و. لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی


تورکەکان و خوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان چاوەڕوانی ڕۆمانە نوێیەکەی ئۆرهان پاموک دەکەن. پاموک لەم ڕۆمانەدا چاوی وەرچەرخاندووە بۆ کۆڵانە چەپەک و هەژارنشینەکان، بە چاوی سەحلەبفرۆشێکەوە باس لەو ژیانە دەکات، کە لە تورکیا بە خێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

نەک تەنیا بەگوێرەی خەڵاتی نۆبڵ، بەڵکو ئەمبێرتۆ ئیکۆ موژدەی ڕۆمانێکی تازەی پاموک ڕادەگەیەنێت و دەڵێ: “دیسانەوە ئۆرهان پاموک سەرکەشییەکی دیکەی بە دەستەوەیە”، گۆڤاری هەفتانەی (Le Point)ی فەڕەنسی دەڵێ: “یەکێک لە گەورە نووسەرە زیندووەکان”. بۆ تورکەکانیش، وەک خۆیان دەڵێن “یەشار کەمالێکمان هەیە و پاموکێك”.

شەش ساڵە خوێنەرانی چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکەی دەکەن و چەند مانگێکە تەواوی کردووە، وەک خۆی دەڵێت، هیچ کاتێکیش نەبووە ئەوەندە کات بۆ نووسینی ڕۆمانێکی تازەی تەرخان بکات.

ڕۆماننوسی بەناوبانگی تورکیا و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 2006، ئۆرهان پاموک، باسی ڕۆمانە نوێیەکەی دەکات کە بە ناوی “نامۆییەک لە سەرمدا -Kafamda Bir Tuhaflık” نووسیوویەتی و بە چاوی سەحلەبفرۆشێکەوە ژیانی نێو شاری خۆی، ئەو شارەی تێیدا هاتە دونیا و گەورە بوو و خەونەکانی چەکەرەیان کرد، باس دەکات.

پاموک لە وڵاتەکەی هەست بە “ترسێك”ی گەورە دەکات و دەڵێ: “هەموو کەسێک دەترسێ. ئەوە دەبینم کە هەم دەیەوێ شتێک بڵێ، هەم ترسی ئەوەی هەیە لە کارەکەی دەربکرێت. ئەمە ئاسایی نییە. ڕاستە دامەزراوەی هاوشێوەی (Freedom House) لە دونیادا گوتوویانە، بەڵام منیش دەڵێم کە: “ئازادیی ڕادەربڕین لە تورکیا لەبەرپێ کەوتووە”.

چنار ئۆسکای، کۆمەڵناس و وەرگێڕ، کە ئەم دیدارەی لەگەڵ پاموک ئەنجام داوە، دەنووسێت، “ئۆرهان پاموک تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی، دەمەوێ یەکەم کەس ڕۆمانەکە بۆ تۆ بخوێنمەوە، تکایە کاتی پێویست بۆ ئەمە داببڕە. بەردەوام قاوەم دەخواردەوە. کەمێکیش، وەک کارێک بێت بە سەرشانمەوە، بە نائارامییەوە دەمخوێندەوە.

کاتێک بەیانیی ڕۆژێک کاتژمێر شەش گەیشتمە دوماهی، نەمدەتوانی بیرۆکەی ماڵئاواییکردنی مەولود و سەمیحە قەبوڵ بکەم. دان بەوەدا دەنێم، نازانم لە دڵشکانەوە بوو، ئومێد بوو، نازانم بە هەستێکی نامۆوە بە کوڵ گریام”.

چنار ئۆسکای: ئەم ڕۆمانە دەخەیتە کوێی قۆناخی ژیانی نووسەریتەوە؟

ئۆرهان پاموک: دەمەوێ وا بیری لێبکەمەوە، کە یەکێکە لە ڕۆمانەکانم، بەڵام دەزانم کە وانییە.

چنار ئۆسکای: لە چ ڕوانگەیەکەوە؟

ئۆرهان پاموک: لە هەندێک ڕوانگەوە وەک ڕۆمانەکانی دیکەمە، پاڵەوانەکانم لە ئیستانبوڵ، ئەو شوێنەی کە لە هەموو شوێنێکی تر باشتر شارەزام، دەژین. بەڵام ئەمجارە نیشتەجێی نیشانتاشی نین. ئەمجارە لە گردۆڵکەیەکی خەیاڵکرد، دوتتەپە، کە هاوشێوەی گردۆڵکەی کوشتەپەیە، دەژین. یاخود لە نێوان ساڵانی 1970 و ٢٠٠٠ لە گەڕەکەکانی تارلاباشی، گازی مەحەلەسی، جیهانگیر، فەریکۆی، گوموش سویو سەحلەب دەفرۆشێت. دونیای فرۆشیاران، دونیایەک کە هەر لە دەرەوەڕا بینیوومە و بەردەوام ویستوومە لە ناوەوە لێی تێبگەم. هێزی ئەم چوار ساڵەی دواییم بە هەوڵدان بۆ چوونە نێو ئەو دونیایە و ئیستانبوڵ و بینینی ناوەوەی ئەو جیهانەم ویستووە. بۆ ئەوەی بتوانم خۆم ببەمە جێگەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەم و بتوانم ببمە مەولود، چوار ساڵ هەوڵم دا. لە کۆتاییدا هەستی ئەوەم تێدا ڕسکا: “بەڵێ من مەولودم”.

چنار ئۆسکای: بۆچی دەتەوێ لەبارەی ئەو کەسانەوە بنووسیت؟

ئۆرهان پاموک: بۆ ئەوەی باس لە وڵاتەکەم بکەم، ڕۆمان داهێنراوی چینی ناوەڕاستە، کە بەر مۆدێرنە کەوتوون، بەڵام هەموو کۆمەڵگا دەبینێ، ڕێک وەک ڕۆمانی “من ناوم سوورە”، لەوێش لە ڕوانگەی نیگارکێشەکانی سەردەمی عوسمانی لە سەدەی 16دا ڕوانیوومەتە کۆمەڵگای ئێستا، لە بەفر-یشدا بەریەککەوتنە سیاسییەکان… بەڵام لێرە حیکایەتی سەرەکی گۆڕانکارییەکانی ئیستانبوڵە، ئەوانەی لە ئیستانبوڵ لەدایک بوون و گەورە بوون کەمێک لوتیان گرژ دەکەن و دەڵێن “لە دەرەوە هاتوون”، لە ڕاستیدا ئەوان خاوەنی شارەکەن، با سەیری ژمارەکان بکەین، ئەو کاتەی لەدایک بوون، ژمارەی دانیشتوانی ئیستانبوڵ ملیۆنێک بوو، ئێستا 15 ملیۆنە، ویستم گوزارشت لە زۆرینەی ئەو کەسانە بکەم کە لەم شارەدا دەژین.

چنار ئۆسکای: لە هزرتدا توانیووتە ببیتە مەولود؟

ئۆرهان پاموک: پێم وابوو کە بووم، پێویستە خاكەڕا بیت. فلۆبێر قسەیەکی بەناوبانگی هەیە، دەڵێ: “من مادام بۆڤاریم”، ویستم ئەو وردەکارییانە بژیم کە ئەو بینوونی، مەولود لە کۆڵانێکدا ڕێ دەکات. ئەو مەترسییانەی کە بەرەوڕووی سەحلەبفرۆشێك، ماستفرۆشێک دەبنەوە، ئەو شارەوانییەی دەری دەکات، بەڵام کاتێک من بە شەقامەکەدا دەڕۆم، یەکەم کاردانەوەم ئەوە نابێت، بەڵام وەک ڕۆماننووسێک پێویستە خۆت وا پەروەردە بکەیت کە بە چاوی پاڵەوانەکەتەوە بڕوانیتە دەوروبەر.

چنار ئۆسکای: چۆن خۆتان ڕاهێنا؟

ئۆرهان پاموک: ڕۆمانووس دوو ئامرازی هەن: یەکەم هێزی خەیاڵ، دووەم لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون. با باس لە تابلۆ فراوانەکە بکەین، کە ڕۆمان وەسفی دەکات. کۆڵانە هەژارنشینە بەراییەکانی ئیستانبوڵ، ئەو نهۆمانەی وەسەر یەک دەنرێن، زەوییەکان، کە لە کەنارەکانی شار گەورە دەبن و شێوەی شارد دەگرن، تێکهەڵچوونەکان، دەوڵەمەندبوونی دیمەنەکە. بێگومان من لە هەموو ئەوانەدا ئەزموونم هەیە. لەو شوێنانەدا گەڕاوم، بینیوومن. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی باسم کردووە، وێستگەی کارەبایە. من چووم چاوپێکەوتنم لەگەڵ سەحلەبفرۆش، ماستفرۆش، میوەی دەریایی فرۆش، شەربەتفرۆش ئەنجام دا، بە ڕاستگۆیانە بەوانم گوت: “من ڕۆمانێک دەنووسم، قسەم بۆ دەکەن”. ئەو دونیایەی کە باسی دەکەم، بە قووڵی قسەم لەگەڵ ئەو کەسانە کرد کە لە نێویدا دەژین، هەندێک کەسیش بە ناوی منەوە قسەیان لەگەڵ کردوون.

چنار ئۆسکای: ئێستا سەحلەبفرۆش ماون؟

ئۆرهان پاموک: ماون.

چنار ئۆسکای: لە شەوانی منداڵیمدا هەموو شەوێک بە کۆڵانی جیهانگیردا دەهاتن.

ئۆرهان پاموک: هێشتا هەن، ئەو کاتەی ڕۆمانەکەم دەنووسی، هەرچی هاوڕێم هەبوو، پەیوەندییان پێوە دەکردم: “ئۆرهان بە کۆڵانەکەی ئێمەدا تێپەڕی” مرۆڤەکان سەرنج نادەن، من لەبەر ئەوەی ڕۆمان دەنووسم، دەزانم. لە منداڵیشدا سەحلەبفرۆشم خۆش دەویستن. داپیرەم پەنجەرە بکاتەوە و بڵێ: “سەحلەبفرۆش وەرە سەرەوە” وەک ئەوە وابوو کەسێک لە نێو حیکایەتەکانەوە بێت.

چنار ئۆسکای: هەندێک وردەکاریی پێکەنیناوی لە کتێبەکەدا هەن، هەندیک بەشی فیلمی پۆرنۆی تێکەوتووە، بیرم کردەوە “تۆ بڵێی ئۆرهان چووبێتە ئەو شوێنانە؟

ئۆرهان پاموک: نەچووم، لەو کەسانە بیستم، کە دەچنە ئەو کولتوورە سینەماییە.

چنار ئۆسکای: ڕۆمانەکە حیکایەتی تورکیایە. کە دەتنووسی، بیرت لە خوێنەری وڵاتانی تر دەکردەوە؟ سەحلەب چۆن بۆ سەر زمانی ئینگلیزی تەرجەمە دەکرێت؟

ئۆرهان پاموک: لەو کاتەدا بیر ناکەیتەوە، ڕاستینەی چیرۆکەکە، ئەوەی پەیوەندیی بە ئێرەوە هەیە، دەتخرۆشێنێ. لە منداڵیدا سەحلەب-ت خواردووهتەوە، هێزی خەیاڵت بە ئاستێکی بەرز دەخەیتە گەڕ، بەڵام کاتێک چیرۆکەکە کۆ دەکەیتەوە، بیر لە لایەنی جیهانگیرییەکەیشی دەکەیتەوە.

چنار ئۆسکای: لە پەرەگرافی یەکەمی کتێبەکەتدا بەشێک هەیە “لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا هاتە ئیستانبوڵ و دواتریش هەر لەوێ، لە پایتەختی دونیادا ژیا” ئایا ئیستانبوڵ پایتەختی دونیایە؟

ئۆرهان پاموک: ئیستانبوڵ و ئەم ڕۆمانەش شایانی ئەو ڕستەیەن. هاتە بەر نووکی قەڵەمەکەم، ڕستەیەکی لەخۆباییانەیە، بەڵام سوپاسگوزارم کە نووسیم.
نامەوێ ڕوونی بکەمەوە بۆچی نووسیم، وا هەست دەکەم، کە لە ژیانی کەسیی خۆمدا گرنگە. فلۆبێر لە ساڵی ١٨٥٠ کە هاتووەتە ئیستانبوڵ، زۆر نامەی نووسیوون، “ڕۆژێک پایتەختی دونیا ئەم شارە دەبێت”. فلۆبێر بە هەڵەدا چوو. دوای ٥٠ ساڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کەوت. لە ١٠ ساڵی کۆتایی عوسمانییەکان ئەو میترۆیەی دروست کرا، یەکەم میترۆی دونیا بوو، ئەگەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی گەیشتبووایەتە سەرمایەداری، ئەو میترۆیە شتێک دەبوو هاوشێوەی میترۆی پاریس. حاڵ وابوو کە من هەموو منداڵیم لەوەدا بەسەر ببەم بڵێم “ئەها لە خۆرئاوا میترۆ هەیە، لای ئێمە نییە”. بەڵکە ئەو شەیداییە لە منیشدا نەماوە، ١٠ ساڵ پێش ئێستا نەمدەتوانی ئیستانبوڵ بە پایتەختی دونیا ناو بنێم، بگرە پێکەنیناویش دەبوو، بەڵام ئێستا بە کەمێک شانازییشەوە دەنووسم.

چنار ئۆسکای: لە ڕۆمانەکەدا تەکنیکێکی زۆر جیاواز هەیە، نزیکەی ١٠ کاراکتەر دێنییە ئاخاوتن، ئایا ئەمە ڕێبازێکی باوە؟

ئۆرهان پاموک: نەخێر، یەکەم کەس من کردم و کاری کرد. لە مۆزەخانەی پاکیزەییدا چیم کرد؟ ڕۆمانێک و مۆزەخانەیەک.. بۆ یەکەم جار.. شتێکی زۆر باڵا نییە، بەڵام بە شێوەیەکی بێفیزانە ئەوەی لە دەستم هاتووە، گوتوومە.

چنار ئۆسکای: لە ڕۆمانەکانی دونیا ئەمە هەیە؟

ئۆرهان پاموک: نییە، کاتێک مۆزەخانەی پاکیزەییم دروست کرد، دەیانپرسی “مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە هەیە؟”

چنار ئۆسکای: ئەمە ناوێکی هەیە؟

ئۆرهان پاموک: نا نیەتی، ئەگەر دەتەوێ، با ئێستا بەیەکەوە ناوێکی بۆ بدۆزینەوە.

چنار ئۆسکای: وەک ڕۆمانێکی دەنگی جیاواز، بە ڕای من زۆر دەوڵەمەندکراو.

ئۆرهان پاموک: بەڵێ دەمەوێ درێژەی پێبدەم.

چنار ئۆسکای: ئەگەر وەک ژنێک هاتبایتە دونیا، ژیانت چۆن دەبوو؟

ئۆرهان پاموک: لە تورکیا ژمارەیەکی زۆر لە ژنەنووسەری درەوشاوەمان هەن.

چنار ئۆسکای: باشە؛ بۆ تۆ کارەکە جیاواز دەبوو؟

ئۆرهان پاموک: ڕەنگ بێ بەم شێوەیە بووایە: لە گەنجێتیمدا خۆمم نەدەپاراست، دیسانەوە بە ماڵباتەکەم دەگوت “دەبمە ڕۆماننووس” ئەگەر کچ بووایەم، ئەمەم نەدەکرد.

چنار ئۆسکای: بەرەنگار نەدەبوویتەوە؟

ئۆرهان پاموک: بەڵێ، بەرەنگار نەدەبوومەوە.

چنار ئۆسکای: ئەم ڕۆمانەش تەواو، نۆرەی چییە؟

ئۆرهان پاموک: هەستێکم وام هەیە بەوەی کە کەموکورتییەکم هەیە، وەک ئەوەیە نەتوانم ڕۆمانی کورت بنووسم، بە نزیکبوونەوە لە تێڕوانینی منداڵێک دەمەوێ ڕۆمانێکی کورت بنووسم، خۆشم بە تەواوی نازانم چی دەبێت.

چنار ئۆسکای: مەبەستت ئەوەیە کە پاڵەوانەکەی منداڵێک بێت؟

ئۆرهان پاموک: دونیای مێردمنداڵێک، گەورەبوونی، دەمەوێ شەڕەکانی لەگەڵ باوکە خەیاڵی و ڕاستەقینەکەی بنووسمەوە. مێردمنداڵێک لە تەمەنی ١٦-١٧ ساڵان، سێکس و تێپەڕاندنی قۆناخی مێردمنداڵی. دەمەوێ ئاریشەکانی بنووسمەوە.

چنار ئۆسکای: سروشێکە لە کچەکەتانەوە وەرتان گرتووە؟

ئۆرهان پاموک: نەخێر، هاوینان بە هۆی کێشەی نەبوونی پارەوە جابی بێت، بەڵام هێندەی مەولود هەژار نەبێت، منداڵێکی چینی مامناوەند بێت.

چنار ئۆسکای: ئیتر دەتوانم پرسیارە بنەڕەتییەکەم بکەم: “نامۆییەک لە سەرمدا” دەکرێ ببێتە بەهێزترین ڕۆمانت؟ دواجار توانیووتانە “کتێبی ڕەش” تێبپەڕێنن؟

ئۆرهان پاموک: من نازانم، بڕۆ ئەم پرسیارە لە کەسانی دیکە بکە، بەڵام ئەو ڕووبەرەی لە خۆی دەگرێت، ویستی چوونە نێو جۆراوجۆری مرۆڤەکان و دەوڵەمەندییەکەی، ئەو لێکۆڵینەوانەی پشتی پێبەستوون، ئەو کاتەی پێم بەخشیووە و ئەو هێزی خەیاڵەی پێم بەخشیووە، زۆر شت لەم ڕۆمانەدا خەرج کراون، بڕوام بە مرۆڤایەتیی نێو ڕۆمانەکەم هەیە. لە حەقیقەتێکی مەزنەوە دێت، لە دەنگەدەنگی شارەوە، بە بیستنی دەنگی هەر ١٢ ملیۆنەکەوە نووسیومە، هەموو حیکایەتەکانی ناوی خەمگینن، چ بازرگانی، چ سیاسی و چ مرۆڤانە بن. خەمگینییەکانیان، گۆڕانکارییەکانیان، نوێبوونیان لە هیچ شوێنێکی دیکەی دونیادا نین. بەڵام نامەوێ لەگەڵ ئەوانی دیکە تێکەڵیان بکەم. ڕۆمانەکانم منداڵەکانی منن. بۆ پەسندانی منداڵە نوێیەکەم لەگەڵ ئەوەی دیکە بەگژ یەکیاندا نادەم. دیسانەوە هۆشیاریم بەوە هەیە کە منداڵێکم هەیە، کە ڕێگای لە بەردەمدا کراوەتەوە.

چنار ئۆسکای: ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەرت هەن، هێندەی ئەوانیش کەسانێک کە خۆشییان لێت نایەت.. بە داخەوە، ڕەخنە لای ئێمە دەستی ناوەتە دەستی نەفرەتەوە، چۆن دەتوانی ئیدارەی ئەمە بدەی؟

ئۆرهان پاموک: ناتوانم بڵێم ئیدارەم داوە، ناتوانم بیدەم، قسەیەکی کڵێشەیی هەیە لە تورکیا “داری بەردار بەردی تێدەگرن”. ئەمە لایەنی سیاسیشی هەیە، بۆ نموونە، نایانەوێ باسی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بکرێت، نایانەوێ گوێیان لێبێت. حەقیان پێدەدەم، لەوە ناڕازی نیم، بەڵام ئەوەی حەقی پێنادەم، بەخیلیی پیاوانە، بەتایبەتی ئەوانەی هاوتەمەنی خۆمن. ئەوانەی دەیانەوێ بانگەشەدار و ببنە کەسانی گرنگ، سەرەدەریکردن لەگەڵ بەخیلییەکەیان سەختە، خراپترینیشی ئەوەیە، ماسکێکی سیاسی دەخەنە سەر و کاریگەریخستنە سەر خەڵکە.

سەرچاوە:
https://www.hurriyet.com.tr/kelebek/keyif/27720162.asp

ناردن: