا چەند ئاوات بە گەنجێتی دەخوازیت و دەتەوێت چی بە گەنجانی ئەمڕۆ بڵێیت؟

کەریم کابان: من بەپێی کات و سەردەمی خۆم، گەنجێتییەکی خۆشم بەسەر برووە، ئەوسا ژیان بە سادە و ساکاری دەڕۆیشت، هەرگیز پەشیمان نیم لەو ژیانی گەنجێتییەی خۆم، من ئێستاش خۆم بە گەنج دەزانم و زۆرێک لە هاوڕێکانیشم بریتین گەنجان، من هەرکات توانای گۆرانیم نەما، ئەوساکە هەست دەکەم پیر بووم.

ئیدریس عەلی: زۆر جار گوێمان لە هونەرمەندە کۆنەکان دەبێت، گلەیی لە گەنجان دەکەن و دەڵێن: هونەری کوردییان شێواندووە، تۆ لەم بارەوە ڕات چییە؟

کەریم کابان: بەڕاستی زۆر هەڵە دەکەن، هونەر زۆر پیرۆزە، بەڵام هەندێک لەو گەنجانە شیعری وا هڵدەبژێرن، لە هەموو شتێک دەچێت شیعر نەبێت، یاخود هی وا گۆرانی دەڵێت، کە خۆشی دەزانێت دەنگی زۆر ناخۆشە، ئەمەشیان بەداخەوە کردووە بە کاری بازرگانی، کوڕە دەوڵەمدێک دێت و بە هێزی پارە و سامان گۆرانییەک تۆمار دەکات بۆ ناوبانگ، ئەمانە هونەرەکەمان دەشێوێنن، بەپێچەوانەشەوە لەولاوە هونەرمەندی گەنجی بەتواناشمان زۆرە.

ئیدیس عەلی: باشە تۆ هەست ناکەیت کەناڵەکانی ڕاگەیاندیش پاڵپشتی ئەو گەنجە دەنگ ناخۆشانە دەکەن، بەوەی بەردەوام بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە؟

کەریم کابان: بەداخەوە تۆ ڕاست دەکەیت، ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هیچ جۆرە حیسابێک بۆ بەرهەمی باش و خراپ ناکەن، هەرچی بێتە بەردەمیان، دەیخەنە سەر ساشە، ئەوانیش بەشێکی تاوانەکەیان بەردەکەوێت، هەموو ڕاگەیاندنەکان پێویستە لیژنەی تایبەتیان هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاری باش و خراپ.

ئیدریس عەلی: گەر نەبێتە پرسیارێکی پۆلیسی، دەمەوێت بزانم چ بیرەوەرییەکی تایبەتت لەگەڵ گۆرانی (یاران وەسێتم) دا هەیە؟

کەریم کابان: من بیرەوەری عاشقانەم لەگەڵ ئەو گۆرانییەدا نییە ههههها.

ئیدریس عەلی: چۆن بڕوا بکەین؟ ههههها.

کەریم کابان: ئاخر ئەوکاتە ژن و خێزانم هەبوو کە ئەو گۆرانییەم وت… من بە وەسفی (وەسێتنامە)کەی (وەلی دێوانە) شەیدا بووم، بۆیە ئەو شیعرەم هەڵبژارد و ئاوازم بۆ دانا.

ئیدریس عەلی:  دیارە ئاوازی زۆریشت داناوە؟

کەریم کابان: زۆریش نا… ئاوازم بۆ (لە درزی پەچە و چادە چۆڵ و هۆڵ و سێبەر بوو)م بۆ خۆم دانا، بەڵام ڕەحمەتی (قادر کابان)ی برام حەزی کرد ئەو بیڵێت، ئیتر ئەوە بوو لە تەلەفزیۆنی کەرکوک، بە ڕەشوسپی تۆماری کرد، یادی بەخێر ئاوازم بۆ کاک (عوسمان عەلی)ش، داناوە.

ئیدریس عەلی: بۆچی باسی دڵدراییەکانی سەردەمی گەنجێتیمان بۆ ناکەیت.. ئایا دڵداریت نەکردووە بە گەنجی؟

کەریم کابان: بەڵێ کردوومە، چۆن نەمکردووە، تەنانەت ژنێکم بە خۆشەویستی و دڵداری هێنا، بەڵام دواجار لێک جودا بووینەوە.

ئیدریس عەلی: لەگەڵ شەهیدی برات کاک قادر کابان، تا چەند کاری هونەری هاوبەشتان دەکرد پێکەوە… جگە لە برایەتی، پەیوەندی هونەریتان چۆن بوو پێکەوە؟

کەریم کابان: هەمیشە پێکەوە کارمان دەکرد و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانمان دەکرد، بەتایبەت ئەو یان من ئاوازێکمان دابنایە، پێکەوە گفتوگۆمان لەسەر دەکرد.

ئیدریس عەلی: بۆچی تاکو ئێستا گۆڕەکەی کاک قادر نەدۆزراوەتەوە… بەتایبەت دوای ڕوخانی بەعس؟

کەریم کابان: دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، وەفاتنامەکەمان لە بەغدا دۆزییەوە، بەڵام خۆتان دەزانن لەسەر هەموو وەفاتنامەیەک ژمارەی گۆڕ و شوێنەکە دەنووسرێت، کەچی لە بەختی خراپی ئێمە، ئەو وەفاتنامەیەی شەهید قادری برام، نە ژمارە و نە شوێنی لەسەر نەنووسرابوو، ٢٣ ساڵیشی بەسەر چووبوو.

ئیدریس عەلی: لەگەڵ مامۆستا حەمەساڵەح دیلاندا، چ یادگارییەکت هەیە؟

کەریم کابان: زۆر هاوڕێ بووین پێکەوە، سەرباری ئەوەی ئەو ماوەیە من چواردە ساڵ لە خوارووی عێراق ژیام، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتن و کۆڕ و بەزمی زۆمان پێکەوە هەبوو، من زۆر هۆگری دەنگی بووم، ئێستاش ناوبەناو گوێی لێ دەگرم.

ئیدریس عەلی: لە چ شتێکی ئێستای سلێمانی بێزاریت؟

کەریم کابان: لە قەرەباڵغی ناو بازاڕ و دەنگەدەنگ و هاواری خەڵک، نە ڕێ هەیە بڕۆی، نە دەتوانی بە هێمنی پیاسەیەک بکەیت، تەواو سیمای شار تێکچووە.

ئیدریس عەلی: حەز لە دەنگی کێ دەکەیت؟

کەریم کابان: مامۆستا دیلان و حەسەن زیرەک و ماملێ و حەسەن گەرمیانی، لە گەنجەکانیش حەزم لە بەهجەت یەحیایە، زەکەریاش گۆرانی (بگەڕێوە) زۆر جوان دەڵێت.

ئیدریس عەلی: ڕوویداوە بەدیار گۆرانییەکی خۆتەوە بگریت؟

کەریم کابان: بەڵێ زۆر جاریش، بۆ نموونە جارێکیان لە شاری سنە گۆرانیم دەوت، بینیم لە ناو هۆڵەکەدا خەڵک دەگرین، خۆیشم قوڕگم پڕ بوو و گریام.

ناردن: