بە داخێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ ١٩ی مانگ، کارلۆس رویز زافۆن، ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئیسپانی، لە تەمەنی ٥٥ ساڵییدا بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. زافۆن خاوەنی چەندین ڕۆمانی گرنگ و جوانە کە زۆربەیان وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان. “سێبەری با”، “یاری فریشتەکە” و “وێڵگەی ڕوحەکان” لە ڕۆمانە دیارەکانی ئەون.

شێوازی زافۆن ئاوێتەیەکە لە شێوەی گێڕانەوەی ئیسپانی و ڕۆمانی ڤیکتۆریی ئینگلیزی و گۆتیک، بە کارەکتەرسازی و پاڵەوانسازییەکی قووڵ و داستانییەوە. ساڵانی پێشوو دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ڕۆمانی “سێبەری با”ی چاپ و بڵاوکردەوە. ڕۆمانەکە، کە لەلایەن هیوا قادرەوە وەرگێڕدرابوو، لەلایەن خوێنەرانی کوردەوە و بە تایبەتیش لەلایەن گەنجانەوە پێشوازییەکی باش و بەرچاوی لێکرا.

لەمڕۆدا کە ئێمە و هەر خوێنەرێکی ئاشناش بە دونیا تاقانە و تایبەتەکەی ئەم نووسەرە دڵتەنگین بە هەواڵی مردنەکەی، بە گونجاومان زانی مژدەی وەرگێڕانی دووەمین ڕۆمانیتان پێ بدەین، لەلایەن هیوا قادرەوە.

لە ئێستادا وەرگێڕانی ڕۆمانی “یاری فریشتەکە” لەلایەن هیوا قادرەوە تەواو بووە و لە داهاتوودا، لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو دەبێتەوە. ئەمەی خوارەوە نیوەی یەکێک لە بەشەکانی ڕۆمانەکەیە بە کوردی و دەتوانن بیخوێننەوە:

***

کالێ دێ لا لوینا کووچەیەکی تەنگەبەر بوو، تاریک وەک ناو و ناوبانگی. لەناو دانیشتوانی گەڕەکدا وەک کووچەی سێ ماڵەکە ناسرابوو، شەقامی سێ تەختەخەوەکە، ناوەکەی لەو سۆزانیخانە پڕ لە مشتەرییەی ناو کۆڵانەکەوە داتاشرابوو. لە سێبەری پایەکانی پلازا ڕیالەوە دەستی پێ ئەکرد، کولبەیەکی شێداری وا بوو هەرگیز لە نێوان ئەو ڕیزە ماڵە کۆنانەوە خۆری بەرنەئەکەوت، کە بە تەنافێک جلی کۆتایینەهاتووی قورس پێکەوە بەسترابوونەوە. ڕووکاری ڕووخاوی ماڵەکان تا سەر گەچێکی خوراووی زەردباو گەیشتبوو، بەردە گەچاوییە کەوتووەکانی پاڵ دیوارەکان بە خوێنی ساڵانێک لە شەڕی سەختی سەر شەقامەکان ئاو درابوون. من خۆم چەند جارێک ئەم شەقامەم وەک شانۆی ڕووداوەکانی ڕۆمانی شارە نەفرەتلێکراوەکەدا بەکار هێناوە. ئێستا چۆڵوهۆڵ، تاریک و فەرامۆشکراو، هێشتا ئەمتوانی بۆنی پلان و بارووتی تیادا بکەم. دیدێکی تاریک لە پشتی ناردنی قۆمیسەر سلڤادۆر بۆ ئێرە و ناچارکردنی بە کارکەناربوونی هەبوو، نەک بەخشش و دەستودڵفراوانی.

ژمارە ٢١ وێرانەیەک بوو بۆ خۆی، وەک ئەوەی کەوتبێتە نێوان هەردوو دەمی مقاشێکەوە و بەزۆر ترنجاندرابێتە نێوان دوو ماڵە دراوسێوە. دەرگای چوونەژوورەوەکە دەمێکی داپچڕاوی تاریک بوو، قادرمەیەکی پێچاوپێچی لێژ سەرەوژوور چەقێنرابووە ناو بیناکەوە و بە پێپلیکانەکانەوە بەسترابووەوە. زەوییەکە تەڕبوو، لینجاوێکی تاریکی بەسەرەوە بوو، لینجاوەکە لە درزی بنکەشی کاشییەکانی ئەرزەکەوە ئەهاتە دەرەوە. بە پەلکوتان بە قادرمەکەدا سەرکەوتم، بێ ئەوەی دەست لە شیشبەندە لەقوتەقەکەی بەربدەم. هەر قاتێک و تەنها دەرگایەکی هەبوو، بە بیرکردنەوە لە تەسکوتروسکیی ماڵەکان وا بۆی ئەچووم هیچ کام لە شوقەکان لە چل مەتر زیاتر نەبن. لە سەرەوەی قادرمەکەوە پەنجەرەیەکی یەکتاکی لە سەقفەکەدا هەبوو، لەوێوە ڕووناکی ئەڕژایە ناو دواهەمین قاتی بیناکەوە. دەرگای شوقەکەی سلڤادۆر کەوتبووە کۆتایی ڕاڕەوەکە. سەرم سووڕ ما کە بینیم دەرگاکە کراوەتەوە. لە دەرگام دا، هیچ وەڵامێک نەبوو. ئەودیوی دەرگاکە بە ژوورێکی بچکۆلە دەستی پێ ئەکرد کە قەنەفەیەکی یەکتاکی و کتێبخانەیەکی تیابوو، کتێب و قوتووی بەتاڵ لەسەر ڕەفەکانی دانرابوون. لە ژوورێکی بچووکی تردا تەباخێک و شتێکی لێ بوو لەدەستشۆر ئەچوو، بەلوعەیەکی بەسەرەوە بوو. تەنها پنتێکی ڕووناک لەویادا ئەو بەر هەیوانەی بەردەم سەقفی شوقەکە بوو، وەکو تر هەموو شوقەکە لە کونجی زیندان ئەچوو. دەرگای هەیوانەکە کرابووەوە و سروەیەکی فێنکی لێ ئەهاتە ژوورەوە کە بۆنوبەرامەی خواردن و بۆنی جلوبەرگی شۆردراو و پاکی سەر تەنافەکانی سەربانی باریۆ گۆتیکۆی لەگەڵ خۆیدا ئەهێنایە ژوورەوە.

ـ کەس لە ماڵە؟ هاوارم کرد.

کاتێک هیچ وەڵامێکم نەدرایەوە چوومە بەردەم دەرگای بەر هەیوانەکە و سەیرێکی دەرەوەم کرد. دارستانێک لە سەربانی ماڵەکان، بورج، تەنکیی ئاو، تەلی بروسکە بەتاڵکەرەوە و دووکەڵکێشی بەهەموولایەکدا پەرشوبڵاوبووبوونەوە. ئەو کاتەی خەریک بووم پێ هەڵبهێنمەوە و ڕووەو هەیوانەکە قاچ بخەمە ئەودیوی دەرگاکەوە هەستم بە ساردیی ئاسنێک کرد خرایە سەر پشتەملم، لە هەمان ساتیشدا گوێم لە کرتەی هێنانەوەی دەنگی سامناکی نێرەی دەمانچەیەک بوو. تەنها شتێک لەویادا کردم هەردوو دەستم بەرز کردەوە و تا توانیم بێ جووڵە لە جێگەی خۆمدا چەقیم.

ـ من ناوم داڤید مارتینە. ناونیشانەکەی ئێوەم لە پۆلیسەوە دەست کەوتووە. ئەمەوێت قسەتان لەگەڵدا بکەم سەبارەت بە ڕووداوێک، کە ئێوە لە ساڵانی خزمەتتاندا کارتان لەسەر کردووە.

ـ وا ڕاهاتوون هەمیشە ئاوها بچنە ماڵی خەڵکییەوە بێ ئەوەی لە دەرگا بدەن، سنیۆر داڤید مارتین؟

ـ دەرگاکە کرابووەوە من هەم لە دەرگام دا و هەمیش بانگم کردن، بەڵام ئێوە گوێتان لێی نەبوو. ئەتوانم ئێستا دەستەکانم بهێنمە خوارەوە؟

ـ من داوام لێ نەکردوون دەست بەرز بکەنەوە. باسی چ ڕووداوێک ئەکەن؟

ـ دیگۆ مارلاسکا. من ئەو خانووەم بە کرێ گرتووە کە دواهەمین ماڵی ژیانی بووە. ماڵە بورجدارەکەی دالێ فلاسادێرس.

بێدەنگ بوو، بەڵام هێشتا دەمانچەکەی لەسەر ملم دانابوو.

ـ سنیۆر سلڤادۆر؟ من پرسیم.

ـ بیر لەوە ئەکەمەوە ئایا باشتر نییە هەر ئێستا یەکەودوو کەللەتان بپژێنم،

ـ لە پێشدا ناتانەوێت جارێ بزانن ئەڵێم چی؟

پاڵپێوەنانەکەی سەر ملم خاو بووەوە. گوێم لە گەڕانەوەی نێرەی دەمانچەکە بوو بۆ جێگەی خۆی. بە هێواشی ئاوڕم دایەوە. ڕیکاردۆ سلڤادۆر پیاوێکی بەهەیبەتی قژ خۆڵەمێشی، دوو چاوی شینی ڕووناک و نیگایەکی تیژی هەبوو. بەسەر و ڕوخساریدا وا بۆی ئەچووم تەمەنی لە دەوروبەری پەنجا ساڵیدا بێت، بەڵام ئەبوو کەسێکی بیستوپێنج ساڵ بیت تاکو جورئەتی ئەوە بکەیت ڕێی لێ بگرێت. تفێکم قوت دا. سلڤادۆرر دەمانچەکەی هێنایە خوارەوە، پشتی تێکردم و گەڕایەوە ناو شوقەکە.

ـ بمبەخشە بۆ ئەم بەخێرهاتنکردنەت. بەدەم خۆیەوە بڵمەبڵمێکی کرد.


 

ناردن: