١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم جیهانە نامۆیەدا

ئامادەکردنی: سەلاح حەسەن پاڵەوان

دواین رۆمانی ئەلیف شەفەق (١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم جیهانە نامۆیەدا) ساڵی رابردوو بۆ خەڵاتی پۆکەر هەڵبژێردرا، ئەم رۆمانە تەرخان کراوە بۆ ئەو شارەی بەجێهێشت و بۆ ئەو ژنانەی کە لەوێدا دەژین. کارەکتەری سەرەکی ئەم رۆمانە لە یەکەمین لاپەڕەدا، لە نێو حاویەکی پۆڵاین زبڵوخاشاکدا راکشاوە ، کوژراوە، هێشتا جووتە پێڵاوە پەمەییە پاژنەبەرزەکانی هەر لەپێیدایە، هێشتا مێشکی کاردەکات، لە ماوەی تۆزێ زیاتر لە ١٠ خولەک لە ناخییەوە ئەو بۆن و رەنگ و تامانە بە مێشکیدا دێتەوە، کە پەیوەندییەکی بنبڕیان هەیە بە سەردەمی هەرزەکارییەوە: چۆن دایکی ناچار کراوە دەستی لێ هەڵگرێ، ئەو رۆژەی باوکی چیتر رێگای نەدا بۆ قوتابخانە بگەڕێتەوە، جۆن مامی یەکەمین جار دەستدرێژی کردە سەری، ئەو رۆژەی بیرکەوتەوە کە ماڵی باوکی بەجێهێشت و هەڵهات، بەبێ ئەوەی یەک سانتی پێ بێت بۆ ئیستانبووڵ رادەکات. ئەوەی بیردەکەوێتەوە چۆن لەگەڵ هاوڕێکانی یەکتریان بینیوە: منداڵێکی تاقانەی ژنێکی خاوەن دەرمانخانە، کەسێکی نێرەمووک، گۆرانیبێژێکی خەڵکی دووئاوان، سۆماڵییەکی فاڵگرەوە. ئەم رۆمانە رۆمانێکی رەنگاوڕەنگی سەرنجڕاکێشە، باس لە ژیانی ئەو ژنانە دەکات لە پەراوێزدا دەژین. پڕە لە ئازار و هاوڕێیەتی وخۆشی ژیان و وزە. لەو رۆمانەدا هێڵی خورافە و عەقڵ یەکتری دەبڕن.
کیلیۆس گوندێکی کۆنی باشووری شاری ئیستانبووڵە خەریکی راوەماسین. نزیکی ئەم شارە ساڵانە هەزارەها گەشتیار سەردانی دەکەن، تابڵێی شوێنێکی جوان و سەرنجڕاکێشە، بەڵام لایەنێکی تریشی هەیە، لەو کەناری دەریایە ژمارەیەکی زۆر پەناهەندە و کۆچبەرە هەڵاتووەکان رادەوەستن و هەوڵی بڕینی دەریا دەدەن، چەندەها تەرمی خنکاوانی دەریا دەکەونە ئەو کەنارە و زۆرجار ئەستەمە بتوانن ناسنامەیان تۆمارکەن و بناسرێنەوە بۆیە لەو گوندە لە تەنیشتی هەزاران گۆڕی تورکدا دەنێژرێن، لە نێو زارەکی خەڵکدا بەم شوێنە دەوترێ گۆڕی لەبیرکراوەکان. لێرەدا رۆمانەکەی ئەلیف شەفەق (١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم جیهانە نامۆیەدا) بەسەرهاتێکی سەیر دەگێڕێتەوە.
سەرچاوە:
لە هۆڵەندییەوە مارگۆت دایکخراف، nrc , ٢٠-مایس-٢٠٢٠
رۆناڵد ئۆهڵسن
ناردن: