سازکردنی: سوزانا هونوێڵ و ڕیکاردۆ ئۆگێستۆ سێتی

له ئیسپانییەوه بۆ ئینگلیزی: سوزانا هونوێڵ

له ئینگلیزییەوه بۆ کوردی: ماردین ئیبراهیم


ـ تۆ نووسەرێکی گەلەک ناسراویت و خوێنەران ئاشنای نووسینەکانتن. پێمان ناڵێیت تۆ چی دەخوێنیتەوه؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: لەو ساڵانەی دواییدا شتێکی سەرنجکێش ڕووی دا. تێبینم کردووه من تا دێت کەمتر و کەمتر کاری نووسەرانی هاوسەردەمی خۆم دەخوێنمەوه و زیاتر و زیاتر نووسینی نووسەرانی ڕابردوو دەخوێنمەوه. زۆرتر نووسینەکانی سەدەی نۆزده دەخوێنمەوه و کەمتر هی سەدەی بیست. لەو ڕۆژانەدا زیاتر مەیلم بەلای خوێندنەوەی وتار و بابەتی مێژووییه، نەک بابەتی ئەدەبی. زۆر بیرم لەوه نەکردۆتەوه لەبەرچی فڵان شت دەخوێنمەوه…. هەندێکجار پەیوەندی به پرۆفێشناڵێتیمەوه هەیه. پرۆژه ئەدەبییەکانم پەیوەستییان به سەدەی نۆزدەوه هەیه: وتارێک لەمەڕ ‹بێنەوایان›ی ڤیکتۆر هۆگۆ، یاخود ڕۆمانێک که ئیلهامەکەی له ژیانی ‹فلۆرا تریستان›وه هاتبێت، که ڕیفۆرمیستێکی کۆمەڵایەتی فرانکۆ- پیرۆیی و فیمینیست بوو. جگه لەوەش، که له پانزه و شانزه ساڵانی تەمەنتدایت، هەست دەکەیت هەموو کاتی دنیا لەبەردەمتدایه. کاتێکیش دەگەیته پەنجا، تێدەگەیت ڕۆژەکانت به ئەژمارن و دەبێت بابەتی خوێندنەوەکانت گوڵچن بکەیت. زۆر پێدەچێت لەبەرئەوه بێت من نووسینی هاوچەرخەکانی خۆم ناخوێنمەوه.

ـ بەڵام لەناو نووسەرانی هاوچەرخی خۆتدا، که کارەکانیان دەخوێنیتەوه، به کارەکانی کێ به دیاریکراوی سەرسامیت؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ئەودەمەی لاو بووم، خوێنەرێکی سەرگەرمی سارتەر بووم. ڕۆماننووسه ئەمریکییەکانم خوێندەوه، به دیاریکراوی نەوەی ونبوو – فۆکنەر، هەمەنگوای، فیتزجیڕاڵد، دۆس پاسۆس- بەتایبەتیش فۆکنەر. لەو نووسەرانەی که لاوبووم خوێندمنەوه، فۆکنەر یەکێکه لەو نووسەره دەگمەنانەی تا ئێستاش مانای زۆره بۆ من. من قەت له فۆکنەر نائومێد نەبووم، کاتێک دووباره خوێندمەوه. بۆ نموونه، وەک ئەوەی له دووباره خوێندنەوەی نووسەری دی، با بڵێین هەمەنگوای، جاروبار نائومێد بووم. ئەمڕۆ جارێکی دی سارتەر ناخوێنمەوه. بەبەراورد به هەموو ئەو شتانەی لەو کاتەوه خوێندوومەتەوه، ئەدەبی سارتەر بەسەرچووه و زۆر له بەهای خۆی لەدەست داوه.. بۆ وتارەکانیشی، زۆربەیان بەلای منەوه کەمتر گرنگن، ڕەنگه یەک ئاوارته هەبێت ـ « سانت جێنێت: کۆمێدی یان شەهید»، که تا ئێستاش کەیفم پێی دێت. ئەوان پڕن له هاودژی، لێڵیی، ناوردبینی و فشوفۆڵی، شتگەلێک که هەرگیز له فۆکنەر روونادات. فۆکنەر یەکەمین ڕۆماننووس بوو له کاتی خوێندنەوەیدا قەڵەم و کاغەز لەبەردەستمدا بوو، چونکه تەکنیکەکەی حەپەساندمی. ئەو یەکەمین ڕۆماننووس بوو، که هۆشیارانه کۆششم کرد کارەکانی بنیادبنێمەوه به هەوڵدان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی. بۆ نموونه، ڕێکخستنی کات، یەکتربڕینی کاتو شوێن، وەستان له گێڕانەوەدا و توانای ئەو له گێڕانەوەی چیرۆک له گۆشەنیگای جیاوازەوه، له پێناو خوڵقاندنی ناڕۆشنییەکی دیاریکراودا، بۆ ئەوەی قووڵاییەکی زیادەی بداتێ.  بۆ من وەک نووسەرێکی ئەمریکای لاتین، پێم وایه زۆر بەسوود بوو کتێبەکانی بخوێنمەوه، چونکه سەرچاوەی بەنرخی تەکنیکی وەسفی بوون، که دەکرا بەسەر جیهانێکدا پراکتیزه بکرێت- جیهانی یۆسا و.ک- ، که تا ڕادەیەک  زۆر جیاواز نەبوو لەو جیهانەی فۆکنەر باسی دەکات. دواتر، هەڵبەته، ڕۆماننووسەکانی سەدەی نۆزدەم به ئارەزوویەکی بێئەندازەوه خوێندەوه: فلۆپێر، بەلزاک، دوستۆیڤسکی، تۆڵستۆی، ستانداڵ، هاوسۆرن، دیکنزو مێلڤیل. من تا ئێستاش خوێنەرێکی دڵگەرمی نووسەرانی سەدهی نۆزدەم.

هێندەی پەیوەندی به ئەدەبی ئەمریکای لاتینەوه هەیه، مایەی سەرسوڕمانه، من تا له ئەورووپا نەژیام کەشفم نەکردو به دڵگەرمییەکی زۆرەوه نەکەوتمه خوێندنەوەی. دەبوایه له زانکۆی لەندەن وەک دەرس بیڵێمەوه، که ئەزموونێکی دەوڵەمەند بوو بۆ من، چونکه پاڵی به منەوه نا بیر له سەرجەم ئەدەبی ئەمریکای لاتین بکەمەوه. لەوێ بەدواوه بۆرخیسم خوێندەوه، که تاڕادەیەک ئاشنای بووم، کارپێنتیر، کۆرتازار، گویماریس ڕۆسا، لێزاما لیما- هەموو ئەو نەوەیه، جگه له مارکیز. دواتر مارکیزم دۆزییەوه و تەنانەت کتێبێکم دەربارەی نووسی: «گارسیا مارکیز: مێژووی بڕیارێک»،  هەروەها دەستم کرد به خوێندنەوەی ئەدەبی سەدەی نۆزدەی ئەمریکای لاتین، چونکه دەبوایه له زانکۆ بیڵێمەوه. ئەوکات زانیم ئێمه نووسەری یەکجار سەرنجڕاکێشمان هەیه- ڕەنگه ڕۆماننووسمان کەمتر بێت له وتارنووس و شاعیر- . سارمیانتۆ، بۆ نموونه، قەت ڕۆمانی نەنووسیوه، بە ڕای من یەکێکه له گەورەترین ئەو چیرۆکبێژانەی ئەمریکای لاتین بەرهەمی هێناوه؛ ‹فاکوند› که ئەو نووسیوویەتی شاکارێکه، بەڵام ئەگەر ناچار بکرێم یەک ناو هەڵبێنم، ئەوا دەڵێم بۆرخیس، چونکه ئەو جیهانەی ئەو دەیخوڵقێنێت بەلای منەوه زۆر ڕەسەنه. بەجیا له ڕەسەنایەتییه مەزنەکەی، هەروەها ئەو بەهرەمەنده به خەیاڵێکی نایاب و کەلتوورێک که خۆی خاوەنییەتی.  هەروەها بێگومان زمانی بۆرخیس، که به مانایەک له ترادیسیۆنی ئێمه جیابۆتەوه و ترادیسیۆنێکی دیکەی بەڕووماندا کردەوه. زمانی ئیسپانی زمانێکه مایله بەرەو حەماسەت، تەقینەوه و داهێنان و دەوڵەمەندیی. گەورەنووسەرانمان هەموویان درێژنووس بوون، له سێرڤانتسەوه بۆ ئۆرتیگا، گاسێت، ڤالیئینکلان، یاخود ئەلفۆنسۆ رێیس. بۆرخیس پێچەوانەیه – کورتبڕ، دەستپێوەگرو بەدیقەت. ئەو تاکه نووسەری زمانی ئیسپانییه، که بەئەندازەی ژمارەی ئایدیاکانی وشەی هەیه. ئەو یەکێک له گەورەترین نووسەرانی سەردەمی ئێمەیه.

ـ پەیوەندیت لەگەڵ بۆرخیس چۆن بوو؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: یەکەم جار ئەوم له پاریس بینی، ئەودەمەی سەرەتای شەستەکان من لەوێ دەژیام. ئەو له پاریس بوو تا سیمینارگەلێک دەربارەی ئەدەبی خەیاڵی و گۆچێسکا- ڕەوتێکی چیرۆکنووسینی ئەمریکای لاتین- پێشەکەش بکات. دواتر چاوپێکەوتنێکم لەگەڵدا سازدا بۆ ئۆفیسی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی دووی فەڕەنسی، که ئەودەم من لەوێ کارم دەکرد. ئێستاش به هەستوسۆزەوه بیر لەو چاوپێکەوتنه دەکەمەوه. دوای ئەوه، چەندان جاری دی لە شوێنی جیاوازی ئەم دنیایه یەکمان بینی، تەنانەت له لیما بۆ خواردنی شێوان داوەتم کرد. له پاشان داوای لێ کردم بیبەم بۆ پێشاو- تەوالێت-. کاتێک میزی دەکرد لەپڕ وتی، پێت وایه کاسۆلیکەکان خەڵکانی جددی بن؟ بەئەگەری زۆر، نەخێر.

دواجار، که بینیم له ماڵەکەی خۆی بوو له بۆینس ئایرس؛ دیدارم لەگەڵ کرد بۆ  بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆن، که هەمبوو له پیرۆ. ئەو هەستەم بۆ پەیدا بوو، که خۆشی نەهات به هەندێک لەو پرسیارانەی لێم کرد. مایەی سەرسوڕمان بوو، دوای چاوپێکەوتنەکه یەکجار پەست بوو- من بەدێژایی دیدارەکه چاودێریم دەکرد. هەڵبەته من بێئەندازه بایەخم هەبوو بۆی، نه هەر لەبەرئەو ڕێز و ئیعجابەی هەمبوو بۆی، بەڵکو لەبەرئەو عەشقەش که بۆ ئەو پیاوه کەمەندکێش و نازکەوه هەمبوو- وتم من سەرم له سادەیی و خاکێتیی خانووەکەی سوڕماوه، که کاغەزی دیوارپۆشی ماڵەکەی دڕاوه و بنمیچەکەشی ئاوی لێ دەچکێت. دیار بوو ئەوەی به توندی به سووکایەتی وەرگرتبوو. دوای ئەوجاره، جارێکی دی بینیمەوه بەڵام زۆر خۆی بەدوورگرت لێم. ئۆکتاڤیۆ پاز پێی گوتم، که بۆرخیس به قسەکەی من دەربارەی خانووەکەی زۆر پەست بووه. ئەوه تاکه شتێک بوو ڕێی تێدەچوو ڕەنجاندبێتی، ئەگینا من له ستایشی ئەو زیاتر هەرگیز هیچی دیکەم دەربارەی نەوتووه. پێم وایه کتێبەکانمی نەخوێندەوه. به قسەی خۆی، له تەمەنی چل ساڵییەوه، ئەو نووسینی نووسەرانێک ناخوێنێتەوه، که له ژیاندا بن، هەندێک کتێب هەن، ئەو بەردەوام دەیان خوێنێتەوەو دەیان خوێنێتەوه…. ئەو نووسەرێکه زۆر سەرسامم پێی، بەڵام ئەو تاکه نووسەرێک نییه پێی سەرسام بم، بێگومان پابلۆ نێرۆدا شاعیرێکی ناوازەیه. ئۆکتاڤیۆ پازیش- نەک هەر شاعیرێکی مەزنه، بەڵکو وتارنووسێکی گەورەشه، پیاوێکی تەڕدەسته لە بواری سیاسەت و هونەر و ئەدەبدا.  کونجکۆڵی ئەو کونجکۆڵییەکی جیهانییه. من تا ئیستاش به چێژێکی زۆرەوه دەیخوێنمەوه. هەروەها دیدگای سیاسیی ئەو هاوشێوەی دیدگای سیاسیی منه.

ـ لەناو ئەو نووسەرانەی سەرسامیت پێیان، ئاماژەت بۆ نێرۆدا کرد. تۆ هاوڕێی بوویت. ئەو چۆن بوو؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: نێرۆدا ژیاندۆست بوو. ئەو مەیلێکی کێویانەی هەبوو بۆ هەموو شتێک- شێوەکاری، هونەر بەگشتی، کتێبەکان، چاپکراوی دەگمەن، خواردن، خواردنەوه. خواردن و خواردنەوه بۆ ئەو تاڕادەیەک ئەزموونێکی ڕۆحانی بوو. پیاوێکی یەکجار دڵنشین، تژی بوو له وزەی ژیان- بێگومان ئەگەر ئەو شیعرانەی فەرامۆش بکەین که له ستایشی ستالیندا نووسی. ئەو له جیهانێکی نیمچه- فیوداڵی خۆیدا دەژیا؛ که هەموو شتێک سەری دەکێشا بۆ کەیفوسەفای ئەو، سەری دەکێشا بۆ شیرینی و جۆشوخرۆشی ژیانی ئەو. من بەختی ئەوەم هەبوو پشوویەکی هەفته لەوێندەر له ئیزا نیگرا بەسەربەرم. زۆر خۆش بوو! جۆرێک له ماشێنی کۆمەڵایەتی لە دەوری ئەو له تەڤگەڕدا بوو: یەک ڕەوه خەڵک خواردنیان لێدەنا و کاریان بۆ دەکرد- هەمیشه میوانگەلی زۆریش. گردبوونەوەیەکی زۆر سەیر بوو، بەشێوەیەکی ناوازه زیندوو، بەبێ بوونی بچووکترین شوێنپێی ڕۆشنبیرییگەری. نێرۆدا تەواو پێچەوانەی بۆرخیس، پیاوێک که وا دەردەکەوت قەت نان ناخوات، ناخواتەوه، جگەره ناکێشێت، پیاوێک که دەکرا بگووترێت قەتیش سێکسی نەکردووه، چونکە بۆ ئەو هەموو ئەو شتانه به پله دوو دادەنران، ئەگەر کردبانیشی لەبەر ڕێز  بوو، نەک شتێکی دی. چونکه ئایدیاکان، خوێندنەوەو ڕامان و داهێنان ژیانی ئەو بوون، ژیانێکی تەواو ئەقڵانی. نێرۆدا له ترادیسیۆنی جۆرج ئەمادۆ و ڕافائیل ئەلبێرتێ-وه کەوتبۆوه، که ئەدەبیاتیان وەک خوڵقێنراوی ئەزموونی جەستەیی ژیان دەبینی. ئەو ڕۆژەم لەبیره که یادی لەدایکبوونی نێرۆدامان له لەندەن کردەوه. ئەو ویستی ئاهەنگەکه لەسەر بەلەمێک له ڕووباری ‹تامس›- ڕووبارێکه بەناو لەندەندا دەڕوات. و.ک-  بەڕێوه بچێت. بەخۆشحاڵییەوه یەکێک له عاشقانی ئەدەبی ئەو، شاعیری ئینگلیز ئەلستەر ڕید، لەناو بەلەمێک له ڕووباری تامسدا دەژیا، بەوەش توانیمان ئاهەنگەکەی بۆ ڕێکبخەین. کاتەکه هات و ئەو پێی ڕاگەیاندین که کۆکتێلێک دروست دەکات. ئەوه هەرەگرانترین خواردنەوه بوو له جیهاندا، که نازانم پێکهاتبوو لە چەند بوتڵ دۆم پێریگنۆن، شەربەتی میوەکان و خوا دەزانێت چی دیکەش. ئەنجامەکەش، بێگومان، زۆر نایاب بوو، وەلێ یەک پەرداخ بەس بوو بۆ ئەوەی سەرخۆشت بکات. ئیتر ئاوا، هەموومان سەرخۆش بووین، هەر هەموومان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستاش لەیادمه چی پێ گووتم، شتێکی وت که بەدێژایی ساڵان وەک ڕاستییەکی گەوره سەلما. وتارێک لەو کاتەدا- بیرم نەماوه دەربارەی چی بوو- زۆر منی پەست و بێتاقەت کردبوو، چونکه سووکایەتی پێ کردبووم و درۆی بۆ هەڵبەستبووم. من پیشانی نێرۆدام دا. لەناوەڕاستی ئاهەنگەکەدا نێرۆدا پێشگۆیی کرد: تۆ وا بەرەو بەناوبانگبوون دەڕۆیت. دەمەوێت ئەوه بزانیت، که چی چاوەڕێته: تا پتر بەناوبانگ بیت، پتر بەو شێوەیه پەلامار دەدرێیت. بۆ هەر ستایشێک، دوو یان سێ سووکایەتی دەبێت. من بۆخۆم سینەم پڕه له سووکایەتیپێکردنەکان، بەدگۆییەکانو بێڕێزییەکان، که مرۆڤێک بکرێت تەحەمولیان بکات. نەم هێشت هیچ لەوانه سەغڵەتم بکەن: دز، بەدڕەفتار، ناپاک، سەرسەری، تەرەس… هەموو شتێک! ئەگەر بەناوبانگ بیت، دەبێت بەرگەی ئەوانه بگریت.

نێرۆدا ڕاستی وت؛ پێشگۆییەکەی بەڕاست گەڕا. من نەک سینەیەک، بەڵکو چەند جانتایەکم لەو وتارانه هەیه که تژین لەو جنێو و سووکایرتیانری که دەکرێت به کەسێک بگووترێن.

ـ ئەی دەربارەی مارکیز؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ئێمه هاوڕێ بووین؛ له بەرشەلۆنه دوو ساڵ دراوسێ بووین، لەسەر هەمان شەقام دەژیاین. دواتر، بەهۆی کەسی تایبەت و هەروەها بەهۆی سیاسی لێکدی جیابووینەوه، بەڵام هۆی بنەڕەتی بۆ تێکچوونی نێوانمان گرفتی کەسیی تایبەت بوو، که هیچ پەیوەندی به بڕوای ئایدیۆلۆجی ئەوەوه نەبوو – که بێگومان حەزم به دیدگای ئایدیۆلۆجی ئەو نەبوو. له ڕوانگەی منەوه، نووسینی ئەو لەگەڵ دیدی سیاسیی ئەو هاوتا نیین. دەی، من زۆر سەرسامم به تواناکانی ئەو وەک نووسەر. وەک پێشتر وتم، من کتێبێکی شەشسەد لاپەڕەییم دەربارەی کارەکانی ئەو نووسی، بەڵام هێنده ڕێزم نییه بۆ خۆی و بۆ دیدگا سیاسییەکانی، که بەلای منەوه جددی نیین. دیدی سیاسیی ئەو هەلپەرستانه و عەوامخوازانەیه.

ـ ئەو گرفته کەسییەی ئاماژەت بۆ کرد پەیوەندی بەو ڕووداوەوه هەیه که له سینەمایەکی مەکسیک له نێوانتاندا ڕووی دا و لێکدی گیر بوون؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ڕووداوێک له مەکسیک قەوما، بەڵام ئەوه بابەتێکه بایەخی ئەوەی نییه لەبارەیەوه بدوێم؛ دیاره مەزەنەو مەزەنەکاری زۆری خستەوه و ئەز نامەوێت کاڵای زیاتر بدەمه شرۆڤەکاران. ئەگەر یادەوەرییەکانی خۆم بنووسمەوه، چیرۆکەکه وەکی خۆی باس دەکەم.

ـ تۆ بابەتی کتێبەکانت هەڵدەبژێریت، یان ئەوان تۆ هەڵدەبژێرن؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ئەوەندەی جێی بایەخی من بێت، من بڕوام وایه بابەتەکه نووسەرەکه هەڵدەبژێرێت. من هەمیشه ئەو هەستەم هەبووه، که چیرۆکگەلی تایبەت خۆیان بەسەر مندا دەسەپێنن؛ توانای فەرامۆشکردنیانم نییه، چون به هەندێک ڕێگای سەیر، پەیوەندییان به جۆرێک ئەزموونی فەندەمێنتاڵەوه هەیه- نازانم بڵێم چۆن. بۆ نموونه، ئەوکاتەی له قوتابخانەی سەربازی لیۆنیسۆ پرادۆ له لیما بەسەرم برد، ئەودەم هێشتا کوڕیژگەیەک بووم، پێویستییەکی ڕاستەقینەی دامێ، ئارەزوویەکی دەمارگیرانەی دامێ بۆ نووسین. ئەوه ئەزموونێکی شۆکئامێزی توند بوو، که له زۆر لایەنەوه خەتوخاڵی بۆ کۆتایی منداڵیم نەخشاند- سەرلەنوێ کەشفکردنەوەی وڵاتەکەم وەک کۆمەڵگایەکی تووندوتیژ، تژی له تفتوتاڵی، پێکهاتوو له توێژگەلی ڕەگەزی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی، که له ململانێی تەواودا بوون و هەندێک جار گیرخواردوو له پێکدادانی شەڕانگێزانه. پێم وایه ئەو ئەزموونه کاریگەری داناوه لەسەرم؛ شتێک لێی دڵنیام ئەوەیه، که پێداویستی منی هەڵکشاند بۆ داهێنان، بۆ خوڵقاندن.

ئێستاشی لەگەڵدا بێ، هەمان شێوەیه بۆ گشت کتێبەکانم. هەرگیز ئەو هەستەم نەبووه، که خۆم بەشێوەیەکی ئەقڵانیو بە خوێنساردییەوه بڕیارم دابێت چیرۆکێک بنووسم. به پێچەوانەوه، خەڵکان یان ڕووداوی دیاریکراو، هەندێک جار خەونەکان یان خوێندنەوەکان کتوپڕ خۆیان سەپاندووه و داوای سەرنجیان کردووه. لەبەر هێندێیه ئەز گەلەک دەربارەی گرنگی توخمه نائەقڵانییه پەتییەکان له داهێنانی ئەدەبیدا قسان دەکەم. ئەو نائەقڵانییەته، پێم وایه، پێویسته له ڕێگای خوێنەریشەوه بێت. پێم خۆشه به هەمان ئەو ڕێگایەی من ڕۆمانێکی دڵنشین دەخوێنمەوه، ڕۆمانەکانی منیش بخوێنرێنەوه. ئەو ڕۆمانانەی منیان سەرسام کردووه، زۆرتر ئەو ڕۆمانانه بوون که جادوویان لێ کردووم و کەمتر ئەوانه بوون که له ڕێگەی کەناڵەکانی ئەقڵ و ڕۆشنبیرییەوه گەیشتوونەته من. ئەوانه ئەو چیرۆکانه بوون، که توانای وێرانکردنی هەموو بەشەکانی منیان هەبووه و ئینجا له شەوقوڕەوقدا جێیان هێشتووم. ئەوه ئەو جۆرەی ڕۆمانه حەزم لێیه بیخوێنمەوه و ئەو جۆرەی ڕۆمانه حەزم لێیه بینووسم. من وای دەبینم، زۆر گرنگه توخمی ئینتیلیکتوال و ئەقڵانی، که بوونی له ڕۆمانێکدا نەتوانرێت خۆی لێ لابدرێت، له کردارێکدا بتوێنرێتەوه، بخرێته بۆتەی چیرۆکێکەوه که خوێنەر کەمەندکێش بکات، نەک به ئایدیاکانی، بەڵکو به ڕەنگەکانی، بەو جۆشوخرۆشەی دەیجووڵێنن، به توخمی سەرسامکەریان  و دواجار بەو شەوقوڕەوق و لوغزو ڕازەی بەرەهەمی دەهێنن. به دیدی من، تەکنیکی ڕۆمانێک به زەروورەت بوونی هەیه بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاریگەرییه- بۆ کەمکردنەوه یاخود ئەگەر بکرێت بۆ نەهێشتنی مەودای نێوان چیرۆکەکه و خوێنەرەکه. بەو مانایه، من نووسەرێکی سەدەی نۆزدەم. ڕۆمان بۆ من تا ئێستاش ڕۆمانی سەرکێشییەکانه، که بەو ڕێگا تایبەتییه دەخوێنرێتەوه که باسم کرد.

ـ چی دەبێته گاڵتەبازی له ڕۆمانەکانتدا؟ ئەو ڕۆمانەی هەره دواییت  زۆر دووره لەو گاڵتەجاڕییەی له «پووره جولیا و فیلمنامەنووسەکه»دا هەیه. ئایا ســەخته لەمڕۆدا پراکتیزی گاڵتەجاڕیی بکەیت له نووســیندا؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: قەت لە من ڕووینەداوه پرسیار لە خۆم بکەم، که ئایا من ئەمڕۆ کتێبێکی گاڵتەئامێز دەنووسم، یان کتێبێکی ‹جددی›. بابەتی ئەو کتێبانەی له ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نووسیوومن کەمتر خۆیان لە قەرەی گاڵتەوگەپ داوه. پێم وانییه «جەنگی کۆتایی جیهان» و « ژیانی ڕاستەقینەی ئەلیاندرۆ مایتا»، یاخود ئەو شانۆنامانەی نووسیوومن لەسەر تێماگەلێک بنیادنرابن، که بکرێت گاڵتەئامێزانه مامەڵەیان لە تەکدا بکرێت. ئەی دەربارەی «له ستایشی زڕدایکدا»؟ گاڵتەوگەپێکی زۆری تێدایه، وانییه؟

من پێشتر حەساسییەتم هەبوو به گاڵتەوگەپ، چونکه ساویلکانه وام دەبینی ئەدەبی جددی قەت پێناکەنێت؛ وام دەبینی گاڵتەوگەپ دەکرێت گەلەک مەترسیدار بێت، ئەگەر من بمەوێت باسی گرفته کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوورییه جددییەکان بکەم له ڕۆمانەکانمدا. وام دەبینی گاڵتەوگەپ وا له چیرۆکەکانم دەکات تەنک و ‹دەستکرد› دەربکەون و ئەو هەسته لای خوێنەر دروست دەکات، که چیرۆکەکانی من هیچ نیین جگه له سەرگەرمکردنێکی سووکەڵه. لەبەرئەوه بوو خۆم له گاڵتەوگەپ بەدوور گرت، زۆر ڕێی تێدەچێت لەژێر کاریگەریی سارتەردا بووبێت، که هەمیشه زۆر شەڕانگێز بوو بەرامبەر گاڵتەوگەپ، بەلایەنی کەمەوه له نووسینی خۆیدا. وەلێ ڕۆژێک، کەشفم کرد که بۆ ئەوەی ئەزموونێکی دیاریکراوی ژیان له ئەدەبدا ڕەنگبداتەوه، گاڵتەوگەپ دەکرێت ئامڕازێکی بەنرخ بێت. ئەوه له «کاپتن پانتۆیا و خزمەتی تایبەت»دا ڕووی دا. لەوه بەدواوه من زۆر هۆشیار بووم بەرامبەر گاڵتەوگەپ وەک گەنجینەیەکی گەوره، وەک توخمێکی بنەڕەتی ژیان و ئینجا توخمێکی سەرەکی ئەدەبیش و ئەو ئەگەره لانادهم که گاڵتەوگەپ دیسانەوه ڕۆڵی گرنگی دەبێت له ڕۆمانەکانمدا. وەک ڕاستییەکیش ڕۆڵیان هەبووه. ئەمه بۆ شانۆنامەکانیشم هەر ڕاسته، به دیاریکراوی «کاسی و هیپۆپۆتامۆس».

ـ دەتوانی باسی خووی کارکردنی خۆتمان بۆ بکەیت؟ تۆ چۆن کاردەکەیت؟ چۆن ڕۆمانێک سەرهەڵدەدات؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: پێش هەموو شتێک، زیندەخەونێکه، جۆرێک له ڕامانه دەربارەی کەسێک، بارودۆخێک، شتێک که تەنیا له مێشکدا ڕوودەدات. ئینجا دەست دەکەم به تێبینی نووسین، کورتکردنەوەی زنجیرەی گێڕانەوه: کەسێک لێرەوه دێته ناو دیمەنەکەوه، لەوێوه دەڕواته دەرەوه، ئەمه و ئەوه دەکات. کاتێک دەست به خودی ڕۆمانەکه دەکەم، نەخشەیەکی گشتی بۆ گرێچنەکه دەکێشم- که هەرگیز پێوەی پەیوەست نابم، لەگەڵ چوونه پێشەوەمدا بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا دێنم – بەڵام دەرفەتی دەستپێکردنم بۆ دەڕەخسێنێت. ئینجا دەست دەکەم به پێکەوه لکاندنیان، بەبێ بچووکترین قەلەق دەربارەی ستایڵ، نووسین و سەرلەنوێ نووسینەوەی هەمان دیمەن، درووستکردنی هەلومەرجی خودان هاودژی تەواو.

کەرەسەی خاو هاوکاریم دەکات، دڵنەواییم دەکات، بەڵام ئەوه ئەو بەشەی نووسینه، که سەختترین کاتم هەیه لەگەڵیدا. کاتێک لەو قۆناغەدام، زۆر به وریاییەوه هەنگاو هەڵدەگرم و هەمیشه نادڵنیام دەربارەی ئەنجامەکه. دەستنووسی یەکەم لەناو دڵەڕاوکێیەکی ڕاستەقینەدا دەنووسرێت. ئینجا که ئەو ڕەشنووسەم تەواو کرد، هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا دێت- که هەندێکجار دەکرێت زۆر بخایەنێت؛ بۆ «جەنگی کۆتایی جیهان»، قۆناغی یەکەم نزیکەی دوو ساڵی خایاند- . ئینجا دەزانم که چیرۆکەکه لەوێیه، خۆی لەناو ئەو شوێنەدا حەشارداوه، که من پێی دەڵێم شلەی بورکانیی من. ئەوه فەوزایەکی تەواوه بەڵام ڕۆمانەکه لەوێندەره، لەناو دنیایەک توخمی مردوودا وێڵه، لەگەڵ دیمەنگەلی ناپێویست که ون دەبن، یاخود دیمەنگەلێک که چەندان جار و لە گۆشەنیگای جیاوازەوه چەندباره دەبنەوه، لەگەڵ کاراکتەری جیاواز. زۆر فەوزایه، که تەنیا بۆ من مانای هەیه، بەڵام چیرۆکەکه لەوێندەر لەدایک دەبێت. دەبێت چیرۆکەکه لەسەرجەم ئەو شتانه هەڵاوێریت، پاکی بکەیتەوه و ئەوەش خۆشترین بەشی کارەکەیه. لەوێ بەدواوه من دەتوانم کاژێرگەلی درێژتر کار بکەم، بەبێ ئەو گرژی و دڵەڕاوکێیەی یاوەری نووسینی ڕەشنووسی یەکەمه. پێم وایه ئەوەی خۆشم دەوێت، خودی نووسین نییه، بەڵکو سەرلەنوێ نووسینەوەیه، دەستکاریکردنه، چاککردنه… پێم وایه ئەوه داهێنەرانەترین بەشی نووسینه. ئەز قەت نازانم کەنگێ چیرۆکێک تەواو دەکەم. بەش هەبووه پێم وابووه به چەند مانگێک تەواوی دەکەم، کەچی چەند ساڵێکی لێ بردووم، تا تەواوم کردووه. ڕۆمانێک وا دەردەکەوێت بۆ من تەواو بووه، کاتێک که هەست دەکەم ئیتر نابێت بەو زووانه کۆتایی پێ بهێنم. کاتێک تێر بووم، کاتێک گەیشتمه ئەوەی بڵێم بەسه، کاتێک ئیتر چیدی ناتوانم ئارام بگرم، ئیتر چیرۆکەکه تەواو بووه.

ـ تۆ به دەست دەنووسیت، یان به ئامێری نووسین؟ یاخود جاروبار به دەست و جاروباری دیش به ئامێری نووسین؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: من یەکەم جار بەدەست دەنووسم. ئەز هەمیشه سەرلەبەیانیان دەنووسم، له کاتژمێرەکانی بەرایی سبەینان، هەمیشه بەدەست دەنووسم. ئەو کاتژمێرانه، کاتژمێرگەلی داهێنەرانەن. قەت له دوو کاتژمێر پتر بەو شێوەیه کارناکەم ـ دەستەکانم کەشەنگ دەبن. ئینجا دەست دەکەم به تایپکردنی ئەوەی بەدەست نووسیوومه، که لەگەڵیا دەڕۆم گۆڕانکاری تیادا دەکەم ؛ ئەمه ڕەنگه قۆناغی یەکەمی سەرلەنوێ نووسینەوه بێت، بەڵام هەمیشه چەند دێڕێک به تایپنەکراوی جێدەهێڵم، بەوەش ڕۆژی دواتر دەتوانم به تایپکردنی بەشی کۆتایی ئەوەی ڕۆژی پێشتر نووسیوومه دەستپێبکەمەوه. وەگەڕخستنی ئامیری نووسین- تایپڕایتەر- دینامیکێکی دیاریکراو دەخوڵقێنێت- وەک ئەو جووڵە و بزاوتەیه، که پێش دەستپێکردنی وەرزش، بۆ گەرمکردنی لەش دەکرێت.

ـ هەمەنگوای هەمان ئەو تەکنیکەی بەکارهێناوه، که هەمیشه ڕستەیەکی به نیوەیی جێدەهێشت بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر دەستی به نووسین کردەوه بتوانێت کڵافەی نووسینەکه به ئاسانی بگرێتەوه دەست….

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: بەڵێ، ئەو پێی وابوو قەت نابێت هەموو ئەو شته بنووسێت که له مێشکیدایه، بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ ڕۆژی دواتر به ئاسانی دەست پێ بکاتەوه. سەختترین بەش بەلای منەوه دەستپێکردنه. له سەرلەبەیانیدا، دروستکردنی پەیوەندی سەرلەنوێ، خەم و قەلەقییەکەی… بەڵام ئەگەر شتێکی میکانیکیت هەبێت بیکەیت، کارەکه خۆی دەستی پێ کردووه. ماشینەکه دەست بەکار دەکات. بەهەرحاڵ، من بەرنامەیەکی کارکردنی وردم هەیه. هەموو سپێدەیەک تا دووی دوای نیوەڕۆ له ئۆفیسەکەمدا دەمێنمەوه. ئەو کاتژمێرانەی رۆژ بۆ من پیرۆزن. ئەوه مانای ئەوه نییه، که من بەردەوام دەنووسم؛ هەندێکجار من پێداچوونەوه دەکەم، یان تێبینی دەنووسم، بەڵام سیستەماتیکیانه لەناو کارەکەمدا دەمێنمەوه. بێگومان، ڕۆژانی باش و ڕۆژانی خراپیش هەن، بەڵام من هەموو ڕۆژێک کاردەکەم، تەنانەت ئەگەر هیچ ئایدیای تازەشم نەبێت، دەتوانم کاتەکه به ڕاستکردنەوه، پێداچوونەوه و نووسینی تێبینی و هتد… بەسەربەرم، هەندێک جار بڕیاردەدەم، تەنیا بۆ گۆڕینی خاڵبەندییەکه، پارچەیەکی تەواوکراو سەرلەنوێ بنووسمەوه.

دووشەممه بۆ شەممه، من کار له ڕۆماننووسیندا دەکەمو سبەینانی یەکشەممه تەرخاندەکەم بۆ کاری ڕۆژنامەگەری – بابەت و وتارەکان. هەوڵدەدەم ئەو کارانه له هەمان کاتی تەرخانکراوی یەکشەممەدا بکەم، بۆ ئەوەی گرفت بۆ کاری داهێنەرانەی سەرتاپای هەفتەکه دروست نەکات. هەندێک جار لەکاتی نووسینی تێبینیدا گوێ له مۆسیقای کلاسیک دەگرم، بەڵام نابێت گۆرانی لەگەڵدا بێت. ئەوه شتێکه دەستم پێ کردووه لەو دەمەی له خانوویەکی زۆر پڕ ژاوەژاودا دەژیام. . سبەینان، بەتەنیا کاردەکەم، کەس نایەته ئۆفیسەکەم. تەنانەت تەلەفۆنیش وەڵام نادەمەوه. ئەگەر وەڵام بدەمەوه، ژیانم دەبێته دۆزەخ. تۆ ناتوانیت بیهێنیته بەرچاوت چەند تەلەفۆنم بۆ دێت و چەند میوانم دێت. هەموو خەڵک ئەم ماڵه دەزانێت. به ناخۆشحاڵییەوه ناونیشانەکەم کەوتۆته بەردەمی خەڵکی.

ـ تۆ قەت دەستبەرداری ئەو ڕۆتینه توونده نابیت؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: پێناچێت بتوانم، بەو شێوەیه نەبێت، نازانم چۆن کار بکەم. ئەگەر چاوەڕوانی ساتەکانی ئیلهام بکەم، قەت کتێبێکم بۆ تەواو ناکرێت. ئیلهام بۆ من، له ڕێگەی کۆششی بەردەوامەوه دێت. ئەم ڕۆتینه وام لێ دەکات کار بکەم، ئینجا به کەیفسازییەکی گەوره بێت یان بەبێ کەیفی، ئەوه به ڕۆژ کەوتووه.

ـ ڤیکتۆر هۆگۆ، لەپاڵ نووسەرانی دیکەدا، باوەڕی به هێزی جادوویی ئیلهام هەبوو. گابریل گارسیا مارکیز وتبووی، دوای ساڵانێک ملبەمله لەگەڵ ڕۆمانی ‹سەد ساڵ تەنیایی›، له سەفەرێکیدا به سەیاره بۆ ئەکاپولکۆ،  ڕۆمانەکه لەناو سەریدا خۆی نووسیوه. تۆ هەر ئێستا وتت ئیلهام بۆ تۆ بەرهەمی دیسپلینه، بەڵام تۆ قەت تووشی ‹ڕۆشنبوونەوه یاخود جیلوەی ناوەکی› نەبوویت؟

ماریۆ ڤارگسا یۆسا: قەت لە من ڕووی نەداوه. پرۆسێسێکی زۆر لەوه هێواشتره. لە سەرەتادا شتێک هەیه زۆر تەمومژاوی، بزێو، جێ گومان. شتێک من لەناو لێڵی و تەمومژەکەدا بەدیدەکەم و خولیام، کونجکۆڵیم و جۆشوخرۆشم دەجوڵێنێت، ئینجا پاشتر خۆی وەردەگێڕێت بۆ کار، پارچەی نووسراوی تێبینی و کورتەی گرێچنێک. ئینجا کاتێک نەخشەکەم دەست دەکەوێت و دەست دەکەم به دانانی شتەکان به ڕیز، شتێکی زۆر پەرت، زۆر لێڵ هێشتا پێدادەگرێت. ڕۆشنبوونەوەی ناوەکی تەنێ لەکاتی کاردا ڕوودەدات. کاری سەخته دەتوانێت لەکاتی دیاریکراودا ئەو- مەبەستی ڕۆشنبوونەوەی ناوەکییه،  و.ک- ئازاد بکات… حەزەرێکی نازک، ئەو جۆشوخرۆشەیه که دهتوانێت شۆک، چارەسەر و ڕووناکی بێنێت. کاتێک دەگەمه دڵی ئەو چیرۆکەی ماوەیەکه خەریکیم، ئینجا، بەڵێ، شتێک ڕوودەدات. چیرۆکەکه بەرەو ئەوه دەچێت بمەیێت و پەیوەندی به منەوه نەمێنێت. به پێچەوانەوه، زۆر زیندوو دەبێت، زۆر گرنگ دەبێت که هەموو شتێکی ئەزموونی دەکەم بوونی تەنیا پەیوەندیدار دەبێت بەوەی دەینووسم. هەر شتێک که دەیبیستم، دەیبینم و دەیخوێنمەوه بەم ڕێگا یان بەوی دی، وادەردەکەوێت یارمەتی کارەکەم دەدات. من دەبم به جۆرێک له مرۆڤخۆری واقیع، بەڵام بۆ گەیشتن بەم قۆناغه، دەبێت بەناو پرۆسەی پاکژبوونەوەی کاردا بڕۆم. من جۆرێک له جووتژیانی بەردەوام دەژیم. ئەز هەزاران شتی جیاواز دەکەم، بەڵام هەمیشه مێشکم لای کارەکەمه. ڕوونو ئاشکرایه، هەندێک جار دەبێته خووپێوەگرتن، دەمارگریی. لەو دەمانەدا، بینینی فیلمێک هێورم دەکاتەوه. له کۆتایی ڕۆژێکی کاری چڕوپڕ، کاتێک خۆم له بارودۆخێکی شڵەژانی ناوەکی گەورەدا دەبینمەوه، فیلمێک یارمەتییەکی گەورەم دەدات.

ـ پابلۆ نیرۆدا، ئەو ‹یادەوەرگەر›ه، تا ئەو شوێنه ڕۆیشت نیگاری کارەکتەره ئەدەبییەکانی خۆی- وێنەی سیمایان، قژیان و جلەکانیان-  بکێشێت. تۆ قەت وا دەکەیت؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: نەخێر، بەڵام له هەندێک دۆخی تایبەتیدا، پەڕاوگەلی بایۆگرافی دروست دەکەم. ئەوه دەکەوێته سەر ئەو شێوازەی هەست به کاراکتەرەکه دەکەم. هەندێک جاریش کاراکتەرەکان دێنه بەر دیدەم، هەروەها من بەو ڕێگەیەی گوزارشتی پێ له خۆیان دەکەن، یاخود له پەیوەند بەو فاکتانەی دەوری داون، دەیان ناسمەوه، بەڵام ڕوودەدات که کاراکتەرێک به خەسڵەتگەلی فیزیکی پێناسکراوه، که منیش دەبێت لەسەر پەڕه بیان نووسم. وەلێ سەرەڕای هەموو ئەو تێبینیانەی بۆ ڕۆمانێک لەبەرچاویان دەگریت، پێم وایه له کۆتاییدا ئەوەی دێته ئەژمار هەر ئەو شتانەیه، که یادەوەری هەڵیان دەبژێرێت. ئەوەی دەمێنێتەوه گرنگترینەکەیانه. هەر لەبەر هێندێیه من هەرگیز کامێرام لەگەڵ خۆم نەبردووه بۆ سەفەر و توێژینەوەکانم.

ـ کەواته، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کاراکتەرەکانت پەیوەندییان پێکەوه نییه؟ ئایا هەریەکەیان مێژووی تایبەتیی خۆیان هەیه؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: له بەراییدا، هەموو شتێک زۆر سارده، زۆر دەستکرد ـ سناعی- و مردووه! کەم کەم هەمووی دەست دەکات به زیندووبوون، بەوەی هەر کاراکتەرێک بەرەو پەیوەستی و پەیوەندی دەچێت. ئەوەیه که زۆر نایاب و کەمەندکێشه: کاتێک تۆ دەست دەکەیت به کەشفکردنی هێڵەکانی دەسەڵاتێک، که پێشتر به سروشتی له چیرۆکەکەدا هەیه، بەڵام پێش گەیشتن بەو خاڵه، هیچ شتێک نییه جگه له کارکردن، کارکردن، و کارکردنی زیاتر. له ژیانی ڕۆژانەدا، خەڵکێکی دیاریکراو هەن، ڕووداوگەلی دیاریکراو هەن، وا دەردەکەون بۆشاییەک پڕدەکەنەوه، یان پێداویستییەک تێر دەکەن. کتوپڕ تۆ هۆشیار دەبیت دەربارەی ئەوەی تۆ پێویسته بۆ ئەو بەشەی کاری تێدا دەکەیت، چی بزانیت. نوێنەرایرتی قەت ڕاست نابێت بۆ کەسی ڕاستەقینه، دەبێته شتێکی شێواو، هەڵەوگێڕ. بەڵام ئەو دەرگیربوونه تەنێ کاتێک ڕوودەدات ئەو دەمەی چیرۆکەکه گەیشتۆته قۆناغێکی پێشکەوتوو، ئەو دەمەی هەموو شتێک وادەردەکەوێت زیاتر ببوژێتەوه. هەندێک جار، جۆرێکه له پێزانین: ئۆهـ، ئەوه ئەو دەموچاوەیه که من بۆی دەگەڕام، ئەو تۆنەیه، ئەو شێوازی قسەکردنەیه…. لەلایەکی دیکەوه، دەکرێت کۆنترۆڵی کاراکتەرەکانت لەدەست بدەیت، که ئەوه شتێکه بەبەردەوامی له من ڕوودەدات، چونکه کاراکتەرەکانی من هەرگیز له حیساباتی ئەقڵانی ڕووتەوه لەدایک نابن. ئەوان گوزارشتن له هێزگەلی غەریزی له کارکردن. لەبەر هێندێیه هەندێکیان لەپڕ شوێنگەیەکی گرنگ دەگرن و وادەردەکەون، که بۆ خۆیان گەشه دەکەن. ئەوانی دی دەچنه پاشەوه، هەرچەنده له سەرەتاشەوه مەبەستیان نەبووبێت. ئەوه سەرنجکێشترین بەشی کارەکەیه، کاتێک بۆت دەردەکەوێت کاراکتەرگەلی دیاریکراو داوات لێ دەکەن گرنگیی زیاتریان پێ بدەیت، کاتێک دەزانیت چیرۆکەکه بەپێی ڕێساکانی خۆی بەڕێوه دەچێت، که تۆ ناتوانیت پێشێلیان بکەیت. ئیتر ڕوون دەبێتەوه که نووسەر ناتوانێت کاراکتەرەکان بنەخشێنێت وەک ئەوەی دەیەوێت، چون ئەوان ئۆتۆنۆمی خۆیان هەیه. ئەوه پڕخرۆشترین ساتەوەختی نووسینه، کاتێک کەشفی ژیانێک دەکەیت که خۆت خولقاندووته، ژیانێک که دەبێت ڕێزی بگریت.

ـ بەشی زۆری کارەکانت له دەرەوەی پیرۆ نووسراون، له شوێنێک که دەکرێت پێی بگووترێت مەنفای ئارەزوومەندانه. تۆ جارێکیان وتووته ئەوەی ڤیکتۆر هۆگۆ له دەرەوەی وڵاتی خۆی نووسیوویەتی بەشداری کردووه لەوەی ڕۆمانێکی وەک بێنەوایان بەو مەزنییه بنووسرێت. دووری کەسێک له ‹بەشەوارەکەوتنی واقیع› خۆی بەشێوەیەک خاڵێکه به قازانجی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ئەو واقیعه. تۆ پێت وایه واقیع سەرچاوەیەک بێت بۆ بەشەوارەکەوتن؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: بەڵێ، به مانایەک من هەرگیز نەمتوانیوه دەربارەی ئەو شته بنووسم که نزیکه لێمەوه. نزیکیی ڕێگەم لێ دەگرێت به ئازادی بنووسم. زۆر گرنگه بتوانیت به ئازادی تەواوەوه کاربکەیت بۆ ئەوەی دەرفەت بەخۆت بدەیت واقیع بگۆڕیت، خەڵک بگۆڕیت، وایان لێ بکەیت بەشێوەیەکی جیاواز کردار بنوێنن، یاخود توخمی کەسی تێکەڵی گێڕانەوه بکەیت، هەندێک شتی تەواو ڕەمەکی و نالۆجیکی. ئەوه تەواو پێویسته. ئیتر داهێنان ئەوەیه. ئەگەر واقیع لەبەرچاوت بێت، وای دەبینم، که جووڵەت سنووردار دەکات. هەمیشه پێویستم به مەسافەیەکی دیاریکراو، کاتێکی مەعقوول و مانەوه هەیه له کات و شوێندا. بەو مانایه، مەنفا زۆر سوودی هەبووه. بەهۆی مەنفاوه من دیسپلینم دۆزیەوه. ئەوەم دۆزیەوه که نووسین کارکردنه و بەشێکی زۆریشی بەرپرسیارێتییه. مەوداش زۆر سوودی هەبووه، چون من بڕوام به گرنگی نۆستالیژیا هەیه بۆ نووسەر. به گشتی قسه بکەین، لەبەرچاونەبوونی بابەتی لەسەرنووسراو یادەوەری پڕ دەکات له پیتوبەرەکەت. بۆ نموونه، پیرۆ له ‹ماڵی سەوز›دا بەتەنیا هێڵکارییەک نییه بۆ واقیع، بەڵکو بابەتی نۆستالیژیایه بۆ پیاوێک که لێی مەحروومه و ئارەزوویەکی ئازاراوی بەرامبەری هەست پێدەکات. لەهەمان کاتدا، پێم وایه دووریی دیدگایەکی پڕسوود دەخوڵقێنێت، واقیع ڕووندەکاتەوه، واقیعێک که شتەکان ئاڵۆز دەکات و بەشەوارەمان دەخات. گەلەک سەخته هەڵبژێرین یاخود جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوەی چی گرنگه و چی پلە دووه. دووریی ئەو جوداکارییه دەکات به کارێکی کردەنی- مومکین- . پلەبەندییەکی پێویست جێدەخات لەنێوان ئەوەی چی بنەڕەتییه و چی تێپەڕ و ڕاگوزەره.

ـ له وتارێکدا که چەند ساڵ بەر له ئێستا بڵاوت کردەوه، نووسیت ئەدەب جۆشوخرۆشه و ئەو جۆشوخرۆشه هیچ شتێک جێی ناگرێتەوه و هەموو قوربانیدانێکی دەوێت و ئەو قوربانیدانەش هیچی بۆ خۆی نییه. «ئەرکی سەرەکیی ژیان نییه، بەڵکو نووسینه»، ئەوەش شتێکم بیردێنێتەوه، که شاعیری پورتوگالی: فێرناندۆ پیسوا نووسیویەتی: « گەڕان و عەوداڵبوون پێویسته، ژیان پێویست نییه.»

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: دەتوانیت بڵێیت نووسین پێویسته و ژیان پێویست نییه… ڕەنگه پێویست بێت شتێکت دەربارەی خۆم پێ بڵێم، ئینجا خەڵک باشتر من دەناسن. هەر له منداڵییەوه ئەدەب بۆ من گەلەک گرنگ بووه. لەگەڵ ئەوەشدا که من له ساڵانی قوتابخانەمدا زۆر دەمخوێندەوه و دەمنووسی، قەت وێنای ئەوەم نەکردووه ڕۆژێک خۆم به تایبەتی بۆ ئەدەب تەرخان بکەم، چونکه ئەوکات خۆتەرخانکردن به تایبەت بۆ ئەدەب وەک ژیانێکی زۆر پڕ کەیفوسەفا دەهاته بەرچاو بۆ کەسێکی ئەمەریکای لاتین، بەتایبەتی بۆ کەسێکی پیرۆیی. من بەشوێن شتی تردا دەگەڕام: پلانم دانا بچم بۆ یاسا، ببم به پڕۆفیسۆر یان ببم به ڕۆژنامەنووس. ئەوەم قبووڵ کردبوو، که ئەوەی پێویست بوو بۆ من دەگەڕایەوه بۆ پاشخانی من. وەلێ دوای تەواکردنی زانکۆ، کاتێک به-  سکۆلارشیپ – ێکەوه {ڕێگەدان و ناردنی قوتابییەک بۆ خوێندنی باڵا و یارمەتیدانی ئەو خوێندنه به پارەی حکومەتێک یان کەس و لایەنێک و.ک} گەیشتمه ئەورووپا، بۆم دەرکەوت ئەگەر لەسەر ئەو بیرکردنەوەیەم بەردەوام بم، قەت نابم به نووسەر، که ئەوه تاکه ڕێگەیەک دەبێت بۆ به فەرمی بڕیاردان لەوەی ئەدەب نەک تەنیا پیشەی سەرەکیم دەبێت، بەڵکو پیشەم دەبێت. ئەوه ئەوکاته بوو بڕیارم دا خۆم بەتەواوی بۆ ئەدەب تەرخان بکەم. لەو کاتەوه نەمتوانی به ئەدەب بژیم، بڕیارم دا بۆ کاری دی بگەڕێم، که کاتم بۆ بمێنێتەوه بۆ نووسین و قەت ئەو کاره نەبێته خەمی سەرەکیم. به مانایەکی تر، بەپێی کارەکەم وەک نووسەر، من ئەو کارانه هەڵدەبژێرم. پێم وایه ئەو بڕیاره بوو به خاڵی وەرچەرخان له ژیانمدا، چون لەوکاتەوه دەسەڵاتی ئەوەم هەبوو بنووسم. ئەوه گۆڕانێکی سایکۆلۆجی بوو. لەبەر ئەوەیه ئەدەب بۆ من وەک جۆشوخرۆشێکه، نەک پیشەیەک. بێگومان، پیشەیەکه بۆ من، چونکه من ژیانم لەسەر ئەدەبه، بەڵام ئەگەر ژیانیشم دەرنەهێنێت، هێشتا هەر لەسەر نووسین بەردەوام دەبم. ئەدەب زۆر لەوه زیاتره شێوازێکی ژیان [ لایف ستایڵ] بێت. پێم وایه ئەو بژارەیەی نووسەر هەڵیدەبژێرێت بەوەی بەتەواوەتی خۆی بداته دەست کارەکەی، دانانی هەموو شتێک له خزمەتی ئەدەبدا لەبری بایەخدان به غەمی دی، زۆر گرنگه. خەڵکانێک هەن وا بیر له ئەدەب دەکەنەوه، وەک ئەوەی جۆرێک له چالاکی دیکۆریی یان چالاکییەک بێت بۆ هاوسەنگی وەرگرتن له ژیانێکدا، که تەرخان کرابێت بۆ شتی دی، یاخود ڕێگایەک بێت بۆ دەستخستنی دەسەڵات و جێومەقام. لەو حاڵەتانەدا، بەستنێک ڕوودەدات، ئەدەب تۆڵەی خۆی دەکاتەوه، ڕێت نادات به ئازادی، به چاونەترسی و به ڕەسەنی بنووسیت. ئەوەی  سەیره ئەوەیه که له حاڵەتی مندا، کاتێک که ئەو بڕیارەم دا، وام بیرکردەوه که ژیانێکی سەخت هەڵدەبژێرم، چون هەرگیز وێنای ئەوەم نەکرد ئەدەب بتوانێت بژێویشم دابین بکات، با باسی ژیانێکی باش هەر نەکەین. وەک جۆرێک له پەرجوو دێته بەرچاو. هێشتا ناتوانم بەسەریا تێپەڕم. هیچ پێویست نەبوو خۆم له هیچ شتێکی گرنگ مەحرووم بکەم بۆ ئەوەی بنووسم. له یادمه زۆر زۆر هەستم به نائومێدی و دڵتەنگی دەکرد، کاتێک که نەم دەتوانی بنووسم، ئەوه پێش ئەوەی پیرۆ بەجێبهێڵم و بچم بۆ ئەورووپا. هێشتا گەلەک گەنج بووم، که ژنم هێنا و دەبووایه هەر کارێکم دەستبکەوتایه، کردبام. جاروابوو حەوت ئیشم دەکرد له یەک ماوەی زەمەنیدا! دیاره، بێگومان له ڕووی پراکتیکییەوه مومکین نەبوو بنووسم. له یەکشەمماندا نووسیم، له پشووەکاندا، وەلێ زۆربەی کاتم لەو کاره بێزارکەرانەدا سەرف کرد، که دوورونزیک پەیوەندییان به ئەدەبەوه نەبوو و بەوه زۆر دڵتەنگ بووم. ئێستا، کاتێک سپێدان خەبەرم دەبێتەوه، سەرحاڵم بەو بیرەی که دەتوانم ژیانم بۆ شتێک تەرخان بکەم که چێژێکی گەورەم دەداتێ، لەوەش واوەتر بژێوی ژیانیشمی لەسەره و باشیش دەژیم.

ـ ئەدەب تۆی کرد به پیاوێکی ساماندار؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: نەخێر، من پیاوێکی زەنگین نیم. تۆ ئەگەر بەراوردی داهاتی نووسەرێک بکەیت به داهاتی سەرۆکی کۆمپانیایەک، یاخود بەراوردی بکەیت به داهاتی پیاوێک که ناوێکی بۆ خۆی پەیدا کردووه له یەکێک له پیشەکاندا، یاخود له پیرۆ، بەراوردی بکه به داهاتی گابازێک یان وەرزشوانێک، بۆت دەردەکەوێت ئەدەب پیشەیەکه به مووچەیەکی کەمەوه.

ـ تۆ جارێکیان هەمەنگوایت هێنابۆوه یاد، که دوای ئەوەی کتێبێکی تەواو کردووه هەستی کردووه خاڵی، خەمبار و لەهەمان کاتیشدا بەختیاره. تۆ هەست بەچی دەکەیت لەو بارودۆخانەدا؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: کتومت هەمان شته، کاتێک کتێبێک تەواو دەکەم، هەست به بەتاڵی دەکەم، هەست به خەمۆکی دەکەم، چونکه ڕۆمانەکه بۆته بەشێک له من. له ڕۆژێکەوه بۆ ڕۆژی دواتر، خۆم وا دەبینم که لێی بێبەشم- وەک چۆن کەسێکی ئەلکهولی واز له خواردنەوه دێنێت. ئەوه شتێکی ساده نییه وەک کەمالیات؛ وەک ئەوه وایه ژیان لەپڕ لێم داماڵرابێت. تاکه هەتوان ئەوەیه یەکسەر خۆم فڕێدەمه ناو کارێکی تر، که هیچ گران نییه چون هەزاران پرۆژەم هەیه بچمه ناویان، بەڵام من هەمیشه دەبێت یەکسەر بگەڕێمەوه بۆ ناو کار، بەبێ هیچ جۆره لادانێک، بەوەش ڕێگه له هەر بۆشاییەک دەگرم خۆی بخزێنێتــه نێوان کتێبی پێشــووم و ئەو کتێبەی که دواتر دێت.

ـ ئاماژەمان بەو نووسەرانە دا که تۆ سەرسامیت به کارەکانیان. ئێستا با قسه دەربارەی کارەکانی خۆت بکەین. تۆ چەند جارێک وتووته «جەنگی کۆتایی جیهان» باشترین کتێبی تۆیه. تۆ ئێستاش هەر وا بیر دەکەیتەوه؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ئەوه ئەو کتێبەیه زۆرترین کارم تیا کردووه، کارێکه هەموو خۆمم پێ بەخشیوه. چوار ساڵی لێ بردم بۆ نووسینی. دەبوایه توێژینەوەی زۆری بۆ بکەم، شتگەلی فرەی بۆ بخوێنمەوه و ڕووبەڕووی سەختیی زۆر ببمەوه، چونکه یەکەم جار بوو دەربارەی وڵاتێکی جیاواز له وڵاتی خۆم بنووسم، دەربارەی سەردەمێک، که سەردەمی من نەبوو و ئیشکردن لەگەڵ کاراکتەرگەلێک به زمانێک قسەیان دەکرد که زمانی کتێبەکه نەبوو. وەلێ هیچ چیرۆکێک هێندەی ئەو چیرۆکه نەیخستمه جۆشوخرۆش. هەموو شتێک دەربارەی ئەو کتێبه گوشادی کردم، لەو شتانەوەی خوێندمەوه تا سەفەر بەناو خۆرهەڵاتی باکووردا. لەبەرئەوەیه هەست به سۆزێکی ناوازه دەکهم بۆ ئەو کتێبه، هەروەها بابەتەکه ڕێگەی دام جۆرێک له ڕۆمان بنووسم، که هەمیشه ویستوومه بینووسم، ڕۆمانێکی سەرکێشی، له جێگایەکدا که سەرکێشی پێویسته- سەرکێشییەکی ئەندێشەیی ڕووت نا، بەڵکو سەرکێشییەک که به توندی بەستراوه به گرفتئامێزییه مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانەوه. ڕەنگه هەر لەبەرئەوه بێت، که من ‹جەنگی کۆتایی جیهان› به گرنگترین کتێبی خۆم دەزانم. بێگومان. ئەو جۆره حوکمدانانه هەمیشه زۆر خودین. نووسەرێک توانای ئەوەی نییه بابەتیانەی تەواو سەیری کتێبەکانی خۆی بکات، بۆ ئەوەی ئەو جۆره پلەبەندییانه جێگیر بکات. ڕۆمانەکه بوو به تەحەدایەکی ترسناک، که ویستم بەسەریدا زاڵبم، له سەرەتادا ئەز گەلەک قەلەق بووم. ئەو ڕێژه زۆره له کەرەسەی توێژینەوه تووشی سەرەسوڕێی کردم. ڕەشنووسی یەکەم زۆر گەوره بوو، به دڵنیاییەوه دووهێندەی قەبارەی ئێستای ڕۆمانەکه بوو. پرسیارم لە خۆم کرد، چۆن دەتوانم هەماهەنگی لەنێوان ئەو هەموو دیمەنگەلەدا، لەنێوان هەزاران ورده چیرۆکدا دروست بکەم. بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەز تژی بووم له قەلەقی. ئینجا، سەفەرێکم بەناو خۆرهەڵاتی باکووردا کرد، بەناو هەموو سیراتۆدا و  ئەوه خاڵی وەرچەرخان بوو. من پێشتر هێڵکارییەکەم کێشابوو. من ویستبووم له سەرەتادا و لەسەر بنەمای کەرەسەی توێژینەوەکەم ئەندێشەی چیرۆکەکه بکەم، ئینجا سەفەرەکه بکەم. سەفەرەکه جەختی کردەوه سەر کۆمەڵێک شت و سەرنجی تازەی خسته سەر سەرنجەکانم. خەڵکانێکی زۆریش یارمەتیاندام. له بنەڕەتدا، بابەتەکه بۆ نووسینی کتێبێک نەبوو، بەڵکو بۆ فیلمێک بوو که دەرهێنەرەکەی ‹ڕوی گوێرا› بوو. ئەوکاته، پاراماونت له پاریس لەلایەن کەسێکی ناسیاومەوه بەڕێوه دەبرا، که ڕۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم و پرسیاری لێ کردم، که ئایا دەمەوێت فیلمنامەیەک بۆ فیلمێک بنووسم، که بۆ گوێرا بەرهەمی دەهێنن. من فیلمێکی ئەوم بینیبوو «جەنگاوەرانی پڕسۆز»، که زۆرم حەز پێی بوو؛ ئیتر ڕۆیشتم بۆ پاریس و بینیم. بۆی ڕوونکردمەوه گەرەکییەتی چی بکات. پێی وتم ئەوەی له خەیاڵیایەتی چیرۆکێکه که بەشێوەیەک له شێوەکان پەیوەندی به جەنگەوه هەیه له کانودۆس. نەمانتوانی فیلمێک دەربارەی کانودۆس دروست بکەین، بابەتەکه زۆر فراوان بوو، بەڵام لەباتی ئەوه دەربارەی شتێک بوو، که پەیوەندی بەوەوه هەبوو. من هیچم نەدەزانی دەربارەی جەنگ له کانودۆس، تەنانەت هەر نەشم بیستبوو. ئەوه بوو دەستم کرد به لێکۆڵینەوەو خوێندنەوه دەربارەی و یەکەمین شتێک که به پورتوگالی خوێندمەوه، ‹سیراتۆ›ی «ئیوکلیدیس دا کونها› بوو. ئەوه یەکێک له هێدمه گەورەکانی ژیانم بوو وەک خوێنەر، هەر به هەمان شێوەی خوێندنەوەی ‹سێ سوارچاکەکه› له کاتی منداڵیمدا، یاخود خوێندنەوەی ‹جەنگ و ئاشتی›، ‹مادام بۆڤاری›و ‹مۆبی دیک› له کاتی گەورەییمدا. بەڕاستی کتێبێکی ڕاستەقینه بوو، ئەزموونێکی بنەڕەتی بوو. من به تەواوی پێی سەرسام بووم؛ ئەوه یەکێک له گەورەترینی ئەو کارانه بوو، که ئەمریکای لاتین بەرهەمی هێنابوو. کتێبێکی گرنگ بوو بە زۆر هۆ، بەڵام لەپێش هەموو شتێکدا ڕێنمایەک بوو بۆ «ئەمریکای لاتینیزم» – تۆ بۆ یەکەم جار کەشفی ئەوه دەکەیت، که ئەمریکای لاتین چی نییه. ئەو کیشوەره بڕێک هاورده نییه. ئەورووپا نییه، نه ئەفریقایه و نه ‹ئەمریکای پێش ئیسپانیکه›، یاخود کۆمەڵگە خۆوڵاتییەکان- بەڵام له هەمان کاتیشدا، تێکەڵەیەکه له هەموو ئەو توخمانەش، که له دۆخێکی سەخت و هەندێک جار به ڕێگایەکی تووندوتیژ هاوژیانی دەکەن. هەموو ئەوانه جیهانێکیان خوڵقاندووه، که چەند کارێکی کەم نەبێت هیچیان نەیان توانیوه وەک سیراتۆ ڕووناکبیری و ناوازەیی ئەدەبی بگرنه خۆ. به مانایەکی دی، ئەو پیاوەی من بە ڕاستی خۆم به قەرزاری دەزانم بۆ بوونی «جەنگی کۆتایی جیهان»، ‹ئیوکلیدس دا کونها› یه.

پێم وایه هەر شتێک تا ئەوکاته دەربارەی جەنگ له کانودۆس بڵاوکرابۆوه خوێندمەوه. یەکەم جار فیلمنامەیەکم نووسی بۆ ئەو فیلمەی بەهۆی گرفتگەلی ڕەگداکوتاو له پیشەسازیی فیلمەکەدا هەرگیز بەرهەمنەهێنرا. پرۆژەکه گەیشته قۆناغێکی باڵا، بەرهەمهێنان هەر پێشتر دەستی پێ کردبوو، بەڵام ڕۆژێک پاراماونت بڕیاری دا که فیلمەکه نەکرێت، نەشکرا. ئەوه نائومێدی بوو بۆ ڕوی گوێرا، بەڵام من توانام هەبوو کار له بابەتێکدا بکەم که ماوەیەکی زۆر کەمەندکێشی کردبووم بۆ ئەنجامێکی ناچیزه ـ دواجار فیلمنامەیەک شتێکی وا نەبوو. ئیتر من دووباره دەستم به خوێندنەوه و لێکۆڵینەوه کردەوه و گەیشتمه لوتکەی خوێنگەرمییەک، که کەم کتێب توانیویانه بەو ئەندازەیه ئیلهامبەخش بن بۆم. له ڕۆژێکدا ده تا دوانزه کاتژمێر کارم دەکرد. هێشتا له کاردانەوەی بەرازیل دەترسام دەربارەی. ترسام وەک لوتژەنین له کاروباری ناوخۆ لێک بدرێتەوه.. بەتایبەت که هەر پێشتر نووسەرێکی کلاسیکی بەرازیل ئەو بابەتەی باسکردبوو. هەندێک خوێندنەوەی نادڵخواز بۆ کتێبەکه هەبوو، بەڵام به گشتی به سنگواڵایی و خوێنگەرمییەوه وەرگیرا- دیاره لەلایەن خەڵکیشەوه- ئەوەش دڵخۆشی کردم. هەستم کرد بۆ ئەو ڕەنجەی دام،  پاداشتم دراوەتەوه.

ـ تۆ چۆن ئەو هەموو بەدحاڵیبوونه یەک بەدوای یەکه دەبینیت، که کانودۆسی پێ دەناسرێتەوه: لایەنگرانی کۆماریخوازیی وەک مقاشی دەستی بنەماڵەی پاشایی و ئیمپریالیزمی بەریتانی سەیری یاخیبووەکان دەکەن، لهکاتێکدا یاخیبووەکان وا لەخۆیان دەڕوانن، که ئەوان شەڕ دژی شەیتان دەکەن. دەکرێت کەسێک بەوه بڵێت میتافۆڕی جۆره جیاوازەکانی ئایدیۆلۆجیا؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ڕەنگه بەهای کانودۆس لێرەدا بێت بۆ کەسێکی ئەمریکای لاتین، چونکه کوێرییەکی دووسەره بەهۆی دیدێکی فەناتیکانه بۆ واقیع بەرهەمهاتووه، هەر ئەوەشه وامان لێ دەکات هاودژییەکانی نێوان واقیع و دیده تیۆرییەکان نەبینین. تراژیدیای ئەمریکای لاتین ئەوەیه، لە چەندان ساتەوەختی میژوودا هەر بەهۆی ئەو کوێرییه دوولایەنەوه وڵاتەکانمان کەوتوونەته جەرگەی دابەشبوونو جەنگی ناوخۆ، سەرکوتکاریی زەبەلاح، کۆمەڵکوژی وەک ئەوەی کانودۆس. وێ دەچێت یەکێک لەو هۆیانەی وای کرد من سەرسام بم به کانودۆس ئەوه بێت، که دیاردەکه دەکرێت له دۆخی زۆر ورددا چاودێری بکرێت، له تاقیگەدا سەیربکرێت، بەڵام بێگومان ئەوه دیاردەیەکی گشتییه: فەناتیزم و لێکنەبووردن قورسایی لەسەر مێژووی ئێمه داناوه. ئینجا یاخیبوونی مەسیحایی بووبێت، یاخیبوونی سۆشیالیستەکان یان یۆتۆپیەکان بووبێت، یاخود ململانێی نێوان کۆنزەرڤاتیڤ و لیبراڵەکان بووبێت. ئینجا ئەگەر ئینگلیز لەگۆڕێ نەبێت، ئیمپریالیزمی یانکی لەگۆڕێیه، یان فەرمەسۆنەکان لهگۆڕێن، یان شەیتان. مێژووی ئێمه به بێتوانایی ئێمه له قبووڵکردنی جیاوازی بیروڕاکانمان نەخشاوه.

ـ تۆ جارێک نووسیوته، هیچ کام له کارەکانی ترت وەک ئەم کتێبەت خۆیان نەداوەته دەست فانتازیای ئایدیاڵ و دوورەدەست. مەبەستت لەوه چی بوو؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: پێم وایه ڕۆمانەکه وەک ژانرێک مەیلی بەلای زیادەڕۆییەوه هەیه. مەیلی بەلای تەشەنەسەندنەوه هەیه؛ گرێچنەکه وەک شێرپەنجه پەرەدەسێنێت. ئەگەر نووسەر  ڕەدووی هەموو ڕێنماییەکی ڕۆمانێک بکەوێت، ئیتر ڕۆمانەکه دەبێت به جەنگەڵ. تمووح بۆ وتنی سەرجەمی چیرۆکەکه به سروشتی لەناو ژانرەکەدایه. لەگەڵ ئەوەشدا من هەمیشه هەستم بەوه کردووه، ساتەوەختێک دێت که تۆ دەبێت چیرۆکەکه ببڕیتەوه بۆ ئەوەی تا ناکۆتا درێژ نەبێتەوه، هەروەها پێم وایه حیکایەتگێڕانەوه هەوڵێکه بۆ گەیشتن به ئایدیاڵی ڕۆمانی ‹تەواو›. ڕۆمانێک که بێگومان من تا دوا ئەندازه لەو بارەیەوه لەگەڵیدا ڕۆیشتم «جەنگی کۆتایی جیهان» بوو.

ـ له ‹مایتا› و ‹ جەنگی کۆتایی جیهان›دا وتووته، تۆ ویستووته له زانینی تەواوەتی ڕاستیدا درۆ بکەیت. دەتوانیت ئەوه ڕوون بکەیتەوه؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: بۆ بنیادنان، من دەبێت هەمیشه له واقیعێکی کۆنکریتییەوه دەست پێ بکەم. نازانم ئەوه بۆ هەموو ڕۆماننووسان ڕاسته، بەڵام من هەمیشه پێویستم به ترامپۆلاین – بنکه ئیسپرینگی-  واقیع هەیه. بۆیه من دەگەڕێم و توێژینەوه دەکەم لەو شوێنانەی کرداری لێیه، نەک ئەوەی من به سادەیی واقیع بەرهەم بهێنمەوه. دەزانم ئەوه مەحاڵه. هەرچەنده من بمەوێت، ئەنجامەکەی ئەو باشه نابێت، بەڵکو شتێک دەبێت تەواو جیاواز.

ـ له کۆتایی ‹مایتا›دا، گێڕەرەوەکه پێمان دەڵێت، کاراکتەری سەرەکی، که خاوەنی باڕێکه، کێشەی هەیه له بیرکەوتنەوەی ئەو ڕووداوانەی بۆ گێڕەرەوەکه زۆر گرنگن. بەڕاست ئەوه ڕووی دا؟ ئەو پیاوه بەڕاست بوونی هەبوو؟

ماریۆ ڤارگسا یۆسا: بەڵێ، بوونی هەیه، بەڵام کتومت وەک ئەوه نییه، که کتێبەکه باسی دەکات. گۆڕین و ئیزافەم زۆر تێدا کردووه، بەڵام بەشی زۆری، کاراکتەرەکه ڕەنگدانەوەی کەسێکه، که ڕۆژێک له ڕۆژان شەڕڤانێکی ترۆتسکیست بوو، چەندان جار له زیندان ئاخنرابوو. ئایدیای بەشی کۆتاییم ئەو کاته بۆ هات که قسەم لەگەڵدا دەکرد و سەرسام بووم بەوەی ئەو شتانەی ژیانی ئەو، که من زۆر به بنەڕەتیم دەزانی ـ سەرکێشییەک لەناو سەرکێشییەکانی دیکە له ژیانێکی پڕ هەڵبەزودابەزدا-  لای ئەو ببوون به شتی لاوەکی. ئەوه منی شۆک کرد، کاتێک بۆم دەرکەوت له ماوەی وتووێژەکەماندا من زیاتر دەربارەی مەسەلەکه دەمزانی لەو. هەر پێشتر فاکتگەلی دیاریکراوی لەیاد کردبوو و زۆر شت هەبوو ئەو هەر له بنەڕەتەوه نەی زانیبوو. وابزانم بەشی کۆتایی زۆر گرنگه، چونکه سەرجەمی دیمەنی کتێبەکه دەگۆڕێت.

ـ دەربارەی پیدرۆ چاماچۆ قسەمان بۆ بکه، ئەوەی له ڕۆمانی «پووره جولیا و فیلمنامەنووس›دا زنجیره دراما بۆ رادیۆ دەنووسێت و دەست دەکات به تێکەڵوپێکەڵ کردنی گرێچنەکانی خۆی.

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: پیدرۆ چاماچۆ هەرگیز نەژیاوه. کاتێک لە سەرەتای پەنجاکاندا له ڕادیۆ دەستم بەکار کرد، پیاوێکم دەناسی زنجیره درامای بۆ ڕادیۆی ناوەندی دەنووسی له لیما. ئەو کاراکتەرێکی ڕاستەقینه بوو، که وەک مەکینەی نووسین کاری دەکرد: بە ساناییەکی بڕوانەکرده، بێشومار سەربوردەگەلی نووسی، زۆر به کەمی دووباره ئەو شتەی دەخوێندەوه که نووسیبووی. منی بێئەندازه سەرسام کرد، ڕەنگه بەهۆی ئەوەوه بووبێت، ئەوه یەکەم نووسەری پیشەیی بوو که له ژیانمدا دەم بینی، بەڵام ئەوەی حەپەساندمی، ئەو جیهانه مەزنه بوو که وەک بۆنێک لێی هەڵدەستا و بە تەواوی شەیدای کردم، کاتێک دەستی کرد بەو شتەی پیدرۆ چاماچۆ له کتێبەکەدا دەیکات. ڕۆژێکیان، ئەو چیرۆکانەی نووسیبووی دەستیان کرد به یەکتربڕین و تێکەڵبوون و ئێستگەی ڕادیۆکه چەندان نامەی لەلایەن بیسەرانییەوه پێ گەیشت و هۆشداریان دابوو، که گرفتگەلی له بابەت هاتوچوونی کاراکتەرەکانیان له چیرۆکێکەوه بۆ یەکێکی دی تێبینی کردووه. ئەوه بوو ئایدیای «پووره جولیا و فیلمنامەنووس›ی دامێ، بەڵام به دڵنیاییەوه کاراکتەرەکه له ڕۆمانەکەدا بەناو جێگۆڕکێی جیاوازدا دەڕوات؛ ئەو زۆر کەم گوێ دەداته ‹مۆدل›ەکەی ـ ئەو کەسەی رۆمانەکەی دەرباره نووسراوه- ، که قەت دێوانه نابێت، پێم وایه وێستگەی ڕادیۆکەی جێهێشت، پشوویەکی وەرگرت… کۆتاییەکەی کەمتر دراماتیکییه له خودی ڕۆمانەکه.

ـ ئەدی جۆرێک له میتا-زمان له ڕۆمانەکەدا نییه، لەو ڕووەوەی ڤارگیتاس، که خۆت مۆدڵەکەیت، ژیانێکی بێمانا دەکات، وەک ژیانی کاراکتەرەکانی زنجیره دراماکانی چاماچۆ؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: ئەوه تاڕادەیەک ڕاسته. کاتێک پووره جولیام نووسی، پێم وابوو من تەنیا چیرۆکی پیدرۆ چاماچۆ دەگێڕمەوه. من تەواو چووبوومه ناو ڕۆمانەکەوه، کاتێک بۆم دەرکەوت وەرچەرخاوم بۆ ناو گەمەی خەیاڵێک، که زۆر بڕواپێنەکرده دەبێت. ئینجا وەک پێشتر وتم، من جۆرێک له عەشقم هەیه بۆ ڕیالیزم، ئینجا وەک دژڕەوییەک بەرامبەر سەیروسەمەرەیی چیرۆکی پیدرۆ چاماچۆ، بڕیارم دا گرێچنێکی دیکەی واقیعیتر بخوڵقێنم، بۆ ئەوەی ڕۆمانەکه وەرچەرخێنێتەوه بۆ واقیع. ئەزیش لەوکاتەدا له جۆرێک ژیانی زنجیره ئۆپێرادا دەژیام- هاوسەرگیریی یەکەمم-. من ئەو چیرۆکه کەسییەی خۆمم زیاتر تێئاخنی و لەگەڵ چیرۆکی دی تێکەڵم کرد، بەو ئومێدەی دژبەرییەک لەنێوان جیهانی فەنتازیا و ئەو جیهانەی وەک دۆکیومێنتاری وایه، جێگیر بکەم. له پرۆسەی هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ئەوه، بۆم دەرکەوت ئەوه مەحاڵه بکرێت، کاتێک تۆ دەتەوێت ڕۆمان بنووسیت، چون به پێچەوانەی ئیرادەی نووسەر، ڕایەڵێک له ناواقیعیبوون هەر خۆی دەخزێنێته ناوی. چیرۆکه کەسییەکه گەرمتر بوو لەوەی دیکه. زمان خۆی توانای گۆڕین و گواستنەوەی واقیعی هەیه. کەواته چیرۆکی ڤارگیتاس خۆی هەڵگری توخمی ئەوتۆبایۆگرافییه، که به قووڵی له جێگۆڕکێدایه، وەک ئەوەی ئەو جێگۆڕکێیه بەهۆی لێگرتنەوه و تەشەنەسەندن- نیسبەت به لێگرتنەوەی نەخۆشی .و.ک-  بێت.

ـ له چەند وتارێکدا، که لەو ساڵانەی دواییدا نووسیوته، هەندێک پێداگیریت کردووه که زۆر ڕەشبینانه دەردەکەون. بۆ نموونه، له ساڵی ١٩٨٢، نووسیوته: «ئەدەب له سیاسەت گرنگتره. نووسەران تەنیا له کاتێکدا پێویسته تێکەڵی سیاسەت بن، بۆ ئەوەی دژایەتی میتۆده ترسناکەکانی سیاسەت بکەن و بیخەنەوه سەر ڕاستەڕێ.» ئایا ئەوه دیدێکی ڕەشبینانه نییه دەربارەی ئەو توانایەی سیاسەت هەیەتی بۆ پێشکەوتن؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: نەخێر. مەبەستم ئەوەبوو ئەدەب زۆرتر دەرگیره لەگەڵ ئەو شتانەدا که زۆرتر دەمێننەوه، وەک له سیاسەت، ئەمەش مانای وایه نووسەر ناتوانێت ئەدەب و سیاسەت له یەک تای تەرازوودا دابنێت، بەبێ ئەوەی شکست نەهێنێت وەک نووسەرێک، هەروەها ڕەنگه شکست بهێنێت وەک سیاسەتمەدارێکیش. ئێمه دەبێت لەبیرمان بێت کە کرداری سیاسی زۆرتر کورتخایەنه، لەکاتێکدا ئەدەب بۆ درێژماوەیه. تۆ کتێبێک بۆ ئەمڕۆ نانووسیت؛ بۆ ئەوەی کاریگەری کتێبێک بۆ ئاینده درێژببێتەوه، کات دەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، که ئەوه بۆ کرداری سیاسی هەرگیز یاخود زۆر کەم ڕاسته. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەنده وا دەڵێم، من قەت له حوکمدانی خۆم دەربارەی کەشوهەوای سیاسی ناوەستم، یاخود لەوەش ناوەستم بەو شتانەی دەینووسم و بەو کارانەی دەیکەم خۆم تێوه بگلێنم. بڕوای من وایه نووسەر ناتوانێت خۆی له تێوەگلانی سیاسی ببوێرێت، بەتایبەت له وڵاتانی هاوشێوەی وڵاتی من، که گرفتەکان سەختن و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆرجار دیوی زۆر دراماتیکی هەیه. زۆر گرنگه نووسەران بەم ڕێگه، یان بەویدی کردار بنوێنن، به ڕەخنەگرتن، به ئایدیاکان، به بەکارهێنانی ئەندێشه بۆ چارەسەری ئەو گرفتانه. پێم وایه زێدە گرنگه نووسەران- چون وەک هەموو هونەرکاران، نووسەرانیش له کەسانی دیکه زیاتر هەستەوەرن- گرنگیی ئازادی پێشان بدەن بۆ کۆمەڵگە و تاکەکەس. دادپەروەری، ئەوەی ئێمه هەموومان هیوای بۆ دەخوازین، زۆر گرنگه قەت له ئازادی جیانەبێتەوه؛ هەروەها دەبێت ئێمه بەناوی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یاخود ئاسایشی نەتەوەیی قەت ڕێگه به بیرۆکەی قوربانیدان به ئازادی نەدەین، وەک ئەوەی تۆتالیتاریەکان لەوپەڕی چەپ و کۆنەپەرستەکان لەوپەڕی ڕاست دەیانەوێت.  نووسەران ئەوه دەزانن، چونکه ئەوان هەموو ڕۆژێک هەست بەڕادەی ئەو ئازادییه دەکەن که بۆ خولقان پێویسته، بۆ خودی ژیان پێویسته. نووسەران دەبێت بەرگری له ئازادیی خۆیان بکەن، وەک بەرگریکردن له هەر پێویستییەکی تری لەبابەت مووچەیەکی ڕەوا، یاخود مافی کارکردن.

ـ بەڵام من قسەکانی تۆم وەرگرت، که تیایدا دیدێکی ڕەشبینانەت هەیه بەرامبەر ئەوەی که سیاسەت دەتوانێت بیکات. ئایا نووسەران دەکرێت یان دەتوانن خۆیان تەنیا به ئۆپۆزیسیۆنبوون سنووردار بکەن؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: پێم وایه، گرنگه نووسەران بەشداری بکەن، حوکم بدەن و بچنه ناوەوه- تەدەخول بکەن-، بەڵام هەروەها گرنگه نەهێڵن سیاسەت بواری ئەدەبی- مەملەکەتی داهێنانی نووسەران- داگیر و وێران بکات. ئەگەر ئەوه ڕووی دا، نووسەرەکه دەکوژێت و جگه له پڕوپەگەندەچییەک هیچی تر بۆ خۆی ناهێڵێتەوه. لەبەرئەوه گرنگه سنوور بۆ چالاکیی سیاسی خۆی دابنێت، بەبێ ئەوەی خۆی ببەستێتەوه، یان دەستبەرداری ڕاگەیاندنی ڕای خۆی بێت.

ـ ئەوه چۆن بوو نووسەرێک، که هەمیشه بێمتمانەیی خۆی بەرامبەر سیاسەت پیشانداوه، بوو به کاندیدی سەرۆکایەتی پیرۆ له ساڵی ١٩٩٠دا؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: هەندێک جار دەکرێت وڵاتێک خۆی له بارودۆخێکی ناکاو و ئاوارتەدا ببینێتەوه. بۆ نموونه، له شەڕدا، لەو دۆخەدا هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نییه. هەلومەرجی پیرۆ لەمڕۆدا کارەساتباره. ئابووری دادەڕمێت، هەڵاوسانی نرخ گەیشتۆته ئاستێکی زۆر بەرز. لەماوەی ده مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٨٩دا دانیشتووان نیوەی توانای کڕینی خۆیان لەدەست دا، توندوتیژیی سیاسی ڕووی له گرژبوونەوه کرد. پارادۆکسەکه- هاودژییەکه- ئەوە بوو، له گەرمەی ئەو قەیرانه زەبەلاحەدا وا دەردەکەوێت که ئەگەری ئەوه هەیه گۆڕانی گەوره دروست بکرێت ڕووەو دیموکراسی و ئازادیی ئابووری. دەکرێت دووباره بیر لەو مۆدێلی کۆلێکتیڤیست- کۆمەڵگەرایی- و سۆشیالیستییه بکەینەوه- ئەو مۆدێلەی له ساڵی ١٩٦٨وه له پیرۆ پەیڕەو کراوه- بۆ دەوڵەت. نابێت ئەو دەرفەته لەدەست بدەین بۆ گێڕانەوەی ئەوەی ئەو چەند ساڵانەی دوایی خەباتمان بۆ کردووه: ڕیفۆرمی لیبراڵ و خوڵقاندنی بازاڕێکی ئابووری. با باسی تازەکردنەوەی ئەو کەلتووره سیاسییەی پیرۆش نەکەین، که بەرپرس بوو لەو قەیرانانەی وڵاتی ڕادەماڵی. هەموو ئەو هۆیانه وای لێ کردم ئەو خۆپارێزیانەی هەمبوو وەلای بنێم و بچمه ناو خەباتی سیاسییەوه- دواجار وەهمێکی ساویلکانه بوو.

ـ وەک نووسەرێک، پێت وایه باشترین کوالیتی تۆ چییه، هەروەها گەورەترین خەوشیی تۆ چییه؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: باشترین کوالیتی من عەزم و ئیراده و پێداگیریی منه: ئەز دەکارم به سەختی کاربکەم و زۆر زیاتر لەوەی خۆم پێم وابووه مومکینه. گەورەترین خەوشیی من کەمیی متمانەیه به خۆم، که به توندی دەمهاڕێت. سێ یان چوار ساڵم گەرەکه بۆ نووسینی ڕۆمانێک- بەشێکی زۆری ئەو کاته بۆ گومانکردن له خۆم سەرف دەکەم. ڕەنگه لەبەرئەوه بێت که من بێهووده نیم: هۆشیاریم زۆر کارایه، بەڵام دەزانم، من تا ئەو ڕۆژەی دەمرم هەر دەنووسم. نووسین له سروشتی مندایه. من پێبەپێی کارەکەم زیندەگی دەکەم. ئەگەر نەنووسم، بەبێ دوودڵی مێشکی خۆم دەتەقێنم. دەمەوێت کتێبی دی زۆر بنووسم و کتێبی باشتر بنووسم. دەمەوێت سەرکێشیگەلی کەمەندکێشتر و نایابترم هەبێت لەوانەی پێشتر هەمبووه. من ڕەتیدەکەمەوه دان بەو ئەگەرەدا بنێم، که ساڵانی پڕ بەرەکەت ئەو ساڵانەمن که تێپەڕیون، ئەگەر به بەڵگەش بۆم بسەلمێنرێت هێشتا دانی پیا نانێم.

ـ تۆ بۆ دەنووسیت؟

ماریۆ ڤارگاس یۆسا: من دەنووسم، چونکه بەختیار نیم. دەنووسم، چونکه نووسین شەڕێکه دژ به نابەختیاری.

سەرچاوه

http://www.theparisreview.org/interviews/2280/the-art-of-fiction-no-120-mario-vargas-llosa

ناردن: