کتێبێکی ئینسایکلۆپیدیایی بە فەرەنسی، دەربارەی پەیوەندی نێوان جوولەکە و موسوڵمان

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگیڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

سەد توێژەر بەشدارییان لە نووسینەوەی مێژووی ئەم پەیوەندییەدا کردووە، لە هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ ئێستا.

دەتوانین چی دەربارەی ئەم کتێبە ئینسایکلۆپیدییە بڵێن کە زیاد لە هەزار و دوو سەد لاپەڕەیە و زیاد لە سەد توێژەری عەرەبی و یەهودی و بیانی، بەشدارییان لە نووسینەوەیدا کردووە؟ ئایا دەکرێت لە یەک وتاری رۆژنامەوانیدا، رانانی بۆ بکەین یان بیخەینەڕوو؟ بێگومان نەخێر. بەڵام هەوڵدەدەین بە پێی تونا، ئەو کارە بکەین.

دەبینین ئەم کتێبە قەبەیە، مێژووی ئەو پەیوەندییە دەخاتە ڕوو، هەر لەکاتی دروستبوونییەوە لە نێوان محەمەد پێغەمبەر-درودی خوای لێبێت- لەگەڵ هۆزە یەهودییەکان، لە جەزیرەی عەرەبی، پێش زیاد لە هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر، تاکو ساتەوەختی تەقینەوەی ململانێی نێوان عەرەب/ ئیسراائیل، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948. ئەوە مێژوویەکی توولانی و پان و پۆڕە: تەنها چواردە سەدەیە! بەڵام خستنەڕووی مەسەلەکە بەم شێوەیە، بەهەڵەدا دەمانبات و وا تێدەگەین، ئەم پەیوەندییە، هەر هەموی جەنگێکی بێئامان و دوژمنایەتییەکی تووندوتۆڵ و پتەو بووە. ئیدی لەو جۆرە خستنەڕووەدا، چەندین سەدەی دوور و درێژ، لە کارلێکی شارشتانیانەی داهێنەرانە، لە نێوان عەرەب و جوولەکەدا، دەبن بەژێرەوە و نابینرێن. دیارە مەبەستمان لەوە: یەکەم سەردەمی زێڕین لە بەغدا، پاشان دووەم سەردەمی زێڕین لە قورتوبە و ئەندەلوس. بگرە تەنانەت لە رۆژگاری خودی ماوەی پێغەمبەرایەتیەکەش، دەبینین تەماشاکردن بۆ جوولەکە، سەرەتا زۆر ئەرێنی بووە، پاشان گۆڕاوە بۆ نەرێنی.

لێرەوە، هەر کەسێک بییەوێت، بە ئاشتی و برایەتی لەگەڵ جوولەکە بژی، ئەوا دەتوانێت پاساوێکی ئیسلامی مێژویی بۆ بهێنێتەوە. هەر کەسێکیش بییەوێت، تاهەتا هەتایە، لەسەر دوژمنایەتی و ململانێ بەردەوامبێت، ئەویش دەتوانێت پاساوی ئیسلامی بۆ بهێنێتەوە. ئەمە مانای وایە، بەرامبەر بە جوولەکە، یەک پارادیم نییە، بەڵکو دوو پارادیم هەیە. (لێرەدا مەبەستم لە پارادایم، هەڵوێستی فیکریی باڵایە، یان نموزەجی لاهوتی مەزن کە لەسەرو هەمو شتێکەوەیە).

بەڵام ئەو ململانێ ئاگراوییەی، دوای داگیرکردنی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ساڵی 1948 هاتەئارا، بە تەواوی پارادایمی ئاشتی لەناوبرد و دواجار پارادایمی جەنگ و دوژمنایەتی و ململانێ سەرکەوت. پاشان پارادایمی دوژمنایەتی، گۆڕا بۆ حەقیقەتێکی رەها، حەقیقەتێک قابیلی موناقەشە و قسە لەسەرکردن و دەستکاری کردن نییە. ئیدی ئەم حەقیقەتە، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو، بەتەواوەتی و بۆ ئەبەد، لە هۆشیاری گەلانی عەرەبیدا جێگیربوو، وەک جێگیربوونی شاخەکان. ئا لەو چرکەساتەوە، وامان دەزانی، پەیوەندی نێوان عەرەب و جوولەکە، بە درێژایی مێژوو، هەمیشە پەیوەندییەکی دوژمنکارانەی پڕ ناکۆکی و ململانێ بووە. هیچ پنتێکی رووناکی تێدا نەبووە. کەچی لەوەدا ئێمە هەڵەبووین و لەخشتە برابووین.

کاروانی مێژووی واقیعی و کردەیی، پێچەوانەی ئەو تێگەشتنەی سەرەوەیە. وەک ئەوەی ئەم دوو سەرپەرشتیارە گەورەیە، کە سەرپەرشتی ئینسایکلۆپیدیا مێژوییەکەیان کردووە، بۆمانی رووندەکەنەوە. لایەنی عەرەبی بۆ سەرپەرشتیکردنی ئینسایکلۆپیدیاکە، لە ئەستۆی بیرمەندی رۆشنگەری تونسی “عبدالوهاب ئەلموئەدەب” بوو، لایەنی جوولەکە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئینسایکلۆپیدیاکە، لە ئەستۆی مێژوونووسی ئەکادیمی ناسراو “بنیامێن ستورا” بوو. بنیامێن کەسێکی فەرەنسی بە رەچەڵەک جەزائیرییە و لەدایکبووی قوستەنتینییەیە، لەوێ گەورە بووە و ژیاوە، ئەمە پێش ئەوەی دواتر بڕوات بۆ پاریس و تێیدا نیشتەجێ ببێت. بەم دوایانە، ناو و ناوبانگی پەیداکرد، چونکە خودی سەرۆکی فەرەنسا “ماکرۆن”، لە کۆشکی ئەلیزێ، پێشوازی لێکرد و کردی بە بەرپرسی ساڕێژکردنی یادەوەریی برینداری نێوان فەرەنسا و جەزائیر. لە هەمانکاتدا، سەرۆکی جەزائیر، بۆ سارێژکردنی ئەم یادەوەرییە، لەلایەنی جەزائیرەوە، “عبدالمجید شێخی” راسپارد ئەو کارە جێبەجێ بکات. هەمو ئامانجەکەش، بریتییە لە پتەوکردنی بەرژەوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو گەلی جەزائیر و فەرەنسا.

بنیامێن ستورا، ئاوا باس لە پرۆژەی کتێبەکە دەکات و دەڵێت: “ئەم ئینسایکلۆپیدیایە کە پێشکەشی خوێنەرانی دەکەین، پێشتر شتی لەم جۆرە نەبوو و نمونەی نییە. راستە عەرەب مێژوویەکی هەیە، موسڵمان مێژوویەکی هەیە، جوولەکە مێژوویەکی هەیە. بەڵام بە لێکترازاویی و هەر یەکە بەجیا. تا ئێستا کتێبێکی ئینسایکلۆپیدی قەبە نەبووە، قووڵایی پەیوەندی نێوان ئیسلام- جوولەکە مان بۆ روونبکاتەوە، بە تایبەت پەیوەندی عەرەب- جوولەکە. ئەمە ناتەواوییەک بوو لە کتێبخانەی فەرەنسیدا. لەبەر ئەوە دەستمانکرد بە پڕکردنەوەی ئەو ناتەواوییە. ئێمە لە پشت کتێبەکەوە، کۆمەڵێ ئامانجمان هەبوو: یەکەم پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەروونی یان سایکۆلۆژییە قووڵەی، نێوان عەرەب و جوولەکەیە، کە لەم رۆژگارەی ئەمڕۆماندا، ئەو دوو گەلە، لەیەکتر جیادەکاتەوە. پێشتر ئەم بۆشاییە، قووڵ یان فراوان نەبوو، بە پێچەوانەی ئەوەی وا تێگەشتووین. پێشتر، پەیوەندییەکان سروشتی بوون، بگرە زۆرجار بەدرێژایی مێژوو، پەیوەندییەکی دۆستانە بووە. کێ هەنووکە باوەڕ بەوە دەکات؟

لە رابردوودا، نووسەران یان بیرمەندان، قسەیان لەبارەی ئەو شتانەوە کردووە کە موسڵمان و جوولەکەیان، پێکەوە کۆدەکردەوە، نەک ئەوەی لەیەکتریان بترازێنن. یان بڵێ قسەیان لەبارەی ئەو شتانەوە کردووە، کە زیاتر، کۆیکردوونەتەوە نەک ئەوەی پەرتیان بکات. قسەیان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کردووە، ئەو خاڵانەی دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندوون، پێکەوە و لە تەنیشت یەک، بژین. ئیسلامیش ئاینێکی ئیبراهیمییە، وەک جوولەکە و مەسیحی کە پێش ئیسلام بوونیان هەبووە. ئەمە و گەورە ئەکادیمیستەکانیش، قسەیان لەسەر ئەو مەسەلانە کردووە. قسەیان دەربارەی سەردەمی زێڕینی پەیوەندی نێوان عەرەب- جوولەکە کردووە، لە رۆژگاری شارستانیەتی عەباسی یان ئەندەلوس. لەو رۆژگارەدا، جوولەکە لە رووی رۆشنبیرییەوە، لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بوو. لەسایەی شارستانیەتی عەرەبی ئیسلامی، داهێنانە تایبەتەکانی خۆیان، لەسەر هەمو ئاستەکان، ئەدەبی و شیعری و فەلسەفی، بگرە هونەری و مۆسیقیش، پێشکەش کردووە. بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و تراژیدیای فەلەستینییەکان، کە راستەوخۆ بەرهەمی ئەو دامەزراندنە بوو. هەمو ئەو کارلێکە شارستانییە داهێنەرانەیە، تا ئاستێکی زۆر لەبیرکرا. هەر هەموو ئەوە، بووە سفری پاش فاریزە و بەتەواوەتی سڕایەوە، وەک ئەوەی هەرگیز بوونی نەبووبێت. ئیدی نەوەکان، لەو بڕوایەدان ململانێی نێوان عەرەب و جوولەکە، ململانێیەکی ئەبەدیی و هەتا هەتاییە، نە چارەسەردەبێت و نەکۆتایی پێدێت، تا ئەو کاتەی پەروەردگار، گۆی زەوی و ئەوانەشی لەسەری دەژین، دەپێچێتەوە.

بەڵام راستییە مێژووییەکان، تەواو پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێن. پەیوەندییە مرۆییەکان و کارلێکە ژیارییەکانی، نێوان عەرەب و جوولەکە، لە رۆژگاری شارستانییەتەکانی پێشتر و سەردەمە زێڕینەکان، زۆر بەهێز و پتەو بووە. لێرەوە ئەو شتەی کۆی هەلومەرجەکەی ژەهراوی کرد، ئەم ململانێ دۆزەخییە وێرانکەرەیە کە تەمەنی لە پەنجا ساڵ زیاتر نییە. ئەمە لە کاتێکدایە، تەمەنی پەیوەندی نێوان عەرەب و جوولەکە، لە هەزار ساڵ زیاترە. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک، مانای کەمکردنەوەی ترسناکی تراژیدیای فەلەستینەکان نییە، کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری گەلی فەلەستین نییە کە لە سەروی وەسفکردنەوەیە. بەڵام ئێمە، دەمانەوێت مەسەلەکان، لە جێگای خۆیان و لە چوارچێوە مێژوییە فراوانەکەیدا دابنێین.

هەرچی “عبدالوهاب المودب”ە، قسەیەکی ئاوامان بۆ دەکات کە ئەمە ناوەرۆکەکەیەتی: ئامانجمان لە سەرپەرشتی کردنی ئەم کتێبە قەبە دەستەجەمعییە، ئەوەیە ئەم حەقیقەتەی خوارەوە، بیری موسڵمانان بخەینەوە، بە تایبەت عەرەب: بەدرێژایی مێژوو، تاکو ساڵی 1948، پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و جوولەکە، بەرهەمدار و چڕ و بەپیت بووە.  من لێرەدا ئامانجم جوانکردنی ئەم پەیوەندییە نییە، یان نامەوێت زیادەڕۆیی تێدا بکەم. بەڵکو دەمەوێت تەنها ئەو چرکەساتانە بخەمەوە یاد، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی کەلتووریی و شارستانی روویانداوە. ئایا شارستانیەتی ئەندەلوس-مان لەبیرچووە؟ ئایا مۆسیقای عەرەبی- جوولەکەمان لەبیرچووە؟ بگرە ئایا فەلسەفەی عەرەبی- جوولەکەمان لەبیرچووە؟ ئێمە هەمومان دەزانین، فەیلەسوفی گەورەی جوولەکە “موسی ابن میمون”، شاکارە نایابەکەی (دلائل الحائرین)ی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، نەک بە زمانی عیبریی. دواتر وەرگێڕدراوە بۆ زمانی عیبریی.

لێرەوە، “موسی ابن میمون”، بەرهەمی چوارچێوە کەلتوورییەکەی شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامییە. ئەو بەم مانایە، رۆشنبیرێکی عەرەبە، چونکە هەر کەسێک بە زمانی عەرەبی بنووسێت و داهێنانی تێدا بکات، پێی خۆشبێت یان پێی ناخۆشبێت، عەرەبە. پێویستە ئەوە بزانین کە لەو رۆژگارەدا، چوارچێوەی شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامی، هەژمونی بەسەر جیهاندا کردبوو. وەک چۆن حاڵی حازر، چوارچێوەی شارستانی ئەوروپی و ئەمریکای باکور، کۆنترۆڵی جیهانیان کردووە. لەو رۆژگارەدا، هەر کەسێک بیویستایە ناوبانگ پەیدا بکات، ئەوا زمانە تایبەتەکەی خۆی لەبیردەکرد، بەرهەمەکانی و داهێنانەکانی، بە زمانی عەرەبی دەنووسی. زمانی عەرەبی لەو سەردەمەدا، زمانی جیهانگیریی بوو. دروست وەک زمانی ئینگلیزی لە ئێستادا. لەبەر ئەوەیە بیرمەندە جوولەکەکان و غەیری جوولەکەکانیش، زمانی عەرەبی-یان زۆرباش زانیوە. هەروەها دەبێت ئەوەش بزانین، زۆرینەی وەزیر و پزیشک و راوێژکارەکانی خەلیفە عەرەبە موسڵمانەکان، جوولەکە بوون و متمانەی تەواویان پێیان هەبووە. کەواتە، نابێت بە قەڵەم، خەتێک بەسەر ئەم هەموو کلتوورە کارلێکە شارستانییەتەدا بهێنین، بەهۆی ئەو ململانێیەی ئێستاوە کە چەند درێژەش بکێشێت، چارەسەری هەر بۆ دەدۆزرێتەوە.

-کێشەی فەلەستین لەبەر روناکی فەلسەفەی مێژوو

لە هەمو ئەوەی پێشکەش کرا، چی بەدەستدەهێنین؟ ئەوە بەدەستدەهێنین زمانی فیشەک و سەربڕین و کوشتن، تاقە زمانی نێوان ئێمە و جوولەکە نییە. مادام پێشتر پێکەوە ژیانی شارستانی بەرهەمدار روویداوە، نازانم بۆچی لە ئێستادا روونادات؟ مادام ئەو پێکەوە ژیانە، لەسایەی خەلیفە گەورەکانی عەباسی و ئەمەوی و ئەندەلوس، وەک عەبدوڕەحمانی سێیەم و ئەوانی دیکە هاتووەتە ئارا، ئەدی بۆچی هەنووکە روونادات؟ بە مانایەکی تر: بۆچی زمانێکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل و جوولەکە بەگشتی، بەکارناهێنین؟ ئەمە دوای ئەوەی بە درێژایی پەنجا ساڵی بەردەوام، زمانی فیشەک و دوژمنایەتی رەها بەکاردەهێنین؟ بۆچی رووبەڕوو، زمانی گفتوگۆ و دانوستان و یەکترناسین تاقینەکەینەوە؟ لەبەر ئەم هۆکارەیە، من لەو هەمو ئیدانە و پەلاماردانانە تێناگەم کە لە ئێستادا، دەرحەق بە ئیماراتی عەرەبی دەکرێت. لەناکاو زوڕنای پۆپۆلیستەکان و غەوغائییەکان و دیماگۆگییەکان، لە هەمو لایەکەوە، بەڕووی ئەو وڵاتەدا کرایەوە. بەشێک لە رۆشنبیرانی عەرەبیش، بوونە یەک دەنگ و هەمان دروشم و هەمان وشەکان، وەک تووتی، دەڵێنەوە. کێ دەتوانێت بڵێت، ئیمارات وازی لە کێشەی عەرەبی هێناوە؟ ئیمارات ئەو دەوڵەتەی بە درێژایی مێژوو، پشتگیریی کێشەی فەلەستین بووە. بێگومان ملیارات دۆلاری لەپێناودا خەرجکردووە. لەو بڕوایەدام ئیمارات، دوای ئاشتبوونەوە و رێکەوتن، دەتوانێت باشتر خزمەتی ئەو کێشەیە بکات. کەچی کتوپڕ دەبێت بە دەوڵەتێکی “ناپاک/ خائین”، چونکە پێیوایە رێگایەکی دیکە هەیە، بۆ ئیدارەدانی ململانێکە، جگە لەو رێگا دووبارە و نەزۆک و بێبەرهەمەی پێشتر، کە هیچ ئەنجامێکی لێبەدەست نەهاتووە.

پێویستە براکانمان لە رۆشنبیرانی فەلەستین، ئەوە بزانن، برینی ئەوان برینی ئێمەشە، ئازاریان ئازاری ئێمەشە، کێشەکەیان کێشەی ئێمەشە. نەک لەبەر ئەوەی عەرەبییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کێشەیەکی حەق و رەوایە. بەڵام بۆ لەمەولا، نابێت چیتر وەک شمشێرەکەی دیمۆکلیس، لەسەر تەوقی سەرمان رایگرن و بە تۆمەتی “ناپاکی” بەکاریبهێنن. “ناپاک” وشەیەکی ناڕەوای ترسناکە، بێگومان بەسەر دەوڵەتێکی پێشکەوتوی وەک ئیماراتدا، پراکتیزە ناکرێت. پێویستە ئەوەش بزانین، جوولەکە پەڕگیرەکان لە فەرەنسا، ئەوانیش تۆمەتی دژایەتیکردنی سامییەت، وەک شمشێری دیمۆکلیس، بەکاردەهێنن و هەمو رۆشنبیرە فەرەنسییەکانی پێ دەترسێنن و لە تەوقی سەریان رایانگرتووە. لێرەوە پێویستە برا فەلەستینییەکانمان، نەکەونە هەمان تەڵەوە یان نەکەونە هەمان هەڵەوە، چونکە ئەمە زیان بە کێشەکە دەگەیەنێت و هیچ سودێکی بۆ کێشەکە نابێت.

دواجار رەنگە ئەندەلوس، سەرلەنوێ گەڕابێتەوە بۆ فەلەستین، یان لە میانەی فەلەستینەوە گەڕابێتەوە. ئیسرائیل چەند گەورە ببێت و چەند مەزنتر دەربکەوێت، دڵۆپی رووبارێکە لە عەرەب و لە ناوچەی عەرەبی، لە ئۆقیانوسەوە بۆ کەنداو، بەڵام هەر دەشمێنێتەوە. ئیسرائیل عەرەبییە، بە مانا شارستانی و مرۆڤایەتییەکە، نەک بە مانای شۆڤێنی و تائیفی و پۆپۆلیستی. بەم مانایە، ئێمە ئێستا لە وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدا دەژین، نەک تەنها بۆ کێشەی فەلەستین، بەڵکو بۆ کۆی کێشەکانی عەرەب. مەبەستم ئەوەیە سەدەکانی ناوەڕاستی عەرەبی ئیسلامی، واتە سەدەکانی پاشەکشە، هەرەسدەهێنن و سەدە تازەکانی رۆشنگەریی عەرەبی، شوێنیان دەگرێتەوە. ئیمارت بەم دواییانە بەشداری لەوەدا کردووە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە لەسەر خاکەکەی، شێخی ئەزهەر و پاپای رۆما، یەکتریان لەئامێزگرت و بەڵگەنامەی “برایانی مرۆڤایەتی/ الاخوە الانسانیە”یان بڵاوکردەوە. ئیمارات بەم کارەی، خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە عەرەب و موسڵمانەکان کرد، کاتێک وێنەیەکی پرشنگداریی عروبە و ئیسلام-ی دەرخست. بەمەش ئەو وێنە تاریکبین و داعشییەی رەتکردەوە کە لە سەرتاپای جیهاندا، بووەتە هۆکاری شێواندنی روخسار و کەلتوورمان. لێرەوە لەبری ئەوەی سوپاسی بکەین، کەچی بەرد بارانی دەکەین!

سەرچاوە

الشرق الاوسط، پێنج شەممە، 20 ئاب، 2020

ناردن: