چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی

ئێستا کتێبخانەی کوردی شەست و شەش کتێبی نووسەر و وەرگێی ناوداری کورد(ئازاد بەرزنجی) ی، تێدایە، سەرجەم ئەو کتێبانە، بریتین لە هەوڵە دڵسۆز و خەمخۆرییە جددییەکانی (ئازاد بەرزنجی) لە بوارەکانی فیکر و فەلسەفە و شانۆ و ئەدەب بە گشتی، بەشێکی زۆر لەم کتێبانە چەندین جار چاپ کراونەتەوە، کەچی هیشتا خوێنەر تامەزرۆیانە و نەوە دوای نەوە، خوێنەریان زیاتر دەبێت.

(چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی) نوێترین کتێبی ئازاد بەرزنجییە و لە ماوەی پێشوودا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، وەک لە ناونیشانی کتێبەکەدا دیارە، ئەم کتێبە نوێیە لە کۆمەڵێک بابەت و نووسین پێکهاتووە لەسەر کۆمەڵێک چەمک و بابەتی فیکری و ئەدەبی، ئەگەرچی بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، ساڵانێک لەمەوپێش نووسراون و دیدگا و تێڕوانینی نووسەریان لەخۆ گرتووە سەبارەت بە هەندێک بابەتی فیکری و ئەدەبی، کەچی خوێنەر کاتێک کتێبەکە دەخوێنێتەوە، هەر دەڵێی بۆ ئێستا و ڕۆژگاری ئەمڕۆ نووسراون و هێشتا هەست بە تەڕی و تازەییان دەکرێت، چونکە لە پشت هەر یەک لە بابەتەکانی ناو کتێبەکەوە، باگراوندێکی فراوانی ڕۆشنبیری و ئاستێکی بەرزی فیکری دەبینین، بەر ئەو تێگەیشتن و خوێندنەوە قووڵ و فرە ڕەهەندە دەکەوین کە نووسەر لە ژیانی خۆیدا، بەهۆی خوێندنەوە و تێرامەنە بەردەوامەکانی خۆیەوە بەرهەمی هێناوە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریین لە: ئێمە کۆچەرین: سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی نیچە، مێشێل فۆکۆ: چاخی نوێ، مرۆڤی نوێ، کێ لە مێشێک فۆکۆ دەترسێت؟ ئەلبێر کامۆ: سەما لەژێر شمشێرەکەی دیمۆکلیسدا، کەسی شۆڕشێڕ کێیە؟.. ئەریک فرۆم، ڕۆڵی ڕۆشنبیر… ئێدوارد سەعید، ئومبێرتۆ ئیکۆ: لە سەدەکانی ناوەندەوە بۆ (ناوی گوڵەباخ) ،اتێریالیزمی دیالەکتیک و مێژووی ئەدەب… لوسیان گوڵدمەن، فۆرمالیستە ڕووسەکان… بابەک ئەحمەدی.

نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوەی داوە کە ئەم وتار و باسانە، نەخشەیەکی داڕێژراو کۆی نەکردوونەتەوە، هەر وەک ناویشی لێ ناون (چەند وێستگەیەکی پەڕاگەندەن کە تیایاندا لەسەر کۆمەڵێک بیرمەند و ئەدەیب دەوەستێت و تیایاندایە لەسەر دیاردەیەکی ڕۆشنبیری، یان ڕێبازێکی ئەدەبی دەدوێت، لەبەر ئەمەیە بە گوتەی خودی نووسەر، هێڵێکی دیاریکراو پێکەوە نایانبەستێتەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە لە دەرگای هەندێ مەسەلە لە مەسەلەکانی مرۆڤی هاوچەرخ دەدەن.

لە وتارێکی نێو ئەم کتێبەدا، بە ناوی (ئێمە کۆچەرین… سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی نیچە) ئازاد بەرزنجی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە خوێندنەوەی نیچە، کارێکی زۆر دژوارە و لەویش دژوارتر پەیبردنە بە توخمەکانی فیکری ئەو، جگە لەوەی کە ئەو ویستوویەتی وەک هەر بیرمەنندێکی قووڵ تیۆرەیەک، یان ڕیبازێکی گشتگیر دابڕیژێت، تا کۆکردنەوەیان لە چوارچێوەیەکدا ئاسان بێت و دەڵێت: بە پێچەوانەوە، نیتچە بەردەوام و بە توندی دژی تیۆریزە و رێبازگەری و چوارچێوە بووە و دروستبوونی بیروڕای لە ژیاندا شوبهاندووە بە چوون بۆ ماسیگرتن، واتە وەکو مومارەسەکردنێکی زیندووی ئەزموونەکانی ژیان و ڕوکردنی هەقیقەتە تەڕ و تازەکان و بە پێچەوانەی ڕێبازگەراکانەوە کە قایلن بە کۆمەڵێک شتی مۆمیا کراو و دۆگمای زەینی.

هەر لەم وتارەدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نیچە یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە بایەخیان بە کێشەی نامۆبوون داوە: ئیدی لەو کاتەوە کە هێگڵ ڕەهەندێکی فەلسەفی بەم کێشەیە بەخشی و دواتریش لۆدڤیک فۆیرباخ و کارل مارکس گرنگییان پێ دا، لەو کاتەوە کەم ئاسەواری گرنگی فەلسەفە و ئەدەب دەبینینەوە، لە سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەک لە شێوەکان دەنگدانەوەی ئەم کێشەیەی تێدا نەبێت، ئەو نامۆبوونەش مەبەستمانە، نامۆبوونی (کردار)ی مرۆڤی هۆشمەندە لە (بوون)ە ڕاستەقینەکەی خۆی.

میشیل فۆکۆ: چاخی نوێ، مرۆڤی نوێ، یەکێکی ترە لە بابەتە سوودبەخش و بەپێزەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، نووسەر لەم بابەتەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئاسەوارەکانی فۆکۆ سنوورێکی جیاکەرەوەن لەنێوان دیاردەناسی و هێرمنیۆتیک و بونیادگەرایی و مارسیزمدا، بە بڕوای ئازاد بەرزنجی، ڕۆشنبیرانی ئەو دەمە بەتدەوام لەگەڵ چەند ڕێبازێکدا ڕووبەڕوو دەبوونەوە: دیاردەناسی هۆسێرل و میرلۆ پۆنتی و هاتدگەر و بونیادگەرایی و سەمتە مارسکسیستییەکان، فۆکۆش لە تیشکی ئەم ئاوێزە فەلسەفییەی سەرەوە دوور نەبوو.

نووسەر هەر لەم وتارەدا دەڵێت: لە بواری فەلسەفەدا، فۆکۆ تیۆریی (مەرگی نووسەر)ی تا قۆناغی (مەرگی خود) و بەدەرکەوتنی خودی پاش هیومانیست برد، ئەو لە کایەی ڕەخنە لە مۆدێرنێتەدا هات و بابەت و دروشمە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی وەک خودێتی، ئەقڵانییەت، ئازادی و ۆێشکەوتنی خستە بەر ڕەخنە و لەم ڕووەوە سەبارەی بە بوارە جیاجیاکانی وەکو دەروونپزیشکی، پزیشکی، سزا، زانستە مرۆییەکان و سێکسی کۆڵییەوە.

لە بابەتێکی دیکەدا، بە ناوی (ئەلبێر کامۆ… سەما لەژێر شمشێرەکەی دیمۆکلیس دا) باس لەوە دەکات کە بە لای کامۆوە یاخیبوونی مێژوویی، یان بە دەربڕینێکی بڵێین شۆڕشەکان، هەر لە شۆڕشی کۆیلەکان و کوشتنی شاکانەوە تا دەگاتە شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم، درێژکاروەی یاخیبوونی مێتافیزیکین، چونکە ئەم شۆڕشانە ویستوویانە ئەو عەدالەتە ڕەهایەی کە لە دونیادا نیە بیهێننە دی و دەشڵێت: کامۆ وەختێ سەبارەت بە کوشتنی شا لەسەر دەستی فەڕەنسییەکان دەدوێت، دەربارەی ئەو تیۆریانەش دەدوێت کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەو حاڵەتە تا دەگاتە نووسینەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ، بەتایبەت کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتی، تا دەرچوونی پەیمانی کۆمەڵایەتی، خوا ئەو سایانەی دروست دەکرد کە ئەوانیش خەڵکیان دروست دەکرد.

کەسی شۆڕشگێڕ کێیە؟ ئەریک فرۆم، ئەمە ناونیشانی بابەتێکی دیکەی کتێبی (چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی)یە، لە تەوەریکی ئەم بابەتەدا، نووسەر دەپرسێت: چۆن دەتوانین پێناسەی شۆڕش بکەین؟ نووسەر لە وەڵامی ئەم پرسیارەی خۆیدا، باس لەوە دەکات کە ئەگەر بمانەوێ لە سنوورە فەرهەنگیەکەیدا پێناسەی شۆڕش بکەین، دەبێ بە سادەییەوە بڵێین کە شۆڕش سەرگونکردنی توندوتیژانە، یان ئاشتیئامێزانەی حکومەتی حکومڕانە و دانانی حکومەتێکی نوێیە لە جێگەکەی، نووسەر  هەر لەم بەشەدا سەبارەت بە خوسڵەتی کەسێتی شۆڕشگێڕ دەڵێت: سەرەکیتری خەسڵەتی کەسێتی شۆڕشگێڕانە، سەربەخۆبوون و ئازادی ئەوە، بۆ ڕوونکردنەوە، وا چاکترە چەمکی سەربەخۆبوون بەرامبەر بە چەمکی ڕەمزیی وابەستەبوون بە دەسەڵاتدارانی باڵادەست و بێدەسەڵاتانی خوارەوە دابنێین، بەڵام ئەم خاڵە بەتەنیا مانای سەربەخۆیی و ئازادی ڕوون ناکاتەوە.

ئەم کورتە نووسینە، تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگ و بە بایەخە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد هان بدرێت بۆ ئەوەی خۆیان لە خوێندەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن، چونکە بە سروشتی خۆی لە جۆری ئەو کتێبانەیە، کە هەم بە زمانێکی خۆش و ڕەوان نووسراوە، هەم یارمەتی هزری خوێنەر دەکات بۆ گەشەکردنی فیکر و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیرییان، چونکە لە ڕاستیدا سەبارەت بە کۆمەڵێک چەمک و تەوەر لای کۆمەڵێک بیرمەند و ئەدیبی جیهانیی دواوە، کە فیکر و ئەندێشەی ئەوان کۆمەکیان کردووین بۆ پێشکەوتن و تێگەیشتنی زیاترمان بۆ ژیان و مرۆڤ و دیاردەکان.

ناساندنی: بارین عەلی

ناردن: