مەکیاڤیلی بۆ هاوچەرخان

و. لە فارسییەوە: ڕێبین هەردی

مرۆیی و مرۆڤایەتی

١- ئەو کەسەی دەیەوێت ئەوانی دی هەرچی دەزانن پێی بڵێن، دەبێت خۆی هەرچی دەزانێت بەوانی دی بڵێت، چونکە باشترین ڕێگەی بەدەستهێنانی هەواڵ، هەواڵدانە.

بەرنامەی کار بۆ رافائیل جیرۆلامو

٢- کەسێک لێزانانە پرسیار دەکات، سەرنجی ئێمە بۆ زۆر شت ڕادەکێشێت و ڕێگەمان دەدات زۆر شت بناسین کە گەر پرسیاریان لێ نەکردینایە . هیچکات ئارەزوویمان نەدەکرد.

هونەری جەنگ، کتێبی یەکەم

٣- کەسێک بەردەوام و بێ وەستان قسە دەکات، گوێگرێکی خراپە.

خر طلا، ترانە ٣

٤- مرۆڤەکان هەڵە دەکەن، لەبەرئەوەی ناتوانن ئامانجێک بۆ هیواکانیان لەبەرچاو بگرن. پشت بەستن بەم هیوایانە بە بێ سەرنجدان لە تواناکانیان، وێرانیان دەکات.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی دووهەن، فەسلی ٢٧

٥- زۆرجار لەدۆخی ئەنجامدانی کارێکدا  ڕێگەچارەیەک دەدۆزینەوە کە ئەگەر بێکار دەماینەوە، هیچکاتێک پێی نەدەگەیشتین.

مێژووی فلۆرانس، کتێبی ٤

٦- ئێمە کاتێک لە زوربەی شتەکان ڕادەکەین، خێراتر و بە مەترسی کەمترەوە بەدەستی دێنین، لەو کاتەی بە هێز و سەرسەختی تەواوەوە بە دوایەوەیەن.

مێژووی فلۆرانس، کتێبی دوهەم

٧- ئەو پیاوەی ڕاهاتووە بەوەی بەشێوەیکی تایبەت کار بکات، هیچکات ناگۆڕێت، کاتێکیش سەردەمەکە دەگۆڕێت و چیدی لەگەڵ شێوازەکەی ئەودا ناگونجێت، کەسێکی وا بێ ئەوەی بیەوێت بەناچار رووی لەلەناوچوونە.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٣، فەسڵی ٩

٨- هەر پیاوێکی سەرڕاست دەتوانێت پەیمانێک بە دروستی ئەنجام بدات، بەڵام زەحمەتە بتوانێت پەیمانەکە ڕەزامەندانە بە کۆتای بگەیەنێت.

بەرنامەی کار بۆ رافائیل جیرۆلامو

١٠- چەند ماوەیەکی درێژتر بیر لە ترسناکترین بڕیارەکان بکەیتەوە، بە ناچاریەکی زۆرترەوە ئەو بڕیارانە دەدەیت.

مێژووی فلۆرانس، کتێبی دووهەم

١١- مرۆڤەکان زۆرجار ئەوەندە دەبەنگ و بێ عەقڵ دەبن کە دەیانەوێت ئەرکی بەرگریکردن لە یەکێکی دی لە ئەستۆ بگرن، لەگەل ئەوەشدا کە تەنانەت بەدوای بەرگری کردن لە خۆشیاندا نین.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٢، فەسڵی ١١.

١٢- زۆرترین زیان لەو شوێنانەوە بە مرۆڤەکان دەگات کە هیچ حسابێکیان بۆ نەکردووە.

هونەری جەنگ، کتێبی ٤.

١٣- کەسێک کە بە ئاسانی واز لە ئاسوودەیی خۆی لەبەر ئاسوودەی کەسانی تر بهێنێت، بەئاسانی خۆی دەدۆڕێنێت، بە بێ ئەوەی کەس سوپاسگوزاری بێت.

نامە بۆ فرانچیسکۆ و تتوری ١٠\١٢\١٥١٣.

١٤- هەموو ئەو برین و خراپیانەی مرۆڤ خۆبەخشانە وبە پاڵنەرێکی تایبەت بەسەر خۆیدا دەیهێنێت، چەند هێندە ئازاری کەمترە لەوەی کەسانی دی بەسەریدا دێنن.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ١. فەسڵی ٣٤

١٥- هیچ شتێک ئاسانتر لە بێ بڕوای دوژمن بە تۆ بەدەست نایەت

هونەری جەنگ، کتێبی ٤

١٦- لەهەر شوێنێک کەسانێکی زۆر بەشداربن، کەسانێکی زۆریش هەن بەرپرسیاریان لەسەر شانە.

ماندراگۆرا، پردە ٤، پەردەی ٦

خودناسی& خۆپەسەندی

١٧- زەحمەتە بەسەر کەسێکدا سەرکەوێت کە دەتوانێت تواناکانی خۆی و دوژمن بە باشی هەڵسەنگێنێت.

هونەری جەنگ، کتێبی ٧

١٨- ناسینی فەرماندەی دوژمن و هاوەڵەکانی و زانینی ئەوەی چەند سەرەرۆ یان خۆپارێز ، ترسنۆک یان ئازان، لەهەموو شتێکی دی گرنگترە.

هونەری جەنگ کتێبی ٤

١٩- نیشانەی دەرکەوتنی شکست هەمان بڕوانەبوونە بە توانای خۆت بۆ سەرکەوتن.

هونەری جەنگ، کتێبی ٤

٢٠- پیاوی زیرەک هەمیشە بەرجەستەترین پیاوەکان دەکاتە نموونەی خۆی و جێ پێی ئەوان هەلدەگرێت، نەک بۆ ئەوەی دواجار بەناچار بە مەبەستی ئەوان بگات، بەڵکو دەیەوێت هەرچی زیاتر لەوان بچێت. ئەو دەبێت هەمان ئەو کارانە بکات کە تیروکەوان هاوێژە لێزانەکان دەیکەن. کاتێک هەستدەکەن ئامانجەکەیان دوورترە لە توانای تیرەکانیان، و کەوانەکە بەرزتر دەگرن نەک لەبەرئەوەی تیرەکە بەرزتر لە ئامانجەکە بروات، بەڵکو بۆ ئەوەی تیرەکە رێک لە ناوچەوانی ئامانجەکە بدات.

میر، فەسڵی ٩.

٢١- زۆر دەگمەنە ئازارە تایبەتیەکان زیان بە تەندروستی هەمووان نەگەیەنێت.

مێژووی فلۆرانس، کتێبی ٥

٢٢- چەند جوان و شیرینە پیاهەڵدان بەسەر خەڵکێکی شایستەدا بە ڕاستگۆیانە، و چەندیش ناشرینە ڕووپامایی نابەجێ و هەلقولاوی خزمەتکاری.

مێژووی فلۆرنسا، پێشەکی نامچە

٢٣- ئێمە مافی ئەوەمان نیە دەست بۆ کارێکی خراپ بەرین لەو شوێنەدا کە میرانی بێ بەهرە لە عەقل و زیرەکی یان بێ توانا لە جیاکردنەوەی باش و خراپە، بتوانن بە زەحمەت لەبەرامبەریدا بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەمە کاری خەڵکانی روپامایکەرە کە لەدەرباردا بوونیان زۆرە. مرۆڤەکان شێتی کارێکن کە دەیکەن، و هێندە شەیدای بیروڕاکانی خۆیانن کە زەحمەتە خۆیان لەم تاعونە ڕزگار بکەن و بپارێزن.

میر، فەسڵی ٢٣

٢٤- ئەو کارانەی لەکاتی داڕشتنیاندا شتێک لە بەناوبانگبونیان لەگەڵدایە، کاتێک ئەنجامدەرێن هەمیشە دەبنە هۆی گەندەڵی.

مێژووی فلۆرنسا، کتێبی شەشەم

٢٥- بەڕێدا رویشن بە غروورەوە و دەرکەوتن بەمشێوەیە لەناو کۆمەڵدا، لەدیدی هەموو گەلێکەوە بە تایبەتی گەلێکی ئازادەوە، دزێوترین شتی مومکینە. لەگەل ئەوەشدا کە ئەم غرور و خۆبەشت زانیە هیج زیانێک بە کەس ناگەیەنێت، بەڵام ئەوان زۆر ڕقیان لە پیاوێکە کە هەڵگری ئەم سیفەتەیە. لێرەوە دەبێی میر خۆی لەم رێگرە سەختە بەدور بگرێت، چونکە وروژاندی ڕقی ئەوانی دی، بە بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆ کەسەکە تیا بێت، ساوێلەکەیی پەتی و کەم عەقڵی و بێ هودەییە.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٣، فەسڵی ٢٣

٢٦- مرۆڤ مەگەر خۆی هەڵخەڵەتێنێت گەر وابزانێت دەتوانێت بە خاکیبوون بەسەر غروردا سەردەکەوێت.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٢، فەسڵی ١٤

٢٧- ناونیشان و پۆستەکان شانازی بە پیاو نابەخشن، بەڵکو ئەوە پیاوە بایەخ بۆ ناو و پۆستەکان درووست دەکات.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٣، فەسڵی ٣٨

نزیک ، دوور

٢٨- هەرچەند مرۆڤ لە ئارەزووەکانی نزیک بێتەوە، بەهەمان شێوە ئارەزووەکانی شادتر و ڕوناکتر دەبن، بەڵام گەر نەیەنە دی مرۆڤ هەست بە بێزاریەکی زۆر دەکات.

کلیریا، پەردەی ١، نمایش ٢

٢٩-زۆرێک لە شتەکان زۆرجار لە دوورەوە ترسناک، تەحەمولنەکراو و نامۆ دەردەکەون، زۆرێکیش لە شتەکان هەر ئەوەندەی لێیان نزیک بووینەوە خۆمانە و تەحەمولراو و ئاشنا دەردەکەون، لێرەوەیە دەڵێن ترس لەهەموو ناخۆشی و ناپاکیەک خراپترە.

ماندراگۆرا پەردەی ٣، نمایشی ١١

٣٠- هەرچەند دوژمن لێت نزیک بێتەوە، بەهەمان ئەندازە تۆ لاوازتر دەبینێت.

لەبارەی دەوڵەتەوە کتێبی ٢، فەسڵی ٣٠

٣١- دۆخی من کاتێک زیاتر ئاشنای بووم و لێی نزیک بوومەوە، لە دۆخی ڕێویەک دەچوو کە کاتێک چاوی بە شێر کەوت، یەکەمجار هیچ نەمابوو لە ترسا بمرێت، دووهەمجار خۆی لەپاڵ بێشەیەکدا شاردەوە و چاوی تێ بڕیبوو، جاری سێهەم ڕووی تێکرد و دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵیدا.

نامەیەک بۆ فرانچسکۆ و تتوری ٢٦\٨\١٥١٣

٣٢- فەرمانڕەوا دەتوانێت بە ئامادەبوونی بە ئاسانی هەموو ئاژاوەیەک بنیشنێتەوە، چونکە خۆی لە نزیکەوە ئاگای لە درووست بوونێتی. لەکاتێکدا ئەو فەرمانرەوایەی ئامادەیی نیە ئەگەر زۆر کامڵیش بێت، هەواڵی ئاژاوەکان دەبیستێت، بەڵام کاتێک کە چیدی کاتی بۆ نیشتنەوەیان نیە.

میر، فەسڵی ٣

٣٣- هەست ئەکەم ئەرکی پیاوی عاقڵ و زیرەک ئەوەیە بەردوام بیر بکاتەوە لەو شتە کە دەتوانێت بەشێوەیەک لە شێوەکان زیانی پێ بگەیەنێت، شتەکان لە دوورەوە ببینێت، پشتی باشە بگرێت و لەکاتی خۆیدا ڕوبەڕووی ناپاکی بێتەوە.

نامەیەک بۆ فرانچسکۆ و تتوری ٢٠\٦\١٥١٣

پارە، شانازی

٣٤- لە ژیاندا شادو خۆش بە، تا ئەوشوێنەی دەتوانێت پارەی کەم سەرف بکە.

نامەیەک بۆ کۆرەکەی گوئیدۆ ٢\٤\١٥٢٧.

٣٥- لەهەر شوێنێک قازانجی کارێک چونیەک نەبێت، خەلک بە نابەدڵی مل بۆ کارێکی چونیەک دەدەن و چونیەکیش سەرمایەگوزاری تیا ناکەن.

ڕاپۆرتێک لە ئەڵمانیەوە.

٣٦- مرۆڤ مردنی باوکی زۆر زووتر لە زیانی ئابووری فەرامۆش دەکات.

میر فەسڵی ١٧.

٣٧- کاتێک جەماوەرێک فەقیرە و تەنیا دەتوانێت پارەیەکی کەمی باج بدات، نابێت لەدانی ئەم کەمەش کەمتەرخەمی بکات، چونکە هەمیشە دیاریەکی ئەگەرچی بچوکیش -تەنانەت لە پاداشتی خززمەتێکی گەوەرەدا- لە چاوی وەرگرەکەیدا، بە شانازیەکی گەورە ئەژمار دەکرێت.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ١، فەسڵی ٢٤

٣٨- مرۆڤەکان بەخەسلەت جۆرێک درووست بوون کە دەتوانن تەماعی هەموو شتێک لە خەیاڵیاندا بکەن، لەکاتێکدا بۆ بەدەستهێنانی هەر شتێک ئامادەیی و توانای پێویستیان نیە. لەبەرئەوەی هەمیشە تینوێتی بەدەستهێنانی شتێک زۆر زیاتر و توندترە لە توانای بەدەستهێنانی، خۆشحاڵ نەبوون بە هەبووەکان و  ئەو ڕەزامەندیە کەمەی هەبووەکان بە ئێمەی دەبەخشن، رەگ لەناو مرۆڤدا دائەکوتێت و درووست دەبێت. ناسەقامگیری خۆشبەختی مرۆڤیش لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. چونکە کاتێک بەشێک لە مرۆڤەکان تەماعی بەدەستهێنانی دارای زیاتریان هەیە، هەندێکی دی خەمی لەدەستدانی ئەوەیان هەیە کە هەیانە. لێرەوەیە کە جەنگ و دوژمنی درووست دەبێت. واتە هەمان ئەو شتەی سەرزەمینێک وێران دەکات و خەڵکەکەی تارومار دەکات، و لەلایەکی دیشەوە دەبێتە هۆی خوشگوزەرانی سەرزەمینێکی تر.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ١، فەسڵی ٣٧.

٣٩- لە رۆژگاری ئێمەدا زۆرجار کارە ترسناکەکان لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدراوون کە خەڵک بە بەرچاوتەنگ و زۆڵیان زانیوون، ئەوانی دی هیچیان پێشکەش نەکردووە.

میر، فەسڵی ١٦

٤٠- دەوڵەمەندی بێ چەک و تفاق، ئەبێتە پاروی سەربازێکی فەقیری پێپەتی.

هونەری جەنگ، کتێبی ٧

٤١- فەڕەنسی بە ویژدانێکی ئاسودەوە دەستدرێژی بۆ دارایی بێگانە دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ شتەکانی خۆیدا مەیل و نۆشی بکات، ئەو بەشێوەیەکی لێزانانە دزی دەکات، بۆ ئەوەی هەرچیەکی دزیووە مەسرەف بکات و تەنانەت لەگەڵ ئەو کەسانەشدا کە سامانەکەی دزیوون رابوێرێت و کاتی خۆش بەرێتە سەر. ئیسپانیا سروشتێکی پێچەوانەی ئەمەی هەیە: مەحاڵێ هچ نیشنایەک لەو شتە لای بدۆزیتەوە کە لە خۆتی دزیوە.

دۆخی سیاسی فەڕەنسا.

٤٢- ئەگەر دەڵێین خەڵکی دانیشتووی ئەلمانیا دەوڵەمەندن، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوەیە: ئەوان زەبوونانە ڕۆژگارد دەبەنە سەر، هیچ بینایەک درووست ناکەن، داهاتێکی ئەوتۆ بۆ جلوبەرگ سەرف ناکەن، کەلوپەلێکی ئەوتۆشیان لەماڵدا نیە. لێشیان زیادەیە کە بە پێی پێویست نان و گۆشت و ژورێکی گەرمیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە ئێمە بپارێزن. کەسێک کە شتێکی ئەوتۆی نیە،بێ شتەکانی دی کاروباری بەڕێوە دەچێت و هەوڵنادات بۆ بەدەستهێنانی  شتی زیاتر.

راپۆرتێک لە ئەڵمانیاوە.

٤٣- باشترە مرۆڤ بەوپەری ڕێزەوە هەموو شتێک بدۆڕێنێت، لەبری ئەوەی بەشێکی بە جەنگ و شەڕ و ئاژاوە.

نامەیەک بۆ فرانچسکۆ و تتوری ١٠\١٢\١٥١٤

٤٤- تاڵانکردنی سامان و ڕوشاندنی ئابروو، دوو شتن کە لەهەر شتێکی دی زیاتر مرۆڤ بریندار دەکەن، میر دەبێت خۆی لەمە بپارێزێت، چونکە ئەو بە هەموو دەسەڵاتیەوە ناتوانێت پیاوێک بە تەواوی رووت و قوت بکاتەوە و تاڵانی بکات تا ئەو شوێنەی چەقۆیەکی بۆ توڵەکردنەوە پێ نەمێنێت. زۆر دەگمەنە میر بتوانێت تا ئەو ئاستە ئابرووی کەسێک ببات کە چیدی بیر لە توڵەکردنەوە نەکاتەوە.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٣، فەسڵی ٦

٤٥- کەسێک کە بە ڕۆژ بە زانای دەزانن، مەحالە شەوان بە شێتی بزانن، کەسێکیش کە بە پیاوێکی پڕ شانازی و زیرەک بزانرێت، هەرچیەک بۆ ئاسوودەیی ویژدان و شاد بون لە ژیاندا ئەنجامبدات، بۆ ئەو هەر شانازی بەرهەم دێنێت، نەک سەرزەنشتکردن و سەرکۆنەکردن. خەڵک لەبری ئەوەی بە خراپەکاری بزانن، دەڵێن مرۆڤێکی کامڵ و دانیشتنی خۆشە.

نامەیەک بۆ فرانچسکۆ و تتوری ٥\١\١٥١٣

٤٦- هەرچی کێشەکانی مرۆڤ گەورەتر بن، بەهەمان ئەندازە شانازیشی زیاتر دەبێت

فەرمانی کار بۆ ڕافائیل جیرۆلامی.

دەسەڵات، سیاسەت

 ٤٧- یاساشکێنی نموونەیەکی خراپە، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن دانەرانی یاساوە بکرێت.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ١، فەسڵی ٤٥

٤٨- لەو ڕوەوە کە مرۆڤەکان دەیانەوێت بەپێی یاسا بژین، و دەسەڵاتداران و خاوەنانی دەسەڵات دەیانەوێت خۆیان یاسا دابنێن، مەحاڵە ئەم دوانە بەیەکەوە بگونجێن.

مێژووی فلۆرانس. کتێبی ٢

٤٩- لە دیدی منەوە دۆخی ئەو میرانە ناسکە کە زۆرینەی خەڵک دوژمنیانە، بەڵام ئەوان ناچارن ئامرازی نائاسایی بۆ لەسەر کورسی هێشتنەوەی فەرمانڕەواییان بەکار بێنن. چونکە میرێک کە دوژمنی کەمی هەیە، فەرمانڕەوایی خۆی بە ئاسانی و بەبێ زۆر و توڕەیی زۆر زامن دەکات. بەڵام مێرێک کە زۆرینە دوژمنین، هەرگیز فەرمانڕەوایەکی سەقامگیری نابێت و هەرچی زیاتر دڕندەیی بکات، تاج و تەختی لەرزۆک تر دەبێت. لێرەوە باشترین ئامرازێک لەبەردەستی بێت، هاوڕێیەتی و میهرەبانیە لەگەڵ خەڵکدا.

لەبارەی دەوڵەتەوە. کتێبێ١. بەشی ١٦.

٥٠- بێ ڕازی کردنی خەڵکی، هیچکەس ناتوانێت هیچکات کۆمارێکی سەقامگیر و پایەداری هەبێت.

یاداشتێک بۆ چاکسازی لە دەوڵەتی فلۆرانسدا.

٥١- باشترین سەنگەر و پایە بۆ میر، هەمان ئەوەیە کە خەڵکی ڕقیان لێی نەبێت.

میر، فەسڵی ٢٠

٥٢- بێگومان خۆشەویستی و ترس دوو شتی سەرەکین کە خەڵک دەجۆلێنن و دەوروژێنن. لێرەوە هەرکەس بتوانێت خۆشەویستی ئەوان بۆ خۆی بەرێتەوە، ئەوا زۆر باشتر دەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات لەو کەسەی ترس و تۆقین بخاتە دڵیانەوە. بەڵێ لە زوربەی کاتەکاندا مرۆڤە ترساوەکان، زیاتر لە عاشقەکان ڕێز دەگیرێن و ملکەچ دەکرێن.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٣، فەسڵی ٢١

٥٣- حکومەتکردن هیچ نیە جگە لە ڕەفتارکردن بە جۆرێک لەگەڵ ئەوانەی حوکمیان دەکەیت کە نەتوانن یان نەیانەوێت زیانێکت پێ بگەیەنن. بە دوو شێوە دەتوانی ئەمە دەستەبەر بکەیت: یان ئەوەی هەر لەسەرەتاوە هەموو توانایەکی زیانگەیاندنیان لێ بسێنیت بۆ ئەوەی لەمڕووە دڵنیا بیت، یان ئەوەندە چاکەیان لەگەڵ بکەیت کە ئارەزووی خەونی هەرجۆرە گۆرانێکی باردۆخەکە لایان شتێکی زۆر گەمژانە و ساوێلکانە بێت.

لەبارەی دەوڵەتەوە، کتێبی ٢، فەسڵی ٢٣.

٥٤- هەرچی مرۆڤ دەسەڵاتی زیاتری هەبێت، بەهەمان ئەندازە سوودی خراپتری لێ وەردەگرێت و هەروەها لۆتبەرزتر و بێ شەرم تر دەبێت.

مێژووی فلۆرانس، کتێبی ٢

٥٥- ئارەزووی حکومەت، شەیدابوونێکی دژوارە کە نەک تەنیا لەو کەسانەدا هەیە کەتاج و تەختیان پێ دراوە، بەڵکو لەوانەشدا هەیە کە خاوەنی نین.

لەبارەی دەوڵەتەوە. کتێبی ٣، فەسڵی ٤

٥٦- لەو شوێنانەدا کە مەرجەع یەکسان بێت و بیروڕاکان جۆراوجۆر، بە دەگمەن بڕیاری ئەنجامدانی کارێکی باش دەدرێت.

مێژووی فلۆرانس، کتێبی ٤.

٥٧- دکتۆرەکان دەڵێن دەکرێت سیل لە سەرەتادا بە ئاسانی چارەسەر بکرێت، بەڵام دەست نیشانکردنی زەحمەتە. بە پێجەوانەوە ئەم نەخۆشیە کاتێک لەسەرەتای تووشبوونیدا دیاری نەکرێت و شێوەی دەرمانی دروستی بۆ بەکار بهێنرێت، بە ئاسانی دیاری دەکرێت، بەڵام دەرمانی زەحمەت دەبێت. لە دەوڵەتداریشدا ڕێک بەهەمان شێوەیە: لە حاڵەتێکدا مرۆڤ ئازار و ناپاکی لە دوورەوە و لەکاتی خۆیدا ببینێت- کارێک کە بێگومان پیاوانی زیرەک دەتوانن ئەنجامی بدەن، دەتوانن بە سادەیی خۆیانی لێ بە دوور بگرن، بەڵام گەر دەستنیشانی نەکەن و وا بڵاو بێتەوە کە هەموو دنیا و خەلکی پێی بزانن، هەموو چارەسەرەکان بۆ لەناوبردنی، تلیاکی پێش مردنە.

میر، فەسڵی ٣

٥٨ بێ یارمەتی چەک و تەقەمەنی، باشترین دەستورەکانیش لەناو دەچن. وەک تالار و کۆشکە شکۆمەندەکانی پاشاکان کە سەرەڕای ڕازاندنەوەی دەرگا و دیوارەکانی بە ئاڵتون و مرواری، بەڵام سەقفێکی نەبێت کە لە باو بۆران بیپارێزێت.

هونەری جەنگ، کتێبی ١

٥٩- بێ نرخ و بەها دەبێت ئەو میرەی بە لەرزۆک، ناسک و دەبەنگ و بێ بڕیاری بزانن. میر دەبێت هەوڵبدات خۆی لەم هەڵانە ڕزگار بکات کە وەک تاشەبەردی ڕەق لەبەردەمیدان و هەوڵ بدات مەزنێتی و جدیەت و ئازایەتی و سەقامگیری بناسێت.

میر، فەسڵی ١٩

٦٠- بە هەمان ئەندازە کە بونیادنەرانی کۆمار یان ئیمپراتۆریەتێک شایەنی ستایشن، بونیادنەرانی رژێمێکی ستەمکاریش دەبێت سەرزەنشت و بە نەفرەت بکرێن.

لەبارەی دەوڵەت، کتێبی١، فەسڵی ١٠

سەرچاوە:

وەرگێرانی بەشێک لەم کتێبەی خوارەوە

گزین گویەهایی بە انتخاب کریستینە راینهارد: ماکیاولی برای معاصران. ترجمە علی عبداللهی. نشر مرکز ١٣٨٥

ناردن: