نووسەری ئایەتە شەیتانیەکان

سازکردنی: کای شولێر

لە سویدییەوە: هیوا قادر


ئەوەندەم ڕۆژ لە ژیاندا نەماوە تیا بژیم. سەلمان ڕوشدی بەم شێوەیە بیری دەکردەوە، کاتێک لە یادی ڕۆژی دڵ و لە ساڵی ١٩٨٩دا فەتوای کوشتنی خۆی پێ گەیشت. ئێستا ئەو پیاوەی ئەو کاتانە پارێزگاری لە سەلمان ڕوشدی دەکرد، باسی ئەو ڕۆژانە دەکات کە ڕوشدی لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی کوشتندا بوو. کای شولێر گفتوگۆیەکی چڕوپڕی لە لەندەن لەگەڵ ئەم نووسەرە دڵخۆشەدا سازکردووە.

پۆلیسی ئاسایش دەچن بۆ لای ڕوشدی و پێی دەڵێن: تۆ پێویستت بە ناوێکی تازە هەیە. پێویستت بە شوناسێک و چەکێک و کارتێکی بانقی تازە هەیە. چیتر نابێت سەلمان ڕوشدی وەک ناوی خۆت بەکاربهێنیت. تەنانەت کاتێک ئێمەش لە ژوورێکدا لەگەڵتاین نابێت کەس ئەو ناوە بەکاربهێنێت. ئەو ناوە نوێیەشی لەمەودوا دەتبێت، نابێت بە هیچ جۆرێک ناوێکی هیندی بێت.

سەلمان ڕوشدی خاوەن هەستێکی تایبەت و کەسایەتییەکی بەهێزە، کاردانەوەیەکی توندوتیژی بەرامبەر ئەم بڕیارە دەبێت. لەکاتێکدا تەنها دە ڕۆژە فەتواکە دژ بە ژیانی دەرکراوە و هیچ دانیشتن و ڕێکەوتنێکیش سەبارەت بەم کێشەیە نەهاتۆتە ئاراوە.

– من هەمیشە ڕقم لەو ناوە بوو، بەڕاستی بەردەوام ڕقم لەو ناوە تازەیە بوو، کە پۆلیس پێی بانگ دەکردم. ناچاربووم واز لە کەسایەتی ناوەکەم بهێنم. لەپڕ ناوم بوو بە ڕیچارد یۆهانسۆن یاخود ناوێکی تری لەو جۆرە، کە هەستێکی زۆر سەیری تیادا دروست دەکردم، بۆیە هەمیشە دەگەڕامەوە بۆ ناو دنیای ئەدەب، بۆ ئەوەی بتوانم لەو ڕێگەیەوە شوناسی خۆم چنگ بکەوێتەوە.

لەو سەروەختەوە بەشێوەیەکی سادە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕوشدیدا دەکرا و خەڵكێکی زۆر خۆی لێ دوورەپەرێز دەگرت و هەندێکیش بەو حاڵە ترسناک و بەسەردا سەپێنراوەی، کە ماوەی بیست ساڵی خایاند، پێدەکەنین، بەڵام ئێستا خۆی بەرامبەر ئەو ڕۆژانە زەردە دەیگرێت و ناهێڵێت جارێکی تر باروکەی لەسەر بکەن و چاکەتی گوللەبەنی لەبەرکەن، یاخود هەموو جارێک لەو ئوتومبیلەی کە دەیگەیەنێت زوو دابەزێت و بەپەلە ڕابکاتە ناو ئەو ماڵە ئارامەوە کە بۆی دەستنیشان کراوە.

ڕوشدی لە ژێرزەمینێکدا لە لەندەن پێشوازی لە ئەندریۆ ویلیسی پاسەوان کرد. ڕازیش نەدەبوو ئەوان بە هەر ناوێک هەیە بانگی بکەن. سەرەتا هەوڵی دا بەکۆمەڵێک ناوی پێکەوە گرێدراو ناو لە خۆی بنێت. بۆ نموونە، وەک ڤلادیمێر خوسێ، یان مارسیل بێکێت و لەم جۆرە ناوانە. لیستی ناوەکانی کە بۆ خۆی داینابوو بەم شێوە ئاسان و پێکەنین هێنەرە درێژی کردبوەوە، پێش ئەوەی خۆی ناوێکی پێکەوەگرێدراوی وەک کۆنراد و چیخەف دروست بکات: ناوی لێ نرا یوسف ئەنتۆن.

– شتێک لەنێوان ناوەکانی کۆنراد و چیخەف دا هەبوو، بۆ پیشاندانی ئەو حاڵەتەی من تیایدا دەژیام. من ئەو کاتە پاسەوانەکە ڕستەیەکی پێ وتم، کە دواتر لەلام بوو بە جۆرێک لە بیرکردنەوە: «تۆ دەبێت تا ئەو کاتەی خۆت دەمریت بژیت». چیخەف گەورەترین چیرۆکنووسی دوورەپەرێزی و سڕینەوەو هەڵوێستە، منیش لە شوێنێک بووم هەستم دەکرد لەو شوێنەدا بەجێهێڵراوم، بەعەزرەت گەڕانەوەی ژیانە ڕاستەقینەکەی خۆمەوە بووم.

کاتێک ڕوشدی ناوە تازە و هەڵبژێردراوەکەی خۆی بە پۆلیس وتبوو، وتبووی ناوم بنێن یوسف ئەنتۆن، بەڵام توشی شۆک ببوو، چونکە یەکێک لە پۆلیسەکان پێ وتبوو، باشە کەوایە لە مەودوا بە جۆی بانگت دەکەین.

ـ ناوەکەم بوو بە یوسف ئەنتۆن، تەمەنا دەکەم خوێنەران لەوە تێبگەن دەستبەرداربوون لە ناو و ئەتنی و شوناسی خۆت چەندە قورسە. لەوەش تێبگەن دەبێت من چەندە دڵخۆشبووبم کاتێک دواتر ناوە ڕاستەقینەکەی خۆمم پێ درایەوە.

لە ١٤ی فەبروەری ساڵی ١٩٨٩ – ڕۆژی دڵەکان – ئایەتوڵلا خومەینی فەتوایەکی فەرمی ڕاگەیاند: «من بە فەرمی بۆ خەڵکی شانازی بەخۆوەکەری ئیسلامی ڕادەگەیەنم لە هەموو دنیادا کە نووسەری کتێبی «ئایەت شەیتانی»، هەروەها هەموو ئەو کەسانەی تریش کە بەشداربوون لە دەرکردنی کتێبەکەو ناوەڕۆکەکەیدا، ئەمانە هەموویان شەڕی دژ بە ئیسلام و پێغەمبەر و قورئان دەکەن، بۆیە دەبێت هەموویان سزای مەرگ بدرێن. من داوا لە هەموو موسڵمانان دەکەم ئەو کەسانە لە هەرکوێیەکن بیان کوژن».

سەلمان ڕوشدی ئەو ڕۆژە لە ماڵی خۆی بوو، دەبوو دواتر لەو ڕۆژەدا لە ڕێوڕەسمی ناشتنی بروس چاتوینی هاوڕێیدا ئامادە بێت. زەنگی تەلەفوونەکە لێی دا و لە بی بی سییەوە ڕۆژنامەنووسێک بڕیاری کوشتنەکەی پێ ڕاگەیاند ـ ئەوە یەکەم جار بوو ڕوشدی گوێی لەو بڕیارە بێت. ڕۆژنامەنووسەکە لێی پرسیبوو هەست بە چی دەکەیت؟ ئەویش وەڵامی دابووەوە و وتبووی: شتێکی باش نییە. لەویادا ڕوشدی بیری کردبوەوە و وتبووی کەواتە هەر لە ئێستاوە من پیاوێکی مردووم، دەبێت چەند ڕۆژی ترم مابێت بژیم؟ بەم شێوەیە ڕووداوەکە درێژەی کێشا، پۆلیس هات بۆ ماڵەکەی و پێی ڕاگەیاند، کە باشترە چەند ڕۆژێک خۆی ونبکات، تا دواتر دۆخەکە هێمن دەبێتەوە. هەمووان پێیان وابوو چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەم کێشەیە دەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەو خۆشاردنەوەیە دوانزە ساڵی خایاند. ئەمڕۆ کە ساڵی ٢٠١٢ یە ڕوشدی – بەڕێز سەلمان کە بووە بە ناوی نووسین و بەم ناوەوە بانگ دەکرێت – هەرگیز نەیتوانی بگەرێتەوە بۆ ماڵەکەی لە ئیسلینگتۆن.

ڕۆمانی «ئایەت شەیتانی»  لە بیرۆکەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ڕوشدی دەمێک بووە بیری لێ کردۆتەوە – کتێبەکە لە پایزی ١٩٨٨دا دەرچووە و لەگەڵ دەرچوونیدا کێشەی ناوەتەوە. زۆر کەس سەرنجی خۆی لەسەر ئەم پیاوە وتووە، بێ ئەوەی کتێبەکە بخوێننەوە، وەک کەسێکی تێکدەر و پەلاماردەرێکی قێزەون دژ بە موحەمەد پێغەمبەری ئیسلام لە قەڵەمدراوە. ناڕەزاییەکە سەرەتا لە وڵاتەکەی خۆیەوە هیندستان دەستی پێ کرد. دوای ئەوە کتێبەکە لەوێ قەدەغەکرا بفرۆشرێت. موسڵمانانیش لە بەریتانیا بەرهەڵستی و توڕەبوونی خۆیان دژ بە ڕۆمانەکە پیشان دا، بەتایبەتیش لە بێدفۆرد، کە کتێبەکەیان بە لەتوپەتکراوەیی سوتاند.

سەرەتا ئەوەی پەلاماری درا ڕۆمانەکە بوو. دواتر بە ڕەسمی فەتوای کوشتنەکەی ڕاگەیەندرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وەرگێڕە یابانییەکەی ئەم ڕۆمانە بکوژرێت، هەروەها وەرگێڕە ئیتالیەکە بەچەقۆ لێی بدرێت و دواتر بژی و نەمرێت، خاوەن دەزگای بڵاوکردنەوە نەرویژییەکەش ویلییەم نیگار تەقەی لێ بکرێت و بریندار ببێت.

لەپڕ کۆمەڵێک خەڵکی لە ناو وڵاتە ئیسلامییەکاندا دەستیان کرد بە جوینەوەی وشەی فەتوا. ئایا بە ڕاستی ئەم وشەیە مانای چییە، ئایا بڕیاری کوشتنە، دەستورە، فەرمانێکی دینییە؟ تەنانەت ئەمە بۆ خودی ڕوشدیش مانایەکی سەیری هەبوو.

– لە ڕووی ئیتمۆلۆگی وشەکەوە دەزانم مانای چییە، چونکە ڕەچەڵەکی ئەم وشەیە لە قسەکردنەوە هاتووە، پێچەوانەکەشی لە ئینگلیزیدا «فەرمان»ـە، بەڵام لە ئێستادا ئەم وشەیە مانای هەڕەشەی کوشتن دەگەیەنێت.

بەڵام تێگەیشتنی کتوپڕ و خێرا بۆ مانای فەتوا چییە؟

– بەڵێ، بەڵام کوشتن پەیوەندی بە «فەتوا» وەک وشەکەوە نییە، بەڵکە پەیوەندی بە بڕیارەکەی خومەینییەوە هەیە. جیاوازی خومەینی لەگەڵ کەسە دینییەکانی تردا ئەوەیە، کە ئەو خۆی گرووپی ئامادە و تایبەت بە خۆی هەیە، کە دەتوانێ بیانێرێت بۆ هەر شوێنێکی دنیا و دەستبکەن بە کوشتن. ئەو پێشتر ئەمەی لەگەڵ ئۆپۆزسيۆندا کردووە. ئەمەش مانای وایە مەسەلەکە بۆ کەسێکی ٤١ ساڵی وەک ڕوشدی لەو پەڕی جدیەتدایە، بۆیە بیری کردۆتەوە و دواتر وتوێتی: کەوابێت من چەند ڕۆژێکی کەمم لە ژیاندا ماوە و دەکوژرێم.

لە وتارێکدا، کە لەم ماوەیەی  رابردوودا لە ڕۆژنامەی تایمزدا بڵاوکرایەوە، یەکێک لە پاسەوانەکانی سەلمان ڕوشدی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: هەرە هۆکاری ئەوەی کە تائێستا ڕوشدی لە ژیاندایە هۆی ئەو هەموو کۆنترۆڵکردنە باشەی ئاسایش بووە بەسەر جموجۆڵی دوژنمەوە، هەروەها دەڵێت هۆکاری دووهەمی مانەوەشی ئەوەیە کە ماوەی ئەو دوانزە ساڵە ئەو پاسەوانی لێ کردووە و زیاد لە جارێکیش دەمانچەی هەڵکێشاوە بۆ پارێزگاریکردن لێی.

ـ من هیچ کاتێک تەنها نەبووم. لە هەستێکی زۆر سەیری تەنهایی و لە هەمان کاتیشدا لە هەستێکی تۆقێنەری بەردەوامدا دەژیام. بۆ من زەحمەتبوو لە هەلومەرجێکی ئاوادا کوڕەکەم و خوشکەکانم و هاوڕێکانم ببینم. پۆلیس هەرگیز نەیان دەویست من لە لەندەن بژیم یان لەلەندەن بم، بەڵام من بەوانم وت: ناتوانن ڕێگریم لێ بکەن لە بینینی کوڕەکەم و هاوڕێکانم.

لەم دۆخە بەسەر سەپێنراوەدا یارمەتی تایبەتی ڕوشدی لەلایەن دۆست و هاوڕێ و خێزانەکەیەوە دراوە. دیارە لەلایەن هەموو کەسێکیشەوە نا بەڵکە تەنها لەلایەن ئەو هاوڕێیانەوەی کە خاوەن دەسەڵات بوون. بەتایبەتی سیاسەتمەدارەکانی لەندەن، هەروەها لەلایەن هاوڕێیەکی وەک هاڕۆڵ پنتەر و نووسەرانی وەک ئان ماکوان، مارتین ئامیس، ئیدوارد سەعید، بیل بوفۆرد، کریستۆفەر هیچنس، هەروەها وەک ئەندرۆ ویلی پاسەوان و دەزگای بڵاوکردنەوە و چاپەکانەوە. هەموو ئەو کەسانە هەوڵیان داوە باشترین هێز و پاڵپشتی ڕوشدی بن.

بەڵام ڕوشدی ناتوانێت تا ئەبەد ئاوا بژی، خەڵکەکان بەجۆری جیاواز بەرخوردی لەگەڵ دەکەن، جێی سەرسوڕمانبوو کاتێک زۆر لە چەپەکانی ئەو سەروەختە لایەنگری ئەو بوون، کەچی ئێستا پشتیان تێ کردووە. بۆ نموونە، نووسەرانی وەک جۆن بێرگەر و یوهان لی کار ڕەخنەی توندیان لە کتێبەکەی گرت، بەهەمان شێوە بەشێک لەو سیاسەتمەدارانەش، کە سەر بە دنیای چەپن.

– من پێموایە تەنگەژەکان کارەکتەری ئینسانەکان دەگۆڕن. ئەوانەی لە دەوروبەری منن کەسانی نازدارن، ئەوانی تریش عاجزم لێیان. هەروەها سەلمان ڕوشدی دەڵێت؛ من لە کتێبەکەمدا نوسیوومە ترس وا لە ئینسانی باش دەکات کاری خراپە بکات. لەهەمان کاتیشدا سەلمان ڕوشدی پێیوایە شتێکی باشە گەر بێتو کتێبەکە وەک کتێبی گیرفان چاپبکرێتەوە. کتێبەکەش لەسەر مێزەکەی کەوتووە و کەس جورئەتی بڕیاردانی چاپکردنی ناکات بەو شێوەیەی ئەو بیری لێ دەکاتەوە.

پرنسیپێک لەناو ئەم یاریەدا هەیە: کە ئەویش ئازادیی ڕادەربڕینە، نووسەر بۆی هەیە خۆی بڕیار لەسەر بەرهەمەکەی خۆی بدات، تا گفتوگۆ بخوڵقێنێت. دەرچوونی بڕیاری کوشتنەکەی ڕوشدی کەشوهەوایەکی سەیری خوڵقاند، ئەمەش ئینسانەکانی ترساند، بەتایبەتی سەلمان ڕوشدی خۆی. ڕۆمانی «ئایەت شەیتانی» لە زۆرینەی ئەو وڵاتانەدا بڵاوکرایەوە، کە هەقی چاپکردنەکەیان کڕیبوو، بەڵام دەزگای چاپکردنەکە لە تورکیا دوودڵ بوو لەبەردەم ئەم بڕیارەدا.

کاتێک ڕوشدی لە یەکەم ساڵی «خۆحەشاردانەکەیدا» کتێبی «هارون و دەریای چیرۆک»ی نووسی، ئەم چیرۆکانە دیارییەک بوون بۆ زافەری کوڕى، سۆنیا مێزەی هاوڕێی لە راندۆم هاوس نەیتوانی ئەم کتێبە چاپ بکات، لەترسی ئەوەی نەبا هەراو زەنا و خوێنڕشتن لە هیندستان دروست بکات.

ـ من توشی شۆک بووم، کە بیستم وتویانه ئەم چیرۆکانە لە ڕۆمانی ئایەت شەیتانی خەتەرناک ترە. سۆنیا خۆی خەڵکی هیندستانە و ئەم قسەیەشی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی کە ڕەنگ بێت دەزگای چاپەمەنییەکانی تر باوەڕ بە بۆچوونەکەی بکەن. کەس نەی دەتوانی کتێبەکە چاپ بکات، ئەمەش نیشانی ئەوە بوو ئیتر من وەک نووسەر تەواو بووم. من و سۆنیا دواتر ئاشتبووینەوە، ئەوکاتیش دڵنیابووم دواتر پەشیمان دەبێتەوە لەوەی دەرهەق بە من کردبووی.

دواتر چیرۆکەکان لەلایەن هاوڕێیەکی تریەوە: بیک بوفۆرد، لە دەزگای گرانتا چاپکرا. هیچ ڕووینەدا و پێشوازییەکی باش لە کتێبەکە کرا. دەبوو خەڵکە دیندار و فرە کلتوورییەکان سەبارەت بە کێشەی چاپکردنەوەی کتێبەکە لە دواڕۆژدا قسەیان بکردایە. ئاخر چۆن دەکرێت لە بەرامبەر کێشەیەکی ئاوادا خۆت لابدەیتو قسە نەکەیت؟ سەلمان ڕوشدی، کەسێکی بێدینە، بەڵام هەمیشەش مەیلێکی زۆری هەبووە بۆ دین و پرسیارەکانی. ئەو لە ماڵێکی موسڵمانی بێلایەنەوە هاتووە و باوکی شەوقێکی زۆری بۆ دین وەک دەربڕینێکی کەلتووری و پرسیارەکانی ژیان و مردن هەبووە.

ـ لەو ڕووەوە باوکم کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر من هەبووە. ئاخر ئەگەر تۆ چیرۆکێک لەسەر هیندستان و پاکستان بنووسیت، ناتوانیت باس لە دین نەکەیت، خودی دین لە ناو پرسیارە دینییەکاندا غەرقبووە.

ـ دین بەسەر ئەفسانەی خەلق و سیستەمی ئەخلاقیدا زاڵە. زۆرینەی جار ئەمانە جوانن، ئەگەرچی ئەمانە ڕاستیش نین. تۆ سەیری ئەو ئەفسانانە بکە، کە شاعیریان دروست کردووە، بەڵام ئەمانە وەڵامی هیچ کام لەو پرسیارانەمان نادەنەوە. ئەمڕۆ زۆر شت سەبارەت بە دروستبوونی زەوی دەزانین. تەنانەت ئەخلاقیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەو سیستەمی ئەخلاقیەی کە لەگەڵ دینەکاندا هاتووە کۆنە. من پێویستم بە هیچ نەسیحەتێک نییە، بەڵام دین خاڵێکی دەستپێکی باشە تا لەوێوە بێیتــە دەرەوە و گفتوگۆ لەسـەر باشە و خراپە بکەیت.

ڕوشدی دەڵێت: ڕاستە زۆر لەو گفتوگۆیانە، کە پەیوەندییان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە «ئایەت شەیتانی» و هەڕەشەی کوشتنەکەوە هەبوو. ڕوشدی مەبەستی ئەوەیە بڵێت ئیسلامە ڕادیکالەکان کەلەبچەیان خستۆتە دەستی ئیسلامەوە. ئەو پێیوایە، هەرە کێشە سەرەکییەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە، کە دین گواستراوەتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی. ئەمەش تەنها پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە، بەڵکە بە هیندۆسی و مەسیحی و جولەکەشەوە هەیە – چونکە تاکو بێت پیاوانی دەمارگیری دینی دەیانەوێت دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست.

ـ من سەر بە وەچەی شەستەکانم و هەڵەی هەرە گەورەی ئێمەش ئەوەبوو نەمان دەبینی چی بەڕێوەیە. ئێمە دینمان وەک شتێکی ڕۆژانە دەبینی. خودا مردبوو. ئەمڕۆ دین ڕەنگە هەرە گەورەترین پرسیاری ئەم سەروەختە بێت.

بنیایەم دەتوانێت بڵێت، شتێک لە پێش و لە دوای فەتواکەی خومەینییەوە هەبووە؟

ـ من پێموایە فەتواکە هێندەی ئەوەی یەکێکە لە نیشانەکانی گۆڕان هێندە خودی گۆڕانەکە نییە. بۆ من زۆر زەحمەت بوو لەو ساڵانەدا بڵێم ئەوەی ڕوودەدات بەشێکە لەو بەشە هەرە گەورەیەی تر. نووسەرانی موسڵمانی تر پەلاماردران و کوژران، بۆ نموونە لە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی. بەهەمان هۆکار و تێڕوانینی سەدەکانی ناوەڕاست سەیرمان دەکەن و بەهەموومان دەڵێن: کفرکەر، ناماقوڵیکەر، سوکایەتیکەر، بریندارکەر.

– بەڵام ئینسانەکان نایانەوێت گوێ لە من بگرن، کاتێک بڵێم ئەمە پەیوەندی بە گۆڕانێکەوە هەیە لەناو ئیسلامدا. پێموایە فەتواکە دەســتپێکێک بوو بــۆ ڕووداوی زۆر گەورەی وەک پەلاماردانەکەی ١١ی سێپتەمبەر.

بە درێژایی ئەمساڵ «نۆی- یانزە»، کە کتێبێکی یاداشتنامەی شەست سەد لاپەڕەیی بوو هەمووی تەواو بوو، بەڵام سەلمان ڕوشدی هەر ئێستا بەبێ هیچ خۆ سانسۆرکردنێک هەموو ئەو مێژووە دەگێڕێتەوە. باسی سیاسی گەورە و نزیک لە ژیانی تایبەتیەوە دەکات،  ئەمەش هەم سەرنجڕاکێش و هەم نائومێدکەرانەیە، باسی بەگژداچوون و لێپرسینەوەی خۆی دەکات. ئەو لەو ڕێگەیەوە کەم تا زۆر زانیویەتی، کە ڕۆژێک دێت گەر بمێنێت باسی ئەم مێژووە دەکات.

ـ من پیاوی یاداشتنامەنووس نیم. وەک سوسان سونتاگ، کە یەک بەدوای یەک و بە جوانی یاداشتنامەکانی ڕیزکردووەو بەخەتێکی جوان لێی نووسیون، بێگومان بۆ ئەوەیەتی کە دواتر بڵاویان بکاتەوە. من تازە بە تازە بڕیارم داوە هەموو ئەو ڕۆژانە لە یاداشتنامەکەمدا بنووسمەوە. ئەمەش بۆ من زەختێک بوو شتەکانیش زۆر بەپەلە ڕوویان دەدا، زەختێک سەرباری ئەوەی من خۆم یادەوەرییەکی باشم هەیە، بەڵام هێشتا نەم دەتوانی هەموو ئەو شتانەم بیربکەونەوە. یاداشتنامەیەکی پڕ لە وردەکاریم نووسی لەگەڵ باسکردنی ڕووداوەکان و قسەکردن لەسەریان.

– کاتێک هەموو ئەو شتانە تەواوبوون، خەڵکانێک پێشنیاری ئەوەیان بۆ کردم لەسەر ڕووداوەکان بنووسم، بەڵام من تازە لەو تونێلە هاتبوومە دەرەوە، بۆچی دەبوو لەبەرخاتری ئەوەی لەسەری بنووسم  جارێکی تر بچمەوە ناوەوە. لەبەر ئەو هۆکارە هەستیارانە نەم دەویست ئەوە بکەم و وەک نووسەرێکیش پێویستم بە مەودایەک هەبوو، بۆ ئەوەی بیری لێ بکەمەوە، هەزمی بکەم و بتوانم سەرلەنوێ سەیری ڕووداوەکان بکەمەوەو کۆنترۆڵم بەسەریاندا بشکێت، بۆ ئەوەی بتوانم دەستبکەم بە نووسین لە سەریان.

هەروەها سەلمان ڕوشدی کەسێکی بەڵگەهەڵگر و بەدووداچووی ورد نییە بۆ نامەکانی و ئەو یاداشتانەی بۆ زانکۆی ئیمۆری لە ئەتلەنتا نووسیویەتی. ئەوان بۆ ماوەی چوار ساڵ کاریان لەسەر ئەمە کرد، بۆ ئەوەی دواتر ببێت بە بناغەیەک بۆ ئەو یاداشتنامە تازەیە. کاتێک ڕوشدی بینی ئەوان چییان کردووە، غەریزەی خەبەری بوەوە، ئەو دەنگە بچکۆلەی ناو سەری کەوتە قسەکردن و وتی ئێستا کاتیەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کاتی خایاند تا لەوە حاڵی بوو، کە دەبێت چۆن کتێبەکە بنووسێت. وا تێگەیشتبوو، کە دەبێت ئەم کتێبە وەک هەموو کتێبەکانی تری وەهابێت، نەک کتێبەکە تەنها وەک یاداشتنامەیەک بخرێتە ڕوو، بەڵکە فۆرمیش بۆ خۆی گرنگ بوو. ئەبوو سەلمان ڕوشدی وەها بنووسێت، وەک ئەوەی خوێنەرەکانی چاوەڕێی لێ دەکەن بۆ نووسینی ڕۆمانێکی، واتا قوڵ و زۆر هەمەلایەن و گیڕانەوەی کەسەکان سەرنجڕاکێش بێت. بۆ ئەوەی ڕوشدیش بگات بەوە، داوای لێ کرا کتێبەکە بە ڕاناوی تاکی کەسی سێهەمی نادیار بنووسێت، لێرەدا ڕوشدی توانی ئەو مەودایە وەربگرێت، کە پێویستی پێی بوو لەگەڵ بابەتەکەدا.  چونکە ئەمە تەنها ڕێگەچارەیەک بوو بۆ ڕوشدی کە وەک هەر کەسێکی تر بتوانێت ڕەفتار لەگەڵ خۆیدا بکات، لەناو ئەو چیرۆکانەدا کە ژیانی ئەویان دەگێڕایەوە.

هەندێک جار نووسینی ئەوە بۆ سەلمان قورس بوو، بەتایبەت لەو لاپەڕانەدا کە پەیوەندیيان بە عەشق و پارە و خیانەتەوە هەبوو. هەندێک جار بێبەزەیی و هەندێک جاریش کەسێکی سەرڕاست بوو، بەتایبەت بەرامبەر خۆی. هیچ کەسێک ناتوانێت تەنانەت دوژمنە حازربەدەستەکانیشی بڵین ڕوشدی بۆیە ئەمانە باس دەکات، بۆ ئەوەی لەسەر حسابی ئەوانیتر خۆی بە کەسێکی جوان پیشان بدات.

– خوێنەرەکان هەست بەوە دەکەن، کە ئەم نووسەرە دەزانێت خۆی کێیە، هەروەها هەموو شتێکیش لەسەر خۆی دەزانێت و هیچ شتێکیش ناشارێتەوە. ناشکرێت ئەم کتێبە وابخوێنرێتەوە، کە گەوایە من بۆیە نووسیوومە، بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە داوای لێبوردنێکی زۆر بکەم.

– من پێموایە لە دیدی ئەدەبییەوە ژیانی شەخسی خۆم زۆر لەو بارودۆخە سەرنجڕاکێشترە. هەموو ئەو شتانەی لە دەورووبەری ئینسان ڕوودەدەن سەرنجڕاکێشن. بێگومان زۆرینەی نووسینەکە باس لە سیاسەت و ئەخلاق و دین و پرسیارەکانی ڕۆشنبیران دەکات – بەڵام پێویستە هەموو ئەمانە لە ڕێگەی ئەزموونی ژیانەوە بگێڕدرێنەوە.

کاتێک دەستت بەم نووسینە کرد، هەستت بە هەمان ئەو ناڕەحەتیانە کردەوە، کە لەو ماوەیە پیایدا تێپەڕیبوویت؟

– کەم تا زۆر بەڵێ، بەڵام ئەوەی باش بوو ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیبوو ئەو نووسینەش  نەدەبووە هۆی ئەوەی هەستم بریندار بکات. بەڵێ ڕووی دەدا هەندێک ڕۆژ لە کۆتاییدا مەزاجم تاریک ببێت، بەڵام نەک لەبەر ئەو شتانەی کە ڕوویان دابوو لە ژیانمدا، بەڵکە لەبەر ئەو باسانە بوو کە ئەو ڕۆژانە تیایاندا دەم نووسی.

نەخێر، سەرباری ئەوەی کتێبی یاداشتنامەکە باس لە ناکۆکیو هەڕەشەکردنێکی زۆری ئەو سەروەختەی ژیانی ڕوشدی دەکات، بەڵام ئەو پێیوانییە ئەمە دەبێتە هۆی نانەوەی ناکۆکی نوێ. ڕۆمانی «ئایەت شەیتانی» بە کفر تاوانبارکرا، بەڵام سەلمان ڕوشدی شتێکی تر دەڵێت : «ئەمە تەنها چیرۆکێکە لەسەر ژیانی خۆم». سەلمان ڕوشدی ئەمەیەو ئێستاش کەسێکی ئازادە، لە نیویۆرک دەژی و بەشێک لە خێزانەکەشی لە لەندەنن. بێ هیچ ڕێگرییەک سەفەر بۆ وڵاتەکەی خۆی هیندستان دەکات، ئەگەرچی ئەو خۆی کەسێکی گێل نییە، بەڵام خۆی بە کەسێکی ئازاد دەزانێت، وەک ئەو کەسەی پێش دەرچوونی فەتواکە، ئەگەرچی تائێستاش فەتواکە بوونی هەیە، بەڵام بە فەرمی هەڵپەسێراوە.

سەلمان ڕوشدی بە قریقەقریقێکی خۆشەوە دەڵێت: تاڕادەیەک بە ئاشکرا بۆ پشوو بردنە سەر ناتوانم بچم بۆ تاران.

بەشێک لەو نووسراوەی باس لە ژیانی سەلمان ڕوشدی دەکات و بووەتە بەڵگەنامەیەک، دەڵێت: سەلمان ڕوشدی ڕۆماننووس بەردەوام دەتوانێت زۆر جوان بنووسێت، «وات لێ دەکات بەسەر توێی ئاودا سەفەربکەیت و هەستبکەیت ئەوە ڕاستییە».

سەرچاوە

ڕۆژنامەی سڤێنسکا داگ بلادت، ڕۆژی ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٢

SvB  121016

ناردن: