کتێبەکانی سەردەم و سەرنجی نووسەران

لەم ڕاپۆرتەدا دید و سەرنجی کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەند و کتێبفرۆشی دەخەینەڕوو سەبارەت بە ئاست و چۆنێتی کتێبەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەتایبەت لەم ساڵانەی پێشوودا کە قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و سیاسی و کولتووری ڕووی لە کوردستان کرد، دەزگای ناوبراو بە کەمترین ئیمکاناتی ماددی و مرۆیی توانی کۆمەڵێک کتێبی دانسقە چاپ و بڵاوبکاتەوە.


عەبدولخالق یەعقووبی- ڕەخنەکاری ئەدەبی و وەرگێڕ:

بۆ من دەزگای سەردەم لە سێ خاڵدا شوێنی باسکردن و نرخاندنە. یەکەم: دەزگای سەردەم پڕۆژەیەکی گرینگ و دەگمەنی ستراتیجیی بواری چاپ و وەشاندنی کتێب بووە لە باشووری کوردستان و تا ئێستاش کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە گۆڕەپانی ئەدەبیات، مێژوو، سیاسەت، و زانست بە ڕوونی دەبینرێت… هەمەڕەنگی لەو نووسەر و وەرگێڕانەی لەگەڵ ئەم دەزگایەدا کاریان کردووە و هاوکات فرەجۆری لەو بابەتانەی کتێبیان لێ بەرهەم هاتووە، خوێنەر بەرەو ڕووی دنیایەکی دەوڵەمەندی زانیاری دەکاتەوە،  هاوکات ئەرشیڤی قورسی دەزگاکە دەبێتە خەزێنەیەکی پڕ بەها بۆ کتێبخانەی کوردی.

دووهەم: دەربارەی “سەردەم” ئەوەیە کتێبەکانی ئەم دەزگایە بە گشتی هەوڵێک بوونە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و هاوکات بوژانەوەی ئەو ناسنامەیە، ئاڕاستەی زۆربەی کارەکانی “سەردەم” بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکە کە زمان و وڵاتی خۆی خۆش بوێت و بۆ کیان و شکۆی نیشتمانەکەی بنووسێت و بخوێنێتەوە… ئەم دەزگایە تەنانەت سنووری کاری خۆی تەنیا بە پارچەی باشوور نەبەستۆتەوە و بە تایبەتی ئاوڕێکی جێگای سەرنجی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داوەتەوە و ئەوەش ڕۆحی نەتەوایەتی و هاوگوتاریی نووسەران و خوێنەرانی هەر دوو پارچەی وڵاتی بەهێز کردووە، ئەگەرچی هێشتا دەرەتان بۆ کاری زیاتر و باشتریش لەگەڵ ڕۆژهەڵات لە بەر دەمی ئەم دەزگایە دایە.

سێهەم: دواخاڵ ئەوەیە سەردەم نەک هەر خۆی لە گوتاری زاڵی باشووری کوردستان، کە سیاسەتە ئەویش لە فۆڕمی حیزبایەتیی ڕووتدا، بەدوور ڕاگرت، بەڵکو بەرەبەرە لێی بێبەری بوو و تەنیا پێداگریی لە سەر گوتاری ڕۆشنبیریی کردووە، ئەگەرچی ئەم ئاڕاستە هزری و هەڵسوکەوتییەی دەزگاکە زەرەر و زیانی ماددی بۆ ئەوان لێ کەوتۆتەوە، بەڵام لە دوو سەرەوە قازانجی بووە: یەکەم، تەمەنی دەزگاکەی درێژ کردووە و نەیهێشتووە ببێتە قوربانیی ململانیی بەرتەسکی سیاسی. دووهەم، خوێنەران و هۆگرانی خۆی لە خۆی نەتاراندووە، و ژمارەی جەماوەرەکەی، کە هێزی ڕاستەقینەی هەر دەزگایەکە، ئەگەر زیادیش نەبووبێن کەمی نەکردووە.


سابیر ڕەشید- نووسەر:

پئشە کی دەستخۆشی لە دەزگای سەردەم دەکەم کە توانیویەتی  لەگەڵ بوونی ئەو هەموو قەيرانەش لەسەر پێی خؤى بووەستێ و بەردەوام بێت، یەکێک لە خاسیەتە باشەکانی سەردەم کە کتێبەکانی هەرزانە و ديزاينى کتێبەکانیشی جوانن و چاپەکەشی ستایلی خۆی وەرگرتووە و دەناسرێتەوە، زنجيرەى بابەتەكانيشى جۆراو جۆرن، بەڵام لەگەڵ ئەو كاره باشانەش هەست دەكه م دەبێت زياتر بايەخ به ئەده بى خۆماڵی بدرێت و زياتر دەرفەت به لێکۆڵينه وەى ژانرەكانى ئەده ب به گشتى و ئەدەبى كورديش بەتايبەتى بدرێت، به ڵام ئه وه ماناى وانييه هەموو کتێبێک چاپ بكرێت بەڵکو پشتگيرى ئەو كتێبه باشانه بكرێت كه نووسەره كوردەكان نووسيويانه وەك نموونه ى كتێبەكەى (عەلى عوسمان ياقووب) بۆ دەزگەی سەردەميش سەربەرزيیه كه تەنيا پشت به وه رگێڕڕن نەبەستێ.

هەروەها پێم باشه ڕۆڤاریش دەربچێتەوه و گۆڤارى ئەدەبى سەردەميش به شێوەى وەرزى بەرده وام بێت گۆڤارى سەردەمى زانستى و سه ردەمى عەرەبيش پێويستن چونكه گؤڤار و ڕۆژنامەكانى كوردستان بەو قەيرانه هەموو داخراون، خۆ ئەگەر ئه مانەش هەمووى نەبن پێم وايه ڕۆڤار و گۆڤارێکى ئەدەبى پێويستترن خزمەتى كتێبخانه و ئەدەبى كورديمان دەكەن.


نەجات نووری- نووسەر:

کتێبەکانی سەردەم بۆ هەر قۆناغێک دەبێت پۆلینبکرێن، جیاوازی دەکەوێتە نێوانیانەوە وەکو باش و خراپ، ڕەنگە زۆرکات لە نێوان ساڵێکدا چەندان کتێبی باشی چاپکردبێت، بەڵام لەناو کتێبەکانی سەردەمدا گەلێک کتبی خراپ هەیە، ئەمەش هەمووی پەیوەندی بە شەخس و برادەرایەتیەوە هەیە، زۆر گرنگی بە دەقە باشەکان لە ڕوی ڕۆمان و لێکۆڵینەوەو شاکارە باشەکان نەدراوە، لەم ساڵانەی دوایشدا لە ڕوی بڵاوکردنەوەی کتێبەوە زۆر خراپ پاشەکشەی کردووە بۆ چاپ و بابەت، دەبوایە سەردەم بەو چاپخانە باشەوە سەرمەشقی کتێبە دانسقەکان بوایە، بەڵام بەداخەوە لەمەدا سەرکەوتوونەبوون، نازانم هۆکارەکەی چییە، ئێستا زۆرکەم لە خوێنەران چاوەڕوانی کتێبی باش لە سەردەم دەکەن، دەبێ بڵێم خەریکە سەردەم لەبیر خوێنەران دەچێتەوە، کەوتۆتە دوای زۆر لە کتێبخانە ئەهلێکانەوە.. بۆیە دەبێت ئاوڕێک لە ستاف و نوسەرانی سەردەم بدرێتەوە … چونکە خوێنەران لێیان بە گلیەین.. بەهیوای سەردەمێکی نۆێ گەڕاتدنەوەی بۆ سەردەمێکی زێڕین.


فەرهاد مستەفا- نووسەر:

نازانم زادەی چییە هەر كە ناوی (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) دێت، خێرا ناوی (شێركۆ بێكەس)یش بەزەینتدادێت!

ئەوەی بەرهەمی دەزگای سەردەم لە هەر دەزگایەكی دیكەی  چاپ و بڵاوكردنەوە جیادەكاتەوە،یان بابڵێین خاڵی گەشی دەزگاكە..چۆنێتی(نەوعییەت)ی كتێبەكانییەتی. نەك ژمارەی ناونیشانی كتێبەكانی.

بەو مانایەی.. ئەوەندەی بە خەمی پڕ كردنەوەی پێویستی و كەلێنەكانی كتێبخانەی كوردییەوەن، هێندە بەلایانەوە گرنگ نییە، كام كتێب فرۆشی زۆرترە و چ كتێبێكزووتر ساغ دەبێتەوە.

گەرچی بەبەراورد بە دەزگاكانی دیكەی چاپ و بڵاوكردنەوە،نەك كێبڕكێی لە ڕوویی كوالێتی و نرخەوە بۆ ناكرێت، بەڵكە بای پێویست بایەخ بەو دوولایەنە نادات (بەنمونەدوایین كۆمەڵە كتێبی چاپكراویان) ئاخر دەبوو ڕەچاوی باری ئابووری خوێنەرانییان بكردبا.

هەموومان ئەوە دەزانیین كە بازاڕی كتێب و خوێندنەوە،تووشی گرفت و قەیرانێكی ناجۆر بووەتەوە. وەك دەیبینین.. هەر دەزگایەك بە داب و شێوازی تایبەت بەخۆی، كتێبەكانی دەگەیەننە بەر چاوی خوێنەران. كەچی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم نەك  لە خستنەڕوو و گەیاندنی بەرهەمەكانیان، سنووردارن. یان حەوسەڵەی بڵاوكردنەوە و بەماركینكردنی بەرهەمەكانیان نییە.

دەكرێت لەباتی دووپاتبوونەوەی چەند ناوێك بەڕووكاری بەرهەمەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، دەزگاكە مۆركێكی گشتگیرتر هەڵبگرێت. كاری نووسەران و وەرگێڕكارێكی بەربڵاوتر، لەخۆی كۆبكاتەوە، كە هێشتا هەیبەت وشەقڵ و تایبەتمەندییەكەشی كاڵ نەبێتەوە،كە دەزگایەكە.. دەزانێت چی هەڵدەبژێرێ و چی پێشكەش دەكات.


ڕاڤیار نەوزاد- شانۆکار:

سەرەتای ئاشنا بوونی من بە دەزگای سەردەم وەك هەر كتێبدۆستێكی دیكەی هاو تەمەنم دەگەڕێتەوە بۆ هاوتا بونی ناوی شێركۆ بێكەس بەو دەزگایە ، بەڵام كاتێك زیاتر رۆ دەچیت لە دنیایی خوێندنەوە و كتێبدا ئیدی ناوی شەخس گرنگ نامێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە كوالیتی و گرنگی كتێبەكانە ، ئەو خاڵە جەوهەریەیە كە سەردەم ناوی خاوەنەكەی پێ تێپەڕ دەكات ، چ ناوێكیش ( شێركۆ بێكەس) ناچارت دەكات ئیتر تۆ بە كوالیتی و فرە رەهەندی و فرە رەگەزیدا بیناسیتەوە . ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆمن لە سەردەم دا هەڵبژاردنی وردی ئەو كتێبانەیە كە وەر گێڕانی بۆ دەكەن ، بەتایبەت ئەو نوسەرانەی كە یەكەم بەرهەمیان دەكرێ بە كوردی و لە سەردەمەوە دەناسرێن بە خوێنەر نوسەرانێكی زۆر باشن ( كارلۆس رویز زافۆن) و سێ بەری با باشترین نمونەیە . من وەك شانۆ كارێك ساڵانە چاوەروانی ئەو زنجیرە كتێبەمك كە سەردەم بە بۆنەری رۆژی جیهانی شانۆوە دەری دەكات ، بەڵام لەم چەند ساڵەی پێشو سەرنجی زۆر بونی (دەقی شانۆی) و بەتایبەت دەقی شانۆی كوردی دەدەم لە بڵاو كراوەكان ، لەحاڵەتێكدا ئێمە هێشتا هەژاریەكی زۆر زۆرمان هەیە لە دەقە جیهانیەكان و دەیان نوسەر و شانۆ نامە نوسی مەزن هەن دەقێكیان بەكوردی نیە چاپكردنی دەقێك كە كوردێك نوسیبێتی لە روی كوالیتی و پێویستیەوە زۆر لەخوار دەقە جیهانیەكانەوەیە چاپكردنی بێ سود دەكات . ئەگەریش سەرنج بدەین گرفتی گەورەی شانۆكار نەبونی دەق نیە ، دەیان دەق هەن و هێشتا نەخراونەتە سەر شانۆ ، گرفتی گەورەی شانۆكار لاوازیەتی لە روی تیۆری شانۆیەوە ، چۆن سەردەم بە چاپكردنی كتێبی ( شانۆ و هاوتاكەی) ئانتۆنین ئارتۆ ، بە شێكی گرنگی كەلێنی تیۆری شانۆی پر كردەوە ئاواش دەتوانێ بە چاپكردنی كتێبە تیۆریەكانی ( یۆجینیۆ باریا و جێرزی گرۆتۆڤسكی و پێرتۆڵد برێشت و پیتەر بروك ) پێداویستیەكی گەورەی تەعلیمی و هونەری پر بكاتەوە . هیوادارم ئەگەر هەر دەقی شانۆی وەر دەگێڕدرێت ئەوا لە داهاتو دا ئاور لە دەقە شانۆیە پۆست مۆدێرنەكانیش بدرێتەوە.


عەتا ڕەووف- خاوەنی کتێبخانەی هەژار موکریانی:

دیارە دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم، یەکێکە لەو دەزگایانەی لە دوای دەزگای ئاراس خوێنەران هەمیشە چاوی ئومێدیان لەسەر ئەم دەزگا جدیەیە.. جێگای خۆیەتی سەرەتا دەست خۆشیەکیان لێ بکەین. بۆ ئەوەی کە کتێبی چەندین نووسەری جیهانی بە وەرگێڕانی کەسانی ئەکادیمی و شارەزا لەز مانی بیانی و شارەزا لە زمانی کوردیان کورداندووە.. ئەڵبەت دەزگای سەردەم تاوەکو ئێستا یەکەمین دەزگایە کە توانیویانە وەرگێڕانێکی زۆر باش بێ هەڵە کتێبەکان بخەنە نێو کتێبخانەی کوردی.. وەجێگای دەست خۆشیە زۆر بواریان پشت گوێ نەخستوە و لەزۆرینەی بوارەکاندا کاریان کردووە… مێژوو ئەدەبیات، فەلسەفە و هونەر… وە لەدوای دزگەی ئاراسەوە سەردەم نەبوایە بواری شانۆ ئەمڕۆکە چۆن لە پاشکشەدایە، زیاتر پاش دەکەوت. بەڵام سەردەم لەو بوارەشدا جێگا دەستی دیارە.. ئەوەی کە لای من جێگای ڕەخنەیە بۆسەردەم ئەوەیە کە تاوەکو ئێستە نەیانتوانیوە خۆیان بدەن لە ڕەخنەی ئاینی، کە ئەم بابەتە گرنگیەیکی تایبەتی هەیە بۆ کۆمەڵگای دواکوتووی کوردستان کە تاوەکو ئێستە زۆر گیرۆدەن بە خورافە ئاینیەکانەوە.. بەداخەوەدەزگای سەردەم لەدەزگایەکی خزمەتکردن خەریکە دەبێتە دەزگایەکی توجاری کەنرخی کتێبەکانی چەندین بەرانبەر لەنرخی تێچوی زیاد کردووە لەسەر خوێنەران… ڕەخنەیەکی تر لەدەزگای سەردەم بەداخەوە ئەم دەزگایە باشرین و پێشکەوتوترین دەزگای چاپەمەنی هەیە.. دەبوایە کارێکی بکردایە دەزگاڤچاپەمەنییەکەی خۆی زیاتر پێش بخستایە، تا زۆرێک لە دەزگا چاپەمەنییەکانی تر کە چاپخانەیان نییە بۆ کتێب چاپکردن پەنایا ن بۆ وڵاتانی چواردەور نەبردایە… بەڵام بەداخەوە سەردەم خۆیشی بۆ چاپ پەنا بۆ وڵاتانی دەرەوە دەبات…ڕیتمی دەزگای سەردەم ڕیتمێکی باشە و بەو هیوایەش لەسەر مەبنای عەلاقاتی شەخسی کتێب بەچاپ نەگەیەندێت و لە ڕیتمی ئێستای خۆی بەردەوام بێت و کاری جدی لەسەر ڕەخنەی دینی بکات.


ئا: سەردەم

ناردن: