تازەترین چاوپێکەوتن لەگەڵ هاشم ساڵح، دەربارەی کتێبە تازەکەی: بۆچی جیهانی عەرەبی دەسووتێت؟

سازدانی: گەیلان محەمەد

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

قەیران و شکستە بەردەوامەکانی واقیعەکەمان کە ئاوساوە بە دواکەوتوویی، هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ نەبوونی ئەو پرۆژانە دەگەڕێتەوە کە ئامانجیان، کردنەوەی دۆگماکانە، ئەو دۆگمایانەی بە درێژایی چەندین سەدە، بەسەریەکدا کەڵەکە بوون. لەبەر ئەوەیە، ئێمە لە حاڵەتی داخرانی مێژوویدا دەژین. ئەوەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی لەسەر ئاستی فیکری و عەقڵانی قورستر کردووە، ئەوەیە سیستمە سیاسییەکان، بۆ پڕکردنەوەی ئەو درز و کەلێنانەی لە رەوایەتیاندا هەیە، پەنا دەبەنە بەر گوتارە چەقبەستووە کلسگرتووەکان. لێرەوە ئەم ژینگە سیخناخە بە رق و کینە، ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ گەشەکردنی رەوتی عەقڵانی، کە رەوتێکە کار بۆ دامەزراندنی دیدگایەکی مرۆڤدۆستانەی کراوە دەکات، دوور لە هەر دیدێکی مەزهەبی و تائیفی و رەگەزپەرستی.

بەڵام لەگەڵ ئەم هەمو تەنگی و خنکان و نائومێدییە بەردەوامانەدا، هەندێک هەوڵی جدیی هەیە، بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی ناتەواوییەکە (خەلەلەکە) و بنکۆڵکردنی ئەو دیاردانەی هۆکارن بۆ دواکەوتنی ژیاریی. ئەوەی نووسەر و توێژەری سوری هاشم ساڵح، ئەنجامیدەدات، لە میانەی بەرهەمە بەپێزەکانی و بەشدارییە فیکرییە بەردەوامەکانی، لە کۆڕبەندە جیهانی و عەرەبییەکان و خوێندنەوە قووڵەکانی بۆ قەیرانە ئاوێتەییەکانمان، کۆمەک و پاڵپشتییەکە بۆ پرۆژەی رۆشنگەریی عەرەبی، چەمکە مەعریفییەکان دەبەخشێت بەو پرۆژەیە و دیاردەکانی داڕمان و چەقبەستنی فیکریی ئاشکرا دەکات. هاشم ساڵح حاڵەتی سڕبوونی عەقڵیمان، دەخاتە بەردەم فیکری ئەوروپی. فیکرێک وزە و زیندوویەتی خۆی، لە دەستپێکە تازەکانی و توانای بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی داخرانە تاریکەکان و کەڵەکەبووە لەکارکەوتووەکان، وەردەگرێت. بەمەش لەسەر ئاستی فیکریی، هیچ بوارێک ناهێڵێتەوە بۆ پشتگوێخستنی، ئەو ماوە زەمەنییە دوور و درێژەی، ئێمە لەوان جیادەکاتەوە.

بەم دواییانە، کتێبێکی تازەی هاشم ساڵح، بەم ناونیشانە بڵاوبووەتەوە “بۆچی جیهانی عەرەبی دەسوتێت؟”، لەبڵاوکراوەکانی دەزگای (المدی)یە، سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە و ئەو تایبەتمەندیانەی ئەم کتێبە لەخۆیدەگرێت، بە بەراورد کردنی لەگەڵ کتێبە زۆر و زەوەندەکانی پێشتری، ئەم چاوپێکەوتنەمان لەگەڵی سازکرد.

*ئایا دەتوانیت پوختەیەکی کورتی ناوەرۆکی ئەم کتێبە نوێیەتمان بۆ باس بکەیت: بۆچی جیهانی عەرەبی دەسوتێت؟

-بەڵێ. سەرەتا دەمەوێت سوپاسی مامۆستا فەخری کەریم بکەم، کە یەکێکە لە رابەرانی رای گشتی و رۆشنگەریی فیکریی لە جیهانی عەرەبیدا، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە، لە دەزگای المدی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. من بە تایبەتی ئەوە دەڵێم، چونکە کتێبەکە قەبارەیەکی گەورەی هەیە و چاپکردنی زەحمەت و تاقەتپڕوکێنە. ئەمە قەبەترین کتێب و لەوانەیە گرنگترین کتێبیش بێت کە تا ئێستا، دەرفەتی بڵاوکردنەوەیم بۆ رەخساوە. هەروەها دڵخۆشم بەوەی ئەمە یەکەمجارە، کتێبێکی من لە عێراق بڵاودەبێتەوە. ئەوەی زۆر دڵخۆشی کردووم، بەرگی کتێبەکەیە. هەستدەکەم بەرگێکی جوانە و تەواو لەگەڵ ناوەرۆکی کتێبەکەدا گونجاوە. ئەمە سەبارەت بە لایەنی شێوە و دیزاینی کتێبەکە.

هەرچی پەیوەندی بە ناوەرۆکی کتێبەکەوە هەیە، ئەوا لە کۆمەڵێ بابەت پێکهاتووە، هەندێکیان پێشتر بڵاوکراونەتەوە و هەندێکی دیکەیان تازەیە و؛  لێرەدا بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە. لەوانە: قەیرانە گەورەکە کە لە ئێستادا خەوی لە جیهان زڕاندووە: تیۆلۆژیای تەکفیریی یان تەکفیری تیۆلۆژیا لە ئیسلامدا. من لە ساڵی 2019، پوختەیەکی کورتی ئەو باسەم، بە زارەکی لە کۆنگرەیەکی گەورە، لە بارەگای یۆنسکۆ لە پاریس خستەڕوو. بەڵام لەم کتێبەدا، زۆر بەرفراوانم کردووە و پێشتر بە زمانی عەرەبی، لە هیچ شوێنێکدا بڵاونەکراوەتەوە. ئەم بابەتە بەشی دووەمی کتێبەکە پێکدەهێنێت. هەروەها بەشی سێیەمی کتێبەکەش تازەیە: ئایا بێ شۆڕشێکی ئاینی، سەرهەڵدانێکی راستەقینەی عەرەبی دێتەئاراوە؟ بە هەمان شێوە بەشی چوارەمیش: لە ئەبو زەبی، ئیسلام و مەسیحی، یەکتر لە ئامێز دەگرن. بەشی پێنجەم:  لە ئەدۆنیسەوە بۆ ئارکۆن یان بە پێچەونەوە. بەشی شەشەم: گفتوگۆیەکی گەرم لەگەڵ نیتچە و هیگڵ و قسەی کۆتایش بۆ ئەفلاتون-ە. بەشی حەوتەم: لە نیسەوە بۆ بەرشلۆنە: جەنگی رۆشنگەریی عەرەبی خەریکە دەستپێدەکات. هەمو ئەو بەشە گەورانە، تازەن و لێرەدا بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە. سەرباری ئەوانە، کتێبەکە چەندین ناونیشانی تازەی دیکەش لەخۆدەگرێت، وەک مشتومڕێکی هێمن لە چاخانەیەکی پاریس، یان تیۆلۆژیای تەکفیر و تەقینەوە دەگاتە پاریس، یان بانگەوازێک بۆ برا ئازیزەکانم لە ئەهلی سونە و جەماعەت، یان کەی بۆ یەکەمجار ئەدۆنیس-م بینی؟…هتد.

بەڵام تەنانەت ئەو بابەتانەش کە پێشتر بڵاوکراونەتەوە، دەستکاریی زۆربەیانم کردووە، هەم پوختتر و باشترم کردوون، هەم کەم تا زۆر، بۆم زیاد کردوون. ئەمەم بە تایبەتی بۆ بەشی یەکەم ئەنجامداوە: لە سەردەمی ڤۆڵتێرەوە بۆ سەردەمی عەفیف ئەلئەخزەر. لێرەدا ئەم بەشە زۆر فراوانتر و قووڵتر کراوەتەوە. هەروەها نابێت ئەو چاوپێکەوتنە درێژەم لەبیربچێت لەگەڵ “رەزا غەنیم”، ئەویش چاوپێکەوتنێکی تازەیە و لە کتێبەکەدا بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێتەوە. بگرە تەنانەت ئەو چاوپێکەوتنەی دکتۆرە “ریتا فەرج” سازیکردبوو، لێرەدا فراوانتر و قووڵتر کراوەتەوە. بۆچی ئەم هەمو قسەیە دەڵێم؟ چونکە هەندێک هاوڕێ، پێیانوابوو کۆی کتێبەکە، بریتییە لە کۆکردنەوەیەکی هەڕەمەکی، بۆ وتارە پەرشوبڵاوەکانی پێشتر کە هیچ شتێک پێکەوەیان نابەستێت. ئەمە نە راستە و نە وردە، لەبەر ئەوە پێویست بوو ئاماژەی پێبدەم.

*تۆ دەڵێت رۆشنبیران، نەیانتوانیوە پێشبینی تەقینەوەکان یا گڕگرتنەکان بکەن، کە لە جیهانی عەرەبیدا روودەدات. ئایا ئەمە وا دەخوازێت، پێویستە پێداچوونەوە بە رۆڵ و وەزیفەی رۆشنبیردا بکەین؟

-بەڵێ. ئەو پرسیارەی لە رابردوودا و لە ئێستاشدا لەخۆمی دەکەم، ئەمەیە: بۆچی رۆشنبیرانی عەرەب، پێشبینی تەقینەوە کەلەپوورییە گەورەکانیان نەکردووە، کە بەم دوایانە روویاندا و تەڕ و وشکیان پێکەوە سووتاند؟ بۆچی چاوپۆشییان، لە مەترسی گروپە تەکفیرییەکان کرد، ئەو گروپانەی دونیایان وێران کردووە و چی خراپە هەیە ئەنجامیانداوە و بوونەتە هەڕەشە، لەبەردەم پێکەوە ژیانی برایانە و ئاشتیانەی، نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی یەک کۆمەڵگا؟ وەڵامی من بۆ ئەو پرسیارە، ئەمەی خوارەوەیە: چونکە ئەوان زیاد لە پێویست بە ئایدۆلۆژیکراون. بەئایدۆلۆژیکردنی سیاسەت و دروشمە دیماگۆکییەکان، کوێری کردوون و ناتوانن واقع وەک خۆی ببینن. ئاشکرایە ئایدۆلۆژیا بۆ خۆی، سروشتێکی پاوانخوازیی هەیە: بەو مانایەی عەقڵت لێدەبات و دەست دەگرێت بەسەریدا. ئیدی واتلێدەکات، نەتوانیت واقیع بە هەمو پێکهاتەکانی و ئاڵۆزییەکانییەوە، ببینیت. ئا ئەمەیە بەئایدۆلۆژیاکردنی مێگەل یان جەماوەر، وەک ئەوەی گۆستاف لۆبۆن، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا: سایکۆلۆژیای جەماوەر، باسیدەکات.

ئاشکرایە جیاوازییەکی بنچینەیی هەیە، لە نێون فیکری ئایدۆلۆژی یان فیکری بە ئایدۆلۆژیکراو/ لەگەڵ فیکری زانستی و واقیعی بەرپرسیار. من لێرەدا وەک چۆن ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی تووندڕەوی عەرەبی، تۆمەتبار دەکەم. بە هەمان شێوەش ئایدۆلۆژیای گەمژانەی کۆمۆنیست-یش بە تۆمەتبار دەزانم. خۆشبەختانە بەم دوایانە، واقیع، هەمو ئەو ئایدۆلۆژییە کوێرانەیەی راماڵی. ئەمە مانای وا نییە، ناسیۆنالیزمی عەرەبی، رەوایەتی نییە. بەڵام بەو مەرجەی، ناوەرۆکێکی مرۆییانەی کراوەی هەبێت، نەک ناوەرۆکێکی رەگەزپەرستانەی تەسکی هەبێت و رەقی لەوانی دیکە بێت، وەک کوردەکان لە خۆرهەڵات یان ئەمازیغییەکان لە خۆرئاوا.

*بە بەراورد بە کتێبەکانی پێشووتر، تایبەتمەندی ئەم کتێبە لە چیدایە؟

-هەموی ئەوەی تا ئێستا نەمتوانیوە بیڵێم، لێرەدا، لەم کتێبەدا وتوومە. ئەوەی لە کتێبەکانی پێشترمدا بوێری ئەوەم نەبووە بیڵێم، لێرەدا بوێری وتنیم هەبووە. هەوڵم نەداوە خۆم لە کێشە سەرەکییەکە بدزمەوە، کە هەنووکە جیهانی عەرەبی دەتەقێنێتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی بوومەتەوە و شتەکانم بە ناوی خۆیانەوە ناوناوە. مەبەستم لە کێشەکە، کێشە تائیفی و مەزهەبییەکەیە. بە درێژایی کتێبەکە، هیچ کارێکی دیکەم نەبووە، ئەو کێشەیە نەبێت. ئایا سەرکەوتو بووم لە چارەسەرکردنی یان شکستم هێناوە؟ ئەمە مەسەلەیەکی دیکەیە، زەمەن و خوێنەری عەرەب، وەڵامی دەدەنەوە. دوای روودانی ئەو هەمو وێرانکاریی و کوشتن و بڕینەی بە ناوی ئاین، یان راستتر بەناوی لێکدانەوەیەکی تاریکبینانەی ترسناک بۆ ئاین ئەنجامدەدرێت، چیتر بێدەنگی هیچ مانایەکی نەماوە. دوای بن لادن و زەرقاوی و بەغدادی و ئەلقاعیدە و داعش و دەیانی دیکە، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، راستەوخۆ بڕۆینە ناو کاکڵەی بابەتەکەوە! چیتر ناکرێت لەسەر ئەم کێشە ئاڵۆسکاوە، کە لەناوەوە هەناومانی داڕزاندووە، بێدەنگ بین.

مەبەستم لەو کێشەیە، فیتنە گەورەکەیە کە پێش 1400 ساڵ لەمەوبەر، یان کەمەکێک زیاتر، روویداوە. لەبەر ئەوە، بۆ یەکەمجارە بوێری ئەوەم هەبوو، زۆر راشکاوانە و بە ڕوونی، قسەی لەبارەوە بکەم، بێ پێچ و پەنا و هێنان و بردن. ئەمە ئەو فیتنەیەیە کە تا ئەم چرکەساتەش، نەمانتوانیوە شوێنەوارەکانی یان عاقیبەتەکانی بەجێبێڵین. ئەوە کەلێنێکە لە مێژوویەکی دوور و درێژ. فیکری عەرەبی لە ئێستادا، ناتوانێت بە شێوەیەکی راست و دروست، دەستنیشانی بکات، ئەمە چ جای ئەوەی چارەسەری بکات. چونکە یا ئەوەتا فیکرێکی تەقلیدی کۆنی سەدەکانی ناوەڕاستە، یا ئەوەتا فیکرێکی رووکەشانەی زیاد کە پێویست بەسیاسیکراو و بە ئایدۆلۆژیکراوە. ئاشکرایە ئێمە پێویستمان بە فیکرێکی دیکەیە کە هێشتا روناکی بەخۆیەوە نەبینوە. ئەم فیکرەی دیکە، ئەوەیە من لێرەدا هەوڵدەدەم هێڵە پانەکانی بکێشم، ئەویش لە میانەی خستنەڕووی کێشەی تیۆلۆژیای تەکفیکریی یان تەکفیری تیۆلۆژیی لە ئیسلامدا. پاشان لە میانەی جەختکردنم لەسەر مەسەلەی رۆشنگەریی عەرەبی، بەو پێودانگەی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ کێشەکە.

کێشەی تەکفیر و دژەکەی رۆشنگەریی، ساڵی رابردوو، لە کۆنگرەیەکی گەورەی یۆنسکۆ، سەبارەت بە ئیسلام لە سەدەی بیست و یەکدا (26-27 شوباتی 2019)، قسەمان لەبارەیەوە کرد. لەوێدا سەبارەت بەم مەسەلە زۆر هەستیارە، بە زمانی عەرەبی، بابەتێکم پێشکەش کرد. لێرەدا و لە ناوەرۆکی ئەم کتێبەدا، هەمان بابەتم جێگیرکردووە، بەڵام دوای ئەوەی تا پێمکراوە، فراوانتر و قووڵترم کردووەتەوە، وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەم پێدا. هەمو ئەوەی دەتوانم لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە من ئەم بابەتەم، لە هەمو لایەکییەوە شەن و کەو کردووە،. چی توانای خۆم هەبوو، هەمویم خستەگەڕ، تاکو ئەو ئاستەی بابەتەکە بەدەستمەوە هیلاک بوو. پاشان کەوتمە بەراوردکردنی فیتنە گەورەکەی لای ئێمە، لەگەڵ ئەو فیتنە گەورەیەی لەوێ، لای مەسیحییەکان روویدا، لە نێوان هەردوو مەزهەبە گەورەکەی مەسیحییەت: مەزهەبی کاسۆلیک و پرۆتستانت. ئەو دوو مەزهەبە گەورەیەی ئەوان، لای ئێمە بەرامبەرە بە هەردوو مەزهەبە گەورەکەمان سونە و شیعە. بەراوردکاریی بنەمای مەعریفە و تێڕوانینە، بە دژەکانی ئەو بەراوردکردنە، شتەکان دەردەکەون و باشتر رووندەبنەوە. لەم بوارەدا، سود وەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی پێشکەوتوو، خراپ نییە. چونەکە ئەوانیش، بە چاوی خۆیان، ئاگری مەزهەبی و جەنگە ناوخۆییەکانیان بینی و تابڵێی بەدەستییەوە تەوەلا ببوون. بەڵام ئەوان دواجار، لە رێگەی فیکری مەزنی رۆشنگەرییەوە، لێیدەرچوون و رزگاریان بوو.

لێرەوە سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەلانی پێشکەوتوو، زۆر سودبەخش و زەرورییە. ئەو پرسیارانەی لێرەدا خۆیان دەخەنەڕوو، بریتین لەمانە: ئەوان چۆن چۆنی کێشەکەی خۆیان چارەسەر کرد، کەچی ئێمە ناڵێم چارەسەری بکەین، بەڵکو ناتوانین تەنانەت لانی کەم، بە شێوەیەکی راست و دروست، دەستنیشانی بکەین؟ ئەوان چۆن و بە چ شێوەیەک، توانییان دەوڵەتێکی مۆدرێن دامەزرێنن، تێیدا هەموان لە رووی هاوڵاتیبوون و ماف و ئەرکەکانەوە یەکسانن. بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە ئەوە بکەین؟ پاشان و بە شێوەیەکی دیاریکراو: ئەوان چۆن توانییان دابەشبوونە مەزهەبییە وێرانکەرەکە تێپەڕێنن و یەکێتییەکی نیشتیمانی جێگریان پێکهێنا، کەچی ئێمە نەمانتوانیوە؟ ئا لێرەدا جیاوازیی مێژوویی نێوان عەرەب و خۆرئاوا دەردەکەوێت.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، ئێمە لەسەر رێچکەی رۆشنگەریی و پێشکەوتن و گەشەکردن ناڕۆین. وەلێ پێویستە ئەوە بزانین، ئەوەی ئەوان لە ماوەی سێ سەدەدا بەدەستیانهێنا، ئێمە ناتوانین لە ماوەی سێ ساڵدا بەدەستی بێنین! کەواتە با کات بدەین بە کات، تاکو هەلومەرجەکە پێبگات و گۆڕانکاریی ببێتە ئەگەرێکی مومکین. پێویست ناکات لە رێگەی هەڵەشەیی و پەلەکردنەوە “چێشتەکە بسوتێنین”. چونکە جەنگی رۆشنگەریی عەرەبی کە بەڕێوەیە، ئاسانتر نییە لە جەنگی رۆشنگەریی ئەوروپی، کە فەیلەسوفە گەورەکانیان، لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمەوە، پێیهەستان. نا نەخێر، جەنگی رۆشنگەریی عەرەبی، گەشتێکی خۆش نییە بەنێو دۆڵێکی پڕ لە گوڵ و گوڵزار، هەرگیز گەشتێکی ئاسان نییە. بگرە بریتییە لە ژانێکی سەخت، دژوار، دوور و درێژ. چونکە دڕندەیی و مەترسی فێندەمێنیتاڵیزمی ئیسلامی، هیچی لە دڕندەیی و مەترسی فێندەمێنیتاڵیزمی مەسیحی کەمتر نییە. ئەوەی لای ئێمەش، لە مێشک و دڵ و دەرونی خەڵکیدا، رەگی داکوتیوە و جێگیربووە، وەک جێگیربوونی شاخەکان. دواجار دەڵێم: حاڵی حازر جەنگی جەنگەکان، دایکی جەنگەکان، دەستی پێکردووە: مەبەستم جەنگی رۆشنگەریی عەرەبییە، واتە جەنگی یەکلایکردنەوەی خود دژ بە خود!

*بۆچی شۆڕشەکان تەنها بۆ ڕەهەندی سیاسی کورتدەکرێنەوە؟

-بەڵێ، قسەکەت راستە. ئەوەی روویدا، خۆپیشاندانەکان یان شۆڕشەکان، کورتکرانەوە بۆ رەهەندی سیاسی. رەوایەتی ستەمی سیاسی و رژێمە پۆلیسییەکان، لەلایەن رۆشنبیرانەوە، سەرکۆنە و پرۆتستۆ کران. بەڵام سەرکۆنە و ئیدانەیەکی روون و ئاشکرای ستەمی ئاینی نەکرا. واتە ئیدانەی گروپە تەکفیرییەکان نەکران کە مەترسییان کەمتر نییە، ئەگەر زۆر زیاتر نەبێت. لەبەر ئەم هۆکارەیە، بەهاری عەرەبی شکستیهێنا و رەوایەتی و راستگۆیی خۆی لەدەستدا. دەبینین ئەوان، واتە رۆشنبیران، ئیدانەی رێکخستنەکانی ئیسلامی سیاسی ناکەن، بۆ نمونە وەک ئیخوان موسلمین و گروپە پێشەنگە بکوژەکان. بگرە تەنانەت ئیدانەی داعش-یش ناکەن! خۆ ئەگەر ئیدانەشیان بکەن، ئەوا لە بن لێویانەوە و تاڕادەیەک بە ناچاری و پێناخۆشبوونەوە دەیکەن. من کاتێک ئەمە دەڵێم، بیر لەو رۆشنبیرە ناسراوانە دەکەمەوە کە لە پاریس یان لەندەن یاخود لە پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا دەژین. ئەوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن، گوایە تێکۆشەری رێگای ئازادی و کەرامەتن. بگرە لە پێناو دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشن! کەچی یەک وشە چییە، دەربارەی تائیفییەت یان مەزهەبییەت ناڵێن کە لەسایەی ئەوەی پێیدەوترێت بەهاری عەرەبی، تا بڵێی گەشەیان کردووە و بووژاونەتەوە. هەمو ئەو رۆشنبیرانە یان ئەو چالاکوانە سیاسییانە، چاوی خۆیان لە ئاست، ستەمی تیۆلۆژیای ئاینی نوقاندووە. لە روانگەی دیدی منەوە، ستەمی ئاینی، مەترسیدارترین جۆری ستەمە، چونە لە تێڕوانینی گشتیدا، رەوایەتی لە ئاسمانەوە وەرگرتووە. ئەمە بوو، فەیلەسوفانی رۆشنگەریی ئەوروپا، لەدژی راوەستان. چونکە ئەوان، زۆرباش دەرکیان بەوە کردبوو، لەسایەی ئەو ستمە دینی و هەژمونەی بەسەر عەقڵ و رۆحدا هەیبوو، هیچ مانایەک بۆ ئازادی و دیموکراسی نەمابوەوە. ئەوە ئەو ستەمە ئاینییە بوو، رەوایەتی ئیلاهی بەخشیبووە دەوڵەتە کۆنەکەی تیۆلۆژیای سەدەکانی ناوەڕاست. لە هەمان کاتدا، رێگربوو لە دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی عەلمانی مۆدرێن، دەوڵەتێک لەسەر بنەمای تائیفی یان مەهەبی، مامەڵەی لەگەڵ هاونیشتیمانییەکانیدا ناکات. وەک ئەوەی دەوڵەتی تیۆلۆژیای ئاینی، بە زەق و زۆپی و بە ئاشکرا دەیکات.

لێرەوە تێناگەم بەهارێکی عەرەبی، یوسف قەرزاوی یان راشد غەنوشی، رابەرایەتی بکات، چۆن دەبێت بە بەهار! هەروەها تێناگەم رۆشنبیرانی عەرەب، بۆچی و لەپای چی، لەبەردەم ئیخوان موسلمین، کزۆڵە و ملکەچن. کەچی لە هەمانکاتدا، بانگەشەی مۆدێرنە و تازەکردنەوە و خوێندنەوەی هیگڵ و مارکس دەکەن! ملیان بۆ رێکخستنە ئیخوانچییەکان شۆڕکردووە و دروشمی ئازادی و دیموکراسی-شیان بەرزکردووەتەوە! ئایا گروپە تەکفیرییەکان، کە پێکەوەژیانی کۆمەڵگایەک، لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دەتوانێت ببێت بە بەهارێکی عەرەبی؟ لەم کتێبەدا، هەوڵمداوە روبەڕووی هەمو ئەوانە ببمەوە.

*ئایا بە شێوەیەکی گشتی، وا لە قسە و شیکردنەوەکانت تێبگەین، لێکدانەوەی عەقڵانی بۆ تێکستە ئاینییەکان، روونادات، پێش دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی چاکسازیی، لەناوەوەی دەزگای ئاینی یان دەزگای تیۆلۆژیی؟

-نا، نا، دەزگایەکی تیۆلۆژیی تەقلیدی وەک ئەزهەر و هاوشێوەکانی، ناتوانن ئەو چاکسازییە ئەنجامبدەن کە دەمانەوێت. ئەمە لە مەحاڵ مەحاڵترە. دروستکەری کێشە، ناتوانێت چارەسەری کێشەکە بکات. بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابین، ئەوەندە بەسە سەیرێکی ئەو ململانێ شاراوە و نادیارە بکەین کە لە نێوان شێخی ئەزهەر لەلایەک، لەگەڵ سەرۆکی رۆشنگەریی میسر عبدالفتاح ئەلسیسی لەلایەکی دیکە بکەین.  هەروەها نابێت ئەو بەرکەوتنە توند و نەزۆکەی شێخی ئەزهەر، لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی قاهیرە دکتۆر محەمەد عوسمان ئەلخشت، لەبیربکەین. دەبینین شێخی ئەزهەر کەسێکە، تەنانەت ناتوانێت تەکفیریی داعش-یش بکات! لەبەر ئەوە، کەسێکی وەک ئەو، چۆن دەتوانێت چاکسازیی ئاینی ئەنجامبدات؟ نەخێر، هیچ خێرێک لەم دەزگا ئاینییە کۆن و پوارتکاوەدا نییە کە زەمەن بەجێیهێشتووە و باوی نەماوە. بۆچی؟ چونکە بە تەواوەتی لەژێر هەژموونی عەقڵیەتی تاریکبینی سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەکانی پاشەکشەیە. بەراوردی خوێندنی پەروەردەی ئیسلامی لە ئەزهەر، لەگەڵ خوێندنی پەروەردەی مەسیحی، لە پەیمانگای کاسۆلیک لە پاریس یان کۆلێژی تیۆلۆژیای پرۆتستانتی لە ستراسبۆرگ، بکە. جیاوازییەکەیان وەک جیاوازی نێوان ئەرز و ئاسمانە، بگرە هەر ناکرێت بەراوردیان بکەین. لێرە، واتە لە بەرەی مەسیحییەت، رێز لە عەقڵت دەگرن، کەچی لەوێ، رەتیدەکەنەوە. لێرە، لەبەر رۆشنایی تازەترین چەمکی زانستی و مێژویی و فەلسەفیی و دوای قۆناغی چاکسازیی و رۆشنگەریی فەلسەفی، قسە لە ئاین دەکەن. کەچی لەوێ، واتە لە حاڵەتی ئیسلام، بە جۆرێک قسە لە ئاین دەکەن، وەک ئەوەی میلی کاتژمێرەکە راوەستابێت و نەسوڕێتەوە، یان وەک ئەوەی لە ماوەی هەزار ساڵ لەمەوبەر تا رۆژی ئەمڕۆ، لە کایەی مەعریفەی ئاینی و توێژینەوەی ئاینی و تێگەیشتن لە ئاین، هیچ شتێک رووینەدابێت. ئەوان تا ئێستاش، لە بەردەم چرکەساتی شافعی و غەزالی و ئەشعەری و فەتواکانی ئیبن تیمە…هتد راوەستاون. من زۆر چێژ لە خوێندنەوەی تیۆلۆژیستە گەورەکانی مەسیحی وەردەگرم، لە نمونەی هانز کۆنگ و ئەوانی دیکە. کاتێک بەرهەمەکانی ئەوانە دەخوێنمەوە، وەک ئەوە وایە بەرهەمی فەیلەسوفەکان دەخوێنمەوە، نەک بەرهەمی پیاوانی ئاینی. ئەوان دید و بڕوا ئاینییەکانی خۆیان، لەسەرەوە و بە زۆری زۆرداری و بە تۆپزی، ناسەپێنن بەسەرتدا. وەک ئەوەی شێخەکانی ئیسلام دەیکەن و تا ئێستاش، لە تەوقی سەریانەوە تاکو بنی پێیان، نوقمی عەقڵیەتی سەدەکانی رابردوون.

پێویستە ددان بەم راستییە تاڵەدا بنێین: زۆر بەداخەوە، ئێمە تا بڵێت دواکەوتووین، نەک تەنها لە زانستی فیزیا و بایەلۆژیی و تەکنەلۆژیادا، بەڵکو بە شێوەیەکی تایبەت لە زانستی ئاینیشدا دواکەوتووین. بەڵام بەپێچەوانەوە وا هەست دەکەین لە زانستی ئاین تێگەیشتووین! کەچی تا ئێستاش، فیکرێکی تازە دەربارەی ئیسلام بوونی نییە. ئەو شتەی بوونی هەیە و جێگیر و رەگداکوتاوە، بریتییە لە فیکری تەقلیدیی تائیفی یان مەزهەبی کۆن کە بەدرێژایی چەندین سەدەیە، جووینەوەی بۆ دەکرێت و دووبارە دەبێتەوە. ئەمە ئەو فیکرەیە تا هەنووکەش لە ئەزهەر یان لە کۆلیژەکانی شەریعەت و پەیمانگا تەقلیدییەکانی ئاین کە لە ژماردن نایەن و ساڵانە بە سەدان و هەزاران فێندەمێنیتاڵیست بەرهەمدەهێنن، دەخوێنرێت و دەوترێتەوە. ئەمە با قوتابخانە تاریک و پڕ زوڵمەتەکانی تالیبان، لەولاوە بووەستێت. شتێکی ترسناکە. مادام ئەم خوێندنە ئاینییە کۆنە، باڵادەست و رەگداکوتاوە، بۆیە نە چارەسەر هەیە و نە رزگاربوون.

لە جیهانی عەرەبیدا، رۆشنگەرییەکی بەهێز رووینەداوە، وەک ئەوەی لە ئەوروپا روویدا. هەروەها فەیلەسوفانی گەورە و مەزنیش دەرنەکەوتوون، شان لە شانی ئەوانەی ئەوروپا بدەن، لە نمونەی دیکارت و سپینۆزا و ڤۆڵتێر و دیدرۆ و جان جاک رۆسۆ و کانت و هیگڵ و نیتچە و پۆل ریکۆر و هانز گۆنگ لەم سەردەمەی ئێستاماندا. ئەوە ئەو فەیلەسوفانە بوون، ئەوروپایان لە تاریکی سەدەکانی ناوەڕاست دەرهێنا و ئەوروپایان خستە بەردەم، رۆشناییەکانی سەدەکانی مۆدێرنە. ئیدی لەو کات و ساتەوە، دەوڵەتی مەدەنی و ئازادیی و دیموکراسی و فیکرەی یەکسانی لە هاوڵاتیبووندا، بووە کارێکی کردەیی. لە جیهانی عەرەبیدا، هیچ فیکرەیەکی عەقڵانی لەسەر ئاین نییە. هیچ نییە تەنها فیکرە کۆنەکە نەبێت کە بۆمان ماوەتەوە. کەس ناتوانێت لە دوورییەکی دیاریکراوەوە، لەبەرامبەر ئەو بیروباوەڕە ئاینییانە راوەستێت، کە لەگەڵ شیری منداڵیدا خواردویەتییەوە، تاکو راستییەکانی چۆنە، ئاوا بە راستی و دروستی بیانبینێت. کەس بوێری ئەوە ناکات، رەخنە لەو عەقیدە دۆگمایانە بگرێت کە هەر لە منداڵییەوە، لەلایەن تائیفەکەی یان ئاینەکەی یاخود مەزهەبەکەی، وەریگرتووە و دەرخواردی دراوە. ئەمە مانای ئەوە نییە، من بانگەشەی پەلاماردانی ئیسلام و بیروباوەڕە ئاینییەکان دەکەم! ئیسلام یەکێکە لە ئاینە گەورەکانی مرۆڤایەتی. پڕە لە گەنجینەی زانستی و ئەزموون و پەند و رەوشت بەرزیی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنێکی تاریک و نیگەرانکەری هەیە کە هەمو جیهانی تۆقاندووە: واتە فەتواکانی تەکفیر و جیهاد و جەنگ و لێدان و بڕین. جگە لەوانە، کەلەپووری ئیسلامی، تا ئێستاش، بە پێچەوانەی کەلەپووری مەسیحی لە ئەوروپا، بە شێوەیەکی زانستی نەخوێنراوەتەوە. کتێبخانەی فەرەنسا، هەزاران کتێب لەخۆدەگرێت، لەو کتێبانەدا، دیدێکی مێژویی و زانستی و فەلسەفی، بۆ خوێندنەوەی مەسیحییەت خراونەتەڕوو. ئەی دەبێت لە کتێبخانەی ئینگلیزی یان ئەڵمانی چی هەبێت؟

گومانی تێیدا نییە، دێرەکان و کڵێساکان، پڕن لە کتێبی پیاهەڵدان و نەریتخواز. ئەم جۆرە کتێبانەش رەوایەتی خۆیان هەیە. بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا، کتێبگەلێکی رۆشنگەریی رەخنەیی نایاب، بۆ رەخنەگرتن لە عەقیدەی مەسیحی هەیە. وەلێ لای ئێمە، دەربارەی ئیسلام، تەنها کتێبی پیاهەڵدانی نەریتخواز هەیە. ناتەواوییە ترسناکەکەی، کتێبخانەی عەرەبی ئا لێرەدایە. شۆڕشی راستەقینە روودەدات، یان بڵێ بەهاری عەرەبی راستەقینە، ئەو کاتە روودەدات، کە کتێبی تازە سەبارەت بە ئیسلام دەردەچێت، هاوئاستە لەگەڵ ئەو کتێبانەی سپینۆزا و ڤۆڵتێر و رۆسۆ و کانت و رێنیان و …هتد، دەربارەی مەسیحییەت بڵاویانکردووەتەوە. سەروەختێک تاقە کتێبێک دەربارەی ئیسلام دەردەکەوێت و مانای هەبێت، چپڵەی بۆ لێدەدەم و بێ چەند و چوون لەبەردەمیدا دەچەمێمەوە و دەڵێم بە راستی بەهاری عەرەبی دەستی پێکردووە. ئا ئەمە، تەنها پێودانگێکە بۆ روودانی گۆڕانکاریی راستەقینە لە جیهانی عەرەبی. ئەمە ئاماژە گەورەکەیە، بەوەی مێژوو دەستی بە شڵەقان کردووە. وەلێ پێویستە ئەو شڵەقانە مێژووییە، نەک بە تەنها لە جیهانی عەرەبیدا رووبدات. بەڵکو پێویستە لە جیهانی کوردیی و تورکی و ئێرانی و پاکستانی-ش رووبدات. واتە لە سەرتاپای جیهانی ئیسلامیدا رووبدات.

هیوادارم تاقە کتێبێک سەبارەت بە ئیسلام دەرکەوێت، هاوئاست بێت لەگەڵ کتێبەکەی سپینۆزا: وتارێک دەربارەی تیۆلۆژیای سیاسی کە روناکییەکی رەخنەیی پرشنگدار، دەخاتە سەر بیروباوەڕەکانی یەهودییەت و مەسیحییەت. ئومێدەوارم تاقە کتێبێک سەبارەت بە ئیسلام بڵاوببێتەوە، هاوشانبێت لەگەڵ کتێبەکانی جان جاک رۆسۆ یان ڤۆڵتێر لەسەر مەسیحییەت. هیواخوازم تاقە کتێبێک سەبارەت بە ئیسلام بڵاوببێتەوە، شان لە شانی کتێبەکەی کانت بدات: ئاین تەنها لە سنوری عەقڵدا. هەمو ئەو کتێبانە، پێش دوو سەد یان سێ سەد ساڵ لەمەوبەر بڵاوبوونەتەوە! ئەی سەبارەت بە کتێبەکەی ئارنست رێنان چی بڵێین کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم دەرکەوت و هەرایەکی گەورەی نایەوە. چونکە بۆ یەکەمجار، میتۆدیی مێژوویی بەسەر مەسیحییەت و ژیانی مەسیحدا جێبەجێ کرد. ئەمە با ئەو کتێبانەی دیکە لەولاوە راوەستێت کە لە سەدەی بیست و بیست و یەکدا دەرکەوتن و باس لە تازەکردنەوەی تێگەشتن لە مەسیحییەت دەکەن، لەبەر رۆشنایی سەردەم و دۆزینەوە زانستییەکاندا؟ لە خۆرئاوا، هەمو کاتژمێرێک، تازەکردنەوەی ئاین بەردەوامە. کەچی چەقبەستنی فیکری ئاینی لە جیهانی عەرەبی، لە هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئەم کاتەی ئێستاش، هەر بەردەوامە.

لێرەدا یەک حاڵەتی ئاورتە هەیە، ئەوەیش ئەمەیە: تازەکردنەوەی فیکری ئیسلامی بە راستی روویداوە. بەڵام نە لە جیهانی عەرەبی و نە لە جیهانی ئیسلامیدا نییە. بەڵکو لە جیهانی خۆرئاوای ئەوروپا- ئەمریکادایە. رۆژانە ئەو تازەکردنەوەیە لە زانکۆکانی وەک سۆربۆن و شیکاگۆ و برنستۆن و… هتد روودەدات. لەوێ ئازادی بیرکردنەوە لە ئاین، بوونی هەیە و فەراهەمکراوە. بەڵێ تازەکردنەوەی ئیسلام روویداوە. وەلێ بە زمانی عەرەبی نا، بەڵکو لە زمانە خۆرهەڵاتناسییە گەورەکانی وەک فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستاش قسەی سووک بە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتناسی دەڵێن، کە لە رێگەی ئەوانەوە بۆ یەکەمجارە، میتۆدی مێژوویی، بەسەر کەلەپوری ئیسلامیماندا پراکتیزە بکەین. لێرەوە لەبری ئەوەی ئێمە سوپاسیان بکەین، قسەیان پێدەڵێین و نەفرەتیان لێدەکەین و جامی رق و کینەی خۆمان، بەسەر ئەواندا قڵپدەکەینەوە. وای لەو نەتەوەیەی، نەتەوەکانی دیکە، بە دواکەوتن و نەزانینی پێدەکەنن.

بەم دوایانە لە پاریس، کتێبێکی ئینسایکلۆپیدیایی و دەستەجەمی قەبارە گەورە، بە سێ هەزار لاپەڕەوە، سەبارەت بە قورئان بڵاوکرایەوە: قورئانی مێژوونووسان. لەو کتێبەدا دۆزینەوەی سەرسوڕهێنەر هەیە، سەبارەت بە کتێبی دامەزراندنی ئیسلام، کێ گوێی لێ بووە؟ لەوەش گرنگتر: کێ بوێریی ئەوەی هەیە وەریگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی؟ بەڵێ تازەکردنەوەی ئیسلام، بە شێوەیەکی نایاب بوونی هەیە. بەڵام لەسەر دەستی گەورە خۆرهەڵاتناسە ئەکادیمییەکان، نەک لەسەر دەستی رۆشنبیرانی عەرەب کە نوقمی ئایدۆلۆژیا ئاسانەکان و دیماگۆگییەکان بوون.

 

 

سەرچاوە

سازدانی: گەیلان محەمەد

٨-٩-٢٠٢٠، almadapaper.net

ناردن: